باعەدرێ پێویستی بەپرۆژەی ئاوو دروستكردنی نەخۆشخانەیەك هەیە

باعەدرێ پێویستی بەپرۆژەی ئاوو دروستكردنی نەخۆشخانەیەك هەیە
هاووڵاتیانی باعەدرێ داوای تاپۆكردنی خانووەكانیان دەكەن
پێویستمان بە كۆمەڵگایەكی وەرزشی و كتێبخانەی گشتی هەیە
پێویستمان بە كارو پڕۆژەی قیڕتاو و شۆستە هەیە
دانان و دروستكردنی وێستگەیەكی گۆڕینی كارەبا پێویستە

باعەدرێ پێشتر گوندێكی 40 ماڵی سەر بە قەزای شێخان بوو، باعەدرێ لەساڵی 1998 بۆتە ناحیەو 13 گوند لەخۆدەگرێت كە سێ گوندی ئاوەدان نەكراونەتەوە، ژمارەی دانیشتوانی ناحیەكە 13780 كەسەو ڕووبەرەكەشی 5800 كیلۆمەتر چوارگۆشەیەو لەپێكهاتەی سەرەكی ئێزیدین و موسڵمان پێك دێت و چەندین پەرستگاو شوێنەواری ئاینی برایانی ئێزیدی لەخۆدەگرێت، باعەدرێ لەدوای ئەوەی بوو بە ناحیە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان كارو پڕۆژەی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام لەگەڵ فراوانبوونی ناحیەكەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانی لەلایەن خەڵكی ناحیەو سنوورەكە گلەیی لەسەر گرفتە خزمەتگوزارییەكان و نەبوونی فەرمانگە پێوەندارەكانی حكومەت لە ناحیەكە هەیە. گۆڤاری گوڵان سەردانی باعەدرێی كردوو لەنزیكەوە چەند هاووڵاتیەكی دواند، ئەو داواكاری و ڕەخنانەی هاووڵاتیانمان ئاراستەی ( شەماڵ محەمەد ئەدیب ) كرد، پوختەی رەخنەو داواكارییەكانی هاووڵاتیان و وەڵامی بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ لەم ڕاپۆرتەدا بڵاو دەكەینەوە.



شەماڵ محەمەد ئەدیب بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ بۆ(گوڵان):بۆ چارەسەركردنی كێشەی ئاویخواردنەوە پێویستمان بە دروستكردنی كۆگایەكی گلدانەوەی ئاوو بیرهەڵكەندن و نوێكردنەوەی تۆڕی ئاویخواردنەوەی هەندێك گەڕەك هەیە
هاووڵاتیان:
هیچ پڕۆژەیەكی یەكەی نیشتەجێبوون لە باعەدرێ ئەنجام نەدراوە و زەویش لەلایەن شارەوانییەوە بەسەرمان دابەش ناكرێت

هاووڵاتیانی باعەدرێ گلەیی و رەخنەیان لەسەر كەمی كارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان دەربڕی، ئەمە لەكاتێكدا ئەم ناحیەیە تادێت ژمارەی دانیشتووانی رووی لەزیادبوون كردووە، لەگەڕەكی شەنگاریان هاووڵاتی سەعید خەلەف وتی: بەهۆی خراپی و كۆنی تۆڕی ئاویخواردنەوەی گەڕەكەكەمانەوە گرفتی ئاومان تا ڕادەیەك هەیە، بۆڕی ئاویخواردنەوەكەمان جگە لەوەی كۆنە بچووكیشە بەپێی پێداویستی هاووڵاتیان نییە. لەلایەكی تریشەوە لەرووی ئاوەڕۆوە گرفتمان هەیە بەرادەیەك لە گەڕەكەكەمان تەنیا یەك شەقام پرۆژەی ئاوەڕۆی هەیە، بۆیە یەكێك لە كێشەكانی ئەو گەڕەكە بەتایبەتی لەوەرزی زستاندا نەبوونی ئاوەڕۆیە. هەر لەهەمان گەڕەك هاووڵاتی خدر قاسم وتی: كێشەو گرفتی خزمەتگوزاری زۆرمان هەیە كۆڵان و شەقامەكانی ئەو گەڕەكە زۆر خراپ و بێسەروبەرە زۆربەی كۆڵانەكان قیڕتاوی بۆ نەكراوە، هەروەها كێشەی قەرەباڵغی زۆری قوتابیمان لە قوتابخانەكاندا هەیە ئەو قوتابخانەی گەڕەكەكەمان زیاتر لە700قوتابی لێیە و