(گوڵان) شارۆچكەی كۆیە بەسەردەكاتەوە..كەرتی تەندروستی پێویستی بەئاوڕ لێدانەوەیە
December 27, 2012
راپۆرتەکان
قشڵەو قەیسەریی و شوێنەوارەكانی دیكەی كۆیە بەڵگەن بۆ كۆنی و گرنگیی ئەم قەزایە، كۆیە كە ئێستاكە ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر لە 53 هەزار كەسە لە كاتی خۆیدا و پاش ڕاپەڕینیش گرنگیی پێنەدراوەو كەموكوڕی و كێشەی زۆری لە كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا هەیە، تەنانەت ئەو پڕۆژانەی كە بڕیاریشە جێبەجێ بكرێن لەكاتی خۆیدا تەواو نابن، هەربۆیە ئەم قەزایە گرفتێكی گەورەی لەگەڵ پڕۆژە تەواونەكراوەكاندا هەیە؛ ئەوەتا 10 ساڵە پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی كڵێسەی تەواو نەبووە، هەروەها كەموكوڕی و كێشەیان لە بوارەكانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی و كەرتەكانی پەروەردەو تەندروستی هەیە، لەسەردانێكی تیمی (گۆڤاری گوڵان) بۆ كۆیە؛ ئەو كەموكوڕی و گلەییانەی خەڵكەكەو چەند پرسیارێكی دیكەمان ئاراستەی چاپوك عومەر قایمقامی قەزای كۆیە كرد؛ كە لەدووتوێی ئەم راپۆرتەدا بڵاوی دەكەینەوە.
هاووڵاتییانی كۆیە..
نەخۆشخانەكەمان لەبواری پزیشكی
پسپۆڕ و ئافرەتان كەموكوڕی زۆری هەیە
سەبارەت بەكەموكوڕی و گرفتی خزمەتگوزاری لە گەڕەكەكانی (حاجی قادرو قەڵات و بایز ئاغا و فیدڕاڵی و ئازادی و ناو بازاڕی سەرەكیی شارۆچكەكە..) چەندین هاووڵاتیمان دوواند، كە هەر هەموویان گلەییان لە كەمی و خراپی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان هەبوو، لەمبارەیەوە هاووڵاتی سلێمان فوئاد لە گەڕەكی حاجی قادر ئاماژەی بەبوونی ئەم كەموكوڕییانە كردو گوتی: لەم قەزا گەورەیەدا كەموكوڕیی خزمەتگوزاریی زۆرمان هەیە، ئەوەتا ڕێگاو شەقام و كۆڵانەكانمان وێرانن و پێویستیان بە هەڵمەتێكی قیرتاوكردن هەیە، هەروەها لە بواری دابینكردنی ئاوی خواردنەوەشدا گرفتمان هەیە، لە رۆژێكدا تەنیا یەك كاتژمێر ئاوی خواردنەوەمان هەیە، پڕۆژەی ئاوی كڵێسەش ماوەی 10 ساڵە بەتەواوەتی جێبەجێ نەكراوە. هەر سەبارەت بەخراپیی شەقام و كۆڵانەكان لە گەڕەكی فیدڕاڵی هاووڵاتی قاسم ئەحمەد ئاماژەی بەوەكرد كە لەبەر خراپی كۆڵان و شەقامەكان زستانان بەزەحمەت منداڵەكانمان لەناو ئەو قوڕولیتەیە دەربازیان دەبێت، لەلایەكی دیكەیشەوە تۆڕی ئاوی خواردنەوەی زۆربەی گەڕەكەكانی كۆیە كۆن بوونە، هەربۆیە پێویستە نۆژەن بكرێنەوە . ئەم هاووڵاتییە ئاماژەی بەخراپی رەوشی تەندروستیش لەقەزاكەیان كردو لەم رووەوە روونی كردەوە كە بۆ پشكنین و چارەسەركردنی نەخۆشیی زیاتر سەردانی شاری هەولێر دەكەن، چونكە نەخۆشخانەكەیان لەبواری پزیشكی پسپۆڕو ئافرەتان كەموكوڕیی زۆری هەیە.
