خورماڵ خانووەكانی بێ تاپۆن و كێشەی زەوی كشتوكاڵیشی زۆرە

خورماڵ خانووەكانی بێ تاپۆن و كێشەی زەوی كشتوكاڵیشی زۆرە
مێژووی دروستبوونی ناحیەی خورماڵ (شاری گوڵ عەنبەر) بۆ ساڵی 1925 دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی رۆڵی خەڵكەكەی لە بزووتنەوەی ئازادیخوازی كوردستاندا لەلایەن رژێمە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەتی بەغدا چەندین جار هێرشی كراوەتە سەرو تەواوی سنوورەكەی وێرانكراوە، دواتریش تا 2003 ئەم ناوچەیە بەپێی پێویست بایەخ و گرنگی پێ نەدراوە، هەر بۆیە هەتا ئەمڕۆش خورماڵیەكان روویان لەحكومەتی هەرێمی كوردستانە تاوەكو خزمەتگوزاریی باشترو پڕۆژەی زیاتر لەم ناوچەیە بە ئەنجام بگەیەنێت، چونكە كێشەو كەموكوڕیی خزمەتگوزارییان زۆرە، لەسەردانێكی تیمی گۆڤاری گوڵان بۆ ناوچەكە چەند هاووڵاتییەكمان لە نزیكەوە لە ناو گەڕەكەكانی شارۆچكەكە لەسەر كەموكوڕی و كێشە و گرفتە خزمەتگوزارییەكان دواند.
هاووڵاتیان :
خزمەتگوزارییەكان لە خورماڵ و گوندەكان لە ئاستی پێویستدا نین
ساڵی رابردوو لەسەردانێكماندا بۆ خورماڵ چەندین كەموكورتی و پێداویستی خزمەتگوزاریی خەڵكەكەمان خستەڕوو؛ ئەمساڵیش بەهەمان شێوە هاووڵاتیانی خورماڵ كۆمەڵێك كێشەی خزمەتگوزارییان ئاماژە پێدا كە تا ئێستاكە بۆیان چارەسەر نەكراوە، لەمبارەیەوە لە گەڕەكی ئەردەڵان هاووڵاتی مستەفا محەمەد پێیوایە كێشەی سەرەكیی زۆر لە دانیشتوانی ناحیەكەیان نەبوونی تاپۆی خانووەكانیانە، هەر بۆیە ئەم هاووڵاتییە داوا دەكات و بە ئەركی سەرشانی لایەنە پێوەندارەكانی دەزانێت كە مشورێكی جیدی ئەم كێشەیە بخۆن، هەروەها هاووڵاتی ئەحمەد حەمە ڕەشید لە گەڕەكی داڵانی سەبارەت بە گرفتی خراپیی ڕێگاوبان و شەقام و كۆڵانەكانەوە گوتی: گەڕەكەكەمان لە ڕووی كۆڵان و شەقامەوە زۆر بێ سەروبەرە، هەر سەبارەت بە خراپیی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەتایبەتی لەبواری ئاوی خواردنەوە هاووڵاتی هاوكار سەلام دانیشتووی گەڕەكی قەڵا ئاماژەی بەوەدا گەڕەكەكەیان لە بوارە خزمەتگوزارییەكاندا بە تایبەتی لە ڕووی ئاوی خواردنەوە پێویستی بە كارو پڕۆژەی ستراتیژی و باش هەیە، سەبارەت بە كەرتی تەندروستیش دوو ئافرەت بەناوەكانی نەرمین حەبیب و سازگار مەحموود ئاماژەیان بە كەموكوڕییەكانی كەرتی تەندروستی دا بەڕادەیەك گرفتی نەبوونی پزیشك و پزیشكی ئافرەتان وایانكردووە لە زۆر حاڵەتی نەخۆشی و پشكنینەكاندا سەردانی نەخۆشخانەكانی سلێمانی بكەن، هەر لە گەڕەكەكانی خورماڵی كۆن هاووڵاتی بەختیار حەمە ئەمین پێی وابوو، گەرچی خورماڵی كۆن ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتیان لە خۆدەگرێت، بەڵام لە رووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانییەوە بەتایبەتی لە بواری شەقام و كۆڵانەكانی هیچی قیڕتاو یا كۆنكرێتی بۆ نەكراوە. هەروەها هاووڵاتییەكی دیكە بە ناوی دیار ئەمین گوتی: خورماڵ لە گەشەكردن و ئاوەدانكردنەوەدایە بۆیە ساڵانە بە بەردەوامی پێویستی بە پڕۆژەی خزمەتگوزاریی سەرەتایی و سەرەكییەكان هەیە كە بخرێتە بەرنامەو پلان و لە رێزبەندی یەكەمدا بودجەیان بۆ تەرخان بكرێت، سەبارەت بە كەمی پێشكەشكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانیش لە گوندەكانی سنوورەكەدا هاووڵاتی تەیب عەلی گوتی: من خەڵكی گوندی زەڵمم و ماوەی دوو ساڵە خەریكی ڕێگایەكن بۆ ئەو گوندە دروستی بكەن تا ئێستا تەواو نەبووە و بڕیارە چەند خانووەكی هاووڵاتیانیش بەر ئەو ڕێگایە بكەوێت.
