دكتۆر عەلی سەعیدوەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ (گوڵان): بۆ بەشداری پێكردن لەدروستكردنی بڕیارگوێ لە خوێندكاران دەگرین و

دكتۆر عەلی سەعیدوەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بۆ (گوڵان): بۆ بەشداری پێكردن لەدروستكردنی بڕیارگوێ لە خوێندكاران دەگرین و
پلانی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم پەیوەندیی بە بازاڕی كارەوە نییە

دكتۆر عەلی سەعید وەزیری خوێندنی باڵاو زانستی لەم دیمانەیەی (گوڵان) دا ئاماژەی بەوە دا زانكۆو پەیمانگاكانی كوردستان بۆ ئەمساڵ هەموو توانای خۆیان خستەگەڕ بۆ وەرگرتنی زۆرترین دەرچووانی ئامادەییەكان، لەم پێناوەش دا كردنەوەی 2 كۆلێج و28 بەشی نوێ رۆڵی باشی لەچارەسەركردنی گرفتەكە هەبوو. ئەمە جگە لە بەرنامەكانی پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان و چەند هەنگاوێكی تری گرنگ كە لەپێناو بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكان و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا وەزارەت گرتووینەتە بەر، لەتەوەرێكی دیمانەكەدا وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی بەراشكاوانە ئاماژەی بەوەدا كە تا ئێستا وەرگرتن لەزانكۆو پەیمانگاكان پەیوەندیی نییە بەبازاڕی كارەوە، بەڵێنی چارەسەركردنی ئەو گرفتەشی دا، سەبارەت بەتوێژینەوەكانیش ئاماژەی بەوەدا كە دەبێت لەمەودوا توێژینەوەكان چارەسەری گرفتەكانی وڵاتەكەمان بكات. سەبارەت بەكردنەوەی زانكۆی ئەهلی بەڕێزیان پێی وایە نابێت خوێندنی ئەهلی بكرێتە كاڵایەكی بازرگانی، رەتكردنەوەی داواكاری 15 زانكۆی ئەهلیش لەم چوارچێوەیەدا دێت و ئەم لایەنەش بەوتەی وەزیری خوێندنی باڵا رێك دەخرێتەوە..ئەمەو چەند پرسێكی ترمان رووبەرووی وەزیری خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی كردەوە.
پوختەی وەڵامەكانی بۆ خوێنەرانی بەڕێزی گۆڤارەكەمان بڵاودەكەینەوە.



* ئایا ئەمساڵیش ژمارەیەكی زۆری قوتابیان لەدەرەوەی وەرگرتنی زانكۆو پەیمانگاكان مانەوە، ئەمە ئەو گرفتەیە كە هەموو ساڵێك دووبارە دەبێتەوە، ئایا پلان و بەرنامەتان بۆ رووبەرووبوونەوەی گرفتەكە چی بوو؟
- ئەمساڵ ستراتیجی وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ وەرگرتنی دەرچووانی ئامادەییەكان بریتیی بوو لە وەرگرتنی زۆرترین ژمارە لە دەرچووانی ئامادەییەكان، ئەمەش لە ڕێگەی كردنەوەی بەش و كۆلێجی نوێ و سوود وەرگرتن لەو پەڕی توانای زانكۆ و پەیمانگەكان واتا (الطاقة الاستعابیة القصوی) دەستەبەر كرا، بەڵام دەبێت بەرز ڕاگرتنی ئاستی كوالێتی خوێندن لە زانكۆو پەیمانگەكانی هەرێم بە ورییاییەوە لەبەرچاو بگیرێ. هاوكات ئەنجومەنی وەزارەت لەسەر پێشنیازی زانكۆ و دەستە تەكنیكییەكان و بەپێی ڕێنماییەكانی دڵنیایی جۆری بڕیاری دا بە كردنەوەی (٢٨) بەشی نوێ لەسەرجەم زانكۆ و پەیمانگەكان و كردنەوەی دوو كۆلێج لە زانكۆی هەولێری پزیشكیی و زانكۆی دهۆك بۆ ئەم ساڵی خوێندنی (٢٠١٢-٢٠١٣)، ئەم هەنگاوەش