دكتۆر كاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیری و لاوان بۆ (گوڵان):كەناڵی زارۆ تیڤی بۆ منداڵان دادەمەزرێت

دكتۆر كاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیری و لاوان بۆ (گوڵان):كەناڵی زارۆ تیڤی بۆ منداڵان دادەمەزرێت
دكتۆر كاوە مەحمود وەزیری رۆشنبیری و لاوان لەم دیمانەیەدا لەگەڵ گۆڤاری ( گوڵان ) باس لەپرۆژەو كاروچالاكییەكانی ئەمساڵی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دەكات و تەئكید لەسەر چۆنییەتی خەرجكردنی ئەو بودجەیە دەكاتەوە كە بۆ پرۆژەی بوونی سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری
تەرخانكراوە، هاوكات لەتەوەرێكی قسەكانیدا وەڵامی ئەو رەخنانەی دایەوە كە بەرامبەر سندوقی داهێنان هەبوو، هەروەها ئاماژەی بەچەند بوارێكی دیكەی پەیوەندار بەلایەنی هونەری و كلتووریی و كەناڵەكانی راگەیاندن كرد.

•پرسی رۆشنبیری و هونەری بەیەكێك لەبابەتە گرنگ و بگرە هەستیارەكان دادەنرێت و ساڵانەش رۆشنبیران و هونەرمەندان چاوەڕێی كۆمەڵێك كارو چالاكین لەمبوارەدا ؛ ئایا دەكرێت بزانین گرنگترین پرۆژە كە ئێستا وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان سەرقاڵی خۆئامادەكردنێتی چییە ؟
-ئێستا سەرقاڵی خۆئامادەكرنین بۆ ئەنجامدانی (فیستیڤاڵی خەڵاتی لاوی ساڵ) كە لە ساڵی 2012 دواكەوتین لە جێبەجێكردنی، خۆئامادەكردنێكی باشمان بۆ فیستیڤاڵەكە كردووەو هەوڵیشمانداوە سوود لەئەزموونی ساڵانی پێشوو وەربگرین، بۆ ئەم مەبەستەش راگەیاندنی باشمان بۆ كردووە بۆ ئەوەی بتوانین لەو 30 بوارەی كە فیستیڤاڵەكە لەخۆی دەگرێت بەشێوەیەكی شەفاف و دادپەروەرانە فیستیڤاڵەكە بەڕێوەببرێت. سەبارەت بەكاروچالاكییەكانی تریشمان كە ساڵانە بەردەوامە لەهەر پارێزگاو ناوچەیەك كاری تایبەتمەندیی ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە لەگەرمیان لەمانگی ئازار كار لەسەر ئەنجامدانی فیستیڤاڵی كلتووری میللەتان دەكەین، لەدهۆكیش كۆمەڵێك رۆشنبیر سەردانی ئەمەریكا دەكەن و لەو وڵاتە كۆمەڵێك چالاكی نەتەوەیی ئەنجام دەدەن
•كەواتە یەكێك لەو گرفتانەی دێتە بەردەم جێبەجێكردنی كارو پرۆژەكان دواكەوتنی جێبەجێكردنێتی ئایا فیستیڤاڵی خەڵاتی لاوی ساڵ لە 2012 بۆ دواكەوت؟
-دواكەوتنی خەڵاتی لاوی ساڵی 2012 بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ویستوومانە بەمیكانیزمێكی دادپەروەرانەو شەفافییەت فیستیڤاڵەكە بەڕێوەببەین.
