ئارام ئەحمەد وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بۆ (گوڵان): هۆڵەنداش بەهاوشێوەی پەرلەمانی سوید هەنگاو بەرەو بەجینۆساید ناساندنی گەلی كوردستان دەنێت
January 31, 2013
راپۆرتەکان
* سەرەتا حەز دەكەین بزانین گرنگترین كارو پڕۆژەكانی كە ئێستا وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان سەرقاڵێتی چییە؟
- ئێستا ئامادەكاریی بۆ یادی 25 ساڵەی جینوسایدی گەلی كوردستان دەكەین، كە بڕیارە بە شێوەیەكی بەرفراوان و گشتگیر لە ساڵانی رابردوو بكرێتەوەو سەرجەم دەزگا حكومیەكان و رێكخراوەكان و خەڵك بەشداری تێدا دەكات، هەروەها پرسی بەنێونەتەوەیی ناساندنی جینوسایدی گەلی كوردستان كە پرسێكی درێژخایەنەو بەبەردەوامی كاری بۆ دەكەین و بۆ ئەم مەبەستە لە پەیوەندی بەردەوامداین.
* ئایا لەم ساڵدا هیچ پڕۆژەیەكی نوێ بۆ دروستكردنی خانوو بۆ خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان لەبەردەستدایە؟
- بۆ ئەمساڵ 4250 خانوو لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان بۆ وارسی سەربەرزی ئەنفال كراوان بە شێوەی پڕۆژەی خۆكرد چۆتە بواری جێبەجێ كردن و لە زۆر شوێندا تەواو كراوە، مەبەست لە خۆكرد واتا ئێمە وەكو وەزارەت 27 ملیون و 500 هەزار دیناریان بە سێ قوناغ پێ دەدەین، ئەوان خۆیان خانووەكە دورست دەكەن و ئەندازیارانی وەزارەتیش سەرپەرشتی لە دروستكردنی خانووەكانیان دەكەن.
* زۆرجار باس لەكێشەی كەمی مووچەی نێوان وارسی شەهیدانی هاووڵاتی و سەنگەر دەكرێت؛ ئایا بەچی سیستەمێك و چۆن مووچەكان رێكخراوە ؟
- ئێمە بۆ رێكخستنی موچە و بگرە سەرجەم ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان یاسایەكەمان هەیە كاری لەسەر دەكەین، بۆ ئەمساڵ بە چەند قوناغێك موچەی شەهیدان و ئەنفال كراوان زیاد كراوە، شەهیدی هاووڵاتی موچەكەیان كرابووە 250 هەزار دینار و چەند رۆژێك لەمەوبەریش جارێكی تر لەكەڵ شەهیدانی سەنگەر و جینوساید موچەكانیان كرایە 300 هەزار دینار، بۆ شەهیدانی جینوسایدش بڕی 150 هەزار دینار زیادكراوە و بڕی موچەكانیان كراوەتە 600 هەزار دینار، هەروەها شەهیدانی سەنگەریش لە 500 هەزار دینار موچەكانیان كراوەتە 650 هەزار دینار، كۆی ئەم زیاد كراوانە دەكاتە زیاتر لە 110 ملیار دینار كە لە داهاتی نەو و غاز دابین كراوە.
لەگەڵ ئەوانەشدا ئێمە ماوەیەكە سەرقاڵی هەمواركردنەوەی یاسای ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدانین تاكو لە هەموو بوارەكاندا بژێوی ژیانی كەسوكاری شەهیدان باشتر بكەین لەوانە لە رووی موچە و هاوكاری تەندروستی و بواری خوێندن و دروست كردنی شوێنی نیشتەجێبوون و چەندین خزمەتگوزاری دیكە، ئەو یاسایە تا ئاستێكی باش لە خزمەتی كەسوكاری شەهیداندا بووە، بەڵام لەگەڵ باشبوونی باری بژێوی ژیان پێویست دەكات هەموار بكرێتەوە، بۆ ئەمە ئێمە كۆنفرانسێكمان بە ئامادەبوونی كەسانی شارەزا رێكخست تاكو پڕۆژەكە دەوڵەمەند كراو رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران كراو لەوێش پەسەند كراوەو ئێستا لە ئەنجومەنی شورایە بەو هیوای لە داهاتویەكی نزیك بچێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لەسەر بكرێت و لەپاشان ببێتە یاسا.
