مێرگەسۆر..تا ئێستا نەتوانراوە زەوی بۆ كەس و كاری ئەنفالكراوان دابین بكرێت
October 18, 2012
راپۆرتەکان
كێشەو كەموكوڕی خزمەتگوزاری
سەبارەت بەكارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان هاووڵاتیانی مێرگەسۆر پێیان وابوو لەچەند ساڵی رابردوودا چەندین كارو پرۆژە لەو سنوورە ئەنجامدراوە، بەڵام لە زۆر بواردا كەموكوڕی و كێشە هەیە، لەمبارەیەوە هاووڵاتی (خەلیل ئەحمەد) ئاماژەی بەوەدا گەرچی چەندین پرۆژە لەم دەڤەرە ئەنجامدراوە، بەڵام لەبواری ڕێگاوبانە سەرەكییەكان و ڕێگای گوندەكان كەموكوڕی زۆر هەیە تەنانەت ڕێگای گەلی ئەشكەفتێ كە بەهۆی لافاوەوە تێكچووبوو تا ئێستا نۆژەن نەكراوەتەوە، هەروەها ڕێگای زۆربەی گوندەكان بەپێی پێویست نییە..)، ئەمەو سەڕەرای ئەم كێشانە، بەڵام زۆر پرۆژە لەرووی كوالێتیەوە گرفتیان هەیە،لەمبارەیەوە هاووڵاتی میرزا محەمەد گوتی: ئەو پڕۆژانەی بۆ قەزای مێرگەسۆر ئەنجامدراون بەپێی پێویستی و داواكاری ئێمە نین و هەندێ پڕۆژەش كەموكوڕیان تێدایە..).
سەبارەت بەبواری تەندروستی كە بەپێی پێویست بایەخ و گرنگی بەم كەرتە نەدراوە، هاووڵاتی باقی حوسێن پێی وابوو دروستكردنی نەخۆشخانە تەنیا بینایە نییە، بەڵكو دابینكردنی پزیشكی پسپۆرو كارمەندی شارەزاو ئامێری پێشكەوتووشە، لەم رووەوە گوتی:( نەخۆشخانەی مێرگەسۆر لەئاست پێداویستی نییە، هەر بۆیە لەزۆربەی حاڵەتەكاندا دەبێت نەخۆش سەردانی شاری هەولێر یا سۆران بكات بەتایبەتی ئافرەتانی دووگیان و حاڵەتەكانی نەشتەرگەری). سەبارەت بەبواری پەروەردەش هاووڵاتی فاروق فوئاد گوتی: (كەموكوڕیی زۆر لە نەبوون و كەمیی مامۆستای وانە زانستییەكان هەیە)، هەر لەم رووەوە مامۆستایەك لە ناو سەنتەری قەزاكە گوتی:( پێویستە حكومەت و وەزارەتی پەروەردە خەمی جیدی لە چارەسەری كێشەكان بخۆن بە تایبەتی لە دامەزراندنی مامۆستای وانە زانستییەكان و ئینگلیزی. هاووڵاتییەكی دی كە خەڵكی گوندی سەردەریان بوو گوتی:( لەم گوندەدا قوتابخانەمان نییەو قوتابییەكانمان بۆ خوێندن دەچنە ناحیەی شێروان). ئەمەو سەبارەت بەجوانكاری و گرنگیدان بە باخچەو پاركەكان،هاووڵاتی هەندرێن رەشید ئاماژەی بەوەكرد كە مێرگەسۆر پێویستی بە باخچەو پاركی گشتی و یاریگای منداڵان هەیە، هاوكات شەقامە سەرەكی و ناوخۆییەكان پێویستیان بەوە هەیە دارودرەختی زیاتریان لێ بچێنرێت)،. هاووڵاتییەك بەناوی نیهاد شەریف كەخەریكی خانوو دروستكردن بوو پێی راگەیاندین كە كێشەی نەبوونی تاپۆی زەوی و خانووەكانمان هەیە، هەروەها لەبارەی شێوەو شوێنی فڕێدانی زبڵەكە زۆر خراپ و نەگونجاوە و لەسەنتەری قەزاوە نزیكە .)
لەدرێژەی سەردانەكەماندا ژمارەیەك لە هاووڵاتییان باسیان لە پەراوێزخستنی ناوچەكەیان كرد لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵەوە كە بەپێی پێویست گرنگی بەسنوورەكە نەدراوە، ئەمە جگە لەوەی كارو ئیشەكانی فەرمانگەكان كارا نییەو بگرە زۆربەی فەرمانگەكان بینایەیان نییە.
