پێنجوین پێویستی بە پرۆژەكانی ئاوو ئاوەڕۆ و رێگاوبان هەیە

پێنجوین پێویستی بە پرۆژەكانی ئاوو ئاوەڕۆ و رێگاوبان هەیە
پێنجوێن لە سەرەتای ساڵانی پەنجاكانەوە بۆتە قەزاو ناحیەكانی گەرمك و ناڵپارێز و 175 گوند لەخۆ دەگرێت و لەو ژمارەیەش 131 گوند ئاوەدانكراونەتەوە، ژمارەی دانیشتووانی سنوورەكە بەگشتی 40 هەزار كەسە و خەڵكی سنوورەكە و گوندەكان بەتایبەتی بەكاری كشتوكاڵی و بەخێوكردنی مەڕ و ماڵات خەریكن، قەزای پێنجوین یەكێكە لە قەزا گرنگەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی بەحوكمی ئەوەی مەرزی نێودەوڵەوتی باشماخی لێیە و دەروازەیەكی سەرەكییە بۆ شاری سلێمانی لەڕووی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گەشتیارانەوە لە خاڵە سنوورییەكان هەندێك لە دانیشتووانەكەی بەتایبەتی گوندەكانی نزیك سنوور كارو كاسبی دەكەن. لەبەر نزیكی سنووری ئەم قەزایە بە سنووری ئێرانەوە هەر لە سەرەتای شەڕی عێراق – ئێران لە ساڵی 1981 لەلایەن حزبی بەعس ڕووخێنراو ژێرخانیشی تێكدرا و خەڵكەكەشی راگوازرایەوە، لە دوای ساڵی 1991 دانیشتووانی سنوورەكە گەڕانەوە بۆ سەر زێدی باووباپیرانیان و قەزاكە ئاوەدانكرایەوە، بەڵام لەبەر بەرفراوانی شارۆچكەكە كەموكوڕی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان بەرچاو دەكەوێت و پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە، گۆڤاری گوڵان هاووڵاتیانی ئەم قەزایەی بەسەركردەوەو هەر یەكەیان لەبوارێكی خزمەتگوزاریی سەرەكی و پێویستی وەكو ئاوو ئاوەڕۆ و ڕێگاوبان و نەبوونی پزیشكی پسپۆڕو كەمی داوودەرمان و كەمی مامۆستای وانە زانستییەكان گلەیی و ڕەخنەیان هەبوو، ئەو داواكاری و ڕەخنانەی كە هاووڵاتیان باسیانكرد ئاڕاستەی (ڕەزا محەمەد) قایمقامی قەزای پێنجوینمان كرد، لەم ڕاپۆتەدا پوختەی داواكاری هاووڵاتیان و وەڵامی پرسیارەكانی قایمقامی قەزای پێنجوین دەخەینەڕوو.




ڕەزا محەمەد قایمقامی قەزای پێنجوین :
خراپی ڕێگاوبانەكە وایكردووە كەمتر كار لە بواری گەشتیاری بكرێت
هاووڵاتیانی پێنجوین:
پێویستە گرنگی زیاتر بە پڕۆژەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و قیڕتاو و كۆنكرێتكردنی شەقام و كۆڵانەكان بدرێت

سەرەتا لەگەڕەكی پێنجوینی كۆن ئەحمەد عەلی سەبارەت بەكەموكورتی لایەنە خزمەتگوزارییەكان وتی: لەزۆربەی لایەنە خزمەتگوزارییەكان كەموكوڕیمان هەیە بەتایبەتی لەلایەنی كۆڵان و شەقامەكاندا زۆر خراپ و بێسەروبەرە و پێویستە قیرتاو و كۆنكرێت بكرێن، ئەمەو لەبواری پەروەردە ئەم هاووڵاتییە گلەیی لەدووری قوتابخانە لەگەڕەكەكەیانەوە دەكات و پێی وابوو منداڵەكانیان لەوەرزی خوێندن بەهۆی دووری قوتابخانەكە لە گەڕەكەكەیانەوە ماندوو بێزاردەبن. هەر لەهەمان گەڕەك ئافرەتێك بەناوی ناسك حەمەدەمین وتی: سەرەڕای ئەوەی