پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێــكردن لــــەنێــوان

پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێــكردن لــــەنێــوان
هەوڵدرا كێشەی نیشتەجێبوون بەهاوكاری كەرتی تایبەت چارەسەر بكرێت و لەم پێناوەش دا بەهەزارەها پارچە زەوی و بڕە پارەیەكی زۆر خەرج كرا، ئەمەش لەسەر ئەو بنەمایە بوو كە بوار بدرێت بە كەرتی تایبەت و كۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیەكان، بۆ ئەوەی بتوانن ئەم كێشەیە چارەسەر بكەن، بەڵام هاوكات لەگەڵ دەسپێكی ئەم پرۆسەیە كۆمەڵێك كەموكورتی دەركەوتن كە پێشتر مەزندەیان بۆ نەكرابوو، بۆیە هەر لەسەرەتاوە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵیداوە ئەم پرۆسەیە بە جۆرێك بێت كە لەخزمەتی هاوڵاتیاندا تەواو بێت، بۆ ئەمەش حكومەت سندوقی نیشتەجێی دانا بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی دەرامەت سنوردار بتوانن ئەو یەكەی نیششتەجێیانە بكڕن، بەڵام وێڕای ئەم هەوڵانەش دیسان ئەم بوارە لە رەخنە و گلەیی هاوڵاتیان بەدەر نییە ئەوەی مەزندە دەكرا كە ئەم پرۆسەیە ببێتە هۆكار دابەزاندنی نرخ و كرێی یەكەی نیشتەجێ، بەڵام لەبواری پرۆژەكانی نیشتەجێبوونەوە بەپێچەوانە دەرچوو (نرخەكان بەرزكرانەوەو كوالێتی پرۆژەكانیش نزم بوونەوە )، بەپێی ئامارێكی سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ پرۆژە تایبەتیەكان ئاماژە بۆ ئەوە كراوە هەرێمی كوردستان پێویستی بە 300 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون هەیە، هاوكات بەپێی هەندێك لەزانیاری و داتاكانی حكومەتی هەرێم باس لەوە دەكرێت كە ساڵانە 15 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونمان پێویستە، هەربۆیە حكومەت ئەمجارە دەیەوێت لەڕێگای دەستێوەردانی ئیجابی و دروستكردنی 5000 یەكەی نیشتەجێبوون هەنگاو بەرەو چارەسەركردنی كێشەكە بنێت، چونكە دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون مادام بۆ خەڵكی كەم دەرامەت و هەژارە هەربۆیە پێویستە ڕێگا لەكەسانێك بگیرێت كە ئەمبوارەیان قۆرخ كردووەو ئامانجیان لەدروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێكردن تەنیا كەڵەكەكردنی پارەیە، لەراپۆرتی ئەمجارەی گوڵان دا هەردوو بواری ڕێگاوبانە گشتیەكان و نیشتەجێكردنمان هەڵبژارد، بۆ ئەمەش پێش ئەوەی سەردانی بەڕێز وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەین، بەپێویستمان زانی سەردانی لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و هاوچەرخكردنی لادێكمان لە پەرلەمانی كوردستان بكەین، بۆ ئەوەی راو بۆچوونەكانی ئەو لیژنەیە وەربگرین و ئاراستەی وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشەجێكردنی بكەینەوە.



خەلیل عوسمان لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بۆ(گوڵان):
خەڵكی كەم دەرامەت زۆر بەكەمی سوودمەندبوون لەپرۆژەكانی نیشتەجێبوون
بۆ پێشخستنی ڕێگاوبانەكان پلانێكی ئەوتۆ نابینم
نیشانەو تابلۆكانی هاتوچۆ بەكەمی لەڕێگاوبانەكان دانراون
پێدانی پارە لە لایەن بەڵێندەر بە ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژە هەیە
كۆمپانیا بیانیەكان زۆر جار سەختەكاری لەڕێگاوبانەكان دەكەن
پرۆژە نیشتەجێكانی وەبەرهێنەران لەلایەن حكومەتەوە چاودێری ورد ناكرێت.

رەخنەو پێشنیارەكانی لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لەپەرلەمانی كوردستان
ڕێگاوبانەكان ..
شادەماری گەشەكردنی ئابووری
سەبارەت بەم كێشەیە كە رووبەرووی كەرتی ڕێگاوبانەكان لەهەرێمی كوردستان بۆتەوە خەلیل عوسمان بڕیاردەری لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و هاوچەرخكردنی لادێكان لەپەرلەمانی هەرێمی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ گوڵان بەمجۆرە هاتە ئاخاوتن: پلانێكی ئەوتۆ نابینم بۆ پێشخستن و هاوچەرخكردنی ڕێگاوبانەكان كە لەگەڵ ئەو گەشەكردنەی هەرێمی كوردستان بگونجێت، كاتێك ڕێگاوبانەكانمان بە كوالێتیەكی ستاندارد و بەرز دروست نەكرێن بەتایبەتی قیڕەكەی و هەندێ لە چینەكانی ژێرەوەی كە بە كەرەستەی باش و سەركەوتوو ناكرێت و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان و تانكەرەكانی سوتەمەنیش كۆنترۆڵی ئەو بارە قورسەیان نەكراوە ئەوا ڕاستەوخۆ كاریگەری خراپی لەسەر ڕێگاكان هەیە، رەنگە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن پلانی خۆی هەبێت بەڵام ئەو بودجەیەی ساڵانە بۆ ئەو وەزارەتە تەرخانكراوە بەپێی پێویست نییە، بەتایبەتی لەهەرێمێكدا هەموو ڕێگاوبانەكانی بەپێی پێویست و باش نییە و زۆر خراپن و زۆر بەكەمیش نیشانەو تابلۆكانی هاتوچۆ دانراون، كەوتنەوەی دەیان رووداوی هاتوچۆش هۆكاری سەرەكی بۆ خراپی و نەشیاوی ڕێگاوبانەكان دەگەڕێتەوە كەدەیان قوربانی و كەمئەندامی لێكەوتۆتەوە،.
