رواندز:پێویستی بە خزمەتگوزاری زیاتر هەیە

رواندز:پێویستی بە خزمەتگوزاری زیاتر هەیە
رواندز لەساڵی 1890 بۆتە قەزاو لە ساڵی 1982ەوە ئەو یەكە ئیدارییە بچووك كراوەتەوەو بووە بە ناحیە، تا ساڵی 2008 بەبڕیارێكی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە بەقەزا. رواندز ناحیەی وەرتێ و 47 گوندی لەسنوورەكەیدا هەیەو ژمارەی دانیشتوانی هەموو سنوورەكەی 25 هەزار كەسە، رواندز بە قەزایەكی گەشتیاری و كشتوكاڵی و باخداری بەناوبانگە، لەسەردەمی رژێمی بەعسدا بەشێوەیەكی زۆر خراپ بەر وێرانكاری و خاپوركردن كەوتبوو، لە هەموو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و لە ڕووی گەشتیاریشەوە بە هیچ جۆرێك گرنگی پێنەدرابوو، گەرچی لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ساڵانە بەپێی ئەو بودجەی بۆی تەرخانكراوە كارو پڕۆژەی بۆ ئەنجام دراوە، بەڵام لە زۆر لایەنی خزمەتگوزاری و كارو پڕۆژەكاندا هاووڵاتیانی سەنتەرو سنووری قەزاكە گلەیی و گازندەیەكی زۆریان لە وەزارەتەكان و لایەنە پێوەندارەكان هەیە. گۆڤاری گوڵان سەردانی رواندزی كرد و لە نزیكەوە چەند هاووڵاتییەكی دواند، لە پاشان گلەیی و داواكاری خەڵكەكە و چەند پرسیارێكی دیكەمان لە (سیروان سیرینی )ی قایمقامی قەزای رواندز كرد.
هاووڵاتیان گلەیی و گازاندەیەكی زۆریان هەیە
سەرەتا لە گەڕەكی كانی قوڕە، حوسێن محەمەد گوتی: كانی قوڕە یەكێكە لەو گوندە كۆنانەی كە لەنزیك سەنتەری رواندزە و ئێستاكە بۆتە گەڕەكێكی سنووری شارەوانی سەنتەری قەزا، لەم گەڕەكە كێشەی نەبوونی ئاوەڕۆمان هەیە، ئەمە جگە لەوەی بیرلێدان لەم گەڕەكە بەهۆی تاشە بەردەكانی چیاكەوە زۆر زەحمەتە، كە بووەتە هۆی دەرچوونی دەرەوەی ئاوەڕۆكان و پیسبوونی كۆڵانەكەمان، ئەم هاووڵاتییە باسی چەند گرفتێكی دیكەشی كرد كە داواكاربوو حكومەتی هەرێمی كوردستان مشوری بخوات لەوانە دانانی ستوونی كارەباو رێكخستن و چاككردنی شەقام و شۆستەكان. هەر لەمبارەیەوە هاووڵاتی نەجات زرار لە گەڕەكی شۆڕش گوتی: كۆڵان و شەقامەكانمان زۆر بێ سەروبەرەو پێویستییان بە شۆستەو ئاوەڕۆ و قیڕتاو و كۆنكرێت كردن هەیە، هەروەها گرفتی كۆنی بینایەی قوتابخانەكان و دووریی بنكەی تەندروستی گرفتێكی دیكەیەو پێویستی بەچارەسەركردن هەیە، تەنانەت تا ئێستا دوو سێ دەوامیی قوتابخانەكان لەقەزاكەماندا ماوە، ئەمە جگە لە گرفتی نەبوونی باخچەی ساوایان كە بوارێكی گرنگی پەروەردەو خوێندنە لەم سەردەمەدا، قوتابییەكی پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی رواندز لە بەشی مۆسیقا بە ناوی گەیلان سەباح ئاماژەی بەوەكرد كە وەكو پەیمانگای هونەرەجوانەكان پێویستمان بەبیانەیەكی هاوچەرخ و شیاو هەیە كە لەگەڵ پەیمانگاكەدا بگونجێت، هەروەها كێشەی نەبوونی شوێن و هۆڵ و باخچەو پارك و یاریگای وەرزشیمان هەیە. سەبارەت بەگرفتی كەرتی تەندروستیش هاووڵاتی نوری عەلی گوتی: نەخۆشخانەكەمان لەبوارەكانی دەرمان و نەبوونی پزیشكی پسپۆرەوە كەموكوڕیی هەیەو پێویستی بەئاوڕ لێدانەوەیە، هاووڵاتی محەمەد حەسەن سەبارەت بەنەبوونی تاپۆی خانووەكان دەڵێت : نەبوونی تاپۆی زۆر لەخانووەكان گرفتێكە زیانی بەهاووڵاتیان گەیاندووەو بەداواكارییەكی سەرەكی ئەو خاوەن خانووانە دادەنرێت. سەبارەت بەكەموكوڕی جێبەجێكردنی پرۆژەكانیش هاووڵاتی عەبدولڕەحمان عەزیز گوتی: لەجێبەجێكردنی پرۆژەكان كەموكوڕی هەیە بەتایبەت لەبارەی كاتی تەواوبوونی پرۆژەكە، بەڕادەیەك زۆر جار بەڵێندەرێك دێت و پرۆژەی شەقام و شۆستەیەك وەردەگرێت كەچی دوای تێكدانی ئیشوكاری لەسەر پرۆژەكە رادەوەستێت ..