پرسی بازرگانی و پیشەسازی لەنێـوان پەرلەمان و وەزیری بازرگانی و پیـشـەسازی

پرسی بازرگانی و پیشەسازی لەنێـوان پەرلەمان و وەزیری بازرگانی و پیـشـەسازی
بازرگانی و پیشەسازی كە بەدوو بواری گرنگی ئابووری لەهەرێمی كوردستاندا دادەنرێت كەموكوڕی پێوە دیارە، تەنانەت نەتوانراوە بەپێی خواست و ویستی هاووڵاتیان و قۆناغەكە لەڕووی جۆرو چەندایەتیەوە كاری گەورەو باش ئەنجام بدرێت، ئەمڕۆ زیاتر لە 15 هەزار كۆمپانیا لەهەرێمی كوردستان هەیە كە ژمارەیەكی كەمیان روویان لە كەرتی بەرهەمهێنان و پیشەسازی كردووە، لەبواری بازرگانیشدا نەتوانراوە هاوسەنگیەك لە قەبارەی هێنراوو هەناردەكان بەدیبهێنرێت، هەر ئەمە بۆتەهۆی ئەوەی بەلێشاو كاڵاو كەرەستەی ئێكسپایەرو كوالێتی نزم و خراپی وڵاتانی دەوروبەروو بیانی لەبازاڕەكانی هەرێم ببینرێت. سەبارەت بەم دوو بوارە پرسیارمان لە سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەپەرلەمانی كوردستان كردوو، دواتر بۆچوون و ڕەخنەكانی بەڕێزیان ئاراستەی سنان چەلەبی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی كرد، ئەویش لەنزیكەوە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.



بۆچوونەكانی لیژنەی پیشەسازی و وزە لەپەرلەمانی كوردستان
یاوز خورشید سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سامانە سروشتیەكان لەپەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەكار پڕۆژەكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی وتی: لە پەرلەمانی كوردستان بەبەردەوام گفتوگۆو بەدواداچوونمان لەسەر كاروچالاكیەكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كردووە، تێبینی ئەوەش دەكەین: «زیاتر كارو ئیشی وەزارەتەكە بازرگانییە نەك پیشەسازی، چونكە ئەو وەزارەتە لەبواری پیشەسازییەوە پەكی كەوتووە»، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كەرتی گشتی هیچ كارگەیەك دانامەزرێنن، سەرەڕای ئەوەش ئەو كارگانەی وەكو ڕستن و چنین و جگەرەو چیمەنتۆو مەڕمەڕ كە پێشتر هەبوون داخران و هەندێكیشیان وەكو كارگەی رستن و چنینی هەولێر كە لەسەر رووبەی 67 دۆنم زەوییە بۆ كارگەی بیپسی درا بەكەرتی تایبەت و، كرێكارو كارمەندی ئەو كارگە حكومیەش بەشێكی كەمی لەكارگەكان كار دەكەن، ئەوانی تر هەر بەبێكار ماونەتەوەو موچەی خۆیان وەردەگرن، ئەمەش بووەتە بارگرانیەكی قورس لەسەر بودجەی بەگەڕخستنی وەزارەت، پێدانی كارگەی رستن و چنین بەكۆمپانیای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بوو نەك رەزامەندی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ئەمەش بەزیانێكی گەورەی دادەنێین.