لە گەڕەكی هاموونیش كە پێشتر شوێنی حەساری بەخێوكردنی مەڕوماڵات بووەو ئێستا ئاوەدانكراوەتەوە و بۆتە گەڕەك، بەڵام لەزۆربەی خزمەتگوزارییەكان بێ بەشە، لەم رووەوە هاووڵاتی عەبدولكەریم قادر گوتی: گەڕەكەكەمان لە خزمەتگوزارییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و شۆستە و قیڕتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكان بێ بەشە تەنانەت بەسۆندە ئاوی خواردنەوەمان ڕاكێشاوە، بەڵام لەبەر نەبوون و كەمی ئاو هەفتەی یەك جار بە تانكەر ئاومان بۆ دێت، داواكارین لە قایمقامییەتی كۆیە چارەسەرێكی بنەڕەتیمان بۆ بدۆزنەوە. هەر لەم گەڕەكەو سەبارەت بەهەمان كێشە خاتوو حەلیمە جەختی لەوە كردەوە كە ئاوی خواردنەوەو ئاوەڕۆو شۆستە لە گەڕەكەیان نییە و، شەقام و كۆڵانەكان قیڕتاو نەكراون و سەرتاپای قوڕو لیتەیە، هاوكات نەخۆشخانەی كۆیە هەموو پشكنین و داودەرمانێكیان نییە، هەربۆیە بۆ چارەسەركردن و ئەنجامدانی نەشتەرگەری ڕەوانەی هەولێریان كردم، ئێستاكەش باوكم نەخۆشەو بەمەبەستی چارەسەركردن بۆ نەخۆشخانەكانی هەولێری دەبەم، لەبەر ئەوەی سەردانی نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی كۆیە تەنیا ماندووبوونەو هیچی دی.
نەبوونی خزمەتگوزاری و سەختی بارو بژێوی گوندنشینەكانی كۆیە واقیعێكی وای دروست كردووە كە دووبارە كۆچكردن لەگوندەوە بۆ ناوەندی سەنتەری ناحیەو قەزاو شارەكان دەست پێ بكاتەوە؛ لەمبارەیەوە هاووڵاتی بەختیار وەلید گوتی: من خەڵكی یەكێك لە گوندەكانی سنوورەكەم لەبەر نەبوونی خزمەتگوزارییەكان گوندەكەمان بەجێ هێشتووەو ئێستاكە گوندەكە بەتەواوی چۆڵ بووە. ئەمەو هاووڵاتیان لەكۆیە چەندین بواری دیكەی سەبارەت بە گرفتی تاپۆكردنی خانوو خراپی ڕێگاوبان و شەقامە سەرەكییەكان و نەبوونی پاركی ئۆتۆمبێل و باخچەو شوێنی یارییان وروژاند .
ڕەخنەو داواكاری خەڵك لە قەزای كۆیە بەرامبەر بە كەمی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانمان ئاراستەی (چاپوك عومەر) قایمقامی قەزای كۆیە كردەوە و ئەویش زۆر ڕاشكاوانە پەنجەی خستە سەر گرفت و كەموكوڕییەكان و چۆنییەتی چارەسەركردنیان.
