لە 25 ساڵیادی هەڵەبجەدا بە بونیادنانەوە و پرۆژەی گرنگ یادی كارەساتەكانمان دەكەینەوە
February 28, 2013
راپۆرتەکان
حكومەتی عیراق بەفەرمی داوای لێبوردنی لەگەلی كورد نەكردووە
كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كە پێش 25 ساڵ لەمەوبەر لەلایەن رژێمی عێراق دژ بەگەلی كوردستان ئەنجامدرا، بەیەكێك لەو كارەساتە گەورانەی دژ بەمرۆڤایەتی دادەنرێت كە دەكەوێتە ناو چوارچێوەی تاوانی دژە مرۆڤایەتی و دەبێت جیهان وەك جینۆساید دابنرێت، ئەم تاوانە بەیەكەمین هەنگاو دادەنرا بۆ تاقیكردنەوەو دەستپێكردنی پرۆسەیەكی فراوانی ئەنفال، جێی داخیشە تاكو ئێستا بەپێی پێویست كارەساتەكە بەنێودەوڵەتی نەكراوەو قوربانیانیش قەرەبوونەكراونەتەوە، تەنانەت حكومەتی عێراقیش داوای لێبووردنی لەگەلی كورد نەكردووە، بۆ یادكردنەوەی كارەساتەكە حكومەتی هەرێم بەمیواندارێتی نوێنەرانی چەند رێكخراوێكی نێودەوڵەتی سەرقاڵی خۆئامادەكردنە بۆ بەرزراگرتنی یادەكە كە ئەمساڵ لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و بەبەشداری پەرلەمان و ژمارەیەك لە وەزارەتەكان و سەرۆك شارەوانییەكانی وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریكاو ئاسیا بەڕێوەدەچێت، بەڵام لەمەش گرنگتر بەرزراگرتنی جوانی و پێشكەوتنی شارەكەیە تاوەكو لەدنیادا ببێتە سیمبولێكی نەتەوەیی و لەكاری ئاشتیخوازانەدا وەكو هیرۆشیماو مەرزەبۆتۆو زۆر لە شارەوانیەكانی دیكەی دنیا كە بەكارەساتی كۆمەڵكوژی تێپەڕ بوون ببێتە پێشەنگ.
لەیادی 25ساڵەی هەڵەبجەدا
100 كەسایەتی لە جیهان بەشداردەبن
بۆ ئەوەی كەیسی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە زیاتر بەدنیا بناسرێت و بەفەرمی بكرێتە جینۆساید، بۆ ئەمساڵ حكومەتی هەرێم بەبەشداری ژمارەیەك لەكەسایەتییە ناودارەكانی جیهان و نوێنەرانی وڵاتان و سەرۆكی ژمارەیەك لەشارەوانییەكانی جیهان یادەكە دەكرێتەوە، خدر كەریم محەمەد سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەی شەهید و جێگری سەرۆكی شارەوانیەكانی جیهان بۆ ئاشتی و باڵوێزی رێكخراوی ئاشتی نێودەوڵەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیا و ئەندامی كارگێڕی رێكخراوی گەلانی كۆمەڵكوژكراو لەمبارەیەوە وتی: كەیسی هەڵەبجە لەسەر ئاستی زۆربەی وڵاتانی دنیا كاری لەسەر كراوەو بەرەوپێشەوە چووە، هەر ئەمەشە وایكردووە شارەوانی هەڵەبجە ببێتە ئەندامی رێكخراوی شارەوانییەكانی جیهان و منیش ببمە جێگری سەرۆكی ئەو رێكخراوە كە سەرۆكەكەی سەرۆكی شارەوانی هیرۆشیمایە، بۆ ئەمساڵیش لە 25 ساڵەی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا بۆ ئەوەی ئەم كەیسە زیاتر بەدنیا بناسرێت یادەكە تایبەتمەندییەكی باشی پێ دەدرێت و، ژمارەیەك لەكەسایەتی و پەرلەمانتارو سەرۆكی شارەوانی و نوێنەرانی وڵاتان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەشدار دەبن، دەتوانم بڵێم لەسەر ئاستی هەموو دنیادا پەیوەندی بە100كەسایەتی جیهانییەوە كراوە. هەروەها لەساڵیادەكەدا تۆمارێك دادەنێین بۆ ئەوەی ئەو نوێنەرو ئەندام پەرلەمان و سەرۆك شارەوانی و كەسایەتیانەی لە وڵاتانی ئەوروپاو ئەمەریكاو ئاسیاو وشوێنی دیكە دێن ناویان لە تۆمارەكە بنووسرێت و واژوشیان لەبەرامبەر ناوەكانیان تۆمار دەكەین، چونكە تۆماری ناو و واژووەكان كاریگەری و گرنگی خۆیان دەبێت لە كەیسی كیمیابارانی هەڵەبجە بۆ بەجینۆساید ناساندنی، هاوكات لە ساڵیادەكەدا تیپی میللی چەندین وڵات بە كارو چالاكی و كلتوری میللەتەكانیان بەشداردەبن.
