هاووڵاتیانی شوان..حكومەتی بەغدا وەكو كۆمەڵگایەك هەڵسوكەوتمان لەگەڵ دەكات و لە خزمەتگوزارییەكان بێبەشی كردووین
April 4, 2013
راپۆرتەکان
گرفتی ئاوی خواردنەوەو خراپی كەرتی تەندروستی
بەمەبەستی ئاگاداربوون لەداواكاری و پێداویستیەكانی خەڵكی لەشوان تیمێكی گۆڤاری گوڵان سەردانی ناحیەكەیان كردوو، گوێبستی داواكاری و رەخنەی هاووڵاتییان بوون، هاووڵاتیان پێیان وابوو سەرەڕای ئەوەی لەماوەی ئەم دوو ساڵەی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان و پارێزگای كەركوك چەند پرۆژەو كارێكی گرنگی بۆیان ئەنجامداوەو ناحیەكەیان لەوێرانەیەكەوە دووبارە بونیاتنراوەتەوە، بەڵام هێشتا لەبوارەكانی تەندروستی و پەروەردەو شارەوانی گرفتیان هەیە؛ هاووڵاتی تەها محەمەد مستەفا سەبارەت بەكەرتی تەندروستی گلەیی و رەخنەی هەبوو بەوەی تا ئێستا بنكەیەكی تەندروستی بچووكیان هەیەو كەموكوڕییەكی یەكجار زۆری تێدایە، لەمبارەیەوە وتی: لەهەموو ناحیەی شوان تەنیا یەك بنكەی تەندروستیمان هەیەو هیچ پشكنینێكی پێشكەوتوو نەشتەرگەرییەكی تێدا ئەنجام نادرێت، هەروەها سەبارەت بەگرفتی ئاوی خواردنەوەو ئاڵۆزی ئەم گرفتە بەتایبەتی لە هەندێك گوندی بناری خاڵخاڵان ئەم هاووڵاتییە داوای لە حكومەتی هەرێم كرد پرۆژەی راكێشانی ئاوی خواردنەوەیان لەرووباری زێ وە بۆیان ئەنجامبدرێت نەك بەرێگای هەڵگەندنی بیری ئیرتیوازی كە لەزۆربەی ناوچەكە چارەسەركردنی گرفتەكە بەمشێوازە زەحمەتە. هەر سەبارەت بەم گرفتە هاووڵاتییەك بەناوی محەمەد ئیسماعیل وتی: بەشێوەیەكی گشتی ناحیەكەمان لەدابینكردنی ئاوی خواردنەوە پشتی بەبیری ئیرتیوازی بەستووەو زۆرجار ئەو بیرانە ئاوی پێویستی تێدا نییە بۆ نموونە سەرەڕای ئەوەی لەم شارۆچكەیە زیاتر لە 16 بیری ئاوی تێدایە كەچی كێشەی ئاوی خواردنەوەمان هەر ماوە. هەروەها خاتوو خەرمان عەزیز لەگەڕەكی نەورۆز وتی: بەشێوەیەكی گشتی ئاوی خواردنەوەمان كەمەو بەپێی پێویست نییە. بەڵام ئەوەی زۆر بەلای ئێمەوە پێویستە ئەنجام بدرێت دروستكردنی نەخۆشخانە یا بنكەیەكی تەندروستی پێشكەوتووە، چونكە ئەگەر شەو گرفتێكی تەندروستیت تووش بێت ئەوە بۆ دەرزی لێدانێك دەبێت بچینە گوندی حەسار، ئەم هاووڵاتییە لەدرێژەی قسەكانیدا داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد ئەو كۆڵان و شەقامانەی قیرتاونەكراون لەناو سەنتەری ناحیەكە بۆیان قیرتاو بكرێت. بەمشێوەیە كەمی ئاوی خواردنەوە