عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك بۆ ( گوڵان ): ئامانجی یەكەمی گرووپە تیرۆریستیەكان نانەوەی ئاشوب و ئاژاوەیە لەناو پێكهاتەكانی كەركوكدا

عەمید سەرحەد قادر بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك بۆ ( گوڵان ): ئامانجی یەكەمی گرووپە تیرۆریستیەكان نانەوەی ئاشوب و ئاژاوەیە لەناو پێكهاتەكانی كەركوكدا
هەڵكشانی كاری تیرۆریستی و تەقینەوەكان لەشاری كەركوك
پارساڵ تیرۆریستان 103 هاووڵاتی و 71 پۆلیسیان لەكەركوك شەهید كردووە
ساڵی رابردوو بەساڵێكی خوێناوی و پڕ رووداوو كاری تیرۆریستی لەشاری كەركوك دادەنرێت، بەپێی ئەو ئامارو سەرچاوەیەی بەدەستمان گەیشتووە تەنیا لەماوەی ساڵێكدا( 103 هاووڵاتی شەهید بووە و 563 ی دیكەش بریندار بووە)، ئەمە جگە لەتەقینەوەی (59 ئۆتۆمبێل و 321 بۆمبی چێنراوو 216 گوللە هاوەن )، هەروەها رفاندنی 40 هاووڵاتی و دۆزینەوەی 35تەرمی نەناسراو، لەلایەكی دیكەوە 71 پۆلیس شەهیدبووەو 304ی دیكە برینداربووە، هەروەها نزیكەی 14 ئاسایش شەهید بوون و 49ی دیكەش برینداربوون، ئەمە جگە لەكوشتن و برینداربوونی چەندین كەسی دیكە لەناو ریزەكانی سوپاو سەحوەدا، بەمشێوەیە ئامارەكان ئەوە دەردەخەن كە ساڵی رابردوو كاری تیرۆریستی زیادی كردووەو هاووڵاتیان و پۆلیس و ئاسایش بەپلەی یەكەم كراونەتە ئامانجی پتر لە 8 گروپی تیرۆریستی، سەڕەرای ئەمەش 14 تیرۆریست كوژراون و 459 گومانلێكراو دەستگیركراون و 504 گوللەهاوەن و كاتیۆشا دەستی بەسەردا گیراوەو 185 بۆمبی چێنراویش پووچەڵكراونەتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر هەڵكشانی كاری تاقم و گرووپە تیرۆریستەكان و كوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل و پۆلیس و تێكچوونی بارودۆخی ئەم دواییەی شاری كەركوك چەند پرسیارێكمان ئاراستەی عەمید سەرحەد بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك كردوو لەدووتوێی ئەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە.

سەبارەت بەبارودۆخی ئاسایش و ئارامی لەكەركوك و دەوروبەری عەمید سەرحەد قادر گوتی: بەو پێیەی كەركوك هەموو نەتەوەو ئایینێكی تێدایەو بەشارێكی كوردستانی و پێكەوەژیان دادەنرێت و بارەگای سەرجەم پارتە سیاسییەكانی كوردستانی و عێراقی لەخۆدەگرێت، هەربۆیە بەبەردەوام ئەم شارە كراوەتە ئامانجی گرووپە تیرۆریستیەكان، بەرادەیەك دەتوانم بڵێم لەكەركوك لەشەڕێكی رووبەڕووبوونەوەداین بەرامبەر بەم تاقم و گرووپە تیرۆریستییانە، ئەم تاقم و گرووپانە زۆرجار سوودیان لە بوونی ئەو هەموو نەتەوەو ئایین و تائیفەیەش وەرگرتووە، لەو ڕێگەیەوە توانیویانە بەئاسانی بە ناسنامەی ساختەوە داخڵی ناو پارێزگاكەو شارەكە بن و، كاری تیرۆریستی و تەقینەوە ئەنجام بدەن، هەربۆیە ناتوانین بڵێین لەسەدا سەد بارودۆخی كەركوك كۆنترۆڵ كراوە، تا ئێستا كاری تیرۆریستی ئەنجام دەدرێت و گرووپە تیرۆریستیەكان بەبەردەوام لەهەوڵی بەهێزكردن و فراوانكردنی كارە تیرۆریستیەكانیاندان. وەكو لایەنی پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكان توانیومانە گورزی توند ئاراستەی ئەو گرووپە تیرۆریستی و تاوانبارانە بكەین و دەیان تیرۆریست رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە. تا ئەمڕۆش گرووپ و تاقمەكانی (قاعیدەو دەوڵەتی ئیسلامی و ئەنسار سوننەو ئەنسارولئیسلام و جەیشی موجاهیدین و كەتائیب ثورة عشرین و بەعسییەكان و جەیشی رەشید) بەقەوارەو توانای جیاواز لەناو شاری كەركوك و دەرەوەی بوونیان هەیەو كاری تەقینەوەو كوشتن و رفاندن ئەنجام دەدەن.
