رادیۆی دەنگی كوردستان بەرەو یۆبیلی زێڕینی هەنگاو دەنێت

رادیۆی دەنگی كوردستان بەرەو یۆبیلی زێڕینی هەنگاو دەنێت
لە گەرمەی دەستپێكردنی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، رادیۆی دەنگی كوردستان وەك فێرگەیەك بوو بۆ گۆشكردن و پەروەردەكردنی ڕۆحی بەرەنگاری و بەرخودانی كورد، لە ژینگەیەكی پڕ لە داگیركاری و دیكتاتۆری ئەوكاتەی عیراقدا كە كەمترین مۆراڵی مرۆڤانەی تێدا دەدۆزرایەوە، لە وڵاتێكدا كە ترادیسیۆن و پرەنسیپەكانی پەروەردەی خەڵكی بەهۆی دەسەڵاتە شۆڤینیەكانی حەرەس قەومیەكان و هاوشێوەكانیانەوە پڕ بوو لە تۆمارەكانی شەڕ و گرتن و كوشتنی بێتاوانان، بە تایبەتیش لە بەرانبەر خەڵكی كوردستان كە ڕژێمە یەك لە دوا یەكەكان عیراق بە هەنجەتی بێ كرۆك و بێ بنەما شەرعیەتیان بە تاوانەكانیان لە دژی كورد دەدا، لەو كاتانەدا ڕادیۆی دەنگی كوردستان پێوەندییەكی بنەمایی پێكدێنێ بۆ ناساندنی واتاكانی ئازادیی تاك و كۆی كۆمەڵگەی كوردیی، هەر بەو نەفەسەوە دەستی بە پەخش كردووەو ئێستاش لەم سەردەمە جەنجاڵە و لەم دنیا تێكچڕژاوەی پڕ لە بەرژەوەندخوازی وڵاتانی دنیادا سەداو دەنگی ئەم ڕادیۆیە بە شێوازێكی سەردەمیانە بژارەكانی بەردەستی زۆر بوون و بە شێوەیەك گەشەی كردووەو بەرنامەكانی بۆ بیسەرانی زرنگ و خەڵكانی تینوو بە سەربەخۆیی و ڕزگاریی یەكجارەكی نیشتمانەكەیان پەخش و بڵاو دەكاتەوە، هەر چۆن پێشتریش تاكە مینبەری گەیاندنی پەیام و هەواڵەكانی شۆڕش بووەو لە نێو جەرگەی شۆڕشێكی مەزنیشدا لە دایكبووە، لەگەڵ دەستپێكی كارەكانیدا تا بە ئەمڕۆمان دەگات و بە تێپەڕبوونی قۆناغە جیاجیاكان هەمیشە سەكۆی گەیاندنی داوا و داخوازییە رەواكانی میللەتی كورد بووە.
دەزگایەك بۆ ناساندنی هەیبەتی گەلێكی ستەملێكراو
لەم رۆژانەدا 49 ساڵ بەسەر تەمەنی ئەم رادیۆیە تێپەڕی و بەرەو یۆبیلی زێڕینی هەنگاو دەنێت ئەمەش بۆ رادیۆیەكی كوردی مایەی شانازییەكی گەورەیە، سەبارەت بە گەیاندنی هەواڵ و زانیارییەكانی نوێی سەردەمیش بە خێراییەوە لەلایەن دەنگی كوردستانەوە، لەو سەردەمەی ئێستادا كە ڕووداو و هەواڵەكان زۆر بە خێرایی و راستەوخۆیی دەگوازرێنەوە بۆ بیسەر و بینەران، (سالار عوسمان) بەڕێوەبەری گشتی رادیۆی دەنگی كوردستان وتی: ئێمە لە دەنگی كوردستان وەك بەشێك لە میدیای كوردی، هەوڵمانداوە خۆمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو پێشكەوتنەی ئێستا هەیە، بۆیە لە رێگای تۆڕی پەیامنێرانمانەوە كە لە هەموو شاروشارۆچكەكانی كوردستان هەن، هەواڵ و ڕووداوەكان بەخێراییەوە بە گوێگران دەگەیەنین، بۆ ئەم مەبەستە بەپێی میكانیزمێك هەر سەرە سەعاتێك هەواڵەكان بەشێوەیەكی زیندوو بڵاو دەكەینەوەو هیچ دەنگوباسێك نییە كە بەبێ پەیامی پەیامنێران تێپەڕێت، جگە لەوەش ئەگەر هەواڵێك یان ڕووداوێكی لەناكاو هەبێت ئەوا ئێمە زووتر بڵاومان كردۆتەوە.