لەگرنگترین ئەو گرفت و داواكارییانەیە كە هاووڵاتیان داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن مشورێكی بەپەلەی لێبخوات لەمبوارەوە هاووڵاتی حەنان نەجمەدین وتی: گرفتی ئاوی خواردنەوەمان هەیەو رۆژ نا رۆژێك یەك دوو كاتژمێر ئاوی خواردنەوە دێت. لەرووی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و قیرتاوكردنی شەقامەكانیشەوە هاووڵاتیان گلەیی و رەخنەی زۆریان هەبوو بەپێی قسەكانیان لەقیرتاوكردنی كۆڵانەكاندا كەموكوڕی زۆر هەیەو هەندێك گەڕەك قیرتاو كراوە كەچی گەڕەكی وا هەیە هەر شەقامەكەی بەبێ قیرتاوكردن ماوەتەوە. هەر سەبارەت بەپرۆژەكانی خزمەتگوزاری شارەوانی هاووڵاتی زاهیر عەزیز وتی گەیاندنی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی بۆ سەرجەم گەڕەكەكان گرفتێكی گەورەیەو داواكارین لەحكومەتی هەرێم ئاوڕێك لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی بداتەوە. سەبارەت بە گرفت و كەموكوڕی گوندەكانیش هاووڵاتی عەزیز كەریم پێی وابوو زیاتر كێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە. ئەم هاووڵاتییە داوای لەحكومەتی هەرێم كرد ئاوڕێكی جدیی لە پرۆژەی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بداتەوە.
سەبارەت بەبواری پەروەردەو گرفتی قوتابخانەكانیش قوتابیەك بەناوی دەریا سەڵاح وتی: نەبوونی میلاكات و مامۆستای پێویست بەتایبەتی مامۆستای وانە زانستییەكان بەیەكێك لەهەرە گرفتەكانی بەردەم كەرتی پەروەردە دادەنرێت، لەبەر نەبوونی كارمەندی خزمەتگوزاریش قوتابیەكان خۆیان پۆلەكانیان خاوێن دەكەنەوە.
لە كۆمەڵگای (سمایل بەگی)
هاووڵاتیان داوای خزمەتگوزاری تەندروستی دەكەن
لەدرێژەی سەردانەكەماندا بۆ ناحیەی شوان كۆمەڵگای (سمایل بەگی)مان بەسەركردەوە كە یەكێك لەداواكارییەكانی خەڵكی لەم كۆمەڵگایە گرنگیدان بوو بەخزمەتگوزاری شارەوانی بەتایبەتی لەپێدانی ئاوی خواردنەوەو كەرتی تەندروستی سەبارەت بەگرفتەكانی ئەم دوو كەرتە خاتوو ئاسكە عوبێد وتی: ئاوی خواردنەوە لەكۆمەڵگاكەمان هەیە بەڵام بەپێی پێویست نییەو كەمە، داواكارین لەحكومەتی هەرێم ئاوڕێك لە ئاوی خواردنەوەی كۆمەڵگاكەو بنكەی تەندروستییەكەمان بداتەوە. هەر سەبارەت بەم گرفتە ژمارەیەك لەهاووڵاتیان لەم كۆمەڵگایە داوا لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد مشوری كەموكورتییەكانی بنكەی تەندروستی ناحیەكەیان بخوات.
