هاووڵاتیانی باشیك داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەن ئاوڕێك لەپرۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنوورەكەیان بداتەوە

هاووڵاتیانی باشیك داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەن ئاوڕێك لەپرۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنوورەكەیان بداتەوە
باشیك ناوچەیەكی كوردستانییەو لە ڕووی پێكهاتەوە عێراقێكی بچووك كراوەیە لە نێوان نەتەوە و ئایینەكان هیچ جیاوازیەك نییە، هاووڵاتیانی ئەم ناحیەیە گلەیی و رەخنەیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە بەوەی سنوورەكەیانی لەپرۆژە خزمەتگوزارییەكان فەرامۆش كردووە، بەمەش زیاتر لە 120 هەزار هاووڵاتی كوردی شەبەك و ئێزیدی و كریستیان لەبارودۆخێكی خراپ دان و بووەتە هۆی دەركەوتنی دیاردەی كۆچكردن لەم ناوچە كوردستانییەی دەرەوەی هەرێم. ئێستا باشیك لەرووی خزمەتگوزارییەوە زۆر بێ سەروبەرەو لەلایەن ئیدارەی موسڵیشەوە زۆر بەكەمی كار و پرۆژەی بۆ ئەنجام دراوە، تەنانەت لەلایەن هەرێمی كوردستانیشەوە نەتوانراوە بەپێی پێویست ئاوڕ لەم ناوچەیە بدرێتەوە. تیمی(گۆڤاری گوڵان) خەڵكی باشیك و سنوورەكەی بەسەركردەوەو چەند هاووڵاتییەكی دواند، كە گلەیی و گازندەیان لە نەبوونی كارەبا و كەمی ئاوی خواردنەوەو خراپی ڕەوشی پەروەردە و تەندروستی هەبوو، داواشیان لە سەرۆكی حكومەتی كوردستان كرد كاری جددی بۆ ئەم سنوورە بكات و ئیدارەیەك بەهاوشێوەی ئیدارەی گەرمیان لەم ناوچەیە دابمەزرێنێت، ئەم گلەیی و رەخنانەی هاووڵاتیانمان ئاراستەی بەرپرسی ئیداریی ناحیەكە كرد، كە بەراشكاوانە پاڵپشتی و پشتگیری داواكارییەكانیانی كردوو لە دووتوێی ئەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە..
بارودۆخی ئێزیدیەكان و شەبەك لە شاری موسڵ لە دوای ساڵی 2003 بەرەو خراپی رۆیشتووە، لەبەر ئەوەی لەلایەن تیرۆریستان و پاشماوەی بەعس رۆژانە پەلاماری سەر ماڵ و خەڵكی شەبەك و ئێزیدییەكانیان دەدرا و ژمارەیەكی زۆریان شەهید و ئاوارە كرد، لە 2003 تا ئێستا (1150) كوردی شەبەك زیاتر لە هەزار كوردی ئێزیدی و هەزار مەسیحی و 150 كاكەیی شەهیدكراون و لە ناوچەكە و ناو موسڵ زیاتر لە (35) هەزار كەسی كورد كە هەموو پێكهاتەكان لەخۆ دەگرێت ئاوارە و سەرگەردان بوون و، ژمارەیەكی زۆریان روویان لە باشیك و شوێنی تری ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم كردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەوە لەناوچە كوردستانییەكانیش كۆچ دەكەن.