* زۆرجار لەپرسی هێنانەوەی روفاتی ئەنفالكراوان دا هەست دەكرێت سستی و خاوێتیەك لەپرۆسەكەدا هەبێت، بۆ ئەمەش پەنچەی تاوان ئاراستەی حكومەتی عێراقی دەكرێت، بۆچی بەبەردەوامی كێشە لەبەردەم هێنانەوەی روفاتی ئەنفالكراوەكان لەلایەن بەغداوە دروست دەكرێت؟
- كۆمەڵێ پرس هەن كە وا دەكات پرسی هێنانەوەی روفاتەكان سست بڕۆن نەك گرفت دروست كردن، لە سەرووی هەموویانەوە پڕۆسەی دۆزینەوەی روفاتەكان لەبەر ئەوەی ئێمە مامەڵە لەكەڵ روفات دەكەین لە ژێر زەوی و زۆرجار هەواڵمان بۆ دێ كە شوێنێك روفاتی لێیە، بەڵام دوای گەڕانێكی زۆر لە شوێنەكە هیچ گۆڕە بەكۆمەڵێك یا روفاتێك لە شوێنەكەدا نادۆزینەوە، بۆ نموونە پێیان راگەیاندین كە لە زنجیرە چیاكانی حەمرین 70 گۆڕی بەكۆمەڵی لێیە، كەچی تەنیا یەك گۆڕمان دۆزییەوە و بە هاوكاری وەزارەتی مافی مرۆڤی عیراقی روفاتەكانمان هێنایەوە و بە سوپاسەوە وەزارەتی تەندروستی عیراقی لەم پڕۆسەیەدا زۆر هاوكارمان بوون بەتایبەتی بۆ وەرگرتنی سامپلی ئیسك. هەروەها پرسێكی دیكەی بەردەم هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان یاسای پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكانە كە لە ئەنجومەنی نوێنەران بە یاسای ژمارە(5)ی ساڵی 2006 دەرچووە كە پرسی هەڵدانەوەی ئەم گۆڕانە دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی مافی مرۆڤی عیراقی، هەرچەندە ئێمە لەپرسی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكاندا لەگەڵ وەزارەتی مافی مروڤدا هاوكار و هەماهەنگین، بەڵام زۆر جار رۆتینی كارەكان دەبێتە هۆی دواكەوتنی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان، هەروەها بۆ باشتر بەڕێوەچوونی و كارەكانی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان داوامان كردووە ئەم یاسایە (یاسایی پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان) هەموار بكرێتەوە و بەردەوامیش دەبین تاكو بە باشترین شێوە ئەم یاسایە دەخرێتە خزمەت ئەم پرسە، لەگەڵ ئەوەشدا تاكو ئێستا سەرووی 50 گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدراوەتەوە و پرسەكە درێژەی هەیە.
