لە قەسرۆك:بینایەی قوتابخانەكان كۆن بوون و پێویستیان بەنۆژەنكردنەوە هەیە
February 14, 2013
راپۆرتەکان
هاووڵاتیانی ناحیەی قەسرۆك داوای پڕۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر دەكەن و رەخنەیان لە خراپی ڕێگاو شەقام و كەمی ئاوو ئاوەڕۆو تاپۆنەكردنی زۆربەی خانووەكانیان هەیە، لە بەسەركردنەوەیەكی گۆڤاری گوڵاندا چەند هاووڵاتییەكمان لەم دەڤەرە دواند كە پێیان وابوو جگە لەكەموكوڕی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان هەردوو كەرتی پەروەردەو تەندروستیش پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوە هەیە؛ لەلایەن خۆشیەوە (شێردل سمۆ جوقی ) بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆك جەختی لە سەر كەموكوڕییەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان كردەوەو پلان و بەرنامەیانی بۆ ئەم ساڵ خستەڕوو.
چەندین ساڵە هاووڵاتیانی قەسرۆك لەچاوەڕوانی ئاوڕلێدانەوەی زیاتری حكومەتن بۆ ناحیەكەیان، ئاوڕلێدانەوەیەك هیچ نەبێت ئەو خانووانەی كە تاپۆیان نییە بۆیان تاپۆ بكرێن، یاخود لایەنە پەیوەندارەكان چەند پرۆژەیەكی ئاویخواردنەوەیان بۆ جێبەجێ بكەن تاوەكو جارێكی تر كێشەی كەم ئاوی لە وەرزی هاویندا رووبەروویان نەبێتەوە. هاووڵاتییان لەم شارۆچگەیە بەهاوشێوەی ناحیەو قەزاكانی تر گلەییان لەكەمی چارەسەری تەندروستی و دەرمان و پشكنینی پزیشكی و ژمارەی پزیشكە پسپۆرەكان هەیە بەتایبەت نەبوونی پزیشكی پسپۆر بە ئافرەتان، ناكرێت لەناحیەیەكدا كە ئەوەندە بەرفراوان بێت كەچی پزیشكی پسپۆرو شارەزای بواری ئافرەتانی لێ نەبێت، لەلایەكی ترەوە قوتابخانە كۆنەكانیش بوونەتە گرفتێكی دیكە، لێرە بەهاوشێوەی زۆربەی ناوچەكانی تر قوتابیان پێویستیان بەبینایەی نوێ بۆ قوتابخانەكانیان هەیە، هاوكات لەرووی شەقامەكانیشەوە هەڵمەتێكی قیرتاوكردن و چاككردنی شەقامەكانی زۆربەی كۆڵان و گەڕەكەكان سەنتەری ناحیەو هەردوو كۆمەڵگەی كەلەكچی و چڕە پێویستە. باسكردنی گرفتەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان تەنیا بۆ دەرخستنی كەموكوڕییەكان نییە، بەڵكو بۆ پتەوكردنی پردی پێوەندییەكانی نێوان هاووڵاتیان و یەكەی ئیداریی و بەرپرس و دامودەزگا خزمەتگوزارییەكانی حكومەتیشە، دامودەزگایەكی وا كە لەبنەڕەتدا بۆ خزمەتكردنی هاووڵاتیان دامەزراوە، هەربۆیە ئەم دامودەزگایانە هەروەكو چۆن موڵكی هاووڵاتیانە هەرواش دەبێت لەخزمەتی ئەواندا بن، هەر ئەمەشە وایكردووە كاتێك رەخنەو گلەییەكانی هاووڵاتیان رووبەرووی بەڕێوەبەری ناحیەكە دەكەینەوە ئەویش پشتگیری داواكارییە رەواكانی هاووڵاتیان دەكات و بەهەمانشێوە داوا لەوەزارەت و بەرپرسانی باڵای حكومەت دەكات هاوكارییان بكەن بۆ چارەسەركردنی كەموكوڕیی و پێشخستنی ئاستی خزمەتگوزاریی خەڵكی.
