رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی بۆ (گوڵان):هەندێك جار غەدر لەنەخۆش دەكرێت، هەربۆیە پێویستە كاری پزیشك و كارمەندانی تەندروستی لەدوای دەوامی رەسمی رێك بخرێت

رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی بۆ (گوڵان):هەندێك جار غەدر لەنەخۆش دەكرێت، هەربۆیە پێویستە كاری پزیشك و كارمەندانی تەندروستی لەدوای دەوامی رەسمی رێك بخرێت
پیاوێكی لەش ساغ بەباشی كارەكەی بەڕێوەدەبات و ئافرەتێكی كابانی ماڵیش بەهەمانشێوە، وڵاتیش بەباشی ئاوەدان دەكرێتەوەو بەرەوپێشەوە دەچێت گەربێتوو زۆرینەی خەڵكەكەی لەش ساخ بن. هەربۆیە كەرتی تەندروستی ئەو بوارە گرنگەیە كە پەیوەندی راستەوخۆی بەژیانی هەمووانەوە هەیە، بەڕادەیەك باشكردنی ئەم كەرتە بۆتە پێوەرێك بۆ حوكمڕانی باش و پەرەپێدانی ئابووری. لەم ڕوانگەیەوە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەچەندین بۆنەدا تەئكیدی لەسەر پێشخستنی كەرتی تەندروستی و كۆنترۆڵكردنی خۆراك و دەرمانی بەسەرچوو كردەوەو هەوڵەكانی وەزارەتی تەندروستیشی بەرز هەڵسەنگاندووە بۆ چارەسەركردنی كەموكورتیەكانی تەندروستی. لەلایەكی ترەوە لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان پێداویستییەكانی تەندروستی زیاتر دەبێت، ئاخۆ وەزارەتی تەندروستی بۆ ئەمبوارە خۆی ئامادەكردووە؟ تاوەكو بتوانێت بەباشترین شێوەو بەكوالێتیەكی بەرزو بەڕەچاوكردنی پاراستنی پێوەرە جیهانیەكان ڕێز لەنەخۆش بگیرێت. لەم دیمانەیەدا ئەم پرسانەو چەندین بواری ترمان ئاراستەی دكتۆر رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی كرد، بەسوپاسەوە وەڵامی سەرجەم پرسیارەكانی داینەوە.
ئەمەش دەقی دیمانەكەی وەزیری تەندروستی یە لەگەڵ گوڵان.



* وەكو وەزیری تەندروستی و كەسێكی شارەزا لەمبوارە؛ پێت وایە بەو بودجەیەی كە لەبەردەستدایە بتوانرێت هەنگاوی گەورە بنرێت و كەرتی تەندروستی لەهەرێمی كوردستان لەهەموو كەموكورییەكان دەربازی بێت؟
- گەرچی ئەمساڵ بەراورد بەساڵی 2012بڕی بودجەی وەزارەتی تەندروستی نزیكەی 190ملیار دینار زیاترە، بەڵام منیش لەگەڵ ئێوە هاوڕام و لەبڕی بودجەكە رازی نیم و كەمەو بەپێی ئەو هەموو كاولكاریی نییە كە هەرێمی كوردستان دووچاری بووە، تەنانەت بەبەراوردكردنێكی بودجەكە لەگەڵ بودجەی وڵاتێكی پێشكەوتوو راستی كەمی بودجەكەمان بۆ دەردەكەوێت، بەتایبەتی خزمەتگوزارییە تەندروستییەكان لە نەخۆشخانە و بنكە تەندروستییەكانی حكومی لە هەرێمی كوردستان بە خۆڕاییە یا بەپارەیەكی رەمزییە، لەگەڵ ئەمەشدا سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی درێخیان لەگەڵمان نەكردووە و هەرچیەك پێویستمان بێت بۆیان جێبەجێ كردووین و ساڵ لەدوای ساڵیش ئیشوكارەكانمان باشتر دەبێت و پێش دەكەوێت.
