رەخنەكــانی پەرلەمان و وەڵامدانەوەی وەزیری پەروەردە لەدیدارێكی گوڵان دا

رەخنەكــانی پەرلەمان و وەڵامدانەوەی وەزیری پەروەردە لەدیدارێكی گوڵان دا
سۆزان شەهاب جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردەو فێركردنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان بۆ(گوڵان):


وەزارەتی پەروەردە نەیتوانی پەیامی گۆڕانكارییەكان بگەیەنێتە هەموو قۆناغەكانی خوێندن
رەخنەو گلەییەكانی لیژنەی پەروەردەو فێركردنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان
سەبارەت بەكێشەكانی پەروەردەو كەموكورییەكانی پرۆسەی پەروەردەو خوێندن سۆزان شەهاب جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردەو فێركردنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە پەرلەمانی كوردستان وتی: لەدوای ئەوەی لەساڵی 2007 كۆنگرەیەكی پەروەردەیی بەستراو پرۆسەی پەروەردەو فێركردن ریفۆرمێكی بەخۆوە بینی، بەڵام ریفۆرمەكە بەردەوامبوونی بەخۆوە نەبینی تاكو ببێتە هۆی گۆڕانكارییەكی ڕیشەیی لەمیتۆدی بیركردنەوەشمان. ئەوەبوو لەكاتی كۆنگرەكەدا باسی ڕیفۆرمی پەروەردەیی و خوێندنی ئیلزامی كراوە بە 9ی بنەڕەتی كە دەبووایە لەم هەنگاوەدا بەردەوامبووینایە و قۆناغەكانی 10و 11 و 12ش گۆڕانكاری زۆری بەسەردا بكرایە، بەڵام هیچ هەنگاوێك نەنراو سیستەم و پڕۆگرامی پەروەردەو فێركردن وەكو خۆی بەشێوەیەكی ناسەردەمیانە مایەوە، هەروەها دەبووایە وەزارەتی پەروەردە هەر لە قۆناغی 10ەوە پسپۆڕایەتی لێكتری جیا بكردابووایەوە و ئامادە بكرێت بۆ ئەوەی فێربوون و چوونە زانكۆكان لەلایەن قوتابیانەوە ئارەزوومەندانەبووایە، نەك خوێندكار بەبێ ئارەزووی خۆی و بەپێوەری نمرە بچێتە زانكۆ، ئەم پێوەری نمرەو سستەمەش زۆر كۆن و تەقلیدیە، هەروەها پاش ئەو كۆنگرەیەش وەزارەتی پەروەردەی هەرێم نەیتوانی پەیامی گۆڕانكارییەكان بگەیەنێتە هەموو قۆناغەكانی خوێندن بەتایبەتی قۆناغەكانی كۆتایی و مامۆستایان و پسپۆڕان و سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی، لەئەنجامی ئەو سلبیاتانەشەوە لەساڵی ڕابردوو لەلایەن قوتابیانەوە چەندین ڕێپێوان و ناڕەزایی بەرامبەر بەوەزارەتی پەروەردەو لایەنە پێوەندارەكانی تر ئەنجامدرا بەتایبەتی لەدژی ئەوەی كە بڕیاربوو بەشێك لە نمرەكانی قۆناغی 10و11 لەگەڵ ڕێژەی نمرەكانی كۆتایی قۆناغی 12هەژمار بكرێت، هەروەها بوونی عەقڵیەتێك لەناو وەزارەتی پەروەردەوە كەوایكردووە ئەو ڕیفۆرمەی كە پێویستبوو بكرێت جێبەجێ نەكرا، ئەوەش وایكرد ئەو تەحەدیانەی كە لەكابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێم بۆ گۆڕانكاری لەبواری پەروەردە دانرابوو بڕیاری لەسەردرابوو ئەوە نەتوانرا بەردەوامی پێ بدرێت و بەتەواو جێبەجێ بكرێت، لەلایەكی تر گرنگیدان بە قۆناغەكانی خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەیی زۆر گرنگە بۆ ئامادەكردنی كادیری ناوەڕاست بۆ بازاڕی كاركردن نەك تەنیا دەرچوونی قوتابی وەدەستهێنانی بڕوانامە، بەتەئكید ئەو كارو سستەمەی لەلایەن وەزارەتی پەروەردە جێبەجێ دەكرێت تەنیا بۆ وەرگرتنی بڕوانامەیە و لەدوایدا لەكەرتی حكومی دابمەزرێت نەك بۆ بەدەستهێنانی كادیرو كەسانی پێویست و شیاو بۆ بازاڕی كار و بۆ پێشكەوتنی بوارە زانستییەكان. سیاسەتی حكومەت ئەوەیە كەرتی تایبەت گرنگی پێبدرێت، بەڵام لەبواری پەروەردە كار بۆ ئەوە نەكراوە كە توانای مرۆیی بۆ بازاڕەكە ئامادە بكات و مەرج نییە بازاڕو وڵات تەنیا ئەندازیارو پزیشك و دەرچووی زانكۆی پێویست بێت، بەڵكو پێویستی بە كادیری ناوەڕاست هەیە بۆ ئەم بوارەش پێویستە گرنگی باش بە خوێندنی پیشەیی و جۆرەكانی تر بدرێت.
