رانیە..نەبوونی ماستەرپلان پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی پەكخستووە

رانیە..نەبوونی ماستەرپلان پرۆژە خزمەتگوزارییەكانی پەكخستووە
رانیە یەكێكە لەو قەزا گەورانەی پارێزگای سلێمانی كە لەساڵی 1879 بۆتە قەزا، ناحیەكانی چوارقوڕنەو حاجیاواو سەركەپكان و سەروچاوەو 146 گوند لەخۆدەگرێت. ژمارەی دانیشتووانی ئەم قەزایە بەپێی داتای راستەقینە نزیكەی 250 هەزار كەسەو تادێت ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێت. وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی قەزای رانیەمان كردو لەنزیكەوە ژمارەیەك لە گەڕەكەكانی رانیەمان بەسەركردەوەو چەندین هاووڵاتیمان دواند، كە هەر یەكەی لە بوارێك لە بوارەكانی خزمەتگوزاریدا گلەیی و گازاندەو داواكاریان هەبوو، خەڵكی ئەو دەڤەرە پێیان وابوو:گەرچی چەند پڕۆژەیەك لەناوچەكە ئەنجامدراوە، بەڵام بەپێی خواست و پێداویستی ئەوان نییە. هەر بۆیە بوونی ئەو كەموكوڕتیانە لەگەڵ بڕیاری بە ئیدارەبوونی رانیە ناگونجێت لەپاشان ئەو گلەیی و داواكاری و رەخنەی هاووڵاتییان و چەند پرسیارێكی دیكەمان رووبەڕووی هیوا قەرەنی قایمقامی قەزای رانیە كردەوە.



خراپی و كەمی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان
هاووڵاتیانی سەنتەری قەزاكە راشكاوانە داواكاری و ڕەخنەكانی خۆیان لەبارەی خراپی و كەمی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان بەمجۆرە دەربڕی؛ سەرەتا هیوا ئەحمەد لە گەڕەكی هەوارە بەرزە لە بارەی كێشەی خزمەتگوزارییەكانی ئاماژەی بەوەدا كە بڕیار بوو شەقامێكی 60مەتری بە سنووری گەڕەكەكەیاندا بڕوات و چەندین خانوو و شوێنی بەركەوێت، هەر بۆیە شەقام و كۆڵانەكانی گەڕەكەكەیان شۆستە و قیڕتاویان بۆ نەكراوە، بەڵام ئێستاكە دەڵێن ئەو شەقامە 60مەترییە بۆتە 20مەتری و بەم گۆڕانكارییەش ئەوە هیچ خانوو و شوێنێكی گەڕەكەكەیان بەر شەقامەكە ناكەوێت، بۆیە ئێستاكە بە پێویستی دەزانن پڕۆژە خزمەتگوزییەكانیان بۆ بكەن. هەروەها قادر شێخە ئاماژەی بەوەدا كە هەوارە بەرزە پێشتر گوند بووە، لەپاش ئەوەی كەوتە ناو سنووری شارۆچكەی ڕانیە چەندین كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ ئەنجام دراوە، بەڵام پڕۆژەكان جگە لەوەی ماوەی زۆریان خایاندووەو كارەكان پچڕپچڕ بووەو ئاوەڕۆیەكەشی باش نییە، چونكە بە بۆری بچووك كراوە و شەقام و كۆڵانەكانیش قیڕتاو و كۆنكرێت نەكراون و شۆستەشیان نییە، هەروەها ئەو گۆڕستانەی لە ناو گەڕەكەكەیە و لە ماڵی ئەوانەوە نزیكە پێویستە شورەی بۆ دروست بكرێت. لە گەڕەكی كێوەڕەشیش هاووڵاتی عەبدوڵڵا رەسول گوتی: گەڕەكەكەمان باخچەو پانتایی سەوزی نییە و شەقامەكانی بێ سەروبەرەو قیڕتاو نەكراون و ئاومان كەمە دوو ڕۆژ جارێك یەك كاتژمێرمان بۆ دێت، بەتایبەتی ئەو