* ئایا پێتوانییە تا ئێستا پرسی ئەنفال بەقەد قەبارەی خۆی لە مەحافیلە نێودەوڵەتیەكاندا گرنگی پێ نەدراوە، وەزارەت لەمبارەیەوە چی هەنگاوێكی ناوە؟
- خۆی پرسی جینوساید ناساندن بەشێوەیەكی گشتی پرسێكی دوورمەودا و درێژخایەنە و نموونەشمان بۆ ئەوە، لە تێكڕای میللەتانی تردا هەیە وەكو جولەكەكان، بۆ پرسی بەنێونەتەوەیی جینوسایدی گەلی كوردستان هەنگاومان ناوە و كاری باش كراوە، وەكو هەموومان دەزانین دونیا لە ئاست ئەنفال و كیمیاباران بی دەنگ بوو تەنانەت تاكو ماوەیەك لەمەوبەر كەس لایەكی لە كورد نەدەكردەوە، كەچی دوای ئەو هەوڵانەی كە بەم دواییە نراون لە سەر ئاستی دونیادا كە ئیستا كورد لەسەر ئاستی پەرلەمانەكانی دونیا باسی ئەم پرسەی دەكرێت و باشترین نموونەش ئەوەی پەرلەمانی سویدە كە هەڵوێستی خۆی دەربارەی جینوسایدی كوردستان دەربڕی، هەروەها لە پەرلەمانی نەرویجی هەوڵێكی هاوشێوە هەیە دوای بەستنی كۆنفرانسێك كە لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە سازمان كرد، بۆ ناساندنی تاوانەكان هەروەك لە كۆتایی ساڵی رابردوو هەر لە پەرلەمانی نەرویج بانگێشتی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كرا و بە ئامادەبوونی وەزیری شەهیدانی هەرێمی بۆ ناو پەرلەمان تاكو هەڵویستی حكومەتی وڵاتەكەی دەربارەی ئەم پرسە بخاتەڕوو ئەوەش هەنگاوێكی باشە، لە پەرلەمانی هۆڵەندی لەگەڵ كۆمیتەی دەرەوەی پەرلەمان قسەمان كردووە و بە نیازن هەنگاوێكی هاوشێوەی سوید بنێین، هەر لە هۆڵەندا بڕیار دراوە مونومێنتی هەڵەبجە لەو وڵاتە دابندرێت، ئەوانەش هەموو هەنگاوی باشن بۆ ناساندی جینۆسایدی گەلی كوردستان، بەڵام رێگەمان زۆر ماوە و هەوڵی جددی و بەردەوام و باشی دەوێت.
* پەیوەندییەكانتان لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و پەرلەمانی وڵاتانی دۆست و پێشكەوتوو لە چ ئاستێكدایە بۆ ناساندنی ئەو قەتلوعامەی بەسەر گەلی كوردستان هاتووە؟
- وەكو ئاماژەم پێدا پرسی ناساندنی جینوسایدی كورد ئاستێكی باش بەخۆیەوە دەبینێ، بۆ پەیوەندیشمان لەگەڵ رێكخراوەكان، ئێمە بە بەردەوامی لەگەڵ رێكخراوی ICMP كار دەكەین كە رێكخراوێكی نێودەوڵەتییە، بۆ دادگای باڵای تاوانەكانیش كە دادگایەكی نێودەوڵەتییە ئێمە پەیوەندیمان لەگەڵیان كردووە و سەردانیشمان كردوون و لەگەڵ سەرۆك و لێكوڵینەرەوانی ئەم دادگایە كۆبوونەوەمان ئەنجام داوە و لەم نزیكانەش لە بەرنامەدایە لە شاری هەولێر كۆنفرانسێك سەبارەت بەم دادگایە ببەسترێت، مەبەستیشمان گفتوگۆكردنە لەسەر چۆنیەتی گەیاندی تاوانەكانی سەر گەلی كوردستان بە دادگای باڵای تاوانەكان، هەروەك لەگەڵ رێكخراوەكانی تری تایبەتمەند جا لە ناوەوەی هەرێم بێت یان لە دەرەوە و پەیوەندییەكانمان درێژەی هەیە و هەردەم لە پەیوەندی داین.
* ئەنجومەنی وەزیران پڕۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2013 رەوانەی پەرلەمان كردووە، ئێستا دانیشتن و گفتوگۆكردنی بودجەكە دەستی پێكردووە، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە بودجەی ئەمساڵدا چ پڕۆژەو بەرنامەیەكی لەبەردەستدایە ؟
- پرۆژەكانمان زۆرن، لێرەدا دەكرێ ئاماژەی بە بەشێك لەو تەرخانكراوە بكەین كە بۆ خزمەتكردنی كەسوكاری شەهیدانە، ئەویش بۆ نموونە بۆ خوێندنی رۆڵەی سەربەرزی شەهیدان ساڵی 2012 بڕی 5.904.484.300 كە ژمارەیان 802 فیرخوازن لە زانكۆ ئەهلیەكان دەخوێنن و 100% خەرجی خوێندنیان بۆ دەدرێت.