هاووڵاتییان: پێویستە حكومەت مشورێكی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و كەرتی پەروەردە بخوات
كاتێكیش گەیشتینە ناحیەكە كەشێكی باراناویی باڵی بەسەر ناوچەكەدا كێشابوو، هەربۆیە ئەو كۆڵان و گەڕەكانەی قیرتاونەكرابوون لەبارودۆخێكی باش دا نەبوون و دیمەنی قوڕو تێكچوونی شەقامەكانی بەروونی پێوە دیار بوو ؛ هاووڵاتی (خەلیل یوسف ) لەگەڕەكی سەرهەڵدان باسی لەبوونی ئەو كێشەیەی تێكچوونی شەقامەكان و قیرتاونەكردنی ڕێگاوبانەكان كردوو ئاماژەی بەوەش كرد كە زۆر شەقام هەیە دوای قیرتاوكردنیشی تێكچووەتەوە. قیرتاونەكردنی شەقام و كۆڵانەكان لەلایەن ژمارەیەكی تری هاووڵاتیانیشەوە تەئكیدی لەبارەوە كرا یەوە؛ هەر لەم رووەوە هەردوو هاوڵاتی (سەعدی رەمەزان و كەیفی جەرجیس ) باسیان لەم كێشەیە كردوو داوایان لەحكومەتی هەرێم كرد مشورێكی قیرتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكانیان بخۆن. هەروەها خراپی ڕێگاوبان و شەقامەكان بەیەكێك لەگەورەترین كێشەكانی دانیشتوانی كۆمەڵگای كەلەكچی دادەنرێت، لەم رووەوە هاووڵاتی نەجمەدین قاسم وتی: زۆربەی شەقام و كۆڵانی گەڕەكەكانی ئەم كۆمەڵگایە بێ قیرتاوكردن ماونەتەوەو لەوەرزی زستاندا گرفت و كێشە بۆ هاتوچۆی قوتابیەكانمان لەكاتی چوونیان بۆ قوتابخانە دروست دەبێت. لەلایەكی ترەوە دانیشتوانی قەسرۆك باسیان لەمەسەلەیەكی گرنگ كرد ئەویش تاپۆنەكردنی ژمارەیەك لەخانووەكانیان و بوونی كێشەی نیشتەجێبوون بوو بەتایبەتی لەهەردوو كۆمەڵگای كەلەكچی و چڕە، ئەوەتا هاووڵاتی (كۆچەرن رەمەزان) داوای تاپۆكردنی خانووەكەی دەكات و پێی وایە ژمارەیەك لەخانوو لەناو سەنتەری ناحیە بێ تاپۆن و زۆربەی خانووەكانی كۆمەڵگا كۆنەكانیش هەمان كێشەیان هەیە، هەربۆیە بە وتەی ئەم هاووڵاتییە گەرچی لایەنی بەرپرس لەم رووەوە هەنگاوی ناوە، بەڵام ژمارەیەك خانوو تا ئێستا بێ تاپۆن، هەربۆیە پێویستە حكومەت مشورێكی كێشەی خانووە بێ تاپۆكان بخوات، ئەم كێشەیە لەكۆمەڵگای كەلەكچی بەتەواوەتی روون و بەرچاوە، بەتایبەتی لەكاتێكدا دانیشتوانی ئەو كۆمەڵگایە ماوەیەكی زۆرە زەویی نیشتەجێبوونیان بەسەردا دابەش نەكراوەو باسیان لەوە دەكرد خانوو هەیە 3 بۆ 5 خێزانی تێدایە. ئەمە جگە لەبوونی كێشەی كەمی ڤۆڵتیەو كۆنی تۆڕەكانی كارەبا، كە هۆكاری سەرەكییە بۆ كوژانەوەی كارەبا.
سەبارەت بەپێداویستییەكانی هەردوو بواری پەروەردەو تەندروستیش كە دوولایەنی گرنگی پێداویستیەكانی سەرجەم هاووڵاتیانە، هاووڵاتی فەخری عەلی لەگەڕەكی سیدان ئەوەی بۆمان روونكردەوە داودەرمان لەبنكەی تەندروستی ناحیەكەیان كەمەو ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەش بەپێی ژمارەی دانیشتووان نییە، ئەم هاووڵاتییە ئاماژەی بەگرفتی كەرتی پەروەردەش كردوو وتی : ژمارەیەك لەو قوتابخانانەی لەناو سەنتەری شارە یا لەدەرەوەی شارە بیناكانیان كۆن بووەو پێویستییان بەنوژەنكردنەوە هەیە، هاوكات دووری قوتابخانەكانی بنەڕەتی لە زۆربەی گەڕەكەكانەوەو نەبوونی ئەو قوتابخانانە لەگەڕەكە نوێیەكان گرفتێكی ترەو پێویستی بەچارەسەركردن هەیە لە ڕێگای دروستكردنی چەند قوتابخانەیەكی بنەڕەتی ترەوە. لەدرێژەی ئەو سەردانەو بەسەركردنەوەی هاووڵاتیانی قەسرۆك چەند تێبینییەكمان لادروست بووە لەوەی پێویستە مشوری بنكە تەندروستییە بچووكەكە بخورێت و هیچ نەبێت بگۆڕدرێت بەتایپ A یا نەخۆشحانەیەكی مۆدێرن و پێشكەوتوو بۆ ئەم ناحیەیە دابنرێت، مەسەلەی بیناكۆنەكانی قوتابخانەكان بەیەكێك لەو خاڵە سەرەكییانە دادەنرێت كە پێوەندی بەژیانی قوتابیانەوە هەیە، ئەم كێشەیەش بەهاوشێوەی زۆربەی ناحیەكانی تر پێویستی بەچارەسەركردن هەیە.