ماڵانەی شوێنەكانیان بەرزە. قوتابییەكی قۆناغی 9ی بنەڕەتی بەناوی ڕێكەوت پیرۆت وتی: قوتابخانەكەمان دوو دەوامییە و تەختە ڕەشەكانمان بێ كەڵك بوونە و زۆربەی قوتابیان كێشەی قڕتاسیەیان هەیە، لەبارەی زبڵوخاشاكیشەوە ئافرەتێك بە ناوی ئامینە مەجید گوتی: شارەوانی زبڵوخاشاكەكە كۆدەكەنەوەو و دەگوازنەوە و هەندێ ڕۆژ دوادەكەون یا هەفتانە دوو جار یا سێ جار دێن، ئەمەش وایكردووە خەڵكەكە زبڵوخاشاكەكەیان فڕێ بدەنە ناو كۆڵان و شوێنی بەتاڵی گەڕەكەكە. لەگەڕەكی ئازادیش لەتیف ئەحمەد ئاماژەی بەوەكرد كەموكوڕیی خزمەتگوزاریی زۆرە بە تایبەتی لە كەمیی ئاوی خواردنەوەو خراپی و قیڕتاو یا كۆنكرێت نەكردنی شەقام و كۆڵانەكان و شەقامی ناو بازاڕی سەنتەری قەزاكە پێویستە بەرفرەوان بكرێت ئەوە لایەنی پێوەندار خەمی لێ ناخوات و زۆربەی خەڵكی شارۆچكەكەش كێشەی تاپۆ نەكردنی خانووەكانمان هەیە. حەسەن عەبدوڵڵا لەسەر كێشەو پێویستییە خزمەتگوزاریی گوندەكان گوتی: گوندی سنوورەكە بە شێوەیەكی گشتی كێشەو كەموكوڕی خزمەتگوزاری پەروەردەو تەندروستی و ئاودێری و كشتوكاڵ و ئاویان هەیە و ئەو كەموكوڕیانەش كاریگەریی خراپی لەسەر ژیان و گوزەرانی جووتیارو دانیشتووانەكەی هەیە.
زیادبوونی كێشەی ئاوی خواردنەوە لە سەنتەری قەزاكە
بەمەبەستی بەدواداچوونی ئەو گرفت و كێشانەو چەند پرسێكی دیكە سەردانی قایمقامیەتی رانیەمان كرد؛ سەرەتا سەبارەت بە فراوانبوونی رانیەو نەبوونی ماستەرپلان قایمقامی قەزاكە روونی كردەوە كە لە دوای ڕاپەڕینەوە بەرفرەوانیەكی زۆری بە خۆوە بینیوە بۆیە ئیدارە بەپێی پێویست ناتوانێت بەكارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان هەستێت و شارۆچكەكە لە ڕووی نەخشەدانانەوە كاری بۆ كراوە، بەڵام ماستەرپلانی نییە و بڕیارە لەگەڵ چەند شوێنی دیكە و وەكو ناحیەكانی سەر بە قەزاكە ماستەرپلانیان بۆ دروست بكرێت، بەڵام ئەمەش لە رووی بودجەوە ئەشكالیاتی تێكەوتووە، چونكە ئەو ناحیەو شوێنانەی لەگەڵ قەزاكە بڕیاربوو ئەو پڕۆژەیەیان بۆ بكرێت بودجەی زۆری دەوێت، بۆیە بڕیارە قەزای ڕانیە لەو شوێنانە جیا بكرێتەوەو ماستەرپلانەكەی بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە، هەر لەسەرەتای كابینەی 7دا لەسەردانێكمان بۆ لای بەڕێز وەزیری شارەوانی بەڵێنی پێداین كە ئەولەویەت بە كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییە پێوەندارەكانی وەزارەتی شارەوانی بدرێت، لەم پڕۆژانە بڕیاربوو هەوڵبدرێت بودجەی پێویست بۆ دروستكردنی ماستەرپلانی رانیە دابین بكرێت و ئێستا چاوەڕوانین كە ئەم پڕۆژەیە رابگەیەنرێت بەمەش كۆمەڵێك كێشەو گرفتی شارەكە چارەسەر دەكات بە تایبەتی كێشەو گرفتەكانی ئەو گوندانەی وەكو هەنجیرۆك و سەیداوە و . . چونكە ئەو گوندەكانی دیكەش كە كەوتوونەتە ناو شارەوانیی