وشكەساڵی و نەبوونی پرۆژەی ئاودێری كاریگەری خراپی لەسەر گوندەكانی ئاغجەلەر دروست كردووە

وشكەساڵی و نەبوونی پرۆژەی ئاودێری كاریگەری خراپی لەسەر گوندەكانی ئاغجەلەر دروست كردووە
هاووڵاتیان: داواكارین حكومەت چارەسەری خانووە بێ تاپۆكانمان بكات
كێشەی كەمئاوی لەزۆربەی گەڕەك و ناوچەكانی ئاغجەلەر سەریهەڵداوە
جۆگەلەو پڕۆژەی ئاودێری لەناوچەكەدا ئەنجام نەدراوە
لە گوندەكان كێشەی بینایەی قوتابخانە هەیە
كارمەندو كرێكاری بواری خزمەتگوزاریی كەمە

ئاغجەلەر یەكێكە لەو ناحیە كۆنانەی وەكو زۆربەی ناحیەكانی دیكەی هەرێم بەر زەبری كاریگەری شاڵاوی ئەنفال كەوتووەو هەموو شارۆچكەكە وێران و كاول كرا، ئاغجەلەر بە ناوچەیەكی كشتوكاڵی و ئاژەڵداریی دادەنرێت و 52 گوند لەخۆدەگرێت و ژمارەی دانیشتوانەكەی زیاتر لە 5 هەزار كەسە، لەدوای ساڵی 1991 و دەستبەكاربوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوەدانكرایەوە، گەرچی لەچەند ساڵی رابردوودا حكومەتی هەرێمی كوردستان چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزارییان بۆ سەنتەرو گوندەكانی سنوورەكە ئەنجام داوە، بەڵام ئەو كارو پڕۆژانە بەپێی كاولكاری سنوورەكەو خواستی خەڵكی نییە، هەر بۆیە هاووڵاتیان گلەیی و گازندەیان لە كەموكوڕی و كێشەو گرفتە خزمەتگوزارییەكان هەیە، وەكو تیمی گۆڤاری گوڵان سەردانی ئاغجەلەرو سنوورەكەمان كرد لە نزیكەوە چەند هاووڵاتییەكمان لەبارەی كەموكوڕی و داواكاریەكانیان دواند، كە پێیان وابوو گەرچی لەم ساڵانەی دوایی چەند پرۆژەیەكی خزمەتگوزاری ئەنجامدراوە بەڵام بەپێی كەموكوڕی و داواكارییەكانی هاووڵاتیان نییە، بۆ خستنەڕووی گلەیی و رەخنەكانی هاووڵاتییان و چەند پرسیارێكی تر سەردانی (ئیبراهیم محێدین) بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەرمان كردووە، لێرەدا بەشێك لەو داواكاری و رەخنەو وەڵامەكانی بەڕێوەبەری ناحیەكە لەدووتوێی ئەم ڕاپۆرتەدا بڵاودەكەینەوە .



هاووڵاتیانی ئاغجەلەر چاوەڕوانی چارەسەركردنی كێشەی ئاویخواردنەوەن
لەسەرەتای راپۆرتەكەماندا لەگەڕەكی دەروازە چاومان كەوت بەچەند هاووڵاتییەك كە باسی گرفتی سەرەكی ناحیەكەیان دەكرد بەتایبەتی گرفتی ئاوو ئاوەڕۆو ڕێگاوبان و پەروەردە و تەندروستی؛ لەمبارەیەوە هاووڵاتی ئەبوبەكر قادر وتی:( لەم ماوەیە كێشەی كەمئاوی لەزۆربەی گەڕەك و ناوچەكانی ئاغجەلەر سەریهەڵداوە و پێویستی بەچارەسەركردنی خێرا هەیە. )، هاوكات ئەم هاووڵاتییە ئاماژەی بەبوونی چەند گرفتێكی دیكەش كرد كە بێ چارەسەر ماونەتەوە لەوانە نەبوونی پڕۆژەی ئاوەڕۆ كە گرفتی بۆ هاووڵاتیان ناوەتەوەو لەزۆربەی گەڕەكەكان بۆنێكی ناخۆشی لێكەوتۆتەوە، بەتایبەت ئەو چەمەی كە بەناو شارۆچكەكە دادەڕوات و پێویستی بە دیواری پاڵپشتی و ئاوەڕۆیەكی بەرفراوان هەیە، هەروەها بەشی زۆری خانوو زەوییەكانی سەنتەری شارۆچكەكە تا ئێستا تاپۆیان نییە، هەر بۆیە لەپێشینەی خانووبەرەدا بێبەش بوون، بەپێویستی دەزانین حكومەتی كوردستان چارەسەری ئەو كێشە گەورەیەمان بۆ بكات. لەلایەكی تر لەبەر خراپی و نەبوونی كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەتایبەتی نەبوونی كارەباو قوتابخانەو ئاو و بنكەی تەندروستی و خراپی ڕێگاوبانەكان ژمارەیەكی زۆر لەگوندەكانی سنوورەكەمان ئاوەدان نەبووەتەوە یا ژمارەی