دێرەلوك..هاووڵاتیان داوای ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانیان دەكەن

دێرەلوك..هاووڵاتیان داوای ئاوەدانكردنەوەی گوندەكانیان دەكەن
هاووڵاتیانی دێرەلوك پێیان وایە ناحیەكەیان لەڕووی پرۆژەكانی شارەوانی و پەروەردەو تەندروستیەوە پێویستیان بەئاوڕلێدانەوە هەیە، بەڕێوەبەری ناحیەش وێڕای ئەوەی بەراشكاوانە ئاماژەی بەكەموكوڕی و ئەو پێداویستیانە كرد كە دێرەلوك و كۆمەڵگای شێلادزێ پێویستێتی؛ هاوكات باسی لەژمارەیەك پرۆژە كرد كە لەدوای تەواوبوونیان رۆڵی بەرچاویان دەبێت لەكەمكردنەوەی ئەو كەموكوڕییانە.
ناحیەی دێرەلوك كە 52 هەزار كەس تێیدا نیشتەجێیە هەردوو كۆمەڵگای شیڵادزێ و سیرێ لەخۆدەگرێت، شەقام و كۆڵانەكانی پێویستی بەقیرتاوكردن و هەڵمەتێكی چاككردن و رێكخستن هەیە، تەنانەت شەقامی سەرەكی دێرەلوك كە ماوەیەكە بەمەبەستی بەجووت سایدكردنی تێكدراوە جێبەجێكردنی پرۆژەكەش دواكەوتووە، هاووڵاتی مەسعود محەمەد لە لێدوانێكیدا بۆ گۆڤارەكەمان سەبارەت بەم پرۆژەیە وتی: ماوەیەكی زۆرە ئەم پرۆژەیە كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوەو بووەتە هۆی تێكچوونی سیمای جوانی ناحیەكەمان و گرفتی هاتوچۆشی بۆ رێبواران دروست كردووە، ئەم هاووڵاتییە داوای لەلایەنە پێوەندارەكان كرد هەڵمەتێكی قیرتاوكردن و چاككردنی شەقامەكان لەدێرەلوك ئەنجام بدەن. لەلایەكی ترەوە گرفتی نەبوونی نەخۆشخانەو خراپی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەكان لەریزبەندی یەكەمی ئەو داواكارییانە دادەنرێت كە هاووڵاتیانی دێرەلوك داوای دەكەن، هاووڵاتی حاجی مووسا لەناو سەنتەری ناحیەكە باسی لەبچووكی بنكەی تەندروستی ناحیەكەیانی كردوو پێی وابوو(بە بێ دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی مومكین نییە ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە تەندروستیەكان باش بكرێت، چونكە بە وتەی ئەو هاووڵاتییە خەڵكی لەدێرەلوك بۆ زۆربەی چارەسەرو پشكنینەكان روو لەنەخۆشخانەكانی سەنتەری قەزای ئامێدی و دهۆك دەكەن). سەبارەت بەكێشەی كەرتی پەروەردەش هاووڵاتی رۆژهات مەجید لە گەڕەكی ئازادی ئاماژەی بەوەدا بینایەی قوتابخانەكان شێوازی كۆن و بەر تەسكن، ئەمە جگە لەوەی بەپێی پێویست گرنگی بە بواری وەرزش و سەنتەری لاوان نەدراوە، هاوكات تا ئێستا باخچەیەكی ساوایان لەدێرەلوكدا نییە. دێرەلوك وەكو زۆربەی قەزاو ناحیەكانی تری كوردستان هێشتا كێشەی تاپۆكردنی خانووەكانیان هەیە، هاووڵاتی ئەحمەد حوسێن لەگەڕەكی سەردەشت لەڕێگای گۆڤارەكەمانەوە داوای لەلایەنە پێوەندارەكان كرد چی تر ئەم كێشەیە پشتگوێ نەخرێت و بەزووترین كات خانووەكانیان بۆ تاپۆ بكرێت، هەروەها باسی لە خراپی كارەباو نزمی ڤۆڵتیەی كارەباكەیانی كرد. لەدرێژەی بەسەركردنەوەكەمان بۆ دەڤەری دێرەلوك سەردانی كۆمەڵگای شێلادزێمان كرد كە ناوچەیەكی باراناوییەو دانیشتوانەكەی بەبەردەوام لە زستاندا رووبەڕووی لافاو دەبنەوە، لەم كۆمەڵگایەش داواكاری زۆر هەبوو. بۆ نموونە هێرش مامەند سەبارەت بەپرۆژەكانی شارەوانی و گرفتی قوتابخانەكانیان گلەیی لەحكومەت هەبوو كە بیناكان بچوك و كۆنن. سەبارەت بەخراپی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەش هاووڵاتییەكی دیكە لە شێڵادزی داوای گۆڕینی تۆڕی ئاوی خواردنەوەی كۆمەڵگاكەیان كرد. محەمەد كەریمیش باسی لە خراپی بارودۆخی ژیانی كەمپی ئاوارەكانی دێرەلوكی كرد، كە تا ئێستا ژمارەیەك لەو ئاوارانە لەژێر خێوەتگان و لەزۆربەی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بێ بەشن.
