هەریر.. خانووەكانی تاپۆیان نییەو گرفتی كەمیی ئاوی خواردنەوەی هەیە
May 16, 2013
راپۆرتەکان
هاووڵاتیانی هەریر:
لەرووی نەخۆشخانەو خزمەتگوزاریی تەندروستییەوە كەموكوڕی هەیە
هاووڵاتیانی هەریر سەڕەرای ئەوەی باسیان لە پرۆژەو كاری خزمەتگوزاری كرد كە لەم چەند ساڵەدا لە ناوچەكەیان ئەنجامدراون، بەڵام گلەیی و گازندەشیان لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی دابینكردنی ئاوی خواردنەوەو تەندروستی و شارەوانی هەبوو، لەمبارەیەوە لەناو سەنتەری ناحیە چەندین هاووڵاتیمان دواند، سەرەتا لەگەڕەكی خانزاد هاووڵاتییەك بەناوی جەمال عەزیز ئاماژەی بەوەدا كە رۆژ نارۆژێك ئاوی خواردنەوەیان بۆ دێتەوە، بگرە لە هەندێك گەڕەكیش لەبەر نەبوونی بیر و خراپی تۆڕی دابەشكردن ئاوی خواردنەوە بەڕێگای تانكەر بەسەر ماڵەكان دابەش دەكرێت. هەر سەبارەت بەم گرفتە هاووڵاتییەكی دیكە بەناوی سەبغە مەجید ئاماژەی بەبوونی هەمان گرفتی كەمیی ئاوی خواردنەوە كردوو داوای لە حكومەتی هەرێم كرد مشورێكی كەم ئاوی لە ناحیەكەیان بخوات بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین كە گرفتەكە ئاڵۆزتر دەبێت. لەلایەكی دیكەوە رەخنەو گلەیی لەئاستی جێبەجێكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان هەبوو بەوەی بەڵێندەرەكان پابەندی كوالێتی و مەرج و رێنماییەكان نابن بەتایبەتی لە دروستكردنی شەقامەكاندا، هەربۆیە پاش ماوەیەكی كەم شەقامەكە تێكدەچێتەوە. لەلایەكی دیكەوە هاووڵاتی عەزیز ئەحمەد ئاماژەی بەبوونی كێشەو گرفتێكی دی كرد ئەویش تاپۆنەبوونی خانوو و زەوییەكانی هاووڵاتیانە كە هاوكاتە لەگەڵ بوونی زێدەڕۆیی لەسەر زەوی و موڵكی گشتی. سەبارەت بەبواری پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەكانیش هاووڵاتی حەمەدەمین عەلی باسی لەوە كرد كە لە ناحیەو سنوورەكەدا لەبواری خزمەتگوزاری تەندروستی كێشەو گرفتی زۆریان هەیە لەبەر ئەوەی ئەو نەخۆشخانەی لە هەریر هەیە بچووكەو قەرەوێڵەیی نییە و ئامێرەكانی تەندروستی و پزیبشكیان نییە بۆ دیاریكردنی نەخۆشییەكان و داودەرمانیش كەمە و بەپێی پێویستی نییە، ماوەی چەند ساڵێكیشە دەڵێن نەخۆشخانەیەكی گەورە لە هەریر دروست دەكرێت، كەچی ساڵ دێت و دەڕوات ئەو نەخۆشخانەیەمان بۆ دروست نەكرا. هاوكات قوتابخانەكانی ناو ناحیەكە زۆربەیان كۆنن و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە و چەندین گوندی سنوورەكەش پێویستیان بە بینایەی قوتابخانەو مامۆستا هەیە. هەر لەمبارەیەوە هاووڵاتی شیروان فەتاح لەگەڕەكی شەهیدان باسی لەكەمیی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان كرد ئەمە سەڕەرای ئەوەی ئەم گەڕەكە پێشتر بەپێی نەخشە دروست نەكراوەو زۆربەی كۆڵانەكان تەسكن و هەندێ كۆڵانیش لەلایەك داخراون و ناتوانرێت لێیان دەربچیت. لەم گەڕەكەش خەڵك هەیە دوو تا سێ بۆڕی ئاوی خواردنەوەی لە بۆڕی سەرەكی راكێشاوە كە بوونەتە هۆی كەمی و نەبوونی ئاوی خواردنەوە. هاوكات لە ناو هەریر تەنیا یەك باخچەی ساوایان هەیە كە ئەویش بینایەكەی زۆر خراپە و داواكارین ئەو باخچەیەی ساوایان نۆژەن بكەنەوەو چەند باخچەیەكی ساوایانی دیكەش دروست بكەن. هەر سەبارەت بەپرۆژە خزمەتگوزاریەكانی شارەوانی لەگەڕەكی شێروان هاوڵاتی زرار سەلام وتی: كەموكوڕیی خزمەتگوزاری یەكجار زۆرە هەر لە قیڕتاونەكردنی كۆڵانەكانیان و كەمی ئاوی خواردنەوەو نەبوونی ئاوەڕۆ تا دەگاتە كەمی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی ، لەلایەكی دیكەوە باخچەو پاركمان نییە ، تەنانەت لەم ناحیەیەدا تاكە یەك رادیۆ و تەلەفزیۆنی لۆكاڵ و رۆژنامەیەك نییە، هەر بۆیە لاوەكانی هەریر زۆر گلەیی و داواكاریان لە وەزارەتی رۆشنبیری هەیە.
بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر بۆ (گوڵان):
بەجێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی قەندیل – هەریر گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە چارەسەر دەبێت
(جوان رەفیق فەتحوڵڵا) بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر لەوەڵامی چەند پرسیارێكی (گوڵان)دا باسی لەهۆكارەكانی گرفتی خزمەتگوزاریی كردو ئاماژەی بەو پرۆژانەش كرد كە گرنگە لەناوچەكە ئەنجام بدرێن ، هاوكات ریزبەندی گرنگترین ئەو پرۆژانەی خستەڕوو كە بۆ ئەمساڵ بۆ ناحیەكەیان جێبەجێ دەكرێت لەم رووەوە پێی راگەیاندین: (هەریر ساڵانە پرۆژەی بۆ جێبەجێ دەكرێت ، بەڵام بەپێی پێداویستی و خواستی خەڵكەكەو ئەو فراوانبوونە نییە كە سەنتەری ناحیە بەخۆوەی بینیوە، دەشتی هەریر بەیەكێك لەناوچە بەپیت و بەرەكەتەكانی كوردستان دادەنرێت كە هەر لە كۆنەوە بەناوبانگە و باشترین برنجی هەبووە، كەچی ئێستا لەبەر وشكەساڵی و نەبوونی پڕۆژەی ئاودێری كاری مەرەزە زۆر كەمی كردووە ، لەلایەكی دیكەوە سنوورەكە بۆ هەڵگرتنی بەروبوومی سەوزەو میوە پێویستی بە كۆگای ساردەركەرەوە هەیە .سەبارەت بە خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی كە یەكێكە لەو بوارانەی كە پەیوەندی راستەوخۆی بە ژیانی رۆژانەی خەڵكەوە هەیە بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر بۆ زیاتر خستنەڕووی گرفت و كێشەكانی ئەو لایەنە ئاماژەی بەوەدا كە ناحیەی هەریر وەكو نەخۆشخانەو خزمەتگوزاری تەندروستی كێشەو كەموكوڕی زۆرە، بڕیارە لە ڕێگای وەزارەتی تەندروستییەوە نەخۆشخانەیەكی 50قەرەوێڵەیی بۆ دروست بكرێت و ئێمەش نزیكەی 20دۆنم زەویمان بۆ تەرخانكردووە. لەلایەكی دیكەوە یەكێك لەو بوارانەی كە گلەیی هاووڵاتیانی لەسەرە كۆنی و كەمی بینایەی قوتابخانەیە لەمبارەوە بەڕێوەبەری شارۆچكەی هەریر بە راشكاوانە پەنجەی خستەسەر گرفتەكەو روونیكردەوە بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەش سێ بینایەی قوتابخانە لە ناو سەنتەری ناحیەی هەریر لە ژێر ئەنجامدانن و لەبەرنامەی ئەمساڵیشدایە ئەو قوتابخانانەی كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە كاریان بۆ دەكرێت هەروەها بڕیارە بینایەی باخچەی ساوایانمان نۆژەن بكرێتەوە. سەبارەت بە خراپی كۆڵانەكانی ناو گەڕەكەكانی ناحیەكە بەڕێوەبەری ناحیە ئاماژەی بەوەدا كاتی خۆی بەبێسەرووبەریی و بەپێی نەخشە خانوو دروست نەكراوە ئەمەش وایكردووە كۆڵانەكانی هەندێك گەڕەك تەسك بن بۆ نموونە گەڕەكی شەهیدان تەسكن و شوێنی شۆستەیان نەماوە و هەندێ كۆڵان هەر دەرچوونی نییە، بەڵام ئێستا ئێمە لەپڕۆژەیكدا دەستمان بەكردنەوە كۆڵانەكان كردووە و كۆڵان و شەقامەكانیان بۆ رێكوپێك دەكەین و لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاو بەرنامەی ساڵی( 2012 – 2013) یەك ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە، لەلایەكی دیكەوە لە بەرنامەی ساڵی 2013دا بە شێوەیەكی گشتی هەموو كۆڵان و شەقامی گەڕەكەكانی ناو سەنتەری ناحیەكە خزمەتگوزارییان بۆ دەكرێت.