* حكومەتی بەغدا زۆر لەپێداویستیە تەندروستیەكانی لەڕێگای خەرجی سیادیەوە دابین دەكات؛ ئایا تا چ رادەیەك بەغدا پابەندە بەپێدانی پشكی هەرێم لە پێداویستیە پزیشكیەكان و دەرمان ؟
- ساڵانە لە بەغداوە لە خەرجی سیادی 270ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دانراوە، تاوەكو لە حەبێكی پاراستۆلەوە تا كڕینی ئامێرێكی سیتی سكانمان بۆ دابین بكەن یا بینێرن، بەڵام بەداخەوە بەغدا وەكو پێویست دەرمان و پێداویستیە تەندروستیەكان بۆمان نانێرێت، هەر بۆیە لە50%ی داودەرمان و لە90%ی ئامێرە پزیشكییەكان حكومەتی هەرێم لە دەرەوەی وڵات بۆمان دەكڕێت، لەلایەن خۆمانەوە وەكو وەزارەت هەوڵ و ماندووبوونێكی زۆرمانداوە بۆ دابینكردن و هێنانی دەرمان و كۆمپانیای بەریتانی تاوەكو پێداویستی خەڵك بە كوالێتی بەرز پێشكەش بكەین.
* بەو پێیەی بودجەكەتان كەمە؛ كەواتە لەبودجەی ئەمساڵدا ناچارن ریزبەندی بەچەند بوارێكی كەرتی تەندروستی بدەن ؛ ئایا ئەو بوارانە چین؟
- بەڵێ رەچاوی ریزبەندیمان كردووە و لەگەڵ ئەوەی بودجەكەشمان كەمە بەڵام بەرنامەو پلانی وەزارەتی تەندروستی ژمارەیەكی زۆر لەكارو پرۆژە لەخۆدەگرێت لە سەرجەم ناوچەكانی كوردستان بێ جیاوازی هەر لەزاخۆوە تاكو هەڵەبجەو ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم، هەروەها دروستكردنی ژمارەیەكی زۆر لە بینایەی نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی لەخۆدەگرێت لەوانە: (نەخۆشخانەی فریاكەوتنی 300 قەرەوێڵەیی - نەخۆشخانەی منداڵبوونی 300 قەرەوێڵەیی – نەخۆشخانەی شێرپەنجەی 120قەرەوێڵەیی لە شاری دهۆك- نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە بەردەرەش – نەخۆشخانەی 100قەرەوێڵەیی لە خەبات- نەخۆشخانەی 330 قەرەوێڵەیی كە بەردی بناغەشی بۆ دانراوە لە هەولێر – نەخۆشخانەی 200قەرەوێڵەیی لە گەڕەكی باداوانی شاری هەولێر- سەنتەری تالاسیما. لە شاری كۆیەش كۆمەڵێك پڕۆژەمان هەیە وەكو دروستكردنی بینایەی تاقیگەی ناوەندی - بینایەی كۆگای دەرمان - چارەسەری سروشتی - لە رانیە نەخۆشخانەیەكی 290 قەرەوێڵەیی، ئەمەو لە شاری سلێمانی دوو نەخۆشخانەی 200 قەرەوێڵەیی كە یەكێكیان لە دایكبوون و منداڵانە و ئەوی تر بۆ نەخۆشیەكانی رۆماتیزم و راهێنانە – هەروەها نەخۆشخانەیەكی شێرپەنجە و نەخۆشخانەیەكی چاندنی بەشەكان هەر لە سلێمانی دادەنرێت . سنووری پارێزگای هەولێر بۆ هەریر و رەواندز نەخۆشخانەی 50 قەرەوێڵەیی و بۆ سیدەكان نەخۆشخانەیەكی 25 قەرەوێڵەیی و بۆ بەحركەو تۆبزاوە بنكەی تەندروستی دروست دەكەین، هاوكات لە مەندەلی و شەنگار و كەركوك و زۆربەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كارو پڕۆژەمان هەیە)، هەروەها بڕیارمانداوە نەخۆشخانەی رزگاری هەولێر نۆژەن بكەینەوە، بۆ ئەو مەبەستەش گروپی مارۆبینی یابانیمان بانگ كردووە كە پڕۆپۆزەلمان لەسەر نۆژەنكردنەوەی نەخۆشخانەكە بۆ ئامادە بكەن، كە لە كاتی خۆی هەر ئەم گروپە ئەو نەخۆشخانەیەیان دروست كردووە. ئەمە جگە لەوەی بینایەی وەزارەتی تەندروستی لەژێر ئەنجامدانە.
