سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە بۆ (گوڵان):جینۆساید و وێرانكردنی كوردستان شوێنەوارەكانی لەسەر ژینگە هەرماوە
January 10, 2013
راپۆرتەکان
جینۆسایدكردنی خاك و سروشت و دەرهاویشتەكانی
سەرەتا سەبارەت بەئامانجی سەرەكی دەستەكە سەرۆكی پاراستن و چاككردنی ژینگە وتی: بەو پێیەی پرسی ژینگە بابەتێكی نێودەوڵەتییە؛ هەربۆیە پاراستنی ژینگەی كوردستان ئامانجی سەرەكی دەستەكەیەو، ڕێگا لەهەموو پێشێلكاریی و شوێنەوارێكی خراپ دەگرین گەر لەسەر ژینگەی كوردستان هەبێت و بگرە كاریگەریشی لەسەر ژینگە كەم دەكەینەوە، چونكە زۆر جار ئەو كارو پرۆژانەی كە وەزارەتەكان یا دامودەزگاو كۆمپانیاكان ئەنجامی دەدەن شوێنەواری خراپی بۆ سەر ژینگە لێدەكەوێتەوە، بۆیە ئەركی ئێمە زۆر قورسە. چونكە پێشتر ژینگەی كوردستان لە دوو قۆناغدا رووبەڕووی هەڕەشەو پیسبوون بۆتەوە، قۆناغی یەكەم بۆ سیاسەتی جینۆساید و وێرانكردنی خاك و وێرانكردنی كوردستان دەگەڕێتەوە كە لەلایەن رژێمی پێشووی بەعس هەرێمی كوردستان رووبەرووی بۆوە، ئەمەش كاریگەری زۆر خراپی لەسەر ژینگەی كوردستان هەبووە، خاپوورو رووخاندنی گوندەكان و پڕكردنەوەو پیسكردنی كانیاو سەرچاوەكانی كوردستان لەلایەن حكومەتی عیراقەوە كە ئەمەش هۆكارێكی دیكەی لەسەر تێكدانی راستەوخۆی ژیانی هاووڵاتیان و پیسبوونی ژینگەی كوردستان، كیمیاباران و جینۆسایدی سەر میللەتی كورد جگە لەوەی كاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگەكە هەبووە تا چەندین ساڵی دیكەش لەو شوێنانەی ئەنجامدراوە كاریگەرییەكەیان لەسەر خاك و خەڵكەكەو ئاو و هەوا هەر دەمێنێت. قۆناغی دووەمی پیسبوونی ژینگەكەمان بۆ دوای ساڵی 1991 دەگەڕێتەوە كە رۆژ لەدوای رۆژ شارو شارۆچكەكانی هەرێم گەشەكردن و ئاوەدانییەكی زۆری بەخۆوە بینیوە و لە ئەنجامدا بەرفرەوانیەكی زۆر لە شارو شارۆچكەكان هاتەدی و باڵەخانەو خانووی گەورەو بەرز دروستكران و ژمارەی دانیشتوان و ئۆتۆمبێل زۆر زیادی كرد، ئەمەش پێویستی بە بەرنامەو پلانێكی زانستی هەیە كە لەگەڵ پاشماوەكان بكرێت و لەپاشان هەنگاوی پڕاكتیكی بۆ پاككردنەوەی خاك و ئاوەكانی ناوچەو شوێنەكان بنرێت، بێگومان لەو ناوچەو سنوورانەی كیمیاباران و ئەنفال و جینۆسایدی لێ كراوە جگە لە مرۆڤەكان ئەوە زیندەوەرو گیانەوەرەكانیش لەناوچوون یا كەم بوونەتەوە و كاریگەری راستەوخۆشی لەسەر لەناوبردنی دارودرەخت و سەوزای دروستكردووە. بۆیە لەبەر ئەم هەموو كار و هۆكارە ناڕەوایانە ژینگەی كوردستان تووشی پیسبوونێكی زۆر هاتووە و سیستەمی ژینگەی كوردستان شێوێندراوەو پێشێلی زۆر بەرانبەر كراوە.