بەمشێوەیە رەخنەو پرسیارەكانی هاووڵاتیانمان ئاراستەی (شێردل سمۆ جوقی ) بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆك كرد، كە بەراشكاوانە وەڵامی یەكەیەكەی پرسیارەكانی داینەوەو پەنچەی خستە سەر كەموكوڕییەكان و چۆنیەتی چارەسەركردنیان، هاوكات ژمارەیەكیش لەو پرۆژانەی راگەیاند كە ئەمساڵ بڕیارە بۆ دانیشتووانی قەسرۆك بێتە جێبەجێكردن.
سەرەتا بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆك سەبارەت بە فراوانبوونی ناحیەكەیان وتی : لەگەڵ فراوانبوونی سەنتەری قەسرۆك و كۆمەڵگاكانی كێشەی كوژانەوەی زەویمان دێتە پێش، كە ڕێگرە لەدابینكردنی زەوی بۆ پرۆژەكانی خزمەتگوزاری و قوتابخانەو ئاوو شوێنی نیشتەجێبوون، تەنانەت نەتوانراوە ئەو بڕیارە جێبەجێ بكرێت كە هەموو موڵكە داگیركراوەكانی سەردەمی بەعس بۆ خاوەنەكانی بگەڕێنرێتەوە، بۆ چارەسەری ئەم كێشەیەش داوامان لەوەزیری شارەوانی كردووە لیژنەیەكی تایبەت و باڵا دابمەزرێت، لەگەڵ ئەمەش دا ئێمە تەنیا چاوەڕوانی یەكلانەكردنەوەی ئەو كێشانەمان نەكردووە، لەساڵی رابردوو توانیمان 700 پارچە زەوی بەپێی رێنمایی بەسەر چین و توێژەكانی ناحیەكە دابەش بكەین، بەڵام ئەمانە هەمووی پێویستیان بەپرۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر دەبێت هەربۆیە بەرنامەو پلانمان لەبەردەستدایە بۆ زیادكردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان، لەلایەكی ترەوە توانیمان كێشەی بێ تاپۆیی خانووە كۆنەكانی ناحیەكەمان چارەسەر بكەین.
مەسەلەی قیرتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكان بەتایبەتی لەهەردوو كۆمەڵگەی كەلەكچی و چڕە كە پێشتر كۆمەڵێك كارو پرۆژە لەمبوارەوە ئەنجامدراوە، بەڵام بەتەئكید بەپێی تواناو بودجەی بەردەست ناتوانرێت هەموو كۆڵان و شەقامەكان قیرتاو بكرێت پێشتریش وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هاتە سنوورەكەمان و لەنزیكەوە گوێبستی داواكاری و گلەییەكانی هاووڵاتیانمان بوو، تەنانەت بەنووسراویش ئەو پێداویستی و كەموكوڕییانەی كە لەرووی شارەوانییەوە هەیە بۆ وەزارەتی ناوبراو بەرزكراوەتەوەو بۆ ئەمساڵ ژمارەیەك لەپرۆژەی شارەوانی لەسنوورەكەمان جێبەجێ دەكرێت، كە پرۆژەكانی ئاوو ئاوەڕۆو چاككردن و قیرتاوكردن لەخۆ دەگرێت بەگوژمەی18 ملیار دینار بۆ سەنتەری ناحیەی قەسرۆك و 25 ملیار دینار بۆ كەلەكچی و 8.5 ملیار دیناریش بۆ كۆمەڵگای چڕە. لەلایەكی ترەوە بەهۆی كەمبوونی ئاوی ژێرزەوییەوە رەنگە لەداهاتوودا ببێتە كێشەیەكی گەورە لەم ناوچەیە هەربۆیە داوامانكردووە پرۆژەی بەنداو لەناوچەكە دروست بكرێت هەروەها كار بۆ جێبەجێكردنی دابینكردنی ئاویخواردنەوە لەسەر بەنداوی موسڵ یا بەنداوی گەلی خنس بكرێت.
