ناحیەی ڕزگاری پێویستی بە نەخۆشخانە و باخچەی ساوایان هەیە
September 6, 2012
راپۆرتەکان
كەمی خزمەتگوزاری و داواكاری هاووڵاتیان
لەناو گەڕەكەكانی شارۆچكەی رزگاری چەند هاووڵاتیەكمان دواند هەر یەكەیان باسی لە جۆرێك لەكەموكوڕی و كێشە و گرفتی خزمەتگوزارییەكان كرد، هاووڵاتی سەبریە قاسم كە یەكێك لەمنداڵەكانی نەخۆشبوو دەیبرد بۆ بنكەی تەندروستی لەبەردەمی بنكەكەدا دواندمان و بەمشێوەیە هاتە ئاخاڤتن: نەخۆشخانەكەمان بچوكەو هەموو پشكنینێكی نییە و داودەرمانیش كەمە، بەگشتی بۆ زۆربەی نەخۆشیەكان و پشكنین و چارەسەركردن سەردانی نەخۆشخانە و نۆرینگەی پزیشكانی شاری هەولێر دەكەین، بۆیە بەپێویستی دەزانم نەخۆشخانەیەكی هاوچەرخ بەگوێرەی ناحیەو سنوورەكەمان بۆ دروست بكەن و پزیشكی نەشتەرگەری و پسپۆڕی بۆ دابمەزرێنن. لەگەڕەكی ئاشتی هاووڵاتی عەبدولقادر ئەحمەد وتی: كۆكردنەوەی زبڵوخاشاكی كۆڵانەكان بەشێوەیەكی خراپ و ناڕێك كۆدەكرێنەوە، هەر ئەمەشە وایكردووە ناو گەڕەك و سەنتەری شارۆچكەكەمان زۆر پاكوخاوێن نییە. سەبارەت بەلایەنی وەرزش و لاوان هاووڵاتی محەمەد سالار وتی: لەلایەنی لاوان و وەرزش و ڕۆشنبیری كەموكوڕی و گرفتمان هەیە و پێویستمان بە هۆڵی وەرزشی و پەرتوكخانەیەك و یاریگایەكی تۆپی پێی هاوچەرخ هەیە، لەلایەكی تر لەناو سەنتەری شارۆچكەكە پارك و یاریگای منداڵانمان زۆر پێویستە. هەر لەمبارەیەوە هاووڵاتی دەرباز نامیقیش كە قوتابیەكی قۆناغی 12بوو وتی: ناحیەكەمان پێویستی بە پەرتوكخانەیەك هەیە تا ئێمەی قوتابیان و لاوان سوودی لێوەربگرین.
سەبارەت بەگرفتی كەمی ئاویخواردنەوەش هاووڵاتی ئەنوەر مەجید وتی: لەهەندێ گەڕەك گرفتی ئاویخواردنەوەمان هەیە بەتایبەتی لەوەرزی هاویندا، هەروەها لەبواری باخچەی ساوایان و بینایەی قوتابخانەشدا كەموكوڕی هەیەو پێویستمان بە دروستكردنی باخچەیەكی ساوایان و چەند قوتابخانەیەك هەیە، هەرچەندە ئێستاكە قوتابخانەیەكی مۆدێرن و بەرفرەوانیان بۆ دروستكردووین، بەڵام هەر پێویستمان بە بینایەی تری قوتابخانە هەیە. هاووڵاتی رەسوڵ قادر لەگەڕەكی شەهیدان وتی: شەقام و كۆڵانی هەندێ لەگەڕەكەكانی ناو ناحیەكە پێویستی بەڕێككردن و چاككردن هەیە، هەندێ كۆڵان و شەقامیش پێویستیان بەقیڕتاو و كۆنكرێت و شۆستە هەیە و هەر ئەو گەڕەكانەش پێویستیان بە پڕۆژەی ئاوەڕۆیە. هاووڵاتی عەبدولڕەحمان نادر وتی: كارەبای هەندێ لەگەڕەك و شوێنی ناو ناحیەكە باش نییە و هۆكارەكەش دەڵێن بۆ كەمی ڤۆڵتییە دەگەڕێتەوە، هەروەها زۆر پێویستمان بەدارچاندن و باخچەو پارك دروستكردن هەیە .