مەمەد رەشید بەڕێوەبەری ناحیەی شوان بەراشكاوانە بەنچەی خستە سەر گرفت و كێشەكانی ناحیەكەیان و، باسی لەهۆكارەكانی نەگەڕانەوەی خەڵكی بۆ ناوچەكە و هۆكارەكانی گرفتی خزمەتگوزاری و كەموكوڕی كەرتی تەندروستی و پەروەردە كرد لەم رووەوە پێی راگەیاندین:( لەساڵی 1882 لەسنوری شوان ناحیەی بۆ دانراوە كەچی ئێستا حكومەتی ناوەند وەكو كۆمەڵگایەك هەڵسوكەوتمان لەگەڵ دەكات، هەربۆیە ڕێگا نادەن سنووری شارەوانییەكە بەرفراوان بكرێت، پێشتر خاوەنی 114 گوند بووین، حكومەتی ناوەندی پێش شاڵاوی ئەنفال بۆ كەمكردنەوەی رێژەی دانیشتوانی پارێزگای كەركوك هەندێك لەو گوندانەی خستە سەر ناحیەكانی ئاغجەلەرو قەرەهەنجیرو تەنیا 70 گوندمان مایەوە كە تەنیا 7 گوندیان ئاوەدان نەكراونەتەوە. ئێستا لەگەڵ حكومەتی عێراق كێشەی زەوی و زارمان هەیەو بێ چارەسەر ماونەتەوە بەڵام بۆ فراوانبوونی سنووری شارەوانی هیچ كێشەیەكمان نییە، ئەمە سەڕەرای ئەوەی یاسایەكی تایبەتمان نییە بۆ ئەو فراوانبوونە، بەڵام لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە وەكو ناحیە مامەڵە لەگەڵ شوان دەكرێت، بەڵام بەپێی یاساو رێنماییەكانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ئەو زەوییانەی بۆ پرۆژەی خزمەتگوزاری پێویستمانە كاروباری یاسایی كوژانەوەی بۆ دەكرێت و قەرەبووی خاوەنەكەشی دەكرێتەوە. بگرە بۆ پرۆژەكانی شارەوانیش پشت بە بودجەی هەرێمی كوردستان دەبەستین بەڵام بەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگای كەركوكیش پرۆژەو كاری باشمان ئەنجام داوە. بۆ ئەمساڵیش لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان بڕی 2 ملیارو 600 ملیۆن دینار بۆ قیرتاوكردنی شەقامەكان تەرخانكراوە ئەمە لەكاتێكدا ساڵی رابردوو بڕە پارەیەكی زیاتر تەرخانكرابوو).
سەبارەت بەگرفتی ئاوی خواردنەوەش بەڕێوەبەری ناحیەی شوان وتی: لەناو سەنتەری ناحیە تاڕادەیەكی باش كێشەمان نییە، بەڵام لە 7گوندی بناری خاڵخاڵان كێشەی ئاوی خواردنەوەمان هەیەو بەتانكەر ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین دەكرێت، ئەوەبوو لەسەر داوای سەرۆكی هەرێم بڕیاربوو پرۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە بۆ ناحیەی شوان جێبەجێ بكرێت و 9 ملیار دیناری بۆ تەرخان كرا، بەڵام جێی داخە حكومەتی هەرێم هیچ پرس و راوێژێكی بەئێمەو لایەنی پەیوەنداری سنوورەكە نەكرد بەبێسەروبەری و بۆ بەرژەوەندیی تاكەكەسی چەند بیرێك لێدرا كە سوودیان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە نەبوو، بە 9 ملیار دینار 32 بیری ئاوی خواردنەوە لێدراو رەچاوی بەرژەوەندی گشتی نەكرا. ئەمەو لەلایەكی ترەوە گرفت و كێشەی پاككردنەوەی ناحیەكەشمان هەیەو بەشێوەی كۆن و تەقلیدی و بەچەند ئامێرێكی كۆن و كرێكاری كەم كارەكانی پاككردنەوەی زبڵ و خاشاك بەڕێوە دەچێت. هاوكات پاككردنەوەی ناوچەی شوان لەو كەلاوەی خانووە كۆن و روخاوانە بەیەكێك لەو داواكارییانەی ناحیەكەمان دادەنرێت.