* ئێمە وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان زۆربەی قەزا و ناحیەكانی كوردستانمان بۆ بەدواداچوونی كارە خزمەتگوزارییەكان بەسەر كردۆتەوە، لەهەموو شوێنەكان گرفت و كێشەی تەندروستی و پزیشكی پسپۆڕ و ئافرەتانیان هەیە، بۆچی ناتوانرێ ئەم گرفتانە چارەسەر بكرێت؟
- قەزاو ناحیەكان بەگشتی بەرفرەوانبووەو لە زۆربەیان كەمی نەخۆشخانەو نەبوونی بنكەی تەندروستی كێشەیە و ئەم ساڵ بەپێی بەرنامەو بودجەكەمان كێشەو كەموكوڕی زۆربەیان چارەسەر دەكرێت. لە كابینەی حەوتەم لەو كاتەی كە وەك وەزیری تەندروستی دەست بەكاربووم بەپێی ئەو دەسەڵاتەی كە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێمدراوە بەوەی من خۆم دەتوانم پزیشك دابمەزرێنم یەك پزیشكم لەم ماوەیەدا لە ناو شارە گەورەكانی هەولێرو سلێمانی و دهۆك دانەمەزراندووە، بەڵكو بەپێچەوانەوە پزیشكمان بۆ قەزاو ناحیەكان دامەزراندووە تاوەكو كێشەو كەموكوڕییەكانیان لەبارەی كەمی و نەبوونی پزیشك بۆیان چارەسەر بێت، هەر بۆ نموونە لە شاری كۆیە پزیشكی ئافرەت و بێهۆشكاریان نەبوو ئەوە ئێستا بۆیان دامەزراون و لە نەخۆشخانەی مێرگەسۆر و چۆمان و شەقڵاوە نەشتەرگەری ئەنجام نەدەدرا، بۆمان چارەسەركردن و لەهەندێ شوێن لە نەخۆشخانەكان و بنكەكانی تەندروستی ئێشكگر نەبوو لەم ماوەیەدا ئەوەشمان نەهێشتووە و لە زۆربەی قەزاو ناحیەكان كلینكی راوێژكاری دانراوە كە بۆماوەی 24كاتژمێر نەخۆش دەبینن و لەسەرەتای كابینەی حەوتەمە تا ئێستا جگە لە پزیشك 4792كەسمان لە كەرتی تەندروستی بۆ دامەزراوە و لە 17هەزار پلەی فەرمانبەرییەكە 1700كەس دامەزراوە و لەساڵی 2012 بە بڕیاری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 2540 پزیشك و كارمەند بۆ نەخۆشخانە تازەكان دامەزرا. ئەم نەخۆشخانە تازانەش وەكو نەخۆشخانەی 200قەرەوێڵەیی زاخۆ و 400قەرەوێڵەیی سلێمانی و نەخۆشخانەی چاوی دهۆك و 100قەرەوێڵەیی ئاشتی لە سۆران و نەخۆشخانەی سەڵاحەدین و نەخۆشخانەی بارزان و هەموو ئەو نەخۆشخانە تازانەی تر كە كێشەی میلاكاتیان هەیە، لەلایەكی دیكەوە 690پزیشكی عەرەب و 105 پزیشكی سوری دامەزراون و ئەم پزیشكانەشمان بۆ دەرەوەی شارەكان ناردووە. ناڵێم گرفت و كێشەی نەبوون و كەمی پزیشك بەتایبەتی لە