ئەوەی لەم راپۆرتەدا لەدەڤەری دێرەلوك زۆر جێگای سەرنجمان بوو ئاوەدان نەكردنەوەی زۆربەی ئەو گوندانەی سەر سنوور بوو كە لە 140گوند تەنیا 19 گوندی ئاوەدانكراونەتەوە، ئەمەش بۆ كێشەی ئەمنی سەرسنوور لەگەڵ توركیاو بوونی كێڵگەیەكی زۆری مین دەگەڕێتەوە، ئێستا هاووڵاتیان داوا لەحكومەتی هەرێم دەكەن بارودۆخەكە لەو ناوچانە ئارام بكرێتەوە تاوەكو بتوانن سوود لەزەوی و گوندەكانیان وەربگرن. بەهمەن ئەحمەد بەڕیوەبەری ناحیەی دێرەلوكیش ئەمەی پشت ڕاست كردەوە و پێی راگەیاندین كە بەهۆی بوونی ئەو كێشەیەو زۆری كیڵگەكانی مینەوە نەتوانراوە پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بگەیەنینە ئەو گوندانە، هەربۆیە زۆربەی ئەو گوندانە ئاوەدان نەكراونەتەوە.



هەروەها بەجووت سایدكردنی شەقامی سەرەكی دێرەلۆك پرۆژەیەكی گرنگە بۆ رێكخستن و چاككردنی دیزاینی ناحیەكەمان، دواكەوتنی جێبەجێكردنی پرۆژەكەش بۆ هاتنی وەرزی زستان و ئەو زێدەڕۆییانە دەگەڕێتەوە كە پێشتر كاتێك ناحیەكەمان كۆمەڵگا بووەو تێیدا رەچاوی دیزاینی شارەوانی نەكراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا توانرا زۆربەی دوكانەكان هەڵبگیرین و خاوەنەكانیشیان ناونووسكراون بەپێی یاسا و رێنمایی قەرەبوو دەكرێنەوە. هەر بەهۆی رەچاونەكردنی دیزاینی شارەوانییەوە نەتوانراوە پرۆسەی تاپۆكردنی زۆر لەو خانووانەی بێ تاپۆن جێبەجێ بكرێت، چونكە زۆربەی خانووەكان سەنەدی تاپۆیان نییە، تا ئێستاش لیژنەی كوژاندنەوەی زەویش نەگەیشتۆتە سنوورەكەی ئێمە، لەبەر ئەو كێشانە ئاستەنگمان زۆرە لە جێبەجێكردنی پڕۆژەدا بەتایبەتی لە دروستكردنی ڕێگاوبان و كۆڵان و شەقامی سنووری شارەوانییەكاندا، بەڵام ئێمە بەپێی پلانێكی خۆمان وەكو یەكەی كارگێڕی ناحیەكە و قایمقامیەت و پارێزگاری دهۆك توانیومانە كێشەی زێدەڕۆییەكان چارەسەر بكەین. ئەمەش هاوكاتە لەگەڵ ئەنجامدانی چەند پرۆژەیەكی گرنگ كە لەبواری چاككردن و قیرتاوكردن و دروستكردنی شۆستەی كۆڵانەكانی هەندێك لەگەڕەكەكانی سەنتەری ناحیەو كۆمەڵگای شێلادزێ رەزامەندی لەسەر دراوەو بەمنزیكانە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە. لەرووی ئاوی خواردنەوەشەوە كەكێشەمان هەیە و بەتانكەر ئاو بۆ زۆربەی شوێنەكان دابەش دەكەین، فەرمانگەی ئاوی ئامێدی بەرنامەیەكی تێروتەسەلی بۆ نۆژەنكردنەوە و چاككردنی تۆڕی ئاوی سەنتەری ناحیەو هەر دوو كۆمەڵگا داڕێشتووە، هەروەها بەتەواوبوونی پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی دێرەلوك كێشەی ئاوی خواردنەوەی ناحیەكەمان نامێنێت، ئێستا كێشەی ئاوی خواردنەوەمان لە هەردوو كەمپی ئاوارەكانی كۆمەڵگای شێڵادزی هەیە، حكومەت و لایەنی پێوەندار كار بۆ ئەوە دەكەن هەر خێزانێك لەو كەمپە تازەیەدا وەكو كەمپەكەی دیكە پارچەك زەوی و بڕە پارەیەكیان پێ بدات. لەرووی كۆكردنەوەو چارەسەركردنی زبلۆخاشاكیشەوە كێشەو كەموكوڕی زۆرمان هەیە لەبەر ئەوەی ئامێرەكانی پاككردنەوە و هەڵگرتنەوە زبڵوخاشاك و كرێكارمان زۆر كەمە.