سەبارەت بەهەردوو بواری تەندروستی و پەروەردەش بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرۆك وتی : راستە ئێمە كێشەو كەموكوڕیمان لەو دوو بوارە هەیەو ئەو پرۆژەو كارانەشی كە لەم سنوورە جێبەجێكراوە جێی دەستخۆشییە، بەڵام پێداویستی ناوچەكەو خواست و داواكاری هاووڵاتیان رووی لەزیادبوون كردووەو ئێستا ئێمە پێویستیمان بەفراوانكردنی بنكە تەندروستییەكەو دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی هەیە، دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی گەورە لەنزیك چوار ڕیانی شێخان كە لەدوای هاتنی سەرۆكی حكومەت بۆ ناوچەكە و گفتوگۆكردن لەسەر ئەم كێشەیە خزمەتێكی باشی هەموو خەڵكی سنووری قەزای شێخان دەكات . بۆ چارەسەركردنی كەمی كادیری تەندروستی و پزیشكی پسپۆریش داوامان لەپەروەردە كردووە هەندێك قوتابی كچانمان لەبەشی پەرستیاری وەربگیرێن و دوای تەواوكردنی پسپۆرایەتییان لەسنوورەكە دابمەزرێن، هەروەها بڕیارە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاش بنكەیەكی تەندروستی تایپ(C) لەكۆمەڵگای كەلەكچی بێتە دامەزراندن. لەلایەكی ترەوە راستە كەموكوڕی لەبینایەی هەندێك قوتابخانە هەیەو لەرووی میلاك و مامۆستاشەوە ژمارەیان بەپێی پێویست نییە، بۆ نموونە لەكۆمەڵگای كەلەكچی ساڵانە پێویستیمان بەقوتابخانەیەكی 18 پۆلی هەیە، ئەمە جگە لەوەی لەسەنتەری شارۆچكەكە دوو قوتابخانەی كۆنمان هەیە كە داوامان كردووە سەر لەنوێ دروست بكرێنەوە، هاوكات لە سەنتەری ناحیەی قەسرۆك و هەردوو كۆمەڵگای كەلەكچی و چڕە پێویستیمان بە دروستكردنی باخچەی ساوایان هەیەو لەبەرنامەی ساڵی 2013 ئەم داواكارییەمان بەرز كردۆتەوە.
لەرووی كەرتی كشتوكاڵ و پێداویستی جوتیاران و پاڵپشتیكردنیانەوە گەرچی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو تارادەیەك توانیویانە پەینی كیمیاوی و تۆوی چاندن و هەندێك جار ئامێری كشتوكاڵی دابەش بكەن، بەڵام تائێستا لەم سنوورە هیچ كارو پرۆژەیەكی گەورەیان جێبەجێ نەكردووە، لەكاتێكدا بەبەردەوام داوای پرۆژەمان كردووە، ئێستا پێویستیمان بە بنكەیەكی فرۆشتنی سەوزەو میوەو كۆگای ساردكەرەوە هەیە، وەكو پێشتریش ئامادەم پێدا بەنداوی بچووك لەم ناوچەیەدا زۆر گرنگە بونیادبنرێت كە كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پرۆژەكانی ئاودێری و بوژانەوەی كشتوكاڵ دەبێت.
لەكۆتایی دا بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بكەم كە لەساڵی 2012 توانیمان بۆ گشت سێكتەرەكان بەبڕی 44 ملیارو 582 ملیۆن دینار پرۆژەو كاری خزمەتگوزاری ئەنجام بدەین، بۆ ئەمساڵیش بڕیارە ژمارەیەك پرۆژە بێتە جێبەجێكردن لەوانە: دروستكردنی قوتابخانەیەكی ئامادەیی بۆ گوندی كانی كولێ كە 8 گوندی دیكە سوودی لێوەردەگرن- باخچەیەكی گشتی – ژمارەیەك خانووی نیشتەجێ لەسەنتەری ناحیە- بەدرێژی 5 كیلۆمەتر جۆگەلەیەكی ئاودێری بۆ گوندەكان – سەربڕخانەیەك – هەروەها كڕینی چەند ئامێرێكی شۆڤڵ و گرێدەرو گەڵابەو تانكەر..هەروەها بەهاوكاری فەرماندەی دارستانی قەسرۆك كار بۆ فراوانكردنی رووبەری سەوزایی و دارستانەكان دەكەین .