سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ (گوڵان): پێشنیارمان كردووە زەوی بە هاووڵاتیان بدرێت و رێگاش لە زێدەڕۆیی بگیرێت

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك بۆ (گوڵان): پێشنیارمان كردووە زەوی بە هاووڵاتیان بدرێت و رێگاش لە زێدەڕۆیی بگیرێت
لەم چەند ساڵەی دواییدا پارێزگای دهۆك لەسەرجەم سێكتەرەكانی ژیان گەشەو فراوانبوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، تەنانەت گۆڕانكاری لەبارودۆخی بژێوی تاكەكانیشی لێكەوتۆتەوە، هەربۆیە سەقفی داواكاری و پێداویستیەكانی خەڵكی لەجاران زیاتر بووە. ئاخۆ تا چ رادەیەك ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك توانیوێتی ببێتە پردێك بۆ گەیاندنی داواكاری و رەخنەكانی هاووڵاتیان سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك ئاماژەی بەم لایەنە كردوو باسی لەو ئاستەنگانەش كرد كە رێگر بوون لە رێكخستنی كارەكان لەگەڵ لایەنی جێبەجێكار لەمبارەیەوە وتی: دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان لەو روانگەیەوە هاتووە كە توانا كارگێڕییەكان بەرزتر دەكاتەوەو بەڕێوەبردنیش پێش دەكەوێت، ئێمەش وەكو ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك تارادەیەكی باش توانیومانە ببینە پردێك بۆ گەیاندنی خواست و پێشنیارەكانی خەڵكی. ئەمە سەڕەرای ئەوەی وەكو ئەنجومەنی پارێزگا خاوەنی یاسایەك نین كە كارو پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكومەت رێك بخات. لەگەڵ ئەمەشدا ئێمە هەندێك پێشنیار بە پارێزگا دەدەین، بۆ نموونە بۆ ئامادەكردن و تەرخانكردنی پارچە زەوی بۆ هاووڵاتیان و پرۆژەكانی شارەوانی پێشنیارو رێنماییمان پێداون و سوودیش لە بۆچوون و پێشنیارەكانمان وەرگیراوە. جێی داخیشە زۆرجار لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەهەڵە لەئەرك و كارەكانی ئەنجومەنی پارێزگا تێگەیشتوون و وادەزانن ئێمە دەسەڵاتی جێبەجێكارین وەكو هەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەكی تری حكومەت، لەكاتێكدا ئەركی ئێمە بریتییە لە پێشنیارو دەركردنی رێنمایی و چاودێری و بەدواداچوونی كارو پرۆژەكان، بەڵام لەبەر نەبوونی یاسایەك كاریگەریی ئەنجومەنی پارێزگا لە چاودێری و بەدواداچوونی كارەكان دیار نییە، خەڵكی مافی خۆیەتی بەهەڵە لەكاری ئەنجومەنەكە تێبگەن و بەكارتۆنی ناوی ببەن. هەربۆیە داواكارین ئەو یاسایەی كە بۆ ئەنجومەنی پارێزگاكان دانراوە و پەسەند كراوە بخرێتە كارو ئەكتیڤ بكرێت و ئەنجومەنەكانیش رۆڵی خۆیان لەخزمەتكردنی هاووڵاتیان ببینن و گلەیی و رەخنەی خەڵكیش نەمێنێت.