خێزانەكانی ئەو گوندانە لە دوو سێ ماڵ تێپەڕنابێت، هەربۆیە داواكارین لەحكومەت بەوپێیەی گوندەكانمان سەرچاوەی كارو بەرهەم و داهاتن چیتر فەرامۆش نەكرێن. هەر لەمڕووەوە هاووڵاتی مەنیجە عەبدوڵا وتی: ماوەیەكە بەشێوەیەكی گشتی ئاوی شارۆچكەكە كەمبۆتەوە و ڕۆژانە زەحمەتیەكی زۆر لەبەر كەمئاوی دەبینین، ئەو سنوورەش زۆر وشكەو پلەی گەرمای تێدا بەرزە و نەبوونی ئاویش هەراسانی كردووین، بۆیە داواكارم بیری تر لەناو شارۆچكەكە لێبدەن تاوەكو ڕێژەی ئاوەكە زیاد بكات و گرفتەكەمان چارەسەر بێت. سەبارەت بە تاپۆكردنی خانووەكانیش هاووڵاتی سامان مورشید وتی: ئەوەی زیاتر خەڵكی ئاغجەلەر داواكارن بۆیان جێبەجێ بكرێت تاپۆكردنی خانووەكانیانە، لەگەڵ دروستكردنی نەخۆشخانە یا بنكەیەكی تەندروستی تایپAی كە هەموو ئامێرەكانی پشكنینی و پزیشكی پسپۆڕو ئافرەتانی بۆ دابین بكرێت، نەك وەكو ئێستا بنكەكە زۆر بچوكەو داودەرمانی كەمە و پزیشكی نییە، هەروەها ساڵانە لەبەر بچوكی پڕۆژەی ئاوەكە لەوەرزی هاویندا بەتایبەتی لەمانگی 7و8 و 9دا تووشی كێشەی كەمئاوی دەبین، لەلایەكی تر هەندێ شوێنی چەمەكە دیواری پاڵپشتی بۆ كراوە كە لەلایەن بەڵێندەرێك ئەنجامدرا و نەیتوانی تەواوی بكات و ئێستاكە سەیری بكەین دەبینین ئەو پڕۆژەیە زۆر خراپەو لەهەندێ شوینە دەیەوێت بڕووخێت. لەگەڕەكی شەهیدانیش هاووڵاتی قادر سدیق سەبارەت بەخراپی كەرتی تەندروستی وتی: لە نەخۆشخانەكەمان پشكنین و داودەرمان و پزیشكی نییە، ئەمەش وایكردووە بۆ زۆربەی چارەسەرییەكان روو لەسەنتەری شاری سلێمانی بكەین ئەمەش لەرووی خەرجی و پارەوە ماوەو داهاتێكی باشی دەوێت، لەلایەكی ترەوە لەشارۆچكەكەمان باخچەی ساوایانی نییە و لەمڕووەوە پێویستە حكومەت بۆ گرنگیدان بە كەرتی پەروەردە بەلایەنی كەم دوو باخچەی ساویان لە ناو سەنتەری ناحیەكە دروست بكات، هەروەها پێویستمان بە پاركی بەرفراوان و یاریگای منداڵانیش هەیە، هاوكات پێویستە بۆ پاراستنی ژینكەو جوانی سیمایی شارۆچكەكە سنوورێك بۆ ئەو خەڵكە دابنرێت كە زبڵوخاشاك فڕێدەدەنە ناو چەمەكە یا بەزووترین كات پاڵپشت و ئاوەڕۆیەكی سندوقی بەرفراوان لەسەر چەمەكە دروست بكەن. سەبارەت بەكەرتی پەروەردەش قوتابیەكی پۆلی شەشی بنەڕەتی بەناوی ئازاد یاسین وتی: پێویستمان بە قوتابخانەیەكی ئامادەیی گەورەو باش هەیە. هەروەها لەگەڕەكی مامۆستایان هێمن ئەحمەد وتی: لەبواری وەرزش و لاوان و ڕۆشنبیری كەمترین كارمان بۆ كراوە و یاریگای وەرزشیمان بەپێ پێویست نییە و كۆڵان و شەقامەكانی بەشێك لە ناحیەكە پێویستیان بە چاككردن و قیڕتاوكردن هەیە و خەڵكیش لە بەفیڕۆدانی ئاودا زۆر خراپن. هاوولاتییەكی تر بە ناوی نەعیمە حوسێن وتی: هاتوچۆی گەڵابەو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كە بەناو شارۆچكەكە یا بەنزیكی دا هاتوچۆ دەكەن زۆر بێزاری كردووین، پێویستە ڕێگای تریان بۆ دروست بكرێت. هاوكات هەندێ جار كێشەی ئاویخواردنەوەشمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە زیاتر لەبەر نەبوونی كۆگای گلدانەوەی یا كەمی بیرو بڕانی كارەبایە لەسەر پڕۆژەی ئاوەكەی ئاغجەلەر. ئەمەو ژمارەیەك لەهاووڵاتیانی تر گلەیی و رەخنەیان لەوەزارەتی كشتوكاڵ هەبوو باسی فەرامۆشكردنی ناوچەكەیان كرد لەپرۆژەكانی ئاودێری كە بۆ بوژانەوەی كەرتی كشتوكاڵ زۆر پێویستە.
