خورماتوو. .پشتگوێخستنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و لەشكركێشی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، لەپێناو كۆچپێكردنی كوردەكانە

خورماتوو. .پشتگوێخستنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و لەشكركێشی ئۆپەراسیۆنی دیجلە، لەپێناو كۆچپێكردنی كوردەكانە
كاتێك لەساڵی 1976 توزخورماتوو ناسراو بە(خورماتوو) لەپارێزگای كەركووك جیاكرایەوەو هەیكەلەی ئیداریی خرایە سەر سنووری پارێزگای سەڵاحەددین، درێژەپێدەری ئەو پیلانە شۆڤێنی و رەگەزپەرستییە بوو كە لەلایەن رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا لەم ناوچەیەدا بەناوی جیاجیای تەرحیل و تەبعیس و دواتر پرۆسەی ئەنفال و راستكردنەوەی ناسنامەی نەتەوایەتی دژ بەكوردەكان دەگیرانەبەر، ئەمەش بۆ كەمكردنەوەی رێژەی كورد بوو لەقەزایەكدا كە پێكهاتەكەی لەسەرووی90%ی كورد بوو، ئەم بارودۆخە تا ئەمڕۆ درێژەی هەیە و هاتنی هێزی ئۆپەراسیۆنی دیجلەو یەكەكانی تری سوپای عێراق و دروستكردنی پۆلیسی ئیتحادیش تەواوكەری ئەو پیلانەیە.
خورماتوو لەساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوو 5 ناحیەی لە خۆدەگرت لە پاشان ناحیەی داقوق خرایە سەر كەركوك و لە ساڵانی 1987 و 1988 لە كاتی پرۆسەی (ئەنفال) ناحیەی قادركەرەمیش خرایە سەر پارێزگای سەڵاحەدین و ناحیەی نەوجوڵیش هەیكەلەی ئیدارەكەیان هەڵوەشاندەوە و بوو بە گوند، دواتر هەردوو ناحیەی قادر كەرەم و نەوجوڵ و 144 گوندی سنوورەكە هەر هەمووی تێكدران كە لە 100%ی دانیشتووانەكانیان كوردبوون. لەدوای رووخانی رژێمی بەعسیش بەپێی پێویست و كاولكاری ناوچەكە كارو پڕۆژە بۆ قەزاو سنوورەكەی نەكراوەو گوندەكانی بەگشتی ئاوەدان نەكراوەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەم سنوورە بەناوچە كوردستانیەكان لە دەرەوەی هەرێم دادەنرێت لایەن حكومەتی هەرێمیش بەكەمی كارو ئیشی بۆ ئەو سنوورەكە كردووە. لەبەسەركردنەوەیەكی گۆڤاری ( گوڵان ) بۆ خورماتوو خەڵكی قەزای خورماتوو گلەیی و رەخنەیان لە حكومەتی ناوەندی هەبوو كە ئاوڕی لە پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی خورماتوو و ناوچەكە نەداوەتەوە، هاوكات داوا لەسەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان دەكەن هێزی پێشمەرگە لەناوچەكەیاندا بهێڵێتەوەو حكومەتی هەرێمیش كارو پرۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ ئەنجام بدات.