لەلایەكی ترەوە مەسەلەی ئاوەدان نەكردنەوەی زۆربەی گوندە سنوورییەكانمان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئەو گوندانە بارودۆخی ئەمنیان تەواو نییە، گەرچی چەندین جار خەڵكەكەی ئەو گوندانە داوایان كردووە كە گوندەكانیان ئاوەدان بكەنەوە، بەڵام نەتوانراوە داخوازییە رەواكانی خەڵكەكە جێبەجێ بكەین، هاوكات دەبێت كارو پڕۆژە خزمەتگوزاریی بۆ گوندەكان ئەنجام بدرێت، بەڵام بەهۆی مەترسی بۆردوومان و كێڵگەی مینەوە نەتوانراوە ئەم كارە بكەین. زۆربەی ناوچەو سنوورەكە مینی تێدا هەیە و ژمارەكەش زۆرە نەتوانراوە دەست نیشان بكرێت بە تایبەتی لە سنووری گوندە سنوورییەكان، ئەمەش هۆكارێكی سەرەكی ئاوەدان نەكردنەوەی ئەو هەموو ژمارە گوندەی سنوورەكەمانە. دانەبەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوە ئاستەنگێكی ترە بۆ بەشداری نەكردنی خێراو راستەوخۆ لەئاوەدانكردنەوەو چارەسەركردنی گرفتەكان بەرادەیەك ئێمە لەتواناماندا نییە راستەوخۆ ئامێرێك بۆ شارەوانییەكانمان بكڕین كە بۆ بەڕێوەچوونی كارەكان پێویستە، هەربۆیە جێبەجێكردنی بڕیاری دابەزاندنی دەسەڵاتەكان پێویستە ئاوڕی لێبدرێتەوە.
سەبارەت بە هەردوو كەرتی پەروەردەو تەندروستی دەمەوێت ئاماژە بەوەبكەم زۆربەی ئەو قوتابخانانەی لەم سنوورەدا هەیە بیناكانیان بچوكن و شەش پۆلین، هەربۆیە كێشەی كۆنی بینایەی قوتابخانەكانمان هەیە، هەر چەندە لەماوەی چەند ساڵی رابردوو لە ناو سەنتەری ناحیەو هەر دوو كۆمەڵگادا چەند قوتابخانەیەك لەسەر شێوازی تازە دروستكراون، بەڵام ئەو قوتابخانانەش بەپێی ژمارەو پێویستی سنوورەكە نییە، لەلایەكی دیكەوە كێشەی میلاكاتی مامۆستاشمان هەیە. لەرووی كەرتی تەندروستیشەوە خواست و داواكاریمان ئەوەیە نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی هاوچەرخمان بۆ دروست بكەن، هەروەها سنوورەكەمان پێویستی بە پزیشكی ئافرەتان و لەدایكبوون و پسپۆڕ هەیە.
هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان بەنیازە پرۆژەیەكی ستراتیژی گەورە لەسنوورەكەمان ئەنجام بدات ئەویش بنیادنانی بەنداوی (دێرەلۆك- رەشاوە)یە كە جگە لەوەی رۆڵی لەبوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ هەیە هاوكات بۆ سوود وەرگرتن بۆ بەرهەمهێنانی وزەی كارەباش گرنگە، هەربۆیە پێویستە وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێری لە ئێستاوە بەرنامەی بۆ ئەم ناوچەیە هەبێت و هەوڵی دانانی ئەو كارگە قوتووبەندەش بدات كە ماوەیەكە داوامانكردووە لەسنوورەكەدا دابمەزرێت.
Top