هاووڵاتیانی قەڵادزێ.. داوای پڕۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆو كارەبا دەكەن
September 20, 2012
راپۆرتەکان
قایمقامی پشدەر بۆ (گوڵان):
72 شوقەی نیشتەجێبوون و پاركێكی گەورە دروست دەكرێن
لەوەرزی زستانی ئەمساڵدا كێشەی كارەبامان دەبێت
داواكاری هاووڵاتیان
سەبارەت بە كەمی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و كێشەی ئاویخواردنەوە هاووڵاتی رەسول حاجی محەمەد پێی وابوو شەقامی سەرەكی ناو قەزاكە پێویستی بەدوو سایدكردن و فراوانكردن هەیە كە ئێستا ئەو شەقامە لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەكان و قەرەباڵغی قەزاكەیان ناگونجێت، هەروەها ئەم هاووڵاتیە داوای جوانكردن و رێكخستنی ناو بازاڕەكەی كرد، هەر سەبارەت بەخراپی شەقام و ڕێگاوبانەكان هاووڵاتی حەمید قادر لەگەڕەكی كانی زین وتی:(كۆڵان و شەقامەكانی گەڕەكەكەمان زۆر ناڕێك و تێكچووە و پێویستی بەدووبارە رێكخستنەوەو چاككردنەوە هەیە )، ئەمەو سەبارەت بەكەمی پرۆژەی خزمەتگوزاریش ئەم هاووڵاتیە وتی : (قەڵادزێ پێویستی بەئاوەڕۆیەكی گەورە هەیە بەتایبەتی بۆ ئەو چەمەی بەشارۆچكەكەدا تێپەڕ دەبێت، چونكە بۆن و پیسی چەمەكە هاووڵاتیانی نیشتەجێی دەورووبەری بێزار كردووەو زیانی بۆ باری تەندروستیان هەیە). لەلایەكی دیكەوە نەبوونی پرۆژەكانی ئاوی خواردنەوەو گرفتی كەمی ئاوی خواردنەوە بە یەكێك لەو داواكارییانەی هاووڵاتیان دادەنرێت كە بە وتەی هاووڵاتیان چەندین ساڵە بەدەست ئەو كێشەیەوە دەناڵێنن و بێزارییەكی زۆری بۆ دروست كردوون، لەمبارەیەوە لەگەڕەكی شەهیدان هاووڵاتی دیار عەلی وتی: (نكوڵی لەوە ناكرێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین پرۆژەی لەم دەڤەرە جێبەجێكردووە، بەڵام لەلایەنی ئاوی خواردنەوەوەدا گلەیی و رەخنەمان هەیە، ئەوەتا ماوەی چەند ساڵێكە بەتانكەر ئاوی خواردنەوەمان بەسەردا دابەش دەكەن، لەكاتێكدا پرۆژەیەكی ئاوی خواردنەوە لەژێر ئەنجامدانە بەڵام ماوەی تەواوبوونی پرۆژەكە دواكەوتووە)، هەر لەمبارەیەوە لە گەڕەكی ئاشتی دوو ئافرەت بەناوی زوڵێخاو كەژاڵ داوایان لە حكومەتی هەرێم كرد باچیتر لەڕێگای تانكەرەوە ئاوی خواردنەوەیان بەسەردا دابەش نەكرێت و چارەسەری جیدی و گونجاوی ئەو گرفتە بكرێت. هاووڵاتی حەسەن عوسمانیش لەگەڕەكی شەهیدان سەڕەرای باسكردنی كێشەكانی خراپی ڕێگاوبان و نەبوونی ئاوەڕۆو نزمی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری شارەوانی تەئكیدی لەسەر هەمان گرفتی ئاوی خواردنەوە كردەوەو داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، هەڵمەتێكی راكێشان و دابەشكردنی تۆڕی نوێی ئاوی خواردنەوە لەقەزاكەیان ئەنجام بدەن. هەر سەبارەت بەداواكاری هاووڵاتیان عەبدوڵا ئەحمەد لەگەڕەكی راپەڕین باسی لەگرفتی كەرتی تەندروستی كردو لە درێژەی قسەكانی دا باسی لە نەخۆشخانەی شارەكەیان كرد بەوەی لەئاست پێویست نییەو كاتی ئەوە هاتووە پێشبخرێت و نەشتەرگەری تێدا ئەنجام بدرێت. لەلایەكی دیكەوە گلەیی و رەخنە لەو سیستەمە كۆنەی فڕێدانی زبڵ و خاشاك هەیە، لەمبارەیەوە هاووڵاتی هادی حوسێن داوای زیادكردنی كرێكارەكانی شارەوانی و چارەسەركردنی زانستیانەی ئەو زبڵ و خاشاكەی كرد كە لە ناوچەی سەرمیل دەسوتێنرێت و زیانی ژینگەیی و تەندروستی زۆر بەجێ دەهێڵێت. بوونی كێشەی تاپۆكردنی خانووەكان بەهەمانشێوەی زۆربەی قەزاو ناحیەكان لە قەڵادزێش هەیە، هاووڵاتیەك بەناوی مەحموود عوسمان تیشكی خستە سەر ئەم كێشەیەو داوای لەحكومەتی هەرێمی كوردستان كرد ئەم كێشەیە چارەسەر بكات چونكە داواكارییەكی سەرەكی ئەو هاووڵاتیانەیە كە خانووەكانیان تاپۆی نییە.