ئاویخواردنەوەمان بەپێی پێویست نییە، ئاوەكەش لە كانییەوە بەبێ ئەوەی حەوزی گلدانەوەی هەبێت بۆمان دابینكراوە، هەندێ جار دەبینین لەناو ئاوەكە زیندەوەری پیس و زیانبەخشی تێدایە كە مەترسی ژەهراویبوون و نەخۆشی ترسناكی لێ دەكرێت و لەڕووی دەروونیشەوە لەناو خەڵكەكە دڵەڕاوكێیەكی زۆری دروستكردووە، داواكارین ئەو كێشەو گرفتە چارەسەر بكەن و حەوزێك لەبەردەمی ئاوەكە دروست بكەن. سەبارەت بەخراپی شەقام و كۆڵانەكانیش هاووڵاتی عوسمان مەجید وتی: هەندێك لە گەڕەكەكانی سەنتەری قەزای پێنجوین شەقام و كۆڵانەكانیان بێسەروبەرەو پێویستیان بە چاككردن و قیرتاو كۆنكرێت و شۆستەیە، لەلایەكی تر بەشی زۆری شارۆچكەكەو گەڕەكەكان ئاوەڕۆیان نییە و خەڵكەكە لەوەرزی زستاندا ڕووبەڕووی كێشەی ئاموشۆكردن دەبنەوەو كۆڵانەكان سەرتاپای دەبێتە قوڕولیتەو پیسی و لەوەرزی هاوینیشدا بۆنی پیسی جۆگەلەی ئاوی ناو كۆڵانەكان خەڵك هەراسان دەكات، هەر سەبارەت بەم گرفتە چەند هاووڵاتیەك زیاتر لەمبارەیەوە وتیان :( لەبەر ئەوەی ئاوەڕۆكە بەرفرەوان نییە و دەگیرێت و بەشێكی كۆڵانەكانیش بێ ئاوەڕۆن، هەربۆیە بەدروستكردنی چەند ئاوەڕۆیەكی بچووك گرفتەكە چارەسەر نابێت، پێنجوێن پێویستی بەئاوەڕۆیەكی گەورەو بەرفراوان هەیە). گرفت و كێشەی ئاویخواردنەوە بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما رووی لەزیادبوون كردووە لەمبارەیەوە هاووڵاتی كوردە عەلی لەگەڕەكی ئەلیاسەفرە وتی: كێشەی كەمی ئاویخواردنەوەمان هەیەو ڕۆژێك ناڕۆژێك چەند كاتژمێرێك ئاو دێت. هاووڵاتییەكی تر بەناوی خالید حەمید سەبارەت بەكێشەی بێ تاپۆی خانووەكان وتی: بەشێكی زۆر لەخانووەكانی قەزای پێنجوین بێ تاپۆن، هاوكات لەكاتی ئەوەی كەداوا لەلایەنی پێوەندار وەكو شارەوانی دەكەین كە خانوو دروست بكەین پێمان دەڵێن بڕۆن بۆ خۆتان بیكەن بەبێ ئەوەی مامەڵەی موڵەت پێدان و ڕێنمایی و مەرجەكانمان بۆ دیارو پیادە بكەن، بەمشێوەیە زۆر لە خانووەكان دەبنە زێدەڕۆیی و لە دیزاین و نەخشە دەچنە دەرەوە، لەلایەكی تر كۆڵانەكان زۆر بەرزی و نزمی تێدایە و من كۆڵانەكەی خۆمانم تا پێش پەرتوكخانەی گشتی ڕێك و چەوڕێژم كردووە. لەگەڕەكی حەسنئاوا هاووڵاتییەك بەناوی مەولود بایز وتی: شارەوانی بەپێی پێویست و ڕۆژانە زبڵوخاشاك كۆناكەنەوە، هەر بۆیە خەڵكەكە زبڵوخاشاكەكانیان فڕێدەدەنە ناو گۆڕەپان و زەوی بەتاڵ و ئەمەش هۆكارێكی سەرەكییە بۆ بۆنی ناخۆش و بڵاوبوونەوەی مێش و مەگەز، لەلایەكی تر من خانوویەكم بەهاوكاری خێرخوازان دروستكردووە و ستوونێكی كارەبا كەوتۆتە ناو حەوشەكە و بۆمان ناگوازنەوە، ئەم هاووڵاتییە سەبارەت بەخراپی ئاستی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لەگوندەكان پێی وابوو لەبەری نەبوون و خراپی ئاوو ڕێگاوبان و قوتابخانەو یەكەی تەندروستی چەندین گوند