چەند ساڵێكە لە هەرێمی كوردستان لەبواری پەروەردەوە باس لە سستەمی هاوچەرخ و سویدی و تێكهەڵكێشی چەند وڵاتێكی ئەوروپایی دەكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین بینایەی قوتابخانەكانی زۆربەی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی شارۆچكەو گوندەكان لەگەڵ ئەو سستەمەی باسی دەكەن ناگونجێت لەمبارەیەوە سۆزان شەهاب ئەندامی پەرلەمانی كوردستان وتی: سیستەمی ئێستای پەروەردەو خوێندن لە دنیادا تا تەواوكردنی قۆناغی شەشی بنەڕەتی بە نەخوێندەوار دادەنێن و بەتەواوكردنی قۆناغی 9ی بنەڕەتییە دەڵێن خوێندەوار و لە قۆناغەكانی 10و 11و 12دا قوتابی بەپێی پسپۆڕایەتی ئامادە دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان نەتوانراوە ئەو سستەمەو ڕیفۆرمەی كە بڕیاربوو پەیڕەو بكرێت بەردەوامی پێبدەن، هەرچەندە لە هەموو هەرێمدا دەست بە دروستكردنی بینایەی قوتابخانەی جۆراوجۆر كراوە، بەڵام لە گوندەكاندا نەك بینایەی قوتابخانەكان كەموكوڕی زۆرە و لەگەڵ ئەو ڕیفۆرمەی پەروەردە ناگونجێت و بیرۆكەیەكیش هەبوو جێبەجێ نەكراوە كە دەبووایە بۆ چەند گوندێك لەنزیك یەكتر بینایەی قوتابخانەی بنەڕەتی و دوای بنەڕەتی دروست بكرێت، هەروەها لە ڕووی ئامادەكردنی مامۆستاشەوە بەپێی سستەم و ڕیفۆرمەكە نییە، چونكە تا ئێستاش توندوتیژی لەناو قوتابخانەكان هەیە و هەندێ دیاردەو ڕووداویش ڕوودەدەن لەگەڵ پەروەردە و فێركردنی نەوەیەكی ژیرو بەسوود ناگونجێت، بۆیە پێویستە وەزارەت ئەم لایەنانەش چاك بكات. من نموونەیەكی تر لەسەر كەمتەرخەمی وەزارەتی پەروەردە دەهێنمەوە، ئەویش ئەوەیە ساڵانە بودجەیەكی زۆر بۆ ئەو وەزارەتە تەرخان دەكرێت كەچی دەبینین بەچاپ گەیاندنی پەرتووك دوادەكەوێت و لەكاتێك هەندێك لەپڕۆگرامەكان دەگۆڕێت دوو تا چوار مانگ بەسەر خوێندن تێپەڕیووە و ئەو خولانەی بۆ مامۆستایان دەكەنەوە سێ ڕۆژ و چوار ڕۆژ و پێنج ڕۆژە لەكاتێكدا پێویستە خولەكان 15ڕۆژ تا مانگێك و لەوەرزی هاوین و پشوودا بێت، هەروەها لەبەر نزمی ئاستی قوتابی لەوانە زانستییەكان قوتابی زیاتر ڕوو لەبەشی وێژەیی دەكەن، ئەمەش بۆ وەزارەتی پەروەردە دەگەڕێتەوە كە وای نەكردووە مامۆستای وانە زانستییەكان بگەنە ئەو ئاستی زانستەی كە پێویستە.، هەروەها ئێستاكە كە مامۆستای وانە زانستییەكانی وەكو بیركاری و كیمیاو فیزیاو . . . كەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو و ئێستاش وەزارەتی پەروەردە لە ناو پڕۆگرام و ڕیفۆرمەكەدا نەیتوانیوە ئارەزووی قوتابیان بۆ بەشی زانستی ڕابكێشێت و بەپێچەوانەوە لە 70%ی قوتابیان دوای قۆناغی بنەڕەتی ڕوو لەبەشی وێژەیی دەكەن.