جووت سایدی هەولێر- كۆیەو لۆفەكانی هەیبەت سوڵتان
سەبارەت بە كەوتنی پردی دێگەڵەو درووستكردنی جووت سایدی نێوان هەولێر - كۆیە و تەواونەبوونی لۆفەكانی هەیبەت سوڵتان قایمقامی قەزای كۆیە گوتی: پردی دێگەڵە لەسەرەتای مانگی 11ی 2012 تانكەرێكی نەوت خۆی پێدا كێشاو بەتەواوی تێكچوو (بەداخەوە شوفێری تانكەرەكە گیانی لە دەستدا)، دواتر لەماوەی 16 رۆژدا پردەكە بە شێوەیەكی كاتی و یەك سایدی چاككرایەوە، هەروەها جووت سایدی هەولێر – كۆیە كە تا رادەیەك دواكەوتووە، بەڵام بەشی یەكەم و دووەمی ئەو جووت سایدە لەژێر جێبەجێ كردندایە، بەشی سێیەمی رێگاكەش كە تا ڕێگای كۆیە – سلێمانییە و دەرخستەی بۆ كراوە و بەشی چوارەمیشی تۆنێلەكەیە، ئێمە وەكو پێویستییەكی سەرەكی بۆ هاتۆچۆكردن لە سنوورەكەدا داواكارین بەشی چوارەمی پڕۆژەكە پێش بەشی سێیەم بخرێت، چونكە هاتوچۆكردن بە ڕێگای كلكە سماقە و هەیبەت سوڵتان زۆر زەحمەتە و رووداوی هاتوچۆی زۆری لێ دەكەوێتەوە، هەروەها لۆفەكانی هەیبەت سوڵتان قیڕ كراون و هاتوچۆی پێدادەكرێت، بەڵام كاری زۆری تێدا ماوە بەتایبەتی ئەو لاو ئەو لای رێگاكە دەبێت دیواری بۆ بكرێت. هاوكات رووناك كردنەوەی لۆفەكانی هەیبەت سوڵتان تا چنارۆك خراوەتە بەرنامەو لەسەر بودجەی پەرەپێدان كارەكە ئەنجام دەدرێت.
كێشەی ئاوی خواردنەوە
ئەوەی پەیوەندیی بە كێشەی ئاوی خواردنەوەوە هەیە كە قایمقام پێی وابوو یەكێك لە گرفتە سەرەكییەكانی قەزاكەیانە لەم رووەوە ئاماژەی بەو پڕۆژەیە كرد كە ماوەی 10 ساڵە تەواو نەبووەو گوتی: ماوەی نزیكەی 10 ساڵە پڕۆژەیەك بە ناوی پڕۆژەی ئاوی كڵێسە دەستی پێكردوەو لەبەر چەندین هۆكار دواكەوتووە تا ماوەیەك لەمەوبەر توانرا ئاو لە ڕێگای ئەو پڕۆژەیەوە بگاتە كۆگاكانی گلدانەوەی ئاو، بەڵام لەبەر نەبوون و دانەنانی بەردی سەر فلتەرەكان تا ئێستا نەتوانراوە ئاو بە گەڕەكەكان بدەین، پڕۆژەی پێشووی كۆیە تەنیا بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوەی چوار گەڕەك بوو ئێستاكە 28گەڕەكە، لەلایەكی دیكەوە بەگشتی تۆڕی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوەی كۆیە پێویستی بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بۆ ئەو مەبەستە بە هاوكاریی پارێزگارو جێگری پارێزگاری هەولێر بەرنامەو پلانمان هەیە كە تۆڕەكان بە تایبەتی لەو شوێنانەی كە زۆر پێویستن تازە و نۆژەن بكەینەوە.
كێشەی كوژاندنەوەی زەوی
سەبارەت بە دروستكردنی ماستەرپلان و ئەو كێشە گرفتانەی لە ئەنجامی بەرفراوانبوونی سنووری شارەوانی دەكەوێتەوە قایمقامی قەزای كۆیە ئاماژەی بەوەكرد كە لە دروستكردنی ماستەرپلان بۆ كۆیە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا چەندین جار تێبینی و سەرنج و پێداچوونەوە لە لایەن دەزگاو فەرمانگە پێوەندارەكانی شارۆچكەكە ئەنجام دراوە، لە دواجاردا ماستەرپلانەكە پەسند كرا، ئێستاكە كار و ئیش و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەپێی ئەو ماستەرپلانە ئەنجام دەدەین، بەڵام لەگەڵ گەورەبوونی سنووری شارەوانی كێشەی كوژاندنەوەی زەویمان هەیە .
كەموكوڕی نەخۆشخانەی كۆیە
هاووڵاتیان گلەییەكی زۆر لە كەرتی تەندروستی دەكەن لەم رووەوە قایمقامی كۆیە گوتی: لە ڕووی بینایەی نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی زۆر باشین، بەڵام لەلایەنی ئامێرو پشكنین و پزیشكی پسپۆڕو شارەزاو پزیشكی ئافرەتان و لەدایكبوون و پسپۆڕایەتیی دیكە كەموكوڕی و كێشەمان هەیە، هاووڵاتیانیش بەتایبەتی لەمبارەوە گلەیی و داواكارییەكانیان رەوایەو مافی خۆشیانە، پێویستە پەلە بكەین لە چارەسەركردنی ئەو كەموكوڕی و گرفتانەی بواری تەندروستی، هەروەها بینایەكی تازەی باش بۆ نەخۆشخانە دروستكراوە و بڕیارە نەخۆشخانەی شەهید خالید بگوازرێتەوە بۆ ئەو بینایە، بەڵام لەم نەخۆشخانەیشدا دەبێت ستاف و ئامێری تەواوی پێویست دابین بكرێت.