بووە هۆكاری دابینكردنی كورسی خوێندنی زیاتر بۆ دەرچوانی ئامادەییەكان. لەلایەكی ترەوە پێشكەشكردنی داواكاری لە ڕێگەی ناوەندی وەرگرتنی قوتابیان و خوێندكاران بەشێوازی ئەلكترۆنی و سیستمی زانكۆلاین زۆر بە سەركەوتوویی بەڕێوەچوو، ژمارەی پێشكەشكارانی ئەمساڵ بۆ سیستمی زانكۆلاین بریتی بوون لە (٣٧٣١٨) دەرچووی ئامادەیی لەوانە (٢٩٧٩٧) لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان وەرگیراون كە بریتییە لە ڕێژەی (٨٠%). هاوكات (٨٢٣٧) خوێندكار و قوتابی لە دەرچووانی ساڵانی پار و پێرار داوایان پێشكەش كردبوو لەوانەش (٢٤٤١) دەرچوو وەرگیراون. بەم پێیە كۆی گشتیی پێشكەشكاران دەگاتە (٤٥٦٥٥) پێشكەشكار و ژمارەی وەرگیراوانیش دەگاتە (٣٢٢٣٨) قوتابی و خوێندكار. ئەمە جگە لەوەی یەكەم و دووەم لەسەر ئاستی پەیمانگاكانی هەرێم لە زانكۆكان وەرگیراون. هەنگاوێكی دیكەی وەزارەتمان بریتی بوو لە كردنەوەی خویندنی ئێواران لە كۆلێجەكانی پەروەردەی بنەڕەت و بنیات لە زانكۆكانی (سەلاحەددین، سلێمانی، كۆیە. هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین) بۆ دابینكردنی خوێندنی بەكالۆریۆسی پیشەیی لە پەروەردەی بنەڕەتی و بنیات بۆ مامۆستایانی سەر بە میلاكی وەزارەتی پەروەردە بۆ درێژەدان بە خوێندنی زانكۆیی. لەلایەكی ترەوە دەستكەوتێكی گرنگی دیكەی وەزارەتمان بریتیی بوو لە كاراكردن و چەسپاندنی سیستمی زانكۆلاین و چارەسەركردنی گرفت و كەم و كورتییەكانی بێ گەڕانەوە بۆ بەكارهێنانی فۆرمی تیشكیی، بەشانازییەوە دەڵێین ئەم ساڵ توانیمان (٢١) ڕۆژ زووتر لە ساڵی پار ئەنجامەكان ڕابگەیەنین.
* بەڕێزت وەكو سەرۆكی پێشووی زانكۆی سلێمانی كە پێشتریش ساڵانێكی زۆر لەدەرەوە خوێندوتە؛ ئایا بەچی میكانیزم و هەنگاوو ئامڕازێك كار بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی زانكۆكانی كوردستان دەكەیت، تاوەكو بگەنە ئاستی 500 زانكۆ بەناوبانگەكەی جیهان؟
- ئێمە لە وەزارەت هەنگاوی گرنگمان بۆ گەشەپێدانی زانكۆكان و كەرتی خوێندنی باڵا ناوە، بەرەوپێشچوونی ئاستی زانكۆ و ناوەندەكانی خویندنی باڵا كۆمەڵێك پێداویستیی هەمە لایەنەی هەیە كە كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ هەر یەكێك لەو پێداویستییانە هەوڵی بەرچاوی داوە، لێرەدا دەتوانم كۆمەڵێك نموونە بخەمە بەر دیدی خوێنەرانی ئازیزی گۆڤارەكەتان:
- لە بواری گەشەپێدانی توانا مرۆییەكان دا بەرنامەی تواناسازی وەك پرۆژەیەكی نیشتیمانی گرنگ بەردەوامە و گەشەی زیاتری پێدەدرێت و چارەسەری كێشە و گیروگرفتەكانی كراوەو دەكرێت، هاوكات بەرنامەكانی دیكەی پەرەپێدانی توانا مرۆییەكانی كەرتی خوێندنی باڵا گرنگیی تەواویان پێدراوە بە تایبەت خوێندنی ماستەر و دكتۆرای زانكۆ ناوخۆییەكان و خولی ڕاهێنانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ ستاف و مامۆستایانی زانكۆ و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا و پرۆگرامەكانی پۆست-دكتۆرا و ساباتیكاڵ گرنگی تەواویان پێدراوە.
