كێشەی سەرەكی هاووڵاتیانی دەربەندیخان دڵنیا نەبوونە لە خاوێنی ئاوی خواردنەوە

كێشەی سەرەكی هاووڵاتیانی دەربەندیخان دڵنیا نەبوونە لە خاوێنی ئاوی خواردنەوە
قەزای دەربەندیخان ناحیەی باوەخۆشێن و 59 گوند لەخۆ دەگرێت و ژمارەی دانیشتووانی بەگشتی نزیكەی(40) هەزار كەسە. لە دوای راپەڕینەوە قەزای دەربەندیخان گەورەبوونێكی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بە هۆی ئەو كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەی لە لایەن حكومەتی هەرێمەوە لەم دەڤەرەدا ئەنجامدراون، بەڵام هێشتا پێویستی بە كاروپرۆژە و ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە، هەر بۆیە هاووڵاتیانی دەربەندیخان داوای پرۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر دەكەن، وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی قەزای دەربەندیخانمان كرد و لە نزیكەوە چەند هاووڵاتییەكمان دواند كە هەر یەكەیان داواكارو و گلەییان لەسەر كەموكوڕی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سەنتەری شارۆچكەكە و گەڕەكەكانیان هەبوو، ئەم گلەیی و گازاندانە و چەند پرسیارێكی دیكەمان ئاڕاستەی (سەردار فەقێ‌ محەمەد) قایمقامی قەزای دەربەندیخان كرد.
بێسەروبەریی خزمەتگوزارییەكان

لە سەرەتادا داواكاری و گلەییەكانی هاووڵاتیانی قەزاكە دەخەینەڕوو كە بەم جۆرە بوو، مەحمود ئەحمەد یەكێك لەو هاووڵاتیانەی كە دواندمان و ئاماژەی بەوەدا كە كێشەی سەرەكییان دڵنیا نەبوونە لە خاوێنی ئاوی خواردنەوەكەیان، لەبەر ئەوەی ئاوەكە ڕەنگ و تامی تەواو نییە و بۆنیشی ناخۆشە. هەروەها حەمەد ساڵح لە گەڕەكی شەهیدان گوتی: ئەوەی من دەیبینم كە هەندێ گەڕەك تا ئێستاكە ئاوی خواردنەوەیان كەمە و شەقام و كۆڵانی هەندێ گەڕەك و شوێنیش پێویستی بە شۆستەو قیڕتاو كردن هەیە، هاووڵاتییەكی دیكە بەناوی قادر حەسەن گوتی: لە كاتێك مامەڵەیەكمان لە فەرمانگەكانی حكومی هەیە، دەبێت هاتوچۆیەكی زۆر بكەین، هاوكات لە بواری خزمەتگوزاریدا كێشەو كەموكوڕی هەیە بەتایبەتی لە نەبوونی پزیشكی پسپۆڕو پشكنینی تەندروستی. لە گەڕەكی شارەوانی كەریم عەبدوڵڵا ڕوونی كردەوە كە ئەو گەڕەكە زیاتر كێشەی نەبوونی شۆستەو بێسەروبەری كۆڵان و شەقامەكانی هەیە و لەم لایەنانەوە بەتەواوی پشتگوێ خراون و لەوەرزی زستانان قوڕو لیتە سەرتاپای كۆڵان و گەڕەكەكە دادەپۆشێت. هاووڵاتییەكی دیكە بەناوی بەدریە عەلی باسی لەوەكرد كە نەخۆشخانەكەی دەربەندیخان هەموو پشكنین و نەشتەرگەرییەكی لێ نییە، بۆیە بۆ زۆر حاڵەتی نەخۆشی و چارەسەركردن دەچنە نەخۆشخانەكانی سلێمانی.