سەبارەت بە هەنگاونان بەرەو چارەسەركردنی ئەم كێشەیە جێبەجێكردنی بڕگەو ماددەكانی ( یاسای ڕێگا گشتیەكان) بڕیاردەری لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لەپەرلەمانی هەرێمی كوردستان پێی وابوو: بۆ چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەی ڕێگاوبانەكانمان دەبێت پلانێكی ستراتیژی و بودجەیەكی تایبەت تەرخان بكەن، تەنانەت پێویستە ڕێگا لەهاتنی ئەو هەموو ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێل بگیرێت، لەلایەكی ترەوە لەسەر بەڵێندەر بكرێتە مەرجێكی سەرەكی لەگەڵ دروستكردن و چاككردنی هەر ڕێگایەكیش نیشانەو تابلۆی هاتوچۆ دابنرێت، هەروەها دەكرێت ئەو داهاتەی كە لەسزاكانی ئۆتۆمبێل و شۆفێرانەوە دەست دەكەوێت بخرێتە سندوقی چاككردنی ڕێگاوبانەكان و لەخزمەتی باشكردنی ڕێگاوبانەكاندا دابنرێت. بۆ باشتركردن و ڕێنمایی بۆ پاراستنی و دروستكردنی ڕیگاوبانەكان لەماوەی رابردوو لە پەرلەمانی كوردستان یاسایەكمان بە ناوی (یاسای ڕێگا گشتیەكان) دەركردووە، ئەگەر ئەم یاسایە وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت ئەوا بەشێكی زۆری كێشەو كەموكوڕییەكانی ڕێگاوبان چارەسەر دەكات بەتایبەتی سنوورێك بۆ ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان دادەنێت و ئەو زێدەڕۆییانەشی دەكرێتە سەر ڕێگاوبانەكان كۆنترۆڵ دەكات و ڕێگری لێدەكرێت لەوانە دروستكردنی دیوارو باخ و تەلبەند لەنزیك ڕێگاكان و ڕێگانەدان بەهاووڵاتی بەهەڵكەندنی شەقام و دروستكردنی تاسەو بەربەست لەسەر ڕێگاكان. هەروەها پێویستە حكومەت و وەزارەت بودجە و دەرماڵەیەكی باش بۆ ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پڕۆژەكان تەرخان بكات تاوەكو ئەو ئەندازیارە چاوی لە دەستی بەڵێندەر نەبێت.
سەبارەت بەهۆكاری نزمی ئاستی كوالێتی و دیزاین و جێبەجێكردنی پرۆژەكان كە لەلایەن بەڵێندەرەوە ئەنجام دەدرێت خەلیل عوسمان وتی: ناكرێت پرۆژەی ڕێگاوبانەكان وەكو ئێستا تەنیا بەیەك بەڵێندەر بدرێت، بەڵكو پێویستە دوو یا چەند بەڵێندەرو كۆمپانیایەكی شارەزاو خاوەن ئەزموون لە دروستكردنی ئەو ڕێگاوبانانە بەشدار بن، ئەمەش لە خێرایی و كوالێتی زۆر باشترو سەركەوتوو تر دەبێت. لەم رووەوە پێویستە پۆلێنكردنی بەڵیندەرو كۆمپانیاكان هەبێت و پێوەرو رێنماییەك دانرێت، چەندین پڕۆژە هەیە لەبەر خراپی بەڵێندەرو نەبوونی ئەزموون و ئامێری پێویست سەركەوتنی بەدەست نەهێناوە، هەروەها لە كۆمپانیا بیانیەكان زۆر جار سەختەكاری بەدی دەكرێت . هەروەها لە هەرێمی كوردستان پێویستە چاوخشاندنەوە بە مەرج و ڕێنمایی گشتی بەڵێندەرایەتی بكرێت و هەر بەڵێندەرێك بەپێی شارەزایی و پسپۆڕی و ئەزموون و بڕی پارەو ئامێرەكانی ریزبەندی و پۆلێنی بۆ دابنرێت و كاریان پێ بدرێت، سەبارەت بە گوندەكانیش بوونی ڕێگاوبانی شیاو و باش بۆ هاتوچۆكردنی دانیشتوانی گوندەكان گرنگە، چونكە بەهۆی ئەو ڕێگایەوە دەتوانێت بەروبوومی كشتوكاڵی و ئاژەڵدارییەكەی بگوازێتەوە بۆ شار بەمەش زیاتر گوندەكان ئاوەدان دەبێتەوە، بەڵام ئێستاكە گوندەكانی ئێمە بەو شێوەیە نییە و زۆربەیان ڕێگاوبانەكانیان تەنیا بۆ چاككراوە یا چەوڕێژكراوە و زۆر ناوچەو سنووریش هەیە ژمارەیەكی زۆر لە گوندەكانیان ڕێگایان بۆ خۆشیش نەكراوە واتە تەنیا ڕێگای پیادەن.