فراوانكردنی قەڵادزێ و قەرەبووكردنەوەی جوتیار و خاوەن دوكانەكان
لە وەڵامدانەوەی رەخنەو داواكاریەكانی هاووڵاتیان و ئەو پرۆژە خزمەتگوزارییانەی پێویستە حەسەن عەبدوڵڵا قایمقامی پشدەر بە گۆڤاری گوڵانی راگەیاند:( لەساڵی 2010 ەوە كار لەماستەرپلانی شارۆچكەكە كراوە و لەمانگی دووی ئەمساڵدا تەواو بووە، بەڵام هەندێك كێشەو گرفتی تێدا بەدی دەكرێت، ئەم گرفتانەش كاتێك دروست بوو كە چەند گوندو موڵكێك كەوتە ناو ماستەرپلانەكەوە و پێویستی بەقەرەبووكردنەوە هەیە ئەمە جگە لەوەی هەندێك لەو زەوییانە كە بۆ ماوەی 50 ساڵ دەبێت بەدەست جوتیارەكانەوەیەو تاپۆی نییە، هەربۆیە پێویستە بەجۆرێك لەجۆرەكان چارەسەری ئەم كێشەیە بكەین، لەكاتێكدا بەپێی یاسا هەر زەوییەك تاپۆی نەبێت قەرەبوو ناكرێتەوە، ئێستا لەچاوەڕوانی بڕیارێكداین كە خەڵكی خۆمان بێبەش نەبێت لەو قەرەبوویە. لەلایەكی دیكەشەوە پرۆژەی بەدووسایدكردنی شەقامی ناو سەنتەری شارۆچكەكەش كە بەهۆی دواكەوتنی بودجەو زۆری پرۆژەكانی پارێزگای سلێمانی دواكەوتووە ئێستا بودجەی زیاتر لە 6 ملیار دیناری بۆ تەرخانكراوەو بەمنزیكانە دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت و دوكان و بازاڕو شوێنەكانیش كە دەكەونە بەر ئەم فراوانكردنە قەرەبوو دەكرێنەوە). ئەمەو سەبارەت بەدواكەوتنی پڕۆژەی ئەو ڕێگا دووسایدە سەرەكییەی كە بۆ شارۆچكەی قەڵادزێ دێت قایمقامی قەزای پشدەر وتی: زۆری پڕۆژەكانی پارێزگای سلێمانی كە كۆمپانیاكان لەتوانایاندا نەبوو ئەو هەموو پڕۆژەیە ئەنجام بدەن لەگەڵ كەمی ئەو بودجەیەی بۆ ئەم پڕۆژەیە تەرخانكرابوو هۆكاری سەرەكی دواكەوتنی جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی سەرەكی قەڵادزێ بوو.
پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە
سەبارەت بە كێشەو گرفتی ئاوی خواردنەوەو دواكەوتنی ئەو پڕۆژەیەی كە چەند ساڵە لەژێر ئەنجامدانە قایمقامی قەزای پشدەر وتی: ئاوی خواردنەوە یەكێكە لەو گرفتانەی كە چەند ساڵە لە ناو قەڵادزێ هەیە و بەتانكەر ئاو بەسەر چەندین گەڕەك دابەش دەكەین، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە پڕۆژەیەكی گەورەو ستراتیژی ئاوی خواردنەوە ماوەی چەند ساڵە لەژێر ئەنجامدانەو زۆریش دواكەوتووە، هۆكاری دواكەوتنی ئەو پڕۆژەیەش زیاتر بۆ بواری دیزاین و دەرخستەكەی دەگەڕێتەوە، چونكە ئەو كاتەی كە لەساڵی 2004 ئەو پڕۆژەیە دیزاینی بۆ كرا و بڕی 11ملیار دیناری بۆ تەرخانكرا ئەوە ژمارەی دانیشتوانی ناو شارۆچكەكە نزیكەی 30هەزار كەس دەبوو، بەڵام ئێستا ژمارەی دانیشتوانەكەی قەڵادزێ زیاتر لە 75هەزار كەسە، هەر بۆیە بۆ ئەو پڕۆژەیە دیزاینێكی تر دروستكراو بڕی بودجەكەشی كرا بە 17ملیار دینار، لەپاشان تیمێكی تر لە ئەنجومەنی وەزیران هات سەیری پڕۆژەكەیان كرد و دیتیان ئەو پڕۆژەیە زۆر بەرفرەوانەوە و بۆماوەی(25 تا 40 ) ساڵ دەتوانێت كێشەی ئاو بۆ شارۆچكەكە چارەسەر بكات و چۆن دەبێت هەندێ ستانداردی جیهانی هەیە لەو پڕۆژە ستراتیژیە نەبێت، هەر بۆیە بۆ جارێكی تر دیزاینێكی تریان بەپێی ئەو مواسەفاتە ستانداردەی لە دنیادا هەیە بۆ ئەنجامدا و تێچووی ئەو جۆرە پڕۆژانە پێویستی بە (44) ملیار دینارەو لەم بڕە پارەیەش زیاتر لە (41) ملیاری بۆ تەرخانكرابوو، لەپاشان لەلایەن پارێزگای سلێمانییەوە لیژنەیەك دروستكراو سەردانی پڕۆژەكەیان كردو بەپێی ئەو لێكۆڵینەوەو بەدواداچوونەی ئەنجامیاندا ئەوە دوو ملیارو 600ملیۆن دیناری تریشی بۆ تەرخانكرا، ئێستاكە ئەم پڕۆژەیە هیچ كێشەیەكی دارایی و یاسایی نەماوە و چەند قۆناغێكی باشی بڕیوە. بەڵام لەرووی كشتوكاڵەوە ناوچەكە بەتەواوەتی فەرامۆش كراوە ئەوەتا وەزارەتی كشتوكاڵ جگە لەچەند جۆگەلەیەكی ئاودێریی بچووك، هیچ پرۆژەو كارێكی لەم سنوورە جێبەجێ نەكردووە، هاوكات دەستەی گەشتوگوزاریش تاكە یەك پرۆژەی لە قەزاو ناوچەكە ئەنجام نەداوە.
زستان گرفتی كارەبامان بۆ دروست دەبێت
سەبارەت بە گرفتی كارەبا و چۆنییەتی چارەسەركردنی ئەو بوارە گرنگە قایمقامی قەزای پشدەر وتی: گرفتی كارەبامان هەیەو ویستگەیەكمان هەیە باری زۆر قورسە و ڤۆڵتیەشی زۆر نزمە، لە وەرزی زستان نەك ناتوانرێت كارەبای پێویست بۆ قەزاكە دابین بكات، بەڵكو كارەبای نیشتمانیمان نابێت، بڕیارە لەماوەی داهاتوو بەفەرمی سەردانی بەڕێز سەرۆكی حكومەت و وەزیری كارەبا بكەین بۆ ئەوەی لەنزیكەوە پێیان ڕابگەیەنین كە كێشەی كارەبای نیشتمانیمان هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتەش پێویستمان بە وێستگەیەكی كارەبا یا وێستگەیەكی مۆبایلە، هەرچەندە ئێستاكە وێستگەیەكی 132كەی ڤی كاری تێدا دەكەن.
كەرتی تەندروستی و نەبوونی پزیشكی پسپۆر
سەبارەت بە خزمەتگوزاریەكانی كەرتی تەندروستی قایمقامی قەزای پشدەر وتی: لەناو سەنتەری قەزادا نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەیی هاوچەرخمان بۆ دروستكراوە و بڕیارە ئەمساڵ بەبڕی 11 ملیۆن دۆلار ئامێرو كەلوپەل و پێداویستی پزیشكی بۆ نەخۆشخانەكە بكڕێت و ئەم كارەش لە قۆناغی ڕگەیاندنە، بەڵام ئێمە وەكو هەموو شوێنە دوور و سنوورییەكان كێشەی نەبوونی پزیشكی پسپۆڕمان هەیە .
كێشەی ئاوەڕۆو چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك
سەبارەت بەخزمەتگوزاریەكانی شارەوانی قایمقامی پشدەر وتی:( لەساڵی 2012دا زۆربەی شەقام و كۆڵانەكان شۆستەیان بۆ دروست دەكرێت و كارو پڕۆژەی قیرتاویشیان بۆ ئەنجام دەدەین، بەڵام لەرووی زبڵ و خاشاك و چارەسەركردنی كێشەو گرفتمان یەكجار زۆرە، چونكە شارۆچكەكە بەرفراوانبووە و ژمارەی كرێكاری شارەوانیمان كەمە و ئەوەی هەشمانە زۆربەیان گرێبەستن، هاوكات لەلایەن هاووڵاتیانەوە هۆشیاریی پاراستنی ژینگەمان كەمە . هەروەها كێشەی ئاوەڕۆمان هەیە.