سیمبولێك بۆ جوانی و پێشكەوتن و كاری ئاشتیخوازانە
ئاوەدانكردنەوەی ئەو شارو ناوچانەی كە بەهاوشێوەی كوردستان دووچاری جەنگ و كۆمەڵكوژی بوون كارێكی ئاسان نییە و، ئەزموونی هێرۆشیماو مەرزەبۆتۆو چەندین شاری دیكە نموونەیەكی بەرچاون كە چۆن توانراوە سیمای جەنگ و ماڵوێرانی و شەڕ بسڕنەوەو شارەكە بگەنە سیمبولێكی نێودەوڵەتی بۆ تەحریمكردنی كۆمەڵكوژییەكە لەم رووەوە سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەو جێگری سەرۆكی شارەوانیەكانی جیهان بۆ ئاشتی ئەویش هەمان بۆچوونی هەبوو پێی وابوو پێویستە ئەو شیوەن و گریانەی كە 25 ساڵە دەیگێڕین لەمەودوا بگۆڕدرێت و لەمبارەیەوە وتی: لەمەودوا یادی هەڵەبجە لەشیوەن و گریانەوە دەیگۆڕین بۆ بنیاتنانەوەو گەشەكردنی زیاتری شارەكە، تاوەكو زیندووبوونەوەی خەڵك و شارەكە بەشێوەیەكی ئاشتی بەدنیا نیشان بدەین ئەمەش هەنگاوێكی پراكتیكی یە لەلایەن حكومەتەوە پەیڕەو كراوە، لە ڤیستیڤاڵی 25ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا بە هەموو دنیا و مرۆڤایەتی دەڵێین كە ئەو شارەی كیمیاباران و جینۆساید كرا و یەكەم هەنگاوی شاڵاوە بەدناوەكەی ئەنفالی لێ تاقیكرایەوە ئەمڕۆ لە سایەی خەڵكی كوردستان و دانیشتوانی شارەكەو حكومەت و پەرلەمانی هەرێمی كوردستان زیندووە و خەڵكەكەی ئاشتیخوازو دژی هەموو كارو كردەوەیەكی قێزەوەن كە دژی مرۆڤایەتیی بێت و لە كارو پرۆژەو هەڵمەتی ئاوەدانكردنەوەشدا سونبولی جوانی و گەشاوە دەبێت، راستە ئەو شارە لەلایەن حكومەتی هەرێم زۆر كاری بۆ كراوە، بەتایبەت لەدوای ساڵی 2005دا حكومەت بە بەرنامەو پلانێكی زانستی دراسەكراو كاری باش و جیدی دەست پێكرد، بەڵام هێشتا زۆری ماوە تا بگاتە ئەو ئاستەی كە سەرنجی هەموو دنیا لە جوانی و كاری ئاشتیخوازی و پێشكەوتنەوە بۆ خۆی رابكێشێت.