بۆ بەدواداچوون لەسەر گلەیی و داواكاریی خەڵكی سنووری ئیدارەی رزگاری بەتایبەتی سەنتەری ناحیەكەو چەندین پرسیاری دیكەمان لەسەر كێشەو كەموكوڕی كاروپرۆژە خزمەتگوزارییەكان ڕووبەرووی ستار ئاغا عومەر بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری كرد كە پوختەی وەڵامەكانی لێرەدا بڵاودەكەینەوە.
فراوانبوونی سنووری شارەوانی
سەرەتا سەبارەت بە گرنگی و هەبوونی ماستەرپلان و كێشەی تاپۆ بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری وتی: دوای ئەوەی تۆبزاوە بوو بە ناحیە كۆمەڵێك كارو پڕۆژەی پێویستی لەگەڵ خۆی بۆ جێبەجێ كراو، بەرنامەیەك بۆ ئەولەویەتی كارو پڕۆژەكانمان داناوە تاوەكو بتوانین لەڕێگای ئەو بودجەیەی كە لەپەرەپێدانی پارێزگای هەولێرەوە بۆمان تەرخان دەكرێت ئەوە كارو پڕۆژەكان جێبەجێ بكەین، ناحیەی رزگاری نەخشەی بنەڕەتی خۆی هەیە و شوێنی گەڕەك و پارك و خزمەتگوزاری و قوتابخانەو ناوچەی پیشەسازی و هەموو وردەكاری و پێكهاتەكانی لەسەر دیاركراوە، هەروەها فرەوانبوونی سنووری شارەوانیشمان بۆ كراوە، بەڵام هێشتا پەسند نەكراوە و بەفەرمانێكی وەزاری توانیمان خەڵكی ناحیەكە بەتایبەتی ئەوانەی كرێچی بوون لەپێدانی زەوی سوودمەند بكەین كە لەڕێگای ئەو هەوڵ و فەرمانەوە 1174 پارچە زەوی دابەشكرا و ئەو شوێنەی بڕیار بوو بە خەڵكەكەی بدەین ئەو زەویانە پێویستیان بەكوژاندنەوە هەبووە، بەڵام لەناو سەنتەری ناحیەكەدا ڕووبەرێكی زۆری زەوی هەبوو بۆیە ئەو پارچە زەویانەمان لەناو سەنتەری ناحیەكە دابەشی سەر خەڵكەكە كرد تاوەكو لە كێشەیی كوژاندنەوەی زەوی رزگارمان بێت، گەرچی ئەو زەویانە تائێستا هەر كارتە و مامەڵەی تاپۆیان تەواوكراوە تەنیا ئەوە ماوە كە تاپۆكان بەخەڵكەكە بدەین، بەڵام لەبەر قەرەباڵغی لەسەر تاپۆی قەزای خەبات ئەوە مامەڵەی تاپۆی زەویەكانی رزگاری دواكەوتووە.