كێشەی نیشتەجێكردن
بەپێی رێنمایی و پێوەری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان دابینكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتییان لەریزبەندی پێشەوەی كارو ئەركەكانی حكومەتەكان دادەنرێت و پێویستە بودجەیەكی تایبەتی بۆ تەرخانبكرێت بەتایبەتی لەهەرێمێكی وەكو كوردستان كە ساڵانە پێویستە 15 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بەلانی كەمەوە هەیە، لەمبارەیەوە بڕیاردەری لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و هاوچەرخكردنی لادێكان لەپەرلەمانی كوردستان وتی: هەریەك لەوەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و دەستەی وەبەرهێنان ئەركی دروستكردنی یەكەكانی نیشتەجێكردنیان لەئەستۆیە، دیارە یاسایەك بۆ وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن دەرچووە كە یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2008ەو لەساڵی 2011هەمواركراوەتەوە كە تایبەتە بە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون و ئەم یاسایە نەچوو بووە بواری جێبەجێكردنەوە، بۆیە لەساڵی ڕابردوو وەكو لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان هەستاین پڕۆژە بڕیارێكمان ئامادەكرد بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی كەمدەرامەت لە یەكەی نیشتەجێبوونی كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە دروستی دەكات سوودمەندبن و وەزارەتیش خۆی بە دروستكردنی یەكەكان هەستێت، بەڵام یاسایەك لەمبارەوە هەبوو ئێمەش ئەو پڕۆژە یاسایەمان داڕشتبوو بۆیە پەرلەمانی وای پێ باشبوو كە یاسای ژمارە7ی 2008هەموار بكرێتەوە و ئێمە هەستاین بە هەمواركردنەوەی یاساكە بەشێوازێك كە لە خزمەتی هاووڵاتیانی هەژارو كەمدەرامەت و كرێچیان بێت و ئەو بڕە پارەی لەسەرەتا دەبایە بۆ یەكەی نیشتەجێبوون بیدات لەناو یاساكە لاماندا بۆ بەرژەوەندی ئەو كەسانەی كە لەمەودوا لە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن یەكەی نیشتەجێبوون وەردەگرن و ماوەی دانەوەی پارەكە كرا بە قستی 25ساڵ و چەندین مەرج و ڕێنمایشی تێدایە بەشێوەیەك كەس ناتوانێت كڕین و فرۆشتن بە یەكەكان بكات و نابێت هیچ كەسێك لەیەك یەكە زیاتر وەربگرێت، یەكێك لە خاڵە هەرە گرنگەكان كە جەختی لەسەر دەكرێتەوە كە دەبێت بۆ ئەو كەسانە بێت كە لەشارەكە یا شارۆچكەكە دەژین واتە چیتر قبوڵ نییە خەڵكی شارێك لەناو شاری خۆی كرێچی بێت و شوێنی نیشتەجێبوونی نەبێت و لەناو یاساكە ئەگەر وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت وردەكاری و مەرجی زۆر باشی بۆ بەرژەوەندی كرێچیان و كەمدەرامەتان هەیە، هەربۆیە ناوی یاساكەمان گۆڕی بە ناوی یاسای دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بۆ هاووڵاتیانی هەژارو كەمدەرامەت، لەپاشان حكومەت بریاریدا ساڵانە لە بودجەی گشتی هەرێم بڕێكی باش بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون و چارەسەركردنی كێشەكە تەرخان بكات و لەساڵی 2011بڕی 49ملیار دینار و ئەمساڵ 2012 بڕی 250ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا. هەروەها لەپێشتر یەكەی نیشتەجێبوون لەڕێگای دەستەی وەبەرهێنانەوە دروستكراوە، بەڵام زۆر بەكەمی كرێچی و خەڵكی هەژار لێی سوودمەندبوون، هاوكات كەسانێك هەیە ژمارەیەكی زۆر لەو یەكانەیان كڕیوەو كاری بازرگانیان پێكردووە كە ئەمەش لە دەرەوەی رێنماییەكان و یاسایە، هەروەها ژمارەیەكی زۆر لەو هاووڵاتیانەی عەرەب كە لە خواروو ناوەڕاستی عیراق هاتوونەتە هەرێم ژمارەیەكی زۆر یەكەی نیشتەجێیان كڕیووە واتە ئەوانەش لەمبارەشەوە بوونەتە بارێكی قورس، بۆیە ئەو یاسای ژمارە7ی ساڵی 2008ی هەمواركراو دەرچووە تاوەكو ئەو سیستەمەی چەند ساڵە لە دروستكردن و پێدانی یەكە نیشتەجێبوونەكان هەبووە بگۆڕێت.





كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بۆ(گوڵان):
بڕی 250ملیار دینار بۆ دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون تەرخانكراوە
5000 یەكەی نیشتەجێبوون بەمەرج و رێنمایی نوێ بۆ خەڵكی دەرامەت سنوردار دروست دەكرێت
كۆمپانیای جێبەجێكار توانای چارەسەركردنی گرفتەكانی پرۆژەی ڕێگەی هەولێر- كۆیەی نییە
بەبێ دامەزراندنی كۆمپانیای كەرتی گشتی ناتوانین پڕۆژەكان بە ڕاستەوخۆ جێبەجێ بكەین.
ماستەرپلان تا ساڵی 2030 بەرچاو ڕوونی تەواومان دەداتێ لەسەر ڕێگاوبانەكان.