زبڵ و خاشاك و پیسبوونی ژینگە
سەبارەت بەكۆكردنەوەو هەڵگرتنەوەی زبڵوخاشاك سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە وتی: یەكێك لە گرفتە ژینگەیەكانی ئەمڕۆی هەرێمی كوردستان هەبوونی ئەو هەموو پاشماوەو زبڵوخاشاكەیە كە رۆژانە لە ناو ماڵ و كۆڵان و گەڕەكەكان كۆدەكرێتەوە و رێژەكەش لە هەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێم زۆرە و بەشێوەیەكی زۆر ناتەندروست و نازانستی هەڵسوكەوتی لەگەڵ دەكرێت بەتایبەتی لەسیستەمی لەناوبردن و خۆرزگاركردن لەم زبڵوخاشاكەی كە دەسوتێنرێت ئەوە راستەوخۆ ژینگە پیس دەكات و لەكاتی ژێر خۆڵ كردنیش خاكەكەی تێك و پیس دەكات و لەكاتی باران بارینیش ئەو زبڵوخاشاكەی ژێر خۆڵ كراوە هەرچی مادە و كانزای خراپ هەیە دەچێتە ژێر زەوی و ئاوی ژێر زەویش پیس دەكات، ئەمەش مەتری زۆری بۆ سەر ژیانی خەڵكەكە هەیە، بۆیە ئەو سیستەمەی لە خۆ ڕزگاركردنی پاشماوەو زبڵوخاشاك لە هەرێمی كوردستان پەیڕەو دەكرێت ناتەندروستەو شێوەو هەڵسوكەوتێكی ناشارستانییە.
نەبوونی ئاوەڕۆی قورس
سەبارەت بە نەبوونی ئاوەڕۆی قورس سەرۆكی دەستەی ژینگەی هەرێم وتی: نەبوونی ئاوەڕۆی قورس یەكێكە لە كێشە گەورەكان كە كاریگەری یەكجار زۆرو خراپیان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە، بەداخەوە ئاوەڕۆی پێویست و ئاوەڕۆی قوڕس لە شارەكانی هەرێم نییە، بەتایبەتی لە شارێكی وەكو هەولێر كە پایتەختی هەرێمی كوردستانە، لە هەمان كاتدا ئەو گۆمە ئاوانەی لە ناو گەڕەكەكان بۆ ماوەیەك دەمێنێتەوە دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە، هەروەها هەندێ لەو ئاوەڕۆیانەی لە هەرێم دروست كراون كۆنن یا بە ستانداردی جیهانی و كەرەستەی تەواو دروست نەكراون، بۆیە ئاوی ئاوەڕۆكە بەتایبەتی ئەگەر ئاوی قوڕس بۆ سەر ئاوەڕۆكە چوبێتەوە لەناو ئاوەڕۆكەدا دزە دەكات و دەچێت بەناو ناخی زەوی و ئاوی ژێر زەوی پیس دەكات و بۆی هەیە لە هەندێ شوێن تێكەڵ بە تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە ببێت، كە لەو كاتەدا ئەمە دەبێتە هۆكاری تووشبوون و بڵاوبوونەوەی چەندین نەخۆشی كوشندە، لەلایەكی ترەوە ئەو ئاوی ئەو ئاوەڕۆیانە بۆی هەیە پاشماوەی كارگەو نەخۆشخانەكان كە زۆر پیسن بڕژێتە ناوی و لە كۆتایدا ئاوەڕۆكان دەڕژێتە ناو دەریاچە یا رووبارێك جگە لەوەی خەڵكی نزیك لە كۆتایی ئاوەڕۆكان شینایی دەكەن و بە ئاوی ئاوەڕۆكان ئاوی دەدەن، هەروەها ئەو دەریاچەو رووبارانە زۆربەیان سەرچاوەی پڕۆژەی ئاویخواردنەوەی خەڵكە كە لێرەدا مەترسیەكی زۆری لەسەر ژیان و تەندروستی هاووڵاتیان دروست دەكات، هاوكات بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بكەم لە ئەنجامدانی هەندێ كارو پڕۆژە بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان زۆر دواكەوتووین، چونكە ئەمڕۆكە داهاتی تاكە كەس و خێزان باشبووە و نەخۆشخانەو پزیشك و پشكنین و داودەرمانی باش لە كوردستان هەیە، گەرچی دەبینین بەرزبوونەوەی نەخۆشییە كوشندەكان لە لای خۆمان زۆرە، ئەمەش بەشی زۆری بۆ پیس بوونی ژینگە دەگەڕێتەوە.