•بودجەی 2013ی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا كە تێیدا بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانیشی لەخۆگرتبوو ؛ ئایا بەو بودجەیەی كە بۆ كاروچالاكی و پرۆژەكانی وەزارەت تەرخانكراوە دەتوانن هەموو خواست و داواكارییەكانی رۆشنبیران و هونەرمەندان و لاوان جێبەجێ بكەن؟
-ئەم پرسیارە لەهەر وەزیرێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكرێت بە " نەخێر " وەڵامتان دەدرێتەوە، چونكە ئاستی داواكاری و خواستەكان لەكۆمەڵگای كوردستانی بەردەوام روو لەبەرزبوونەوە دەكات، ئەمەش مافێكی سروشتی هەموو چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگەیەو نیشانەیەكی ئیجابیە، لەلایەكی دیكەشەوە هاندەرێكە بۆ ئێمە كارو پرۆژەی باشتر ئەنجام بدەین. هەربۆیە ئەوەی زۆر گرنگەو بەبەردەوام تەئكیدی لەسەر دەكەینەوە چۆنیەتی پاراستنی هاوسەنگییە لەنێوان كاروچالاكیەكان و ئەو توانایەی لەبەردەستدایە لەچوارچێوەی ئەو بودجەیەی كە بۆی تەرخانكراوە.
كاری گرنگی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان وەكو هەموو وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەت ئەوەیە كاربكەن بۆ دۆزینەوەی سەرچاوەی دارایی و خەرجییە زیادەكان كەم بكەنەوە.
•كەواتە بەپێی ئەو بودجەیەی لەبەردەستاندایە لەتوانادا نابێت هەموو پرۆژەو چالاكیەك ئەنجام بدەن؛ ئایا چۆن ریزبەندی كراوە بۆ بوارەكانی رۆشنبیری و هونەری؟
-بودجەی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان دوو بوار لەخۆدەگرێت: یەكێكیان بودجەی بەگەڕخستنە كە تێكڕای چالاكییەكانی هونەری و رۆشنبیریی و لاوان لەناو وەزارەت دەگرێتەوە .، بەڵام ئەمساڵ ویستوومانە بایەخێكی زیاتر بەمەسەلەی لاوان بدەین و كار دەكەین بۆ ئەوەی خزمەتكردن و ئەنجاندانی پرۆژەی لاوان لەریزبەندی پێشەوەی كارو چالاكی و پرۆژەكانمانەوە بێت، بۆ ئەوەی وەكو ستراتیژییەتێكی نیشتمانی و نەتەوەیی دابڕێژین و لاوان بۆ ئەم لایەنە ئاراستە بكەین، هەروەها كارمان ئەوەیە نەریتی مەدەنی بچەسپێنین و بەهاكانی حوكمڕانی باش و مەدەنی بەهێز بكەین و رێز لەچەسپاندن و پاراستنی چەمكی بەهاووڵاتیبوونی كوردستان بكەین، بۆ ئەمەش كۆمەڵێك هەنگاو نراوە بۆ نموونە بۆردی هەماهەنگیمان لەگەڵ رێكخراوەكانی لاوان دامەزراندووە، مەبەستەكە لێرەدا تەنیا بودجە نییە بەقەد ئەوەی ئاراستەیەكی سیاسەتە و بەڵكو ئاراستەكردنەكە ئامانجێكی نیشتمانیی و نەتەوەییە. بواری هونەری و رۆشنبیری و لاوان زۆر بەرفراوانە هەر لە بایەخدان بە ئەدەب و نووسین و زمانەوە تا دەگاتە شانۆ و سینەما و دراماو گۆرانی و مۆسیقا، ئەمانەش هەر هەمووی پەیوەندیان بە یەكترەوە هەیە و دانابڕێن لەیەكتر، هاوكات هاوسەنگی دەكەین لەنێوان ئەو شوێنانەی كە چالاكییەكانیشی لێدەكرێت، بەشێوەیەك هیچ شوێنێك فەرامۆش یا پەراوێزخرابێت و لەبیری ناكەین لەچالاكی.