سەبارەت بەو كارگانەی كە لەلایەن كەرتی تایبەت دامەزراون یاوز خورشید وتی: لەهەرێمی كوردستان ژمارەیەك كارگەی كەرتی تایبەت دامەزراوە، كە بەشی زۆریان لەكاركەوتوون، چونكە بەپێی پێویست لەلایەن حكومەت و وەزارەتەوە پشتگیری نەكراون و نەیانتوانیوە لەرووی جۆرو نرخەوە كێبڕكێ لەگەڵ بەرهەمی هاوردەی بیانی بكەن، هەروەها ئەو پێداویستیانەی كە كارگەكان پێویستیانە نەتوانراوە بۆیان دابین بكرێت وەكو سووتەمەنی و كەرەستە سەرەتاییەكان و پێشینەیەكی گونجاوی پیشەسازی. تەنانەت پێدانی قەرزی پیشەسازی بەهۆی گرفت و كێشەكانی بەردەم دواكەوتنی پەسەندكردنی بودجە زۆر دوادەكەوێت، بۆ نموونە لەساڵی ڕابردوو لە پێشینەكە كەمترین كەس سوودمەند بووە، لێرەدا پێویستە ئەو قەرزەش نەدرێت بەو كەس و سەرمایەدارانەی كە زۆر دەوڵەمەندن، چونكە كەسی زۆر دەوڵەمەند ئەو قەرزە كاریگەری لەسەر دامەزراندن یا دانەمەزراندنی كارگەكەی نابێت، بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزرانی كارگەش رۆتینێكی كوشندە هەیە تەنانەت زۆربەی جار لەكۆمپانیاو سەرمایەدارەكان داوای هاوبەشیكردنیان لێدەكرێت.
سەبارەت بەیاساو رێنماییەكانیش سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی پەرلەمان وتی: یاسای وەزارەت كە لەلایەن وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و ئەنجومەنی وەزیرانەوە دانراوەو لەپەرلەمان پەسەندكراوە، لەلایەنی قەرزی پیشەسازییەوە هەموار كرا بۆ ئەوەی لەقەرزەكەدا دەستەی وەبەرهێنان سوودمەند نەبێت، هەروەها لە ساڵی 2006 و 2007 بۆ وەرگرتنی مۆڵەتی دامەزراندنی كارگەش ئەگەر یەكێك داوای مۆڵەت لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بكات دەبێت سەرمایەو ئامێرەكانی لە 76ملیۆن دینار كەمتر نەبێت و لەم بڕەش كەمتر بێت ژوورەكانی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان دەتوانن مۆڵەت بەو كەسە بدەن، لەمبارەیەوە دەبێت بۆ هەموو كەس و لایەنێك كە داوای دامەزراندنی كارگە دەكات لەڕەچاوكردنی دەسەڵات و ئیمتیاز و ڕێنماییەكان جیاوازی لەنێوانیاندا نەكرێت، بەڵام دەبینین كارگە هەیە ماوەیەكی زۆرە مۆڵەتی وەرگرتووە، كەچی تا ئێستا زەوییان بۆ دابین نەكردووەو هەندێ كەسیش هەیە ئەمڕۆ مۆڵەت وەردەگرێت پاش چەند ڕۆژێك زەوی بۆ تەرخان دەكرێت، لەكاتێكدا كە دەستەی وەبەرهێنان مۆڵەت بە كارگە یا بەپڕۆژەیەك دەدات ئەوە یەكسەر زەویشی بۆ دابین دەكات، لێرەدا دەستەی وەبەرهێنان دەسەڵاتی ڕەهایە.
لەتەوەرەیەكی تردا سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە وتی: كارگەیەكی زۆر لە هەرێمی كوردستان لەلایەن كەرتی تایبەت دامەزراوە كە بەشی زۆریان كار ناكەن، هەربۆیە ئەو پێشینەی پیشەسازییەی هەیە پێویستە زیاتر بە دامەزراندنی كارگەی بچوك و مامناوەندی بدەن. لەلایەكی ترەوە بوونی كۆنترۆڵی جۆری پێویستە تاوەكو كۆنترۆڵی ئەو هەموو كەرەستەو كەلوپەلە خراپە بكەین، ئێستا كۆنتڕۆڵی جۆری لەهەرێمی كوردستان هەیە بەڵام بێسەروبەرە، بۆ نەمانی ئەو بێسەروبەرییە پێویستە تاقیگەكانی كۆنتڕۆڵی جۆری هەر هەموویان لەژێر یەك چەتر كۆببنەوە. هەروەها لەبارەی دروستكردنی سایلۆ و كۆگای ساردكەرەوە كە زۆر پێویستن بۆ هەرێم سەرۆكی لیژنەی پیشەشازی و وزە وتی: هەرێمی كوردستان بۆ هەڵگرتنی دانەوێڵە بەتایبەتی گەنم و جۆ و مسۆگەركردنی ئاسایشی خۆراك پێویستی بەچەندین سایلۆ هەیە ئەمەش لە كارو پڕۆژە و ئەركەكانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییە.