- لە بواری ژێرخانی دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا هەنگاوی گرنگمان ناوە، بۆ نموونە پرۆژەی كامپی نوێی زانكۆی سلێمانی ڕوو لە تەواو بوونە، پرۆژەی كامپی زانكۆ نوێیەكان دەستیپێكردووە و بەرەو پێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، هاوكات پرۆژەی ماستەر پلان و دیزاینی كامپی نوێی زانكۆی سەلاحەددین و زانكۆی هەولێری پزیشكیی لە پرۆسێسدایە. هاوكات تەلاری كۆلیجەكان لە زانكۆكانی گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین لە بواری جێبەجێكردندان.
- پەرەپێدانی توێژینەوەی زانستیی یەكێكە لە ئەولەویەتەكانی كابینەی حەوتەم، بایەخی زۆر بە سێنتەرەكانی توێژینەوەی زانستیی پێداویستییەكانیان دەدەین، هاوكات هەوڵمانداوە پەیوەندی توێژەرانی كوردستان لەگەڵ توێژەری نێودەوڵەتیدا توند و تۆڵ بكەین بە تایبەت لە ڕێگای سیستمی نوێی دكتۆرا و ئاڵوگۆری زانستیی و ئەكادیمی بەردەوام لەگەڵ زانكۆ و نێوەندە جیهانییەكانی توێژینەوەی زانستیی دا.
- بەمەبەستی ڕێكخستنەوەی ستراكچەر و شێوازی بەرێوەبردنی دامودەزگاكانی خویندنی باڵا و چارەسەركردنی ئەو بۆشاییە تەشریعییانەی لەسیستمی خوێندنی باڵادا هەیە، وەزارەتمان ڕەشنووسی پرۆژە یاسایەكی ئامادەكردووە ئێستا لە قۆناغی گفتوگۆ و تاوتوێكردندایە، لە ئایندەی نزیكدا دەگاتە بەردەستی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و دواتریش ڕەوانەی پەرلەمانی كوردستان دەكرێت بۆ پەسەندكردنی.
- وەزارەتی خوێندنی باڵا گرنگی تەواو دەدات بە خوێندنی تەكنیكی، بە شانازییەوە دەڵێین كابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دروستكردنی سێ زانكۆی پۆلیتەكنیكی دەركرد كە بریتین لە زانكۆی پۆلیتەكنیكی هەولێر و سلێمانی و دهۆك. ئەم زانكۆیانە بە پرۆگرام و روئیای نوێوە دەرفەتی پێگەیاندنی كادیری ناوەندیی و تەكنیكی بەتوانا بۆ كەرتی گشتیی و بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان دەڕەخسێنێت، بۆ ئەم مەبەستەش لەئێستادا لێژنەیەكی پسپۆڕمان پێكهیناوە بۆ داڕشتنی بەرنامەكانی خوێندنی ڕاهێنان و پەیكەری زانستیی ئەو زانكۆیانە.
- یەكێك لە گرنگترین ئەولەویەتەكانی وەزارەتمان بریتییە لە پاراستنی كوالێتی خوێندن و فێربوون لە دامودەزگاكانی خوێندنی باڵا، ئەم هەنگاوەش لەڕێگای چەسپاندنی بنەماكانی سیستمی دڵنیایی جۆری و پەرەپێدانی پرۆگرامەكان و پرۆسەی زانستخوازی بەردەوامەوە جێبەجی دەكرێت، ئەمساڵی خوێندن گرنگیی زیاتر دەدرێت بە دڵنیایی جۆری.
ئەم خاڵانەی ئاماژەم پێكردن هەموویان پێكەوە ئاستی زانستی زانكۆكان و دامەزراوەكانی خویندنی باڵا بەرز ڕادەگرن، حكومەت كاری گرنگ بۆ چەسپاندنی یەكە بەیەكەیان دەكات و بودجەی پێویستیان بۆ دابین دەكات.