هاوكات هەر سەبارەت بەخزمەتگوزارییەكان لەناوچەی خورماڵ و گوندەكانی، هاووڵاتی ئایار ئەحمەد كە خەڵكی گوندی شیرەمەڕییە ئاماژەی بەوەدا كە لەبەر خراپیی باری گوزەرانی هاتۆتە سەنتەری ناحیەكە و كاری كرێكاری بە گرێبەست لە شارەوانی دەكات و حكومەت هیچ گرنگیی بە گوندەكەیان نەداوەو لەم ساڵانەی دوایشدا ئاو زۆر كەمی كردووە ناتوانرێت باخ و بێستانی پێ ئاو بدرێت.

هەر لەسەردانەكەدا داواكاری و ئەو پڕۆژەو كارانەی كە خەڵكەكە بەئەولەوییاتی دەزانن و كێشەو كەموكوڕیە خزمەتگوزارییەكان و چەندین پرسی دیكەمان ئاڕاستەی سمكۆ سالار بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ كرد.



ماستەرپلانی شارۆچكەكە تەنیا پەسندكردنی ماوە
سەرەتا سەبارەت بەگرنگی بوونی ماستەرپلان بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی شارۆچكەكە بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ گوتی: ماستەرپلانەكە تەنیا پەسندكردنی ماوە، هۆكاری دواكەوتنەكەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە كۆمەڵێك خانووی ناو سەنتەری شارۆچكەكە بەركەوتوون و ژمارەیەكی زۆر زێدەڕۆیی هەبووە كە دەبێت چارەسەری پێویستیان بۆ بدۆزرێتەوە و شوێن و ڕووبەری زەوی هەیە جێگای قوتابخانەو پارك و خزمەتگوزارین كراوەنەتە خانوو، هەروەها كۆڵان و شەقامەكان بەپێی پێویست و دیزاین نین، بەڵام كارو پڕۆژەكانی بەرفرەوانبوونی خورماڵ لەسەر نەخشەی بنەڕەتی و ئەو ماستەرپلانەی هەیە ئەنجام دراوە و شارۆچكەكە بەرەو هاوینەهەواری ئەحمەد ئاواو دێ كۆنەوە دەڕوات و لە بەرفرەوانكردنیشدا كێشەی زۆرمان دێتە پێش و هەر بۆیە گلەیی زۆرمان لەمبارەوە لە وەزارەتی كشتوكاڵ هەیە، چونكە ئەو زەویانەی لەو سنوورانەدا هەن، وەزارەت بە گرێبەست بە جووتیارەكانی داوە، بەڵام سەیری بكەین دەبینین هیچ مەرجێكی گرێبەستی پێوە نەماوە و سەرپێچی لە گرێبەستەكان كراوە و زەویەكان گۆڕانكاریان بەسەر داهاتووە، واتە لە زەویە كشتوكاڵییەكانی سنوورەكە هیچ بەدواداچوون و لێپێچینەوەیەك نییە، لەلایەكی دیكەوە كۆمەڵێك زەویمان هەیە لە ساڵانی حەفتاوە كوژاندنەوەیان بۆ كراوە، لەكاتێكدا وەزارەتی كشتوكاڵ گرێبەستی بۆ هەمان ئەو زەویانە تا ساڵی 2006 كردووە، هەندێ زەویشمان هەیە هیچ مامەڵە و پێشینەیەكیان نەماوە كە پێیان دەگوترێت زەوییە بێ دایك و باوكەكان و نازانین چۆن كار هەڵسوكەوتیان لەگەڵ بكەین و زەویمان هەیە بۆ شارەوانی و خزمەتگوزاری ئیفراز كراوە كە دەبینین لەناكاو جووتیارێك