داواكاری و رەخنەی هاووڵاتیانی ناحیەی ئاغجەلەرمان ئاراستەی (ئیبراهم محێدین) بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر كرد، پوختەی وەڵامەكانی لەم راپۆرتەدا دەخەینەڕوو.
فراوانبوونی سنووری شارەوانی و كێشەی كوژانەوەی زەوی كشتوكاڵی
لەپێناو بەرژەوەندی هاووڵاتیان و بۆ بەرفراوانكردنی سنووری ناحیەی ئاغجەلەر بڕیاری فراوانكردنی شارەوانی ناحیەكە دراوە، بەڵام گرفت و كێشەی كوژانەوەی زەوییە كشتوكاڵیەكان بێ چارەسەر ماونەتەوە لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر وتی: بۆ بەرژەوەندی هاووڵاتیان سنووری شارەوانی ناحیەكەمان بەرفراوانكراوە بۆ 3000 هەزار كیلۆمەتر، ئەمەش چەندین كێشەی لەگەڵ خۆی بۆ دروستكردووین، چونكە ئەو زەویانەی دەكەونە ئەو چوارچێوەوە بەگرێبەست یا بەموڵك هی خەڵك و جوتیارانە، دەبێت ئەو خاوەن زەوییانە بەپێی یاساو ڕێنماییەكان مامەڵەیان بۆ بكرێت و قەرەبوو بكرێنەوە، بۆ ئەو زەوییە كشتوكاڵیانەی بەر پڕۆژەی ڕێگای گوندی گۆپتەپە - ناحیەی خەرابە كەوتوون مامەڵەی قەرەبوویان بۆ كراوەو ئەو مافەی خۆیان پێ دەدرێت، بەڵام ئێمە كێشەی تاپۆی خانووی هاووڵاتیانمان لە شارۆچكەكە هەیە و مامەڵەو كارمان لەلایەن لیژنەیەك بۆ ئەو بوارە دەست پێكردووە، بە هۆی ئەو بڕیارەی كە دەڵێت سنووری شارەوانی سێ هەزار كیلۆمەترە ڕاگیراوە، ئێمە لە كارو هەوڵی خۆمان بەردەوامین و دەبێت بە بڕیار یا ڕێنماییەك جیاكاریش بۆ ناحیەكەمان بێت مامەڵەی تاپۆكردنی خانووی هاووڵاتیان جێبەجێ بكرێت، چونكە بە هۆی نەبوونی تاپۆوە هاووڵاتیانی ئاغجەلەر ئێستاكە لە پێشینەی خانووبەرەش بێبەشن.

بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر بۆ( گوڵان): بە هۆی نەبوونی تاپۆوە هاووڵاتیانی ئاغجەلەر لەپێشینەی خانووبەرەبێبەشن



پرۆژەكانی 2012
سەبارەت بەو پڕۆژانەی كە لەژێر ئەنجامدانەو پێویستیانە بۆ سەنتەری ناحیەو گوندەكانی سنوورەكە بەتایبەتی پڕۆژەی ئاو بۆ سەنتەری ناحیەو گوندەكان بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر وتی: چەندین جۆرە پڕۆژەمان لە بەرنامەی ساڵی 2012 داواكردووە، لەم پڕۆژانەدا هەندێكی لەژێر جێبەجێكردندایە، لەلایەكی تر ئێمە 52 گوندمان لەسنوورەكە هەیە هەر گوندێك كێشەی ئاوی و سەرچاوەی ئاوی هەبێت ئەوە پڕۆژەی ئاومان بۆ خستۆتە بەرنامەی ساڵی 2012ەوە، هەروەها پڕۆژەی ڕێگای گوندی چیای سەزو شێخ پاڵاوانمان هەیە و پڕۆژەی چاككردنی ئاوی حەوت گوندی سنوورەكەمان بەبڕی 463ملیۆن دینار لەژێر ئەنجامداندایە، هاوكات بنكەیەكی تەندروستی لە گوندی جەلەمۆڵ و ڕێگای گۆپتەپە بۆ ناحیەی ئاشتی كە دووری سێ كیلۆمەترە لەژێر ئەنجامداندایە و بەبڕی یەك ملیار دینار پڕۆژەی ئاوەڕۆ و چاككردنی ڕێگا و كۆڵان و شەقامەكانی گوندی گۆپتەپە لەپلاندایە، و دروستكردنی دوو قوتابخانەش بۆ دوو گوندی سنوورەكە كە تا ئێستاكە بینایەی قوتابخانەیان نییە لە ئەولەویەتی بەرنامەو كارەكانماندایە و پلان و نیازمان وایە چەند بیرێكی تری ئاویخواردنەوە لێبدەین، تاوەكو لەداهاتوودا تووشی كێشەی كەمئاوی نەبین بەتایبەتی لەناو سەنتەری ناحیەكە لەبەر ئەوەی بەبەردەوامی دەبینین سنووری شارەوانی و نیشتەجێبوون لە ناو ناحیەكە لەزیادبوون و بەرفرەوانبوون دایە، ئێستاكە پڕۆژەی ئاوی ناحیەكە لەنزیك ئەو شاخەی دەوروبەری دایە و بیرێكی بۆ هەڵكەنراوەو وەكو كۆگای گلدانەوەی ئاویش وایە لە ئێستادا ئاوی شارۆچكەكە دابین دەكات، هەر چەندە بەهۆی بەفیڕۆدانی ئاو لەلایەن خەڵكەكەوە لە مانگی 8تاڕادەیەك تووشی كێشەو گرفتی كەمئاوی دەبینەوە، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین ئەو بیرە بەتەنیا لە ئایندەدا بۆ ئەو شێوە بەرفرەوانبوونە تووشی كێشەی كەمئاویمان دەكات بۆیە پێشنیارمان كردووە كە دوو بیری تری ئیرتوازی لە نزیك بیرەكەی تری پڕۆژەكە هەڵبكەنین و و كارەبای بەردەوامیش بۆ پڕۆژەكە دابین دەكەین بەهۆی ڕاكێشانی تۆڕی كارەباوە لە سەنتەری ناحیەوە بۆ ناو پڕۆژەی ئاوەكە، چونكە ئێستا پڕۆژەی ئاوەكە بە كارەبای موەلیدەوە كار دەكات و هەندێ جار نەبوونی گازو سووتەمەنی گرفتمان بۆ دروست دەكات، هەروەها گوندەكان بەشێكیان كارەبای نیشتمانی بۆ نەچووە و كارەبایان لەڕێگای موەلیدەوە بۆ دابینكراوە.