* ئەگەر زانكۆو پەیمانگاكانی كوردستان كارگەی پێگەیاندنی كەوادری ناوەڕاست و بەرز بێت، بۆ لەدوای دەرچوونی قوتابیان بێكار دەمێننەوە بەتایبەتی لەكەرتی تایبەت؟ بۆچی هەوڵنادرێت هاوسەنگییەك دروست بكرێت لەنێوان بازاڕی كارو رێژەی وەرگرتنی قوتابیان لە كۆلێژەكان؟
- من دەمەوێت بە ڕاشكاوی ئەو ڕاستییە بۆ ڕای گشتیی ڕوونبكەمەوە، كە تا ئێستا پلانی وەرگرتن لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان پەیوەندییەكی ڕاستەوخۆی نییە بە بازاڕی كارەوە، بەڵكو پلانی وەرگرتن زیاتر پەیوەندیدارە بە وەرگرتنی زۆرترین ژمارەی دەرچووانی قۆناغی شەشەمی ئامادەیی، بەڵام وەزارەتمان زۆر بە ووردی گەشەسەندنی بازاڕی كاری كوردستان و پێداویستییەكانی لەبەرچاو دەگرێت و بۆ ئەم مەبەستەش پلانی گونجاو دادەرێژین.
* لەزانكۆكانی كوردستان بیركردنەوەو راوێژكاری بۆتە كارێكی لاوەكی، ئەمەش زیانی بەزانیاری و داهێنان گەیاندووە؟ پێت وانییە شێوازی ئیدارەكردنی توێژینەوە ڕێگرە لەبەردەم پێشكەوتن؟
- مەسەلەی ئەركی ڕاوێژكاری بابەتێكی گرنگە، بەشێكی زانكۆكانمان تا ڕاددەیەكی بەرچاو بەم ئەركە هەڵدەستن بە تایبەتی لە بواری ئەندازیاری و كیمیا و جیۆلۆجی و نەوت، بێگومان گەشەپێدانی توێژینەوەی زانستی و تەركیزكردن لەسەر ئەو پرسە زانستییانەی كە پەیوەندییان بە گرفتەكانی كوردستانەوە هەیە لە ئەولەویەتی وەزارەتمانە و لەو بارەیەوە هەنگاوی گرنگمان ناوە، لەمەودوا پرسیارە زانستییەكانی توێژینەوەكانمان دەبێت چارەسەری گرفتەكانی وڵاتەكەمان بكات.
* ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بەقۆناغێكدا تێپەڕ دەبێت دەبێ وەزارەتی خوێندنی باڵا لەرووی زانستییەوە راوێژكاری حكومەت بێت، ئایا بەرنامەتان بۆ پەرەپێدانی مرۆیی چی یە؟




- وەزارەتمان پشتیوانی لەو بیروڕایە دەكات كە دەبێت زانكۆكان و سێنتەرەكانی توێژینەوە چاوساغی هەموو لایەنەكانی كەرتی گشتیی و تایبەت بن، ئەمەش خۆی لەخۆیدا لەڕێگای ئاراستەكردن و كاراكردنی توێژینەوەی زانستییەوە دەستەبەر دەبێت، ئێمە لە هەموو ئاستەكانی پەرەپێدانی توانا مرۆییەكان و ژێرخانی توێژینەوەی زانستیی و دەستەبەركردنی پێداوستییە زانستیی و تەكنۆلۆجییەكانی تایبەت بە ژیانەوەی توێژینەوەی زانستیی هەنگاوی گرنگمان ناوە، بۆ نموونە لە بواری ئامادەكردنی توانا مرۆییەكان دا لە ئێستادا بەرنامەی تواناسازی بە كارایی بەڕێوە دەچێت، تا ئێستا (٤٣٥١) كاندید هەلی خوێندن و فێربوونیان لە دەرەوەی وڵات بۆ ڕەخساوە، لەو ژمارەیە نزیكەی (٢٢٠٠) كاندیدی تواناسازی لە زانكۆ پێشكەوتووەكانی دەرەوەی وڵات دەستیان بە خوێندن كردووە، ئەم كاندیدانە لە ئایندەدا دەگەڕێنەوە كوردستان و دەبنە سەرمایەیەكی مرۆیی گرنگ بۆ گەشەپێدانی خوێندنی باڵا و بوارەكانی دیكەی كەرتی حكومی و تایبەت. هاوكات وەك ئاماژەم پێكرد زانكۆ ناوخۆییەكانیش هەلی پەرەپێدانی توانا مرۆییەكانیان ڕەخساندووە، لە ڕێگای پرۆگرامەكانی خوێندنی ماستەری ناوخۆ و پرۆژەی خویندنی دكتۆرا بە سیستمی نوێ، هەموو ئەم هەنگاوانە پێكەوە دەبنە مایەی پیشخستنی هەمەلایەنەی وڵاتەكەمان.