•بۆ بوونی سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری بودجەیەك تەرخانكراوەو بڕیاریشە كۆمەڵێك كاروچالاكی و پرۆژە ئەنجام بدرێت ؛ ئایا لەمبارەیەوە بەنیازن چی بكەن؟
-ئەو بودجەیەی بۆ پرۆژەی بوونی سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری تەرخانكراوە بۆ بونیاتنان و دروستكردنی ژێرخانی كلتووری و رۆشنبیرییە، ئەمەش بەتەئكید بەبودجەی ئەمساڵ تەواو نابێت و كارێكە بەردەوامی دەوێت، بۆ ئەم مەبەستەش لیژنەیەكی باڵامان هەیە كە خۆم وەكو وەزیری رۆشنبیری و لاوان و پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری سلێمانی و چەند لایەنێكی پەیوەنداری دیكە، هاوكات لیژنەیەكی راوێژكاری و بۆردێكمان هەیە لەگەڵ ئەو رێكخراوانەی كە لەسلێمانی هەر چالاكییەكی دیكەیان هەبێت و لەبواری كلتووری كارو چالاكییان هەبێت گوێیان لێدەگیرێت و بەشدار دەبن، تەنانەت راستەوخۆ لەگەڵ ئەو رێكخراوانە دادەنیشم و گوێبستی راوبۆچوونەكانیانین و كۆبوونەوەیان لەگەڵ دەكەم، تاوەكو ئاگاداری هەموو هەنگاوەكانمان بن، تەنانەت ئەو پارەیەی كە خەرجیش دەكرێت دەخرێتە سندوقێكەوە بۆ ئەوەی هەموو لایەك ئاگاداری كارەكانمان بن، واتا رێكخراوەكانی بواری كلتووری لە سلێمانی بەشدارن لەپلان و بەدواداچوون و چاودێریكردندا. ئیستا دۆسیەی پایتەختی رۆشنبیری كاری باشمان لەسەر كردووە و راوبۆچوون و پێشنیاری پەرلەمان و نووسەران و رۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و زیاد لە 50 كەسایەتی كلتووری سلێمانی وەرگیراوە، هەروەها 3 كۆبوونەوەمان لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی ئەنجام داوە، لەمبارەیەشەوە رێ و شوێنی باش و گونجاومان گرتۆتەبەر لەوانە دامەزرانی لیژنەیەكی پێداچوونەوەی هەموو هۆڵەكانی شاری سلێمانی تاوەكو یەك رێنماییان هەبێت و سوودیان لەكاری هونەری و رۆشنبیری و لاوان لێوەربگیرێت، هاوكات نۆژەنكردنەوەژیان بۆ بكرێت . لەلایەكی ترەوە خەریكی پرۆژەیەكین لەكارگەی جگەرەی سلێمانی تاوەكو ببێتە جێگایەكی فۆلكلۆری و كلتووری و بتوانین شوێن و هۆڵەكانی بۆ كاری رۆشنبیری و هونەری و چالاكییەكانی تێدا بەڕێوەببرێت. هەروەها بەدواداچوون دەكەین لەسەر پرۆژەی بوونی سلێمانی بە پایتەختی رۆشنبیری گەرچی دواكەوتنی تێدابوو بەهۆی یەكلانەكردنەوەی كێشەی زەوی لەنێوان كەمپی زانكۆو وەزارەتی كشتوكاڵ .
•ئایا پێت وانییە لە پرۆژەكانی هونەری و رۆشنبیری پێویستە هاوسەنگییەك لەنێوان هەموو پارێزگاو قەزاو ناحیەكانی كوردستان هەبێت، بەرنامەو پلانتان لەمبارەیەوە چییە؟
-ئەمە كارێكی ئاسان نییەو بەبەردەوام هەوڵی ئەوەمان داوە ئەو هاوسەنگییە بكەین و شوێنی بەپەراوێزخراو دروست نەبێت و بێ بەش نەبێت لەچالاكی رۆشنبیری و هونەری، هەر بۆ ئەو مەبەستەشە چالاكی رۆشنبیری لەسۆران و مێرگەسۆرو زاخۆو كفری و ئامێدی و هەڵەبجە و دەربەندیخان كراوە، سازدامنی فیستیڤاڵی مەقام لەكفری بۆ ئەم مەبەستە بووە، ئەوەی تایبەتیشە بەبودجەی وەبەرهێنان پێویستە هەموو لایەك ئەوە بزانن كە لەبودجەی پرۆژەكان هەر پارێزگایەك بەشی خۆی هەیەو لەچوارچێوەی ئەو بەشە رەنگە ئەمساڵ گرنگی بەقەزایەك بدرێت و ساڵێكی تر بەقەزاو ناحیەكی دیكە، لە كاروچالاكی و پرۆژەكان هیچ شارو قەزاو ناحیەك پەراوێز ناخەین.
