محەمەد قەرەداخی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بۆ گوڵان:1500 كەس لە ناوچە دابڕێنراوەكان دادەمەزرێنین

محەمەد قەرەداخی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بۆ گوڵان:1500  كەس لە ناوچە دابڕێنراوەكان دادەمەزرێنین
لیژنەیەكی باڵا دەستی كردووە بەكاركردن بۆ پێداچوونەوە بەسەرجەم مووچەو دەرماڵەكان

سەبارەت بە دوا هەوڵەكانی ئامادەكردنی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا، كە لەگەڵ ئەم پرسە چەندین بابەت و باسی دیكەی تایبەت بە مەسەلەی راگەیاندنی ناوی دامەزراوان و دابەزاندنی دەسەڵاتەكان و زیادكردنی مووچەو دەرماڵەكانی فەرمانبەرانی حكومەت و دروستكردنی شوقەی نیشتەجێبوون دێتە پێشەوە، لەم چوارچێوەیەداو لە لێدوانێكی تایبەت (محەمەد قەرەداغی) سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران بۆ گوڵان هاتە ئاخاوتن.
لە90%ی بودجەی خەمڵاندن ئامادەكراوە
سەبارەت بەدوا ئامادەكارییەكان بۆ تەواوكردنی بودجەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی ئەمساڵ زوو پرۆژەی بودجەكە بچێتە پەرلەمان و گفتوگۆی لێوەبكرێت و پەسەند بكرێت؛ محەمەد قەرەداغی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران گوتی: (ساڵی رابردوو لەمەسەلەی بودجەدا گرفتێكی گەورەمان هەبوو رەخنەیەكی زۆریشمان لەسەر بوو، ئەمەش لەبەر ئەوەی لەكاتی خۆیدا نەنێردرابوو بۆ پەرلەمان، هەڵبەتە دواكەوتنی ئامادەكردنی بودجەكە بۆ كۆمەڵێك هۆكاری سەرەكی دەگەڕێتەوە لەوانە دیاری نەبوونی كات و بەروارو بڕی ئەو بودجەیەی كە لەبەغدا دادەنرێت و لەسەر ئەو بنەمایەش بەشە بودجەی هەرێم دیاری دەكرێت، بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری دا و وای بەباش زانی هەموو ساڵێك بودجەی خەمڵاندن ئامادەبكرێت نەك بودجەی كۆتایی، كە لەو بودجەی خەمڵاندنەدا هەموو ئەو پرۆژەو كارو بوارانە دیاری دەكرێت كە دەمانەوێت لەبودجەكەدا بۆی تەرخان بكەین، لەهەمان كاتدا دوای ئەوەی هەموو بوارو پرۆژەكان دیاری كران بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان لەبودجەی عێراق چەند بۆ هەرێمی كوردستان هاتەوە بەپێی ئەو بودجەیە بەسەر سەرجەم بوارەكان و پرۆژەكاندا دابەشی دەكەین، لەم روانگەیەوە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران باس كرا و بڕیار درا، كە دەبێت بودجەی خەمڵاندن بەزووترین كات تەواو بكرێت. بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ هەموو وەزیرەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان قسەكراو لەڕێگای كۆمەڵێك پسپۆرو شارەزا لەهەموو وەزارەتەكان، لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و بەسەرپەرشتیی وەزارەتی دارایی گفتوگۆكانی تایبەت بەئامادەكردنی بودجەی خەمڵاندن دەستی پێكرد، ئێستا دەتوانین بڵێین لە 90%ی بودجەی خەمڵاندن ئامادەكراوە).