لەوەڵامی پرسیارێكی گوڵاندا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی دیجلەو هاتنی هێزەكانی سوپای عیراق لەبەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك كرا ؛ ناوبراو پێی وابوو، پێشتر هێزەكانی پۆلیس لەگەڵ فیرقەی 12ی سوپای عێراق هەماهەنگیمان هەبووە، بەڵام هاتنی ئۆپەراسیۆنی دیجلە بووە هۆی كەوتنەوەی سستی و لاوازییەك لەگەڵ سوپا، ئەوان پێیان راگەیاندووین كە هەموو كاروچالاكییەكان پێویستە لە ڕێگای ئەوانەوە بێت، ئەمەش كارێكی مەحاڵە چونكە بڵاوكردنەوەیان و پێدانی زانیاری دەبێتە هۆی دزە پێكردنی زانیارییەكان و بڵاوبوونەوەیان و شكستهێنان بەپرۆسەو كاروچالاكیەكانمان، كە لەماوەی ساڵی رابردوودا لەپێناو پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان و پووچەڵكردنەوەی بۆمب و ئۆتۆمبێلی مینڕێژكراو چەندین شەهید و بریندارمان لەناو ریزەكانی پۆلیس داوەو بەدەیان بەسەردادانمان ئەنجام داوەو چەندین گومانلێكراویشمان دەستگیركردووە. ئێستا كارە تیرۆریستیەكان زیادیانكردووەو هەوڵەكانیش بۆ هەڵگیرسانی فیتنەو دووبەرەكی و كوشتن و تۆقاندنی هاووڵاتیان بەردەوامە، تەنانەت تیرۆریستمان گرتووە كە لەدەرەوەی وڵات خولی مەشق و راهێنانی بۆ كراوەتەوە، ئەم حاڵەتەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق كەسانێكی زۆر چوونەتە دەرەوەی وڵات و لەوێ فریودراون و هەڵخەڵەتێنراون، لەلایەكی دیكەوە ئەو توانا داراییەی لەبەردەست ئەم گرووپانەدایە تەنیا بۆ پاڵپشتی و لایەنی دەرەكی دەگەڕێتەوە. ئەوەی جێی تێبینیشە زیاتر گەڕەكە كوردییەكان كراونەتە ئامانجی ئەم تاقم و گرووپە تیرۆریستانە و زۆرجاریش تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلە مینڕێژكراوەكان لەگەڕەكە توركمان و عەرەبەكان بۆ نانەوەی ئاژاوە و تۆمەتباركردنی كورد بووە. هەربۆیە ئامانجی یەكەمی گرووپە تیرۆریستیەكان لەكەركوك نانەوەی فیتنەو ئاژاوەیە لەناو پێكهاتەكانی شارەكەدا.
سەبارەت بەكۆچكردنی كوردەكان لەحەویجەو ریازو دەوروبەری شاری كەركوك بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك ئاماژەی بەوەكرد كە ژمارەیەكی زۆری كورد لەحەویجەو ریازو ناوچەكانی دەوروبەری دووچاری هەڕەشەو ئاوارەیی بوونەوەو بگرە هەندێك لەو خێزانە كوردانە خەڵكیان لێ رفێنرا و بۆمبی چێنراو لەبەردەم ماڵەكانیاندا دانراوەو تەقێنرایەوە و خەڵكیان لێ شەهیدو بریندار كرا و دەرئەنجام هەمووی كۆچیان كرد، ئێستا لەسنووری قەزای حەویجە چەند ماڵێكی كورد ماونەتەوەو بەسەدان ماڵی كورد هەڕەشەیان لێكراو لەسەر زێدی باوك و باپیرانیان كۆچیان كرد، ئەمە لەكاتێكدا پیاوە ریش سپییەكانی هەردوو هۆزی جبورو عوبێد ئەم تاوانەیان پێناخۆش بوو بەڵام نەیانتوانی كۆنترۆڵی بارودۆخەكە بكەن و لەكۆتاییدا كوردەكان هەر كۆچیان كرد. خەڵكی كەركوك بەگشتی حەزیان لە پێكەوە ژیانەو پەیوەندیی كۆمەڵایەتی پتەو پێكەوەیان دەبەستێتەوەو ئومێدیان وایە وەكو پارێزگاكانی كوردستان بەئارامی بژین و پرۆژەو كاری خزمەتگوزارییان بۆ بكرێت، تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێكی مین رێژكراو لەحەویجە بێت یا لە قەرەهەنجیر بۆ خەڵكی كەركوك جێگای ئازارو ناخۆشییە.