لەسنوورەكە چۆڵی دەكەن یان هەر ئاوەدان نەكراونەتەوە و گوند هەیە ئێستاكە تەنیا دوو یا یەك ماڵی لێ ماوە. هاووڵاتیەكی تر لەگەڕەكی بەرباخ بەناوی ڕەحیم حەمە عەزیز داوای ئاوڕلێدانەوەی زیاتری حكومەت بوو ئەو پێی وابوو لە پێنجوێن چەندین كارو ئیشی باش كراوە بەڵام بەپێی پێویست و كاولكاری قەزاو سنوورەكە نییە، بۆیە پێویستمان بە ئاوەڕلێدانەوەی زیاتر و باشترو جیدی تر هەیە بەتایبەتی لەبواری تەندروستی و پەروەردە و ڕێگاوبان و ئاویخواردنەوەو ئاوەڕۆوە، چونكە داودەرمان لەنەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی كەمە و پزیشكی پسپۆڕیش لە پێنجوین نییە و مامۆستای وانە زانستییەكان لە قوتابخانەكانی دواناوەندی و ئامادەیی بەپێی پێویست نییە. ئاری حوسین كە قوتابی قۆناغی 11بوو سەبارەت بە گرفتی كۆنی بینایەی قوتابخانەكان وتی: بینایەی قوتابخانەكەمان كۆنەو لەوەرزی زستانان لەبەر نەبوون و كەمی سووتەمەنی زۆر ساردە و هەندێ وانە مامۆستای كەمە و لەلایەنی وەرزش و سەنتەری لاوانیشەوە كەموكوڕییەكی زۆر لە قەزاكەمان هەیە بۆیە وەكو گەنجێك داواكارم وەزارەتی ڕۆشنبیری كۆمەڵگای وەرزشی و لاوان و گۆڕەپانی تاتان و بچوككراوە بەپێی پێویستی دانیشتوانی قەزاكەو سنوورەكە دروست بكات.
پەسەندكردنی ماستەرپلانی پێنجوین
لەسەر یەك واژو ماوەتەوە
سەبارەت بەوەی كە هەموو شارو شارۆچكەیەك پێویستی بە نەخشەو ماستەرپلان هەیە و ئەمەش زیاتر لەكاتی بەرفرەوانبوون و كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كاریگەری دەردەكەوێت قایمقامی قەزای پێنجوین وتی: بەر لە سێ ساڵ كۆمپانیایەكی ئەلمانی ماستەرپلانی قەزای پێنجوینی ئەنجامداوە و لێژنەی تایبەتی بۆ بەدواداچوون و وردبینی و پەسەندكردن بۆ دروستكراوە و لەوەزارەتی شارەوانی لەسەر یەك واژو ماوەتەوەو تائێستاكە پەسەند نەكراوە، لە ماستەرپلانەكەدا حیسابی گەشەكردنی شارۆچكەكە بۆ ماوەی 25ساڵی تر كراوە و ناوچەی پیشەسازی و نیشتەجێبوون و هەموو شوێنە خزمەتگوزارییەكان دیارو جیاكراوەتەوە، بەپەسەندكردنی ماستەرپلانەكە كارو پڕۆژەو گەشەكردنی قەزاكە زۆر باش و ڕێكوپێك و ئەندازەی و كەم كێشەو گرفت دەبێت، قەزای پێنجوین بەشی باشوورو ڕۆژهەڵاتی شاخاوییە بۆیە گەورەو بەرفرەوانبوونێكی زۆری بەرەو باكوورو ڕۆژئاواوە بەخۆوە بینیووە، چونكە بەم دوو ئاڕاستەوە دەشتێكی پان و بەرینی هەیە. هەر لەبەر ئەم بەرفرەوانبوونەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتوانەكەیە كە بەبەردەوامی پێویستی بە كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەیە و حكومەتی هەرێمیش ساڵانە بەپێی بەرنامەو پلان و ئەولەویەت و پێویستی خەڵكەكە كارو پڕۆژەی جۆراو جۆری ئەنجامداوە، گەرچی ئێستا كوژاندنەوەی زەوی كشتوكاڵی قەدەغەكراوە و ناتوانرێت زەوی كشتوكاڵی كوژاندنەوەی