داواكاری هاووڵاتییان و چەند پرسیارێكی دیكەمان ئاراستەی قایمقامی مێرگەسۆر كرد، كە بەراشكاوی وەڵامی هەموو پرسیارەكانی داینەوە و پووختەی وەڵامەكانی لێرەدا بڵاودەكەینەوە.
مێرگەسۆر نەخشەی بنەڕەتی نییە
سەرەتا سەبارەت بە هەبوونی ماستەرپلان و كوژاندنەوەی زەوی بۆ بەرفراوانكردنی سنووری شارەوانی و نیشتەجێبوون، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر گوتی: ( لەسنووری قەزای مێرگەسۆر پڕۆسەی كوژاندنەوەی زەوی بەهیچ شێوەیەك ئەنجام نەدراوە، بەڵام لەساڵی 2010 ڕووپێوییەك لەلایەن لیژنەیەكەوە ئەنجامدرا بۆ ئەو شوێنانە كە شارەوانییان تێدایە بۆ ئەوەی بتوانن تەسویەی زەویەكانیان بكەن، قەزای مێرگەسۆر نەخشەی بنەڕەتی نییە، بەڵام ئێستا دوو پڕۆژەی ماستەرپلان بۆ سەنتەری قەزای میرگەسۆر و بلێ لە قۆناغی جێبەجێكردندان، ئێمە وەكو یەكەی ئیدارەی قەزاو لایەنە پەیوەندیدارەكانی دیكە كێشەی زەویمان هەیە بۆ پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون و خزمەتگوزاری، ئێستاكەش كێشەی دابینكردنی زەویمان هەیە بۆ دروستكردنی چەند یەكەیەكی نیشتەجێبوون كە لەلایەن حكومەتەوە بۆ سەنتەری قەزاكە دەرچووە كە ئەو یەكە نیشتەجێبوونەش 72 یەكەیە خۆی لە 6 باڵەخانەوە دەبینێتەوە بۆ چارەسەركردنی قەیرانی نیشتەجێبوونە بۆ هەژاران و كەمدەرامەتانی قەزاكەK بەڵام ئێستا بڕیارە لەبەر نەبوونی زەوی لەم 6 باڵەخانەیەدا 3 باڵەخانەیان لەسەنتەری بلێ و 3 باڵەخانەشیان لە سەنتەری مێرگەسۆر دروست بكەین.
كەرتی تەندروستی
سەبارەت بە گرفتی كەرتی تەندروستی و چۆنییەتی چارەسەركردنی ئەو لایەنە گرنگە قایمقامی مێرگەسۆر گوتی:( چارەسەری كێشەو گرفتەكانی نەخۆشخانەكە داواكاری زۆربەی هاووڵاتیانی ناوچەكەیە، هەرچەندە نەخۆشخانەیەكی 70 قەرەوێڵەیی لە بلێ دروستكراوە، بەڵام ئەویش نەكەوتۆتە بواری كاركردن، ئەو نەخۆشخانەی ئێستا لە سەنتەری قەزاكە هەیە بۆ كاتی خۆی و چەند ساڵێك باش بوو، هەر بۆیە ئەو نەخۆشخانەیە ئێستاكە ناتوانێت پێداویستییە تەندروستییەكانی ناوچەكە بەپێی پێویست چارەسەر بكات، هەر بۆیە ئێستاكە زۆربەی حاڵەتەكانی نەخۆش ڕەوانەی نەخۆشخانەی شاری هەولێر و سۆران دەكرێن. لەلایەكی دیكەوە لەساڵی 2006 و 2007 بڕیاربوو ئەو نەخۆشخانەیە تێكبدرێت و سەر لەنوێ بە دیزاینێكی دی بەرفراوان و هاوچەرخانە دروست بكرێتەوە، بەڵام ئەو كات لەبەر نەبوونی شوێن و ڕووبەرێكی زەوی پێویست، نەتوانرا ئەو كارە ئەنجام بدرێت و ئێستاش داوامانكردووە پاش كردنەوەو ئیشكردنی نەخۆشخانەی بلێ، نەخۆشخانەكەی سەنتەری قەزای مێرگەسۆر تێكبدرێت و سەر لە نوێ دروست بكرێتەوە).