سەبارەت بە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی سۆزان شەهاب وتی: نەخێر هیچ هەماهەنگیەك لەنێوان وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا نییە بۆ ئامادەكردنی ڕێژەی پێویستی مامۆستاو كادیرانی پەروەردە كە قوتابخانەكانی هەرێمی كوردستان پێویستیانە و هەر لەبەر ئەمەشە كێشەی كەمی و نەبوونی مامۆستای وانە زانستییەكان ساڵ لەدوای ساڵ زیاد دەكات.
چەند ساڵە لەڕێگای قوتابخانەی نموونەیەكانەوە جیاوازیەك لەنێوان قوتابیان دروستكراوە بەتایبەتی لەڕووی ئەوەی كە لەم قوتابخانانەدا خوێندن بەزمانی ئینگلیزیەو ئاستی مامۆستاكانیان لە قوتابخانەی تر بەرزترە، هاوكات ژمارەیەكی زۆر قوتابخانەی ئەهلی لەلایەن كەرتی تایبەت دامەزراوە بەڵام رووبەرووی رەخنەو گلەیی خەڵك بوونەتەوە لەمبارەوە سۆزان شەهاب ئەندام پەرلەمانی هەرێمی كوردستان وتی: من لەگەڵ جیاكردنەوەی قوتابیان نیم لەڕێگای قوتابخانەی نموونەیەوە، بەڵكو پێویستە هەموو قوتابخانەكانمان نموونەیی بن و نابێت قوتابیش لەسەر بنەمای زیرەكی و نازیرەكی جیابكرێتە، ئەوە هەڵەیەكی پەروەردەیی زۆر گەورەیە كە لەقوتابخانەكانی نموونەیی بە قوتابی بڵێین ئەگەر لە 65یا70كەمتر بێنێت دەبێت بچێتەوە قوتابخانەی بنەڕەتی ئاسایی واتە لێرەدا جیاوازییەكە زۆر بە جوانی و بەڕوونی دیارە، قوتابخانەیی نموونەیی لەوڵاتان تەنیا بۆ ئەو كەس و قوتابیانەیە كە زۆر بەتواناو بلیمەتن، هاوكات ئەو قوتابخانە ئەهلیانەی ئێستا لە هەرێم هەیە كوالێتی باش پێشكەش ناكەن بەقەدەر ئەوەندەی پارەی باش لەخەڵك دەكێشنەوە و ئەو قوتابخانانە ئێستاكە تەنیا بۆ ئەو كەسانەیە كە توانایی داراییان باشە و دەبێت لەلایەن حكومەتەوە كار بۆ ئەوە بكرێت و پشتگیری لە قوتابخانە ئەهلیەكان بكات تاوەكو ئەوانیش بتوانن قوتابی كەمدەرامەتیش وەربگرن، هەروەها ڕەزامەند نین لەسەر شێوازی بەڕێوەبردنی قوتابخانە ئەهلییەكان لەبەر ئەوەی شێوازی پڕۆگرام و ئامانجەكانیان جۆراوجۆرەو هەندێكیان لەئامانجی ڕاستەقینەیی خۆیان كە پەروەردەو فێركردنە دەرچوون.
سەبارەت بە كێشەو گرفت و كەموكوڕی بینایەی قوتابخانەو مامۆستاو میلاكات لە گوندەكانی هەرێمی كوردستان سۆزان شەهاب وتی: قوتابخانەی گوندەكان بەشی زۆریان مەرج و ڕێنمایی پەروەردەو فێركردنی تێدا نییە بەتایبەتی لەڕووی بینایەوە، دەبێت بۆ هەر چەند گوندێك لەنزیك یەكتر بینایەی قوتابخانەی بنەڕەتی و دوابنەڕەتیش دروست بكرێت و، هەروەها بۆ باشتركردن و بەرەوپێشچوونی پەروەردەو فێركردن لە هەرێمی كوردستان ئەنجومەنێكی باڵای ڕیفۆرمی پەروەردەی و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان دابمەزرێت، هەروەها بەپێویستی دەزانین ئەو بینایەو قوتابخانانەی سەر بەوەزارەتی پەروەردەن كە لەلایەن حزب و لایەن جیاجیاكانەوە بەكارهێنراوە یا بارەگاو دەزگایان تێدایە بیگێڕنەوە بۆ وەزارەت.