* ئایا لەبودجەی 2013 ئەولەویات بەچی كارو پڕۆژەیەك دراوە؟
- ئەولەویەتی كارەكانمان بریتییە لە باشتركردنی گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان لە هەموو بوارەكاندا، بە تایبەتی دابینكردنی زەوی بۆ ئەو وارسانەی كە تا ئێستا سودمەند نەبوون. هەروەك لە پرسیارێكی پیشووترش ئاماژەم پێكرد دوای ئەوەی خانوو بۆ وارسی ئەنفال كراوان تەواو دەكەین و هەوڵ دەدەین بۆ كەسوكاری شەهیدانی سەنگەریش بتوانین خانوو دروست بكەین، لەپاڵ ئەوانەش هەمواركردنی یاساكە ماف و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان هەلی باشترمان بۆ دەرەخسێنێ تاكو زیاتر خزمەتی كەسوكاری شەهیدان بكەن.
* ئایا هەوڵەكانی بەدەستهێنانی داهات بەشێوەی وەبەرهێنان بەهاوشێوەی دەزگای شەهیدی كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، پێت باش نییە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان خاوەنی داهاتی خۆی بێت؟
- لە هەموو دونیا و زۆربەی دەزگاكانی لە شێوەی وەزارەتی شەهیداندا داهاتەكانیان لە رێگای ئەنجامدانی پڕۆژەی وەبەرهێنانەوەیە، بۆ نموونە بنیادی شەهید هەروەك ئێوە باسی دەكەن كۆمەڵێ پڕۆژەی وەبەرهێنانیان هەیە و داهاتی سەدان هەزار كەس لە كەسوكاری شەهیدانیان دابین دەكات، ئێمە سەردانی ئەم دەزگایەمان كردووە و دەمانەوێ سوود لە ئەزموونی ئەو دەزگایە وەربگرین و لە داهاتوودا دەبێ ئێمەش كار بۆ ئەوە بكەین كە داهاتی خۆمان هەبێت وەكو وەزارەتی شەهیدان بۆ دابینكردنی موچە و هاوكاری و پشتیوانی كردنی كەسوكاری شەهیدان بۆ ئەمەش ئێستا ئێمە بەرێوەبەرایەتیەكی گشتیمان هەیە بەو هیوایەین بتوانین كار بۆ ئەم پرسە بكەین.
* تا چ ئاستێك یارمەتی خانەوادەی شەهیدانی گەلی كوردستان لەناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێم دەدرێت؟
- شەهیدانی كوردستان لە هەر شوێنێكی ئەم كوردستانە بن ئێمە بە ئەركی خۆمانی دەزانین خزمەتیان بكەین و ماف و ئیمتیازاتیان بۆ دابین بكەین، لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمیش هاوشێوەی هەموو شوێن و ناوچەو شارو شارۆچكەو گوندەكانی كوردستان لە رێگای بەرێوەبەرایەتیەكانمان خزمەتیان پێشكەش دەكەین.
* ئایا مەسەلەی زیندانییانی سیاسی لەجێبەجێكردنی ماددە پەیوەندارەكان بەهاوشێوەی بەغدا چی كراوە؟ بڕیار بوو وەكو مینحە زەوییان پێ بدەن؟
- زیندانیانی سیاسی هەرچەندە بەرێوەبەرایەتیەكە سەر بە وەزارەتی شەهیدانن، بەڵام حكومەتی هەرێم بۆ پشت راست كرنەوەی دوسێی زیندانی سیاسی لیژنەیەكی پێكهێناوە و بەڕێوەبەری زیندانییە سیاسیەكان ئەندامە لەم لیژنەیە، تاكو ئێستا ژمارەیەكی زۆری دۆسی زیندانیانی سیاسی پشت راست كراوەتەوە و كار كردن لە دۆسێكانی تر بەردەوامە، ئەو زیندانیە سیاسیانەی كە دۆسێكانیان پشت راست كراوەتەوە جگە لە منحەیەك كە پێیان دەدرێ سوودمەند دەبن لە هەلی خۆیندن و هاوكاری و لەداهاتووشدا كار بۆ دابینكردنی ئیمتیازاتی تر دەكەین.