هاووڵاتیان:
لە كەمی ئاوی خواردنەوە و
بێ كارەبایی و نەبوونی پرۆژەی خزمەتگوزاری زۆر ماندووین

كێشەی خزمەتگوزاری و خراپی پرۆژەكانی ئاوو ئاوەڕۆ و شەقام و ڕێگاوبانەكان بەروونی لەباشیك دەكەونە بەرچاو، لەم رووەوە هاووڵاتی ئیبراهیم مەحمود پێی وابوو بەهۆی پاك نەكردنەوەی شارۆچكە لە زبڵ و خاشاك و فڕێنەدانی دیاردەی پیسبوونی لێكەوتۆتەوە، بەرادەیەك لەتوانای شارەوانی دا نییە هەموو كۆڵان و شەقامەكان پاكوخاوێن بكەنەوە. لەگەڕەكی رەئس ئەلعەین هاووڵاتی ئازاد فالیح وتی: شارەوانی زۆر كەمتەرخەمە لەپاككردنەوەی باشیك تەنانەت گرفتی ئاوو ئاوەڕۆشمان هەیە، هەر لەمبارەیەوە هاووڵاتی ئەلیاس خدر تەئكیدی لەسەر كێشەی كەمئاوی كردەوەو وتی: لەگەڵ نزیكبوونەوەی وەرزی هاوین دووبارە گرفتی كەمئاوی سەرهەڵدەداتەوە. ئەم هاووڵاتیە باسی لەگرفتێكی تر كرد ئەویش خراپی كەرتی تەندروستیە لەناوچەكەدا بەشێوەیەك كە جگە لەوەی داودەرمان و ئامێری پزیشكی لەبنكە تەندروستیەكان كەمە نەبوونی پزیشكی پسپۆریشی هاتۆتە سەر، ئەمەش وایكردووە خەڵكی بەناچاری بۆ زۆربەی نەخۆشیەكانیان روو لەشێخان و شاری دهۆك بكەن، هەربۆیە ژمارەیەك لەهاووڵاتیانی باشیك داوای دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەییان كرد. لەلایەكی ترەوە بوونی ئاوەڕۆ جگە لەوەی بنەمایەكە بۆ جوان راگرتنی سیمای شار، رۆڵێكی بەرچاویشی لەڕێگەگرتن لەتەشەنەكردنی پەتاو نەخۆشی هەیە؛ هاووڵاتی سەعید خورشید داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد كە بەو پێیەی باشیك بەناوچەیەكی كوردستانی دەرەوەی هەرێم دادەنێن هەربۆیە پێویستە ئاوڕێكی جددی لێبدەنەوە بەتایبەت لەبواری كارەبادا، هاووڵاتییەكی تر داوای لێكردین هەواڵی شكستهێنانی خوێندنی كوردی لەناوچەی باشیك بگەیەنینە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵای هەرێم و لەمبارەیەوە وتی: قوتابخانە كوردییەكان لەناو بینایەی قوتابخانە عەرەبیەكاندا جێگایان كراوەتەوەو لەكۆلێج و پەیمانگاكانی كوردستانیش قوتابیانی دەرچووی باشیك وەرناگیرێن، هەربۆیە زۆربەی خێزانەكان ئارەزوو ناكەن منداڵەكانیان بنێرنە قوتابخانە كوردییەكان.
هاووڵاتی شێخ ئیسماعیل وتی: كاتی ئەوەهاتووە چیتر چاوەڕێی ئیدارەی موسڵ نەبین، بەڵكو پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەڵمەتێكی فراوانی ئاوەدانكردنەوە دەست پێ بكات بەتایبەت بەدووسایتكردنی ڕێگای سەرەكی ناحیەكەمان و چاككردنەوەو رێكخستنی دەروازەی باشیك.



سەرەتا لەوەڵامی پرسیارەكانی گوڵاندا (زەنون یونس) بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك سەبارەت بە پێكەوەژیانی نەتەوەكان و ئاین و ئاینزاكان لە سنوورەكەدا وتی: سنوورەكەی باشیك لە100% كوردستانییە و ژمارەی دانیشتوانەكەشی زیاتر لە 120 هەزار كەسەو لەرووی پێكهاتەی نەتەوایەتی و ئاین و ئاینزاكانەوە هیچ كێشەو گرفتێك لەم سنوورە نییە، تەنانەت كەنیسەی برا كریستیانەكان و مەزاری ئێزیدی و مزگەوتی موسڵمانان لە تەنیشت و بەرامبەر یەكترن، داواو پێشنیاریشمان كردووە كە باشیك بكرێتە قەزاو دووناحیەش لە سنوورەكەی دابمەزرێنن، بەڵام لەرووی خزمەتگوزارییەوە بارودۆخی ناحیەو سنوورەكە زۆر خراپە و دەتوانین بڵێین لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە هیچ جۆرە گرنگیەكی پێ نەدراوە، تەنیا پارێزگاری دهۆك لە ڕێگای بودجەی پەرەپێدانەوە پاڵپشتی و هاوكاری كردوین .