رانیە نە مامەڵەی گەڕەكیان لەگەڵ دەكرێن نەوەكو گوندیش دادەنرێن، بەتایبەتی لە كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكاندا و خەڵكی ئەو شوێنانە زۆر گلەییان هەیە و رۆژانە هاتوچۆی قایمقامیەت دەكەن بۆ ئەوەی كارو خزمەتگوزاریی پێویست و سەرەكیەكانیان بۆ جێبەجێ بكەین، لەلایەكی دیكەوە سەنتەری قەزاكە پێویستی بە كوژاندنەوەی زەویی كشتوكاڵی دەوروبەری شارۆچكەكە هەیە، لەمبارەشەوە وەزارەتی كشتوكاڵ و لایەنە پێوەندارەكان زەحمەتییەكی زۆر لەبەردەمی پڕۆسەی كوژاندنەوەی زەوییەكان دادەنێن لەبەر ئەوەی زەویی كشتوكاڵی سنووری قەزای ڕانیە و بیتوێن بەگشتی بە پیت و بەرەكەتە، هەر بۆیە ئێستاش كێشەی زەویی نیشتەجێبوون لە سنووری شارەوانی قەزاكە هەیە و هەر لەبەر نەبوونی رووبەری زەوی كێشەی بینایەی فەرمانگەكانمان هەیە و چەندین فەرمانگەو دامودەزگای حكومی لە خانوو و بینایەی كرێدان و زۆر كەسیش فەرمانی وەرگرتنی زەویی نیشتەجێ بوونیان هەیە و نەمانتوانیوە زەوییان بەسەر دابەش بكەین.
خراپی و بێسەروبەریی كۆڵان و شەقامەكان
سەبارەت بە خراپی و بێسەروبەریی كۆڵان و شەقامەكانی ناو گەڕەك و سەنتەری شارۆچكەكە قایمقامی رانیە باسی لەوە كرد كە بەگشتی ناو سەنتەرەكە گەڕەكەكان كێشەو كەموكوڕی و گرفتی كۆڵان و شەقامەكانمان هەیە، كە لەلایەكدا شەقامەكانی كۆن و تەسكن و پێویستیان بەبەرفرەوانكردن هەیە و لەلایەكی دیكەوە زیاتر لە 30 گەڕەك لە دوای ساڵی 1991 دروست بوونە كە كۆڵان و شەقامەكانیان زۆربەیان پێویستیان بە دروستكردنی شۆستە و قیڕتاو یا كۆنكرێت كردن هەیە، هەروەها شەقامە سەرەكییەكەی ناو بازاڕ پێویستی بەبەرفراوانكردنە و چەند ساڵە بڕیارە ئەو كارە ئەنجام بدرێت گەرچی وەكو خۆی ماوەتەوە و ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە بڕیاربوو شەقامێكی 60مەتری بۆ شارۆچكەی رانیە دروست بكرێت و تا ئێستاكە لەمبارەوە هیچ كار نەكراوە.
شێوازێكی كۆن بۆ كۆكردنەوەو هەڵگرتنی زبڵوخاشاك
سەبارەت بە سیستەم و شێوەی كۆكردنەوەو خۆرزگاركردن لە زبڵوخاشاك لە ناو سەنتەری شارۆچكەی رانیە قایمقامی قەزاكە گوتی كۆكردنەوە و هەڵگرتنی زبڵوخاشاك لە سنووری شارەوانی رانیە لە لایەن تیمەكانی شارەوانییەوە بە شێوازێكی تەقلیدی و كۆن ئەنجام دەدرێت و كارەكانیش باش و بەپێی پێویست نییە بۆیە داوامان كردووە و بڕیاریشە ئەو كارو ئیشە بە كۆمپانیای شارەزاو تایبەتمەند بەمبوارە بدرێت و كارگەیەكی ڕیسایكلینیش لە نزیك سەنگەسەر بۆ زۆنی پشدەرو بیتوێن بەیەكەوە دابنرێت و بۆ كارگەكە لە پارێزگای سلێمانییەوە تەندرەریش ئامادەكراوە كە بە بەڵێندەر بدرێت و ئێستاكە لە شارەوانی كەموكوڕیمان لە كرێكارو ئامێر هەیە، لەكاتێكدا كاری كۆكردنەوەو ڕیسایكلین بە كەرتی تایبەت بدرێت ئەوە ئەركی سەرشانی شارەوانی سووكتر دەبێت).