كێشەی ئاو
سەبارەت بە ئاویخواردنەوە بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری وتی: ساڵانە لەو بودجەیەی بۆ ناحیەكە تەرخان دەكرا بەشێك لەو بودجەیەمان بۆ گۆڕین و چاككردنی تۆڕی ئاوی ناو گەڕەك و سەنتەری شارۆچكەكە تەرخان كراوە و پێنج بیری ترمان هەڵكەند و كێشەی كارەبای بیرەكانی ئاومان هەبوو بۆ ئەوانیش موەلیدەمان دابینكرد، بەم كارانەی ئاماژەمان پێدا ئەوە توانیمان تا ئاستێكی باش كێشەی كەمئاوی لەناو ناحیەكەدا چارەسەر بكەین. بەڵام كێشەی ئاویخواردنەوە بۆ ماوەیەكی دوورو درێژ بە بیر چارەسەر نابێت، بەڵكو پێویستی بەپڕۆژەیەكی گەورەو ستراتیژییە كە لەزێی گەورەوە دابمەزرێت و ئاو بۆ ناحیەو سنوورەكە دابین بكات. چونكە ناحیەو سنوورەكەمان لەو زێیە نزیكین. بۆ ئەو جۆرە پڕۆژەیە داواكاری پێشكەش كراوە و لەپلانیش دانراوە، لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر قسەمانكردووە و لەم ماوانەدا بیرێكی ترمان لەم گەڕەكە بۆ لێدەدەن و گرفتەكە چارەسەر دەبێت.
بەبڕی 15ملیار دینار پڕۆژە ئەنجامدراوە
سەبارەت بەكارو ئیش و خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری وتی: لەلایەنی خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی زۆر گرفتمان هەبوو، هەربۆیە لەناو سەنتەری شارۆچكەكەوە زۆر كارو ئیشمانكردووە كە دەتوانم بڵێم بەبڕی 15ملیاردینار لە چەندساڵی ڕابردوو تا ئێستا چەندین پڕۆژە جێبەجێكراوە، پڕۆژەكانیش وەكو جووت سایدی ناو بازاڕ و ئاوەڕۆی ژێر جووت سایدەكەی ناو بازاڕ و چاككردن و قیڕتاوكردنی شەقام و كۆڵانەكانی زۆربەی گەڕەكەكان و دروستكردنی ئاوەڕۆ لە چەندین گەڕەكی دیكە، هەروەها هەندێ گەڕەك ماوە كە كۆڵانەكانیان شۆستەو قیڕتاویان بۆ بكرێت هەر ئێستاكە لەوگەڕەكانەش 100 هەزار مەتر كۆڵان و شەقامان هەیە كە كاری قیڕتاوكردنی بۆ ئەنجام دەدرێت، بەتەواوبوونی ئەو 100 هەزار مەترەش قیڕتاوكردن ئەوە لە95%ی كۆڵان و شەقامەكانی ناو سەنتەری ناحیەكە كێشەی قیڕتاوكردنیان نامێنێت. سەرەڕای ئەو كارانەش تائێستا لەڕووی ئاوەڕۆوە كەموكوڕی و كێشەمان هەیە و ئومێدمان ئەوەیە لەساڵی داهاتوو ئەولەویەتی كارو پڕۆژەیەكانمان بۆ ئاوەڕۆ بێت.
كارەبای سەنتەری ناحیەكە
سەبارەت بە كێشە و گرفت و كارو ئیشەكانی بواری كارەبا لەناو شارۆچكە و سنوورەكەدا بەڕێوەبەری ناحیە رزگاری وتی: بەهەر هەموو شارۆچكەكە یەك فیدەری كارەبای لە وێستگەی كارەبای قەزای خەباتەوە بۆ هاتبوو هەربۆیە ئێمە پڕۆژەیەكی زۆر باشمان ئەنجامدا و فیدەرەكەمان كردە سێ فیدەر، هەروەها لەناو ناحیەكە 20 محەویلەشمان داناوە، ئێستا كێشەی بارقورسی لەسەر كارەبایەكە بەهیچ جۆرێك نەماوە.