ئەم مامەڵەیە لە دەنگی كوردستان بەشێوەیەكی باش بەڕێوە دەچێت بە ڕەچاوكردنی وردی زیاتر لە راستی و دروستی هەواڵەكان، چونكە ئێمە بەر لە خێرایی بڕوامان بە پرەنسیپێكی گرنگتر هەیە ئەویش بریتییە لە پرەنسیپی راستگۆیی، بۆیە هەمیشە هەوڵمانداوە راستگۆیی بخەینە پێش خێرایی، چونكە رادیۆی دەنگی كوردستان هەم لە دوێنێی خەباتی خۆی لە شاخ و هەم لە ئێستادا بە راستگۆیی ناسراوە و هەمیشە بە راستگۆیی هەواڵ و رووداو و زانیارییەكانی گواستۆتەوە و نەكەوتۆتە نێو هەڵەوە، ئەم نەكەوتنە نێو هەڵەیەی دەنگی كوردستان بۆ ئێمە مایەی شانازییە و بەردەوام كاری لەسەر دەكەین.
مینبەرێك بۆ دەنگی هەموو كوردستانیان
دەنگی كوردستان سەردەمێك مایەی ئیلهام بەخشی پێشمەرگە و تاكە سەرچاوەی گەیاندنی پەیامی سەركردایەتی كورد بوو بە گەلی كوردستان، لەم سەردەمەی ئێستادا دەنگی كوردستان چۆن توانیویەتی بە هەمان نەفەسی پێشمەرگایەتی كاری خۆی ئەنجام بدات، لەم بارەیەوە سالار عوسمان پێیوایە ((حەقیقەتێك هەیە كە پێویستە باس بكرێت ئەویش ئەوەیە كە رادیۆی دەنگی كوردستان لەگەڵ هەموو ئەو گۆڕانكارییە سیاسی و كەلتووری و تەنانەت تەكنۆلۆژیەكانیش كە لە كوردستان هەیە وەكو دوێنێی خۆی گۆڕاوە، ئەمە بە مانای ئەوە نییە كە گۆڕین لە رووخساردا كار لە ناوەڕۆك بكات، ناوەڕۆك وەكو خۆی ماوە كە بریتییە لە بەرگری كردن لە نەتەوەیەك، میدیایەك بەرپرسە و رەسەن و سەنگینە، میدیایەك هەمیشە لەگەڵ دۆزی رەوای گەلەكەی خۆیەتی، بەڵام بە گۆڕان و نوێ بوونەوە وگونجان لەگەڵ ئەو سەردەمە، ئەوەی لە دەنگی كوردستان ئەنجام دەدرێ بڕوا بوونە بە مەسەلەی نەتەوەیەك، هەروەها راستییەك هەیە كە دەبێ ئاماژەی پێبكەین ئەویش ئەوەیە هەوڵ دەدرێ و كارێكی زۆر دەكرێ بۆ ئەوەی رادیۆی دەنگی كوردستان لە ئۆرگانی بوون و زمانحاڵی بوون دەرباز بێت و ببێتە رادیۆیەك هەموو كوردستانیان بە هی خۆیان بزانن، بۆیە هەوڵمانداوە جگە لەوەی بەرگری لە پارتی دیموكراتی كوردستان بكات لە كاتی پێویست بەتایبەتی لە قۆناغە زۆر گرنگەكان، بەڵام لە كاتە نۆرماڵ و ئاساییەكاندا دەنگی هەموو خەڵكی كوردستانە و جێگای هەموو بیروڕا جیاوازەكانی تێدا دەبێتەوە و دەرفەت بۆ هەموو ئەوانی دیكە دەرەخسێنێ رای خۆیان دەرببڕن، ئەگەر ئێمە بتوانین دەنگی كوردستان بكەین بە رادیۆی هەموو خەڵكی كوردستان و خەڵكیش بە رادیۆی خۆی بزانێت، ئەوا ئێمە دەبین بە خاوەنی رادیۆیەكی نیشتیمانی گەورە، ئەمەش خەونێكە بەردەوام لە خەیاڵدانی ئێمەدایە كە دەنگی كوردستان بگەیەنینە هەر چوار پارچەی كوردستان و كوردانی هاندەران و لە یەك چركەساتدا لە هەولێر و قامیشلۆ و مهاباد و ئامەد گوێی لێبگرن، بۆ من و ئەوانەی لە دەنگی كوردستان كار دەكەین ئەمە هەمیشە خولیایەكە و هەوڵ دەدەین بە جددی كاری بۆ بكەین.