ئەمەو سەبارەت بەریزبەندی و گرنگیدان بەو سێكتەرو بوارانەی كە ئەمساڵ لەبودجەكەدا رەچاوكراون سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران گوتی: (كاتێك بودجە دادەنرێت راوسەرنجی هەموو دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان وەردەگیرێت و هەر وەزارەتەو پرۆژەی خۆی پێشكەش دەكات و ریزبەندی و گرنگیش بەو پرۆژەو كارانە دەدرێت كە پێویستن و داواكاری خەڵكیان لەسەرە، لەئامادەكردنی بودجەی خەمڵاندنی ساڵی داهاتوو جگە لەو بوارو سێكتەرە جێگیرانەی وەكو مووچەی فەرمانبەران و خەرجی بەگەڕخستن كە پشكی شێریان بەركەوتووە، بەڵام بوارەكانی كشتوكاڵی و پیشەسازی و وەبەرهێنانیش لەپرۆژەی بودجەی ساڵی داهاتوودا تایبەتمەندێتی و ئەولەویەتیان پێدراوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی ئەو پرۆژەو كارانە لەبودجەی خەمڵێنراوی ساڵی داهاتوو گرنگیان پێدراوە كە زۆر پێویستن و خەڵك داوایان دەكات وەكو ئاوو كارەباو تەندروستی و داودەرمان و شوێنی نیشتەجێبوون. سەبارەت بەگرنگیدانیش بەقەزاو ناحیەو گوندەكانیش ئەو سیستەمەی ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەری دەڕۆین بۆ دابینكردنی بودجەو پرۆژەو كاروچالاكی خزمەتگوزاری بریتییە لەپشت بەستن بە سەرژمێریی ژمارەی دانیشتوانی ئەو ناوچانە، بۆ نموونە قەزا هەیە ژمارەی دانیشتووانی لەقەزایەكی دیكە زیاترە، هەربۆیە پشكی بودجەكەی زیاترە، وابزانم ئەمەش پێوەرێكی باشە بۆ جێبەجێكردنی دادپەروەری، لەگەڵ ئەمەشدا ڕەچاوی ئەو ناوچەو قەزایانەش كراوە كە لەناوچەكەی دیكە زیانمەندتربوون، هەربۆیە لەم حاڵەتانە بودجەیەكی ئیستسنائیمان تەرخانكردووە بۆ نموونە بۆ تەرخانكردنی بودجەو پرۆژەو كاری خزمەتگوزاری لە گەرمیان تەنیا رەچاوی ژمارەی دانیشتووان نەكراوە بەڵكو جگە لەو بودجەیەی كە وەكو ژمارەی دانیشتوان بۆی دابینكراوە پارەیەكی زیادی دیكە لە پارەی نەوت بۆیان خەرج دەكرێت، ئەمەش لەو روانگەیەوە هاتووە ئەو وێرانی و قوربانییەی لەقۆناغە جیاجیاكانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان تاكو ئەمڕۆ رووبەڕووی گەرمیان بووەتەوە، تەنیا بەو بودجەیە نابووژێتەوە، گەرمیانییەكان زیانمەندێكی زۆر بوون بۆیە حكومەت بەپێی توانای بەردەستی لە پێشكەشكردنی پرۆژە درێغی نەكردووە و لەم پێناوەشدا بەردەوام دەبێت .
لەو ماوە كەمەی رابردووی كابینەكەدا كۆمەڵێك پرۆژەو كاری خزمەتگوزاری باش ئەنجام دراون، رەنگە گەورەترین كار كە كردوومانە مەسەلەی گرنگیدان بووە بەبواری كۆمەڵایەتی و تواناسازی و پێدانی بڕە پارەیەك بێت بە پلە كەمەكان و دۆزینەوەی هەلی كارو دامەزراندن بێت یا پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری سەرەكی ئاوو كارەباو شارەوانییە،لەهەمان كاتیشدا دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوونە بۆ هەژارو كەم دەرامەتەكان ئەوانەی سوودمەند نەبوون كە 5000 خانوویان بۆ دروست دەكەین، هەربۆیە حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم كابینەیەدا لەبوارەكانی مووچەو خزمەتگوزاری و یەكەی نیشتەجێبوون هەنگاوی باشی ناوەو هەنگاویش بۆ كاری باشتر دەنێین.
دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان
سەبارەت بەگرنگیدان بەناوچە دابڕێنراوەكان و تەرخانكردنی پرۆژە بۆ ئەم ناوچانە كە لەلایەن بەغداوە پشتگوێخراون و خەڵكەكەشی چاوەڕوانی ئاوڕلێدانەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستانن، سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران روونیكردەوە كە: هەموو ساڵێك لە ناوچە دابڕێنراوەكان لەبودجەی هەرێمی كوردستان بەپێی توانای حكومەتی هەرێم كارو پرۆژە ئەنجامدراون، ئەمە لەكاتێكدا وەكو بودجە ئەم ناوچانە هەموو ئیشوكارەكانیان لەسەر بەغدایە یەكێك لەو كارانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان ئەنجامی داوە دابینكردنی بەشێكی زۆری كارەبایە بۆ پارێزگای كەركوك و زۆر ناوچەی دیكەی دابڕێنراو لەهەرێمی كوردستان، لەم پێناوەشدا ساڵانە بڕی نیوملیۆن دۆلار سووتەمەنی غازو گازوایل دابین دەكەین، بەشێكی زۆری دابینكردنی سووتەمەنی بۆ بەرهەمهێنانی كارەبای كەركوك لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دابین دەكرێت، ئەمە جگە لەوەی شوێنەكانی دیكەیش لەرووی پرۆژەو كاری خزمەتگوزارییەوە هەر لەخانەقینەوە تا شنگار یارمەتیمان داون، بۆ نموونە لەشنگار كۆمەڵێك پرۆژەمان لەسەر حسابی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوەو لەكەركووك و خانەقین و گەرمیانیش بەهەمانشێوە، تەنانەت لەم دواییەدا بۆ ناوچە دابڕێنراوەكان بڕیاری دامەزراندنی 1500 كەسمان دا، كە ئێستا لەلایەن هەمان لیژنەی باڵای پەیوەندار بەم مەسەلەیەوە دەستی بەكارەكانی دامەزراندنی ئەو هاووڵاتیانە كردووە.
كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێم
سەبارەت بە گرفتە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداو هەرێمی كوردستان محەمەد قەرەداخی گوتی: (كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی ناوەند تێنەگەیشتنە لەدەستوور، ئێمە لێكدانەوەیەكمان بۆ دەستوور هەیەو ئەوانیش لێكدانەوەیەكی دیكەیان هەیە، حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو كاروكردەوەو ڕێو شوێنانەی گرتوومانەتەبەر بەهەق و مافی رەوای خۆمانی دەزانین و شتێكمان نەكردووە دژی دەستوور و سەرپێچی بێت لەیاسا، لەچوارچێوەی دەستووردا كارەكانمان كردووە، بەڵام حكومەتی ناوەندی نایەوێت ئەو واقیعە بسەلمێنن و چۆن فێربوون دەیانەوێت هەروا كاروبارەكان بەڕێوەبچێت، چونكە ئەوان فێربوون و بەو عەقڵیەتەوە بیر دەكەنەوە كە هەر لەمەركەزەوە بڕیار دەربكەن و ئێمە جێبەجێكار بمێنینەوە، ئێمەش ئەوە قبووڵ ناكەین و چارەسەریش بەبڕیاری سیاسی دەكرێت و لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی هەرێم و سەركردایەتیی سیاسی و ئەو نوێنەرانەمان كە لەبەغدان ئەو كێشانە چارەسەر دەكەین).
حكومەت و ئۆپۆزسیۆن
ئەمەو سەبارەت بەپێوەندیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە حزبەكانی ئۆپۆزسیۆنەوە سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران گوتی: (وەكو حكومەت پێوەندیمان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆندا ئاساییە و ئەو داواكارییانەی كە هەیانبوو بۆ گەڕانەوەو بۆچوونەوە سەركاری ئەندامەكانیان زۆربەی زۆریمان تەواو كردووە، تەنانەت بەقەناعەتی خۆشیان زۆربەی ئەو كارانە تەواوبوون لەگەڵ ئەمەشدا هەندێك حاڵەتی كەم ماوە و كاری لەسەر دەكەین و هۆكاری مانەوەی ئەو حاڵەتانەش ئێمە نین، بۆ نموونە ئەو كەسەی لەدەرەوەی وڵاتە یا خۆی داواكاری پێشكەش نەكردووە بۆ گەڕانەوەی، هەندێك گرفتیشمان ماوە هەربۆیە هەنگاو بەهەنگاو سەرقاڵی چارەسەركردنی هەموو گرفتەكانین).
دابەزاندنی دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوە
سەبارەت بەبڕیارێكی ئەنجومەنی وەزیران كە بڕیار بوو دەسەڵاتە ئیدارییەكان بۆخوارەوە شۆڕبكرێتەوە، كەچی زۆربەی هەرە زۆری قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەكان ئاماژە بەوە دەدەن كە لەڕووی پراكتیكییەوە ئەو دەسەڵاتەیان پێ نەدراوەو تەنانەت دەسەڵاتی دارایی هێشتا مەركەزییە و بڕیارەكە جێبەجێ نەكراوە؛ دكتۆر محەمەد قەرەداخی سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران ئاماژەی بەوە كرد كە هەموو كەس و بەرپرسێكی یەكەی ئیداری خوازیاری ئەوەیە دەسەڵاتەكەی زیاتر بێت تاوەكو خێراتر و باشتر پرۆژەو كارەكانی پەیوەست بەیەكە ئیدارەكەی و خزمەتی زیاتری هاووڵاتیان بكات، بەڵام هەموو یەكەی ئیداریی بەپێی یاسای ئیداریی دەسەڵاتی خۆی هەیە لەسنووری ئیدارەكەیدا چ لەرووی بەڕێوەبردنی ناوچەكەو لێپرسینەوە لەكەمتەرخەمی و سەرپێچییەكان. من پێم وانییە دەسەڵاتی ئیداری نەبێت بەڵام وەكو ئەنجومەنی وەزیران هەوڵدەدەین دەسەڵاتە ئیدارییەكان زیاتر بێتە خوارەوەو زیاتر بێت قایمقام یا بەڕێوەبەری ناحیە كە دەسەڵاتی ئیداری هەبوو واتە دەسەڵاتی بەسەر بەڕێوەبردنی ئەو شارۆچكەیە هەیە و دەتوانێت كارەكان بەجددی و بە باشی بەڕێوەبەرێت، هەروەها دەتوانێت چاودێر بێت بەسەر هەموو كارو پڕۆژەكانی شارۆچكەكە و ئەو كەسە دەسەڵاتی هەیە لەسەر بارودۆخی و كاروباری ناوخۆی ناحیەكە یا قەزاكە لە پێناو بەرژەوەندی خەڵكەكە و ئەوانەش دەسەڵاتی بنەڕەتی و سەرەكین لە ئیدارەدا و حكومەتیش لە دابەزاندنی دەسەڵات بۆ خوارەوە مەبەستی ئەوانەیە.