كێشەی خزمەتگوزاری گوندەكان
سەبارەت بە تۆڕی ڕێگاوبان و كێشە خزمەتگوزارییەكانی گوندەكان و كارو پڕۆژەی قیڕتاو و كۆنكرێتكردنی شەقام و كۆڵانەكانی ناو سەنتەرو گەڕەكەكانی شارۆچكەكە بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر وتی: ناحیەی ئاغجەلەر و گوندەكانی سنوورەكە لەڕێگای شاڵاوی ئەنفالەوە خاپوركراو تاكە یەك كەسیش لە دوای شاڵاوەكە لەم سنوورە نەدەژیا و هەر ئەم سنوورە بەزەمینی بێ ژیان ناوی دەهێنرا، لەدوای ڕاپەڕینیش زۆربەی گوندەكان لەسەر بناغەو شێوازی كۆنی خۆی ئاوەدانكراونەتەوە و ئێستا لەم گوندانەدا بۆ كارو ئەنجامدانی پڕۆژە سەرەتایی و خزمەتگوزارییەكانەوە كۆمەڵێك كێشەو گرفتی یاسایمان ڕووبەڕوو دەبێتەوە، بۆ نموونە دەبێت هەر گوندێك 10 قوتابی هەبێت ئینجا قوتابخانەی بۆ دروست بكرێت و گوندەكان لەو كاتەدا بنكەی تەندروستیان بۆ دروست دەكرێت كە بەلایەنی كەمەوە دەبێت 200 كەس سوود لەم بنكەیە وەربگرن، هەروەها بۆ دروستكردنی پەرتوكخانە دەبێت ڕۆژانە ژمارەیەكی بەرچاو لەخوێنەران سەردانی ئەو پەرتوكخانەیە بكەن، بەڵام لەكاتێكدا هەر گوندێك لەو ڕێنماییەوە بەدەربێت ناتوانرێت ئەو جۆرە پڕۆژانە بۆ ئەنجام بدرێت، وەكو تەماشای گوندەكان دەكەین هەموویان بەپێی ڕێنمایی و مەرجەكان ئاوەدان نەكراونەتەوە تا بتوانین بۆ هەموو گوندێك قوتابخانە و بنكەی تەندروستی دروست بكەین، بەڵام بەپێویستی دەزانم چەند گوندێك بەشێوەیەكی هاوچەرخ بكرێنە یەك گوند لەو كاتدا لەزۆربەی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كەمترین كێشەیان دەبێت، لەلایەكی تر هۆكاری ئاوەدان نەكردنەوەی گوندەكان یا زۆر بەكەمی خەڵك بۆ گوندەكانیان دەگەڕێتەوە بەتەنیا بۆ نەبوونی خزمەتگوزاری ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ ئەوەش دەگەڕێتەوە كە خەڵكەكە فێری ژیانی شاربووە و كارو ئیش و خوێندنی منداڵەكانی لە شارە، هاوكات خراپی ڕێگاوبانەكانیش كاریگەری خۆی لەسەر ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان هەیە و كارو بەرنامەی ئێمەش لەبواری ڕێگاوبانە زیاتر بۆ ڕێگا سەرەكی و گشتییەكانە نەك بۆ ڕێگای بچوك و ئاسایی، هەر بۆ نموونە گوندی گۆپتەپە كە گوندێكی گەورەی سنووری ناحیەكەیە شاڕێیەكی قیڕتاوی گەورەمان بۆ دروستكردووە و لەئایندەیەكی نزیكدا پڕۆژەی ڕێگایەكمان هەیە لە ئاغجەلەرەوە بۆ بەرامبەر ناحیەی تەق تەق كە ژمارەیەكی زۆر لەگوندەكانی سەر ئەم ڕێگاو سنوورە سوودی لێوەردەگرن، هەروەها بەشێكی زۆر لە شەقام و كۆڵانەكانی ناو شارۆچكەكە قیڕتاو و كۆنكرێتیان بۆ كراوە و ساڵانەش بەرنامە و پلان هەیە بۆ ئەو شوێنانەی كە ئەو جۆرە پڕۆژانەیان بۆ ئەنجام نەدراوە و ئەو كارو بەرنامانەش بەپێی بودجەی تەرخانكراو جێبەجێ دەكرێن.
كەرتی كشتوكاڵ
سەبارەت بەگرنگیدان بەكەرتی كشتوكاڵی بەڕێوەبەری ناحەیەی ئاغجەلەر وتی : ڕاستە ئێمە سنووری گەرمیان نین، بەڵام دەروازەو سنوورێكی تێهەلكێشین لەگەڵ گەرمیان، ناوچەو سنووری گەرمیانیش یەكێكە لە زیانمەندترین شوێن لەڕووی وشكەساڵییەوە چونكە سروشتی ناوچەكە وا هەڵكەوتووە كە سەرچاوەكانی ئاوی زۆر كەم بێت و بۆ زۆر كار بەتایبەتی بۆ كشتوكاڵ و باخداری پشت بە ئاوی باران دەبەستین، بەشێكی سنووری ئاغجەلەر بەر ئەو وشكەساڵییە كەوتووە و زیانی بە ناوچەكە گەیاندووە، چونكە بەشێك لە گوندەكانی سەر سنوورەكە كەوتوونەتە سەر زێیەكەوە كە لەم ڕێگایەوە كاری كشتوكاڵی و باخداری و چاندن دەكەن، لەناوچەكەدا چەند باخێكی زەیتون و هەنجیر هەیە تاوەكو ئێستاكە بە هەوڵ و كۆششی وەزاەتی كشتوكاڵ و لایەنی تر