لەلایەكی ترەوە نەبوونی بەدواداچوون و لێپرسینەوە هۆكارێك بووە بۆ شكستهێنانی هەندێك پرۆژە كە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بۆمان ئەنجامدراوە بۆ نموونە لەو كارانەی كە لەلایەن هەرێمەوە بۆمان كراوە كە بڕی 600ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكرا كە ئەویش هێنانی بۆڕی ئاوی خواردنەوە بوو، لە پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش و شێخان و لێدانی 36 بیری ئاو كە هەموو ئەو كارانەش لەبەر ئەوەی بەپێی سەرنج و پرسی ئێمە نەبوو ئەندازیاری سەرپەرشتیار بە ئارەزووی خۆی بەبێ پرسی یەكەی ئیدارەی باشیك كاری دەكرد، بۆیە ئەو پڕۆژەی ئاوە بەتایبەتی لێدانی 36بیرەكە شكستی هێنا، هەروەها لە بواری خزمەتگوزارییەكانی شارەوانییەوە كەموكوڕی و كێشەی خزمەتگوزاریشمان زۆرە، لەلایەنی وەرزشەوە یاریگایەكی بچوك كراوەی 5یاریزانیان بۆ دروست كردووین و لەدامەزراندنی ساڵی رابردووش تەنیا 92پلەی فەرمانبەریان بۆ ناحیەو سنووری باشیك دامەزراندووە، ئێستا هاووڵاتیان پرسیار دەكەن بۆچی بەهاوشێوەی شێخان و فایدە كارو پرۆژە بۆ باشیك ناكرێت ؟ پێویستە ئەوەمان لەبیر بێت سنووری باشیك لە هەڵبژاردنەكاندا زۆرترین دەنگ و كورسی بۆ لیستی برایەتی – نەینەوا بە دەست هێناوە و دەنگەكانی باشیك یەكلاكەرەوەیە لە زۆر كارو كێشە لە پارێزگای موسڵ بۆ هەرێمی كوردستان.
كێشەی كارەبا
سەبارەت بە كێشەی كارەباو نەبوونی تۆڕی دابەشكردنی كارەبای هەرێم بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك وتی: لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە تۆڕی كارەبای نیشتمانی بۆ 6 گوندی عەرەب لە سنووری باشیك هاتووە كە دووری ئەم گوندانە و تۆڕی كارەبای نیشتمانی كوردستان بۆ سەنتەری ناحیەكەمان تەنیا دوو كیلۆمەترە، بۆ ئەم مەبەستە چەند جارێك سەردانی لایەنی پێوەنداری وەكو وەزیری كارەبای هەرێم و بەڕێوەبەری گشتی كارەبای دهۆك و بەردەڕەشمان كردووە هەر بێ سوود بووە.
قوتابیانی خوێندنی كوردی لە ناو كۆگاو بینایەی قوتابخانەكانی خوێندنی عەرەبی دەخوێنن
سەبارەت بە هەردوو كەرتی پەروەردە و كەرتی تەندروستی بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك وتی: خوێندنی كوردی لە سنوورەكەدا لەبەر گرنگی پێ نەدانی حكومەتی هەرێم و دروست نەكردنی بینایەی قوتابخانە و دابین نەكردنی پێداویستییەكانی دیكە شكستی پێ هاتووە، قوتابیانی خوێندنی كوردی لە ناو كۆگاو بن قاندرمەكانی بینایەی قوتابخانەكانی خوێندنی عەرەبی دەخوێنن، هەر بۆیە ژمارەی قوتابیانی خوێندنی كوردی لە باشیك زۆر كەمی كردووەو قوتابخانەكانی دیكەش لە رووی بینایەو مامۆستاو میلاكاتەوە كەموكوڕی و گرفتیان هەیە. لەرووی كەرتی تەندروستیشەوە كەموكوڕیمان زۆر هەیە و حكومەتی هەرێم لەم لایەنە گرنگەشەوە هیچ كارو پڕۆژەیەكی بۆ نەكردووین، بۆ ئەوەی چیتر هاووڵاتیانی ئەم دەڤەرە بۆ چارەسەركردنی نەخۆشیەكانیان روو لەپارێزگای موسڵ و دهۆك نەكەن، پێویستە نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخی بەرفراوانی قەرەوێڵەیی دروست بكرێت.