هەموو ڕێگاكانی نێوان شارو شارۆچكەكان دەكەین بە جووت ساید

لە وەڵامی رەخنە و پێشنیارەكانی لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن پەرلەمانی كوردستان دا
كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بۆ گوڵان
بۆ بەدواداچوونی كێشەو گرفتەكانی ڕێگاوبان و نیشتەجێكردن و وەڵامدانەوەی ئەو پرسانەی كە لەلایەن لیژنەی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و هاوچەرخكردنی لادێكان لەپەرلەمانی هەرێمی كوردستان وروژێنرا، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن كرد بەرێزی وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
ئەركە سەرەكیەكانی وەزارەت
سەبارەت بەكارو چالاكییەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن و بارودۆخی ڕێگاوبان و پردەكان و ڕێگای گوندەكان و پرۆژەكانی نیشتەجێبوون كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن بەگوڵانی ڕاگەیاند:( ڕێگاوبان و بیناسازی و نیشتەجێبوون دوو تەوەرەی سەرەكی كارەكانی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنە، لەبواری ڕێگاوباندا هەریەك لەپرۆژە ستراتیژییەكانی جووت سایدكردنی نێوان شاروشارۆچكەكان و دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبان و پردەكان و بەو ڕێگایانەشەوە كە دەچێتە شارۆچكە بچوك و گوندەكانیەوە دەكەوێتە ئەستۆی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنە. ئەو ڕێگا یەك سایدانەی ئێستا هەیە لەتوانایاندا نییە وەكو پێویست خزمەت بەبواری گواستنەوەی هاووڵاتیان و گواستنەوەی كەرەستەی بیناسازی یا بازرگانی بەگشتی بكەن، دیارە دروستكردنی ڕێگاش كارێكە ماوەو كاتی پێویستی دەوێت، لەبەر ئەوەی تەنیا نەخشەسازی و كاری هونەرییەكەی ساڵێك تا دوو ساڵی دەوێت و جێبەجێكردنیشی ئەگەر ڕێگاكە كورت نەبێت بەپێی درێژی و قەبارەی پڕۆژەكە چەند ساڵێكی دەوێت و ناتوانرێت بە ماوەی ساڵێك تەواو بكرێت و دەكەونە ناو چوارچێوەی پڕۆژە بەردەوامەكانەوە. بەشی دووەمی پڕۆژەكانمان وەكو وەزارەت بریتییە لە دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون و بیناسازی، پڕۆژەكانی بیناسازیی ئەو پڕۆژانەن كە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی پێ تەكلیف دەكرێت بۆ جێبەجێكردنی ئەو بینایانەی كە وەزارەت و لایەنی پەیوەنداری تری حكومەت پێویستیانە هەر بۆ نموونە وەكو كەمپی زانكۆ و بینایەی قوتابخانە و نەخۆشخانەو بنكەی تەندروستی و. . تا، ئەمەش لەكاتێكدا كە وەزارەتەكە یا لایەنە پێوەندارە خزمەتگوزارییەكە لەتوانایاندا نەبێت ئەو بینایانە دروست بكات، بەڵام ئەوەی تایبەتە بە بواری نیشتەجێبوون ئەوە یاسایی ژمارە(7)ی ساڵی 2008 هەیە كە لەساڵی 2011 هەمواركراوەتەوە ئەو یاسایەش بەشێكی گرنگی كارو پڕۆژەكانمان لەبواری نیشتەجێبوون دەگرێتەوە كە پەیوەندارە بە چین و توێژێكی زۆر گرنگی كۆمەڵگاكەمان كە ئەوانیش خەڵكی كەمدەرامەت و سنووردارن و ئەركی سەرشانی حكومەتە كە خزمەتی ئەوانیش بكات، ئەوانەی ئاماژەمان پێدا هەموو ئەو پڕۆژانەن كە بەشێوەیەكی گشتی لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن جێبەجێ دەكرێن و ساڵانەش ئەو پڕۆژانە تەواو دەبن بەپێی پشكی ئەو بودجەی كە بەر وەزاەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن دەكەوێت لەچوارچێوەی بودجەی گشتی هەرێمدا، ئێمەش بودجەكەمان بەسەر سێكتەرە و كارو پڕۆژەكان دابەشی دەكەین كە بەشێكی بۆ كارو پڕۆژەكانی بیناسازی و نیشتەجێبوونەو بەشێكیشی بۆ ڕێگاوبانە.
دامەزرانی دوو كۆمپانیای تایبەت بەوەزارەت
نەبوونی چەند كۆمپانیایەكی سەر بەوەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن لەكاتێكدا ئەو وەزارەتە خاوەنی ئەندازیارو ئامێرو كارگەی پێشكەوتوون پرسێكی دیكەی گوڵان بوو رووبەرووی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستانی كردەوە، لەوەڵامی ئەم پرسەشدا وتی: لەكابینەی حەوتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان كارنامەی وەزارەتمان كە پێشكەش سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كراوە چەند تەوەرەیەكی سەرەكی لەبوارەكانی ڕێگاوبان و نیشتەجێبوون و پلانی وەزارەت و تاقیگەكانی بیناسازی لەخۆگرتووە، لە تەوەرێكی كارنامەكەشدا باس لەوە دەكات ئەم یاسایەی ئێستاكە كە وەزارەت كاری پێ دەكات لەگەڵ ئەم قۆناخەی ئێستاكە لەگەڵ قەبارەی كارو پڕۆژەو چالاكییەكان ناگونجێت بۆیە پێویستی بە هەمواركردنەوەو یاسایەكی تازە هەیە، تەوەری پێنجەم