•بەبڕیارێكی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بڵاوكراوەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان راگیرا؛ هاوكات وەزارەت خاوەنی كەناڵێكی تیڤی نییە ئایا لەم رووەوە چی بەرنامەیەكتان لەبەردەستدایە؟
-بەڵێ ؛ هەروەكو چۆن راگرتنی بڵاوكراوەكانی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان بەبڕیاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بوو دەستپێكردنەوەشی بەبڕیارێكی ئەوان دەبێت ؛ بۆ ئەمەش داوامان كردووە لە سەرجەم بڵاوكراوەكانماندا بەمیكانیزمێكی نوێ دەست بەئیشكردن بكرێتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە. هەروەها پێویستە ئێمە كار بۆ دامەزرانی كەناڵی تەلەفزیۆنی گشتی بكەین، بۆ ئەوەی ئەم كەناڵە لەشێوەی بەخش و نووسین و زمان كۆمەڵایەتی گشتی لەخۆبگرێت، هەرچەندە ئێستا كارمان كردووە بۆ دامەزرانی زارۆ تیڤی كە كەناڵێكی تایبەتمەندی منداڵانە، بەڵام پێویستیمان بەهەنگاونان هەیە بۆ دامەزراندنی كەناڵێكی گشتی كە كەناڵێكی حزبی نەبێت و كەناڵێكی كۆمەڵگایی بێت.
•بۆ یادەكانی نەورۆز و بۆنە نەتەوەیی و یادكردنەوەی 25 ساڵەی هەڵەبجەو ئەنفال چی بەرنامەیەكتان لەبەردەستدایە ؟
-كۆمەڵێك چالاكی لەهەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەكاندا لەهەولێرو سلێمانی و دهۆك و گەرمیان هەیە، ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەش خاوەنی بودجەی خۆیانن و كاروچالاكییەكانیان ئەنجام دەدەن.
•لەبواری چاپكردنی كتێب و پێشخستنی ئەو بوارە چی هەنگاوێك دەگرنە بەر ؟
-بۆ چاپكردنی كتێب بودجەیەكی تایبەتی تەرخانكراوەو بەردەوامیش دەبین بەهەمان شێوەی ساڵانی رابردوو بۆ چاپكردنی كتێب و گرنگیدان بەم بوارە.
•سندوقی داهێنان كە بەیەكێك لەو پرۆژانە دادەنرا كە رەخنەیەكی زۆری لێگیرا ئایا بۆ ئەمساڵیش ئەو پرۆژەیە بەردەوام دەبێت؟
-سەرەتا حەز دەكەم ئەم روونكردنەوەیە بدەم مەسەلەی پرۆژەی داهێنان و رەخنەكانی لەم رووەوە ئاراستەی وەزارەت كرا دوو لایەنی لەخۆگرتبوو؛ لەلایەك بەبێ رەخنە هیچ پرۆژەو كارو چالاكییەك پێش ناكەوێت، رەخنە لەلای ئێمە گرنگە و نابێت هیچ كەسێكیش لەحكومەتدا لە رەخنە دڵگران بێت، بگرە ئەم رەخنانەو رەخنەكانی دیكەیش كە دەگیرێت بەهەند وەردەگیرێت و گوێبستی دەبین، بەڵام ئەوەی ئەمجارە كە هەندێك رەخنە گیرا لەسەر مەسەلەی سندوقی داهێنان و رەخنەكان كاركردن بوو بۆ لایەنێكی ترو دوور بوو لە رەخنەو كاركردن بۆ پێشنیار، ئەمجۆرە سندوقانە لەزۆربەی وڵاتان مێژوویەكی دوورو درێژی هەیەو بەكەڵەكەبوونی ئەزموون ئەم سندوقە پێش دەكەوێت، من پێم وانییە ئەزموونی سندوقی داهێنان ئەزموونێكی تەواوكارەو بێ كەموكورتی یە، هەربۆیە ئەمە دووەم ساڵە ئەم پرۆژەیە جێبەجێ دەكەین و بۆ ئەمساڵیش میكانیزمی تایبەتی خۆی دەبێت و رایدەگەیەنین و بوارەكان بڵاودەكرێتەوە و پێشنیارو بۆچوون و رەخنەكان گوێیان لێدەگیرێت و گفتوگۆو دانیشتنی لەسەر دەكرێت و پرۆژەكە پێش دەخرێت ئەو كات رادەگەیەنرێت. بۆ ئەم مەسەلەیەش بڕیارە بۆ ئەمساڵ بەمیكانیزمێكی دیكەوە پرۆژەكە ئەنجام بدەین . بیرۆكەی ئەوەمان هەیە سندوقی داهێنان بكەین بەسندوقی پاڵپشتیكردن یا كۆمەك كردنی بەرهەمی كلتووریی لەهەموو بوارەكانداو ئەو بودجەیەش دابەش دەكەین بەسەر هەموو سێكتەرەكاندا، پێش ئەوەی دەستپێبكرێت پرۆژەكە رادەگەیەنین و بۆچوون و تێبینیەكان بەهەند وەردەگیرێت و ئەو كات بڕیاری لەسەر دەدرێت.