فراوانبوونی دهۆك خزمەتگوزاری زیاتری دەوێت
سەبارەت بە فراوانكردنی شاری دهۆك و پرۆژەكانی شارەوانی و كێشەكانی موڵكداریی و قەرەبووكردنەوەی جووتیاران كە رەخنەو گلەیی زۆری لەسەرە، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك وتی: شاری دهۆك وەكو شارەكانی تری هەرێمی كوردستان فراوانبوونێكی خێرا بەخۆیەوە بینیوە، كە لەگەڵ خۆیدا خزمەتگوزاریی زیاترو پێشكەوتووتری پێویستە تەنانەت پاڵەپەستۆ لەسەر فەرمانگە حكومییەكانیشی لێكەوتۆتەوە، ماوەی 8 ساڵە پرۆژە بۆ فراوانكردنی شاری دهۆك هەیە، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست جێبەجێ نەكراوە، بەپێی ماستەرپلانی دهۆك شارەكە بەرەو رووباری دیجلە چووەو گەیشتۆتە سمێڵ و میركێ هەروەها لە فایدەشەوە پاركێكی بەرفراوان بەهاوشێوەی پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە هەولێر دروست دەكرێت. هەروەها بۆ دروستكردنی تونێلێكیش لەچیای دهۆك كە شارەكە بەرفراوان دەكات گرفت و كێشە هەیە، چونكە برایانی ئێزیدی دەڵێن ئەو ناوچەیە شوێنی پیرۆزی ئەوانەو رێگا نادەن دەسكاری بكرێت، تەنانەت لەو شوێنەی كە بڕیارە فرۆكەخانەی لێدروست بكرێت هێشتا چەند كەسانێك ماون و دەیانەوێت قەرەبووكردنەوەكەیان بۆ زیاد بكرێت، لەلایەكی ترەوە ئەو جووتیارانەی كە زەوییەكانیان بەر پرۆژەی فڕۆكەخانە دەكەوێت تا ئێستا قەرەبوو نەكراونەتەوە، بەڵام بە تەئكید مافی خۆیان هەر وەردەگرن. هەربۆیە دابەشكردنی شارەكە بەسەر چەند ناحیەیەك و شارەوانییەكەوە كارێكی باشەو لەم رووەوە بیرۆكەی ئێمە بوو سنووری شارەوانی دهۆك بەسەر 3 شارەوانی دابەش بكرێت، لەلایەكی ترەوە كێشەی ئیفرازو كوژاندنەوەی زەوی كشتوكاڵی هەیە، زۆربەی گوندەكانی پارێزگای دهۆك ئیفراز نەكراون و سنووری نیشتەجێبوونیان دیاری نەكراوە، هەربۆیە كوژاندنەوەی زەوی كشتوكاڵی بەتایبەت ئەوەی دەكەونە سنووری شارەوانیەكانەوە كێشەی لێدەكەوێتەوە لەبەرئەوەی قەرەبووكردنەوەكە كەمەو بەپێی پێویست نییەو بە پرۆسەیەكی زۆر خاو تێپەڕ دەبێت، پێدانی قەرەبوو بەرێژەی لە 20% كەمەو كاریگەریی خراپی لەسەر بژێوی ژیانی جووتیارەكان دەبێت، هاوكات ئەو زەوییانەی پێشتر رژێمی عێراق كوژاندنەوەی بۆ كردووە گرفت و كێشەی لەسەرە، چونكە ئەو قەرەبووكردنەوەیەی ئەو سەردەمە دراوە زۆر كەم بووە، ئەوەتا لەناو دهۆك گرفتی نزاركێ هەر ماوە، چونكە خەڵكەكە دەڵێن لەكاتی خۆی حكومەتی عێراق بەزۆر و قەرەبوویەكی كەم زەوییەكانیانی لێ وەرگرتووین. لەلایەكی ترەوە بۆ چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك كە پێشتر كارگەیەكی ریسایكلین دانرابوو ئێستا لەگەڵ هەمان ئەو كۆمپانیایەی گرێبەست كراوەو لەقۆناغی دووەمدا هەر زبڵ و خاشاكێك بەجیا دەچێتە شوێنی خۆیی و وەكو كەرەستەی خاو سودی لێوەردەگیرێتەوە.
پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە ئاكرێ و ئامێدی و زاخۆ
دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بەیەكێك لەو بوارانە دادەنرێت كە تادێت خواست و داواكاریی لەسەر زیاد دەبێت، ئەمە لەكاتێكدا جێبەجێكردنی ژمارەیەك پرۆژەی گەورەو گرنگ لەبەرواری خۆی دواكەوتووە، لەوانە پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوەی ئاكرێ و ئامێدی ئەمە جگە لەوەی بەهۆی كۆنی و خراپی تۆڕەكانی ناوخۆشەوە بەشێوەیەكی رێكوپێك و تەندروست لەتوانادا نییە ئاوی خواردنەوە بگەیەنرێتە هاووڵاتیان، كۆنی و خراپی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی زاخۆ نموونەیەكە لەمبوارەدا. لەم رووەوە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك وتی: هەردوو پرۆژەی ئاوی ئاكرێ و ئامێدی دواكەوتووە و تا ئێستا تەواو نەبووە، ئەمە لەكاتێكدا ئەم 2 پرۆژەیە رۆڵی خۆی هەیە لەكەمكردنەوەی گرفتی ئاوی خواردنەوە لەم دوو ناوچە گرنگە، لەلایەكی ترەوە پرۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە لەزاخۆ جێبەجێ كرا، بەڵام لەبەر خراپی تۆڕی ناوخۆ نەتوانراوە بەتەواوەتی سوودی لێوەربگیرێت، لەبەرنامەو پلانیشدایە ئەم گرفتە چارەسەر بكرێت.
گەڕەكەكانی خوارەوەی دهۆك
سەبارەت بە گەڕەكە هەژارنشین و میللیەكان و گەیاندنی خزمەتگوزارییەكان و چارەسەركردنی زێدەڕۆییەكان بەتایبەتی لە گەڕەكەكانی خوارەوەی دهۆك و لە هەندێك لەقەزاو ناحیەكان، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك وتی: گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ گەڕەكە هەژارنشین و میللیەكان لە ریزبەندی پێشەوەی بەرنامەو كارەكانە، لەم رووە هەنگاوی باش نراوە بەڵام بوونی گرفتی زێدەڕۆیی كە پێشتر لەو گەڕەك و ناوچانە كراوە چارەسەركردنی ئاسان نییەو زۆرجار رێگریشە لەگەیاندنی خزمەتگوزارییەكان، تەنانەت كاتی خۆی خەڵكانێك بەزێدەڕۆیی خانوویان لەناو كەندو ئەو شوێنانە دروست كردووە، لەكاتی كەوتنەوەی بارانێكی زۆریشدا كێشەی لافاو لەو گەڕەكانە دروست دەبێت، چارەسەركردنی ئەم گرفتانە دوای دروستبوونی زێدەڕۆییەكە زەحمەتە، ئەركی سەرشانی حكومەتە لەڕێگای دامەزرانی دادگای تایبەت بەمبوارە لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵ ئەو كەسانە بكات كە زێدەڕۆیی لەسەر موڵكی گشتی دەكەن، ئەم حاڵەتە لە قەزاو ناحیەكانیش هەیە قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە لەدەسەڵاتی نییە سزای ئەو كەسانە بدات، تەنیا یەك دوو رۆژ دەتوانێت ئەو سەرپێچیكارە دەست بەسەر بكات، هەر ئەمەشە وایكردووە ژمارەیەكی زۆر لەزێدەڕۆیی لەناو شاری دهۆك و قەزاو ناحیەكان هەبێت، چونكە لێپرسینەوەو رێگاگرتن لەكەسانی سەرپێچیكار ئاسان نییە.
دابەشكردنی زەوی بۆ نیشتەجێبوون
لەپارێزگای دهۆك خەڵكانێك بڕیاری وەرگرتنی زەوییان هەیە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە پێیان بدرێت، لەمبارەیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك وتی: بۆ ئامادەكردنی زەوی نیشتەجێبوون هەریەك لە شارەوانی و شارەوانییەكان پێویستیان بە كوژاندنەوەی زەوی و ئیفرازكردنی زەوی كشتوكاڵی هەیە، لەمەشدا لەلایەن خاوەنی زەوییە كشتوكاڵیەكان و وەزارەتی كشتوكاڵیشەوە رووبەڕووی زەحمەتی و رۆتینێكی زۆر دەبنەوەو رێگریان لێ دەكرێت، بۆ نموونە تەنیا لەبەشی خوارەوەی شاری دهۆك پێویستە 9 تا 10 هەزار پارچە زەوی ئامادە بكرێت و بدرێتە خەڵكی، بەڵام لەبەر ئەم كێشەیە كارەكە زەحمەتە، ئەمەش مافی وەزارەتی كشتوكاڵە كاتێك بەرگری لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی دەكات. لەگەڵ ئەمەش دا لەلایەن ئەندامانی لیژنەی دابەشكردنی زەوی پێشنیارمان كردووە زەوی بە هاووڵاتیان بدرێت و رێگاش لە زێدەڕۆیی بگیرێت. مەسەلەی كشتوكاڵ كە حكومەتی عێراق ژێرخانەكەی وێرانكردبوو نابێت ئێستا بە پاساوی زەویی نیشتەجێبوونەوە هەرچی زەوی كشتوكاڵییە لەناو ببرێت، كاتێك بەرهەمی تەماتەی دهۆك دەچووە وڵاتانی بیانی كەچی ئێستا كەمترین بەرهەممان هەیە، كاتی ئەوە هاتووە وەزارەتی كشتوكاڵ هەنگاو بنێت بەرەو گەشەكردنی كشتوكاڵ و ئاژەڵداری و چیتر گوندەكانمان چۆڵ نەكرێن.