دوو دەوامیشە، لەلایەكی تر ئەو قوتابخانەیە تەنیا یەك كارمەندی كەمئەندامی خزمەتگوزاریان هەیە ئەویش ناتوانێت كارەكانی خزمەتگوزاری بۆ قوتابخانەكە بەباشی ئەنجام بدات. لەلایەكی ترەوە ژمارەیەك لەو خێزانانەی كە لەحەفتاكاندا راگوازراونەتەوە یا لەم دواییەدا بەهۆی كارە تیرۆرستیەكانەوە بۆ باعەدرێ كۆچیان كردووە گرفتی ماددەی 140 یان هەیە؛ لەمبارەیەوە هاووڵاتی بارزان خودێدە وتی: زۆربەی خەڵكی ئەو گەڕەكە كێشەی سەرەكی ئەوەیە كە لەساڵانی 1970ەوە ڕاگوازرانەوە بۆ ئەم سنوورە كەچی تا ئێستا مادەی 140 ئێمەی نەیانگرتۆتەوە تاوەكو قەرەبوو بكرێنەوە، سەرەڕای ئەوەش گرفتی زۆری خزمەتگوزاریمان وەكو كەمی ئاویخواردنەوەو نەبوونی ئاوەڕۆ و نەهاتنی تیمەكانی پاككردنەوەی شارەوانی بۆ ناو كۆڵان و گەڕەكەكەمان هەیە. هەروەها هاوڵاتی هەیفاخان وتی: یەكەی ئیداریی بەعدرێ چەندین پرۆژەی بۆ ناحیەكەمان ئەنجامداوە بەڵام لەگەڵ گەورەبوونی ناحیەكە تادێت پێداویستییەكان روو لە زیادبوون دەكات، بوونی گرفتی ئاویش بۆ ئەم هۆكارە دەگەڕێتەوە بۆیە داواكارین لەحكومەتی هەرێم گرنگیەكی زۆر بەپرۆژەكانی ئاویخواردنەوەو نوێكردنەوەی تۆڕی ئاویخواردنەوە بدات، سەبارەت بەداواكارییەكانی بواری تەندروستیش ئەم هاووڵاتییە وتی: لەبنكە تەندروستیەكەمان پێویستمان بەپزیشكی پسپۆرو شارەزا هەیە بەتایبەتی پزیشكی پسپۆری لەدایكبوون و منداڵان، چونكە ئێستا لەزۆربەی حاڵەتەكانی نەخۆشی بۆ پشكنین و چارەسەركردن دەبێت سەردانی شاری دهۆك یا شوێنی تر بكەین، ئەمەش لەگەڵ بارودۆخ و گوزەرانی خەڵكی ئەم شارۆچكەیە ناگونجێت. سەبارەت بەنەبوونی تاپۆی خانووەكانیش هاووڵاتی سلێمان حوسین لە گەڕەكی قەسرێ وتی: داواكارین حكومەتی هەرێم كارو مامەڵەی تاپۆی خانووەكانمان بۆ بكات، لەلایەكی تر هیچ پڕۆژەیەكی خانوو یەكەی نیشتەجێبوون لە باعەدرێ ئەنجام نەدراوە و زەویش لەلایەن شارەوانی ناحیەوە بەسەرمان دابەش نەكراوە تاوەكو ناحیەكە زیاتر پێش بكەوێت، هەروەها پێویستە لەڕێگا سەرەكییەكەی باعەدرێ پردی پەڕینەوە دروست بكرێت، لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگایە قەرەباڵغی زۆر لەسەرەو بەناو ناحیەكەش دەڕوات بۆیە ڕووداوی هاتوچۆی زۆری لێ دەكەوێتەوە، هەروەها پێویستمان بە یەكەیەكی فریاكەوتنی خێرای تەندروستی هەیە بۆ حاڵەتە كتوپڕو لەناكاوەكان، هەروەها فەرمانگەی كارەباو ئاو و بەرگری شارستانی و دادگا لە ناحیەكەدا نییە، سەنتەری شارۆچكەكە 1400ماڵە كەچی بنكەی تەندروستییەكی هەیە. هەروەها هاووڵاتییەكی تر بە ناوی خالید سەعید لە گەڕەكی ماڵچەپەری وتی: ئێستا ویستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لە باعەدرێ دامەزراوە و خەڵكی ئەو ناحیەو سنوورە پێویستیان بەدامەزراندنە، كەچی لەو وێستگەیە كەسی ئێمەو سنوورەكەیان لێ دانەمەزراوە تەنیا دوكەڵی پیس بەسەرمان دادەدەن و ژینگەكە پیس دەكەن، هەروەها ئێستا كۆمپانیایەك خەریكی دەرهێنانی نەوتە لەسنووری ناحیەكەمان و ئەو كۆمپانیایەش بەهەمانشێوە خەڵكی ناحیەكەی