هاووڵاتییەكی خورماتوو:
كاتێك خراینە سەر پارێزگای سەڵاحەدین بەتەواوەتی پشتگوێ خراین و كارو پرۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ نەكردین
لەگەڵ گەیشتنی هێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەی خورماتوو بارودۆخە ئاڵۆزو ناسەقامگیرییەكەی كە بەهۆی لەشكركێشی هێزی ئۆپەراسیۆنی دیجلەوە كەوتەوە هێوربووەو هاووڵاتییان ئارام بوونەوە، بەوەی چیتر هێزەكانی ئۆپەراسیۆنی دیجلە و پۆلیسی ئیتحادی هەڵناكوتنە سەر ماڵی هاووڵاتیان و حكومەتی هەرێمیش ئاوڕێكی جیدییان لەبوارەكانی خزمەتگوزاریی لێدەداتەوە، لەناوچەیەكدا كە بەدرێژایی حوكمڕانی عێراق غەدریان لێكراوەو لەهەموو خزمەتگوزاری و پرۆژەیەك فەرامۆشكراون، لەمبارەیەوە لە ناو سەنتەری قەزاكە هاووڵاتی كەمال سەلام كە بەڕەگەز توركمانە وتی: پێكهاتەكانی خورماتوو بە كوردو توركمان و عەرەبەوە سەڕەرای نانەوەی دووبەرەكی لەلایەن رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی عێراق، بەڵام پێوەندی باش و بەهێزمان لە نێوانماندا هەیەو مەرام و پیلانەكانی شۆفێنیەكان نەچۆتە سەر، گەرچی لەدوای ساڵی 2003 وە حكومەتی ناوەندی ئاڵۆزی و ئاشوپی بۆ ئەو ناوچەیە ناوەتەوە. كێشەی سەرەكی ئێمە كاتێك بەتەواوەتی ئاڵۆز بوو كە دەسكاری هەیكەلەی قەزاكەمانیان كردوو لە كەركوك لادراین و خراینە سەر پارێزگای سەلاحەدین، تا ئێستاش حكومەتی بەغدا زۆر بەكەمی كارو پرۆژەی خزمەتگوزاری بۆ كردووین و بەئاشكرا هەست بەپشتگوێخستنی دەكەین. لەسەرجەم بوارەكانی ئاویخواردنەوەو شەقام و كۆڵانەكان و خزمەتگوزارییە شارەوانییەكان كەموكوڕیمان هەیەو كەمترین قیرتاوو خزمەتگوزاری شارەوانیمان بۆ ئەنجامدراوە. كەموكوڕی زۆر لەقوتابخانەو نەخۆشخانەكاندا هەیە، هەر لەمبارەیەوە لەگەڕەكی مستەفا ئاغا هاووڵاتی كازم عەلی ئاماژەی بەبوونی كێشەی خزمەتگوزاری كردوو پێی وابوو سەڕەرای بوونی ئەو هەموو كێشە خزمەتگوزارییە، بەڵام ئەوەی بۆ ئەوان وەكو دانیشتووانی قەزاكە گرنگە پاراستنی باری ئاسایشی شارو قەزاكەیانە، ئەم هاووڵاتییە زیاتریش وتی: هەرچۆنێك بێت لەم چەند ساڵەی دواییدا لەئاكامی ئەو هێزانەی پۆلیس و ئاسایش كە لە شارەكەدا بوونیان هەیە بارودۆخەكە ئارام كراوەتەوە، بەڵام ماوەی مانگێكە بەهۆی هاتنی هێزی پۆلیسی بەناو ئیتحادییەوە بارودۆخەكە تێكچووەو نائارامی رووی تێكردوین، نامتمانەو دڵەراوكێی خستۆتەوە ناو دانیشتووان و كاروكاسبیمان بێبازاڕی پێوە دیارە.
هەر سەبارەت بەخراپی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و لەگەڕەكی جەمیلە هاووڵاتی نوری سەعید رەخنەو گلەیی لەكەمی و خراپی ئاویخواردنەوە كردوو وتی: بەپێی پشكنین و لێكۆڵینەوە تەندروستییەكان دەركەوتووە كە ئاویخواردنەوەكەمان پاكوخاوێن نییە، هەربۆیە پێویستە سەرچاوەی ئاوەكانمان پاكژبكرێنەوەو تۆڕەكانی ئاویخواردنەوەش چاكبكرێت، چونكە قەزاكەمان فراوان دەبێت و ئێستاكە هەست بەكەمی ئاویخواردنەوەش دەكرێت، ئەم هاووڵاتییە هاوكات باسی لەخراپی شەقام و كۆڵانەكان كردوو داوای لەحكومەتی هەرێم كرد هەڵمەتێكی قیرتاوو چاككردنی شەقام و ڕێگاوبانەكان ئەنجام بدات، لەلایەكی ترەوە ئاماژەی بەخراپی ئاستی خوێندنی كوردی كرد كە بیناكانیان كۆنەو كەموكوڕی زۆر لە ڕووی مامۆستاو پێداویستییەكانی خوێندن هەیە. سەبارەت بەگوندەكانی سنووری خورماتوو كە ژمارەیەكی بەرچاو لەم گوندانە ئاوەدان نەكراونەتەوە بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری و نەگەڕانەوەی زەوییە زەوتلێكراوەكان بۆ خاوەنە كوردەكانیان، بۆیە لێرەدا داواكارین لەحكومەتی هەرێمی كوردستان ئەم گوندانە وەكو هەموو گوندەكانی تری هەرێمی كوردستان كارو پرۆژەی خزمەتگوزاری و ئاودێرییان بۆ بكرێت، چونكە جێی داخە لەم سنوورە تا ئێستا حكومەتی هەرێم هەوڵێكی بۆ گەڕانەوەو ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان نەداوە، ئەمەش تەنیا بەئەنجامدانی پرۆژە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان دەبێت بەتایبەتی راكێشان و دروستكردنی ڕێگاوبانەكان . سەبارەت بەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كارەبا هاووڵاتی ئەحمەد عەزیز وتی: بەبڕیارێكی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕی 10 مێگاوات كارەبا بەقەزاكەمان درا كە تا مانگێك پێش ئێستا رۆژانە 20 كاتژمێر كارەبامان هەبووە، گەرچی ئێستا بەهۆی هاتنی وەرزی سەرماوە كەمێك ماوەكانی پێدانی كارەبا كەمبووەوە، بەڵام خەڵكی ئەم سنوورە پێدانی كارەبایان لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە بەبڕیارێكی بووێرو بەرز هەڵسەنگاند. هاووڵاتی موعتەسەم عەلی كە دانیشتووی گەڕەكی كۆمارییە لەبواری پرۆژە خزمەتگوزارییەكان گلەیی هەیەو پێی وایە پێویستە حكومەتی هەرێم پرۆژەو كاری چالاكی خزمەتگوزارییان بۆ ئەنجام بدات.



بۆ وەڵامی رەخنەو داواكارییەكانی هاووڵاتییان و تیشك خستنە سەر چەندین بابەتی هەنووكەیی تر سەردانی شەلال عەبدال قایمقامی قەزای خورماتوومان كردوو بەمجۆرە رای خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.
ماددەی 140 لە ناوچەكە بلۆك كراوە
سەرەتا سەبارەت بەبارودۆخی شارۆچكە و ناوچەكە قایمقامی خورماتوو وتی: بارودۆخی ناوچەكە لە(16/11/2012)ەوە بەهۆی دروستبوونی هێزی دیجلە و هاتنی پۆلیسی ئیتیحادی و لەشكركێش سوپای حكومەتی ناوەند ئاڵۆزییەكی پێوە دیارە، گەرچی لەكاتێكدا هێزی دەرەكی وەكو ئەم هێزانەی ئێستاكە هاتوون نەهێنە ناو قەزاو سنوورەكە ئەوە بارودۆخی ئێمەو خەڵك و شارۆچكەكە زۆر باش و پارێزراوە، چونكە ئەو هێزانەی دێنە ناو سنوورەكە وەكو ئەوانەی ئێستا راستەوخۆ گرژی و ئاڵۆزی دەنێنەوە، چونكە هەموو خەڵكی قەزاكە بە هەموو پێكهاتەكانەوە قبوڵی ئەو هێزەو فەوجە دەرەكیانە ناكەن، ئەو بارودۆخەی ئێستاكە هاتۆتە پێش كاریگەری لەسەر ژیان و كارو كاسبی هاووڵاتیان دروست كردووە بەتایبەتی لەڕووی ئابووری و كارو مامەڵەی رۆژانەدا و دڵەڕاوكێ بە خەڵكەكەوە دیارە و سستی لەبازاڕ دروست كردووە، چونكە نزیكەی 10ساڵ دەبێت خەڵكەكە خەریكی ژیانی رۆژانەی خۆیانن و زرێپۆش و ناقیلەو زیلی سەربازی و هێزو لەشكریان نەدیتوە و ئەوەی ئێستاكە دەیبینن و روودەدات خەڵكەكەی شڵەژاندووەو لەسەرەتای بارودۆخی ئەم دواییە كارەكە بەم شێوەیەو لەم ئاستەدا نەبوو كە مەترسی لێ بكرێت، بەڵام دیارە لە پشت ئەو بارودۆخ و لەشكركێشیەی حكومەتی عێراق بۆ سنوورەكە كۆمەڵێك كارو كێشەو مەرام و بابەتی سیاسی دیكەی لە پشتە كە لە عێراقە كەڵەكەبووە و ئەمانەش وایكرد لەم سنوورەوە كێشە و ئاڵۆزیەكان بتەقێتەوە و خەڵكیش بۆ خۆی لە هەندێ كارو بابەتە پڕە بەتایبەتی لەوەی كە تا ئێستا مادەی 140ی دەستوور نەك بەتەواوی جێبەجێ نەكراوە، بەڵكو ئەو مادەیە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە پشتگوێ خراوەو لە سنوورەكەدا هیچ هەنگاوێكی بۆ نەنراوە.