قەزاو و ناحیەكان چارەسەركراوە، بەڵام بە شێوەیەكی باش و بەرچاو و كاریگەر كێشەكە رووی لە چارەسەركردن كردووە، لەلایەكی دیكەوە ئێستا رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی وەرگیراوە بۆ پڕۆژەیەك كە ئەویش ناردنە دەرەوەی هەندێ جۆرە نەخۆشییە وەكو چاندنی جگەر كە پارەیەكی زۆری پێویستە و چاندنی مۆخ و هەندێ لە نەشتەرگەری گەورەو ئاڵۆزی دڵ و هەندێك لە نەخۆی چاو، هاوكات لەسەر بودجەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان 300 نەخۆشی تالاسیما و لەسەر بودجەی نووسینگەی رێزدار سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان 100 نەخۆشی دیكەی تالاسیما دەنێرینە دەرەوەی وڵات بۆ چاندنی مۆخی ئێسك، ئەم پڕۆژەیەش ئێستا لە قۆناغی كۆتایدا و جێبەجێ دەكرێت و هەر لەسەر بودجەی نەوت ئەمساڵ بەبڕی 6ملیۆن دۆلار ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن و خزمەتگوزاری و ساردكەرەوەو جۆری دیكە بۆ فەرمانگە تەندروستییەكانی هەرێمی كوردستان دەكڕدرێت. هەروەها بەهاوكاری وەزارەتی پەروەردە پڕۆژەیەكی گرنگی هۆشیاری تەندروستیمان لەبەر دەستدایە كە مامۆستایەك لە هەموو قوتابخانەكان دادەنێین كە مەشق و راهێنانیان كردووە و بۆ ئەو مەبەستەش پڕۆگرامێكی زانستی و تەندروستی هاوچەرخمان لە دووتوێی پەرتوكێك ئامادەكردووە . پلانیشمان هەیە كە ئەمساڵ هەندێ پەرستار لە هەرێمی كوردستان بۆ راهێنان و مەشق بۆ دەرەوەی وڵات بنێرین و ئەم پڕۆژەیە لە دهۆك دەستی پێكردووە لە هەولێر و سلێمانیش پیادە دەكرێت.
* بەڕێزت هاوڕا نیت لەگەڵمان كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە سیستەمی بیمەی تەندروستی هەیە ؛ بۆچی هەوڵنادەن لەم كابینەیەی حكومەت دەستپێشخەری بكەن، بۆ ئەوەی سیستەمی تەندروستی بگۆڕن؟
- لەمبارەوە ئێستا پڕۆژەیەك لەپەرلەمانە و پەرلەمانتاران بۆ سەرنج و تێبینی رەوانەی لای ئێمەیان كرد و ئێمەش پاش تێبینیەكانی خۆمان رەوانەی پەرلەمانمان كردەوە و لەپاشان ئەم پرۆژەیە بۆ رێكخراوی تەندروستی جیهان و بانكی نێودەوڵەتی رەوانەكراوە، دانان و جێبەجێكردنی بیمەی تەندروستی كارێكی زۆر ئاسان نییە، چونكە ئێمە بۆ دانانی بیمەی تەندروستی چەند بەربەستێك دێتە پێشمان لەوانە، یەكەم: تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان داهاتی تاكە كەسی نازانین و دیار نییە بۆ ئەوەی بەپێی داهاتەكەی بۆ بیمەی تەندروستی پارەی لێ وەربگرین، چونكە خەڵك هەیە بەیانیان فەرمانبەرەو ئێواران كاری تاكسی دەكات و كەسانێ هەن مامۆستان و لەكاتەكانی دیكە دوكاندارو كارو كاسبی دیكە دەكات و پزیشك بەیانیان لە نەخۆشخانەیە و ئێواران كلینكی تایبەتی خۆی هەیە. دووەم: تا ئێستا نازانین لە كوردستان كێ هەژارەو پێناسەیەكی دیاریكراو بۆ هەژاری دانەنراوە تاوەكو حكومەت لەبری بیمەكە خەرجی نەخۆشیی و نەشتەرگەری و پشكنیینەكانی بۆ بدات. ئێمە وەكو وەزارەت بۆ مەبەستی بیمەی تەندروستی كۆبوونەوەكمان بە ئامادەبوونی سەرۆكی لیژنەی تەندروستی لەپەرلەمانی كوردستان و وەزیری پلاندانان ساز كرد و بەپێی مەرج و رێنمایەكانی رێكخراوی تەندروستی چەند سەرەخاڵێك گفتوگۆو خرایەڕوو لەوانە دەبێت پێشەكی بزانین كێ پارە بۆ بیمەی تەندروستی دەدات و كێ نایدات و كێ لە بیمەكە سوودمەندە و كێ سوودمەند نییە و ئایا ئەو بیمەیە بۆ ئەوانەی پارە دەدەن و ئەوانەی نایدەن هەر وەكو یەكە و ئایا گرەنتی چییە نەخۆش داوای نەخۆشخانەی ئەهلی ناكات و ئایا تا ئێستا سیستەمی بانكی وا لە هەرێمی كوردستان هەیە كە پارەی بیمەی تەندروستی بتوانێت كۆ بكاتەوە؟ بۆیە ئەم پڕۆژەیەی بیمەی تەندروستی زیاتر پێویستی بە لێكۆڵینەوەو گفتوگۆكردن هەیە، بەڵام ئێمە بۆ ئەو مەبەستە چەند هەنگاوێكی تری عەمەلیمان ناوە لەوانە لە ناو شاری سلێمانی ئێستا 17تا20كلینكی راوێژكاری هەیە و لە هەولێر 6تا8كلینكی راوێژكاری كراوەتەوە كە نەخۆش لەبری بچێتە نۆرینگە تایبەتییەكانی پزیشك كە 15تا25هەزار دینار دەدات ئەوە لە كلینكەكان نەخۆش 3هەزار دینار دەدات و هەمان پشكنین و چارەسەری بۆ دەنووسرێت و داودەرمانەكەش حكومەت نیوەی نرخی پارەكەی دەكات واتە ئەگەر دەرمانەكە بە دوو هەزار دینار بێت ئەوە نەخۆش تەنیا یەك هەزار دەدات، هاوكات لە نەشتەرگەری نیمچە تایبەت لە نەخۆشخانە گشتییەكان پێش كابینەی حەوتەم خەڵك نۆرەی بۆ دوو ساڵ گرتبوو ئەوە ئێستا حكومەت بۆ ئەم جۆرە نەشتەرگەریانە كە ئێواران ئەنجام دەدرێت 80%ی پارەی تێچوو دەدات و هاووڵاتی تەنیا 20%ی دەدات و نۆرەش تا ئاستێكی زۆر كەم بۆتەوە یا هەر نەماوە.