لەئامێدی بەنداوێك دروست دەكرێت
سەبارەت بەدروستكردنی بەنداوەكانیش، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك وتی: ئەمساڵ 2 تا 3 بەنداوی بچووك لەشوێنە جیاجیاكانی سنووری پارێزگای دهۆك دروست دەكرێت، بەنداوێكی گەورەش كە بودجەو توانای گەورەی دەوێت لە سنووری قەزای ئامێدی لەسەر قەرزی رێكخراوی جایكای ژاپۆنی جێبەجێ دەكرێت.
فایدە هیچ پەیوەندی بەئیدارەی پارێزگای موسڵەوە نییە
سەبارەت بە فایدەوە بەڕێوەبردنی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك وتی: فایدە كەوتۆتە نێوان دوو ئیدارەی دهۆك و موسڵەوە تا ئێستا هەندێك فەرمانگە سەر بەئیدارەی موسڵن و لەوێ كار دەكەن، گەرچی دەتوانرێت بەبڕیارێك بەتەواوەتی فایدە بخرێتەوە سەر دهۆك، چونكە هیچ پەیوەندی بەئیدارەی پارێزگای موسڵەوە نییە و لەچوارچێوەی ماددەی 140ی دەستووری نییە.
خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان
بەو پێیەی سیستەمی تەندروستی هەرێمی كوردستان كۆنە و ژمارەی خەڵك تادێت زۆرتر دەبێت و خزمەتگوزاریی تەندروستی خەڵكیش زیاتر دەبێت، هەربۆیە بواری تەندروستی هەتا كارو گرنگی پێ بدرێت هەر كەمە، لەپارێزگای دهۆكیش تادێت پێویستمان بەنەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی و باشكردنی خزمەتگوزارییەكانی تەندروستی هەیە، لەمبارەیەوە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆك وتی: گرفت و كێشەی زۆر لەبواری خزمەتگوزارییە تەندروستیەكان لە پارێزگای دهۆك بەهاوشێوەی سەرجەم ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە سیستەمی تەندروستی لەكوردستان كۆنەو زۆرجاریش كارمەندانی تەندروستی كارەكانی خۆیان بەپرۆڤیشناڵی ناكەن و لەلایەكی ترەوە پێویستمان بەنەخۆشخانەی پێشكەوتوو هەیە، لەرووی كەرتی تایبەتیشەوە تەندروستی دووچاری شەرمەزاری بووە، چونكە نە لەرووی پاكوخاوێنی و خزمەتگوزارییە تە ندروستیەكانەوە لەئاست خواست و قۆناغەكەن نە لەرووی پاراستینی سوێند خواردنەكەیانەوە بەوەی پارێزگاری لەنهێنی نەخۆش بكەن كەچی ئێستا لەنۆرینگەكان نەخۆش پێكەوە دەبەنە ژوورەوە، تەنانەت زۆربەی ئەو دەرمان و كەرەستە پزیشكیانەی ئێستا بەكار دێت لەرووی كوالێتییەوە لە ئاستێكی بەرزدا نین و بازاڕو دەرمانخانەكان لەرووی نرخ و كوالێتی و جۆری دەرمانەوە بێسەروبەرن.
Top