لەم كارو پڕۆژە گرنگە كار پێ ناكات. وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان كەمترین پرۆژەو كاری بۆ باعەدرێ ئەنجام داوە لەمبارەیەوە هاووڵاتیەك بەناوی قاسم سلێمان وتی: لەبواری وەرزش و لاوان كەموكوڕی و گرفتمان زۆرە و پێویستمان بە كۆمەڵگایەكی وەرزشی و كتێخانەی گشتی هەیە و لەڕووی گۆڕەپان و یاریگادا پشتگوێخراوین، بۆیە داواكارین لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان لە بەرنامەی ئەمساڵدا كارو پڕۆژەی پێویستی وەرزشی و لاوانی بۆ باعەدرێ ئەنجام بدەن.
نەبوونی ماستەرپلان
سەبارەت بە ماستەرپلان و گرنگی بۆ ناحیەی باعەدرێ بەتایبەتی لەبەر ئەوەی ماوەیەكی زۆر نییە باعەدرێ بۆتە ناحیە و بۆ بەرفراوانبوون و پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان پێویستی زۆر بە نەخشەو دیزاین دەبێت بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ وتی: شارەوانی ئەرك و ماندووبوون و پڕۆژەیەكی زۆری گەورەی خزمەتگوزاری و گەشەكردنی لەئەستۆدایەو گرنگی تایبەتی خۆی هەیە، كێشەی هەرەسەرەكی شارەوانی هەر شوێنێك بێت ماستەرپلانە، چونكە ماستەرپلان نەخشەی بنەڕەتی و وردەكاری هەموو پێكهاتەو پێویستییەكانی لەخۆدەگرێت، بۆیە پێویستە هەموو شارو شارۆچكەیەك ئەم پڕۆژە گرنگەی هەبێت، نەبوونی ماستەرپلان ئاستەنگ لەبەردەمی هەموو كارو پڕۆژەیەك و بەرفراوانبوون دروست دەكات، هاوشانی ماستەرپلان كوژاندنەوەی زەوی كارو پرۆسەیەكی زۆر گرنگ و پێویستە، لەكاتێكدا نەتوانرا كاری كوژاندنەوەی زەوی كشتوكاڵی بۆ سنووری شارەوانی و نیشتەجێبوونەوە ئەنجام بدرێت ئەوە ناتوانرێت شارۆچكەكە بەرفرەوان و پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبوون دروست بكرێت و زەویش بە هاووڵاتیان بدرێت، بەڵام لەكاتێكدا بەپێی یاساو ڕێنماییەكان توانرا زەوی كشتوكاڵی كوژاندنەوەی بۆ ئەنجام بدرێت و قەرەبووی خاوەن زەویەكان كرایەوە ئەوە كێشەی ئەنجامدانی پڕۆژەو بەرفرەوانبوونی سنووری شارەوانیمان نابێت، لەمبارەوە تائێستا ماستەرپلان بۆ باعەدرێ پەسەند نەكراوە و كێشەی كوژاندنەوەی زەویشمان هەیە، هەربۆیەش نەتوانراوە بەپێی پێویست كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێ بكرێت.
پێكەوەژیان و لێبوردەیی
سەبارەت بە پێكەوەژیان و لێبوردەیی لەسەنتەری ناحیەو سنوورەكەدا بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ وتی: باعەدرێ پێكاتەو ڕێژەی سەرەكی برایانی ئێزیدین و ڕێژەیەكیش موسڵمانن، ئەگەر بەوردی بچینە ناو ئەو پەیوەندییەی لەنێوان ئیزیدی و موسڵمانەكان هەیە دەبینین لەدێرزەمانەوە بەیەكەوە ژیاون و لەهەموو كێشەو ڕووداوێكیشدا ئەگەر لەنێوانیان ڕووبدات هەر خۆیان لەنێوان خۆیان بە گیانێكی لێبوردەیی چارەسەری دەكەن و هاوكاری و هەماهەنگیەكی بەهێز و باش لە نێوانیان هەیە لە بۆنە ئاینی و كۆمەڵایەتییەكاندا سەردانی یەكتر دەكەن، هەر ئەو تەبایی و لێبوردەییەیە كەوایكردووە ئێمە وەكو یەكەی كارگێڕی لە كارو پڕۆژەو بڕیارەكاندا سەركەوتووبین.