دێتە سەر ئەو زەوی و پڕۆژانە و كێشەمان بۆ دروست دەكات و تا ئێستا زۆر لەم كێشانەمان بۆ پشت راست نەكراوەتەوە و كێشەی گەورەن و بەربەستیشن لەبەر دەمی كارو پڕۆژەو بەرفرەوانبوون و گەشەكردنی شارۆچكەكەدا. سەرەڕای ئەو كێشانەش لە دوای 2003ەوە تا ئەمڕۆكە ساڵانە بەپێی بەرنامەو پلان و ئەو بودجەی بۆمان تەرخان دەكرێت كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ شارۆچكە و سنوورەكەی كراوە و لەم ساڵانەی دواییدا پڕۆژەكان زۆر زیاتر بوون، هەر بۆ نموونە لە ساڵی 2010 بەبڕی 25 ملیار دینار و 2011 بەبڕی 13 ملیار دینار و 2012 بەبڕی نزیكەی 12 ملیار دینار پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە هەموو سێكتەرەكان جێبەجێ كراوە.
خزمەتگوزارییەكان بۆ ئەو گەڕەكانە كراون كە زەوییەكانیان ئیفرازكراوە
سەبارەت بە دروستكردنی شۆستەو قیڕتاو و كۆنكرێت كردنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو گەڕەك و سەنتەری شارۆچكەكە كە هاووڵاتیان رەخنەیەكی زۆریان لەمبارەیەوە هەبوو بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ روونی كردەوە كە ساڵانە بەپێی ئەو بودجەیەی بۆیان تەرخانكراوە بەرنامەو پلان دادەنێن بۆ جێبەجێكردنی كارو پڕۆژەكانی ناو سەنتەری شارۆچكەكەو گوندەكانی سنوورەكە، هەر بۆیە بەگوتەی بەڕێوەبەری ناحیەكە بودجەیەكی وایان لەبەردەستدا نییە تاوەكو بەپێی پێویست كار بكەن، لەلایەكی دیكەوە هەندێ لەو گەڕەكانەی وەكو ئاشتی ئەوە خەڵك بۆ خۆی خانووی لەو شوێنانە دروست كردووە بەبێ ئەوەی لەلایەنی پێوەندارەوە زەوییەكانیان ئیفراز كرا بێت، ئەو گەڕەك و شوێنانەی كە پڕۆژەی ئاوو ئاوەڕۆیان بۆ نەكراوە یا تەواو نەبووە ئەوە كۆڵان و شەقامەكانیشیان جاری شۆستەو قیڕتاویان بۆ ناكرێت، بەڵام ئەو شوێن و گەڕەكانەی كێشەی زێدەڕۆیی و ئیفرازكردنی زەوی و پڕۆژەی ئاو و ئاوەڕۆیان نەبێت هەر هەموویان شۆستەو قیڕتاویان بۆ كراوە.
نەبوونی تاپۆی خانوو و زەوی
سەبارەت بە كێشەی نەبوونی تاپۆی خانوو و زەوی هاووڵاتیانی شارۆچكەكە بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ ئاماژەی بەوەدا كە ناحیەكەیان بێ بەش نییە لە كێشەی تاپۆ و تاكە یەك خانوو و مەتر زەوی هاووڵاتیان تا ئێستاكە تاپۆیان نییە، ئومێد دەخوازین لەم نزیكانەوە فەرمانگەی تاپۆی خورماڵ بكرێتەوە و گرنگی بۆ ئەو بوارەش زیاتر هەبوونی دەسەڵاتە بۆ فەرمانبەرەكان و لە كاتێكدا دەسەڵات نەبوو ئەوە كێشەی تاپۆی خورماڵ بە 20ساڵی دیكەش كۆتایی نایەت.