دكتۆر عیسمەت محەمەد خالید وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان بۆ ( گوڵان ):




دوو بەرنامەی كورتخایەن و درێژخایەن بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی كەرتی پەروەردە دانراوە
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەیەكی تایبەتی لەدەرەوەی بودجەی وەزارەتەوە بۆ دروستكردنی قوتابخانە تەرخان كردووە، ئەمەش دەبێتە گۆڕانكارییەكی گەورەو بەرفراوان لەچارەسەركردنی كێشەی كەمی بینایەی قوتابخانە
وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان لەوەڵامی رەخنەكانی لیژنەی پەروەردەو فێركردنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان
بۆ بەدواداچوونی گرفتەكانی كەرتی پەروەردەو وەڵامدانەوەی ئەو پرسانەش كە لەلایەن جێگری سەرۆكی لیژنەی پەروەردەو فێركردنی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان باس كرا، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دكتۆر عیسمەت محەمەد وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان كرد، پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.
سەرەتا سەبارەت بە هەیكەلی وەزارەت و ئەو بەرنامەیەی لەبەردەستدایە بۆ گۆڕانكاری لەو هەیكەلە وەزیری پەروەردە رایگەیاند: ( گەرچی یاسا و هەیكەلی وەزارەتی پەروەردە كە لەساڵی 1992 دانراوە هەندێ گۆڕانكاری بەسەردا داهاتووە، بەڵام ماوەیەكی زۆری بەسەردا تێپەڕیووەو پڕۆسەی پەروەردەش گۆڕانكاری گەورەی بەسەرداهاتووە، بۆیە كارێكی سروشتییە كە پێداچوونەوەو گۆڕانكاریەك بەسەر یاساو هەیكەلی وەزارەت بێت، ئەمڕۆ بەپێی تێڕوانینی خۆم وەكو وەزیری پەروەردە بەپێویستی دەزانم كە چەند سستەمی پسپۆڕی و لامەركەزیەتی كارگێڕی پیادەبكرێت ئەوەندە كارو ئیشەكان باشترو سەركەوتووتر دەبێت، چونكە زۆر زەحمەتە بەبێ دابەزاندنی دەسەڵاتی كارگێڕی بۆ خوارەوەی بتوانین كۆنترۆڵی هەموو قوتابخانەكان و پڕۆسەی پەروەردە هەر لە خانەقین تا زاخۆ بكەین، لەبەر ئەوەی بۆی هەیە وەزارەتی پەروەردە گەورەترین و بەرفرەوانترین وەزارەت بێت، بۆیە پێویستە زیاتر گرنگی بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكان و بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی قەزاكان بدرێت و دەسەڵاتی كارگێڕیشیان بۆ دابەزێت و وەزارەت زیاتر جەخت لەسەر كارو ئیشە سەركییەكانی بكات، ئێستا دەسەڵاتی كارگێڕیمان دابەزاندووە و چاوەڕوانی ئەوە دەكەین بكەوێتە بواری كاركردن و پراكتیكی و ئەوەی زیاتر لەهەندێ كارو ئیشە ڕێگا لەئێمە دەگرێت یاسایە بۆیە دەبێت هەندێ شت لەسەر بنەمای یاسا گۆڕانكاری تێدا ئەنجام بدرێت و هەیكەلی وەزارەتیش لەچوارچێوەی یاساكەدایە، بۆیە پێویستە یاساكە پێداچوونەوەیەكی بۆ بكرێت و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەك دانراوەو ڕەشنووسێك ئامادە دەكەین و لەپاشان بە پەرلەمان و حكومەت دەدەین بۆ ئەوەی هەندێ گۆڕانكاری لە یاساكە بكەن، بۆ ئەو مەبەستەو هەموو كارەكانی پەروەردە پەیوەندی باش و بەهێزمان لەگەڵ لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەپەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەوان زۆر پێشنیارو وردەكاری بە ئێمە دەدەن كە لە بەرژەوەندی وەزارەتی پەروەردەو بەروپێشچوونی پڕۆسەكەو هەرێمی كوردستانە).