ڕێگای سەرەكی جووت ساید
سەبارەت بە كەموكوڕی ڕێگاوبانەكان و خراپی و قیڕتاو نەكردنی كۆڵان و شەقامەكانی هەندێك لە گەڕەكەكان بەڕێوەبەری شارۆچكەی باعەدرێ وتی: بۆ گەشەكردن و ئاوەدانبوونەوەی هەر شوێنێك ڕێگاوبان زۆر گرنگە و كاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە، باعەدرێ كەوتۆتە سەر ڕێگای سەرەكی نێوان دهۆك – هەولێر و قەرەباڵغیەكی زۆری لەسەرە و ئەو ڕێگا لەساڵی ڕابردوو بەرفرەوانكرا، بەڵام پێویستبوو ئەو ڕێگایە بەشێوەیەكی باشتر كاری تێدا بكرابووایەو داواكارین ئەو ڕێگایە بكرێتە جووت ساید و لەسەر ئەو ڕێگا سەرەكییە پردێكی پەڕینەوە لەنێوان كۆمەڵگای كارگێڕی و شارۆچكەكە بۆ هاتوچۆی خەڵكەكە دروست بكرێت لەگەڵ دوو ژێر پرد لەسەر هەمان ڕێگا بۆ پەڕینەوەی مەڕوماڵاتی هاووڵاتیان. هەروەها بۆ ناو سەنتەری شارۆچكەكە لە چەندین شوێن و گەڕەكدا ئەوە شەقام و كۆڵانەكان پێویستیان بە كارو پڕۆژەی شۆستەو قیڕتاوكردنە، چونكە ئێستاكە ئەو خراپی و بێسەروبەری كوڵانەكان و قیڕتاو نەكردنیان هۆكارێكی گلەیی خەڵكی باعەدرێیە كە ئەوەش بەهەقی خۆیانی دەزانین، هاوكات لە هەندێ شوێنی سەنتەری ناحیەكەدا پێویستیمان بەبەرفراوانكردنی كوڵان و شەقامەكان هەیە. بۆنموونە شەقامی سەرەكی ناو شارۆچكەكە كە لەئێستاوە دەست پێدەكات تا دەگاتە بینایەی كۆنەكەی ناحیە. هەروەها لەبەر ئەوەی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیەكی تایبەت بە باعەدرێ و سنوورەكەی دەدات و پێشینەی خانووبەرش ئەو سنوورەی گرتۆتەوەو خەڵكێكی زۆر سوودی لێوەرگرتووە بۆیە بەبەردەوامی خانوو لە ناو شارۆچكەكە دروست دەكرێت و لەئەنجامدا كوڵان و شوێنی زۆر لەسنووری شارەوانی ئێستاكە هەیە كە خزمەتگوزاری قیڕی پێ نەگەیشتووە، بۆیە ساڵانە بەبەردەوام لە ناو ناحیەی باعەدرێ پێویستیمان بە كارو پڕۆژەی قیڕتاو و شۆستە هەیە.
كێشەی كەمی ئاومان هەیە
سەبارەت بە كێشەی كەمئاوی و چۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو بوارە خزمەتگوزارە گرنگە بەڕێوەبەری ناحیەی شارۆچكەكە وتی: ئێمە لەناو سەنتەری شارۆچكەو گەڕەكەكان كێشەی كەمی ئاومان هەیە ئەوەش بۆ نەبوون یا كەمی و بچوكی كۆگای گلدانەوەی ئاویخواردنەوە دەگەڕێتەوە، بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە پێویستمان بە دانان و دروستكردنی كۆگایەكی گلدانەوەی ئاو بە قەبارەی هەزار مەترسێجا و لە ناوچەی كۆمەڵگای كارگێڕی پێویستە بیرێكی ئاو هەڵكەندرێت لەگەڵ دانانی كۆگایەكی كانزایی بۆ گلدانەوەی ئاو هاوكات لەگەڕەكی شەنگاریا كێشەی تۆڕی ئاویخواردنەوەمان هەیە بەدرێژی دوو كیلۆمەتر بەچاككردنی ئەو تۆڕی ئاوە كێشەی كەمئاوی لەم گەڕەكە بەتەواوی نامێنێت، هەروەها گوندی شێخ هەسەن كە لەنزیك ناحیەیە و كێشەی نەبوون و كەمئاویخواردنەوەی هەیە بۆیە پێویستە بیرێكی بۆ هەڵكەندرێت.