یەكێك لەو كێشانەی كە دانیشتوانی شارۆچكەی هەریر داوای چارەسەركردنیان دەكرد كەمی ئاوی خواردنەوە بوو لەمبارەوە بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: كێشەی ئاوی خواردنەوە لە ناو سەنتەری شارۆچكەكە زۆرە، بەپێی ئەوەی شارۆچكەكە بڵاو و بەرفراوان و بەرزو نزمی لە دیمۆگراڤیەكەی دا هەیە، لەلایەن هاووڵاتیانیشەوە زێدەڕۆیی زۆر كراوەتە سەر تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە ، هەروەها هەندێ گەڕەكیش بیری ئاو و كۆگای گلدانەوەو تۆڕی دابەشكردنیان نییە كە هەموو ئەم هۆكارانە وایكردووە ئاوی خواردنەوە لە ناو گەڕەك و ماڵەكانی سەنتەری شارۆچكەكە كەم بێتەوە، لەدوای مانگی 7ی ساڵی رابردوو دەستمان بە پلان و كاركردن كردووە بۆ كەم كردنەوەی كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوە لەم رووەوە بەرنامەمان هەیە بۆ دروستكردنی كۆگای گلدانەوەی ئاو و لەپاشان بە تۆڕی دابەشكردنی گەڕەكەكانی دەبەستینەوە، لە بودجەی ئەمساڵدا دوو بیری ئاو و كۆگایەكی بەرفرەوان جێبەجێ دەكرێت و چارەسەری زێدەڕۆییەكانیش لەسەر تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە دەكەین و دەستمان بەم پرۆژەیەش كردووە . هەروەها ئەگەر هاتوو پڕۆژەی ئاوی قەندیل – هەریر جێبەجێ بكرێت بەتەواوەتی كێشە و گرفتی كەم ئاوی لە ناحیەی هەریر و سنوورەكەی روو لەچارەسەركردن دەچێت. سەبارەت بەو كارو پڕۆژانەی كە بۆ لاوان پێویستە بكرێت بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر وتی: راستە كەموكوڕی لە بواری وەرزش و لاوان و نەبوونی باخچەو پاركی گشتی هەیە، بۆ ئەم مەبەستە لەبەرنامەی ئەمساڵدا پڕۆژەی پاركێكی گەورە هەیە، لەلایەكی دیكەوە نەبوونی گەراجی وەستانی ئۆتۆمبێل یەكێكە لە كێشە گەورەكانی ناحیەكە و چارەسەریشی زۆر ئاسان نییە.
سەبارەت بەتاپۆنەكردنی خانووەكان و گرفت و كێشەی كوژانەوەی زەویی كشتوكاڵی بەڕێوەبەری ناحیەی هەریر وتی: كێشەی سەرەكی ناحیەكە نەبوونی تاپۆی خانوو و زەوییە و لەلایەكی دیكەوە زۆربەی زەویە كشتوكاڵییەكانیش تاپۆیان نییە بۆ ئەوەی لەكاتی كوژاندنەوەو ئیفرازكردندا بەپێی یاساوە قەرەبووی خاوەن زەویەكان بكرێتەوە و هەر لەبەر ئەو كێشانەشە كە ئەو زەویانەی لەماوەی چەند ساڵی رابردوو بە كرێچیان دراوە تەنیا كارتێكە بەبێ ئەوەی زەویان بۆ دەست نیشانكرابێت، بەڵام ئێستا ئەو كێشەیەمان چارەسەركردووە و لە قۆناغی ئەوەدایە كە زەویەكان دیزاینیان ئامادە دەكرێت.