وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ:ئەو كێشەیەی هەموو ساڵ دووبارە دەبێتەوە

وەرگرتنی قوتابیان لە زانكۆ:ئەو كێشەیەی هەموو ساڵ دووبارە دەبێتەوە
بۆ ئەوەی سیستەم و پرۆگرامەكانی خوێندن لە خزمەتی قوتابیدا بێت، پێویستە هەردوو وەزارەتی (پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی) گوێبیستی خواست و ویستەكانی قوتابیان بن، كە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئەركی پاڵپشتی و رێكخستن و گەیاندنی ئەو خواستانەیان لەئەستۆدایە، جێی داخیشە دووبارە بوونەوەی كێشەو گرفتەكان لەگەڵ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن زیان بەپرۆسەیەكی گرنگ دەگەیەنێت، ئەویش پرۆسەی چاكسازی و پەرەپێدانی تواناكانی توێژێكی گرنگی ناو كۆمەڵگایە.
گەنج ئەو توێژەی كە رۆڵی ئەكتیڤ لە پێشكەوتنەكانی ئابووری و كۆمەڵایەتیدا دەبینێت و خاوەنی هەستێكی بەرزی نەتەوەیی و نیشتمانییە، ئەركی سەرشانی هەموو پارتە سیاسی و رێكخراوەكان و دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمە پارێزگاری لەو هەستە بەرزەی ئینتمای گەنج بكەن، ئەمەش كاروكردەوەی دەوێت بەو پێیەی قوتابیان زۆرترین رێژەی ئەم پێكهاتەیە لەخۆ دەگرێت هەربۆیە دەربازكردنی قوتابیان لەگێژاوی كێشەو گرفتەكان دەیباتە قۆناغێكی پێشكەوتووتری ئینتماوە.



بازنەی وەرگرتنی قوتابیان
لەزانكۆو پەیمانگاكانی كوردستان
سەبارەت بەكێشەو گرفتەكانی بەردەم قوتابیان عیرفان عەزیز سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان پێی وایە گەنج داینەمۆی پێشكەوتنی هەرێمی كوردستانەو رۆڵی گرنگی لەناو هەموو ئۆرگانەكان هەیە، لە قۆناغە سەختە مێژووییەكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی نەتەوەیی كوردستان تاوەكو ئەم قۆناغەی قوربانییەكی زۆری داوەو لەمەسەلە نەتەوەییەكان دانەبڕاوەو بەبەردەوام هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری لەگەشەی بەردەوامدا بووە. هەربۆیە سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان گوتی:( قوتابیان كە پێگەیەكی گرنگی توێژی گەنجانن دەبێت بواری زیاتریان لەپرۆسەی سیاسی و حوكمڕانیەكاندا پێ بدرێت و چارەسەركردنی گرفت و كێشەكانی پەروەردەو خوێندن لەریزبەندی پێشەوەی كارەكانی حكومەت بێت، چونكە گەنجی ئەمڕۆ خەون بەدەوڵەتی كوردییەوە دەبینێت و خاك و نیشتمان لەسەروو هەموو بەرژەوەندییە حزبیەكانەوە دادەنێت، گەنچ ئەمڕۆ ئاگادارە لەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق دژایەتی جێبەجێكردنی گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان دەكات بۆ سەر هەرێمی كوردستان، تەنانەت لەو راستییە ئاگادارە كە خۆشگوزەرانی و بەرەوپێشچوونی ئەم هەرێمە هێڵێكی سوورە لە بەغدا، هەر بۆیە نابێت لەسەر حسابی بەرژەوەندییە باڵاكان قوتابیان بخرێنە ناو گێژاوی گرفت و كێشەی لابەلاوە. ئەمساڵ هەریەك لە وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا گوێبیستی