هەروەها عەبدوڵڵا ئەحمەد سەبارەت بە كەرتی پەروەردە ئاماژەی بەوەكرد كە تا ئێستا سیستەمی تازەی پەروەردە لەڕووی دەوام و پۆلەكانی خوێندنەوە جێبەجێ نەكراوە و زۆربەی قوتابخانەكان دوو دەوامین، هەروەها ئەو ڕێگا سەرەكییەكانی دێنە نێو قەزاكە لەگەڵ تۆنێلەكە بە كەڵكی هاتوچۆ نایەن و ڕووداوی هاتوچۆیان لێ دەكەوێتەوە. لەلایەكی دیكە گوندەكانی ناوچەی شەڕەبەیان لە سنوورەكەدا لەبەر كەموكوڕی خزمەتگوزاری و گرنگینەدان بە كارو پڕۆژەی پەرەپێدانی كشتوكاڵی بارودۆخیان باش نییە. هاوكات حامید محەمەد گوتی: لە گوندەكانی سنوورەكە كێشەی ئاومان هەیە بەتایبەتی بۆ كشتوكاڵ و بێستان و باخداری و ئەوەی لە 5 دۆنم كەمتر زەویشی هەبێت ئەوە ناتوانێت بۆ خۆی بیری سوری لێ بدات و پێویستە بۆ هەموو گوندەكانی سنوورەكە پڕۆژەو جۆگەلەی ئاودێری دروست بكرێت. سۆران قاسم لە گەڕەكی 102 گوتی: گەڕەكەكەمان هەندێ كۆڵان و شوێنی تۆڕی ئاو و كارەبای بۆ نەهاتووە و تا ئێستاكە بەتانكەر ئاو بەسەر ماڵەكانی ئەو گەڕەكە دابەش دەكرێت. ئەحمەد حەمە سور لە گەڕەكی سەلیم پیرك ڕوونی كردەوە كە ئەم شوێنە پێشتر گوند بووە لە دوای 2003 ئاوەدانبۆتەوە، بەڵام تا ئێستا نە گوندەو نە گەڕەك و لە هەموو بوارەكانی خزمەتگوزاری فەرامۆشكراوەو بەفەرمیش ئاوی خواردنەوەیان پێ نەداوین، بەڵكو لەسەر حیسابی خۆمان بە سۆندە ئاومان هێناوە. هەر لە سەلیم پیرك نەسرین حەمە ڕەش وتی: بە چاوی خۆتان دەبینن كە كۆڵان و شەقامەكانی بێ سەروبەرەو قیڕتاو كۆنكریت و شۆستەمان بۆ نەكراوە و بنكەی تەندروستیمان نییە.
ماستەرپلانی دەربەندیخان لە قۆناغی ڕاگەیاندنە
شارۆچكەی دەربەندیخان ماستەرپلانی نییەو بڕیارە لە ڕێگای وەزارەتی شارەوانییەوە ئەو پڕۆژە پێویست و گرنگەمان بۆ دروست بكەن و ئەوەی من ئاگاداریم پێموایە لە قۆناغی ڕاگەیاندنایە و جگە لە ماستەرپلانی بەرفرەوان كردن و نیشتەجێبوون پێویستە و داواكارین ماستەرپلانی گەشتیاریش بۆ سنوورەكەمان دروست بكەن.ئەمەیان پێشەكی قسەكانی سەردار فەقێ محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بوو،كە زیاتر گوتی:دەبێت ئەوەش بزانین كە شارۆچكەی دەربەندیخان لەسێ لاوە گیراوە لەلای سەرەوە بە شاخی بەرانان و لەلایەكی دیكەشەوە بە شاخی زمناكۆ و لە خوارەوە بە ئاو، تەنیا بەلای كانی ساردەوە دەتوانرێت بەرفراوان بكرێت و زەوی بۆ بكوژێنینەوە و ئەمساڵ ئەوەمان لەگەڵ سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی وەزیران باس كردووە و لەپاشان لیژنەیەك لەسەر ئاستی وەزیری داد و شارەوانی و پارێزگا بۆ دامەزراوە بۆ ئەوەی ئەو زەویانەی بە لای كانی ساردەوە كوژاندنەوەی بۆ دەكرێت مامەڵەیان بۆ بكرێت و جووتیارەكان هەر یەكەیان بەپێی یاساو ڕێنمایەكان قەرەبوو بكرێنەوە و ئێستا كارو ئیش لەسەر ئەو پرسە دەكرێت و بە هۆی كوژاندنەوەی ئەو ڕووبەرە زەوییە كشتوكاڵییانەوە دەتوانین كێشەی نیشتەجێبوون و بەرفراوان بوونی شارۆچكەكە چارەسەر بكەین.