مووچەو زیادكردنی دەرماڵەی فەرمانبەران
ماوەیەكە مەسەلەی زیادكردنی مووچەو دەرماڵەی فەرمانبەرانی حكومەت قسەو باسێكی زۆری لەبارەوە دەكرێت لەم رووەوە محەمەد قەرەداخی دووپاتی كردەوە كە بوونی دەیان توێژی جۆراوجۆر لەناو فەرمانبەرانی حكومەتدا كە زۆربەیان داوای زیادكردن و گۆڕینی مووچەو دەرماڵە دەكەن بەیەكێك لەگرفتەكانی حكومەت دادەنرێت، لەمبارەیەوە ئێمە بڕیارێكی پەرلەمانمان هەیە كە دەبێت مووچەو دەرماڵەكانی هەرێمی كوردستان وەكو بەغدا بێت بەڵام لەهەرێمی كوردستان زۆرجار بەهەمانشێوە دەرماڵەو ئیمتیازاتی بەغداش هەیەو لەلای خۆشمانەوە شتی زیادەیان هەیە، هەربۆیە لیژنەیەكی باڵا دەستی كردووە بەكاركردن بۆ ئەوەی هەوڵبدەین لەداهاتوویەكی نزیكدا پێداچوونەوە بكەین بەسەرجەم مووچەو دەرماڵەكان تا لەسەر بنەمای دادپەروەری و یاسایی جێبەجێ بكرێت).
لەكۆتاییدا سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران سەبارەت بەشەفافیەت و پێدانی زانیاری بەرۆژنامەنووسان گوتی: (هەموو ئیدارەیەك لەدنیا لەسەر بنەمای سیستەم و یاسا بەڕێوەدەچێت و هەندێك كاروباری حكومەت هەیە، نهێنیە هەندێكی تر هەیە ئاساییە و هەندێكی تر هەیە تایبەتە بەپلەیەكی وەزیفی، واتا هەموو ئیش و كارێك مەرج نییە هەموو كەس بیزانێت، زۆرجار لە ئەنجومەنی وەزیران هەندێك بڕیار یا تێگەیشتن هەیە دەردەچێت لەنێوان جەنابی سەرۆكی حكومەت و جێگردا مەرج نییە من بیزانم، چونكە هەر كارو ئیش و زانیارییەك گرنگی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، هەندێك ئیشوكاری حكومەت هەیە پێوەندی بەدیوانی چاودێریی دارایی یا ژمێریاریی یا بەشی یاساییەوە هەیە دەبێت ئەوە بزانن، بەشێوەیەكی گشتی زانیاری لەسەر ئیدارەو چۆن كاركردن و پێدانی زانیاری بەبەردەوامی حكومەتی هەرێم دەرگای واڵاكردووەو هەموو رۆژنامەنووسێك ئازادە ئەو زانیاری و روونكردنەوانەی دەست بكەوێت، بەڵام رۆژنامەنووسێك بێت داوای هەندێك زانیاری بكات كە لەلای من نییە یا خۆم نایزانم ئەو كاتە چی پێبڵێم كە خۆم نایزانم، لەهەموو دنیاشدا ئەمە پەیڕەوكراوە كە مەرج نییە هەرچی حكومەت دەیكات بڵاوی بكاتەوە و هەموو دنیا بیزانێت، ئێستا هەندێك وڵات هەیە كە كۆمەڵێك شتی نهێنیی خۆی هەیە كە زۆرجار دەكەوێتە بواری ئاسایشی ئابووریی یا ئاسایشی نەتەوەیی یا سەربازیی یا ئاسایشی ستراتیژییەوە كە لە هەریەك لەمانە شێوازێك هەیە بۆ كاركردن مەرج نییە لەم بوارانە لەڕێی راگەیاندنەوە باس كرێت و وا بەئاشكرا قسەی لەسەر بكرێت هەموو زانیاری و كارێك تایبەتمەندێتی خۆی هەیە . جگە لەم بوارانە، باوەڕناكەم هیچ كەسێك هەبێت و هاتبێت و وەڵاممان نەدابێتەوە بەپێچەوانەوە، لەلایەكی دیكەوە لەهەموو حكومەتەكانی دنیا بەپێشكەوتوو و دیموكراتییەكانیشەوە مەرج نییە هەركەسێك بێت و داوای زانیاری بكات حكومەت بیداتێ، سروشتی كار لە دنیادا وایە).
Top