نەمانهێشووە ئەو باخانە وشك بكەن، بەڵام بۆ چاندنی گەنم و جۆ هەر پشت بە بارانبارین دەبەستین و خەڵكێكی زۆر بەو كارە خەریكەوە لەڕووی ئاودێرییەوە هیچ جۆگەلە و پڕۆژەی ئاودێری لەلایەن حكومەت وەزارەتی پێوەندار ئەنجام نەدراوە، بەڵام لەلایەكی تر هەندێ دارستانی سروشتیمان لە سنوورەكە هەیە بەهۆی وشكەساڵییەوە زەرەرمەندبووینە و ناتوانرێت بەڕیگای تانكەرەوە ئاودانیان بۆ بكرێت، لەبەر ئەوەی كارو پڕۆسەكە قورس و زەحمەتە و ماوەو ئاوی زۆری پێویستە كە ئەمەش لەتوانادا نییە، هەر لەبەر وشكەساڵییە نەمانتوانییەوە ڕووبەری دارستان و باخداری بەرفرەوان و ڕێژەكە لەوەی هەیە زیاتر بكەین. بەڵام بیر لەفرەوانبوونی زەوییە كشتوكاڵییەكان دەكەینەوە ئەوانەی موڵكی حكومەتن كە تێیاندا باخی زەیتوان دروستكراوە و لەم ڕۆژانەدا نووسراوێكمان بۆ سەرووی خۆمان و لایەنی پێوەندار بەرزكردۆتەوە بۆ ئەوەی باخی زیتون و هەنجیرەكانی دەورووبەری ناحیەكە بەرفرەوان بكەین، ئەوش لەكاتێكدا دەبێت كە ئەوان بتوانن ئاومان بۆ دابین بكەن و ئێمەش باخەكان لە وشكبوون بپارێزین و ئەو باخانەی تر كە هەمانە لەڕێگای بیرەوە ئاودانیان بۆ دەكرێت و نووسراوێكان بۆ پارێزگای سلێمانی كردووە كە كارەبا بۆ بیرەكان دابین بكەین تاوەكو بتوانین بەپێی پێویست باخەكان ئاو بدەین. دەتواتنین بەگشتی بڵێین وشكەساڵی سیمایی جوان و گەشتیاری ئاغجەلەری بەتەواوی نەهێشووە و زیانێكی زۆریشی لە خەڵك و سنوورەكەداوە، لەسنووری ئاغجەلەر هیچ بەنداوی گەورەو بچوكی نییە و خاك و خۆڵی سنوورەكە بەتایبەتی شوێنە شاخاویەكان مادەی گەچی تێدایە و ئاوەكەشی نەشیاوە بۆ خواردنەوە و بۆیە كە پشكنینی جیۆلۆجی بۆ ئەو مەبەستە دەكرێت دەبینن سنوورەكە بە كەڵكی بەنداو دروستكردن نایەت و بەنداوێك لە نێوان ئێمە و قەزای دوكان بڕیارە دروست بكرێت بەناوی بەنداوی سورقاوشان كە لەلای دوكانەوە ئیدارە دەكرێت لەكاتێكدا ئەو بەنداوە تەواو بێت ئەوە هەندێك لە گوندەكانی سنوورەكە ئەوانەی لە نزیك بەنداوەكەن سوودی لێوەردەگرن.
ئاوەڕۆ بۆ چەمی ئاغجەلەر دروست دەكرێت
ئەو چەمەی بەناو شارۆچكەكەدا تێپەڕدەبێت ئاوی قورسی زۆربەی گەڕەك و ماڵەكانی دێتەوە سەری و هۆكارێكی بێزاری و ناڕەحەتییە بۆ خەڵكەكە بەهۆی ئەو بۆنە ناخۆشەی لێیوە دێت، لەمبارەوە بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر وتی: لەبەرنامەی كارو پڕۆژەكانی بۆ ساڵی 2012 پێشكەشمان كردووە دیوارێكی ڕاگرو ئاوەڕۆیە بۆ چەمەكە، بەڵام زۆربەی كۆڵان و گەڕەكەكان پێش ئەوەی شۆستەو قیڕتاوی شەقام و كۆڵانەكانیان ئەنجام بدەین ئەوە ئاوەڕۆیەمان بۆیان كردووە و هەندێ شوێن هەیە تازە زەویەكانی كوژاندنەوەو جیاكردنەوەی بۆ كراوە ئێمە ئاوەڕۆو شەقاممان بۆ دروست كردوون، بەڵام كێشەی هۆشیاری هەندێك لە هاووڵاتیانمان هەیە كە لەڕووی كۆكردنەوەی زبڵوخاشاك و فڕێنەدانی پاشماوەو پاكوخاوێنی و پاراستنی ژینگەی شارۆچكەكە كەمتەرخەمن، پاككردنەوە و پاراستنی پاكوخاوێنی هەموو شارو شارۆچكەو شوێنێك دەبێت هاووڵاتیانی شوێنەكە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت و لایەنی بەرپرس بكەن دەنا ناتوانرێت پاكوخاوێنی هیچ شوێنێك گەورە یا بچوك بێت بپارێزرێت. لەم ڕووەوە تائێستا زۆر بەكەمی خەڵك هەیە هەست بەو ئەركەی سەرشانی بكات و زبڵ و پیسی فڕێنەداتە سەر شەقام و كۆڵان و زەوی، هەروەها ساڵانە بەبەرنامە لەهەر شوێن و گەڕەكێكی ناحیەكە پێویستی بە ئاوەڕۆ بێت دەخرێتە ڕیزبەندی كارو پڕۆژەكان بۆ ئەوەی بودجەی بۆ تەرخان بكرێت، بەڵام ئاغجەلەر بەگشتی لەڕووی ئاوەڕۆوە كەمترین كێشەی هەیە.