گرفتەكانی كەرتی پەروەردە
سەبارەت بەوەی وەزارەتی پەروەردە پێش دەستپێكردنی قۆناغی نوێی خوێندن كاری بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی كەرتی پەروەردە كردووە لە وەڵامی ئەم پرسەشدا وەزیری پەروەردە پێی وتین: (لە وەزارەت دوو بەرنامەمان بۆ چارەسەركردنی گرفتەكان داناوە یەكێكیان بەرنامەیەكی كورتە بۆ ماوەی ساڵێك كە ئەمەش بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئەزموون و سێ دەوامی قوتابخانەكان و كەموكوڕی هەندێك میلاكاتە و كێشەی نەبوونی هەندێك پەرتووك و گرێبەستی كڕینی پەرتووك و پێداچوونەوەی هەموو سستەمەكەو چەند بوارێكی تر، دووەم بەرنامەش درێژخایەنە بۆ ماوەی ( 10) ساڵە كە ئەمەش بۆ چارەسەركردنی گرفتە بنەڕەتییەكانە. لەبارەی كێشەی سستەم و ڕیفۆرمەوە، ئەوە پێویستە بۆ جێبەجێكردنی سستەمەكە نەخشەو پلانی تۆكمەو زانستی پیادە بكرێت تاوەكو ڕیفۆرمەكە سەركەوتوو بێت، من باوەڕ ناكەم ئەو سستەم و گۆڕانكارییەی لە پەروەردە كراوە خراپ بێت و كەموكوڕی تێدا هەبێت، لەمبارەشەوە تێبینی و بەدواداچوونمان كردووە كە كەموكوڕی لە سستەم و ڕیفۆرمەكە نییە، بەڵكو شێوازی جێبەجێكردن و پیادەكردنی ئەوان بەتەواوی پێنەگەیشتبوو و گەشەی نەكردبوو، ئێمە بۆ ڕاهاتن و تێگەیشتن لەو سستەم و گۆڕانكاریەدا خول و ڕاهێنان دەكەینەوە و هەڵسەنگاندن بۆ ئەنجامی سستەمەكە دەكەین و ئەگەر گۆڕانكاریەك پێویست بێت لێكۆڵینەوەو توێژینەوەی بۆ ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەی بنەماكانی سەركەوتنی ڕیفۆرمەكە بەهێزو بەئامانج بگەیەنین.
وانەی وەرزش و هونەر و مۆسیقا
سەبارەت بە فەرامۆشكردنی وانەكانی وەرزش و هونەر و مۆسیقا وەزیری پەروەردە وتی: گرنگی نەدان بەوانەكانی وەرزش و مۆسیقاو هونەر بۆ نەبوونی مامۆستاو نەبوونی توانای ماددی ناگەڕێتەوە، بەڵكو بۆ نەبوونی شوێن و جێگا لە قوتابخانەكان دەگەڕێتەوە، لەگەڵ دروستكردنی هەر قوتابخانەیەك لەمەودوا ئەو شوێن و جێگایانەی كە پێویستن بۆ وانەی هونەرو مۆسیقاو وەرزش دروست دەكرێن و بەشێك دەبن لە پێكهاتەی بینایەی قوتابخانەكان، چونكە وانەكانی وەرزش و هونەرو مۆسیقا زۆر گرنگن بۆ پەروەردە.
پرۆسەی پەروەردا لە گوندەكان
سەبارەت بە چارەسەركردنی گرفتی پەروەردەیی لە گوندەكاندا بەتایبەتی لەڕووی نەبوون و خراپی بینایەی قوتابخانەكان كە ئەویش بوارێكی دیكەی گرنگەو كەموكورتیەكانی زیان بە پرۆسەكە لەو گوندو ناوچانەدا دەگەیەنێت، پرسیارمان لەمبوارەوە لە وەزیری پەروەردە كردوو ئەویش لەوەڵامدا وتی: (كێشەی پەروەردەو قوتابخانەكانی گوندەكان خۆی لە سستەمی دامەزراندن و موچەو دروستكردنی قوتابخانەو دابەشكردنی قوتابخانەو. . . تا دەبینێتەوە، لەهەقیقەتدا بەشێوەو پلانێكی باش و دروست پیادە نەكراوە، لەلایەكی تر گەر گوندێك تەنیا دوو سێ ماڵی تێدا بێت چۆن ئەو قوتابخانەیە دەتوانێت كاری خۆی و لایەنی پەروەردەیی بەئەنجام بگەیەنێت، بۆیە بۆ بواری قوتابخانەو پەروەردە لە گوندەكاندا پێویستی بەپێداچوونەوەیەكی سەرەكی هەیە، تاوەكو بنەمای قوتابخانە لە گوندەكاندا دروست بێت چ لە لایەنی ژمارەی قوتابیانەوە چ یا شوێنی نیشتەجێبوونی مامۆستا یا ژیانی ئەو مامۆستایانەی كە لەگوندەكان دەبن، لەلایەكی تر كێشەی