بۆ ئەنجام بدرێت و بەناو شارەوانی بكرێت، تەنیا بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە نەبێت، بەڵام ئەو ساڵ هەوڵێكی زۆرمان لەگەڵ وەزارەتی كشتوكاڵداوە و داوامانكردووە چەند پارچە زەویەك كە ڕووبەرەكەی زیاتر لە 500دۆنم دەبێت كە دەستهەڵگرتنی بۆ ئەنجام بدرێت، چونكە زەوییەكان بەناوی وەزارەتی داراییەوەیە، بەڵام جۆری ئەو پارچە زەویانە هەر كشتوكاڵییە و بەلای باكووری شارۆچكەكەیە و بەتەواو بوونی مامەڵەكەو دەستهەڵگرتن لەم زەویانە گەشەكردنێكی زۆرتر بە پێنجوین دەبینرێت بەتایبەتی لەڕووی نیشتەجێبوونەوە ئەوەیش بە دروستكردنی پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبوونە لەڕێگای وەبەرهێنەوە نەك بە ڕێگای زەوی دابەشكردن بەسەر هاووڵاتیانەوە. هاوكات لە پێنجوین كێشەیەكی زۆری تاپۆ نەكردنی خانووی هاووڵاتیانمان هەیە و چەند ڕێگریەكی یاسایی لەمبارەوە هەیە، بۆیە پێویستە لەپەرلەمانی كوردستان بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە یاسایەكی تایبەت دەربچێت.
لەهێڵی بومەلەرزە نزیكەو بنكەی بومەلەرزەی نییە
قەزای پێنجوین لە هێڵی بومەلەرزەوە نزیكە و بۆ پیشبینیكردنی ڕوودانی بومەلەزە پێویستە فەرمانگەو ئامێری تایبەتمەندو هاوچەرخ هەبێت تاوەكو بتوانرێت ئامادەكاری بۆ پاراستنی هاووڵاتیان دەستەبەر بكرێت لەمبارەوە قایمقامی قەزای پێنجوین وتی: ساڵی ڕابردوو بومەلەرزەیەك بە گوڕی 4،2پلەی ڕێختەر بەدووری 15كیلۆمەتر لە شارۆچكەی پێنجوینی دا و ئەمەش هێزێكی كەمبوو و خۆشبەختانە هیچ زیانێكی ماددی و گیانی نەبوو، لەلایەكی تر هەرچەندە بنكەیەكی تایبەت بە كەشناسی لە پێنجوین هەیە، بەڵام بۆ پێشبینیكردنی بومەلەرزە پێویستە بنكەیەك یا فەرمانگەیەك لە پێنجوین دابمەزرێت.
چەندین پڕۆژەی قیڕتاو شۆستە
لەژێر جێبەجێكردن دایە
سەبارەت بەوەی كە هاووڵاتیانی قەزاكە گلەیی و گازندەیەكی زۆریان لەسەر خراپی و قیڕتاو و كۆنكرێت نەكردنی كۆڵان و شەقامەكان هەبوو و داوایان وابوو ئەو كارو پڕۆژانەیان بۆ لەڕیزبەندی یەكەمی بەرنامەو پلانەكانی ئەمساڵ دابنرێت لەمبارەشەوە قایمقامی قەزای پێنجوین وتی: ئێستاكە ئێمە لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگای سلێمانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەبواری قیڕتاو و كۆنكرێتكردن و شۆستە بۆ شەقام و كۆڵانەكانی ناو سەنتەرو گەڕەكەكانی قەزاكە لەبواری جێبەجێكردنە، یەكێك لەو پڕۆژانە قیڕو شۆستەیە بۆ گەڕەكی كانی مینا و قوڕەڕەشە كە بڕی یەك ملیارو حەفت سەدو حەفتاو سێ ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە، پڕۆژەی دووەمان شۆستەو قیڕتاوكردنی كۆڵان و شەقامەكانی گەڕەكی رزگاریە و ئەم پڕۆژەیەش 945ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە و ئێستاكە لە ژێر