بەرەو یۆبێلی زێڕینی
دەنگی كوردستان بەرەو یۆبێلی زێڕینی هەنگاو دەنێت ئەمەش بۆ میدیای كوردی بە گشتی دەستكەوتێكی مێژووییە لەم بارەیەوە وتی: ئێمە دەنگی كوردستان بەو شێوەیە دەبینین كە تەنیا رادیۆیەك و ئۆرگانی حزبێك و مینبەرێكی میدیاییش نییە، بەڵكو ئەگەر مێژووی دەنگی كوردستان بخوێنینەوە هەندێك جار وەكو قوتابخانەیەك دێتە بەرچاو، هەندێك جار لێرەو لەوێ وەك مینبەرێك ورادیۆی دایك ناوزەد دەكرێت، چونكە ساڵێكی تر تەمەنی دەبێتە پەنجا ساڵ ئەمەش لەكاری میدیای بەرپرسی نیشتیمانی كوردستانی ئەرشیفێكی گەورەیە بۆ هەموو میدیاكانی كوردستان نەك تەنیا بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و تەنانەت بەشێكە لە كلتووری سیاسی و شۆرشگێڕی و میدیایی لە كوردستان، كەواتە دەنگی كوردستان لە چوارچێوەی میدیایەكی حزبی دەترازێ و دەچێتەو نێو ئەرشیفی نەتەوەیەك وەكو قوتابخانەیەك وێنای خۆی دەكات و لەدوا جاریش دەبێتە بەشێك لە شانازی میدیا لە سەرتاسەری كوردستان، ئەگەر ئێمە بمانەوێت رادیۆیەك بێت لە ئاستی رادیۆیەكی نیشتیمانی گەورە، پێویستە لە سەرەتاوە دەست بە داڕشتنەوەی ئەم رادیۆیە بكەین لەرووی تەكنیكی، سیاسی، توانای ماددی، ستافەوە، پێگەیاندنی كادری نوێ، بیناو كەرەستەكانی بەشێوەیەكی گشتی، پێڕاگەیشتن بە هەموو پارچەكانی كوردستان و تێكەڵ كردنی هەموو پارچەكانی كوردستان، بە رەچاو كردن و پاراستنی تایبەتمەندێتی باشووری كوردستان، هەموو ئەمانە ئەجێندای كاری فراوان و بەشێك لە بیركردنەوە و خەیاڵ و خولیای ئێمەن كە راشكاوانە دەڵێم لە توانای ئێمەدا نییە بە تەنیا، رووی دەمم لە سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێم كە لەم هەنگاوەدا هاوكارمان بن، رووی دەمم لە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و هەموو لایەنەكانە لە ئێمە بگەن كە دەمانەوێ ببین بە خاوەن رادیۆیەكی لەم ئاستە دیارە مەبەستێك هەیە مەبەستەكەش ئەوەیە كە كورد شایەنی ئەوەیە رادیۆیەكی هەبێت لە هەموو پارچەكانی كوردستان گوێی لێ بگیرێت، رادیۆی دەنگی كوردستان نزیكترین تایتڵ و باشترین ئەدرێسی گەیشتنە بەم ئومێدە، واتە لە هەموو رادیۆكانی دیكە شایەنترە بۆ ئەوەی ئەم شانازییە پێ ببڕدرێ، دیسان دەیڵێمەوە ئەمە كار و داوای ئێمەیە و ئومێدەوارم هەموو لایەنەكان هاریكارمان بن.
Top