كەرتی تەندروستی پێویستی بەئاوڕلێدانەوە هەیە
سەبارەت بەكەرتی تەندروستی كێشەو گرفتەكانی بەڕێوەبەری باعەدرێ وتی: لە بواری تەندروستی دا لەچەندین رووەوە كەموكوڕی و گرفت هەیە لەوانە پێویستمان بە بنكەیەكی تەندروستی یا نەخۆشخانەیەكی بەرفراوان و چەند قەرەوێڵەیی هەیە كە هۆڵی نەشتەرگەری و منداڵان و لەدایكبوونی و بەشی سۆنارو تیشك و ئامێری پشكنین و داودەرمانی بەپێی پێویست تێدا بێت، بەڵام ئێستا وەكو چارەسەرێكی كاتی پێویستە چەند پزیشكێكی پسپۆڕو ئافرەتان و نەشتەرگەری بۆ بنكەی تەندروستی باعەدرێ لەلایەنی پێوەندار بۆ ناحیەكە دابین بكرێت و بنكەیەكی ئێشكگر و بەشی فریاكەوتنیشی كە دواكاری هاووڵاتیانە لێ بكرێتەوە. هاوكات لە بنكەی تەندروستی ناو سەنتەری ناحیەكەو گوندەكان كێشەی كەمی داودەرمانمان هەیە و هەندێ دەرمانیش هەیە كە بۆ ئێمە دێت ماوەی بەسەرچوونیان زۆرنەماوە و سوویان لێوەرناگیرێت.
دوو دەوامی و سێ دەوامی لە قوتابخانەكان
سەبارەت بە كەمی بینایەی قوتابخانەو هەبوونی دوو دەوامی و سێ دەوامی و كەمی مامۆستا بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ وتی: هەرچەندە لە ساڵی ڕابردوو لە باعەدرێ قوتابخانەیەكی 18پۆلی دروستكراوە كە بەشێكی زۆر لە كێشەی بینایەو قەرەباڵغی ناو قوتابخانەو پۆلەكان و كێشەی دوو دەوامی و سێ دەوامی چارەسەر دەكات، بەڵام هێشتا لەناو سەنتەری ناحیەدا چەند قوتابخانەیەكی دوو دەوامی تێدا ماوە، چونكە ساڵ لەدوای ساڵ ڕێژەی قوتابیان زیاتر دەبێت، بۆیە داواكارین لەبەرنامەو پلانی ساڵی 2013 قوتابخانەیەكی تری بۆ بەرژەوەندی خەڵكی ناحیەكە دروست بكرێت بەم بینایەش كێشەی دوو دەوامی و سێ دەوامیمان لە قوتابخانەكان بەتەواوی چارەسەر دەبێت.