ئەنجامدانە، هەروەها پڕۆژەیەكی تر كە پاش چەند ڕۆژێكی تر دەكەوێتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە كە ئەویش دروستكردنی شۆستەو قیڕتاوكردنی بۆ كۆڵان و شەقامەكانی پێنجوینی سەرەوە كە ئەمەش بڕی بودجەی پێویستی بۆ تەرخانكراوە، جگە لەم پڕۆژانە دوو پڕۆژەی ترمان هەیە كە ئامادەن كە سێ ملیار دنیاریان بۆ دانراوە و ئەم پڕۆژانەش قیڕتاو و شۆستەی گەڕەكەكانی ئەلیاسەفرەو گوبانە و بەرنامەیەكمان هەیە هەر گەڕەكێك لەساڵانی ڕابردوو ئاوەڕۆ و پڕۆژەی تری ژێرزەویان تەواو كرابێت ئەوە كۆڵان و شەقامەكانیشیان لەم ساڵ و ساڵانی داهاتوو شۆستەو قیڕتاویان بۆ دەكەین. بەتەواو بوونی ئەو كارو پڕۆژانەی لەبواری شۆستەو قیڕتاو باسمانكرد ئەوە گەڕەكەكانی سەنتەری قەزای پێنجوین لە90%ی كێشەی شۆستەو قیڕتاویان چارەسەر دەبێت. هەروەها لەتەوەرەیەكی تردا قایمقامی قەزای پێنجوین لەبارەی ئاوەڕۆوە ئاماژەی بەوەدا كە لەهەموو شارو شارۆچكەكانی هەرێم كێشەی سەرەكیمان جگە لە پڕۆژەی دروستكردنی ئاوەڕۆیە و چارەسەركردنی ئەو ئاوەقوڕسەشە كە لە ئاوەڕۆیەكانەوە دەردەچێت و بۆ ئەمەش پێویستە بزانین ئاڕاستەی ئەو ئاوەڕۆیە بۆ كوێیە و ئاوەقوڕسەكە دەچێتە كوێ و لەزۆربەی شارو شارۆچكەكان ئاوەقوڕسەكە دەڕژێتە شوێنێك یا چەمێك یا كەندێكی نزیك شارۆچكەكە و لەئەنجامدا كاریگەری خراپ لەسەر ژینگەو تەندروستی هاووڵاتیانی سنوورەكە دروست دەكات بۆیە دانانی پاڵاوگە لەگەڵ ئەنجامدانی پڕۆژەی ئاوەڕۆ بەیەكەوە زۆر پێویستە و كێشەكەش بەباشی و زانستی چارەسەر دەكات، لەم ڕووەوە نەك تەنیا ئێمە بەڵكو شارە گەورەكانیش هیچ پڕۆژەیەكیان بۆ نەكراوە.
سیستەمی كۆكردنەوەی زبڵوخاشاك كۆنە
سەبارەت بە كۆكردنەوەو خۆڕزگاركردن لەزبڵوخاشاك كە كێشەیەكەو هاووڵاتیانی قەزاكەش لەسەر شێوەی كۆكردنەوەو گواستنەوەی زبڵوخاشاكەكە گلەیان هەیە، قایمقامی قەزای پێنجوین وتی: تا ئێستا لەلایەن تیمەكانی شارەوانی ئەو كارو ئیشە ئەنجام دەدرێت و ئێمەش دەزانین كە سیستەمەكە كۆنەو كرێكارو كارمەندیشمان لەمبارەوە كەمەو بەپێی پێویستی قەزاو كارەكە نییە، بەڵام لەبەرنامەدایە كۆكردنەوە و خۆ ڕزگاركردن لەزبڵوخاشاكەكە بەكەرتی تایبەت بدرێت، هەر كاتێك لەمبواردا كۆمپانیایەكی خاوەن ئەزموون و شارەزا كاری كرد ئەوە بەشێوەیەكی باش و هاوچەرخ پڕۆسەكە بەڕێوەدەچێت و كۆڵان و گەڕەك و شارۆچكەكە بەگشتی پاكوخاوێن دەبێت و هاووڵاتیانیش گلەییان نامێنێت و هەر بەم شێوەیە ژینگەی قەزاو سنوورەكە تاڕادەیەكی باش دەپارێزرێت و لەم كارەشدا ئێمەو شارەوانی چاودێرو هاوكارێكی باشی كەرتی تایبەت دەبین، دەبێت هاووڵاتیانیش لەگەڵ تیمەكانی پاككردنەوەو گواستنەوەی زبڵوخاشاك چ كەرتی گشتی بێت چ كەرتی تایبەت بێت هاوكارو هەماهەنگ بن بۆ بەرژەوندی تەندروستی خۆیان و جوانی پاراستنی سیمای گەڕەك و شارۆچكەكە.