تۆڕی ئاوی گەڕەكە كۆنەكان پێویستی بە تازە كردنەوەیە
سەبارەت بە كەموكوڕی و گرفتی ئاوی خواردنەوە و ئەو گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان كە لەسەر تام و بۆنی ناخۆش و پیسبوونی ئاو هەیانە، قایمقامی قەزای دەربەندیخان ڕوونی كردەوە كە لە هەندێ لەو گەڕەكانەی تۆڕی دابەشكردنی ئاویان كۆنە ئەوە كێشەی كەم ئاوییان هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتەش داوامان لەلایەنی پەیوەندار كردووە كە تۆڕی دابەشكردنی ئاوی ئەو گەڕەك و شوێنانە تازە بكەنەوە، لە گەڕەكە تازەكانیش كەمترین كێشەمان لەم ڕووەوە هەیەو تەنیا لە یەك گەڕەك نەبێت كە تۆڕیان بۆ دانەنراوە كێشەی كەم ئاوییان هەیە، هەر بۆیە بە تانكەر ئاو بەسەر ئەو ماڵ و شوێنانە دابەش دەكرێت و نەمانهێشتووە بێ ئاو بن، سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخانە ئاوی بەنداوی دەربەندیخانە و گومانی پیسبوونی ئاوەكە هەیە لەبەر ئەوەی زۆربەی ئاوەڕۆكانی ناوچەی شارەزوورو شاری سلێمانی و ناوچەی تانجەڕۆ دێتەوە سەر ئاوی بەنداوی دەربەندیخان، بەڵام حكومەتی هەرێم بۆ پاككردنەوەی ئاوی خواردنەوەی شارۆچكەكە پڕۆژەیەكی ئەنجام داوە كە ئەویش پڕۆژەی فلتەرە و ئێستاكە لە بواری كار كردندایە، بەڵام پێویستە لە كۆتایی هەموو ئەو ئاوەڕۆیانەی دێتەوە سەر ئاوی بەنداوەكەش پاڵاوگە دروست بكرێت.
ئەو گەڕەكانەی كۆڵانەكانیان قیڕتاو نییە خراونەتە بەرنامەوە




سەبارەت بەو گەڕەك و شوێنانەی ناو سەنتەری قەزای دەربەندیخان كە تا ئێستا شۆستەو قیڕتاو و كۆنكرێتیان بۆ نەكراوە قایمقامی دەربەندیخان گوتی: بەشی زۆری گەڕەكەكانی قەزای دەربەندیخان كۆڵان و شەقامەكانیان شۆستەو قیڕتاو و كۆنكرێتیان بۆ كراوە و ئەو گەڕەكانەی ماوە وەكو گەڕەكەكانی (84 و 48)ەكان كە ئەوانیش خراونەتە بەرنامە و پلانی كارو پڕۆژەكانی ساڵی 2012، لەلایەكی تر لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە لە دەرەوەی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان و وەزارەتەكان ئەمساڵ 10 ملیار دینارمان بۆ تەرخان كراوە.
دەربەندیخان پێویستی بە بینایەی قوتابخانە هەیە
سەبارەت بە كێشە و گرفتەكانی بواری پەروەردە قایمقامی قەزای دەربەندیخان ئاماژەی بەوەكرد كە تا ئێستا دوو دەوامی لە قوتابخانەكانی ناو سەنتەری شارۆچكەكە ماوە و بۆتە كارێكی ئاسایی كە لە ڕاستیدا ئاسایی نییە بەتایبەتی لەگەڵ ئەو سیستەمە تازەیەی پەروەردە دا و چەند ساڵێك پێش ئێستا لە لایەن حكومەتی هەرێم و وەزارەت و لایەنی پەیوندارەوە هەڵمەتێك بەناوی هەڵمەتی نیشتمانی ڕاگەیاندرا بۆ دروستكردنی بینایەی قوتابخانە لەم هەنگاوەدا دەربەندیخان بەشێكی لە كێشەی كەمی بینایە بۆ چارەسەر كرا هەر چەندە ئەمەش بەپێی پێویستی وخواستی ئێمە نەبوو، هەر بۆیە ئێستاكەش كێشەی كەمیی بینایەی قوتابخانەمان هەر هەیە و چاوەڕوانین بۆمان چارەسەر بكەن، هاوكات لە زۆربەی گوندەكان قوتابخانە هەیە تەنیا لەو گوندانە نەبێت كە ژمارەی قوتابیانیان بەپێی پێویست و ڕێنمایەكان نییە.