بە تانكەر ئاوی خواردنەوە دابەشدەكرێت
سەبارەت بە نەبوون و كەمی ئاوی خواردنەوە قایمقامی رانیە روونی كردەوە كێشەی كەمیی ئاوی خواردنەوە لە شارۆچكەكە چەندین ساڵە بەردەوامە و بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە لە ساڵی 2006 دەست كرا بە جێبەجێكردنی پڕۆژەی ئاوی دەربەند بەهۆی خراپیی دیزایینی سەرچاوەی ئاوەكەو چەندین هۆكاری دیكە ئەو پڕۆژە دواكەوت، بۆیە دەتوانین بڵێین ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لەو پڕۆژە فاشیلانەی كە لە سنوورەكەدا هەیە و پاش دیزایینكردنەوەو چارەسەركردنی گرفتەكان ماوەیەكە دەست بەكاركردنی تێدا كراوەتەوە و قۆناغی یەكەمی لە ساڵی 2011 كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە و بەشی دووەمی پڕۆژەكەش كاری راگەیاندنی بۆ كراوە تاوەكو بە بەڵێندەر بدرێت، ئەم پڕۆژەیە تا نزیك خەلەكان دەچێت و قۆناغی سێیەمیش لە ساڵی 2013 دەست پێ دەكات تا دەگاتە دوكان و ئێستاكە كێشەیەكی زۆری كەمی ئاوی خواردنەوە لە سەنتەری رانیە هەیە و هەندێ گەڕەك رۆژانە تەنیا یەك یا دوو كاتژمێر ئاویان هەیە و هەندێكی دیكەش بە تانكەر ئاویان بەسەر دابەش دەكەین، رۆژ لە دوای رۆژیش كێشەی ئاوی خواردنەوە لە سەنتەری قەزاكە زیاتر دەبێت، بۆیە لێرەدا بەپێویستی دەزانم داوا لە حكومەت و لایەنی پێوەندار بكەم كێشەی كەمی ئاوی خواردنەوەكەمان بە پەلە بۆ چارەسەر بكەن.
نەبوونی پڕۆژەی پێویستی ئاوەڕۆ
سەبارەت بەكارو پڕۆژەی ئاوەڕۆ لە سەنتەرو گەڕەكەكانی قەزای رانیە قایمقامی شارۆچكەكە گوتی: ئاوەڕۆ یەكێكە لە پڕۆژە گرنگەكان بۆ جوانیی شارو و پاراستنی ژینگەو تەندروستیی هاووڵاتیان لەم ڕووەوە كارو پڕۆژەی باش و گونجاو و سەركەوتوو ئەنجام دراون و ئێستا پڕۆژەیەك لەژێر جێبەجێكردنە و بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیە دەتوانین بڵێین هەموو گەڕەك و شوێنەكانی ئێستای ناو قەزاكە ئاوەڕۆیان دەبێت و ئاوەڕۆیەكانی لە قەزاكە دەردەچێت بەرەو گوندی بۆسكێن و دەربەند دەڕوات، ئاوی ئاوەڕۆیەكان زیانێكی زۆر و كاریگەری لەسەر پیسبوونی ژینگەو زەوییەكان و ئاوی ژێر زەوی هەیە، بۆیە ئاوەڕۆكانی قەزاكەمان پێویستیان بە دانانی وێستگەیەكی پاڵاوگەو چارەسەركردن هەیە.
كێشەی پەروەردەو بینای قوتابخانەكان
سەبارەت بە كێشەی پەروەردەو بەتایبەتی بینایەی قوتابخانە كە خەڵك و قوتابیان گلەیی و گازاندەیەكی زۆریان لەسەری هەیە قایمقامی قەزاكە ئاماژەی بەوە كرد كە لە رووی پەروەردەوە بارودۆخی شاری رانیە زۆر خراپە، چونكە بەشی زۆری بینای قوتابخانەكان چوار دەوامی و سێ دەوامین، بەشێكی زۆر كەمی دوو دەوامییە و هیچ پۆلێكی قوتابخانەكان نییە ژمارەی قوتابیانیان لە(50)قوتابی كەمتر بێت، تەنیا بۆ ئەوەی قوتابخانەكانی سەنتەری قەزاكە بكەینە دوو دەوامی ئەوە پێویستمان بە (8 تا 9) بینایەی قوتابخانەی 18پۆلییە.