، سەبارەت بە خراپیی ڕێگا سەرەكییەكەی رواندز لە گەڕەكی گردەگردیش هاووڵاتی ڕەشید قادر روونی كردەوە: ئەو ڕێگا سەرەكییەی لە سۆرانەوە دێتە ناو سەنتەری قەزاكە زۆر ناخۆشە و پێویستی بە نزمكردنەوەو چاككردن هەیە، هەر ئەو كەموكوڕیانەشە كە وایكردووە ڕووداوی هاتوچۆی ناخۆش و دڵتەزێن لێ ڕووبدات جگە لەوەی كە هەندێ جارو ڕۆژ قەرەباڵغییەكی زۆر لێ دروست دەبێت، ئەمەو ژمارەیەكی دیكەی هاووڵاتیان سەبارەت بەگرفتەكانی كەرتی كشتوكاڵ و فەرامۆشكردنی گەشتیاری و پیسبوونی ژینگەو كێشەی زبڵ و خاشاك و چەندین بواری دی داوایان لەلایەنە پێوەندارەكانی حكومەت كرد ئاوڕێكی جیدی لەو پرۆژەو خزمەتگوزارییانە بداتەوە.
ئەو داواكارییانەی هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی دیكەمان ئاراستەی سیروان سیرینی قایمقامی قەزای رواندز كرد كە بەڕێزیان بەڕاشكاوی وەڵامی داینەوە
بەبێ ماستەرپلان لەتوانادا نییە بەشێوەیەكی شارستانی قەزاكە گەورە بكرێت
سەبارەت بە ماستەرپلان و كاریگەریی لەسەر كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان قایمقامی قەزای رواندز گوتی: بەداخەوە هەندێ كار كە زۆر پێویستە بۆ قەزاكە لەلایەنی پێوەندارەوە ئاوڕی لێنەدراوەتەوە، تاوەكو ئێستا وەزارەتی شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانییەكان نەیانتوانیوە بودجەیەك بۆ دروستكردنی ماستەرپلانی شارۆچكەكەمان تەرخان بكەن و ئەو پڕۆژەیە یەكێكە لە گرنگترین ڕێگاو بنەماكان بۆ گەورەبوون و گەشەكردنی سەنتەری قەزاكە، هەر بۆیە شارۆچكەی رواندز ماستەرپلانی نییە، هاوكات ئێمەو لایەنە پێوەندارەكانی قەزاكەش لەكارو بەرنامەی خۆمان ڕانەوەستاوین بە هاوكاری یەكتر توانیومانە پەرە بە فراوانبوونی رواندز بدەین و رواندزی تازە لە بناری هندرێن دروست بكەین كە ڕووبەرەكەی دوو بەرامبەر بە ڕواندزی ئێستا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش پردێكی گەورە دروست دەكرێت كە رواندز بەبناری چیای هندرێن دەبەستێتەوە، لەلایەكی دیكە دروستكردنی ماستەرپلان بە كەسانی ئاسایی وەكو ئێمە دروست ناكرێت، هاوكات ئەو بودجەیەی ساڵانە بۆ ئێمە تەرخان دەكرێت لە پەرەپێدانی پارێزگاكان یا وەزارەتەكانەوە بەشی دروستكردنی ماستەرپلان ناكات، هەر بۆیە ئێمە وەكو قەزا ناتوانین ئەو پڕۆژەیە ئەنجام بدەین، بەڵكو ئیشی كەسانی شارەزاو پسپۆڕو تایبەتمەندە بەو بوارە و ئەمەش كارو پڕۆژەیەكی گرنگە كە پێویستە حكومەت ئەنجامی بدات بە دروستكردنی ماستەرپلان و دابینكردنی زەوی و شوێنی نیشتەجێبوون دەتوانین ئەو گرفتە چارەسەر بكەین. سەبارەت بە كێشەو نەبوونی تاپۆ بۆ هەندێك لە خانووەكانی ناو قەزاكە قایمقامی رواندز ئاماژەی بەوەدا كە كاریان لەسەر ئەو لایەنە كردووە و ئەمساڵ چەند فەرمانبەرێكیان بۆ ئەو مەبەستە دامەزراندووە و ئومێدەوارین لە ئایندەیەكی نزیكدا بەڕێوەبەرایەتیی یا بنكەی تاپۆی رواندز بكرێتەوە.