كێشەو كەمی ئاوی خواردنەوە
سەبارەت بە كێشەو كەمیی ئاوی خواردنەوەو بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ گوتی: لەوڵاتێكدا كۆنترۆڵی ئاوی خواردنەوە نەكرابێت ئەوا هەرگیز ناتوانرێت ڕێگا لە بەفیڕۆدانی بگیرێت و بە بەردەوامیش ئەم كێشەیە هەر دەمێنێت و ناحیەكەشمان پشت بەو ئاوە دەبەستێت كە لە سەرچاوەی زەڵمەوە دەهێنرێت و بڕە ئاوێكی باشیش بۆ سەنتەری ناحیەكە دێت، بەڵام لە ڕووی كارگێڕی و دابەشكردنی ئاوەكە كێشەو سستیەك لە فەرمانگەی ئاوەوە هەیە، بۆیە لە هەندێ گەڕەكدا كێشەی كەمیی ئاوی خواردنەوە هەیە، هەر بۆ ئەو مەبەستەوە داوای لیژنەیەكمان كردووە بۆ كاركردن و بەدواداچوون لەسەر سستی و بەفیڕۆدان و چۆنییەتی دابەشكردنی ئاوەكە، لەلایەكی دیكەوە لە هەندێ گەڕەك و شوێنی ناو سەنتەری شارۆچكەكەدا تۆڕی دابەشكردنی ئاوەكەیان كۆن و تەواو نین بۆیە لە بەرنامەدایە ئەو گرفتە چارەسەر بكرێت، بۆ ئەو مەبەستە پڕۆژەیەكی چاككردن و نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی گەڕەكی داڵانی لە ژێر جێبەجێ كردندایە و لەپاشان پێویست دەكات بۆ گلدانەوەی ئاو كۆگای یا تانكیەكی قەبارە گەورە بەپێی پێویستی گەڕەكەكان و چارەسەركردنی كێشەكە دروست بكرێت. ئێستاكە دابەشكردنی ئاو بەسەر ماڵان لە ڕێگای تۆڕی سەرەكی ئاوی شارۆچكەكەوە ڕۆژانە بە كاتژمێرە، هەروەها پڕۆژەیەكی ستراتیژی ئاویش پێشكەش كراوە و ئومێد دەخوازین لە ئایندەیەكی نزیكدا جێبەجێ بكرێت.
هەندێك لە بینایەی قوتابخانەكانمان پێویستییان بەنۆژەنكردنەوە هەیە
سەبارەت بە كەموكوڕی و كێشەی قوتابخانەو پەروەردە بەڕێوەبەری ناحیەكە گوتی: تا ئێستا قوتابخانەكان دوو دەوامین و بەشێوەیەكی گشتی لە رووی پەروەردەوە دەتوانم بڵێم ئێمە وەكو قەزای خورماڵ بارودۆخ و ڕەوشی پەروەردەمان لە شوێنی دیكە باشترە، ئەوەش مانای ئەوە نییە كە كێشەمان نییە، یەكێك لەو كێشانەی كە هەمانە ئەوە بینایەی هەندێ لە قوتابخانەكان بەتایبەتی هی گوندەكان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە و كەموكوڕییان لە ئاو و ئاوەڕۆ و كارەبا هەیە، هەندێ كەموكوڕیی بچووك و مامناوەندیش هەیە، ئەگەر ئێمە بودجە و دەسەڵاتی داراییمان هەبێت هەر خۆمان بۆیان دابینی دەكەین، سەرەڕای ئەوە لەو بودجەی بۆ خەرجی ناو یەكە ئیدارییەكە بۆمان تەرخانكراوە ساڵانە نزیكەی 6 تا 7ملیۆن دیناریان لەو كارو پێداویستیانەی قوتابخانەكان كە خۆیان داوای دەكەن و پێویستن خەرج دەكەین.