پۆلیسی ئیتیحادی كۆگای گەنمی جوتیارانی داگیركردووە
سەبارەت بەوی ئەم هێزو فەوج و سوپایەی عیراقی كە هاتوونەتە ناو شارۆچكەو سنوورەكە موڵك و زەوی و باڵەخانەی هاووڵاتیانیان داگیركردووە قایمقامی قەزای خورماتوو گوتی: تا ئێستاكە لەسەر موڵك و زەوی خەڵك نین، بەڵام هەوڵیانداوەو دەیانەوێت بچنە سەر زەوی و خانووی خەڵك و شوێن و باڵەخانەی حكومی و گشتی تاوەكو بمێننەوە و جێگیربن، هەر بۆ نموونە هێزێكی پۆلیسی ئیتیحادی هاتوونە ناو قەزاكە و شوێنێكمان بۆ وەرگرتنی گەنم و جۆ دروستكردووە دەستیان بەسەر داگرتووە و هێزی دیكەش هاتوون و هەوڵیان هەبووەو هەیە كە هەندێ شوێن و زەوی و باڵەخانە هەیە داگیری بكەن و لێی بمێننەوە، بەڵام ئێمە بە هەموو تواناوە بەرەنگاریان بووینەوە و قبوڵمان نەبووە كاری لەمجۆرە بكەن، لەبەر ئەوەی ئەو هێزانەی حكومەتی عیراق هێناویەتی بۆ كاری باش و بنیادنەر و بەرژەوەندی خەڵك و سنوورەكە نییە و دەیانەوێت بەهەر جۆرێك بێت شوێنی خۆیان قایم بكەن و مەبەستی سەرەكیان مانەوەیە لە سنوورەكەو نانەوەی ئاژاوەو ئاڵۆزی و بێزاركردنی دانیشتووانەكەیە بەتایبەتی كوردەكان، ئەگەر هەر رێككەوتنێكیش بكرێت ئەوە دەبێت رەچاوی ئەوە بكەن كە ئێمەو خەڵكی قەزاو سنوورەكە تەنیا قبوڵی هێزی پۆلیس ناوخۆ دەكەین كە پێشتریش هەبوونەو پارێزگارییان لە سەرو ماڵی هەموو لایەكمان كردووە و بەهیچ جۆرێك قبوڵی مانەوەی هێزی پۆلیسی ئیتیحادی و ئەو فەوجانە ناكەین كە لە پارێزگای سەڵاحەدین یا شوێنی دیكە هاتوون.