رێكخراوەكانی پەیوەندار بەتوێژی قوتابیان بووە، لەكاتێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا لەكابینەی پێشوودا هیچ پێشوازی و گوێبیستێكی ئەم رێكخراوانە نەبوو، لە كابینەی پێشوودا تەنیا 2 جار لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا دانیشتین و بێ ئەنجام بوو تەنانەت بەپیر هیچ داواكارییەكی ئێمەوە نەهات، ئەمساڵ چەند گرفتێكی كەم ماوەو ئەویش بەڵێنی جێبەجێكردنیان داوە. گەرچی وەرنەگرتنی سەرجەم قوتابیان لەزانكۆو پەیمانگاكان كێشەیەكە پێویستە چارەسەر بكرێت، چونكە 6000 قوتابی كە لەدوو ساڵی رابردوو بەناهەقی لەزانكۆو پەیمانگاكان وەرنەگیران لەگەڵ 7000 قوتابی ئەمساڵ كە رەنگە وەرنەگیرێن، واتا ئەمساڵ پێشبینی دەكرێت 13000 قوتابی كە لەسێ ساڵی رابردوو لەزانكۆو پەیمانگاكان وەرنەگیراون لەدەرەوەی بازنەی وەرگرتن بمێننەوە . لەبەرامبەردا وەزیری خوێندنی باڵا بەڵێنی پێداوین بازنەی وەرگرتنی قوتابیان فراوانتر بكات . لەرووی پەروەردەشەوە گرفتی دوو سێ دەوامیمان لە قوتابخانەكاندا هەیە، لەمبارەیەشەوە وەزیری پەروەردە بڕیاری داوە لەساڵی داهاتوودا سێ دەوام لەهەموو قوتابخانەكانی كوردستان نەمێنێت. بەڵام كێشەی سیستەمی پەروەردە هەر ماوە، ئێستا پشكی سەرەكی بوودجە بۆ پەروەردە دانراوە، بەڵام هەنگاوەكان بەپێی پێویست نین، هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا دوور لە رێكخراوەكانی قوتابیان سەركەوتوو نابن، چونكە رێكخراوە پەیوەندارەكان نوێنەرانی قوتابیانن . ساڵی رابردوو 38 خۆپیشاندانمان لەسەر كێشەكانی قوتابیان بۆ بەردەم وەزارەتی پەروەردەو 36 خۆپیشاندانیش بۆ بەردەم وەزارەتی خوێندنی باڵا كرد، بەهیچ شێوەیەكیش ئەم خۆپیشاندانانە ناكرێت بگوترێت كە مۆركی حزبایەتیان پێوە بوو، چونكە داواكارییەكانمان بۆ سەرجەم قوتابیان بوو، ئێمە بەرگری لەمافی قوتابیان دەكەین لەچوارچێوەی پرەنسیبی زانستی، بەهیچ شێوەیەكیش بەمیزاج و بەمەبەستی حزبایەتی خۆپیشاندانمان لەدژی هیچ وەزیرو وەزارەتێك ئەنجام نەداوە.




زانكۆكانی كوردستان و
خواستی ڕەوای قوتابیان
هەر سەبارەت بە گرنگترین ئەو كێشانەی كە قوتابیان لەم ساڵدا رووبەرووی دەبنەوە، بورهان موزەفەر سكرتێری ڕێكخراوی گەشەپێدانی قوتابیانی كوردستان وتی:( گرفتەكانی نەبوونی جێگاو وەرنەگرتنی قوتابیان لەزانكۆو پەیمانگاكان و مەسەلەی دامەزراندنی دەرچووان لەدامودەزگای حكومی و دۆزینەوەی هەلی كار بۆ دەرچووان لەكەرتی تایبەتدا لەگرنگترین ئەو كێشەو گرفتانەن كە هەموو ساڵێك دووبارە دەبنەوەو رووبەرووی پرۆسەی پەروەردەو خوێندن دەبێتەوە، كە پێویستە حكومەتی هەرێم بەپلانێكی ستراتیژی چارەسەری جیدی بۆ بدۆزێتەوە، ئەمساڵ زیاتر لە 60 هەزار قوتابی دەرچووە و پێویستە لەلایەن زانكۆكانی هەرێمەوە وەربگیرێن، لەلایەكی دیكەوە مەسەلەی دامەزراندنیش بۆتە گرفتێكی دیكەی قوتابیانێك كە 16 ساڵ خوێندوویانە، لەلایەكی دیكەشەوە زانكۆكانی كوردستان توانایان نییە قوتابیان بەپێی پێداویستیەكانی بازاڕو