هەروەها لەتەوەرەیەكی تردا سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە گوتی: رەخنەیەكی زۆر لەسەر دابەشكردنی چیمەنتۆ بەسەر هاووڵاتیاندا هەیە، ئێمە بەدواداچوونمان لەمبارەوە كردووە، زۆربەی ئەوانەی لەماوەی ڕابردوو داوای چیمەنتۆیان لە وەزارەت كردووە كاتێك نۆرەیان دێت كە خانووەكەیان تەواو كردووە و پێویستیان بە بەشە چیمەنتۆ نییە، پاش بەدواداچوون ئەوە وەزارەت و لایەنی پێوەنداری تر بڕیاریاندا و پێشیان باش بوو كە بەشە چیمەنتۆكەی هاووڵاتیان بگوازرێتەوە لە كارگەوە بۆ ناو كۆگاكانی چیمەنتۆ و پاش ئەوەی دخولیەی بۆ دەكرێت ئینجا خاوەنی بەشە چیمەنتۆكان دەتوانن چیمەنتۆكانیان بفرۆشن.
لەكۆتایدا سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سامانە سروشتییەكان وتی: پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان كەموكوڕی هەیە گەرچی ئامادەكاری بۆ گۆڕانكاری تێدا كراوە، ئێمە وەكو لیژنەیەكی پەرلەمان لەسەر بەدواداچوون و ئیشوكار و تێڕوانیمانەكانمان نووسراو بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان دەنێرین و لەپاشان ئەوانیش بەئارەزووی خۆیان دەتوانن نووسراوەكانی ئێمە بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەنووسراو بنێرن یا نەنێرن و لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیشەوە بەنووسراو بەدواداچوون و تێڕوانیینەكانی ئێمە بۆ وەزارەتی پێوەندار ڕەوانە دەكەن، بەڵام زۆر بەدەگمەن نوسراومان وەڵامی دێتەوە، واتە كار لەسەر بەدواداچوون و كەموكوڕی و چارەسەركردن ناكرێت، بەڵكو تەنیا نووسراو لەپێناو نووسراودا دەكرێت.



* * *
بۆ بەدواداچوونی كێشەو گرفتەكانی كەرتی بازرگانی و پیشەسازی و وەڵامدانەوەی ئەو پرسانەشی كە لەلایەن سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەو سامانە سروشتییەكان لەپەرلەمانی كوردستان وروژێنرا، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی سنان چەلەبی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان كرد، كە لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
* * *
سەرەتا سەبارەت بە بەرنامەو پلانی وەزارەت بۆ پێشخستنی هەردوو كەرتی بازرگانی و پیشەسازی وەزیری بازرگانی و یشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەگوڵانی راگەیاند: (لەكابینەی شەشەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان سیاسەتی چڕكردنەوەو یەكخستنەوەی هەردوو وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی پەیڕەوكرا، دوای ئەوەی لەماوەیەكی كورتدا هەردوو وەزارەت یەكیگرتەوە بەرنامەو پلانی وەزارەت لەپێناو بوژانەوەی بازرگانی و پیشەسازی خرایە یەك چوارچێوەی كارەوەو توێژینەوەی زانستی بۆ گشت بڕگەكانی پیشەسازی كراوەو پێشنیاری ئەوەش كراوە كە چەند كارگەی پیشەسازی لە گشت بوارەكانی پێویستە لە شارو شارۆچكەكان دابمەزرێت بۆ جێبەجێكردنی پێداویستی هاووڵاتیان. بۆ كەرتی بازرگانیش وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەوڵی رێكخستنی ئەم كەرتە دەدات بە چەندین شێوازی وەكو هاندان و راكێشانی بیزنسكاران و سەرمایەداران لەناوەو دەرەوەی كوردستان و هەمواركردنەوەی چەندین رێنمایی سەبارەت بە چالاكی بازرگانی، لەم رووەوە وەزارەتمان ئێستا خەریكی داڕشتنی چەندین یاسای گرنگە وەك یاسای وەكالەتی بازرگانی و یاسای كێبركێ و یاسایی بازاڕی بۆرسە.