* زۆرجار گوێبستی ئەوە دەبین كە بەپێی پێویست گرنگی بەپەیمانگاكان نەدراوە، بێت وانییە كاتی ئەوەهاتووە ئەو شێوازە بگۆڕدرێت؟
- وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی گرنگی تەواو دەدات بە بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندنی تەكنیكی بە مەبەستی ئامادەكردنی كادیری تەكنیكی بۆ دامودەزگاكانی كەرتی گشتی و بازاڕی كاری كوردستان، بۆ ئەم مەبەستە پێشنیازی كردنەوەی سێ زانكۆی پۆلیتەكنیك لە شارەكانی (هەولێر و سڵێمانی و دهۆك) ئاراستەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراو ئەوانیش بە سوپاسەوە بڕیاری كردنەوەی ئەم سێ زانكۆیەیان دا، ئەم هەنگاوەی كابینەی حەوتەم دەبێتە سەرەتای وەرچەرخانێكی گرنگ لە خوێندنی تەكنیكی هەرێمی كوردستان. لە ڕێگای پرۆگرامی نوێی خوێندن و ڕاهێنانی پراكتیكییەوە خوێندنی تەكنیكی لە هەرێمی كوردستان گۆڕانكاری بەرچاو بە خۆوە دەبێنێت.
* وێڕای كردنەوەی ئەم هەموو زانكۆ ئەهلییانە، بەڵام دیسان هەست ناكرێت بەستایلێكی نوێ كار بكرێت؟ ئایا پێوەری دامەزرانی زانكۆ ئەهلی چی یەو تاچەند بەڕێزت رازی لەسەر ئەدای زانكۆ ئەهلیەكان؟
- پلانی وەزارەتمان بریتییە لە پشتیوانیكردنی كەرتی تایبەت بۆ وەربەرهێنان لە بواری خوێندنی باڵا، لە ئێستادا (١١) زانكۆی ئەهلی لە كاردان بۆ خزمەتكردن بە گەشەپێدانی بواری زانستیی و ئەكادیمی و ڕەخساندنی دەرفەتی گونجاو بۆ دەرچووانی ئامادەییەكان، بەڵام ستراتیجی وەزارەتمان بریتییە لەوەی كە هەرگیز ناكریت خوێندنی ئەهلی بكرێتە كاڵایەكی بازرگانی بەڵكو دەبێت تەواوی زانكۆ ئەهلییەكان پابەندی بنەماكانی دڵنیایی جۆری و ئەو یاسا و ڕێنماییانەی وەزارەتەكەمان بن كە تایبەتن بە مۆڵەت پێدان و متمانە بەخشین و بەردەوام بوونی زانكۆ ئەهلییەكان. لە ئێستادا پرۆپۆزەڵی داواكاری كردنەوەی (١٨) زانكۆی نوێی ئەهلی گەیشتۆتە وەزارەتمان كە لەلایەن لیژنەی تایبەت بە دڵنیایی جۆری و متمانە بەخشین دیراسە دەكرێن، هەر لە سەرەتاوە (١٥) داواكاری لەبەر نەبوونی مەرج و ڕێنمایی ڕەت كراونەتەوە و (٣) داواكارییەكەی تر لەژێر وردبینیدان. مەرجەكانی كردنەوەی زانكۆی ئەهلی لەلایەن بەڕێوەبەرێتییەكانی خوێندنی ئەهلی و دڵنیایی جۆری خوێندنی ئەهلییەوە ڕێكدەخرێن، ئەوانیش پشت بە بنەما و ستانداردە نێودەوڵەتییەكان دەبەستن.