* ئەوەی زیاتر لە كەرتی تەندروستی گلەیی هەیە لەسەر نرخی نۆرینگەو كلینكی تایبەت و نەخۆشخانە ئەهلییەكانە، لەمبارەوە وەكو وەزارەتە چیتان لەبەردەستە بۆ ئەوەی نرخەكان دابەزێنن و دیاری بكرێت بۆ ئەوەی گلەیی كەم بێتەوە یا هەر نەمێنێت؟
- من پێموایە ئەو گلەییە زیاتر لە شاری هەولێر هەیە، ئێمە وەكو وەزارەت بڕیارمانداوە نرخی هەموو كلینك و نەخۆشخانە تایبەت و ئەهلیەكان دیار و یەك بخەین و بڕیارمانداوە پۆلێنی نەخۆشخانە ئەهلییەكان بەپێی خاڵ دیاری بكەین كە خاڵەكانیش لە(500خاڵ بۆ 1000خاڵ)ە، و ئەم بڕیارانەی ئاماژەم پێكرد ئێستاكە لە سلێمانی و دهۆك جێبەجێ دەكرێت تەنیا لە هەولێر ماوە و لەمبارەوە هەولێر جیاوازی لەگەڵ شارەكانی دیكە هەیە، چونكە هەولێر ژمارەیەكی زۆر پزیشكی بیانی تێدایە و بۆ رێكخستنی ئەم پزیشكانەش بڕیاردراوە كە لەژێر رێنمایی و فەرمانی وەزارەتی تەندروستی و فەرمانگەی تەندروستی هەولێر دابن و نابێت لەخۆیانەوە كلینك و نۆرینگە بكەنەوە و بەئارەزووی خۆیان دەست بەبینینی نەخۆش بكەن، لەماوەی رابردوو ئەو پزیشكانەی بەبێ رێنمایی و مۆڵەتی لایەنی پێوەندار هەڵسوكەوتیان كردووە زۆریان بە دادگا دراون و لێپێچینەوەی یاساییان بەرامبەر كراوە و لەم پزیشكانە هەیە زیندانیش كراوە . بۆ رێكخستنی ئەو پزیشكانە هەماهەنگی باشمان لەگەڵ سەندیكای پزیشكانی كوردستان و لقی هەولێر هەیە و پێشتر ئەم پزیشكانە 100دۆلاریان لە نەخۆش وەردەگرت ئێستا دیتنی نەخۆش لە كلینكەكانیان كراوەتە40دۆلار و، فەرمانگەی تەندروستی هەولێر بە هەماهەنگی پارێزگاری هەولێر وردە وەردە خەریكن بارودۆخی ئەو پزیشكە بیانیانە رێكدەخەن، هاوكان نرخی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە ئەهلییەكان بەپێی مەرج و رێنمایی دیاریكراو یەك خراون و نرخی مانەوەی نەخۆش و ئوتێلەوانی بەپێی پلە و پۆلێنی نەخۆشخانەكە نرخی بۆ دانراوە و لەم ماوەیەدا لە هەولێریش ئەو رێنماییانە وەكو شارەكانی دیكە دەچێتە قۆناغی جێبەجێ كردنەوە.
* لایەنێكی دیكەی كەرتی تەندروستی زیادبوونی رێژەی هەندێك نەخۆشییە ؛ ئایا هۆكاری زیادبوونی نەخۆشییەكانی شێرپەنجەو كەمئەندامی منداڵان لە هەرێمی كوردستان بۆچی دەگەڕێتەوە، ئایا دەتوانرێت پێش لەدایكبوونی منداڵ ڕێگا لە كەم ئەندامی زۆر لەمنداڵان بگیرێت؟