مۆڵەتی دامەزرانی كارگەی نوێ
كەمی ژمارەی كۆمپانیا پیشەسازییەكان و بەرهەمهێنەكان لەكوردستان پرسێكی دیكەی گۆڤاری گوڵان بوو كە رووبەڕووی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستانمان كردەوە، لەوەڵامی ئەم پرسەشدا رایگەیاند: هەرێمی كوردستان لە گشت روویەكەوە پێشكەوتنی هەمە چەشنە بە خۆوە دەبینێت، بەتایبەت كەرتی پیشەسازی كە ئێستا خەریكین بە هەمواركردنی یاسای پەرەپێدانی پیشەسازی بۆ ئەوەی بگونجێت لەگەڵ یاسای وەبەرهێنان. داتای وەزارەتیش ئاماژە بە زیادبوونێكی بەرچاوی ژمارەی كۆمپانیا پیشەسازییەكان و پڕۆژەی پیشەسازی دەكات، بۆ رێكخستنی ئەمبوارەش وەزارەتمان مۆڵەتی كارگەی نوێ دامەزراندن دەردەكات بەپێی دیراسە و ئاماری لایەنی پەیوەندیدار.
كۆمپانیا بیانییەكان
سەبارەت بەژمارەی كۆمپانیاكانی كەرتی تایبەت بەتایبەتی كۆمپانیا بیانییەكان وەزیری بازرگانی و پیشەسازی پێی وابوو ژمارەی كۆمپانیاكان ئەو راستیە دەردەخەن كە تادێت بازرگان و بیزنسكارانی بیانی زیاتر روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن ئەمەش هۆكاری زیادبوونی ژمارەی كۆمپانیا بیانیەكانە لەم رووەوە وتی: (كۆمپانیا بیانیەكان ژمارەیان لە بەرزبوونەوەدایە بە تایبەت كۆمپانیا توركییەكان، بەگشتی 2151 كۆمپانیای بیانی لەهەرێمی كوردستان بوونیان هەیە، لەناو ئەم ژمارەیەدا رێژەی كۆمپانیا توركییەكان دەگاتە 50% ی كۆی گشتی كۆمپانیا بیانییەكان و ژمارەیان 1060 كۆمپانیایە «یەكەم كۆمپانیای بیانی كە تۆماركراوە لە هەرێمی كوردستان كۆمپانیای توركی یە كە لە ساڵی 2000 تۆماركراوە». دواتر كۆمپانیا ئێرانیەكان دێت كە 253 كۆمپانیایە بەرێژەی 11%ە، هەروەها كۆمپانیا ئەمەریكیەكانیش كە 84 كۆمپانیایەو بەرێژەی 3.9%و كۆمپانیاكانی بەریتانیاش 91 كۆمپانیان بەرێژەی 4%).