سەبارەت بە كێشەو كەموكوڕی كەرتی پەروەردە بەڕێوەبەری ناحیەی شوان وتی: لە رووی میلاكاتی مامۆستاوە بەتایبەتی لە گوندەكاندا كەموكوڕی و كێشەی زۆرمان هەیە و ئەم سنوورەی شوان لە بواری پەروەردەوە بەسەر سێ بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە كۆیە و چەمچەماڵ و كەركوك دابەش بووە كە لە هەقیقەدا هیچ یەك لەو پەروەردانە خزمەتی سنوورەكە ناكەن و بەپێی پێویست مامۆستایی بۆ دانامەزرێنن، هەر بۆ نموونە گوند هەیە 25تا30 قوتابیان هەیە و تەنیا یەك مامۆستایان بۆ دانراوە تەنانەت لە قوتابخانەی گوندێكدا دوو مامۆستای هەبوو كەچی هەردووكیان گوازرانەوەو قوتابخانەی ئەو گوندەش داخرا، هەر بۆیە ئاستی خوێندن لە گوندەكانی سنوورەكەمان زۆر لاوازە. ئێمە وەكو ناحیەی شوان سەر بە پەروەردەی هەرێمی كوردستانین، كەچی وەزارەتی پەروەردەی هەرێم بەرامبەر ئێمە كەمتەرخەمە، لێرەدا رایدەگەیەنم كە ئاستی خوێندن لە سنوورەكەماندا سفرە، هەر بۆ نموونە قوتابیانی دووی بنەڕەتی گوندی كارێزەی بناری خاڵخاڵان نازانن ناوی خۆیان بنووسن.
سەبارەت بە كەرتی تەندروستیش بەڕێوەبەری ناحیەی شوان وتی: بنكەی تەندروستییەكەمان پشتگوێ خراوەو زۆر خراپە، هەر لە نەبوونی دەرمانەوە تا كەمی میلاكات و پزیشك و تێكچوونی ئامێرەكانی پشكنینی پزیشكیەوە كەموكوڕی هەیە، پێم سەیرە لەكاتێكدا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی كەركوك كوردە كەچی كەرتی تەندروستی بەو شێوە خراپە پشتگوێ خراوە، هەر بۆیە داواكارین حكومەتی هەرێمی كوردستان خەمێك لەبنكەی تەندروستیەكەمان بخوات .
لەكۆتایی قسەكانیدا بەڕێوەبەری ناحیەی شوان گلەیی لەشێوازی جێبەجێكردنی بیرۆكەی گەڕانەوەی خەڵكی بۆ ناوچەی شوان هەبوو لەم رووەوە وتی: بەپێدانی پارە خەڵكانێكی زۆر ئەم هەلەیان قۆزتەوەو قەرەبوویان وەرگرت و نەگەڕێنەوە ناوچەكە، تەنانەت ئەوەی هەیكەلێكی خانووشی دروستكرد بەجۆڵی بەجێی هێشتووەو دیمەنێكی ناشرینی بۆ ناوچەكەمان دروست كرد، ئەم خانووە هەیكەلانە نەك تەنیا لەسەنتەری ناحیەكە بوونیان هەیە بەڵكو لەهەموو گوندەكانیش هەیەو هەندێكی بوونەتە حەشارگەی تیرۆریستان، دەكرێت حكومەتی هەرێم لەبری پارە بەخشینەوە هەنگاوی بۆ دروستكردنی خانوو ببردایەو یا گرنگی بە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بدات، ناكرێت گوند هەیە ئاوی خواردنەوەی كەمە تۆ بێیت و پارە ببەخشیتەوە بەناوی قەربووی ماددەی 140، ئاخر چۆن هاووڵاتی لەشوێنێك نیشتەجێ دەبێت كە ئاستی خزمەتگوزاری تێدا نزم بێت؟ داواكارم لەحكومەتی هەرێم ئەو بڕە پارەیەی ساڵانە بۆ ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم تەرخان دەكرێت بەشێوەیەكی رێكوپێك و خێرا بێتە خوارەوەو كاری بێ بكرێت و لیژنەیەكی تایبەتمەند بۆ چاودێری و بەدواداچوونی دابنرێت؛ نەك وەكو ئێستا بێ راوێژكردن و پرسكردن و چاودێری خەرج بكرێت.