كەرتی تەندروستی و كەموكوڕیەكانی
سەبارەت بە كەرتی تەندروستی و كەموكوڕییەكانی ئەو بوارە قایمقامی قەزای رانیە گوتی: لە بواری تەندروستیشدا زۆر باش نین، چونكە كەموكوڕیمان لە بینایەی نەخۆشخانە هەیە بەتایبەتی نەخۆشخانەی قەرەوێڵەیی، بەڵام لەماوەیەدا دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی(291) قەرەوێڵەییمان بۆ ئیحالەكراو، هاوكات لە رووی پزیشكی پسپۆڕو شارەزاو نەشتەرگەری و ئافرەتان و لە دایكبوون و منداڵاندا كەموكوڕی و گرفتمان زۆرە و لە هەموو سنوورەكە تەنیا یەك پزیشكی سڕكردنمان هەیە.
گوندەكان پڕۆژەی ئاودێرییان نییە
سەبارەت بە گرنگیدان بەم سنوورە لەڕووی پڕۆژەكانی كشتوكاڵییەوە قایمقامی رانیە ئاماژەی بەوەدا كە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە گرنگی بە سنوورەكە نەدراوە و گوندەكان پڕۆژەی ئاودێرییان نییە، بۆیە جووتیاران لە وشكەساڵیدا زیاتر سوود لە ئاوی بیر وەردەگرن كە بەمەش ئاوێكی زۆری ژێر زەوی بەفیڕۆ دەچێت.
نەبوون و دانەبەزاندنی دەسەڵاتی ئیداریی و دارایی
سەبارەت بە هەبوونی دەسەڵات و ئەو دەسەڵاتانەی بۆیان دابەزیووە قایمقامی رانیە جەختی كردەوە كە گرفت و كێشەی زۆرمان لە ڕووی نەبوون و دانەبەزاندنی دەسەڵاتەوە هەیە و لە ماوەی رابردوودا لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان سەردانیان كردین و گفتوگۆمان لەسەر ئەم گرفتە كردو پێمان راگەیاندن كە كەمترین دەسەڵات تا ئێستا بۆمان دابەزیوە و دەستمان لە چەندین كاردا گیراوە، هەروەها دەسەڵاتی داراییمان پێ نەدراوە و یەكەی ژمێریاری لە قایمقامیەت دانەنراوە و بۆ بچووكترین ئیش دەبێت نووسراو بۆ سەرووی خۆمان بەرز بكەینەوەو چاوەڕوانی وەڵامەكەشی بین بە بوون و نەبوون.
هۆڵی رۆشنبیریی 5ی ئازار بارەگای حزبی تێدایە
لە كۆتاییدا قایمقامی رانیە روونی كردەوە كە لە ڕووی وەرزش و رۆشنبیرییەوە كەموكوڕیمان زۆرەو هۆڵێكمان نییە كۆڕو سیمناری تێدا بگێڕین، بۆ ئەو مەبەستە هۆڵی 5ی ئازارمان هەیە كە لە ساڵانی هەشتاوە دروستكراوەو ئێستا ناوەندی رێكخراوە دیموكراتییەكانی تێدایە، لە كاتی پێویست دەبێت مۆڵەت لەوان وەربگرین، هاوكات تا ئەمڕۆ لەم شارە گەورەیە كە ژمارەیەكی زۆر تیپی وەرزشی هەیە یاریگەیەكی چیمەنی دەستكردی 11 یاریزانی نییە و داواكارین لە حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاتر گرنگی بە قەزای رانیەو سنوورەكەی بدات و كارو پڕۆژەی خزمەتگوزارییەكانی باشتر و زیاتر بۆ بكات و پێویستە بوودجەیەكی تایبەت بۆ رانیە تەرخان بكرێت.
Top