كۆمەڵگای سێبیران و كانی قڕژاڵە
پێویسیان بە دابەشكردنی زەوی هەیە
سەبارەت بە گلەیی و گازاندەی خەڵكی كۆمەڵگای سێبیران و كانی قڕژاڵە لەسەر پێنەدانی زەوی نیشتەجێبوون بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری وتی: لەكاتی خۆی بەبڕیارێك كە زەوی نیشتەجێبوون لە سنووری قەزو ناحیەكان بەسەر خەڵكەكە دابەشكرا ئەوە خەڵكی كۆمەڵگاكانی سێبیران و كانی قڕژاڵە لێی سوودمەندنەبوون و ئێستاكەش كێشەی سەرەكی ئیدارەی ناحیەكە ئەوەیە كە ئەم دوو كۆمەڵگایە لەساڵی 1977ەوە دروستكراون و تا ئێستاكەش زەویان لێ دابەش نەكراوە و خەڵكەش داواكاریان لەمبارەوە زۆرە، ئێمەش بەمافی خۆیانی دەزانین كە زەویان بەسەر دابەش بكرێت.
لەكەرتی پەروەردەدا تەنیا پێویستمان بە بینایەی باخچەی ساوایانە
سەبارەت بە كەرتی پەروەردە بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری وتی: لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو تا ئێستا لەناو سەنتەری شارۆچكەكە سێ قوتابخانەی گەورەمان بۆ دروستكراوە و ئێستاكە قوتابخانەكان سێ دەوامیان تێدا نەماوە تەنیا دوو دەوامین و لەڕووی میلاكاتیشەوە كێشەمان نییە، سەرەڕای ئەمانەش ساڵانە پێویستمان بەبینایەی تری قوتابخانە هەیە، هەروەها ئێمە لە كۆمەڵگاكان و ناو ناحیەكە باخچەی ساوایانمان هەیە، بەڵام لە خانووی كرێدان، واتە كێشەی نەبوونی بینایەی باخچەی ساوایانمان لە كۆمەڵگاكان و ناو ناحیەكە هەیە، ئەو كێشەیەشمان گەیاندۆتە لایەنی پێوەندار هەر بۆیە ئێستاكە بڕیارە بینایەكی باخچەی ساوایانی هاوچەرخ و بەرفرەوان لەناو ناحیەكەدا دروست بكەن و بۆ كۆمەڵگاكانیش داوای دروستكردنی باخچەی ساوایانمان كردووە.
كۆمەڵگای جدیدە
پێویستی بە بنكەیەكی تەندروستی تازەیە
سەبارەت بە كێشەی بنكەی تەندروستی جدیدە بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری وتی: كێشەی بنكەی تەندروستی جدیدەمان هەیە كە كۆنەو پێویستی بە بنكەیەكی تازە و بەرفرەوان هەیە، بەڵام تائێستا نەتوانراوە بۆیان دروست بكرێت، هاوكات لە سەنتەری ناحیەكەدا بنكەیەكی تەندروستی هەیە و ئەو بنكەیەش چەند ژوورێكی بۆ درووستكراوەو بەرفرەوان كراوە لەلایەكی تر لەبەر پێویستی هەر لەم بنكەیە بەشی ئێشكگرمان داناوە بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر بەدەنگ خەڵكەكەوە بێن، بەڵام پێویستمان بەنەخۆشخانەیەكیشە و بۆ ئەو مەبەستە داوامان بەرزكردۆتەوە و وەڵامی داواكەمان دراوەتەوەو ئێستا ڕووبەرێكی زەوی 5هەزار مەتر دووجامان بۆیان دابینكردووە.