شوێنەواری كیمیابارانكردنی هەڵەبجە ماوە
تا ئێستا شوێنەواری كیمیاباران و ماكەكانی بەسەر شارو خەڵكەكە ماوە و بەركەوتوو برینداری زۆر هەیە، ئەوەی زیاتر كاریگەرییان لەسەرەو نەخۆشن و پێویستیان بە چارەسەری بەردەوامە ژمارەیان270هاووڵاتی شاری هەڵەبجەی شەهیدن، لەمبارەیەوە سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە وتی : ئێستاش كە منداڵ لەدایك دەبن هەیانە كاریگەریی كیمیابارانەكەی لەسەرەو كەمئەندام دەبێت یا دەمرێت، پاشماوەی كیمیایی زۆر لە شارەكەو سنوورەكەی ماوە بەتایبەتی لەو كەلاوەی خانووانەی كە پاك نەكراونەتەوە یا لە گۆڕستان و شوێنی مووشەك و بۆمبەكاندا هەر بۆ نموونە لە ماوەی رابردوو لە هەڵكەندنی گۆڕێك دا دوو كەس ژەهراووی بوون و لەپاشان بە هۆی كاریگەری كیمیاییەكەوە شەهیدبوون و ساڵی رابردوو كە مووشەكێكی كاتی كیمیابارانەكە دۆزرایەوە زۆری نەمابوو كارەساتێكی دیكە دروست بكات. هەربۆیە دەبێت حكومەتی عیراق قەرەبووی ئەم شارە شەهیدو جینۆسایدە بكاتەوە و پەرلەمانی عیراق كیمیابارانی هەڵەبجەی بەجینۆساید ناساندووە و دەتوانێت بڕیاری قەرەبووەكەش بە مەعنەویی و دارایش دەربكات، بەڵام تا ئێستاش حكومەتی عیراق لەسەر كیمیابارانی شاری هەڵەبجە بەفەرمی داوای لێبوردنی لەگەلی كورد نەكردووە و روونیش بۆتەوە كە حكومەتی مالیكی بمانەوێت و نەمانەوێت میراتگری دیكتاتۆر سەدام حوسینە و نەك داوای لێبوردنی بۆمان نییە لە هەموو كارو كردەوەكانیشی دژی گەلی كوردە هەر بۆ نموونە چەندین كەس و ئەفسەری پلەدارو فڕۆكەوان كە بەشداربوون لە كیمیابارانی هەڵەبجە تا ئێستا داوا نەكراون دادگایی بكرێن و زۆر لە ئەفسەرەكانی رژێمی ئەوساشی هێناوەتەوە ناو سوپاكەی كە ئەمە چی لێ چاوەڕوان دەكرێت جگە لە خراپەكاری و جینۆساید و دژایەتی كردنی كورد.
بەنێودەوڵەتی كردنی جینۆسایدی هەڵەبجە
بۆ بەجینۆسایدناساندنی ئەم كۆمەڵكوژییەی كە 5000 قوربانی لێكەوتەوە پێویستی بەدەنگی نەتەوەیەكگرتووەكانە، سەبارەت بەم مەسەلە گرنگە سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجەو ئەندامی كارگێڕی رێكخراوی گەلانی كۆمەڵكوژكراو وتی: لەسەر ئاستی جیهان ئێمە توانیومانە زیاتر لە5 هەزار واژو كۆبكەینەوە و لەچەندین كۆبوونەوەی نێودەوڵەتیش لەبرۆكسل و جنێف و نیویۆرك بەشدار بووین،، هاوكات چەندین رێكخراوی ناوخۆیی و بیانی وەكو رێكخراوی گەلانی قڕكراو كە من ئەندامی كارگێڕی ئەو رێكخراوەم و بارەگای لە ئەلمانیایە بەشدارییان لەكەیسی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە كردووە، هاوكات لە پەرلەمانی ئەوروپا بەگشتی بەتایبەتی وڵاتی سوید و ئەلمانیاو فەرەنساو هۆڵەنداو بەریتانیا و ئیتاڵیا و یابان و رێكخراوی سەوزی ئیران و سەرۆكی پەرلەمانی ئەوروپاو چەندان كەسایەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و داكۆكی كار لەسەر ماڤی مرۆڤ پشتگیریەكی زۆری گەلی كورد لەوە دەكەن كە تاوانی كیمیابارانی هەڵەبجە دژی مرۆڤایەتی بووەو كۆمەڵكوژییە و پشتگیری ئەوەمان دەكەن كە ئەم كەیسە بەجینۆساید بناسرێت، بەڵام لە وڵاتانی عەرەبی جگە لە سەرۆكی شارەوانی غەززە كەس قسە و پێشنیار و پشتگیری لەسەر ئەم كەیسی هەڵەبجەو ئەنفال نییە، هەروەها مەرزەبۆتۆ كە دەستەخوشكی هەڵەبجەیە بە پارەی خەڵكی شارەكەی خۆی دوو قوتابحانەی هاوچەرخیان لە ناو شاری هەڵەبجە دروستكردووە ئەمەو هەر لە 25ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا رۆژێك دوای ساڵیادەكە پزیشكانی بێ سنوور بە ئامادەبوونی 350ئەندام لە ناو شاری هەڵەبجەی شەهید كۆنفرانسێك ساز دەكەن.