كەمی بینایەی قوتابخانەو گرفتی میلاكات
سەبارەت بەكەرتی پەروەردەو ئەو كێشەو گرفتانەی كەڕووبەڕوویان دەبێتەوە بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر وتی: لە كەرتی پەروەردە چ لەڕووی بینایەی قوتابخانە چ لە ڕووی میلاكاتەوە كێشەمان هەیە، یەكێك لە كێشەكانی زیاتر لای ئێمە لەكەرتی پەروەردە هەستی پێدەكرێت، ئەوەیە كە یەكەی ئیدارەی ناحیەكە تەدەخولكردنی بە كێشەو كەموكوڕییەكانی كەرتی پەروەردە سنووردارە ناتوانین لەهەموو كێشەكاندا بەشداری بكەین وەكو دابینكردنی مامۆستاو دامەزراندنیان و تا 20بۆ 30ساڵی تر ناتوانرێت مامۆستا بەپێی پێویست بۆ قوتابخانەی گوندەكان دابین بكات، هەر چەندە ساڵانە ڕێژەیەكی زۆریش مامۆستا لەبواری جیاجیادا دادەمەزرێن، كێشەیەكی تر لەمبوارەدا مامۆستایانی لەم سنوورو گوندەكان دادەمەزرێن پاش ماوەیەك داوای گواستنەوە بۆ شار و نزیك شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی دەكات، هەروەها لە ئایندەدا بەهۆی زۆربوونی ژمارەی قوتابیان پێویستم بە كردنەوەو دروستكردنی قوتابخانەیەكی ئامادەیی بەرفراوان و هاوچەرخ هەیە. هاوكات لە گوندەكاندا كێشەی بینایەی قوتابخانەمان هەیە، هەر بۆ نموونە ئەمساڵ دوو گوندی سنوورەكە قوتابخانەكانیان لە خانووی كرێدابوون و بۆمان كردوون بە كابینە ئەمەش چارەسەری سەرەكی و پێویست نییە، چونكە دەبێت هەموو قوتابخانەیەك مواسەفاتی پەروەردەی و خوێندنی تیدا ڕەچاوكرابێت.
بنكەی تەندروستی ئاغجەلەر
سەبارەت بەكەرتی تەندروستی و كێشەو پێداویستییەكانی بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر وتی: كەرتی تەندروستیش لەهەموو شوێنێك بەپێی پێویست و سەردەم نییە، چونكە سستەمەكەی كۆنەو پێویستی بە ڕیفۆرم و گۆڕانكاری بنەڕەتی هەیە بەپێی ئەوەی كە لەگەڵ دنیای زانست و تەكنەلۆژیاو بەرەوپێشەوەچوونی بواری تەندروستی بگونجێت و كارو ئیشەكانی بواری پزیشكی كاریگەریان لەسەر باشبوونی باری جەستەیی و دەروونی هاووڵاتیان دەركەوێت، بنكەی تەندروستی ئاغجەلەر بچوكە و دابینكردن و هاتنی پزیشكیش زۆر زەحمەتە، چونكە ئەو پزیشكانەی كە بۆ ناحیەو گوندەكان دێن بەپێی سستەمەكە ماوەی دیاریكراویان هەیە كە ئەویش تەنیا بۆ چەند مانگێكە و لەم ماوەیەش نەك زیاتر نامێنێن، بەڵكو هەندێ پزیشك زووتریش دەڕوات، هەر بۆیە ئێستا ئێمە پزیشكمان هەر نییە و یاریدەدەری پزیشكی كار لە بنكەكە دەكات، بەڵام بنكەی تەندروستییەكە 24كاتژمێر لە كاركردندایە و تیمی ئێشكگری و ئۆتۆمبێلی فریاكەوتنی هەیە و گوندەكانی سنوورەكە ژمارەیەكی زۆریان بنكەی تەندروستی فەرعیان هەیە و لەلایەن كارمەندێكی تەندروستی بەڕێوەدەچێت و ژمارەیەكی دیاریكراو و سنوورداری داودەرمانیان هەیە. چارەسەركردنی كێشەكانی تەندروستی هەر وەكو پەروەردە لەدەرەوەی تواناو دەسەڵاتی یەكەی ئیدارەی ناحیەكەدایە، بەڵكو لەتوانا و دەسەڵاتی سەرووتردایە. بۆیە بەتەئكید هەردوو سستەمی پەروەردەو تەندروستی لە هەرێمی كوردستان دوو سستەمی نابەجێ و كۆنن و پێویستە بگۆڕێن.