پێشكەوتنەكان ئاستی مەعریفی و زانستی و پیشەییان بەرز بكەنەوە بۆ ئەوەی لەبازاڕی كاردا پشت بەخۆیان ببەستن یا كار بدۆزنەوە، كاتی ئەوە هاتووە خوێندنگەو كۆلێژو زانكۆی پیشەیی بكرێتەوە كە تەوافوقی لەگەڵ بازاڕدا هەبێت و بتوانێت كۆمەڵێك كادیر پێبگەیەنێت كە پشت بەخۆیان ببەستن . بێكاری یەكێكە لەو گرفتانەی كە وا دەكات ئینتمای نەتەوەیی و نیشتمانی كەم بێتەوەو ئومێدی قوتابیان و گەنچ بەدواڕۆژ ناهێڵێت و گەنچ وا لێدەكات لەوڵات و هەرێمی خۆیدا هەست بە نامۆیی بكات، هەربۆیە ئەركی پەرلەمان و حكومەتی هەرێمە چارەسەری پێویست بۆ هەردوو كێشەی وەرگرتنی قوتابیان لەزانكۆو پەیمانگاكان و دۆزینەوەی هەلی كار بدۆزنەوە. ئەمەو بوونی گەندەڵی و ناشەفافییەت و نادادپەروەری كە لەهەرێمی كوردستان هەیەو لەلایەكی دیكەشەوە بێكاریی بوونی هەیەو حزبە سیاسییەكانیش بەدەم چارەسەری ئەم پرسەوە نەهاتوون و نەتوانراوە چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزرێتەوە، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیش نەیانتوانیوە ئەم هەستە نەتەوەیی و نیشتمانییە بەهێز بكەن، ئەمەش هەمووی پێویستی بەدامودەزگای نیشتمانی و بە دامەزراوەیكردنی دامودەزگاكانی حكومی هەیە. جێگای داخیشە لایەنە سیاسییەكان و حكومەتی هەرێمیش بەپێی پێویست كاری بۆ قووڵكردنەوەی ئینتمای نیشتمانی نەكردووە).




رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و داواكارییەكانی قوتابیان
ئەركی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنیی قوتابییانە خواست و داواكارییەكانیان بۆ لایەنی پەیوەندار بەرز بكەنەوەو لە ڕێگای گرووپی فشارەوە زۆرترین دەستكەوت بۆ توێژەكانیان بەدەست بهێنن لەمبارەیەوە كلدۆ رمزی ئوغنا سكرتێری یەكێتی قوتابیان و لاوانی كلدو ئاشووری وتی:( وەكو رێكخراوەكانی قوتابیان لەكوردستان لەچەند ساڵی رابردوودا توانرا زۆر لەو كێشەو گرفتانە دیاری بكرێت كە رووبەڕووی قوتابیان لەپرۆسەی پەروەردەو خوێندن بوونەتەوە، ئەوە بوو بەهاوكاری حكومەت زۆر لەو گرفتانە بەرەو چارەسەر كردن رۆیشتن، لەوانە داواكاریی كردنەوەی خولی سێیەم بۆ قوتابیان هەر وەكو چۆن لەناوەندی كاری پێ دەكەن لەهەرێمی كوردستانیش قوتابیان بێ بەش نەبن لەو دەرفەتەو هەلی دەرچوون زیاتر بكرێت، لە لایەكی دیكەەوە دەبینرێت قوتابیانی كۆمەڵایەتی كەمبوونەتەوە، چونكە دەرفەتەكانی هەلی كاركردن لەدوای دەرچوونی قوتابیان لەبوارە جیاجیاكاندا وەكو یەك نییەو كاریگەری لەسەر سیستمی خوێندنیش هەیە، هەر بۆیە ئێستا كار دەكرێت بۆ پاراستنی ئەو بوارانەو گرنگی پێدانیان، كە ئەمە پێویستی بەبەرنامەو كاری هاوبەش لەنێوان سەرجەم وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم هەیە، هەروەها مەسەلەیەكی دیكەی گرنگ پەیوەندیی نێوان مامۆستاو قوتابییە كە لەم دواییەدا گرفت و كێشە هەبوو جێگای نیگەرانی هەموو لایەك بوو، هەربۆیە شێوازی پەروەردەیی پێویستی بەدووبارە چاو پێخشاندنەوە هەیە تاوەكو پەیوەندیی نێوان