ئەوەمان هەیە بەپێی ڕینماییەكان هەموو مامۆستایەك پاش سێ ساڵ لەگوندەكاندا خۆیان دەگوازنەوە بۆ ناو شارەكان كە ئەمەش فەرزە لەسەر حكومەت كەدەبێت هەر جێبەجێی بكات لەئەنجامدا كێشەی كەمی مامۆستا لەگوندەكان دروست دەبێت و چەندین قوتابخانەش لەناو شاردا ژمارەی مامۆستایانیان زۆر زیاتر دەبێت، بۆیە كێشەی پەروەردەیی لە گوندەكان زۆر گەورەو بەرچاوە و چارەسەركردنیشی لە ڕیزبەندی دەستپێكی بەرنامەو پلانماندایە. هەروەها ئەمساڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان پشتیوانیەكی تایبەت و بەرنامەیەكی گەورەو بەرفراوانی بۆ دروستكردنی قوتابخانە لە هەموو گوندو شارۆچكەو شارەكان ڕاگەیاندووە و ئێستاكە لەسیاسەتی حكومەتەدا گرنگیدان بە كەرتی پەروەردە لە پێش هەموو كارو پڕۆژەو بوارو سێكتەرێكدایە و ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسیاسەت و بەرنامەی خۆیدا ئەوەی ڕاگەیاندووەو بودجەیەكی تایبەتیشی لەدەرەوەی بودجەی وەزارەتەوە بۆ دروستكردنی قوتابخانە تەرخان كردووە و ئێمەش پلان ونەخشە و بەرنامەمان ئامادەكردووە لەماوەیەكی نزیكدا دەست بەكاركردن دەكەین، ئەمەش دەبێتە گۆڕانكاریەكی گەورەو بەرفرەوان لەچارەسەركردنی كێشەی كەمی بینایەی قوتابخانە لە هەرێمی كوردستاندا).
قوتابخانە ئەهلیەكان
سەبارەت بەگرانی نرخی قوتابخانە ئەهلیەكان و نزمی ئاستی خوێندن و پەروەردە تیایاندا وەزیری پەروەردە وتی:( كاركردنی كەرتی تایبەت لەكەرتی پەروەردە كارێكی باشە، بەڵام پێویستە بەپێی سستەمی پەروەردە بێت و لەڕووی خوێندن و پەروەردەوە و ئاست و كوالێتی بەرز پێشكەش بكەن، دەبێت بەلایەنی كەم وەكو كەرتی گشتی بێت یا ئاستی ئەو قوتابخانانە بەرزتر بێت، بەداخەوە لەكاتی دامەزراندنی ئەو قوتابخانانەدا هیچ یاسا و ڕێنماییەكی ڕوون و دیار نەبووە، بۆیە دەبینین لە ڕووی خوێندن و ئاست و كوالێتی لاوازن و كێشەی زۆریان هەیە، ئێمەش كارو ئیشی بەردەوام لەسەر ئەو قوتابخانانە دەكەین بۆ ئەوەی چارەسەرێكی باش و بنەڕەتیان بۆ بدۆزینەوە و ئێستا لەپەرلەمانیش یاسایەك هەیە كارو گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بۆ چۆنیەتی دامەزراندن و بەڕێوەچوونی ئەو قوتابخانانە. لەلایەكی ترەوە یەكێك لە كێشەكانی پەرەوەردە لە كوردستان هەبوونی گەلێك جۆری قوتابخانەیە و ئێمە چەندین جۆری قوتابخانەمان هەیە بۆ هەر یەكێك ناوێك و سستەمێكی بۆ دانراوە و ئەمەش لە سنووری خۆی دەرچووە و كۆنتڕۆڵكردنی ئەوەش بۆتە كێشە، بە دیدی من پێداچوونەوەكی پێویستە بۆ ئەوەی ئەو هەموو قوتابخانانە هەر یەكە بە ناوێك بن، بەڵكو پێویستە جەخت لەسەر هەموو قوتابخانەكان بەیەك چاو و ئاست بۆ گەشە پێدانیان بكرێت و سوود لە هەموو سستەمێك وەربگرین و نموونە باش و پێشكەوتوو هاوچەرخەكان لە قوتابخانە تایبەت و نموونەییەكان وەربگرین و بیخەینە ڕێگا و خزمەتی بەرەوپێشچوون و گەشەكردنی هەموو قوتابخانەكانی شارو شارۆچكەو گوندەكانی كوردستان. بەڵام لەڕاستیدا ئەو قوتابخانانەی وەكو بەهرەداران و نموونەیی و سابیس و بیانیەكان و . . تا كێشەو سەر ئێشەیەكی زۆری دروستكردووە و زۆرجار وەزارەتی پەروەردەش لەمبارەوە زەحمەتیەكی زۆر دەبینێت نازانین چۆن چارەسەری بكەین و لە هەقیقەتدا كێشەیەكی پەروەردەیە.