5 باخچەی ساوایان دروست دەكرێت
سەبارەت بەكەرتی پەروەردە قایمقامی قەزای پشدەر وتی: سێ قوتابخانەی زۆر بەرفرەوان و مۆدێرن كە یەكێكیان 27 پۆلییە و دووانیان 18 پۆلیین لەناو سەنتەری قەزادا لەژێر ئەنجامداندانە و (5) قوتابخانەشمان بۆ خراوەتە بەرنامەوە، لە هەموو گوندەكانیش بینایەی قوتابخانەمان هەیە تەنیا لەو گوندانە نەبێت كە ژمارەی قوتابییەكانیان ناگاتە 10 قوتابی كە بەسیستەمی كابینە قوتابخانەیان بۆ كراوەتەوە، هەروەها كێشەی باخچەی ساویان هەبوو، ئەمساڵ لە لایەن حكومەت و وەزارەتی پەروەردەوە 5 باخچەی ساوایان لەناو سەنتەری قەزای پشدەر دروست دەكرێت.
خانووەكانی وەبەرهێنان
بۆ خەڵكی هەژارو كەم دەرامەت سوودیان نییە
سەبارەت بەو 300خانووەی كە لە قەزای پشدەر لەچوارچێوەی پرۆژەكانی وەبەرهێناندا دروست دەكرێن، قایمقامی قەڵادزێ نرخی ئەو یەكەی نیشتەجێبووانەی بە زۆر زانی كە نرخی هەر خانوویەك 60 هەزار دۆلارە و ئەم نرخەش بۆ خەڵكی ئەو سنوورە زۆر گرانەو لەكاتێكدا خەڵك بیەوێت بۆ خۆی خانوو دروست بكات زۆر لەم نرخەی كەمتری تێدەچێت. لەلایەكی تر بڕیارە حكومەتی هەرێم خۆی 17 باڵەخانە كە خۆی لە 72 شوقەی نیشتەجێبوون دەبینێتەوە بۆ خەڵكی هەژارو كەمدەرامەت لەسەنتەری قەزاكە دروست بكات.
فەرمانگە هەیە لەقەڵادزێ
بودجەی لەقایمقامیەت زیاترە
سەبارەت بەدابەزاندنی دەسەڵاتی كارگێڕی و دارایی و نەبوونی یەكەی ژمێریاری لەناو ئیدارەی قەزاكەدا قایمقامی قەزای پشدەر وتی: لەكابینەی شەشەم هەندێك لە دەسەڵاتە كارگێڕیەكانمان بۆ هاتەخوارەوە، بەڵام لەبەر نەبوونی دەسەڵاتی دارایی و بودجە، نەمانتوانی هیچ كارو دەسەڵاتێك پیادە بكەین، هەروەها ئێستاكەش كەمترین دەسەڵات لەبەردەستی قایمقامەكان دایە، ئەمە لەكاتێكدا فەرمانگە هەیە لەناو قەزاكەماندا دەتوانێت بەبڕی 80 ملیۆن دینار پڕۆژە جێبەجێ بكات و فەرمانگە هەیە بودجەو خەرجی بەردەستی زۆر لە ئێمە زیاترە، بۆ دابەزاندنی دەسەڵاتی ئیداریی و دارایی بە پێویستی دەزانم یەكەی ژمێریاری لە ناو قایمقامیەت دابمەزرێنن.
لەكۆتاییدا قایمقامی پشدەر وتی: لە ساڵانی ڕابردوودا كەموكوڕیمان لە پانتایی سەوز زۆر هەبوو، هەر بۆیە لەچەند شوێن و گەڕەكێك باخچە و پانتایی سەوز دروست دەكەین و هەڵمەتی دارچاندنیش بەپێی بەرنامە ئەنجامدراوە، هەروەها ئێستاكە پاركێكی مۆدێرنی بەرفرەوان لەسەر رووبەری 85 دۆنم زەوی لەدەروازەی شارۆچكەكە لەژێر ئەنجامدانە، لەلایەكی دیكەوە هەر بۆ سەنتەری قەزا پاركێكی دی، لەسەر رووبەری 60 دۆنم زەوی لەسەر بودجەی 2012 لە بەرنامەدایەكە دروست بكرێت.