بینایەی
قوتابخانەی گوندەكان كۆنن
سەبارەت بە كێشەی پەروەردە قایمقامی قەزای مێرگەسۆر گوتی:( لەگەڵ ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان قوتابخانەشیان بۆ دروستكراوە، بەڵام ئەو بینایانە زیاتر شەش پۆلی بوون و هەندێ قوتابخانەی دیكەیش بە شێوەی كاتی لە گوندەكان دروست كرا كە دوو ژووری بوون و سەری بینایەكانیش خۆڵ بوو، بەڵام ئێستاكە سیستەمی خوێندن لە هەرێم گۆڕاوە و پێویستیان بە بینایەی 9 پۆلییە، هەروەها كێشەی كەمیی مامۆستا بەتایبەتی مامۆستای وانە زانستییەكان لە قوتابخانەكانی قەزای مێرگەسۆر هەیە، هەروەها بەهۆی نەبوونی هەموو قۆناغەكانی بنەڕەتی لە گوندەكان زۆر قوتابی لە خوێندن دابڕاون).
فڕێدانی زبڵ و خاشاك
سەبارەت بە كۆكردنەوە و خۆرزگاركردن لە زبڵوخاشاك، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر روونی كردەوە كە پاككردنەوە و فڕێدان و خۆرزگاركردن لەزبڵوخاشاكی سنوورەكە بە كۆمپانیای كەرتی تایبەت دراوە، بەڵام كێشەمان لە شوێن و شێوەی فڕێدان و خۆ ڕزگاركردن لە زبڵەكە هەیە كە نزیكە لەسەنتەری قەزا و لەكاتی سووتاندن و ئاگرگرتنی زبڵەكە ژینگەی سنوورەكە پیس دەبێت، ئێستاكە لەهەوڵی ئەوەداین شوێنێكی دوورتر بدۆزینەوە بۆ فڕێدانی زبڵوخاشاكەكە.
ڕێگای گەلی ئەشكەفتێ
سەبارەت بەڕێگای گەلی ئەشكەفتێ كە بەهۆی لافاوەوە تێكچوو و خەڵكیش تێیدا زیانمەندبوون كە بڕیاربوو قەرەبوو بكرێنەوە قایمقامی مێرگەسۆر ئاماژەی بەوەكرد كە چاككردنی ئەو ڕێگا سەرەكییە دراوە بەبەڵێندەر و ئێستاكە لە قۆناغی جێبەجێكردندایە، بەڵام ئەو خەڵكەی لە ئەنجامی لافاوەكە زەرەرمەندبوون تا ئێستاكە قەرەبوو نەكراونەتەوە و ئەو زەرەروزیانەی هەیە بۆ قەرەبووكردنەوە بەنووسراو بەرز كراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی وەزیران و چاوەڕوانی وەڵامی ئەوانین. هەروەها بۆ سەنتەری قەزاكە لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەشێك لە جوانكاریی شەقام و ڕێگاكان و شۆستەكان ئەنجامدراوە بەتایبەتی بۆ مێرگەسۆری خوارێ و مێرگەسووری سەرەوەش دەگرێتەوە لە قۆناغی تەندەردایە، بەڵام لەتۆڕی ڕێگاوبانی گوندەكاندا گرفتمان هەیە، چونكە چەند جارە ڕێگای سۆران – مێرگەسۆر چاك دەكرێتەوە لەپاشان دووبارە كێشەو كەموكوڕی لێ دروست دەبێت، بۆ چارەسەركردنی گرفتی ڕێگای گوندەكان لەبەرنامەی كاری 2010دا نزیكەی 30 گوند ڕێگاكانیان چاك و چەوڕێژ كراون و دوو ساڵیشە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر چاككردنی ڕێگاوبانی گوندەكان لە ڕیزبەندی یەكەمی كارو پڕۆژەكاندایە.)
ئاوی مێرگەسۆر
سەبارەت بە پڕۆژەی ئاوی مێرگەسۆر قایمقامی قەزای مێرگەسۆر گوتی: پڕۆژەی ئاوی مێرگەسۆر ستراتیژییە جگە لە چارەسەركردنی كێشەی ئاوی سەنتەری قەزاكە و ناحیەی مەزنێ و گۆڕەتوو و ناحیەی پیران و شێروان و كێشەو گرفتی ئاو بۆ 75 گوندی سنوورەكە چارەسەر دەكات، ئێستاكە كار لەپڕۆژەی ئاوەكە دەكرێت، هاوكات بۆ ناحیەی شێروان پڕۆژەی ئاویان بۆ چووە تەنیا چەند گوندێكیان ماوە، هەروەها پڕۆژەیەكی دیكەی ئاو ئێستاكە لە قۆناغی تەندەرەو لە وەزارەتی شارەوانییە كە گرفتی ئاوی خواردنەوەی 51 گوندی سنووری ناحیەی بارزان چارەسەر دەكات كە ئاو لە زێی شین لە دۆڵی باڵندەوە دەهێنێت.