هێزی پێشمەرگە جەماوەریان لەپشتە
سەبارەت بە هاتنی هێزی پێشمەرگە و راوبۆچوونی خەڵكەكە قایمقامی قەزای خورماتوو گوتی: خەڵكی شارۆچكەو سنوورەكە بە هەموو پێكهاتەكانی بە هاتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان زۆر دڵخۆشن و خەڵك گەیشتۆتە ئەو هەقیقەت و راستیەی كە سنوورەكەیان بەشێكی دانەبڕاوە لە كوردستان و هێزێكی دڵسۆز و گیانفیدا هەیە كە ئەویش پێشمەرگەیە بەرگری لە گیان و ماڵ و موڵك و خاكەكەیان دەكات، بەڵگەش بۆ ئەم ئاماژەیە ئەوەیە لەو كاتەی هێزی پێشمەرگە بۆ هێوركردنەوەی سنوورەكە هاتووە هەر هەموو خەڵك و خۆشەویستانیان نان و خواردن و ئاو و هەرچی پێویستیان بێت بۆیان دەبن و رۆژانە بە سەدەها خێزان و كوڕو كچی كورد لە سنوورەكە و لە هەموو كوردستان سەردانیان دەكەن و خەڵكی خۆمان ئامادەن لە هەر رووبەڕووبوونەوەیەك ئەگەر رووبدات بچنە پاڵ پێشمەرگەو ببن بە پێشمەرگە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەو هێزەی عێراق لەو رۆژەی بۆ سنوورەكە هاتووە نەك جەماوەر، گەرچی سەركردەیەك لە هێز و سوپای خۆشیان(عیراق) سەردانیان نەكردوون و هێزەكان زۆر بێزار و لە دڵەڕاوكێدان.
كێشە خزمەتگوزارییەكان و فەرامۆشكردنی خورماتوو
سەبارەت بەو كێشەو گرفتە كەڵەكەبووانەی لەم ناوچەیەدا بۆ چارەسەر ماونەتەوە قایمقامی خورماتوو پێی وایە ئەو كێشەو گرفتانەی پێش كەوتنەوەی ئاڵۆزییەكانی ئەم دواییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەتی ناوەندی نەیوویستووە چارەسەری بكات، جێبەجێ نەكردنی ماددەی 140ی دەستووریش لەو چوارچێوەیەدا دێت، لەمبارەیەوە قایمقامی خورماتوو زیاتریش وتی: كوردەكان لەقەزای خورماتوو جگە لەوەی لەدامەزراندن بێبەشن و لەیەكەكانی سەربازی و پۆلیسی ئیتحادیش بوونیان نییە، ئەمە هاوكاتە لەگەڵ پشتگوێخستنی تەواوی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان هەربۆ نموونە لەساڵی 2012 تەنیا 13 ملیار دینار بۆ هەموو كارو سێكتەرەكانی خورماتوو تەرخانكرابوو كە ئەم بڕە پارەیەش بەشی یەك پرۆژە دەكات. كێشەو گرفتی خزمەتگوزاری وامان هەیە كە زۆر لەم بڕە پارەیەش بۆی تەرخان بكرێت ناتوانین چارەسەری بكەین. هەربۆیە خەڵكەكە لەكەمی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و ئەنجامدانی كارەكان و پشتگوێخستنی جێبەجێكردنی بڕیاری 140 نائومێدن كە زۆرجار هەوڵیانداوە بەتەواوەتی لەپارێزگای سەڵاحەددین بلۆكی بكەن، كە هەموو هەوڵەكانی تایبەت بەماددەی 140 جێگای ئومێدی خەڵكی نییەو كاریگەری لەسەر گەڕانەوەی خەڵكی نەبووە بۆ ناوچەكە. ئەمەو قایمقامی خورماتوو گلەیی ئەوە دەكات، لەكاتێكدا هەموو كارە ئیدارییەكانیان لە95%ی لەسەر كەركووكە كەچی هێشتا هەر لەسەر پارێزگای سەلاحەددین ماونەتەوە.
سەبارەت بەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان چی خزمەتگوزاری و پرۆژەیەكی لەم ناوچەیەدا جێبەجێ كردووە قایمقامی خورماتوو دەڵێت: گەرچی حكومەتی هەرێمی كوردستان هەندێ پرۆژەی گرنگی لەم سنوورە ئەنجامداوەو هەروەها پێدانی 100 پلەی وەزیفی لەساڵی 2011 و 175 پلەی وەزیفی تریش لەساڵی 2012 پێمان دراوە. بەڵام لەئاست ئەو وێرانكاری و فەرامۆشكردنە نییە و لەئاست ماندووبوون و قوربانییەكانی خەڵكەكەشدا نییە، بۆ ئەم مەبەستەش ئەمساڵ سەردانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانمان كردوو لەدەستپێشخەرییەكدا 10 مێگاوات كارەبای بۆ هەموو پێكهاتەكانی قەزاكە دابین كردوو بڕی پێدانی كارەبا زۆر زیادیكردوو بووە هۆی دەستخۆشكەری هەموو پێكهاتەی قەزاكە (كوردی و عەرەبی و توركمانەكان) كە دروشم و لافیتەكانی سەر دیواری خورماتوو شاهیدی ئەو ڕێزلێنان و بەرز راگرتنی هەڵوێستی سەرۆكی هەرێمن.