گوزەران و بارودۆخی مامۆستایان
سەبارەت بە چارەسەركردنی شوێنی نیشتەجێبوون و گوزەرانی مامۆستایان وەزیری پەروەردە وتی: ژمارەی مامۆستایان لە كوردستانە نزیكەی 99 هەزارە و چارەسەركردنی كێشەی 99هەزار كەسیش بەرنامەیەكی وردو دیراسەكراوی لە چەندین لایەن و بواردا پێویستە. هەر لە جیاوازی خزمەتەوە تا دەگاتە موچەو دەرماڵە . . ئەمانەش پێویستی بەوەیە كە هەندێكی لەگەڵ حكومەتە و هەندێكیشی لەگەڵ لایەنی تردا چارەسەری بۆ بدۆزینەوە. هەروەها لەناو مامۆستایاندا كێشەی بڕوانامەی زانستیش هەیە، چونكە لە70%ی مامۆستایان دەرچووی پەیمانگان و ئەوانەش تموحی ئەوەیان هەیە درێژە بەخوێندن بدەن و بڕۆانامەی بەكالۆریۆس وەربگرن، بۆیە دەڵێم بابەتی مامۆستایان زۆر گرنگ و تایبەتمەندە. هەروەها بەرنامەیەك هەیە كە سێ هەزار خانوو بۆ مامۆستایان دروست بكرێت ئەمە هەنگاوێكی باشە، بەڵام ئەو پڕۆژەیەش ئەنجام بدرێت ئەوە كێشەی مامۆستا چارەسەر ناكات. هەر سەبارەت بەبواری مامۆستاو بوونی كێشەی كەمی مامۆستای وانە زانستییەكان وەزیری پەروەردە وتی: كەمی مامۆستای وانە زانستییەكان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو وەزارەتی پەروەردەو خوێندنی باڵا، ئەگەر سەیر بكەین خەڵكی هەرێمی كوردستان بەشی زۆری دەرچووی كۆلیژی یاسا و ڕامیاری و كارگێڕی و ئابوورین، بەڵام دەرچووی فیزیاو كیمیاو بیركاری دەست ناكەون و كردنەوەی ئەو زانكۆو كۆلیژانەی ئەهلیش كە هەر هەموویان تەنیا بەشی كارگێڕی و یاسا و ئابوورییە بەشی زانستییەكانیان نییە، ئەم كۆلیژو زانكۆیانە بابەتێكی بازرگانی لە100%ە هیچ پەیوەندیان بە گەشەكردنی ئابووری و ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان نییە.
گۆڕانكاری لە سستەمی ئەزموونەكان
سەبارەت بە شێوازی تاقیكردنەوەكان و دابینكردنی پێداویستییەكانی پەروەردە و گۆڕانكاری لە سستەمی ئەزموونەكان بەتایبەتی قۆناغی 12 بنەڕەتی وەزیری پەروەردە وتی: ئەركێكی زۆر گران و قورسە لەسەر وەزارەتی پەروەردە لەلایەنی ئەزموونەوە و ئەزموونەكان بەتایبەتی قۆناغی 12بنەڕەتی بەشێوازێكی تەقلیدی ئەنجام دەدرێت، بۆیە دەبێت لەلایەنی ئەزموونەكانەوە پێداچوونەوەیەك ئەنجام بدەین و پێشەكی هەوڵدەدەین بارودۆخی ئەو مامۆستایانەی لەم بوارەدا كار دەكەن باشتر بكەین و شەفافیەت لەم لایەنەوە زیاتر دەكەین و هەوڵدەدەین لەماوەی چەند ساڵێكەی تر بەرنامەیەك دابنێین بۆ ئەوەی گۆڕانكاری بەسەر سستەمی ئەزموونەكاندا دروست بكەین و تاقیكردنەوەكان بكەینە شێوازێكی ئەلكترۆنی و هاوچەرخ.
