د. عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ (گوڵان): دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتیان و دروستكردنی ئاوەڕۆو خزمەتگوزارییە سەرەكیەكانی شارەوانی لەبودجەی ئەمساڵدا

د. عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان               بۆ (گوڵان): دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتیان و دروستكردنی ئاوەڕۆو خزمەتگوزارییە سەرەكیەكانی شارەوانی لەبودجەی ئەمساڵدا
عەلی سندی وەزیری پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم دیمانەی گۆڤاری گوڵان دا باس لەدوا ووردەكارییەكانی پرۆژە یاسای بودجەی 2013 ی هەرێمی كوردستان دەكات كە بڕی 5 ترلیۆن دیناری عێراقی تەرخانكراوە بۆ پرۆژەكانی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەەپێدانی پارێزگاكان و تێیدا شارەوانی و خزمەتگوزارییەكانی پشكی شێریان بەركەوتووە، هاوكات لەبودجەی ئەمساڵدا دروستكردنی خانوو بۆ خەڵكی كەم دەرامەت لەخۆدەگرێت، وەزیری پلاندانان بەراوردكردنی كارو پرۆژەكانی ئێستاو ساڵانی رابردوو بە پێوەرێكی دادەنێت بۆ دابین كردنی پێداویستی و كەمكردنەوەی كەموكوڕییەكان. هاوكات لەساڵی نوێ چەندین پرۆژە بۆ ناوچە كوردستانییەكان لەدەرەوەی هەرێم جێبەجێ دەكرێت. وەزیری پلاندانان لەم دیمانەیەدا وەڵامی چەندین پرسی تری پەیوەنداری بە كاری داهاتووی وەزارەتەكەیانی دایەوە؛ كەلێرەدا دەقی وەڵامەكانی بەڕێزیان بڵاودەكەینەوە ..
*ئێستا وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم سەرقاڵی چ پرۆژەیەكەو رەشنووسی روانگەی هەرێمی كوردستان بۆ 2020 بەكوێ گەیشت؟
-وەزارەتی پلاندانان كە ژمارەیەك ئەركی پێسپێردراوە كە گرنگترینیان: ئامادەكردنی بودجەی وەبەرهێنانی ساڵانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان - ئامادەكردن و هەماهەنگیكردنی پلانەكانی گەشەپێدان لەنێوان كەرتە جیاجیاكاندا و داڕشتنی پلانی ستراتیژی - هاوكاری و هەماهەنگیكردن لەگەلأ لایەنە بیانییەكان كە لە بواری پەرەپێدان كاردەكەن لە عیراق و هەرێمی كوردستان وەك ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان و بانكی نێودەوڵەتی - پەرەپێدانی توانستی فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم و هەروەها ئەنجامدانی زۆر چالاكی رووپێوی لە بواری جۆراوجۆردا لەرێگای دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان كە سەر بە وەزارەتی پلاندانانە، هەروەها بە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەلأ وەزارەتەكانی كشتوكالأ و تەندروستی دەستەی پێوانەسازی و كۆنتڕۆڵی جۆری سەر بە وەزارەتی پلاندانان هەڵدەستێت بە ئەنجامدانی پشكنین و كۆنترۆڵكردنی ئەو شتومەك و كاڵایانەی دێنە ناو هەرێمی كوردستان. كە ئەم كارانەش بە درێژایی سالأ بەردەوامە.
ئێستا وەزارەتی پلاندانان بەشێوەیەكی تایبەت سەرقاڵی پڕۆژەی بودجەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە كە بەر چەند رۆژێك لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەندكرا و رەوانەی پەرلەمانی كوردستان كرا بەمەبەستی دیراسەتكردنی و دواتر گفتوگۆكردن لەسەری، هەروەها وەزارەتی پلاندانان رەشنووسی دیدگای هەرێمی كوردستان بۆ 2020 ئامادەكرد، كە تیایدا دیدگای حكومەتی هەرێم لەسەر چۆنیەتی پەرەپێدانی هەرێم دەخاتەڕوو. ئەم دیدگایە چوارچێوەیەكە بۆ كاركردن كە لەسایەیدا گشت وەزارەت و كەرتەكانی تر دەتوانن ئامانج و سیاسەتەكانیان بە ووردی دابڕێژن و، بەگشتی ئامانجی ئەم دیدگایە لەوەیە كە خەڵكی هەرێمەكەمان سوودمەندبن لە ئازادی، تەندروستی، بەرقەراری ئاسایش، خۆشگوزەرانی و بوونی دەرفەتی كار و ئابووری.
* وەكو كەسێكی شارەزاو پەیوەندار بە داڕشتنی بودجەوە دەكرێت بزانین دوا ووردەكارییەكانی بودجەی ساڵی 2013ی هەرێمی كوردستان بەكوێ گەیشتووە و بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان چۆنە؟
- وەكو لەسەرەوە باسكرا، ماوەیەك بەر لە ئێستا ئامادەكارییەكانی پڕۆژەی بودجەی وەبەرهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ساڵی 2013 بەكۆتا گەیشت و رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران كرا بۆ پەسەندكردنی و لەوێشەوە نێردرا بۆ پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی گفتوگۆكردن لەسەری. بۆ ئەم ساڵیش نزیكەی بڕی پێنج (5) ترلیۆن دیناری عیراقی تەرخانكراوە بۆ پڕۆژەكانی بودجەی وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاكان.