نەبوونی كۆگای گلدانەوەی ئاو
سەبارەت بەوەی قەزاكە بەردەوامە لەبەرفرەوانبوون و هاووڵاتیانیش گلەییان لە كەمی ئاویخواردنەوە هەیە بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەو گرفتە كە بەشێكی گرنگە و ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵكەوە هەیە قایمقامی قەزای پێنجوین وتی: كێشەی كەمئاوی بەهۆی فراوانبوونی قەزاكەو زیادبوونی ژمارەی دانیشتووانەوە ڕوودەدات، بۆ چارەسەركردنی ئەم بوارەش ساڵی ڕابردوو 5بیری ئاومان لە شوێنی جیاجیای ناو قەزاكە هەڵكەندەوە و كەمترین كێشەیی تۆڕی ئاویخواردنەوەمان هەیە، بەڵام كێشەی كەمی كۆگایی گلدانەوەی ئاومان هەیە، هەر بۆیە ئەمساڵ بڕی 700ملیۆن دینارمان بۆ دروستكردنی چەند كۆگایەكی ئاویخواردنەوە بە قەبارەی 300مەتر سێجا تەرخانكردووە. بەم پڕۆژەیەش كێشەی گەیشتنی ئاویخواردنەوە بۆ گەڕەك و ناو ماڵەكان زۆر كەم دەبێتەوە.
كێشەی سەرەكی گوندەكان
سەبارەت بەكێشەی گوندەكان و كەمی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان كە بۆتە هۆكارێكی چۆڵكردن و كۆچی گوندنشینەكان و ئاوەدان نەبوونەوەی چەندین گوندی سنوورەكەش قایمقامی قەزای پێنجوین وتی: كێشەی گوندەكان بە پلەیی یەكەم خراپی و بێسەروبەری تۆڕی ڕێگاوبانەكانیانە و بەشی زۆری ڕێگای گوندەكان گڵ و پڕ تاسەو خراپە و هەر ئەم هۆكارەشە كەوایكردوە بەشێك لە گوندەكان بەرەوچۆڵبوون بڕۆن بۆیە بەبەردەوامی لە كارو پڕۆژەو پلانەكانمان داوای چاككردن و قیڕتاوكردنی ڕێگای گوندەكانی سنوورەكەمان كردووە و ئەو گوندانە بەشی زۆریان سنوورین و هەندێكیان مەرزیشی بەسەرەوەیە، بۆیە لێرەدا داواكارین كە حكومەت و لایەنی تری بەرپرس ئەو ڕێگایانە قیڕتاو بكەن و ئەو ڕێگایانەی بە تێكەڵە ڕێگاكانیان بۆ دروستكراوە زۆر باش نییە لەبەر ئەوەی پاش یەك دوو ساڵ و بەهۆی بارانبارین ڕێگاكان تێكدەچن بۆیە تاكە چارەسەر بۆ ڕێگای گوندەكان قیڕتاوكردنە و لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوو سەرەڕای داواكاری بەردەوام و دانانی ئەو پڕۆژانە لە ڕیزبەندی یەكەمی بەرنامەو پلانەكانماندا، بەڵام هیچ رێگایەكی گوندی سنوورەكە قیڕتاو نەكراوە. هەروەها ئەمساڵیش لە چوارچێوەی بودجەی گشتی هەرێمەدا هیچ پڕۆژەیەكی قیڕتاومان بۆ دانەنراوە، هەروەها كێشەی ئاویشمان لە گوندەكان هەیە و پڕۆژەشمان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان هەیە، ئێستا ئەو گوندانەی لەسنووری ناحیەی گەرمك كێشەی ئاویان هەیە بۆ 7 گوندیان بیری ئاو هەڵدەكەنین.