كۆكردنەوەو خۆ رزگاركردن لە زبڵوخاشاك
سەبارەت بەكۆكردنەو خۆرزگاركردن لە زبڵوخاشاك بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری وتی: هەموو زبڵوخاشاكی ناو شاری هەولێر دەهێنرێتە كانی قڕژاڵە كە سنووری ناحیەكەی ئێمەیە زۆر جار دەبینین ئەو زبڵە ئاگری دەگرێت و دووكەڵ بەری ئاسمانی سنوورەكەمان دادەپۆشێت هەندێكجار بەشێوەیەكە ئەو ئۆتۆمبێلانەی لەو شوێن و سنوورە هاتوچۆ دەكەن دەبێت گڵۆپی لایتەكانیان دابگیرسێنن، سەرەڕای پیسبوونی ژینگە و كاریگەری خراپی ئەو چڕە دوكەڵە بەسەر كەسانی نەخۆش و بەتەمەن، لەلایەكی تر ئەو كرێكارانەی لەبواری شارەوانی بەتایبەتی لەپاككردنەوەی ناو ناحیەكەدا كار دەكە موچەكەیان زۆر نییە و هەموو كەسیش لەلای خۆمان ئەو كارە ناكەن بۆیە لێرەو لەوێ هەندێ جار گلەیی لە پاككردنەوەی ناو كۆڵان و گەڕەكەكان هەیە و پلانێك لەلایەنی شارەوانی هەیە كە پاككردنەوەو خۆرزگاركردن لەزبڵوخاشاك بدرێت بە كەرتی تایبەت و كۆمپانیای خاوەن ئەزموون و شارەزا و ئەم سیستەمەش بۆ ناحیەكەی ئێمەش پیادەكراوەو بۆیە ئێستاكە لەلایەنی هەڵگرتنەو كۆكردنەوە و خۆرزگاركردن لەزبڵوخاشاكی ناو سەنتەری ناحیەكەدا زۆر باشین و كەمترین كێشەمان دێتەڕوو.
هیچ دەسەڵاتێكی كارگێڕی و دارایمان نییە
سەبارەت بە دابەزاندنی دەسەڵاتی كارگێڕیی و دارایی بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری وتی: ئێمە هیچ دەسەڵاتێكی كارگێڕی و دارایمان وەكو بەڕێوەبەرایەتی ناحیە بەسەر فەرمانگەكانمانەوە نییە و ئێمە هیچ بودجەیەكمان بۆ كارو پڕۆژەكان لەبەر دەست نییە، تەنیا ئەو بڕە پارەیە نەبێت كە مانگانە بۆ خەرجی بن دەست پێمان دەدەن، ئەویش تەنیا دوو ملیۆن دینارە، هەر بۆ نموونە لەبارەی دەسەڵاتەوە لەكاتێك تۆڕی ئاویخواردنەوە پێویستی بەگۆڕینی قوفڵێك بێت كە نرخەكەی 5هەزار دینارە ئەوە دەبێت نووسراو بۆ سەرووی خۆمان و لایەنی پێوەندار بكەین و ڕەزامەندی لەسەر كڕینی بدەن.
وەزارەتی كشتوكاڵ هیچ پرۆژەیەكی نییە
سەبارەت بەكارو ئیشەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ لە سنوورەكەدا بەڕێوەبەری ناحیەی رزگاری وتی: وەزارەتی كشتوكاڵ تاكە وەزارەتە لە سنوورەكەدا جێگای پەنجەی خۆی نەكردۆتەوەو هیچ پڕۆژەیەكی لەسنووری ناحیەی رزگاری كە سنوورێكی كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییە ئەنجام نەداوە، خەڵكی ئەو سنوورەی ئەوانەی كاری كشتوكاڵی دەكەن نیوەی زیاتر بەرهەمی دانەوێڵەیان لەبەر كەمی باران نەبوو بۆیە وا پێویستی دەكرێت كە وەزارەتی كشتوكاڵ پڕۆژەی ئاودێری بۆ ئەو سنوورە بكردبووایە و ئامێری رشاندن و جۆری پێویستی بەسەر جوتیاران دابەش بكات تاوەكو جوتیاران تەنیا پشت بەئاوی باران نەبەستن، بەڵام وەزارەتی كشتوكاڵ و لایەنی پێوەنداری تر بەپێی پێویست هیچ یەكێك لەو پڕۆژانەی بۆ بەرەوپێشبردنی كەرتی كشتوكاڵ لەسنوورەكە ئەنجامی نەداوە، هەربۆیە دیاردەی فرۆشتنی زەوییە كشتوكاڵیەكان رووی لەزیادبوون كردووە.