ئێمە بەهەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان بەبەردەوام رووبەڕووی ئەو گرووپانە دەبینەوەو ئەوەی لەتوانای پۆلیسدا بێت بۆ پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیان كردوومانەو شەهیدی زۆرمان داوە، بەو پێیەی جەنابی پارێزگا لێپرسراوی لیژنەی ئەمنی پارێزگاكەیە و لەنزیكەوەو بەبەردەوامی سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی لیژنەكە دەكات و بەڵێنی كردنەوەی خولی زیاتری داوە بەتایبەت لەبواری تەقینەوەو پوچەڵكردنەوەی بۆمبی چێنراو و دابینكردنی پێداویستی و ئامێری پێشكەوتوو. ئەمەو لەوەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بەخانەنشینكردنی بەتایبەت دوای برینداربوونی ئەم دواییەی عەمید سەرحەد روونی كردەوە كە لە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتیانی شاری كەركوك بەپێی ئەو پەڕی توانام خزمەتێكی زۆرم پێشكەش كرد ؛ ئێستا كاتی ئەوە هاتووە خانەنشین بم.
لەكۆتاییدا بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزاو ناحیەكان سەبارەت بەهاتنی ئەمجارەی سەرۆكی هەرێم بۆ پارێزگای كەركوك گوتی: هاتنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ پارێزگای كەركوك و بەسەركردنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە كە پێشتریش لیوای پێشمەرگە لەسنووری لەیلان و ئاڵتون كۆپری و قەرەهەنجیرو شوان هەبوو؛ لەلایەن خەڵكی كەركوكەوە جێی ئومێدو دڵخۆشی بوو، چونكە بەڕێز سەرۆكی هەرێم لەدوا سەردانیدا بۆ پارێزگای كەركوك پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێكەوەژیانی بۆ دانیشتوانی پارێزگاكە دووپات كردەوە.
روونكردنەوەیەك لە قائیمقامیەتی كۆیەوە
لەژمارە (909)ی گۆڤاری گوڵان، راپۆرتێكمان سەبارەت بەكارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی كۆیە بڵاوكردۆتەوە، كە تێیدا ناوی شاری كۆیەی خۆشەویست بە شارۆچكە هاتووە، ئێمە وەك ستافی گوڵان وێڕای ئەوەی داوای لێبووردن لە خەڵكی شارەكەی حاجی قادر دەكەین. كۆیە شارە نازدارەكەی كوردستانە. ئەم روونكردنەوەیەی قائیقامیەتی كۆیە بۆیان ناردوین بڵاوی دەكەینەوە.
گوڵان
بۆ گۆڤاری گوڵان
گۆڤاری گوڵان كە لە ژمارە/ 909 بەرواری 24/12/2012 چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ قائمقامی قەزای كۆیەتان بڵاوكردۆتەوە، بەڵام ئاگادارتان دەكەینەوە كە لە پێشەكی چاوپێكەوتنەكە لە لاپەرە 44 لە مانشێتەكە وشەی (شاروچكەی كۆیە) تان بەكارهێناوە. ئێمە لەگەڵ روونكردنەوەكە نوسراوی ژمارە 1086/ لە بەرواری 18/7/2011 قائیمقامیەتان بۆ دەنێرین سەبارەت بە ناوهێنانی شاری (كۆیە) بە (شارۆچكە) كە لە هەر دەزگایەكی راگەیاندن شاری كۆیە بە شارۆچكە ناوببات ئەبێت داوای لێبوردن بكات لەبەر ئەوەی :-
1- كۆیە سەدان ساڵە بەشار ناوی هاتووە .
2- وشەی شارۆچكە كە بە عەرەبی بە ( بلدة) دێت بۆ ناحیە بەكاردێت .
3- هەموو كات قەزاكانی عیراق وەك ( فەلوجە، كوفە،سامەرا) هەر بەشار ناوی هاتووە، كۆیەش كۆنترین قەزای عێراقە.