* ئایا چی ستایلێك بۆ دانانی سەرۆكی زانكۆو دانانی راگرەكان پەیڕەو دەكرێت، تاچەند ئەم ستایلە چێی رەزامەندی و پێشوازییە؟
- لە ئێستادا دانانی سەرۆكی زانكۆ و ڕاگری كۆلێج و فاكەڵتییەكان لە ڕێگای ڕاگەیاندنی پۆستەكان و پێشكەشكردنی (سی ڤی) و چاوپێكەوتن و هەڵسەنگاندن و پێشبڕكێوە دەبێت، بەشانازییەوە دەڵێین وەزارەتی خوێندنی باڵا لەم ڕووەوە دەستپێشخەر بووە و تا ڕادەیەكی زۆریش تیایدا سەركەوتوو بووین، بێگومان ئەم هەنگاوە بریتییە لە چەسپاندنی بنەماكانی ڕەخساندنی هەلی یەكسان و شەفافیەت، هەروەها هەنگاوێكی گرنگە بۆ چەسپاندنی پرەنسیپی (كەسی شیاو لە شوێنی شیاو).
* پرۆژەی كەمپی زانكۆی سەلاحەدین بۆچی وا دواكەوت ئایا ئەو پرۆژەیە بەكوێ گەیشت ؟
- پرۆژەی كامپی نوێی زانكۆی سەلاحەددین لە قۆناغی ماستەر پلان و دیزاین دایە، كارەكانی بە سەركەوتوویی بەڕێوە دەچێت و لەلایەن تیمێكی سەرۆكایەتی زانكۆی سەلاحەددینەوە سەرپەرشتی دەكرێت.
* ئایا لە هەڵبژاردنی مامۆستا پێوەر هەیە بۆ ئەوەی هەركەسێك نەیەت و خاوەنی بڕوانامەیەك بێت و بێتە ناو زانكۆوە؟
- لە ئێستادا سیستەمی دڵنیایی جۆری لە پرۆسەی خوێندنی زانكۆ و پەیمانگاكان پەیڕەو دەكرێت، لە چوارچێوەی ئەم سیستەمەدا چالاكی زانستی و ئەكادیمی و ئاستی مامۆستایان هەڵدەسەنگێنرێ و پەرەی پێدەدرێت، پرۆسەی زانستخوازی بەردەوام بۆ مامۆستایانی زانكۆ لە پرۆژە هەرە زیندووەكانی وەزارەتمانە و لە ڕێگای سیستمێكی داڕێژراوەوە جێبەجێ دەكرێت.
* دەنگۆی ئەوە هەیە مامۆستای زانكۆ هەیە تا ئێستا كۆمپیوتەر بەكار ناهێنێت، بەرنامەتان بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی مامۆستایانی زانكۆ چی یە؟ جگە لە سەفەركردن و ئیفاد كە بۆتە ململانێیەك لەنێوان زۆر لەمامۆستایاندا بۆ ئەوەی زۆرترین هەلی ئیفادو گەڕانیان دەستكەوێت ؟
- مامۆستایانی ئازیزی زانكۆكان بە كارێكی پیرۆز هەڵدەستن، لەگەڵ ئەوەی لە سیستەمی دڵنیایی جۆریدا ئاستی زانستیی و ئەدائی مامۆستایان چاودێری دەكرێت، لە هەمان كاتدا ئەركی زانكۆكان و وەزارەتمانە كە دەرفەتی پەرەپێدانی توانای مامۆستایانی زانكۆ برەخسێنین، دەبێت ئەوەمان لەیاد بێت كە نەوەیەك لە مامۆستایانی زانكۆكانمان لەژێر كاریگەری دابڕان و گەمارۆی ئابووری و بارودۆخی سەختی عیراق دا دەرفەرتی فێربوون و ئاشنابوونیان بە تەكنۆلۆجیا بۆ نەڕەخساوە، ئەركی ئێمەیە كە هاوكارییان بكەین و بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی گرنگمان ناوە، بەتایبەت لە ڕێگای ڕێكخستنی خولی ڕاهێنان لە دەرەوە و ناوەوەی وڵات و كاراكردنی پرۆژەكانی پۆست-دكتۆرا و ساباتیكاڵ بۆ مامۆستایان و ستافی زانكۆ و پەیمانگاكانمان.