* لەهەڵبژاردنی پرۆژەو ریزبەندی بودجە رەچاوی چی دەكرێت، ئایا ئەمساڵ ئەولەوییەت دراوە بەچی بەتایبەتی كە هەموو ساڵێك پلان دادەنرێت كەچی لە 10%ی پێداویستی وەزارەتەكان دابین دەكرێت ؟
- هەڵبژاردنی پڕۆژە و تەرخانكردنی بودجە بۆ سێكتەرەكان لەسەر بنەمای پێداویستی و ئەولەویەت دەبێت، كەرتی شارەوانی و خزمەتگوزارییەكان زۆرترین پشكی بەركەوتووە ئەمەش بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتیان، و دروستكردنی ئاوەڕۆ، قیرتاوكردنی شەقامە ناوخۆییەكان و خزمەتگوزارییەكانی تر. دواتر كەرتەكانی ئاوەدانكردنەوە و كارەبا و پەروەردە و تەندروستی و كشتوكالأ یەك لەدوای یەك دێن. هەروەها بودجەی ئەمسالأ دروستكردنی خانوو بۆ خەڵكی كەمدەرامەتیش لەخۆدەگرێت. جگە لەمەش، بنەمای تر رەچاوكراون لە تەرخانكردنی بودجەی هەر سێكتەر و وەزارەتێك كە بریتین لە توانای وەزارەتەكان لە خەرجكردنی بودجەی ساڵی پێشوو، ژمارەی پڕۆژەكان و هەروەها رێژەی جێبەجێكردنی پڕۆژەكان.
* ئایا ئەو بودجەیە دەتوانێت كۆی پرۆژانە تەمویل بكات كە خەڵكی ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان داخوازی دەكەن ؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام كاری كردووە و كاردەكات بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییەكان و چارەسەركردنی هەموو كەموكوڕییەكان، بەڵام ئەوەی راستییە پێداویستیەكان زۆر گەورەترن كە بتوانرێت لە ماوەیەكی كورتدا و بەو بڕە پارەیە پڕبكرێنەوە. ژمارەی دانیشتوانی كوردستان زیادی كردووە و پێویستی پڕۆژە سەرەكیەكانی ژێرخانیش وەكو ئاو، ئاوەڕۆ، كارەبا، رێگاوبان، نەخۆشخانە، قوتابخانە و خزمەتگوزارییە گشتییەكان روو لە زیادبوون دەكات. بۆیە چاوەڕوان ناكرێت لەم ساڵدا هەموو پێداویستی و كەموكوڕیەكان چارەسەر بكات، بەڵام وەكو باسمان كرد بەردەوام لە بەرەوپێشچوون داین كە ئەمەش بۆ هەموولایەك ئاشكرایە بەتایبەتی ئەگەر بەراورد بكرێت لە نێوان ئێستا و ساڵانی رابردوو.
* چۆن هاوسەنگی لەنێوان ناوچە جیاوازەكانی كوردستان لەدابەشكردنی پرۆژەكان دەكرێت?
- وەك باسمان كرد پێداویستی ناوچەكان لەبەرچاو دەگیرێت هەروەها رێژەی دانیشتوانی ناوچەكان فاكتەرێكی سەرەكییە لە ئەنجامدانی هاوسەنگی لە نێوان ناوچە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان.
* پێتوانییە پێویستە بۆ ساڵی داهاتوو بودجەیەكی زیاتر بۆ هاوڵاتیانی كوردو پرۆژەكان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم تەرخان بكرێت ؟
- حكومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی تایبەتی بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم و خەڵەكەكانی ئەم ناوچانە دەدات، بۆیە لە رەشنووسی پڕۆژەی یاسای بودجەی حكومەتی هەرێم بۆ ساڵی 2013 بڕێك بودجە تەرخانكراوە بۆ جیبەجێكردنی چەندین پڕۆژەی پێویست و گرنگ لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم. كە ئەمەش چاوەڕێی پەسەندكردنە لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە.
* ئایا پێتوایە لە پەرلەمانی كوردستان دوور لە حزبایەتی و ململانێ سیاسیەكانی نێوان پارتە سیاسیەكان بەتایبەتی لەنێوان پارتە فەرمانڕەواكان و ئۆپۆزسیۆن گفتوگۆیەكی زانستی و رێكوپێك بۆ رێكخستنی بودجەو چارەسەركردنی كەموكوڕییەكانی بەڕێوەدەچێت ؟ یا وەكو ساڵانی تر گفتوگۆكان لەچوارچێوەیەكی سیاسی و حزبایەتی بەڕێوەدەچێت؟
- هیوادارین كە هەموو لایەنێك بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و خەڵكی هەرێم بەگشتی بخاتە سەرووی هەموو شتێكی كەسی و یان حیزبی و تەنها زانستیانە و بابەتیانە لە پڕۆژەكی بودجەی حكومەتی هەرێم بكۆڵێتەوە نەك بۆ هیچ مەرامی تر كە زیان بە هەموو لایەنێك دەگەێنێت.