گرفتەكانی كەرتی پەروەردە
سەبارەت بەكەرتی پەروەردەو خوێندنیش قایمقامی كۆیە روونی كردەوە كە وەزیری پەروەردە زۆر هاوكاری كردووین و چەند بینایەكی قوتابخانمان بۆ دروست كراوە كە بەم كارانەوە سێ و چوار دەوامی لەقەزاكەمان نەماوە، بەڵام گرفتی دوو دەوامیمان هەر ماوەو رێژەی قوتابیان لە ناو قوتابخانەو پۆلەكاندا زۆرە، كەواتە هەر پێویستمان بە بینایەی دیكە هەیە بۆ ئەوەی كێشەی قەرەباڵغی پۆلەكان و ناو قوتابخانەكان چارەسەر بكات. هەروەها سەبارەت بە خوێندنی باڵا قایمقامی كۆیە ئاماژەی بەزانكۆی كۆیە كرد كە هەر چەندە تەمەنی زۆر نییە، بەڵام لە پێشكەوتن و گەشەكردنێكی باش و زۆر جواندایە، لەڕووی بینایەو هۆڵەكانی خوێندن و تاقیگەكاندا لەسەر ئاستی عێراق و كوردستانە جوانترین و پێشكەوتووترین زانكۆیە .
نزیكەی200 گوند تۆڕی كارەبای نیشتمانی بۆ راكێشراوە
لەساڵانی رابردوودا بارودۆخی كارەبا لە كۆیە زۆر خراپ بوو، بەڵام هەروەك قایمقامی كۆیە باسی كرد لە ساڵی 1969ەوە تا ساڵی 2010 لە ناو سەنتەری قەزاكە تەنیا 37 محاویلە هەبوو، لە ساڵی 2010ەوە تا ئێستاكە 375 محاویلەمان بۆ باشتر گەیاندنی تەزووی كارەبا بە ماڵان داناوە و بەشێوەیەكی گشتی ئێستا كارەبامان زۆر باشە و لە هەموو گوندەكان كە نزیكەی 200 گوندە كە پێش چوار ساڵ تەنیا 8 تا 9 گوند كارەبایان هەبوو ئێستا هەر هەموویان كارەبای نیشتمانیان بۆ چووە تەنیا ژمارەیەكی زۆر كەم نەبێت ئەویش ئەو گوندانەن كە ژمارەی خێزانەكانیان زۆر كەمە.
كۆكردنەوەی زبڵوخاشاك
كۆكردنەوە و خۆرزگاركردن لە زبڵوخاشاك بابەتێكی دیكەیە كە قایمقامی كۆیە ئاماژەی پێكرد لەم بارەوە گوتی: پاككردنەوەی ناو گەڕەك و سەنتەری قەزاكە لەلایەن كەرتی تایبەت بە سستەمی تازەو باش ئەنجام دەدرێت، بەڵام لەلایەنی ڕیسایكلینەوە كەموكوڕیی هەیە و هۆكارێكی پیسبوونی ژینگەیە، ئەم كەموكوڕییەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو كۆمپانیایەی كە كاری پاككردنەوە لە كۆیە دەكات، چونكە بڕیاربوو هەر خۆی كارگەیەكی ریسایكلین و جیاككردنەوەی زبڵوخاشاك دابمەزرێنێت، هاوكات كەموكوڕیمان لە ئامێرەكاندا زۆرە.