- هەندێ نەخۆشی هەیە پێشوەخت دەتوانرێت دەستنیشان بكرێت، هەر وەكو تالاسیما، بۆ ئەو مەبەستەش لە هەردوو شاری هەولێر و سلێمانی سەنتەری پشكنینی پێشوەختی تالاسیما هەیە و حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕی هەزار دۆلار بەو دایك و باوكانە دەدات كە منداڵەكانیان گومانی نەخۆشی تالاسیمایان لێ بكرێت و بۆ پشكنینەكە رەوانەی وڵاتی ئیران دەكرێن، بەڵام هەندێ نەخۆشی وەكو ئۆتیزم ناتوانرێت لەكاتی دووگیانی پشكنینی پێشوەختی بۆ بكرێت و بۆ هەموو ئەم جۆرە نەخۆشیانە ئێمە لیژنەی تایبەتمان هەیە و ئەوان كارو بڕیاری لەسەر دەدەن، هەرێمی كوردستان بارودۆخی سەبارەت بە نەخۆشییە گوازراوەكان باشە و هاتنی خەڵكی بیانی بۆ ناو هەرێم لەژێر كۆنتڕۆڵ دایە، بۆ ئەو مەبەستانەش لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و لایەنی پێوەنداری تر پەیوەندی باشمان هەیە و لە سنوورو بازگەكاندا كەس بەبێ پشكنینی تەندروستی ورد رێگای پێ نادرێت بێتە ناو هەرێمی كوردستان و لەچەند رۆژی رابردوو لەسەر ژمارەو رێژەی نەخۆشی شێرپەنجە پرێس كۆنفراسێكمان بەست و تێیدا ئاماژەمان بەوەدا كە لە هەموو هەرێمی كوردستان تەنیا هەشت هەزار كەسی تووشبوو بەنەخۆشی شێرپەنجە هەیە و رێژەكەش لەچاو ساڵانی رابردوو زیادی نەكردووە و ئامارەكەش نزیكە لە پێوەرە جیهانییەكان و ئەو نەخۆشانەش بەردەوام لە نەخۆشخانەی نانەكەلی لە هەولێر و هیوای سلێمانی و ئازادی دهۆك چارەسەر وەردەگرن، ئەگەر باسی ئەو قەرەباڵغییەی ئەو نەخۆشخانانە دەكرێت ئەوە 4هەزار نەخۆشی شارەكانی خوارو ناوەڕاستی عیراق و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمن و چارەسەرەكەش لەبەر ئەوەی بەخۆڕاییە و لە نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان بێ بەرامبەرەو جیاوازیش لەنێوان هیچ تاكێكی عیراق ناكرێت، بۆیە هەر هەموو نەخۆشەكانی شێرپەنجەی ئەو شارو ناوچانەی عیراق هاتوونەتە هەرێمی كوردستان.
* چیتان بۆ كۆنتڕۆڵكردنی هێنانی داودەرمان كردووە تاوەكو بەپێی ستانداردی جیهانی و كوالێتی پێویست و بەرز بەنەخۆش بدرێت؟
- لەو كاتەی لە وەزارەت دەستبەكاربووم ئەوە لیژنەیەكی چاكسازی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بەدواداچوون و هەڵسەنگاندنیان بۆ رەوش و كوالێتی داودەرمان ئەنجامدا بوو و بۆیان دەركەوتبوو كە رەوشی دەرمان لە هەرێمی كوردستان خراپە و پێویستی بەچاككردن هەیە، لەو كاتەوە بۆ باشكردن و چاككردنی رەوشی داودەرمان لە هەرێمی كوردستان چەند بەرنامەیەكی كورتخایەنمان دانا و كۆبوونەوەمان لەگەڵ گشت بازگەكانی هەرێم ئەنجامدا و لەمبارەوە ئاسایشی سلێمانی و هەولێر و دهۆك زۆر هاوكارمان بوون و بەبێ رێگەپێدانی ئێمە رێگایان بەهیچ دەرمانێك نەدا بێتە ناو شارەكاكان، بۆیە بڕیارماندا كە دەرمان بە ساردكەرەوە و (KMCA) بێت و بەرێگای بەڕێوەبەرایەتی كۆنتڕۆڵی دەرمانەوە بۆ هەرێم بێت، بۆ باشتر زاڵبوون بەسەر باش و خراپی دەرمان جەردی هەموو كۆگاكانی دەرمان لە شارەكانی هەرێم كرا، هاوكات تەماشای بارودۆخی كوالێتی كۆنتڕۆڵی دەرمانی كوردستان كرا