بنكە تەندروستییەكەمان كەموكوڕیی زۆرە
لەبواری كەرتی تەندروستیشدا بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ ئاماژەی بەبوونی كێشەو كەموكوڕیدا، بەڕادەیەك كە ستاڤی بنكە تەندروستییەكەش داوای چارەسەركردنی ئەو كەموكوڕی و كێشانەیان كردووە، بەتایبەتی لەبوارەكانی نەبوونی كارمەندی تەندروستی و پزیشك و كەمیی ئامێری پزیشكی، هەر سەبارەت بەبوونی ئەو گرفتانە وەزیری تەندروستیش سەردانی بنكەی تەندروستییەكەی كردووە و ئاگاداری ڕەوشی بواری تەندروستی و بنكەكەن و كەموكوڕی لە نەبوونی پزیشكی پسپۆڕو نەشتەرگەری و ئافرەتان هەیە، هەربۆیە ئەوانەی لە بنكەكە هەن بەپێی پێویست و خواستی بەرپرسی یەكەی ئیداری ناحیەكە نییە و بەپێویستی دەزانن وەزارەت و لایەنی پێوەندار و بەرپرس چاو بەو لایەنە بخشێنێتەوە بۆ ئەوەی بەرەو باشتر بچێت.
نەبوونی سەربڕخانەی هاوچەرخ و كۆگای ساردكەرەوە
سەبارەت بە كەرتی كشتوكاڵ و كارو پڕۆژەكانی لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەكە گوتی: گلەیی زۆرم لە وەزارەتی كشتوكاڵ هەیە، بەڵام لە هەقیقەتیشدا بەڕێوەبەرایەتیی ئاودێریی سلێمانی لە ماوەی دوو ساڵە بەبڕی 6 تا 7 ملیار دینار جۆگەلەی ئاودێرییان لە گوندەكانی سنوورەكە كۆنكرێت كردووە و ئامێر و پەیینی كیمیاییشیان بەسەر جووتیاراندا دابەش كردووە، بەڵام ئەو كارو پڕۆژانە كارو ئامانجە ستراتیژیەكەی بواری كشتوكاڵی نییە، لەلایەكی دیكەوە جووتیارەكانیشمان كەمتەرخەمن، هەر بۆ نموونە ئێمە جۆگەیەكی ئاومان هەیە بە ناوی دەڵێن و لەم جۆگەیەوە ئاو بۆ كۆمەڵێك گوند دەڕوات و بەم ئاوەوە جگە لە ئاودانی باخ و مەڕو ماڵات و ئاژەڵەكانیان ئەوە یەك دۆنم زەویان نەكردۆتە بێستان و بەروبوومی سەوزەو میوەی وەرزی وەكو تەماتە و خەیار و. . .تا، هاوكات نەبوونی كارگەیەكی پیشەسازی خۆراكی لە سنوورەكە یەكێك لە كێشەكانی سنوورەكە، هاوكات پێویستمان بە كۆگای ساردەكەرەوەیە، هەروەها تا ئێستا سەربڕخانەیەكی هاوچەرخمان لە سنووری قەزاكەدا نییە كە زۆر گرنگ و پێویستە.
هەڵگرتنی زبڵوخاشاك زیانی بەژینگە گەیاندووە
سەبارەت بەوەی تا چەند توانراوە كێشەی زبڵوخاشاك لە خورماڵ چارەسەر بكرێت بەڕێوەبەری ناحیەكە گوتی: فڕیدانی زبڵوخاشاك بەشێوەی كۆن و تەقلیدی ئەنجام دەدرێت، هەر بۆیە بە یەكێك لە كێشە گەورەكانی شارۆچكەكە دادەنرێت، بەتایبەتی بواری سیستەمی لابردنی زبڵوخاشاكەكە كە لە شوێنێك كۆدەكرێتەوە و لە پاشان دەسووتێنرێت و دوكەڵ و پیسییەكی زۆر بەسەر سنوورەكەدا بڵاودەبێتەوە و دانیشتوانی گوندەكان هەراسان دەكات و لەمبارەشەوە هاووڵاتیانی سنوورەكە گلەیی و گازاندەی زۆریان هەیە، بەڵام كۆمپانیایەكی تایبەتمەند بەم بوارە كە ناوی (گلاس شۆتت كارت)ە و گرێبەستی لەگەڵ حكومەتدا بۆ ماوەی سێ ساڵ هەیە كە زبڵوخاشاكی چوار قەزاو ناحیە و گوندەكان كۆدەكەنەوەو دەگوازنەوە بۆ شوێنێك و بە پڕۆسەی ڕیسایكلینی هاوچەرخ چارەسەری دەكەن و بڕیارە لە 1/12/2012 دەست بەكار بكات و ئەو كات لەو كێشەیەش رزگارمان دەبێت.