سیاسەتی پەرەپێدانی پیشەسازی
سەبارەت بەسیاسەتی باج و گومرگی و ئەو پلان و بەرنامانەی كە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی بۆ پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی دایناوە وەزیری بازرگانی و پیشەسازی وتی: (سیاسەتی دارایی بەپێی دەستوری عێراق سەر بە حكومەتی بەغدایە و حكومەتی هەرێم پابەندی گشتی رێنماییەكانی گومرگ دایە. پێشخستن و پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی لەهەرێمی كوردستان لەریزبەندی پێشەوەی بەرنامەو كارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دێت، بۆ ئەم مەبەستەش سەڕەرای ئەوەی چەندین بەرنامەو پلان دەست بەجێبەجێكردنی كراوە هاوكات چەندین بەرنامە و پلانی دیكە لە ئارادایە بۆ جێبەجێكردنی. بۆ نموونە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئێستا خەریكی داڕشتنی یاسایەكی تایبەتە بە دامەزراندنی چوار ناوچەی پیشەسازی لە هەرێمی كوردستان لە (هەولێر و سلێمانی و دهۆك و گەرمیان) ئەم چوار ناوچەیە گشت تواناكان چڕ دەكاتەوە بە گواستنەوەی كارگەكان یان دامەزراندنی كارگەی نوێ، لە هەمان كاتدا حكومەتی هەرێم بۆ پاڵپشتی كردنی ئەم بوارە دەستی كردووە بە پێدانی قەرزی پیشەسازی ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، بەڵام تارادەیەك راستە ئەو پارەیەی كە وەكو قەرز دەدرێت بۆ كارگەكانی پیشەسازی زۆر كەمەو لەگەڵ واقیعی خەرجیەكانی كارگە لەم سەردەمەدا ناگونجێت كە ئامێرو تەكنەلۆژیای پێشكەوتوویان دەوێت و تێچوونی ئەو ئامێرو كەرەستانەش لەبازاڕە جیهانیەكان بەرزە).
كەلوپەلی ئێكسپایەرو كوالێتی نزم
سەبارەت بەدیاردەی كەلوپەل و كەرەستەی ئێكسپایەرو كوالێتی نزم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی وتی: (بۆ نەهێشتنی دیاردەی كاڵای بەسەرچوو كوالێتی نزم وەزارەتمان نوێنەرایەتی هەیە لە چەندین لێژنەی پشكنین و بەبەردەوام كۆگا و بازاڕەكان بەسەر دەكەنەوە ئەوەش بە سەرپەرشتی راستەوخۆی پارێزگاكانە).
سایلۆو ئاسایشی خۆراكی
وەزیری بازرگانی و پیشەسازی سەبارەت بەكەمی سایلۆو بوونی رۆتین لە مبوارەدا وتی: (لە بەرنامەی وەزارەتدایە كە لە ئایندەدا بۆ ماوەی چوار ساڵی داهاتوو رێژەی هەڵگرتنی سایلۆی بگاتە یەك ملیۆن تۆن ئەوەش بەزامنكردنی ئاسایشی خۆراك لە هەرێم. ئێستا دواترین پرۆژەمان پرۆژەی سایلۆی هەولێرە بەتوانای 60 هەزار تۆن لە ڕێگای گوێر كە لە 95% تەواوبووە و بڕیارە بەم نزیكانە تەواو بێت، هەروەها لە ماوەیەكی كورتدا لە سلێمانی و دهۆك راگەیاندن بۆ سێ پرۆژەی سایلۆ دەكرێت كە گشت هەنگاوەكانی ئامادەكاری تەواو بووە).
كارگەی رستن و چنینی هەولێر
سەبارەت بەكارگەی رستن و چنینی هەولێر وەزیری بازرگانی و پیشەسازی وتی: (تەنیا گرفتە یاساییەكانی كارگە حكومیەكان بۆ ئێمە ماوەتەوە كە بەهۆی لاوازی نووسینی گرێبەستەكانەوە كە ئەو كات نووسرابوو ئیمزا كرابوو دووچاری بووین).
پێدانی چیمەنتۆ بەهاووڵاتیان
سەبارەت بەو رەخنەو گلەییانەی لەسەر پێدانی چیمەنتۆ بەهاووڵاتیان لەوەزارەت دەگیرێت وەزیری بازرگانی و پیشەسازی وتی: (ئەو بڕە چیمەنتۆیە كە لەلایەن كارگەكانەوە بەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی دەدرێت زۆر كەمەو بەهیچ شێوەیەك بەش ناكات، بۆ نموونە بۆ پارێزگای هەولێركە تەنیا رۆژانە 370 تەن چیمەنتۆ دێت كە تەنیا بەشی 20- 30 كەس دەكات ئەمە لەكاتێكدا رۆژانە زیاتر لە 60 داواكاری بۆ چیمەنتۆ پێشكەش دەكرێت).
Top