گلەیی خەڵك لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو
سەبارەت بەو كارو پڕۆژانەی بۆ برەودان بەكەرتی كشتوكاڵ كە لەلایەن وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە سنوورەكە ئەنجامدراوە قایمقامی قەزای پێنجوین وتی: ئێمە زۆرترین گلەیمان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو هەیە، ئەم وەزارەتە تائێستاكە تەنانەت نەیانتوانیووە بینایەك بۆ فەرمانگەكەی خۆیان دروست بكەن و گەنجینەیەكیان دروست نەكردووە بۆ ئەوەی ئەو تۆیە باوەڕ پێكراوەی كە ساڵانە دێت تیدا هەڵیبگرن، بەڵكو دەچن بۆ ئەو مەبەستە خانووی هاووڵاتیان لەقەزاكە بەكرێ دەگرن، گەرچی دەبووایە وەزارەتی كشتوكاڵ بایەخ و گرنگیەكی زۆر تایبەتی بەو سنوورە بدایە، چونكە سنووری قەزای پێنجوین ناسراوە بەوەی كە ناوچەیەكی كشتوكاڵیە و ساڵانە بەرهەمێكی زۆری شووتی و تەماتەو پیازو چەندین جۆری تری سەوزەو میوە بەرهەم دێنێت، لەلایەكی تر لەسنوورەكەماندا چەند جۆگەلەیەكی كۆنكرێتی ئاودێری كراوە ئەمە مانای ئەوە نییە كە وەزارەت كارو پڕۆژەی ئاودێری بۆ كردووین و ئێمە سێ ساڵە تەئكید لەوە دەكەینەوە كە بەنداو لەسنوورەكە بكرێتەوە كە یەكێكە لەو پڕۆژە گرنگ و پڕبایەخانەی ئاودێرییە بۆ خزمەتكردن و برەودان بە كەرتی كشتوكاڵ لەسنوورەكەدا، چونكە سەرچاوەیەكی زۆر لە ئاو لە قەزای پێنجوین هەیە، هەروەها ئەو ساڵ لە پلان و بڕیاردابوو كە دیزاین و نەخشەسازی بۆ پڕۆژەی بەنداوی كانی سارد لەسەر چەمی نالپارێز بكرێت، گەرچی نازانم ئەو پڕۆژەیە لە بودجەی پەسەندكراوی ئەم ساڵ دانراوە یا هەر بێ ئەنجامە.
خوێندكارە كچەكان واز لە خوێندن دێنن
سەبارەت بە كەمی بینایەی قوتابخانەو كێشەی پەروەردەو كەمی مامۆستاو میلاكات لەسنوورەكەدا قایمقامی قەزای پێنجوین وتی: لەسەنتەری قەزاكەدا كێشەی بینای قوتابخانەمان نییە، بەڵام كێشەی كەمی مامۆستای پسپۆڕو وانە زانستییەكان و میلاكاتمان هەیە، بەتایبەتی لەسەرەتای دەست پێكردنی خوێندنەوە چەند مانگێكیش تێپەڕ دەبێت گرفتارین لە دەست نەبوونی هەندێ مامۆستای پسپۆڕی وانە زانستیەكان، هاوكات لە گوندەكانی سنوورەكەشدا لەبواری پەروەردەو قوتابخانەوە كێشەو گرفتی زۆر زۆرمان هەیە بەتایبەتی لەڕووی بینای قوتابخانەو نەبوونی قۆناغەكانی 7و8و 9ی بنەڕەتی لە قوتابخانەكاندا كەئەمە یەكێكە لەبنەما سەركییەكانی سیستەمی تازەی خوێندن لە هەرێمی كوردستان و هەر ئەمەش وایكردووە زۆر لەقوتابیان دوای قۆناغی 6ی بنەڕەتی بەتایبەتی كچان بەناچاری واز لەخوێندن بێنن و نەبوون و كەمی مامۆستا لە هەندێ لەگوندەكان وایكردووە ئاستی خوێندن و فێركردن و پەروەردە زۆر نزم بێت، هەربۆیە داوامانكردووە بە چەند گوندێكی نزیك یەك قوتابخانەی بنەڕەتی و ئامادەیان لەسەر شێوازی سیستەمی تازە و هاوچەرخ لێ دروست بكەن، بەڵام تائێستاكە داواكاری و ئومێدەكانمان بێ وەڵام و چارەسەربووە.