* ئایا بۆ خانەوادەی شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی لەرووی تەندروستیەوە چییان بۆ كراوە؟ بۆچی نەخۆشخانەیەكی تایبەت بۆ ئەم مەسەلەیە نەكراوەتەوە؟
- بۆ پرسی تەندروستی ئێمە كە باسی تەندروستی دەكەین دوو لایەن لەخۆ دەگرێت، بەركەوتووانی چەكی كیمیاوی و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان لە دایك و باوك و كەسە یەكەمەكانی شەهیدان، سەبارەت بە بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی تاكو ئێستا چەندین وەجبەمان لەبەركەوتووانی چەكی كیمیاوی رەوانەی ئێران كردووە، بۆ چارەسەر كە تا ئێستا زیاتر لە 1113 كەس چارەسەریان بۆ كراوە و بڕی 830 ملیۆن دینار خەرجی چارەسەریان بووە و بەردەوامیشین لە ناردنی بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی لە هەمانكاتدا بۆ رایكردنی كاری چارەسەر كردن و باشتركردنی بژێوی ژیان خۆشبەختانە لەسەر پێشنیاری وەزارەتی شەهیدان حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی كابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێم بڕیاری دا بە دابینكردنی موچەیەكی چوارسەد هەزار دیناری بۆ بەركەوتوانی چەكی كیمیاوی سەرباری ئەوانە 204 كەس لە بەركەوتووی چەكی كیمیاوی بە بڕی 152.200.000 دینار هاوكاری كراون لە سندوقی هاوكاری، بۆ چارەسەركردنی كەسوكاری شەهیدانیش ئێمە مانگانە 75 ملیۆن دینارمان بۆ چارەسەركردنی كەسە نزیكەكانی شەهیدان لەبەردەستە و دابەشی سەر هەر سێ پارێزگاكە و ئیدارەی گەرمیانی دەكەین، بۆ ساڵی 2012، (4452) كەس چارەسەریان بۆ كراوە لە نەخۆشخانە ئەهلیەكان و بڕی3.353.915 خەرجی بووە، وەزارەتی شەهیدان جگە لە بواری تەندروستی مانگانە بڕێك بودجەی بۆ بەخێوكاری پەكەوتووی كەسوكاری شەهیدان دابین دەكات دوای ئەوەی لەلایەن لیژنەی تایبەتەوە دەسەلمێت كە پێویستی بەو بەخێوكارەیە.
- لەكۆتایی دا وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان وتی : هەندێ بابەت هەبوون حەزم كرد لە رێگای ئەو گۆڤارەوە بیخەمەڕوو لەوانە ئێمە تاكو ئێستا 17.782 كەس لە كوڕ و كچی شەهیدان هاوكاری هاوسەرگیریان كراوە و بە بڕی 48.651.000.000 دینارە، بۆ دایك و باوكی شەهیدان ئەوانەی پەكەوتوون و توانای جەستەییان نییە كە ژمارەكەیان 16.759 كەسن و 1.256.925.000 دیناری بۆ تەرخان كراوە.
داوا لە هەموو كەسایەتی و لایەنی سیاسی و چالاكوان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكەم كە هاوكارمان بن لە یادكردنەوەی ئەمساڵی كیمیاباران و جینوساید كە بڕیارە بە شێوەیەكی بەرفراوان بكرێتەوە، كە چەندین چالاكی لە ناوەوە و دەرەوەی هەرێم بەخۆیەوە دەگرێت.