هاووڵاتیان بۆ پشكنینی تەندروستی دەچنە سلێمانی
سەبارەت بە پێداویستیی شارۆچكەو سنوورەكە لە بواری تەندروستیدا قایمقامی قەزای دەربەندیخان گوتی: نەخۆشخانەیەكی باش لە شارۆچكەكە هەیە، بەڵام ئەوەی زیاتر لە بواری تەندروستی لە سەنتەری قەزاو سنوورەكە كێشەیە ئەوە نەبوون و كەمی پزیشكی شارەزاو پسپۆڕە، بۆیە دەلێم چی لە بینایەی نەخۆشخانە بكەین بەبێ پزیشكی پسپۆڕ و شارەزا و هەموو گوندەكانی سنوورەكەش یەكەی تەندروستیان هەیە، بەڵام لەلایەن كارمەندی تەندروستی بەڕێودەچێت نەك پزیشك، هاوكات بە چەند گوندێكی نزیك یەكتر وامانكردووە بنكەیەكی تەندروستی ئێشكگری 24 كاتژمێریان هەبێت بۆ فریاكەوتن و چارەسەركردنی ئەو حاڵەتە كتوپڕانەی وەكو پێوەدانی مارو دوپشك و...
نەبوونی كارگەی ڕیسایكلین كێشەیەكی بەرچاوە
سەبارەت بە كۆكردنەوەو خۆرزگاركردن لە زبڵوخاشاك قایمقامی قەزای دەربەندیخان جەختی لەوە كردەوە كە تیمەكانی شارەوانی ڕۆژانە كۆڵان و شەقام و بازاڕەكانی ناو سەنتەری قەزاكە بە پاك دەكەنەوە و ژمارەی كرێكاری هەمیشەیی كەمە و ئەو ئەركەش بە كرێكاری گرێبەست پڕ كراوەتەوە و كێشەی كەمیی ئامێریش بۆ ئەم خزمەتگوزارییە هەیە، لە بواری زبڵوخاشاك كێشەی سەرەكیمان شێوەو سیستەمی خۆرزگاركردنە لە زبڵوخاشاكە كە زۆر كۆن و تەقلیدییە و هۆكارێكی زۆرو مەترسیداری پیسبوونی ژینگەیە، ئەمەش پێویستی بە دامەزراندنی كارگەی ڕیسایكلینە نەك تەنیا بۆ سنووری قەزاكەی ئێمە، بەڵكو وەك زۆنێك بۆ چەند قەزایەكی ناوچەكە دروست بكرێت، لەلایەكی دیكەوە ئەو بواری خزمەتگوزارییە پێویستە بە سیستەمێكی هاوچەرخە و بە كەرتی تایبەت و كۆمپانیای شارەزاو خاوەن ئەزموون بدرێت.