قیرتاوكردنی 25هەزار مەتر دووجا كۆڵان و شەقام



سەبارەت بە كارو پڕۆژەی قیڕتاو و كۆنكرێتكردنی كۆڵان و شەقامە ناوخۆییەكان قایمقامی قەزای رواندز گوتی:( ساڵانە بە بەردەوامی بەپێی ئەو بودجەیەی بۆمان تەرخان دەكرێت ریزبەندی بەئەنجامدانی چەند پرۆژەیەك دەدەین لەوانە چاككردن و قیڕتاوكردنی كۆڵان و شەقامە ناوخۆییەكان، ئێستاش پڕۆژەی شۆستەو قیڕتاوكردنی كۆڵانەكانی گەڕەكی شۆڕش لەبەرنامەدایە و هەر گەڕەك و كۆڵان و شەقامێك كەموكوڕی هەبێت ئەوە پلان و بەرنامەمان بۆ چاككردن و دروستكردنیان هەیە، ئەمساڵ پڕۆژەی 25هەزار مەتر دووجا قیڕمان بۆ دەرچووە، بەمەش دەتوانرێت ڕێژەیەكی زۆر كەموكوڕی و گرفتەكانی كۆڵان و شەقامەكانی ناو سەنتەری قەزاكە چارەسەر بكەین، هەروەها بەجووت ساید كردنی رێگای هەولێر - حاجی ئۆمەران كە بە هاملتۆن ناسراوە كاریگەریی باش و زۆری لەسەر گەشەكردن و ئاوەدانكردنەوەی قەزای رواندزو سنوورەكەی هەیە، وێرای شەقامی كەمەربەندی رواندز تا جندیان لەژێر ئەنجامدانە و رێگای جندیان بۆ چۆمانیش تا حافز بڕیارە جێبەجێ بكرێت و ڕێگای دۆڵی خانەقاو ناحیەی وەرتێ لە قۆناغی جێبەجێ كردندایە و بڕیارە رێگای بەرزێ و ماویلیان بە ملیارێك و 800ملیۆن دروست بكرێت، هاوكات زۆربەی گوندەكانی سنوورەكە رێگاوبانیان بۆ كراوە و ئەوانەی ماوە لە بەرنامەی ئەمساڵدایە ڕێگاكانیان بۆ دروست و چاك بكرێت).