پاشماوەی نەخۆشخانەكان
سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە لەبارەی پاشماوەی نەخۆشخانەكانەوە پێی وابوو نەخۆشخانەكان زۆر پاشماوەی خراپیان هەیە، بەڵام هەندێكیان زۆر مەترسیدارن لەسەر تەندروستی مرۆڤ و پیسبوونی ژینگە بەتایبەتی ئەو پارچە بڕاوانەی كە لە جەستەی نەخۆش دەكرێتەوە و ئەو خوێنەی لێی دەڕوات و لەگەڵ بەشێك لەو پاشماونەی كە بۆ چارەسەركردنی نەخۆش بەكاردەهێنن، ئەمانە كاریگەری و مەترسی زۆریان لەسەر پیسبوونی ژینگە و تەندروستی خەڵك هەیە، هەر بۆیە ئێمە بەبەردەوامی بەدواداچوون و چاودێری نەخۆشخانەكان دەكەین و هەندێك لە نەخۆشخانەكانمان ئاگاداركردۆتەوە لەبارەی خراپی و جێبەجێ نەكردنی ڕێنمایی پێویست و تەندروستەكان و نەخۆشخانە هەیە سزای دارایی دراوە و ماوەو مۆڵەتمان بۆ ئەو نەخۆشخانانە داناوە كە پاشماوەكانی نەخۆش و نەخۆشخانەكانیان بە شێوەیەكی تەندروست و زانستی هاوچەرخ چارەسەر بكەن نەك وەكو ئەوەی ئێستا پیادەی دەكەن و چاودێری تیمەكانمان لەسەر نەخۆشخانەكان چڕ تر دەكەینەوە و لە كەموكوڕیەكانیان بە هیچ جۆرێك چاوپۆشی ناكەین، لەلایەكی دیكەوە وا هەست دەكەین ئەو وڵاتە بۆتە قوربانیەك لەبەر دەم بەشێك لەو كۆمپانیا بازرگانیانەی كە تەنیا و تەنیا ئامانجیان پارە پەیداكردنە، نابێت كارو ئاوەدانی و بازرگانیكردن و گەشەكردنی وڵات لەسەر حیسابی ژینگەكەمان بێت، ئێمە بۆ كۆنتڕۆڵكردن و زیاتر بەدواداچوون و چارەسەركردنی گرفتی نەخۆشخانەكان چەندین دانیشتن و گفتوگۆمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی ئەنجام داوە و لە هەوڵی ئەوەشداین لەگەڵ سەندیكای پزیشكان و دەرمانسازان و كارمەندانی تەندروستی كوردستان دابنیشین و گفتوگۆ لەسەر كەموكوڕی و گرفتی نەخۆشخانەكان لەبارەی پاشماوەكان و پیسبوونی ژینگە ئەنجام بدەین.