پرۆژەكانی ئاوەڕۆ
سەبارەت بە گرفتی ئاوەڕۆ، قایمقامی قەزای مێرگەسۆر ئاماژەی بەوەكردوو گوتی:( سنووری قەزای مێرگەسۆر بە سەنتەری قەزاوە پێویستی بە پڕۆژەی ئاوەڕۆ هەیە و تا ئێستاكە لەمبارەوە كەمترین ئیشی بۆ كراوە، لە ناحیەی بلێ و گۆڕەتوو و هەندێ شوێن ئاوەڕۆیان هەیە لە سەنتەری قەزاو ناحیەكانی دی یەك مەتر ئاوەڕۆ ئەنجام نەدراوە، لەم رووەوە لەناو ناحیەی بارزان و دۆرێ و ئەو كەندو چەمەی بەناو سەنتەری مێرگەسۆردا دەڕوات ئاوەڕۆیان پێویستە).
بنكەی گەشتوگوزار
سەبارەت بە كارو پڕۆژەكانی گەشتوگوزار قایمقامی قەزای مێرگەسۆر گوتی:( لە رووی گەشتوگوزارەوە تەنیا چەند كەپرێكی بێ سەر دروست كراون كە خەڵك بۆ خۆیان سەریان داپۆشیوە، لایەنی پەیوەندیدار لە دەستەی گەشتوگوزار هیچی بۆ نەكردووە و فەرامۆشی كردووە. لەلایەكی دیكەوە لە ساڵی 2011دا بنكەی گەشتوگوزار لە قەزای مێرگەسۆر دامەزراوە و تەنیا بەڕێوەبەرو یەك فەرمانبەری هەیە. لەڕووی شوێنەواریشەوە كار لە ئەشكەوتی شانەدەر دەكرێت و هەوڵدەدرێت لەسەر ئاستی دنیادا بناسرێت و گەشت و سەردانی بۆ بكرێت.
ژینگەو سروشت
لە كۆنەوە سنووری قەزای مێرگەسۆر بەوە بەناوبانگە كە راوكردنی باڵندەو ئاژەڵی كێوی لێ قەدەغەیە و گرنگی زۆر بە پاراستنی ژینگە دەدەن، لەمبارەوە قایمقامی قەزای مێرگەسۆر گوتی:( خەڵكی ئەو ناوچەیە زۆر گرنگی بە پاراستنی ژینگە دەدەن و راوكردنی باڵندە و ئاژەڵی كێوی بەهەر بیانوویەك بێت قەدەغەیە، خەڵكی ئەو ناوچەیەش زۆر پابەندی ئەو كلتورەن و رێزی لێ دەگرن و بگرە كوشتنی ئاژەڵ و باڵندەكان بەگوناه دەزانن).
زەوی و خانوو بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان دابین نەكراوە
سەبارەت بەوەی چی بۆ بنەماڵەی ئەنفالكراوان كراوە قایمقامی قەزای مێرگەسۆر گوتی:( بۆ كەس و كاری ئەنفالكراوانی سنوورەكەمان تا ئێستاكە نەمانتوانیوە زەویان بۆ دابین بكەین و تاكە یەك خانووشیان بۆ دروست نەكراوە، هەر چەندە لە بەرنامەی ساڵی 2011 دا دروستكردنی 400 خانوو هەبوو، بەڵام ئەوەش جێبەجێ نەكراوە و هۆكاری سەرەكیش نەبوونی زەوی بووە، چونكە وەكو ئاماژەمان پێدا دابینكردنی زەوی لە سنوورەكەدا زۆر زەحمەتە و ئەوانەی نیشتەجێی شاری سۆرانن لەوێ زەویان وەرگرتووە).
لەكۆتاییدا قایمقامی مێرگەسۆر گوتی:( ئەگەر بەرنامەو بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكان نەبووایە ئەوە بارودۆخی قەزاو ناحیەكان لەڕووی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان زۆر خراپ دەبوو. ئەمساڵ لە بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاكاندا بۆ قەزا سنوورییەكان بودجەیەكی تایبەت دانراوە، لەم بودجەیەشدا بڕی 10 ملیار دینار بۆ كارو پڕۆژەكانی قەزای مێرگەسۆر تەرخانكراوە.