*ئایا پلانی ئابووری كە ماوەیەكە وەزارەتی پلاندانان سەرقاڵێتی بەكوێ گەیشت؟
ئەوەی مەبەستە لەم پرسیارە دیدگای هەرێمی كوردستانە بۆ 2020 كە كەرتی ئابووری تیایدا لایەنێكی سەرەكی یە، چونكە هیچ پەرەپێدانێك بەبێ بوونی ئابووریەكی پتەو و تۆكمە بەدینایەت. وەكو لە سەرەتادا باسكرا وەزارەتی پلاندانان رەشنووسی ئەم دیدگایەی تەواو ئامادەكردو و وێنەیەكی نارد بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەمەبەستی دیراسەتكردنی و دەوڵەمەندكردنی بە را و سەرنجەكانیان.
* پرۆسەی سەرژمێری چی بەسەر هاتووە ئایا بۆچی ئەم پرۆسەیە دوادەخرێت؟
- گرنگی و پێویستی عیراق بەگشتی و هەرێمی كوردستان بە تایبەتی بۆ ئەنجامدانی پڕۆسەی سەرژمێری ئاشكرایە. لە هەموو وڵاتانی جیهان ئەم پڕۆسەیە بایەخێكی تایبەتی پێدەدرێت، چونكە رۆڵی سەرەكی دەبینێت لە بەڕێوەبردن و پەرەپێدانی سەرجەم لایەنەكانی ژیانی كۆمەڵگە. داڕشتنی هەر پلانێك و سیاسەتێك لە هەر بوارێك بێت سیاسی، كۆمەڵایەتی، ئابووری، هتد. پێویستی بە ئامار و زانیاری تەواو و دروست هەیە كە سەرەتا لە دیاریكردنی رێژە و ژمارەی دانیشتوانی وڵات بەگشتی و ناوچەكانی دەستپێدەكات. بۆیە جێگای داخە كە بەردەوام ئەم پڕۆسەیە دوادەخرێت كە پاڵنەری سیاسی هۆكاری سەرەكیە لەم دواخستنە. حكومەتی هەرێمی كوردستان لەلایەن خۆیەوە هەمیشە بانگهێشتە بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆسەیە دەكات و هاندەرێتی.
* پێت وایە بەپێی پێویست توانیبمان سوود لەو رێكخراوانە وەربگرین كە پەیوەندییان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە ؟
- هەرێمی كوردستان لە رووی پەرەپێدانەوە پەیوەندی پتەوی بەستەوە لەگەلأ ژمارەیەك ئاژانس و رێكخراوی نێودەوڵەتی كە لەوانە ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان، یەكێتی ئەوروپی، بانكی نێودەوڵەتی، ئاژانسیUSAID ئەمریكی، ئاژانسی (كۆیكا)ی كۆریای باشوور، و ئاژانسی (جایكا)ی ژاپۆنی و هتد. وەزارەتی پلاندانان لەگەلأ ئەم ئاژانسانە كاردەكات لەسەر بەرنامە و پڕۆژەی پەرەپێدانی جۆراوجۆر وەك پەرەپێدانی كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت، بەرنامەی سەروەری یاسا، ژینگە، تەندروستی، پەروەردە، خێزان، ئافرەت، مندالأ و زۆرێك لە بواری تر. ئەم ئاژانس و رێكخراوانە هاوكاریمان دەكەن بۆ باشتركردنی شێوازی رووبەرووبونەوەی كۆسپ و تەگەرەكان و بەدیهێنانی ئامانجەكانی پەرەپێدان لەرێگای پەرەپێدانی سیستەمەكان و ئەنجامدانی خولی راهێنان لە ناوە و دەرەوەی هەرێمدا و جێبەجێكردنی بەرنامەكان.
* تاچەند توانیومانە لەرووی پەرەپێدانی مرۆیی یەوە پەرە بە سەرمایەی مەعریفی بدرێت، بەتایبەتی كە ئێوە خاوەنی بەڕێوەبەرایەتیەكی گشتین بەو ناوەوە؟
- یەكێك لە ئەركەكانی وەزارەتی پلاندانان پەرەپێدان و بەرزكردنەوەی ئاستی زانستی و مەعریفی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستانە. بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت هەڵسا بە دامەزراندنی ئەنستیتۆی كوردستان بۆ بەڕێوەبردنی گشتی كە سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرەپێدانی مرۆییە كە ئاماژەت پێكرد. ئەم ئەنستیتۆیە هەڵدەستێت بە كردنەوەی خولی راهێنانی جۆراوجۆری گشتی و تایبەت بۆ هەموو ئاستەكانی وەزیفی كە ئەمەش بەرهەمەكەی لەگەڵ كاتدا دەردەكەوێت، بەردەوامیشین لە كاركردن بۆ پەرەپێدان بە بەرنامە و خولەكانی راهێنان تاكو باشترین ئەنجام لەم بوارە بەدەست بێنین.
Top