نەبوونی دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی
سەبارەت بەدابەزاندنی دەسەڵات و ئاستی ئەو دەسەڵاتانەی هەیانە بۆ راپەڕاندنی كارو ئیشەكانیان بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ گوتی. دەتوانم بە ناوی خۆم و برادەرانی دیكەش كە بەرپرسی یەكە ئیدارییەكانن قسە لەم رووەوە بكەم، بە تەئكید تا ئێستاكە هیچ دەسەڵاتێكمان بۆ دانەبەزیوە و هەر بۆیە زۆر بێزار بووینە، گەرچی پێشتر هەندێ دەسەڵاتمان هەبوو كە دەمانتوانی بەكاری بێنین و ئیجرائاتیشمان پێ وەردەگرت و پابەندبوون بە یاساش باشتر بوو، بەڵام ئەو دەسەڵاتانەمان لێ وەرگیراوەتەوە و دەسەڵاتی دارایشمان نییە و بۆ خەرجی ئەو بڕە پارەیەی بۆ خەرجی ناو یەكە ئیدارییەكەش بۆمان دانراوە بە كۆتوبەندی ڕێنمایی توند كراوین هەر بۆ نموونە ئەگەر سەردانی قوتابخانەیەك بكەین و 200 هەزار دینارێك بۆ هەندێ كەلوپەلی پێویستیان خەرج بكەین ئەوە دەبێت بڵێین ئەو پارەمان بۆ نانخواردن خەرج كردووە یا لە حیسابی گیرفانی خۆمان بێت.
هاوینەهەواری ئەحەمەد ئاوا
لە كۆتاییدا بەڕێوەبەری ناحیەی خورماڵ گوتی: پڕۆژەیەكی گەشتیاریی باش لە هاوینەهەواری ئەحەمەدئاوا بەبڕی 13 ملیار دینار ئەنجام دراوە و ساڵ لە دوای ساڵیش ڕێژەی گەشتیاران بۆ ئەم سنوورو هاوینەهەوارە لە زیادبوون دایە، بەڵام پێویستە ریكلامی نەك ناوخۆیی بەڵكو لەئاستی جیهاندا بۆ بكرێت و بۆ گەڕاوەكەی خورماڵیش نۆژەنكردنەوەیەكی سەرەتایی بۆ كراو بەپێی پێویست نییە، بەڵام ئەندازیارێك بە ناوی كامەران كە خەڵكی سلێمانییە و لە دەرەوەی وڵات ژیاوە و لەگەڵ كۆمپانیایەكی تایبەت بە كاری گەڕاو كار دەكات و ماوەی سێ ساڵە كار لەسەر گەڕاوی خورماڵ دەكات و دیزاین و دەرخستەیەكی بۆ ئامادەكردووە و لە قۆناغی ئەوە دایە كە راگەیاندنی بۆ بكرێت و لەپاشان حكومەت یا كەرتی تایبەت بێن كار لەسەر ئەم لایەنەی گەشتیاری بكەن و پڕۆژە و گەرماوی هاوچەرخی لەسەر دروست بكەن، هەروەها داواكارم لە ڕێگای ئەو گۆڤارو راپۆرتەوە لەسەر داواكاری و گلەیی و گازاندەیی خەڵك و ئێمە كە لێرە خستوومانەتەڕوو بەدواداچوون و وەڵامیان بۆ زیاتر ئەنجامدانی كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەبێت
Top