وێستگەیەكی گۆڕینی كارەبا
سەبارەت بەبواری كارەبا و كێشەو گرفتەكانی بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ وتی: لە باعەدرێ كارو ئیشی باش لەبواری كارەبادا لەژێر ئەنجامدانە، بەڵام ئێمە ئێستاكە لەبەر زۆربوونی خەڵك و زیادبوونی ئامێرو پێداویستی كارەبا ئەوە لۆدی سەر مەحویلەكانی ناو شارۆچكەكە قورسە بۆیە پێویستمان بە دانانی چەند مەحاویلەیەك و گۆڕین و نۆژەنكردنەوەی تۆڕی كارەبای چەند گەڕەكێك هەیە، لەهەمووی گرنگتر كە باعەدرێ لەبواری كارەبا پێویستیەتی دانان و دروستكردنی وێستگەیەكی گۆڕینی كارەبایە، لەبەر ئەوەی ڤۆڵتیە زۆر نزمە و بەم وێستگەیە دەتوانرێت ڤۆڵتیە بەپێی پێویست و ستانداردی خۆی بێت و خەڵكەكەش لەو كاتەدا سوودی باشتر و زۆرتر لەكارەباكە وەردەگرن. هاوكات شەقامی گشتی و سەرەكی شارۆچكەكە پێویستی بە پڕۆژەی ڕوناككردنەوە هەیە، هەرچەندە ئێمە بۆ ئەو پڕۆژەیە داواكاریشمان لەلایەنی پێوەنداركردووە، بەڵام تا ئێستا ئەو پڕۆژەیە ئەنجام نەدراوە، بۆ كاری كارەبا لە سەنتەری ناحیەو سنوورەكە بنكەی كارەبامان نییە، بەڵكو ئێمەو ناحیەی ئەتروش بەهەر دوولا تیمەكی چاككردنەوەمان هەیە كە هەفتەیەك بۆ ئێمە و هەفتەیەكی تر بۆ ئەتروش كار دەكەن و تەنیا یەك ئۆتۆمبێلیان هەیە و ئەمەش كێشەیە، بۆیە داواكارین و پێویستمان بە فەرمانگەی كارەبایە بۆ چاككردن و زاڵبوون بەسەر هەر كارو كێشەیەكی كارەبا كە لە ناحیەكە ڕووبدات، لەلایەكی تر وێستگەیەكی كارەبا لەلایەن وەبەرهێنانەوە لە باعەدرێ دامەزراوە و ئەم وێستگەیە گلەیی و گازندەی هاووڵاتیانی لەسەر بووە لەبارەی دوكەڵەكەی و پیسبوونی ژینگە ئێمە دوو تا سێ نووسراوی فەرمیمان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە داوە بە وێستگەكەو لایەنی تر و لەئەنجامدا وەڵامیان ئەوەبووە كە فلتەر بۆ دووكەڵ كێشەكە دادەنێن و چارەسەری كێشەكە دەكەن و بەهەمان شێوە بەڕێوەبەرایەتی كارەبای پارێزگاری دهۆكیش پێیان ڕاگەیاندوین و پشتگیری داواكارییەكەیان كردوین و پێیان راگەیاندین كە هێشتا وێستگەكە كاری تەكنیكی و جۆری تری ماوە لە هەر كاتێك بەتەواوی كاری تێدا نەما و بەفەرمی كاری كرد ئەوە لەو كاتەدا كێشەی دوكەڵكەش بە فلتەردانان كۆتایی پێدێت. هەروەها داوامان لە وێستگەكەو وەبەرهێنەكە كردووە كە كار بەخەڵكی سنوورەكە بكەن و ئەوانیش بەڵێنیان پێداوین لەهەر كاتێك پڕۆژەكە كۆتایی پێهات ئەوە خەڵكی سنوورەكەش تێدا دادەمەزرێن .
كۆكردنەوەو خۆڕزگاركردن لە زبڵوخاشاك
سەبارەت بە كۆكردنەوەو خۆ ڕزگاركردن لە زبڵوخاشاك بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ وتی: خۆشبەختانە هەنگاوێكی باش و هاوچەرخ و زانستی و تازە بۆ كۆكردنەوەو خۆ رزگاركردن لە زبڵوخاشاك لە سنووری پارێزگای دهۆك و چەند قەزایەكی هاتۆتە جێبەجێكردن ئەو كارەش بە سستەمێكی تازەیە كە كەرتی تایبەت بە ئەرك و ئیشەكان هەڵدەستێت و بۆ خۆ ڕزگاركردن لە زبڵوخاشاكەكەش لە ناوچەی كاشێ لە دهۆك كارگەی ڕیسایكلین دانراوە و ئێستاكە كۆمپانیای تۆڤی كاری پاككردنەوەو گواستنەوەی زبڵوخاشاكی ناحیەكەمان بەڕێوە دەبات و ئەو زبڵوخاشاكەی ڕۆژانە كۆی دەكەنەوەو دەیگوازنەوە بۆ كارگەی ڕیسایكلینی كاشێ، هەر بۆیەش ئێستاكە شارۆچكەكە زۆر لەجاران و ساڵانی ڕابردوو پاك و خاوێنترە، چونكە پێشتر لەمبارەوە كێشەو گرفتی زۆرمان هەبوو، هەروەها ئێستاكە ئێمەو شارەوانیش بەدواداچوون بەدوای كارو تیمەكان كۆمپانیاكە دەكەین لەهەر كەمتەرخەمی و كەموكوڕیەك تێبینی و لێپێچینەوەو ڕێنمایی پێویست بەرامبەریان دەردەبڕین.