بنكەی تەندروستی هەندێ لەگوندەكان داخراون
سەبارەت بەكەرتی تەندروستی قایمقامی قەزای پێنجوین وتی: هەرچەندە لە سەنتەری قەزادا نەخۆشخانەیەكی گشتی 50قەرەوێڵەیی هەیە، بەڵام گرفتی كەمی پزیشك و نەبوونی پزیشكی پسپۆر جۆراو جۆڕ و ئافرەتان و كادیری تەندروستیمان هەیە، هاوكات بۆ بنكەی تەندروستی گوندەكان پێویستمان بە چەند یاریدەدەرێكی پزیشكییە تاوەكو بتوانرێت تاڕادەیەك خزمەتی دانیشتوان و نەخۆشی گوندەكانی سنوورەكە بكەن، لەبەر كەمی یا نەبوونی كارمەند ئێستاكە بنكەی تەندروستی هەندێ لە گوندەكان داخراون، لەهەقیقەدا ئێستا ئەو بنكانە وەكو پێویست ناتوانن خزمەت بكەن.
ئێستاكە كاری پاككردنەوەی مین لەسنوورەكە خێراتربووە
لەكۆتایدا قایمقامی قەزای پێنجوین ئاماژەی بەوەدا كە سنووری پێنجوین لەسەر ئاستی عیراقدا یەكێكە لەو سنوورانەی زۆرترین كێڵگە و ڕێژەی مینی تێدایە، هەرچەندە ماوەی چەندین ساڵە بەبەردەوامی كاری هەڵگرتنەوەی مینی تێدا دەكرێت، گەرچی تائێستاكە 20%ی كێلەگەكانی مین پاككراونەتەوە و پڕۆسەی پاككردنەوە هەر بەردەوامە و ئێستا ئەو كارە لەڕێگای بەڵیندەرەوە پیادە دەكرێت، چونكە كارەكەش بەڕێگای میكانیكییە وەكو پێشتر بەدەست نییە، بۆیە كارو پڕۆسەكە خێراترە و ئومێد دەكەین بەپێی ئەو پلانەی هەیە بۆ ماوەی 10تا15ساڵی تر تەواوی سنوورەكە پاكبكرێتەوە، هەروەها لە تەوەرەیەكی تردا وتی: داواكارین بۆ ئاسانكاری هاتوچۆو جموجوڵی بازرگانی و گەشتیاری ڕێگای نێوان پێنجوین – باشماخ بە جووت ساید بكرێت، لەلایەكی تر خراپی ڕێگاوبانەكە وایكردووە كەمتر كار لە بواری گەشتیاری لە سنوورەكەدا بكرێت، هەر لەمبارەوە ئێمە میوانخانەیەكمان لەسنووری گەشتیاری بلكیانەوە هەیە ماوەی سێ ساڵە هەوڵدەدەین وەبەرهێنێك بێت نۆژەنی بكاتەوە هەر لەبەر خراپی ڕێگاوبانەكە كەس نەهاتووە و میوانخانەكە وەكو خۆی ماوە، بەڵام بە ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاری لە شوێنە گەشتیاریەكان زۆرترین گەشتیار نەك تەنیا لەوەرزی هاوین بەڵكو لەوەرزی زستانیش ڕوو لە سنووری قەزای پێنجوین دەكەن، هەر بۆ ئەو مەبەستە ئێستاكە ڕێگای سەرەكی بەلكیان تا سەرچاوەی ئاوەكەی قیڕتاو دەكرێت، هەروەها بۆ ناوچە گەشتیارییەكانی تری وەكو نۆبوك و سێكوان و سێچاكان كە دەكەونە ناوچەی و سنووری گوندی كێلوو ڕووپێومان بۆ زەویەكان كردووە و وێنەی تۆماری ئەو زەویانەمان بۆ گشتوگوزار ناردووە بۆ ئەوەی بەناوی گەشتوگوزار تۆمار بكریت و لەپاشان هەوڵدەدەین چەند پڕۆژەیەكی خزمەتگوزاری سەرەتایی بۆ ئەو شوێنانە ئەنجام بدرێت.
Top