داواكردن و باسكردنی دامەزراندنی دوو كۆمپانیای سەر بەوەزارەت بوو، ئەمەش بەمەبەستی ئەوە بوو كە كارو چالاكییەكانمان لەڕێگای ئەو دوو كۆمپانیایەوە زیاتر بكەین لەچوارچێوەیەكی دیاریكراو تایبەتدا كە بیگونجێنین لەگەڵ ئەو ئەرك و چالاكیانەی كە هەمانە و لەپاشان لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە چوار تەوەرەی یەكەمی كارنامەكە ڕەزامەندی و پەسەند كرا، بەڵام لەسەر تەوەرەی پێنجەم كە پرسیارەكەی ئێوە زیاتر تایبەت بەو لایەنەیە ڕەزامەندی لەسەر نەدرا و بۆ كۆبوونەوەكانی تری ئەنجومەنی وەزیران دواخرا بۆ ئەوەی ئێمە ئەو تەوەرەیە بە وردتر و ڕوونكردنەوەی زیاتر پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیرانی بكەین. ئێمە وەكو وەزارەت و حكومەتی هەرێم خاوەنی كۆمەڵێكی زۆر لەكارگەو ئامێرو توانای هونەری و ئەندازیاری و تەكنیكی و كارگێڕین و ئەگەر ئەو دوو كۆمپانیایە لەچوارچێوەی یاسایی كۆمپانیاكاندا كە دەتوانێت چەند ئامانجێك بێنێتەدی وەكو بەرزكردنەوەی ئاستی هەموو ئەو كارمەندانەیە كە لە هەر دوو كۆمپانیاكە كار دەكەن نەك تەنیا ئەندازیاران، لەهەمان كاتدا ئەو كارگەو ئامێرانەی هەمانە بەشێوەیەكی گونجاو بەرنامەڕێژی بەباشترو چالاكانەتر دەخەینەگەڕوو و ئەو كۆمپانیانە دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی بودجەی بەگەڕخستن، چونكە لەكاتێكدا ئەو دوو كۆمپانیایە خۆیان كاریان كرد لەڕووی نەخشەسازیی سەرپەرشتیكردن و جێبەجێكردنی پڕۆژەی جۆراوجۆرەوە خۆی دەبێتە خاوەن داهاتێك كە لەداهاتوودا بەچەند ساڵێك دەتوانێت داپۆشینی هەموو خەرجیەكان بۆ ئەو كارمەندانە بكات كە كار لە كۆمپانیاكان دەكەن. یەكێكیش لە ئامانجی دامەزراندنی دوو كۆمپانیاكە بەشێك لە بەشەكانی بریتی دەبێت لەتۆماركردنی یا وەرگرتنی مۆڵەت بۆ نووسینگەیەكی ئەندازیاریی ڕاوێژكاری، چونكە ئێستاكە دەزانین ئەو ئەندازیارانەی كە كار لە كەرتی حكومی دەكەن ئەو مافانەی كە هەیانە زۆر جیاوازە لەو ئەندازیارانەی كە لەكەرتی تایبەت كار دەكەن، بەڵام بەپێی سیستەم و ئەو ڕێنمایە دارایانەی پیادە دەكرێن ناتوانین مافی تەواوی ئەو ئەندازیارانە كە هەڵدەستن بەكاری نەخشەسازی و ڕاوێژكاری ئەندازیاری بدەین، بۆیە ئامانجێكی ئەو كۆمپانیایانەی كە داوامانكردووە دابمەزرێت كۆكردنەوەی ئەو ئەندازیارانەیە كەتوانای ڕاوێژكاری و هونەری و تەكنیكیان زۆر بەرزە تاوەكو بتوانرێ سوودیان لێوەربگیرێت لەژێر سێبەری ئەو پەیڕەو و ڕێنمایانەدا كە بۆ دامەزراندنی نووسینگە ئەندازیارییەكان دەرچووە. لەلایەكی ترەوە كاتێك كۆمپانیای سەر بەوەزارەت دابمەزرێت ئەویش وەكو هەموو كۆمپانیاكانی تر دەتوانێت بچێتە ناو تەندەرین و كێبڕكێ، بەڵام ئێستا بەبێ دامەزراندنی كۆمپانیا ناتوانین پڕۆژەكان بە ڕاستەوخۆ جێبەجێ بكەین.
یاسای ڕێگاوبانە گشتییەكان
سەبارەت بەو گلەییانەی كە لەپەرلەمانی كوردستان لەسەر یاسای ڕێگاوبانە گشتییەكان دەگیرێت و چۆنیەتی بەڕێوەبردن و پاراستنی ڕێگاكان كەئەویش بوارێكی دیكەی گرنگەو پەیوەندی بەژیانی هاووڵاتییانەوە هەیەو پرسیارمان لە وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن كرد لەوەڵامدا وتی: ئەو یاسایە پەیوەندار نییە بەدروستكردنی ڕێگاوبان، بەڵكو یەكێك لە كارو ئەرك و چالاكییەكانی وەزارەت دروستكردنی ڕێگاوبانە لەچوارچێوەی ماستەرپلان كە نەخشەگیرییە بۆ تۆڕی ڕێگاوبانی هەموو هەرێمی كوردستان، ئەو ماستەرپلانەش تاوەكو ساڵی 2030ە كە بەرچاو ڕوونی تەواومان دەداتێ لەسەر ئاستی ئێستای ڕێگاوبانەكان و ئەوانەی لەداهاتووشدا پێویستە بكرێن، بەڵام كە سەیر دەكەین تەنیا دروستكردنی ڕێگاوبانەكان مەرج نییە، بەڵكو پارستن و بەردەومی پێدان و بەڕێوەبردنی ڕێگاوبانەكانیش پێویست و گرنگن لەچوارچێوەی یاسایەك بێت، ئەو یاسایەش ئەوەیە كە پێی دەوترێت یاسای ڕێگاوبانە گشتییەكان و ئامانجەكانی ئەو یاسایەش ئەوەیە كە لەكاتی دیاریكردنی ڕێچكەی ڕێگاكاندا بەپێی ئەو یاسایەوە بتوانین چۆن مامەڵە لەگەڵ دیاریكردنی ڕێچكەی ڕێگاوبانەكان بكەین و دوای ئەوەی كە ڕێگاكان دروست دەكرێت و دەكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە و چۆن بیانپارێزین و چۆن قەدەغەكراوەكانی لاتەنیشت ڕێگاوبانەكان لە زێدەڕۆیی بپارێزین و لەهەمانكاتە ڕێگاكان چۆن لە كێش و قورسایی زیادە بپارێزین و پاراستنی هەموو پێكهاتەكان ریگاوبانەكان هەر لەتابلۆی هاتوچۆو بەربەستی ئاسنین و . . . تا، بێگومان ئەو یاسایە بریتییە لەوەی كە چۆن ڕێگاوبانەكان بە هەموو شێوەیەك بپارێزین.