•سەبارەت بەبواری سینەما بەبەردەوام گلەیی ئەوە هەیە كارەكان لەو ئاستەدا نین و هونەرمەندانیش رەخنەیان هەیە لەسەر كەمی پاڵپشتیكردنی دارایی بۆ كارەكانیان ؛ ئایا بواری دراماو هونەر چی پرۆژەو كارێكتان لەبەردەستدایە؟
-لەبواری دراماو هونەر سێ چوار كاری باشمان لەبەردەستدایە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئێمە گرنگی بەچۆنایەتی و باشی كارە هونەری و دراماكە بدەین، ئەوەی تا ئێستاش لەرووی هونەرییەوە كراوە من واهەست دەكەم راستە بەپێی پێویست و خواستەكانمان نییە. ئێستا لەرووی سینەماوە 4 هۆڵی سینەما دروست دەكرێت و هانی ئەوە دەدەین كەرتی تایبەتیش هۆڵ دروست بكات و بەرەدەوامیش پشتگیری كاری سنەما دەكەین لەچوارچێوەیەی ئەو بودجەیەی تەرخان كراوە زۆرجار رەخنەمان لێدەگیرێت بەوەی كۆمەك و یارمەتی سینەما ناكرێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانین ئێمە لەچوارچێوەی بودجەو توانای دارایی خۆمان دەتوانین هاوكاری درامای سینەما بكەین.
•ئەمڕۆ لەهەرێمی كوردستان ژمارەیەكی زۆری كەناڵی سەتەلایت و تیڤی و رادیۆ هەیەو لەبەخشەكانیاندا تێكەڵ و پێكەڵیەك هەیە؛ ئایا پێوەر بۆ دانانی ئەو هەموو كەناڵە و رێكخستنەوەی بەخشەكانیان هەیە تاوەكو رێك بخرێتەوەو هەروەها زیانی بۆ سەر بواری تەندروستیش نەبێت ؟
-لەبواری كەناڵەكانی راگەیاندن و بەخشی تیڤی و رادیۆكان كۆمەڵێك رێنمایی دەردەكەین، بەڵام لەچوارچێوەی ئازادی و نەبوونی سانسۆر كە بنەماو پێوەری هەر كارو بەرنامەیەكمانە لەداهاتوودا، لە ئازادی كاری راگەیاندن و بوونی ئەو هەموو كەناڵەی راگەیاندن كە لەهەرێمی كوردستان بوونیان هەیە شانازی پێوەدەكەین، بەڵام دەبێت رێنماییمان هەبێت بۆ رێكخستنی، واتا رێكبخرێتەوە نەك دانانی سانسۆر، لەم رووەوەش ئەو نەریتانەی لەهەر وڵاتێكی پێشكەوتووی دنیادا بوونی هەیە ئێمە دەیكەین بە رێنمایی و كەلێنە یاساییەكەی كە ئێستا هەیە پڕدەكەینەوە.
Top