4- هیچ یاسایەك نییە قەزا بە شاروچكە ناوببات .
بۆیە داواكارین داوای لێبوردن بكەن كە هەڵە بوون
تێبینی: هەندێ جار لەگەڵ دەزگاكانی راگەیاندن ئەو كارە رووی داوە و ئێمە ئاگادارمان كردونەتەوە و داوای لێبوردنیان كردووە .

چاپوك عومەر مستەفا
قائیمقامی كۆیە
روونكردنەوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی كۆیەوە
هەر لەهەمان ئەو راپۆرتەی لەسەر كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شاری كۆیە بڵاومان كردەوە، تێیدا هاووڵاتیان ئاماژەیان بە كەموكورتی لە بواری خزمەتگوزارییەكانی كەرتی تەندروستی كردبوو، بەڵام پێش بڵاوبوونەوەی راپۆرتەكە لە گوڵان بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی كۆیە هەندێك لەو كەموكورتیانەیان چارەسەر كردبوو، كە دەست خۆشییان لێ دەكەین، لێرەشدا روونكردنەوەكەیان بۆ بڵاودەكەینەوە.
گوڵان
بابەتێك كە لە ژمارە(909)ی رۆژی 24/12/2012 گۆڤاری گوڵان بڵاوكراوەتەوە كە تێیدا باس لە كەموكوڕی خزمەتگوزارییەكانی قەزاكە دەكات و یەكێك لە تەوەرەكانی باس لە كەموكوڕی و كەرتی تەندروستی كردووەو یەكێك لە بڕگەكانی ئاماژە بەوە كراوە كە (نەخۆشخانەی كۆیە ئامێرەكانی تەندروستی بۆ دابین نەكراوەو پزیشكی پسپۆڕیشی كەمە)، بۆیە بەپێویستمانزانی بە شێوەیەكی كورت باس لەو نەخۆشخانەو كارو چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی كۆیە لە سنوورەكەدا بكەین.
سەرەتادا نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی هاموون لە سەنتەری قەزای كۆیە هەموو ئامێرەكانی بۆ دابینكراوە، تەنیا كێشەی رێگای هەیە، كە تاوەكو ئێستا ئەو رێگایە قیڕتاو نەكراوە و لە ساڵی ئایندەش دەكرێتەوە، لە رووی پزیشكی پسپۆریشەوە ئێستا زۆرترین پزیشكی پسپۆڕمان هەیە كە پیشتر نەمان بوو، بۆ نموونە 7 پزیشكی نەشتەرگەری گشتی و 5 پزیشكی هەناوو 5 پزیشكی قوڕگ و لوت و یەك پزیشكی میزەڕۆ و یەك پزیشكی ئێسك و شكان و 2 پزیشكی ئافرەتان و منداڵبوون و یەك پزیشكی چاوو 3 پزیشكی سڕكردن و 3 پزیشكی منداڵانمان هەیە، لەم ساڵیشدا ئەم شوێن و بنكەو مەڵبەندانەی تەندروستی لە سنوورەكەمان كراونەتەوە كە ماوەی (24) كاتژمێر لە كاركردندان و شوێنەكانیش ئەمانەن (مەڵبەندی تەندروستی سكتان، مەڵبەندی تەندروستی سێگردتكان، مەڵبەندی تەندروستی شەهید كاوە، بنكەی تەندروستی ئیلنجاغ، مەڵبەندی تەندروستی شەهید عەبدوڵا خرابەیی). هەروەها هەوڵیش دەدەین هەموو كاتێك لە پێناو تەندروستی باشترو خزمەتكردنی هاووڵاتیاندا بەشەو و رۆژ زانست و تەكنەلۆژیای تەندروستی پێشكەوتوو هاوچەرخ پێشكەش بكەین و بەشێك لەو ئەرك و خزمەتگوزاریانەی كە لە ماوەی ساڵی 2012 لە نەخۆشخانەی گشتی شەهید دكتۆر خالید لەشاری كۆیە پێشكەش كراوە ئەمانەن:
ژمارەی سەردانی نەخۆش (181029) و ژمارەی داخڵبوونی نەخۆش (9132)و ژمارەی نەشتەرگەری گشتی بۆ (1334) نەخۆش و ژمارەی گرتنی تیشك بۆ (15025) نەخۆش و ژمارەی گرتنی سۆنار بۆ (4096) هاووڵاتی و ژمارەی شیكاری تاقیگە (139258) و MRI (3245) و ژمارەی گرتنی CT.scan بۆ (1968) كەسە.
Top