ڕێگای خێراو جووت سایدكردنی هەموو ڕێگاوبانەكان
وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن سەبارەت بەپرسیارێكی تری گوڵان كە تایبەت بوو بە ڕێگای های وای كە بۆچی تا ئێستا لە هەرێمی كوردستان نەمانتوانیوە ئەو ڕێگا ستراتیژییە دروست بكەین؟ وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن وتی:(جووت سایدكردنی ڕێگاوبانەكانی نێوان شارو شارۆچكەكان ئەوە یەكێكە لەئامانجەكان و پڕۆژە و ستراتیژی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن كە ئێستا بەپێی قۆناغ لە زۆربەی شارو شوێنەكانەدا دەستی پێكردووە و زۆربەی زۆری ئەو جۆرە ڕێگایانە لەژێر ئەنجامدانە و بەرنامە و پلانمان هەیە كە هەموو ڕێگاكانی نێوان شارو شارۆچكەكان بەجووت ساید بكەین دروستكردنی ڕێگای خێرا(ها وای) ئەوەی وەكو لە وڵاتانی تر پیادە دەكرێت كە بەكارهێنانی بەپارەیە، بودجەو خەرجیەكی زۆری دەوێت كە ئێستا ئەولەویەتی كارو پڕۆژەی حكومەت نییە كە لەچوارچێوەی ئەو بودجەیەیە كە بەركەوتی ساڵانەیەتی، چونكە پێداویستیەكانمان لەسێكتەرە جیا جیاكان زۆرە، بەڵام بەپێی ئەو ماستەرپلان و پلانەی وەزارەت هەیەتی ئەوە دروستكردنی ئەو جۆرە پڕۆژەیە دەكەوێتە چوارچێوەی ئەو پڕۆژانەی كە كەرتی تایبەت بەشێوەی وەبەرهێنان ئەنجامی دەدەن و ئێمە ڕێساو ڕێكارەكانی بۆ دادەنێین، هەروەها لەكاتێكدا دەتوانرێت ڕێگای خێرا دروست بكرێت، ئەگەر ڕێگای نێوان هەموو شارو شارۆچكەكان بە جووت ساید كرابێت.
پڕۆژەی ڕێگای هەولێر – كۆیە
سەبارەت بەپرۆژەی ڕێگای هەولێر- كۆیە كێشەو گرفتی هاتۆتە پێش و بەڵێندەرەكە لە قۆناغی یەكەم داوای دەرخستەی زیاتری كردووە، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن وتی:
قۆناغی یەكەمی لەژێر جێبەجێكردندایە و هەر لەم قۆناغەدا كە چەند كۆسپێك هاتۆتە پێش كۆمپانیاكە كە ئەو كۆسپانەش بەپێی مەرجەكانی بەڵێندەرایەتی گشتییە لە دەرەوەی تێڕوانین و پێشبینی ئێمەو كۆمپانیاكەیە كە ئەمەش گۆڕانكاری هێناوەتە پێش پڕۆژەكە و بۆیە كۆسپ و خاوبوونەوەی بۆ پڕۆژەكە دروست كردووە و كۆمپانیاكە هەموو توانی خۆی خستۆتەگەڕ، بەڵام توانای زاڵبوون بەسەر كۆسپەكانی نییە و لەسەردانێكی جەنابی جێگری سەرۆكی حكومەت بۆ سەر ئەم پڕۆژەیە و باس لەو كێشەو گرفتانەكرا هەر بۆیە بڕیاری دروستكردنی لیژنەیەكی باڵادرا و ئێمە لەلای خۆمانەوە لێژنەیەكی وەزاریمان بۆ ئەو مەبەستە پێكهێناوە و ڕاپۆرتەكەی بۆ سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بەرز دەكەینەوە تاوەكو لەڕێگای لیژنەیەكی باڵاوە بڕیارلە چارەسەری كێشەو كۆسپەكانی ئەو پڕۆژەیە بدرێت، بەڵام ئەو كۆسپانە نەبۆتە هۆی ڕاوەستانی كارو پڕۆژەكە و ئیشكردن تێیدا بەردەوامە و بەشی دووەم پڕۆژەی ڕێگای هەولێر – كۆیە تازە گرێبەستەكەی واژوو كراوە و كۆمپانیاكە لەخۆئامادەكردنە بۆ ئەنجامدانی قۆناغی دووەمی پڕۆژەكە و ئێستاكە پڕۆژەكە پێش دەستكردنی هیچ كێشە و گرفتێكی نییە و كۆمپانیاكەش داوای گۆڕانكاری نەكردووە. بەڵام بەشێوەیەكی گشتی پێویستە ئەوە بزانین ڕێگا دروستكردن زۆر ئاسان نییە بەتایبەتی لە وڵاتێكی وەكو هەرێمی كوردستان كە شاخ و گرد و تەپۆڵكە و بەرزی ونزمی زۆر تێدایە و لە كاتی ئەنجامدانی پڕۆژەی ڕێگاوبانە هەندێ كۆسپ و كێشە دێنە پێش كە پێویست بە چارەسەركردنە، هاوكات هاتنە پێشی تاوەری كارەبا و بەركەوتنی زەوی هاووڵاتیانیش هەندێ جار دەبنە كۆسپ و هۆكارێك بۆ دواكەوتنی پڕۆژەكانی ڕێگاوبان.