سەیران و گەشتوگوزار و پیسبوونی ژینگە
هەروەها سەرۆكی دەستەی ژینگە لەبارەی كاریگەری سەیران و گەشتوگوزار لەسەر پیسبوونی ژینگە ئاماژەی بەوەكرد كە ژینگەو گەشت و گوزار تەواكاری یەكترن، بەڵام لە كاتێكدا پاراستنی ژینگە لەبەرچاو نەگیرا ئەوە رێژەی گەشتیاران كەم دەبێتەوە بۆ نموونە كە خۆمان لەبەهاران و كاتی سەیران دەبینین كە هاووڵاتیان دەچن بۆ شوێنە گەشتیارو سەیرانگەكان پابەندی ڕینمایی پاكوخاوێنی نابن و پاشماوە و زبڵەكانیان هەر لە شوێنی خۆیان بەجێدەهێڵن، ئەمەش یەكێكە لە هۆكارەكانی پیسبوونی ژینگە، هەڵسوكەوت و كاری خراپ لەسەر ناوچە گەشتیارەكان بە پلەیەك زیانی زۆری بۆ پیسبوونی ژینگەو كەم بوونەوەی رێژەی گەشتیاران هەیە. هاوكات هەندێ لە پڕۆژەكانی گەشتیاری كە بەناوی گازینۆ و ئۆتێل و رێگاوبان دروست دەكرێت لە هەقیقەدا بەشێك لە شوێنە سروشتییە جوانەكانی ئێمە وێران دەكات هەر بۆ نموونە سەردانی هاوینەهەواری بێخاڵ بكەن دەبینن چەند زێدەڕۆیی لەسەر ئەم شوێنە گەشتیارە جوانە هەیە.
ژینگەی شارو گوندەكان
سەبارەت بە فراوانی سنووری شارەوانی شارەكان و زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبیل لە هەرێمی كورستان سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە وتی: ژمارەی دانیشتوانی شارەكانی كوردستان و ئۆتۆمبێل و بینایەكان زۆر زیادیكردووە و سنووری شارەوانییەكانیش بەرفرەوانییەكی بەرچاویان بەخۆوە بینیوە ئەمەش كاریگەری راستەوخۆیان لەسەر پیسبوونی ژینگە هەیە، لەلایەكی دیكە بەرفرەوانی شارەكان وایكردووە زۆربەی كارگەو ناوچەی پیشەسازی شارەكانی كوردستان بكەونە ناو سنووری شارەوانییەكان و گەڕەكەكان، ئەمانەش كاریگەری یەكجار خراپیان لەسەر پیسبوونی ژینگەی شارەكان و ژینگەی گشتی كوردستان هەیە، بۆیە زۆر بە پەلە دەبێت كارگەو ناوچەی پیشەسازییەكان لە شارەكان دوور بخرێنەوەو دەبێت رەچاوی دیزاین و بەرفرەوانی و پانتایی سەوزی زۆر و باش بكرێتەوە، هاوكات بۆ هەموو شارەكانی كوردستان لە دەرەوەی سنووری شارەوانییەوە پێویستە بە پانتاییەكی زۆر پشتینەی سەوز دروست بكرێت، بەپێویستی دەزانم ئاماژە بەو كارو هەنگاوەی وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێر بكەم كە لەم چەند هەفتەی رابردوو ماستەرپلانی پشتێنەی سەوزی پایتەختی كوردستانیان راگەیاند و بەتەواوبوونی ئەم پڕۆژەیە هەولێری پایتەخت ژینگەیەكی زۆر لەباری بۆ دەستەبەر دەبێت و ئومێد دەخوازم بۆ هەمان پڕۆژە لە هەموو شارەكانی دیكەی كوردستان، هاوكات پێویستە شێوازی ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان بگۆڕدرێت ئەویش بەمجۆرە بێت كە هەر چەند گوندێك ئەوانەی نزیك یەكترن لە یەك شوێنی گونجاو بەشێوەیەكی هاوچەرخ خانوو و باڵەخانەو بازاڕ و كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیان بۆ دروست بكرێت.