بەرنامەی قیرتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكان
سەبارەت بە خراپی هەندێ كۆڵان و شەقامی چەندین گەڕەك كە تا ئێستا شۆستەیان بۆ نەكراوەو قیڕتاویش نەكراون، قایمقامی قەزای كۆیە روونی كردەوە كە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا كۆڵان و شەقامەكانی 16 گەڕەكمان قیڕتاو و كۆنكرێت كردووە و بوودجەیەكی زۆریشمان خەرجكردووە بۆ پڕۆژەكانی ژێر زەوی بەتایبەتی بۆ دروستكردنی ئاوەڕۆ، بەڵام ئێستاكەش ژمارەیەكی زۆر گەڕەك ماون كە كۆڵان و شەقامەكانیان شۆستەو قیڕتاویان نییە و هەندێ لەو گەڕەكانە لەمبارەوە زۆر بێسەروبەرو خراپن. هەر بۆیە بەرنامەو پلان هەیە بەپێی ئەو بودجانەی بۆمان تەرخان دەكرێت كار لەسەر شۆستەو قیڕتاوی ئەو گەڕەكانەش بكەین ئەویش پاش تەواو بوونی ئاوەڕۆیەكانیان.
كۆمپانیاكانی نەوت هیچ پرۆژەیەكیان بۆ جێبەجێ نەكردووین
ئەوەی پەیوەندیی هەیە بەو نەوتەی لە سنوورەكە دەردەهێنرێت قایمقامی قەزای كۆیە باسی لەوەكرد كە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەكی نەوت بە ئێمە نەدراوە و كۆمپانیاكانی ئەم بوارەش هیچ جۆرە پڕۆژەیەكیان بۆ سنوورەكە ئەنجام نەداوە، سەرەڕای هەموو ئەوانەش ساڵی ڕابردوو زیاتر لە دوو ملیار دینارمان لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگا لەو ڕێگا ناوخۆیەی سەنتەری قەزاكە خەرجكردووە كە بە هۆی هاتوچۆی تانكەرەكانی نەوتەوە تێكچووبوون . بۆ ئەوەی سوود لەو نەوتە وەربگرین و بڕە پارەیەك بۆ هەندێ پڕۆژە تەرخان بكەن قسەمان لەگەڵ وەزیری سامانە سروشتییەكان كردووە و بەڵێنیان پێداوین كە لەو نەوتەی لە سنوورەكە بەرهەم دێت و بە ناو سەنتەری شارۆچكەكە دادەڕوات بڕە پارەیەكمان پێ بدەن، لێرەدا داواكارین ئەگەر هیچ پارەیەك بۆ سنوورەكە تەرخان ناكەن، با لایەنی كەم بۆ هاتوچۆی تانكەرەكان رێگایەك لە دەرەوەی سەنتەری قەزاكە دروست بكەن، چونكە ئێستاكە مەترسی و گلەیی زۆر لەلایەن خەڵكەكە هەیە لە هاتوچۆی ئەو تانكەرانە بەناو كۆڵانەكانی قەزاكەدا هاتوچۆ دەكەن.
لەكۆتایی دا سەبارەت بە دەسەڵاتی كارگێریی و دارایی قایمقامی كۆیە وتی: تا ئێستا كەمترین دەسەڵاتی كارگێڕیمان هەیە و هیچ دەسەڵاتێكی دارایمان نییە، بۆیە ناتونین بچوكترین هاوكاری پێشكەش بە خەڵك بكەین، بۆ دابەزاندنی دەسەڵاتی كارگێڕیی و دارایی قسەمان لەگەڵ سەرۆكایەتی حكومەت و لایەنی بەرپرس كردووە . ئەمەو قایمقامی كۆیە پارەی پەرەپێدانی پارێزگای بەباشترین بودجە لەقەڵەم داو سوپاسی هەریەك لەپارێزگاری هەولێرو جێگرەكەی كرد كە لەماوەی رابردوودا زۆر هاوكاریان بوونە و بەگوڕو جیدین بۆ زیاتر خزمەتكردن و ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و گەشەكردنی شاری كۆیە، هەروەها لەو كاتەی پارەی پەرەپێدان دەگاتە پارێزگا زۆر بەپەلەو بەخێرایەكی زۆر بودجەكە دابەش دەكەن و دەگەیەننە قایمقامییەت بۆ ئەوەی بە زووترین كات پڕۆژەكان دەست پێ بكات .