پەروەردە لە ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستان
سەبارەت كێشەی پەروەردە لە ناوچە دابڕێنراوەكانی هەرێمی كوردستاندا وەزیری پەروەردە وتی: لیژنەیەكی پێداچوونەوەمان بۆ پڕۆسەی خوێندن و پەروەردە لەسەر ناوچە دابڕێنراوەكان دروستكردووە و لیژنەكە ڕاپۆرتی خۆیان بۆ ئێمەیان هێناوە و لەسەر ئەم پێداچوونەوەیەدا دەبێت حكومەت و وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی كوردستان كار بۆ چارەسەركردن یا كەمكردنەوەی كێشەكانی ئەو ناوچانە بكات، كێشەو گرفتی كەرتی پەروەردە لە ناوچە دابڕێنراوەكان زۆرو بەرچاوە و پێویستی بە پشتیوانی حكومەت و كارو ئیشی تایبەت و بەردەوام هەیە و كێشەكانیان بریتییە لەنەبوونی بینایەی قوتابخانەیان بەپێی پێویست نییە و مامۆستاو میلاكاتیان نییە و دامەزراندنیان بۆ ناكرێت و مامۆستای كوردیان نییە. لەلایەكی ترەوە سەبارەت بە خوێندنی سریانی و توركمانی و كەمە نەتەوەییەكانی تر وەزیری پەروەردە وتی: هەر هەموو ئەو نەتەوانە كە لە هەرێمدا دەژین كوردستانین و ئێمە بەرنامەیەكی تایبەتمان هەیە بۆ پشتیوانیكردن لە زمانی توركمانی و سریانی و زمانی هەموو كەمە نەتەوەكانی تری هەرێم و لیژنەیەكیش بۆ ئەو مەبەستە دامەزراوە و ئەو لیژنەیەش ڕاپۆرتێكی ئامادەكردووەو پێشكەشی منیان كردووە و ئەو ڕاپۆتەش دەدەین بە حكومەت بۆ ئەوەی بە تایبەت پشتیوانی لەو زمان و خوێندنانە بكەین.
چاپكردنی پەرتووك
سەبارەت بە كێشەیی نەبوون و دواكەوتنی چاپكردنی پەرتووك لەكاتی دەست پێكردنی خوێندن لە قوتابخانەكان وەزیری پەروەردە وتی: دواكەوتنی پەڕتووك گوناهی كۆمپانیاكان نییە، بەڵكو ئەو دواكەوتنەو گوناهە بۆ ئێمە وەكو وەزارەت دەگەڕێتەوە، چونكە ئامادەكردنی سیدی و ئیشەكان ئەوە كاری ئێمەیە و ئێمەش لە ئامادەكردنیان دوادەكەوین، ئەمساڵیش بەداخەوە چاوەڕوان دواكەوتنی هەندێك پەرتووك دەكەم، بەڵام دواكەوتنەكە زۆر كەمە، بەرنامەو پلانمان داناوە لەساڵی داهاتوودا ئەو كێشەی دواكەوتنی پەڕتووك بەتەواوی كۆتایی پێ دێت.
خوێندنی پیشەیی
سەبارەت بە گرنگیدان بە خوێندنی پیشەیی و ئامادەكردنی دەستی كار بەپێی بازاڕی كاری هەرێمی كوردستان وەزیری پەروەردە وتی: كەموكوڕی لەمبارەوە زۆرە، بەڵام حكومەتی هەرێمی كوردستان خەریكی دانانی سێ سەنتەری زۆر گەورەو بەرفرەوانە لە هەرسێ شاری كوردستان بۆ خوێندنی پیشەیی و پێشكەوتنی خوێندنی پیشەیەكانی وەكو پیشەسازی كارەبا میكانیك و دارتاشی و . . . تا.
گەڕاندنەوەی ئەو بینایانەی تایبەتن بە وەزارەتی پەروەردە
لەكۆتایی دا سەبارەت بەگەڕاندنەوەی ئەو بینایانەی كە تایبەتن بە وەزارەتی پەروەردە و لەلایەن حزبە سیاسیەكانەوە دەستی بەسەرداگیراوە دكتۆر عیسمەت محەمەد وەزیری پەروەردە وتی: كۆبوونەوەمان لەگەڵ لیژنەی موڵكداری وەزارەت ئەنجامداوە و نووسراوێكمان بۆ ماوەی 10 ڕۆژ ئاڕاستە كردووە بۆ تێڕوانین و زانینی ژمارەی ئەو بینایانەو بەبێ جیاوازی كار لەسەر ئەوە دەكەین كە بەهەر ڕێگاو هەوڵ و جۆرێك بێت دەبێت ئەو بینایانەی وەزارەتی پەروەردە بۆ سەر وەزارەت بگەڕێنرێنەوەو ئەو لایەن و حزبانەی تێیدان بەبێ جیاوازی دەبێت بینایەكان چۆڵ بكەن و بۆ وەزارەتی پەروەردەی بگێڕنەوە.
Top