وەزارەتی كشتوكاڵ
سەبارەت بەوەزارەتی كشتوكاڵ و كێشەو گرفتەكان و داواكاری هاووڵاتیان بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ وتی: كێشەی سەرەكی ئەو سنوورە لەمبارەوە ئەوەیە كە دابەشكردنی تۆو پەینی كیمیایی بۆ جوتیاران لە كات و ساتی خۆی دابێت و دوانەكەوێت و لەدوای درووێنەشدا داهاتەكانیان كە گەنم و جۆیە بەزووترین كات لەلایەن حكومەتەوە وەربگیرێت نەك ئەوەندە نۆرە لە سایلۆكان بگرن، هەروەها پێوستە دوو حەوزی شووشتنی مەڕوماڵات لە گوندەكانی زهیراو دیركی دروست بكرێت و فەرمانگەی ڤێترنەری لە ناحیەكە دابمەزرێت و پێداویستی كوتان دابین بكرێت، هاوكات پێویستمان بەفەرمانگەی كشتوكاڵ و كەشناسی و سایلۆیەك هەیە.
كارو پڕۆژەی گەشتیاری
سەبارەت بە گەشتوگوزارو ئەو كارو پڕۆژانەی لەمبارەوە كراوە یا پێویستن بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ وتی: دەڤەری باعەدرێ شوێن و مەزارو پەرستگایی ئاینی ئێزیدی زۆر لێیە و خەڵكی دەرەوەو ناوخۆش زۆر حەز دەكەن سەردانی ئەو شوێنانە بكەن و لەنزیكەوە شارەزایی و زانیاری لەسەر كلتورو دابونەریت و شارستانیەتی ئیزیدیان و ئەو شوێنانە بزانن، ئەمەش جۆرێكە لە گەشتوگوزاری و پەرستگای لالش كە پەرستگایەكی سەرەكی و پیرۆزی ئیزیدیانە و لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە گرنگی زۆری پێدراوەو كارو پڕۆژەی بەپێی ماستەرپلانێكی وردو هاوچەرخ بۆ دانراوەو كاری لەسەر دەكەن، جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێم خەمخۆرو دڵسۆزییەكی زۆری بۆ ئەو پڕۆژەیە دەربڕی و هاوكاری پشتگیری تەواوی هەموو كارو پڕۆژەو پێداویستیەكی ئەو لایەنە دەكات ئەمەش بایەخدانێكی تایبەتە بە برایانی ئێمەی ئیزیدی كە كوردی ڕەسەنن و بەدرێژای مێژوو داكۆكی و بەرگرییان لە كوردایەتی و ڕەسەنایەتی و كوردستانییەتی خۆیان كردۆتەوە، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی گرنگی بە لایەنی كارو پڕۆژەی گەشتیاری لە ناوچەكە نەدراوە و كەموكوڕی زۆر لە پانتایی سەوزو باخچەو پاركی بەرفرەوان هەیە، ئێمە لەناوسەنتەری ناحیە پێویستمان بە پارك و یاریگای منداڵان و شوێنی حەوانەی گەشتیاران هەیە و بەپێویستی دەزانین لەسەر ئەو بەنداوەی لە نزیك سەنتەری ناحیەكەمان هەیە ببێتە شوێنی پشوودانی گەشتیاران، هەرچەندە ئێستا بڕیارە لە ناحیەی باعەدرێ دارستانێكی بەرفرەوان دروست بكرێت و لەلایەنی باخچەو یاریگای منداڵان و سەیرانگاشەوە كارو پڕۆژەی تێدا بكرێت.
كەموكوڕی بواری وەرزش و لاوان
سەبارەت بە كێشەی وەرزش و لاوان بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ وتی: كێشە و كەموكوڕی بواری وەرزش و لاوان لە باعەدرێ كێشەیەكی گەورەو بەرچاوە و لەمبوارەوە پێویستیمان بە كۆمەڵگایەكی وەرزشی ولاوان و سەنتەری ڕۆشنبیری لاوان و ڕاهێنان و پەرتوكخانەی گشتی هەیە.