گوندە وێرانكراوەكانی كورد
سەبارەت بەگوندەكانی ناوچەكە كە تا ئێستا 144 گوندی كاولكراو هەیەو تا ئێستا ژمارەیەكی زۆری لێ ئاوەدانكراونەتەوە قایمقامی خورماتوو ئەوەی روونكردەوە كە هەر 144 گوندە وێرانكراوەكە كوردن و پێویستە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە لە ڕێگای گەیاندنی كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە ئاوەدانیان بكاتەوە تاوەكو كوردە رەسەنەكە بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان، چونكە نەبوونی خزمەتگوزاری لەپاڵ مەترسی تیرۆر و كوشتن وایكردووە ژمارەیەكی زۆری كورد لەناوچەكەدا كۆچ بكەن، گەرچی لەگەڵ هاتنی هێزی پێشمەرگە كۆچكردنی كوردان كەمیكردووە.
كەموكورییەكانی كەرتی پەروەردە
سەبارەت بەكێشەو كەموكوری كەرتی پەروەردە قایمقامی خورماتوو وتی: كەرتی پەروەردە بەتایبەتی خوێندنی كوردی چەندین كێشەو گرفتی پێوەندار بەنەبوونی مامۆستاو نەبوونی بینایەو كەرەستەی خوێندن هەیە، ناكرێت لەكاتێكدا باس لەفراوانبوونی پەروەردەی كوردی بكەین كەچی مامۆستای پسپۆری وانە زانستییەكان نەبێت، هاوكات حكومەتی ناوەندی جگە لەدامەزرانی چوار،پێنج مامۆستا هیچ مامۆستایەكی بۆ ئەم ناوچانە دانەمەزراندووەو بگرە بەڕێوەبەری خوێندنی كوردی بێ جێگاو بینایە، لێرەدا دەستخۆشی لەحكومەتی هەرێم دەكەم كە 30 مامۆستای لەكەلارو كفری بۆ خورماتوو گواستراوەتەوەو فەرمانیان دەرچووە كە تەنیا لە 50%ی كێشەی كەمی مامۆستامان بۆ چارەسەر دەكات، هەوڵیشمانداوە لەدامەزراندنی ئەمساڵ ژمارەیەكی تری مامۆستا بۆ خورماتوو دابمەزرێت. داواكارین زیاتر گرنگی بەخوێندنی كوردی بدرێت و میلاكات و پێداویستی و كەرەستەی خوێندنی كوردی چارەسەر بكرێت.
قایمقامی خورماتوو تەئكیدی لەوەش كردەوە كە لەكاتێكدا باس لەپرۆسەی خوێندنی كوردی دەكرێت كەچی دەرچووانی ئامادەییەكانیان لەزانكۆو پەیمانگاكانی هەرێم وەرناگیرێن، هەربۆیە پێویستە زیاتر بەدەنگمانەوە بێن و وەزارەتی خوێندنی باڵا خەمێك لەم كێشە گەورەیە بخوات و خەڵكەكەی بێبەش نەكەن لەپرۆسەی خوێندنی باڵا، لەكاتێكدا سەرجەم پرۆسەكە لەژێر چاودێری و خەرجی حكومەتی هەرێم بەڕێوە دەچێت كەچی بێبەشی دەكەن لەخوێندنی باڵا.