* بۆچی لەزانكۆكانی كوردستان مەكتەبەیەكی ئەلەكترۆنیمان نییە؟ یا تاقیگەو پێداویستی پێشكەوتوو كەمە؟
-بەدڵنیاییەوە دەڵێم گەشەكردنی ئابووری كوردستان و كرانەوە بە ڕووی دونیای دەرەوە و سەركەوتن و گەڕانەوەی كاندیدەكانی تواناسازی لە دەرەوەی وڵات گۆڕانكاری گەورە لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت، ئێمە پلانمان هەیە بۆ ئەوەی زانكۆكانمان ببەستینەوە بەو داتابەیسە جیهانیانەی كە كتێب و سەرچاوە گرنگە ئەلكترۆنییەكان دەستەبەر دەكەن، ئەم پرۆسەیە كات و گۆڕانكاری كەلتوری دەوێت، سێنتەرەكانی توێژینەوە و تاقیگەكانمان گۆڕانكاری بەرچاوی بەسەردا هاتووە، هەروەك پێشتریش ئاماژەم پێدا پلانمان هەیە بۆ گەشەپێدانی زیاتریان.
* با كەمێك بێینە سەر قوتابیان و خوێندكاران؛ وەكو ئەوەی بیستوومانە لەم كابینەیە تاڕادەیەك گوێبستی و خواستی قوتابیان و رێكخراوەكانیان بووی بەپێچەوانەی وەزارەتی پێشووەوە، ئایا تاچ ئاستێك بڕوات بەداواكاری و خواستی قوتابیانەو گوێیان لێ رادەگریت؟
- من بەش بەحاڵی خۆم باوەڕی تەواوم بەگرنگی توێژی قوتابیان و خوێندكارانە، ئەوان سەركردەی ئایندەن و دواڕۆژی وڵاتەكەمان لە چاوی ئەواندا دەبینم، دەبێت گوێیان لێبگرین، پشتیوانی داخوازییە ڕەواكانیان بین، دەرفەتیان بدەین بەشداربن لە دروستكردنی بڕیار لە ناوەندەكانی خوێندن، من هەمیشە بە شێوەیەكی نەتەوەیی بیر دەكەمەوە و ڕەفتار دەكەم. بەڵام دەبێت ئەوەمان لە یاد بێت قوتابیان و خوێندكارانیش ئۆباڵی گرنگیان لە ئەستۆیە، دەبێت كارەكانیان پرۆفێشناڵ بێت و سازش لەسەر پاراستنی كوالێتی خوێندن و فێربوون نەكەن.
* وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان هەنگاوەكانیان بۆ خزمەتی خەڵكە، ئێوە مامەڵەتان لەگەڵ خوێندكارە، ئایا نەخشەی ڕێگاتان بۆ خزمەتكردنی ئەو توێژە چی یە؟
- زانكۆ و دامەزراوەكانی دیكەی خوێندنی باڵا لە پێناوی پێگەیاندنی قوتابییان و خوێندكارانە، هەموو ئەو كارانەی ئێمە دەیكەین بۆ پەروەردە و پێگەیاندنی ئەوانە، ئێمە دەمانەوێت كەشێكی شیاو و تەندروست بڕەخسێنین، خوێندكاران و قوتابیانی ئێمە بە جۆرێك ئامادە بكەین كە دوای تەواوكردنی خوێندنیان نەك هەر لە بازاڕی كوردستان بەڵكو لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش توانای پێشبڕكێیان هەبێت.
* ئەو ململانێ و كێشمەكێشەی لە نێوان قوتابیان و زانكۆدا هەیە بۆچی دەگەڕێتەوە؟ پێت وا نی یە جۆرە لێكتێنەگەیشتنێك لەم رووەوە هەیە؟
-قوتابیان و خوێندكاران توێژێكی بزێو و زیندووی كۆمەڵگەن، خەون و هیوا و داواكارییان زۆرە، هەندێك جار ڕەنگە كێشمەكێش و ململانێی لێ بكەوێتەوە، بەڵام دەبێت هەموو لایەك بە حیكمەت و وریاییەوە مامەڵەیان لەگەڵ بكەین، بەڵام خوێندكاران و قوتابیانیش دەبێت لەو ڕاستییە تێبگەن كە ئەوانیش بەرپرسیارێتییان لە ئەستۆیە، هەربۆیە دەبێت هەتا دەتوانن بە ووردبینی و بە هۆشیاری ڕاو بۆچوون و داخوازییەكانیان بگەیەنن.