لە بوودجەی 2013دا پڕۆژەی دیكەی ئاوەڕۆ جێبەجێ دەكرێن
سەبارەت بە نەبوونی پڕۆژەی ئاوەڕۆ قایمقامی رواندز گوتی:( یەكێك لە كێشەكانی سەنتەری قەزا ئەوەیە كە لەبەر رەقی و سەختی خاكەكەی ناتوانرێت بیری لێ هەڵكەندرێت، تا ئێستاش لە ناو شارۆچكەكە ڕێژەی ئاوەڕۆ بەپێی پێویست نییە، هەرچەندە بەپێی ئەو بودجەی بۆمان تەرخان دەكرێت لە پەرەپێدانی پارێزگا و لەڕێگای وەزارەتە پێوەندارەكان لە چەندین گەڕەك و شوێنی دیكەی ناو قەزاكە كارو پڕۆژەی ئاوەڕۆمان ئەنجامداوە و لە بەرنامەو پلانی بودجەی بەركەوتووماندایە بۆ ساڵی 2013چەندین پڕۆژەی دیكەی ئاوەڕۆ جێبەجێ دەكەین، هەروەها ئێستاكە پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوەڕۆ لە ژێر ئەنجامدانە كە لە گەڕەكی بانی زێی تازەوە دێتە خوارەوە تا گەڕەكی كانی، ئەو پڕۆژەیە بڕی زیاتر لە یەك ملیارو دوو سەد ملیۆنی بۆ تەرخانكراو، بەڵام بەتەواو بوونی ئەو پڕۆژەیەش هێشتاكە ناتوانین ئەو كێشەو گرفتە بە تەواوی لەناو سەنتەری قەزاكەدا چارەسەر بكەین، هەروەها جگە لە دروستكردنی ئاوەڕۆ پێویستە لە كۆتایی ئاوەڕۆكانەوە كە لەو شوێنەی ئاوە قورسەكە دەچێتە دەرەوە بۆ پاراستنی ژینگەو ئاوی سەر زەوی پاڵاوگەی تایبەتمەند بە ئاوی پیس و قورس دروست بكرێت ).
7 ملیار دینار بۆ خزمەتگوزاریی ناحیەو گوندەكان
سەبارەت بە ئەو كارو پڕۆژانەی بۆ گوندەكانی سنوورەكە لە بەرنامەدایە قایمقامی رواندز روونی كردەوە:( هەموو گوندەكانی سنوورەكە كە ژمارەیان 47 گوندە تۆڕی كارەبای نیشتمانیان بۆ چووەو ڕێگاوبانی زۆربەشیان چاككراوەو هەندێ گوند ماون ڕێگاوبانیان بۆ دروست و چاك بكرێت بۆ ئەوانیش لەبەرنامەدایە لەماوەی ئەمساڵدا بۆیان تەواو بكرێت، هەروەها ئەمساڵ لەو بودجەیەی كە پەرلەمانی هەرێم بۆ ناوچە سنووریەكان تەرخانی كرد بڕی 7 ملیار دینار دراوە بە سنوورەكەی ئێمە ئەو بودجەیەش تەنیا بۆ ناحیەو گوندەكانی سنوورەكەیە، بەڵام لە ڕووی كارو پڕۆژەی كشتوكاڵییەوە پێویستمان بە كاری زۆرتر هەیە و بەنداوێكی گەورە و ستراتیژیش لە سنووری قەزاكە دروست دەكرێت كە ئێستاكە لە قۆناغی دیزایندایە، بە تەواو بوونی ئەو پڕۆژەیەش جوتیاران و خەڵكی سنوورەكە لە زۆر بواردا سوودی لێ وەردەگرن).
چارەسەركردنی گرفتی ئاوی خواردنەوە
سەبارەت بە كێشە و چارەسەركردنی ئاوی خواردنەوە، قایمقامی قەزای رواندز جەختی لەوەكردەوە كە پێشتر كێشەی ئاو هەبوو، بەڵام لە ساڵانی ڕابردوودا تا ئاستێكی باش ئەو كێشەیە چارەسەر كرا و بۆ باشتركردن و زیاتر ئاو دابینكردن بۆ ناو سەنتەری قەزا و دۆڵی ئاكۆیان بڕیار بوو كۆگایەكی گەورەی گلدانەوەی ئاو لە دیوی پشتەوەی شارۆچكەكە دروست بكەین لە تۆڕی سۆرانەوە ئاوی بۆ ڕابكێشین و لەوێشەوە بە بۆرییەك بۆ دۆڵی ئاكۆیان بچێت، سەرەڕای ئەوەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاو و ئاوەڕۆ بەخۆیان بڕیاریان دا كە ئەو كارە ئەنجام بدرێت، بەڵام ئێستاكە نەتوانرا سوود لە پڕۆژەی ئاوی سۆران وەربگرین و ئەو پڕۆژەی بڕیاربوو بۆ ئێمە دروستی بكەن، ڕاگیراوە،، هەروەها پێمخۆش نییە ئاوی بێخاڵیش بەكاربهێنرێت لەبەر ئەوەی زۆر گونجاو نییە بۆ خواردنەوە، بەڵام پێشنیارمان كردووە بۆ لایەنەكانی سەرووی خۆمان لە حكومەت كە كێشەی كەم ئاویمان بۆ چارەسەر بكەن ئەویش بە دانانی پاڵاوگەیەك لەسەر ڕووباری رواندز و پڕۆژەیەكی ستراتیژی ئاوی خواردنەوەمان لەسەر ئەو ڕووبارە بۆ بكەن كە تا 25ساڵی دیكە سوودی لێ وەردەگرین و تووشی كێشەی كەم ئاوی نابین.