ڕێگای تایبەت بە تانكەرەكانی سوتەمەنی و ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان
لەگەڵ زۆربوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و تانكەرەكانی سووتەمەنی رووداوەكانی هاتوچۆش زیادیكردووەو كاریگەری خراپی لەسەر ڕێگاوبانەكان هەبووەلەمبارەیەوە گلەیی و بێزارییەكی زۆری خەڵك هەیە، وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن سەبارەت بەم پرسە پێی وابوو ئەو ڕێگایانەی كە دەكەونە دەرەوەی سنووری شارەوانییەكانەوە دەكەونە چوارچێوەی كارو چالاكییەكانی وەزارەتەوە، ئەوەی پەیوەندی بەشارەوانییەكانیشەوە هەیە كە ئەو جۆرە ڕێگایانە ڕێگای دەرەوەی پێ دەڵێن و پێویست دەكات دروست بكرێت و ئیدارەی ناوچەكە هەوڵی بۆ بدات لەگەڵ شارەوانییە و دەتوانرێت لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانیش بۆ مەبەستی ئەو جۆرە ڕێگایانە قسە بكرێت بەتایبەتی بۆ بودجە تەرخانكردن.
یەكەكانی نیشتەجێبوون و بڕیاری نوێ
نیشتەجێكردن كە بەیەكێك لەو كەرتە پێوەندارانە دادەنرێت كە پێوەندی بەژیانی هاووڵاتییانەوە هەیەو لەكارو چالاكییەكانی حكومەتی هەرێمیش دەنگۆی ئەوە هەیە ئەم كەرتە لەریزبەندی پێشەوەی كارەكانیان دادەنرێت، چونكە كێشەی نیشتەجێبوون چارەسەر نەكراوە كە لەگەڵ هاتنی بەلێشاوی هاووڵاتییانی ناوچەكانی ناوەراست و خوارووی عێراق و تەنانەت دووبارە دەركەوتنی كۆچی پێچەوانە لەقەزاو ناحیەو گوندەكانەوە بۆ ناو سەنتەری شارە گەورەكان كێشەكە ئاڵۆزتر كردووە، هەربۆیە باس لەوە دەكرێت ساڵانە پێویستیمان بە 15 هەزار یەكەی نیشتەجێبوونی نوێ هەیە تاوەكو بتوانرێت كاریگەرییەكانی ئەم كێشەیە كەم بكرێتەوە، ئەوەی جێگای نیگەرانی هاووڵاتیانیشە كەرتی تایبەت كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكە بەهەزارەها دۆنم زەوی دراوەتێ لەبری ئەوەی هۆكارێك بێت بۆ باشتركردنی كوالێتی و دابەزینی نرخ كەچی لەئاستێكی نزم دا كارەكانی ئەنجام داوە بگرە یەكەكانی نیشتەجێبوون بوونەتە هۆكارێك بۆ بازرگانیكردن، سەبارەت بەم پرسە گرنگە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن كرد كە لەم رووەوە وتی: ( چەمكی كێشەی نیشتەجێبوون تەنیا لەوڵاتی ئێمەدا نییە، لەهەموو وڵاتان چەمك و دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون بابەتێكی گرنگە، چونكە كۆمەڵگا بەبەردەوامی لە گەشەكردندایە و بەبەردەوامی پێویستی بە یەكەی زیاتری نیشتەجێبوونە و لەساڵانی ڕابردوو حكومەت كەسەیری كێشەی نیشتەجێبوونیان كرد بۆیان دەركەوت كە چارەسەری ئەم كێشەیە بەتەنیا بەحكومەت ناكرێت و دابەشكردنی زەویش بەتەنیا چارەسەر نییە، بۆیە لەسایەی یاسای وەبەرهێنان پەنا برایە بەر كەرتی تایبەت كە كار لە پڕۆژەی نیشتەجێبوون بكات، ئەو پڕۆژەی نیشتەجێبوونانەی كە بەپێی یاسای وەبەرهێنان و لەڕێگای كەرتی تایبەت كراوە ناتوانین بەگشتگیری بڵێین هیچ چارەسەری كێشەو نیشتەجێبوونی نەكردووە، چونكە ژمارەیەكی زۆر یەكەی نیشتەجێبوون دروستكراوەو ئێستا خەڵكی تێدایە، بەڵام پڕۆسەكەش 100%بەبێ كەموكوڕی نییە و هەموو پڕۆژەیەكیش بەبێ كێشەو كەموكوڕی نییە و لەو پڕۆژانەی كراوە هەموو چین و توێژێك سوودی لێوەرگرتووە و لەكاتێكدا كە وەبەرهێن ئەو پڕۆژانەی دروستكردووە ناتوانیت پێی بڵێیت یەكەكان بە هەموو كەسێك مەفرۆشە و تەنیا بە خەڵكی كەمدەرامەت و سنووردار بدە، هاوكات ئەوەی باس دەكرێت كە یەكەكان چەند دەستی كردووەو نرخی زۆر زیادەو بازرگانی پێكراوە، ڕاستە بەڵام وەبەرهێن دەیەوێت بەزووترین كات پارەی خۆی دەستكەوێتەوەو قازانجیش بكات، هەروەها ئەوەی باسی دەكەن كە خەڵكانێ هەیە لەم پڕۆژانە ژمارەیەكی زۆر یەكەی كڕیووە و بازرگانی پێوە دەكرێت ئەوە ئێمە ناڵێین لە100% وایە و ناڵێین واش نییە، سەرەڕای ئەوانەش سوود لەم پڕۆژانە وەرگیراوە، ئەگەر ئەو پڕۆژانە نەبوونایە ئەوە كێشەی نیشتەجێبوون زۆر زۆر لەمە زیاتر