دەسەڵاتمان دیاریكراوە
سەبارەت بەكەموكوڕی فەرمانگەكان و دەسەڵاتی دارایی بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ وتی: ئێمە وەكو یەكەی كارگێڕی و بۆ پێشكەوتنی كارو ئیشەكانمان چەند فەرمانگەیەك هەیە پێویستە بۆمان دابمەرزێنن، ئەوانیش وەكو فەرمانگەی ئاو و كارەبا و بەرگری شارستانی و هاتوچۆ و دادگا، لەلایەنی دەسەڵاتەوە ئێمە دەسەڵاتمان دیاریكراوەو وەكو یەكەی كارگێڕی زۆر كارو ئیش و پڕۆژەی بچوك هەیە ناتوانین ئەنجامی بدەین تاوەكو نووسراو نەكەین و وەڵامیش وەرنەگرینەوە، ئێمە جگە لەو دەرماڵەی بۆ كارو خەرجی بەردەست هەمانە هیچ بودجەیەكی ترمان نییە و یەكەی ژمێریاریشمان بۆ دانەنراوە. هەبوونی دەسەڵاتەكان وادەكات كارو ئیشەكان بەتایبەتی هەندێ پڕۆژەی بچوك هەیە بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆو بەماوەیەكی كەم تەواو بكرێت و نەبێتە جێگای گلەیی و گازاندەی هاووڵاتیان.
لەكۆتایدا بەڕێوەبەری ناحیەی باعەدرێ وتی: لەماوەی ڕابردوو چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری بەبڕی یەك ملیارو سێ سەد و پەنجا ملیۆن دینار لە سەنتەری ناحیەو سنوورەكەی هاتۆتە جێبەجێكردن لەوانە بەدرێژایی 300،1كیلۆمەتر شەقام و كۆڵانی ناوخۆی گەڕەكەكانی باعەدرێ ڕێك و كریبستۆن كراون، دیوارێكی پاڵپشت لەبۆ هەندێ ماڵ لەسەر ڕووباری 570 ملیۆن دینار دروستكراوە، دروستكردنە هۆڵێكی بۆنەكان بە گوژمەی 320ملیۆن دینار، نۆژەنكردنەوەی تۆڕی ئاوی باعەدرێ لە هەندێ گەڕەك و شوێنە لەگەڵ دانانە دوو كۆگای گلدانەوەی ئاو و هەڵكەندنی بیرێكی ئاو بۆ گوندی مام یزیدین كە بڕی 200ملیۆن دیناریان بۆ خەرجكراوە، بەرفرەوانكردنی تۆڕی كارەبای ناو سەنتەری ناحیەكە لە چەندین گەڕەكە و دانانە 150ستونی كارەباو 9مەحەویلەو گەیاندنی كارەبا بۆ چەند پڕۆژەی ئاوی گوندەكان بۆ ئەو بوارەش بڕی 300ملیۆن دینار خەرجكراوە، چەندین پڕۆژەی تریش، هەروەها لەپێشینەی خانووبەرە تا ئێستاكە بەهەموو سنوورەكە 850خێزان سوودمەندبوون، ئەمەش كارێكی گەورەو گرنگ بوو بۆ گەشەكردن و زیاتر ئاوەدانبوونەوە سەنتەری ناحیەو گوندەكان. سەبارەت بەو كارو پڕۆژانەی كە ئێستا سەنتەری باعەدرێ پێویستیانەو لەڕیزبەندی داواكاری پڕۆژەكانە كە بۆیان جێبەجێ بكرێت بەڕێوەبەری ناحیەكە وتی: ئەو پڕۆژانەی كە ئێستاكە داوامانكردوە كە بۆمان بیكەن و پێویستە ئەوانەن: قیڕتاوكردنی شەقامە ناوخۆیەكان بەدرێژی دوو كیلۆمەتر و بەرفرەوانكردنی شەقامی 15مەتری و 20مەتری ناوخۆیەكان و پێویستمان بەدروستكردنی باخچەیەك گشتی گەورە هەیە بۆ گەڕەكی گرزەلال و دروستكردنی ئاوەڕۆیەك بەدرێژی 300مەتر بۆ گەڕەكی خالەتیا و تەواوكردنی ئاوەڕۆی ئاوی قورسی گەڕەكی شەنگاریا بەدرێژی 200مەتر و لەناو گەڕەك و سەنتەری شارۆچكەكە بە چەند شوێنی جیاجیادا بەدرێژی 3كیلۆمەتر پێویستمان بە قیڕتاو و كۆنكرێتكردن هەیە و چەندین پڕۆژەی تر كە لە بڕگەو تەوەرە خزمەتگوزارییەكانی تر ئاماژەی پێدەكەین.
Top