120 ملیار دینار بۆ كارو پرۆژەكان
لە 25ساڵیادی كیمیابارانی هەڵەبجەدا حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی تایبەتی بۆ كارو پڕۆژەكانی شاری هەڵەبجە تەرخانكردووە، سەبارەت بەو بوارانەی كە بڕیارە ئەم پارەیەی بۆ تەرخانبكرێت سەرۆكی شارەوانی هەڵەبجە وتی: لە كاتی یادكردنەوەكەدا شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم ئامادە دەبن و لەو بودجەیەی بۆ شارەكەش تەرخانكراوە 120ملیار دینار بۆ كارو پڕۆژەی ناو شاری هەڵەبجەیە كە هەموو سێكتەرەكان لە خۆ دەگرێت و لەم 120ملیارەش 87ملیار دیناری بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی بواری شارەوانییە لە شاری هەڵەبجەو هەر سێ ناحیەی سنوورەكە، لەلایەكی دیكەوە ئەو كارو پڕۆژانەی لە ساڵانی رابردووش بۆ هەڵەبجەی شەهید كراوە لە 80%ی لەسەر بودجەی تایبەت بووە و لە 20%ی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا و وەزارەتەكان بووە.
هەڵمەتێكی فراوانی نەمام چاندن
بەمەبەستی سڕینەوەی پیسبوونی ژینگەو جوانكردنی سنووری هەڵەبجە بڕیارە هەڵمەتێكی نەمام چاندن ئەنجام بدرێت لەم رووەوە حوسێن حەمە كەریم بەڕێوەبەری گشتی باخداری و دارستان لەوەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری لەلێدوانێكی بۆ گوڵان وتی: بۆ یادە نەتەوەیی و كارەساتەكانی كە بەسەر كوردستان هاتووەو كە زۆربەی دەكەوێتە ئەم وەرزەوە وەزارەتی كشتوكاڵ بەرنامەیەكی فراوانی بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتی نەمام چاندن دەستپێكردووە، هەر لەسەر مەزاری ئەنفال لە ناحیەی ئاشتی و مەزاری شەهیدانی ئەنفال لە كفری و مۆنۆمێنتی هەڵەبچەو چەندین شوێنی دیكە تەنانەت ئامادەیمان دەربڕیوە هەر رێكخراوو گروپێك نەمامی دەوێت تاوەكو بەشداری لەو هەڵمەتە بكات ئامادەین نەمامی بدەینێ . سەرجەم نەمامەكانیش لەسەر بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان پارەی بۆ تەرخانكراوە زۆربەی ئەو پرۆژانەی ئەمساڵ لەبواری نەمام چاندن بەڕێوەدەچێت پرۆژەی تەواوكارییە هەر لە ئاوو دروستكردنی كۆگاو بەرژین و هەموو پێداویستییەكانی دیكەی بۆ ئامادەكراوە، لەسنووری هەڵەبجەو لە ساڵانی رابردوودا پێشتر پرۆژەی رواندنی 5000 نەمامی زەیتوونمان جێبەجێ كردووەو ئێستا زۆربەیان گەورەبوون و بەریان گرتووە، لە دەوروبەری هەڵەبجەو لە مەزاری ئەنفالەكان ژمارەیەك پرۆژەی ترمان هەیە، وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری بۆ ئەم یادە هەر هەوڵێك بدرێت لەلایەن وەزارەتەكانی ترو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی یەوە ئامادەین هاوكارییان بكەین و نەمامیان بدەینێ.