پاڵاوتگە بچوكەكانی نەوت
سەبارەت بە پاڵاوتگە بچوكەكانی نەوتیش سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە وتی: ئەو پاڵاوگە بچوكانەی نەوت كە لە سنووری هەرێم هەیە هەندێكیان بەبێ مۆڵەت دانراون و كاریگەری خراپیان لەسەر پیسبوونی ژینگەكەمان هەیە و زۆر چاودێرین لەسەریان و بەدواداچوونیش بۆیان چڕتر دەكەینەوە و تا ئێستاش لەو جۆرە كۆمپانیانەوە زیاتر لە 20 كۆمپانیا سزایی دارایان بۆ نووسراوە، بەڵام ئەو كۆمپانیانە نەهاتوون سزا دارایەكانیان بدەن و لێرەدا داواكارین ئەو سزایانە بدەن دەنا ئێمە داوای دادگایان لەسەر تۆمار دەكەین. هەروەها ئەو كۆمپانیانەی كە هاوردەی ئۆتۆمبێل دەكەن پێویستە ئەو ئۆتۆمبێلانە هاوردە بكەن كە دۆستی ژینگەیە، خاوەن ئۆتۆمبێلەكانیش فلتەرو ئامێر لەسەر دوكەڵكێشی ئۆتۆمبێلەكانیان ببەستن
پاراستن و چاككردنی ژینگە تەنیا ئەركی دەستەی ژینگە و حكومەت نییە
لەكۆتایی دا سەبارەت بەو بەرنامەو پلان و پێشنیارو چارەسەرانەی بۆ پاراستن و چاككردنی ژینگەی هەرێمی كوردستان هەیانە؛ سەرۆكی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە وتی: پاراستن و چاككردنی ژینگە تەنیا ئەركی دەستەی ژینگە و حكومەت نییە، بەڵكو ئەركی هەموو تاكێكی كۆمەڵگاو رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و راگەیاندنەكانە، بۆ ئەوەی پرسی ژینگە بكەینە پرسێكی گرنگ لەگەڵ ئەو رێكخراو لایەنانەی ئاماژەمان پێكرد كار دەكەین بۆ ئەوەی ئاستی هۆشیاری خەڵكیش لەبەرانبەر پاراستنی ژینگە بەرز بكەینەوە، هاوكات ئێمە بەردەوام كارو بەدواداچوون و چاودێری لەسەر ئەو لایەن و بوارو هۆكارانە دەكەینەوە كە پەیوەندیان بە ژینگەوە هەیە هەماهەنگی و هاوكاریشین لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی دارستان و وەزارەتی شارەوانی و پارێزگاكان و بەڕێوەبەرایەتی باخچەو پاركەكان و پۆلیسی دارستان و لەگەڵ فەرماندەی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە، هاوكات كار لەسەر ئەوە دەكەین كۆمەڵێك ناوچەی پاراستنی سروشتی لە هەرێم دروست بكەین، هەروەها بەپێی ئەو یاساو رێنمایانە كە لەلایەن بەڕێزان سەرۆكایەتی حكومەت و پەرلەمانی كوردستان كارو گفتوگۆ و پەسند كراوە كار دەكەین و بەكاركردنی هەموو ئەو لایەن و هەماهەنگی و هاوكاری هەموو لایەكمان لە پێناو پاراستن و چاككرتنی ژینگەی كوردستانە، كاركردن لە پرسی ژینگەدا بودجەو توانای بەرزی دەوێت كە جێی داخە ئەو بودجەیەی كەلەلایەن حكومەتەوە بۆ ئێمە تەرخان دەكرێت زۆر كەمە و بەشی یەك لەسەر پێنجی ئیش و كارەكانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە ناكەت، لەكاتێكدا چەند لە بواری پاراستنی ژینگە پارە خەرج بكەین ئەوەندە لە بوارەو لایەنەكانی دیكەی خزمەتگوزاری بۆمان دەگەڕێتەوە.