نەبوونی ئۆتۆمبێلی سەلەی كارەبا
سەبارەت بە كێشەی كارەبا بە تایبەتی بەهۆی هەستان و دابەزینی ڤۆلتییە و بارقورسی لۆدی كارەباكە زۆرجار كارەباكە لە هەندێ شوێندا دەبڕێت بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر وتی: ماوەی كارەبا لە سەنتەری ناحیەكەدا زۆر باشە لەماوەی شەو و ڕۆژدا زیاتر لە23كاتژمێر كارەبامان هەیە، بەڵام بۆ چارەسەركردنی شۆت و پچڕانی تۆڕی كارەبا بنكەیەكی بچوكی چاككردنی كارەبامان هەیە و لەناو بینایەی بەڕێوەبەرایەتی ناحیەكەدا ژوورێكیان بۆ دابینكراوە، هۆكاری پچڕانەكەش بۆ شكانی فنجانەكانی تۆڕی كارەباكە دەگەڕێتەوە و زۆرترین شۆت و پچڕانەكان لە سنووری گوندی تیژوتلیانایە و كرێكارەكانیش ژمارەیان كەمەو بەگرێبەست كار دەكەن، بۆیە پێویستە بەزووترین كات ئەو بنكەیە بكرێتە فەرمانگای كارەبای ئاغجەلەر و شوێن و بینایەكیشی بۆ دابین بكرێت، هەروەها ئێستاكە پێویستمان بەسەلەی كارەبا هەیە، هاوكات پڕۆژەی وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا بە بڕی 5 ملیار دینار لەلایەن كۆمپانیایەك بەناوی زۆزگ جێبەجێ دەكرێت و ئەم پڕۆژەیە لە 95%ی كارەكانی تەواو بووە، بەتەواوبوونی ئەو وێستگەیەی كارەبا ناحیەی ئاغجەلەر كێشەی كارەبا نامێنێت.
نەبوونی كرێكارو كەمی ئامێری پاككردنەوەی زبڵ و خاشاك
سەبارەت بە كۆكردنەوەو خۆرزگاركردن لەزبڵوخاشاك و كێشەو كەموكوڕییەكان بەڕێوەبەری ناحیەی ئاغجەلەر وتی: سستەمی كۆكردنەوەو پاككردنەوەی زبڵوخاشاك هەر بەشێوەی كۆن و تەقلیدییە و ئامێرو كرێكارمان كەمە زۆربەی كرێكارەكانیشمان بەشێوەی گرێبەست كاردەكەن و لەماوەیەدا ماوەی گرێبەستەكانیان تەواو بووەو گرێبەستەكانیشیان بۆ تازە نەكراونەتەوە، بۆیە ئێستا كێشەمان لە كۆكردنەوەو فڕیدانی زبڵوخاشاك لە ناو سەنتەری ناحیەو گەڕەكەكاندا هەیە. من لێرەدا دەڵێم لەكاتی دامەزراندندا زیاتر پێویستم بە كریكارو پاسەوان و كارمەندی خزمەتگوزارییە نەك دەرچووی پەیمانگاو زانكۆ لەبەر ئەوەی كارمەندو كرێكاری بواری خزمەتگوزارییەكانەمان كەمە و ڕێژەی دامەزراندنەكانیش زۆر نییە بۆ ئێمە ساڵی ڕابردوو نزیكەی تەنیا 10كەسیان بۆ دامەزراندووین، داواكارین ئەوساڵ ڕێژەكە لەمە زیاتر بێت بەڵكو بتوانرێت كەلێن و شوێنە پێویستەكانمان گرفتی كەم بێتەوە.
Top