ماستەرپلانی رووخاندن و شێواندنی خورماتوو
سەبارەت بەنەبوونی ماستەرپلان و كێشەو گرفتەكانی فراوانبوونی ناوەندی قەزاكە قایمقامی خورماتوو پێی راگەیاندین حكومەتی ناوەندی تەنیا بەگۆڕینی هەیكەلی ئیداری و وێرانكاری و تەرحیلكردنی كوردەكان نەوەستا بگرە هەرچی زەوی و خاكی كوردانە خرانە سەر عەرەبە هاوردەكان، هەربۆیە نەك تەنیا ماستەرپلان و جوانكاری لە قەزاكە نەبوو، بەڵكو ماستەرپیلانی رووخاندن و شێواندنی خورماتوو جێبەجێ كراوە، تەنانەت لەو نەخشە بنەڕەتییە سەرەتاییەی كە هەمان بووە دەستێوەردان و شێواندنی لەسەر كراوە، لەخورماتوو ناوی كوردی لە گەڕەك و گوندەكانیش گۆڕدراون و بەتەواوەتی شارەوانی و پرۆژەكانی شێوێنراوە.
بنكەیەكی تەندروستی فریاكەوتن نییە
لە خورماتوو كەرتی تەندروستی بەتەواوەتی فەرامۆشكراوە و لەمبارەیەوە قایمقامی خورماتوو وتی: نەبوونی نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی لەسەرەكیترین كێشەكانی تەندروستییە لەم ناوچەیەدا، داوامان لەوەزیری تەندروستی حكومەتی عێراق كردووە و بڕیاردراوە نەخۆشخانەیەكی قەرەوێڵەیی دروست بكرێت و پرۆژەكەش چۆتە بواری جێبەجێكردنەوە، تا ئێستاش لەسەنتەری شارۆچكەكە بنكەیەكی تەندروستی فریاكەوتنمان نییە، ئەمە جگە لەوەی لەهەندێك گەڕەك بنكەی تەندروستیمان پێویستەو لەرووی میلاكاتیشەوە پێویستمان بەپزیشكی پسپۆرو شارەزا لەبوارەكانی ئافرەتان و بوارەكانی تردا هەیە.
كێشەی ئاویخواردنەوە
سەبارەت بەكێشەی ئاوی خواردنەوەش قایمقامی خورماتوو وتی : كێشەی ئاویخواردنەوەی خورماتوو گەورەترین گرفتی خەڵكەكە، ئەو پرۆژە ئاوە كۆنەی كە لەئاوی دوكانەوە بۆمان دێت و لە 80%ی ئاویخواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دابین دەكات، بەڵام مەرجی تەندروستی تێدا نییە. بۆیە لێرەدا دووبارە روودەكەمەوە حكومەتی هەرێم هەرچۆن كێشەی كارەباتان بۆ چارەسەر كردین داواكارین كێشەی ئاویخواردنەوەشمان بۆ چارەسەر بكەن، لەڕێگای لێدانی چەند بیرێكی ئیرتیوازی و دانانی كۆگای گلدانەوەی ئاویخواردنەوە.
خراپی ڕێگاوبان و شەقامەكان
سەبارەت بەخراپی ڕێگاوبان و قیرتاونەكردنی شەقام و كۆڵانەكان قایمقامی خورماتوو: روونی كردەوە كە كێشەو گرفتی خراپی ڕێگاوبان و قیرتاوو شۆستەی كۆڵان و شەقامەكان زۆرەو بودجەو بڕە پارەیەكی زۆری دەوێت و بەناچاری دواخراون بۆ كاتێكی تر، چونكە نەبوونی خزمەتگوزارییەكانی ئاوو پێداویستییەكانی تەندروستی و پەروەردەیی وایكردووە ئەم پرۆژانە بخرێنە ریزبەندی دواوە. لە لایەكی ترەوە ئێمە تا ئێستا لەپرۆژەكانی ژێرزەوی ئاوەڕۆ و ئاودا كەموكوڕیمان هەیە هەربۆیە ناتوانین پێش ئەنجامدانی ئەم پرۆژانە رووبكەینە پرۆژەكانی دروستكردنی ڕێگاوبان و قیرتاوكردنی شەقام و رێكخستنی كۆڵانەكان. بڕیاریشە پرۆژەیەكی ئاوەڕۆیی سەرتاسەری بۆ هەموو قەزاكە جێبەجێ بكرێت و بڕی 104 ملیار دیناری لەبودجەی پەرەپێدانی پارێزگای بۆ تەرخانكراوەو ئەمساڵ جێبەجێ دەكرێت.
Top