* پێت وانییە پێویستە پەیوەندی نێوان (خوێندكارو مامۆستا لەلایەك و مامۆستاو ئیدارە لەلایەكی تر) داڕێژرێتەوە؟
- پەیوەندیی نێوان خویندكار و مامۆستا لە چوارچێوەی میكانیزمێكی زانستیی و مۆڕاڵی و یاسایی دا ڕێچكە دەگرێت، كەلتور و تەكنۆلۆجیا ڕۆڵی خۆی دەبینێت، بەڵام لەو پەیوەندییەدا هەردوو لایەنی خوێندكار و مامۆستا سنور و بەرپرسیارێتییان هەیە، هەرچی پەیوەندیی مامۆستا و ئیدارەیە زیاتر پەیوەندییەكی داینامیكییە و یاسا و ڕێسا و ڕێنماییەكان كاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەری هەیە، بێگومان لایەنی (زاتی) رۆڵی بەرچاو دەبینێت.
* بۆچی تەمەن لەپرۆسەی خوێندن حسابی بۆ دەكرێت بەتایبەتی بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر، ئایا بێت وانییە ئەم مامەڵەكردنە لەجیهانی پێشكەوتووی پرۆسەی خوێندن بوونی نییە؟
-بابەتی مەرجی تەمەن لە خوێندنی زانكۆ و خوێنندنی باڵا و بەرنامەكانی دیكەی تواناسازی و ناردنەدەرەوە گفتوگۆی زۆری لەبارەوە كراوە، خۆتان دەزانن بۆ هەردوو خوێندنی بەكالۆریۆس و خوێندنی باڵا كورسییەكانی خوێندن سنووردارە و پیشبڕكێی زۆری لەسەرە، هەر بۆیە هەمیشە لە پێشبڕكێ دا مەرجی تەمەن حسابی بۆ دەكرێت، لە هەمان كات دا هەوڵمان داوە هەرچەند پێمان بكرێت میچی تەمەن بەرز بكەینەوە و كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگیشمان لەم بارەیەوە ناوە بۆ نموونە:
- دەرچووانی ئامادەیی تا تەمەنی (٣٠ساڵی) بۆیان هەیە لە خوێندنی بەیانیان وەربگیرێن (كە ساڵانی پێشوو تا ٢٥ ساڵی وەردەگیران). بۆ خوێندنی ئێواران تا (٣٥ ساڵی) وەردەگیرێن (كە ساڵانی پێشوو تا ٣٠ ساڵی وەردەگیران). هەروەها بۆ خوێندنی پارالێل تا (٤٠ ساڵی) وەردەگیرێن (كە ساڵی پار تا ٣٥ ساڵی وەردەگیران). بۆ خوێندنی ماستەر تا (٤٥) ساڵی وەردەگیرێن كە ساڵانی پێشوو تا ٤٠ ساڵی بوو.
* ئەو قوتابی و خوێندكارانەی لە رێگەی تاقیكردنەوەی دەرەكییەوە (واتا امتحان خارجی) نمرەی (٨٥) و بەرەو ژوور بەدەست بهێنن مەرجی تەمەنیان لەسەر لابراوە؟
-سەبارەت بە مەرجی تەمەن لە بەرنامەی تواناسازی بۆ خولەكانی ئاییندە، دەستەی باڵای بەرنامەی تواناسازی بڕیاری دا مەرجی تەمەن هەموار بكات، بە جۆرێك داواكار بۆ خوێندنی ماستەر تەمەنی لە ٤٠ ساڵ زیاتر نەبێت (كە پێشتر ٣٥ ساڵ بوو) بۆ خوێندنی دكتۆراش لە ٤٥ ساڵ زیاتر نەبێت (كە پێشتر ٤٠ ساڵ بوو).
Top