گرفتی كەمی پرۆژەی ئاوی خواردنەوە
سەبارەت بە گرفتەكانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی بەتایبەتی كەمی ئاویخواردنەوە بەڕێوەبەری ناحیەی باشیك وتی: لە باشیك بە گشتی گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە هەیە، هاوكات تۆڕی دابەشكردنی هەندێ لە گەڕەكەكان كۆن بوون و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەو چاككردنەوە هەیە. هەروەها لەرووی خزمەتگوزارییەكانی دیكەی شارەوانییەوە بەگشتی و لە كۆكردنەوەو فڕێدانی زبڵوخاشاك لە ناو كۆڵان و گەڕەكەكانی باشیك كەموكوڕی زۆرە، هۆكارەكەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو بودجەی بۆ شارەوانی لەلایەن حكومەتی ناوەندی تەرخان دەكرێت زۆر كەمە و ئامێرو كرێكاریش بۆ ئەو مەبەستە بەپێی پێویست نییە، هەر بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتەو جوانی و پاراستنی ژینگەی شارۆچكەكە و كاراتربوونی كارو پڕۆژەكانی شارەوانی داوامان لە حكومەتی هەرێم و لایەنی پێوەندار كردووە كە شارەوانییەكی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەكانی پارێزگای دهۆك لە ناحیەی باشیك دابمەزرێنن و ئەمەش بۆ رەزامەندی و پەسەندكردن رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوە، بەڵام تا ئێستا هەر لەوێ ماوەتەوەو رەزامەندی لەسەر نەدراوە. لەلایەكی ترەوە لەبەر ئەنجام نەدانی پرۆسەی كوژانەوەی زەوی گرفتی یەكجار گەورەی بۆ دروستكردووین چ لەرووی نەبوونی پارچە زەوی بۆ پرۆژەكان یا دەركەوتنی كێشەی نیشتەجێبوون كە وایكردووە خەڵكانێك بە زێدەڕۆیی خانوو دروست بكەن، لەگەڵ ئەمەش دا ئومێدمان هەیە چارەسەری ئەم كێشەیە بكرێت بەتایبەت لەگەڵ نزیكبوونەوەی تەواوبوونی پرۆژەی دروستكردنی ماستەرپلانی ناحیەكە.
ئاوارەبوون و كۆچكردنی كوردەكان
سەبارەت بەخەڵكی ئاوارە ئەوانەی لە موسڵ و شوێنی دیكەوە هاتوونەتە ناحیەی باشیك بەڕێوەبەری ناحیە وتی: زۆربەی ئەوانەی لەموسڵ و ناوچەكانی ترەوە روویان لەباشیك كردووە پێشتر خەڵكی ئەم ناوچەیە بوون و ئێستا لەئاكامی هەڕەشەو كوشتن روویان لەباشیك كردووە، ئەوانەش لە بوارە خزمەتگوزارییەكان و پەروەردەو تەندروستیدا ئەركێكی دیكەن لەسەر شارۆچكەكە، هەربۆیە پێویستە خێرا ماددەی 140ی دەستووری جێبەجێ بكرێت و باشیك و ناوچەكانی تر بگەڕێنرێنەوە سەر هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی چیتر دیاردەی كۆچ روونەدات، بەڵام حكومەتی عێراقی بەربەست و كێشە لەبەرەوپێشەوەچوونی ئەو ماددە دەستوورییە دادەنێت.
لەكۆتایی قسەكانیدا بەڕێوەبەری باشیك پێی وابوو باشیك ناوچەیەكی كوردستانییەو خەڵكەكەی قبووڵیان نەكردووە سوپای عێراق بێتە سنوورەكەیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا خەڵكی زۆر گلەییان لەحكومەتی هەرێم هەیە بەوەی نەتوانراوە تەنانەت گرفتی كارەبایان بۆ چارەسەر بكەن، هاوكات رەخنەیەكی زۆریشمان لەوەزارەتی كشتوكاڵی هەرێمی كوردستان هەیە بەوەی تا ئێستا هیچ كارو پرۆژەیەكیان بۆ جوتیارانی سنوورەكەمان نەكردووە، ئەو پرۆژەو كارانەی كە جێبەجێش كراون زیاتر لە ڕێگای هاوكاری و یارمەتی پارێزگاری دهۆكەوە بووە.
Top