كە بۆمان دەركەوت چ لە رووی بینایە چ لەلایەنی كەلوپەل و پێداویستی و ئامێرو هێزی بەشەرییەوە ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ناتوانێت دەرمانی كەرتی تایبەت بەڕێوە ببات، هەر بۆیە بڕیاردرا كە كۆمپانیایەكی جیهانی و پێشكەوتوو شارەزاو خاوەن ئەزموون بۆ ئەو مەبەستە بانگ بكەین و بەپێی رێنمایی و یاساوە لە رێگای تەندەرەوە بە شێوەیەكی شەفاف و ئاشكرا لە ناو چەند كۆمپانیایەكەوە بە كێبڕكێ بۆ كۆمپانیایەك دەرچوو كە ئێستاكە لەم كارەدا دەستبەكارە و سەرقاڵی پشكنینی ئەو داودەرمانەیە كە بۆ هەرێمی كوردستان دێت و پاش ئەوەی هەر پاكێتێكی دەرمان كە لەوەزارەتی تەندروستییەوە دەردەچێت بۆ ناو بازاڕ ئەوە لۆگۆی خۆمانی لەسەر كە پێكهاتووە لە ئاڵاو نەخشەی كوردستان و ژمارەیەكی نهێنی، لەلایەكی ترەوە ئێمە دەستمان بەوە كردووە كە نرخی داودەرمان دیاری بكەین، چونكە جیاوازی لە نێوان دەرمانەكان دا هەیە لە دەرمانخانەیەك بۆ دەرمانخانەیەكی تر و لە شوێنێك بۆ شوێنێكی تر و هیچ دەرمانێك نایەتە ناو بازاڕ و دەرمانخانەكان ئەگەر نرخەكەی دیاری نەكرابێت و لەم مانگەدا رێگا بەهاتنی دەرمان بۆ دەرمانخانەكان دەدەین.
* ئایا ئێوە وەكو وەزارەت و لایەنێكی سەرەكی و راستەوخۆی پەیوەندار سەنجی ئەوەتان داوە كە هەندێك لە پزیشكان بەڵكو زۆربەیان لە كلینكەكانیان ژمارەیەكی زۆر نەخۆش نۆرە دەگرن و ئەم ژمارە زۆرە چۆن پشكنینی بۆ دەكرێت و چۆن خزمەت و چارەسەر دەكرێت كە بە چەند كاتژمێرێك (50تا 60) نەخۆش بەڕێ دەكەن؟
- ئێمە لەمبارەوە سەرنجی تەواومان هەیە و ئاگادارین و لەم گۆڤارەی ئێوەوە حەزدەكەم روونكردنەوەیەك بدەم ئەویش ئەوەیە : ئەو سیستەمی تەندروستییەی لە هەرێمی كوردستان هەیە كۆنە و رێزی تەواوم بۆ سەندیكاو هەموو پزیشكان هەیە كە دەبێت كۆنتڕۆڵكردن و مۆڵەت پێدان و بەڕێوەبردنی ئەو كلینكانە بخرێتە ژێر دەستی وەزارەتی تەندروستی یەوە، بۆ ئەم مەبەستە ئەنجومەنێكی پزیشكی لەلایەن وەزارەتەوە لە كابینەی شەشەمەوە ئامادەكراوە و پێشنیارو رێنمایی و مەرجەكانی بۆ ئەو كارە لە گرافیك دانراوە و پێمانوایە كاری سەندیكای بریتییە تەنیا لە پشتگیری و بەرگریكردن لە كارمەندانی تەندروستی و پزیشكان و دەبێت بەڕێوەبردنی كارمەندانی تەندروستی و پزیشك لەدوای دەوام بەكارێك لەلایەن ئەنجومەنێك رێك بخرێت، ئەمەش دەبێت بەپێی یاساوە لە پەرلەمانەوە پەسند بكرێت. ئەوەی كە باس دەكرێت كە هەندێك لە كلینكە تایبەتەكانی پزیشكان ژمارەیەكی زۆر نۆرە دەگرن ئەوە بێگومان راستە و پێویستی بەڕێكخستن و چارەسەر هەیە و بەڕاستیش هەندێ جار غەدر لە نەخۆش دەكرێت، ئەمەش پێویستی بە چارەسەركردن هەیە و دەبێت كاری جیدی لەسەر بكەین.
Top