گرفتی دووشەفتیی دەوامی قوتابخانەكان
سەبارەت بە كەرتی پەروەردە قایمقامی قەزای رواندز ئاماژەی بەوەكرد كە تا ئێستا لەگەڵ ئەو سیستەمە تازەی خوێندنیش كێشەی دوو شەفتیی دەوامیمان لە زۆربەی قوتابخانەكاندا هەیە و لە ساڵانی ڕابردووشدا سەرەڕای كەمیی ڕووبەری زەوی لە سەنتەری قەزادا دوو قوتابخانەی 18 پۆلیش دروستكراو و قوتابخانەیەكی 18 پۆلی دیكەش لە بەرزێوە دروست كراوە، هەروەها بینایەی پەیمانگای هونەرە جوانەكان بەپێیپێویست نییە و بۆ بینایەكی شیاو و هاوچەرخ بۆ پەیمانگای هونەرە جوانەكان بودجە تەرخان نەكراوە و بڕیاری جێبەجێ كردنی نەدراوە.
كەرتی تەندروستی پێویستی بەئاوڕلێدانەوە هەیە
دەربارەی بواری تەندروستی لە قەزاكەدا سیروان سیرینی گوتی: بەداخەوە لە لایەنی تەندروستییەوە كەمتەرخەمی و گرفتی زۆر هەیە، پێویستمان بە نەخۆشخانەیەكی 200 قەرەوێڵەیی و بنكەی تەندروستی هەیە و داواشمان بۆ حكومەت و وەزارەتی تەندروستی و لایەنی پێوەندار بەرز كردۆتەوە، بەڵام بەداخەوە لە كابینەی پێشوودا وەزیری تەندروستی بەڵێنی پێداین، گەرچی بۆیان جێبەجێ نەكردین و ئەمساڵیش وەزیری تەندروستی بەهەمان شێوە بەڵێنی داوە و ئومێدەوارین ئەو نەخۆشخانەیە و دوو بنكەی تەندروستی لە گەڕەكەكانی ناو قەزاكە دروست بكەن.
گەشتیاران گوێ بە پاكڕاگرتنی ژینگە نادەن
ئێستا پاككردنەوەی قەزاكە بە كۆمپانیای كەرتی تایبەت دراوە و ئەوانیش لە كارەكانیان باش و جیدین، قایمقامی رواندز لەدرێژەی ئەم بابەتە گوتی:بەڵام زۆربەی ئەو گەشتیارانەی دێنە قەزاو سنوورەكە پارێزگاری لە پاكوخاوێنی ناكەن و چەندین كارو دیاردەی دوور لە شارستانیەت و ڕێنماییەكان ئەنجام دەدەن، هەروەها لەبواری لابردنی زبڵوخاشاكدا كارەكە زۆر كۆن و تەقلیدییە و گلەییەكی زۆر لەمبارەوە هەیە و تا ئێستاكە كۆمپانیاكەی كەرتی تایبەت نەیتوانیوە كارگەی ڕیسایكلین دابمەزرێنێت،هەر سەبارەت بە كارو پڕۆژەی گەشتیاری لە سنوورەكە قایمقامی قەزای رواندز پێی وابوو تا پرۆژەی ماستەرپلانی گەشتیاری جێبەجێ نەكرێت ناتوانرێت گرنگی بەمبوارە بدرێت پرۆژەی هاوشێوەی پانكی گەشتیاری جێبەجێ بكرێت، هاوكات ئامادەیی ئیدارەكەی دەربڕی بۆ پاڵپشتی هەر كۆمپانیایەك كە بۆ مەبەستی كارو پڕۆژەی گەشتیاری بێنە سنوورەكە .
Top