مامۆستاو قوتابی رێكبخرێت بەشێوەیەك لایەنی پەروەردەیی پێش خوێندن رەچاو كرابێت، واقیعەكە بەرەو پەرەپێدان بچێت و تەنیا گرنگی بەپرۆسەی خوێندن نەدرێت بەڵكو پەروەردەو خوێندن هاوشانی یەكدی بەرەو پێشەوە ببرێت. هەموو رێكخراوەكانی قوتابیان كە لەكوردستان كار دەكەن یەكێك لەئامانجە گرنگەكانیان ئەوەیە ئامانجە نیشتمانییەكان لەپێشەنگی ئەو كارانەیە كە هەوڵدەدات لەناو ئەو توێژە گرنگەی قوتابیان بڵاویان بكاتەوە، لە ڕێگای فیدراسیۆنی رێكخراوەكانی قوتابیانیشەوە توانرا روانگەی نەتەوەیی و نیشتمانی و پێكەوەژیان لەناو قوتابیاندا بچەسپێنێت، لەم پێناوەشدا هەر رێكخراوێك بەقەبارەو توانای خۆی كاریان كردووە و پەروەردەی نیشتمانی راستەقینەیان بووژاندۆتەوە، پێویستە دوور لە عەقڵییەتێكی كۆن و كلاسیك لەگەڵ قوتابیاندا مامەڵە بكرێت، عەقڵییەتێك كە هەڵگری شێوازو ڕێگایەكی نوێ بێت و لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ئەمڕۆی جیهاندا بگونجێت، ئەمەش پێویستی بەپرۆگرامێكی نوێ و سەردەمیانە هەیە، لەم پێناوەشدا ئەركی ئێمەیە بەردەوام بین لەفشارو پاڵەپەستۆكانمان تاوەكو بتوانین زیاتر دەنگی قوتابیان بگەیەنینە لایەنی دەسەڵات و لە بڕیارو بەرنامەكاندا حساب بۆ ویست و داواكارییەكانیان بكرێت). هەر سەبارەت بە ئەركەكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی بەتایبەت لەبواری وەرگرتنی قوتابیان، جەلال هۆرۆنی چالاكوانی بواری قوتابیان وتی: (كرانەوەی كۆمەڵگای كوردستانی بەڕووی جیهانی پێشكەوتووی دەرەوە بارودۆخێكی وای دروستكردووە خواست و داواكاری قوتابیان و رێكخراوەكانیشی بەرز كردۆتەوە، ئەمڕۆ خواست و داواكاری رێكخراوەكانی قوتابیان لە كردنەوەی خول و تەنیا كۆكردنەوەی ئەندام تێپەڕی كردووە). سەبارەت بەپەیوەندیی نێوان رێكخراوەكانی قوتابیان و وەزارەت و دامودەزگاكانی حكومەتیش ئەم چالاكوانەی بواری قوتابیان وتی:( ئەمساڵ لایەنێكی ئیجابی باش هەبوو كە هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا بەدەنگ داواكاری قوتابیان و رێكخراوەكانیانەوە هاتن، لەكاتێكدا لەساڵانی رابردوودا لەم بارەیەوە بەتایبەتی لەرووی وەرگرتنی قوتابیان لەزانكۆكانی كوردستان كێشەی زۆر هەبوو، ئەركی پیشەیی رێكخراوەكانی قوتابیان ئەوەیە كە بەدەنگ داواكاری قوتابیانەوە بێن و دواتر ئەم داواكاری و خواستە بۆ دەسەڵات بەرز بكەنەوە، دەكرێت لە هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا نوێنەری فیدراسیۆنی رێكخراوەكان هەبێت بۆ ئەوەی دانانی پلان و بەرنامە رەچاوی ویست و خواستی قوتابیانیشی تێدا بێت. لەلایەكی دیكەوە دەكرێت پرۆگرامەكانی خوێندن بەپێی هەلومەرجەكەو واقیعەكەی ئەمڕۆ گۆڕانكاری تێدا بكرێت و لەگەڵ واقیعی نەتەوەیی و كێشەكەماندا بگونجێت و دوور بێت لەململانێی ئایدیۆلۆژی و حزبایەتییەوە چونكە كورد كێشەی نەتەوەیی و نیشتمانی هەیە نەك ئایدیۆلۆژی و مەزهەبی و حزبی، هەربۆیە پێویستە پرۆگرامەكانی خوێندنیش رەچاوی ئەمەی تێدا بكرێت).


Top