16ملیار دیناربۆ دروستكردنی پڕۆژەیەكی گرنگی ئاودێری
سەبارەت بە كارو پڕۆژەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو قایمقامی دەربەندیخان ئاماژەی بەوەدا كە ئێستا خەریكی ئەنجامدانی بەنداوێكی گەورەو ستراتیژین بۆ سنوورەكە كە زیاتر لە 16ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوە و ئەو بەنداوە لەسەر چەمی دێوانەیە بە ناوی بەنداوی دێوانە، هەروەها بەرنامە هەیە كە بەنداوی دیكە و هاوشێوەی بەنداوی دێوانە لە سنووری قەزاكەدا دروست بكەن، گەرچی تا ئێستا وەزارەتی پێوەندار لە بواری پڕۆژەی ئاودێری كەمتەرخەمە و هەر بۆیەش كەمترین سوود لە بەنداوەكان، كە لە سنوورەكە هەیە، وەرگیراوە، هاوكات لە دابەشكردنی ئامێری كشتوكاڵی و برەودان بە ئاژەڵداری وەزارەتی كشتوكاڵ كەمتەرخەمە، هەر بۆیە لێرەدا داواكارین زیاتر گرنگی بە جووتیارانی سنوورەكە بدەن و كارو پڕۆژەی پێویستی بۆ بكرێت، چونكە سنوورەكە دەوڵەمەندە لە زەوی كشتوكاڵی و باخداری و خاكێكی بەپیت و بەرەكەتی هەیە.
داواكاری بۆ دابەزاندنی دەسەڵاتەكان
سەبارەت بە دابەزاندنی دەسەڵات و كاریگەریی لەسەر جێبەجێكردنی كارو پڕۆژەكانەوە قایمقامی قەزای دەربەندیخان گوتی: دابەزاندنی دەسەڵات بۆ یەكە ئیدارییەكان تەنیا پێوەندی بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكانەوە نییە، بەڵكو پێوەندی بە كارو ئیشی ڕۆژانەی خەڵك و ئێمەشەوە هەیە، هەر بۆیە ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا داواكاری دابەزاندنی دەسەڵاتەكانمان لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ بەڕێز وەزیر و بریكاری وەزارەتی ناوخۆو پارێزگارەوە بە یاداشتێك بەرز كردۆتەوە و ئەوانیش لەگەڵ ئێمە هاوڕان بۆ دابەزاندنی دەسەڵاتەكان ئەو داواكاری و یاداشتانەش بۆ ئەنجومەنی وەزیران بەرز كراوەتەوە و چاوەڕوانی وەڵامین.
پرۆژەیەكی گرنگی یەكەی نیشتەجێكردن
لە كۆتایدا قایمقامی دەربەندیخان وتی: ئێستا كۆمەڵی پڕۆژەی گرنگ و پێویست لەهەموو سێكتەرەكانی خزمەتگوزاری لەبەردەستدایە و ئەو پڕۆژانەش پەیوەندی ڕاستەوخۆیان بە ژیانی ڕۆژانەی هاووڵاتیانی سەنتەری قەزاو سنوورەكە هەیە، بۆ نموونە دروستكردن و كۆنكرێت كردنی شۆستەو شەقام و كۆڵانەكانی ناو شارۆچكەكەو گەڕەكەكانی و دروستكردنی بەنداوی دیوانە. بەڵام لە سنوورەكەدا تا ئێستاكە هیچ كارو پڕۆژەیەكی گەشتیاری ئەنجام نەدراوە و ڕاوبۆچوونیشم وایە تا ماستەرپلانی گەشتیاری بۆ سنوورەكە نەكرێت ئەوە هیچ پڕۆژەیەكی گەشتیاری دروست نەكرێت، چونكە بەبێ ماستەرپلان كارو پڕۆژەكان سەركەوتوو نابن و هەر چەندە پڕۆژەی زۆریش بكرێت. هەروەها لە ڕێگای وەزارەتی ئاودانكردنەوەو نیشتەجێكردن دروستكردنی چەند یەكەیەكی نیشتەجێبوون كە خۆی لە سێ باڵەخانە دەبینێتەوە ڕاگەیاندراوە كە ئەم یەكانەش دەدرێن بە خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت، هەروەها تۆنێلەكەی دەربەندیخانیش بڕیار بوو نۆژەن بكرێتەوە و بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی پارێزگای سلێمانی چەند كۆمپانیایەكی هێناوەتە سەر تۆنێڵەكە بۆ ئەو مەبەستە، گەرچی تا ئێستا وەكو خۆی بە سووتاوی ماوەتەوەو بە ناچاری نەبێت بەكەڵكی هاتوچۆكردن نایەت.
Top