دەبوو، لەم یەكەی نیشتەجێبوونانەش سندوقی نیشتەجێبوون دانراوە و بڕێك لەپارەی یەكەكان لەڕێگای ئەو سندوقەوە بە قستێكی درێژخایەن دەدرێتەوە و لەمەشدا خەڵك بەتایبەتی ئەوانەی داهات سنووردارن سوودمەندبوون، بۆ بەدواداچوون بە كەموكوڕی پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون دەستەی وەبەرهێنان ساڵانە بەدواداچوون و ورد بینی لە پڕۆژەكان دەكەنەوە و بەڵگەی ئەمەش ئەوەیە كە زنجیرەیەك ڕێنمایی دەردەچێت بۆ ئەوەی پڕۆسەی دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوون ڕێكبخرێتەوە هەر بۆ باشتركردنی كارو پڕۆژەكانی وەبەرهێنان یاسایی وەبەرهێنان پێشكەش بە ئەنجومەنی وەزیران كردۆتەوە بەمەبەستی هەمواركردنەوەی یاساكە و لەهەمان كاتدا ڕێنمایەكانی نیشتەجێبوون لەلایەن لیژنەی باڵای وەبەرهێنانەوە هەموار دەكرێتەوەو بڕیاری نوێی پێ دەردەچێتەوە تاوەكو بتوانێت هەموو ئەو كێشەو گرفتەكانی كە لەپێشوودا ڕوویداوە چارەسەر بكات. بێگومان ئەوانەی پێشەكیان نەبووە بیدەن و لە ئەنجامی كڕین و فرۆشتن و دەستبەدەستكردنی یەكەكان ئەوانەی كەمدەرامەت و سنووردارن سوویان لەو پڕۆژانەی نیشتەجێبوون وەرنەگرتووە، گەرچی كەموكوڕی لەو پڕۆژانە هەبووەو حكومەت و دەستەی وەبەرهێنان پێداچوونەوەی بۆ دەكەن و كێشە و كەموكوڕییەكان چارەسەر دەكەن، بەڵام لەبواری نیشتەجێبوونە ئەوەی تایبەت و پەیوەندی بە ئێمەیە ئەوە بەپێی یاسایی ژمارە7ی ساڵی 2008ە كە لە 2011هەمواركراوەتەوە كار دەكەین و بۆ ئەو مەبەستەش بەشی یەكەمی پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون لە ساڵی ڕابردوو چۆتە قۆناغی جێبەجێكردنەوە و ئەمساڵیش بەشی دووەمی ئەو پڕۆژەیە كە 5000یەكەی نیشتەجێبوونە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان دەچێتە تەندەرین و جێبەجێ دەكرێت، پڕۆژانەی بەپێی ئەو یاسایە دەكرێن بۆ خەڵكی دەرامەت سنووردارە و چوار مەرجی سەرەكی تێدایە بۆ ئەو كەسانەی لەم پڕۆژەی یەكەی نیشتەجێبوونەی حكومەت و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن سوودمەند دەبن. یەكەم: دانیشتووی هەرێمی كوردستان و ئەو ناوچەو شارو شارۆچكەیە بن كە یەكەكەی لێوەردەگرن، دووەم مەرجی: دەبێت ئەو كەسەی یەكەكە وەردەگرێت هیچ سوودمەند نەبێت لە پڕۆژەیەكی نیشتەجێبوون كە لەلایەن حكومەتی هەرێم ئەنجامدرا بێت. سێیەم: ئەو كەسە دەبێت خاوەنی هیچ یەكەیەكی نیشتەجێبوون نەبێت. مەرجی چوارەمیش ئەوەیە كە پێشینەی خانووبەرەی لەحكومەت وەرنەگرتبێت و بەپێی ئەو یاسایە ئەو كەموكوڕی و كێشانەی كە پێشتر لە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون هەبووە نامێنێت، هەروەها هەندێ ڕێنمایی و مەرجی تر لە یاساكە هەیە بۆ ئەو كەسەش كە لەم یەكانەی حكومەت و وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە سوودمەند دەبێت ئەو مەرجانەش ئەوەیە كە نابێت ئەو یەكانە تا 10ساڵ كڕین و فرۆشتنی پێوەبكرێت و بەبێ پێشەكی و قستەكانیش لەو كاتەوە دەست پێدەكات كە كلیلی یەكەكە وەردەگرێت نەك پێشەكی و قستەكەش درێژخایەنە بۆ ماوەی 25ساڵە، ئەو پڕۆژەیەش ئەوانەی لەساڵی ڕابردوو دەستی پێكردووە ئەوە چاوەڕوان دەكەین لەساڵی 2013ەدا تەواو ببن و بەخەڵك بدرێت.
تەندەری پرۆژەكان
لەكۆتایدا سەبارەت بەكەموكورتیەكانی بواری بەڵێندەرایەتی و كۆمپانیاكان كامەران ئەحمەد وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردن وتی:( هەر كۆمپانیایەكی ناوخۆ یا بیانی چەند توانای بەرزبێت پێش ئەوەی بەشداری تەندرینی پڕۆژەكان بكات هەڵسەنگاندنی كارو ئیشی پێشەكی بۆ دەكەین، دواتر لەتەندەرەكان و كێبڕكێدا بەشدار دەبێت، چونكە مەرج نییە ئەو كۆمپانیا زەبەلاحانەی ئەوروپی یا ئەمریكی لەوڵاتانی خۆیان سەركەوتوون بەهەمان شێوە كار بكەن و لە لای ئێمەش سەركەوتوو بن، بۆیە مەرج و ڕێنماییەكان بۆ وەرگرتنی تەندەرە نەك پڕۆژە وردو هەستیارو گرنگەكان.
Top