شەقڵاوە لەلایەنی گەشتیارییەوە بۆ كوردستان گرنــگە بۆیە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە
July 19, 2012
راپۆرتەکان
زۆربەی كۆڵانەكان گرفتی ئاوەڕۆیان هەیە
گوندەكان پرۆژەی ئاودێرییان پێویستە
شەقڵاوە بێ پاركە
باخ و دارودرەختەكان بەرەو وشكبوون دەچن
وەزارەتەكان ڕۆڵیان لە ئەنجامدانی كارو پڕۆژەكان كەمە
نەبوونی بینایە بۆ داینگاو باخچەی ساوایان
قایمقامی شەقڵاوە بۆ(گوڵان):
شەقڵاوە بودجەكەی زۆر كەمەو وەكو قەزایەكی گەشتوگوزاری حسابی بۆ ناكرێت
كەموكوڕی و گرفتی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان
هاووڵاتیانی قەزای شەقڵاوەو سنوورەكەی گلەیی و گازندەیان لەسەر كەمی و نەبوونی كارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان دەربڕی، ئەمە لەكاتێكدا ئەم قەزایە بەشارۆچكەیەكی گەشتیاری دادەنرێت، لە گەڕەكی سەرمەیدان هاووڵاتی سەروەت ڕەشید كە ماڵی لەو گەڕەكە بوو كە بەگەڕەكی دووی سایدەكە ناسراوە وتی: ماوەی سێ ساڵە شەقام و كۆڵانەكانی گەڕەكەكەمان هەڵكەندراوەو شەقامەكە دروست نەكراوە و ئێستاكە گرفتی هەڵكەندنی پڕۆژەی ئاوەڕۆشی هاتۆتە سەروو كۆڵان و شەقامەكان بەكەڵكی هاتوچۆكردن نەماون بەتایبەتی لەوەرزی زستان منداڵەكانمان لە هاتوچۆكردن بۆ قوتابخانە تووشی زەحمەتیەكی زۆر دەبنەوە، لە ساڵی ڕابردوو لەبەر دەمی ماڵەكەم تا نزیك دوو سایدەكە بۆ هاتوچۆكردن بلۆكم دانابوو، لەلایەكی تر لەبواری خزمەتگوزاری تر وەكو فڕێدانی زبڵوخاشاك كێشە هەیە و ڕۆژانە زبڵوخاشاكی ماڵەكان بەپێی پێویست كۆناكرێتەوەو فڕێنادرێت، بەڵام لەلایەنی خزمەتگوزاری وەكو پەروەردەو تەندروستی و گەشتیاری كارو پڕۆژەمان بۆ كراوە، بەڵام شەقڵاوە لەلایەنی گەشتیاری بۆ كوردستان زۆر گرنگە بۆیە پێویستی بە ئاوڕلێدانەوەی زیاتر هەیە. لەگەڕەكی سەفینی سەر مەیدانیش هاووڵاتی ئەحمەد مەجید وتی: بەشێوەیەكی گشتی لە بواری خزمەتگوزارییەكانی ئاو و ئاوەڕۆو فڕێدانی زبڵوخاشاك و كۆڵان و شەقامەكان كێشەو كەموكوڕیمان زۆرە پێویستە پێش هەموو شتێك هەوڵدرێت ئەو پڕۆژەی ئاوەی لەژێر جێبەجێكردنە لەكاتی خۆی تەواو بكرێت كە كێشەی ئاویخواردنەوەی قەزاكە بۆ ماوەی چەندین ساڵ چارەسەر دەكات، هاوكات لە گوندەكانی سنوورەكە كێشەی خزمەتگوزاری زۆر هەیە بە تایبەتی نەبوونی پڕۆژەی ئاودێری و كەمبوونی ئاوی ژێر زەوی كە سەرەڕای ئەم گرفتە حكومەت ڕێگا نادات بیری سوری لەسنوورەكەو گوندەكان لێبدرێت. لەلایەكی ترەوە نەبوونی ئاوەڕۆ گرفتێكی تری هاووڵاتییانە لەمبارەیەوە هاووڵاتی عوسمان عبدولحەمید پێی وایە لە هەموو گەڕەكەكانی سەرمەیدان و ناو شەقڵاوەش كێشەی سەرەكی نەبوونی ئاوەڕۆی كۆڵانەكان هەیە، هەر بۆیە ڕۆژانە خۆمان دەبێت جۆگەلەكان پاك بكەینەوە، ئەمەش جگە لە پیسی و خراپی بۆ تەندروستی و بۆنی ناخۆش هەراسانمان دەكات و لەگەڵ شارێكی گەشتیاری ناگونجێت، ئەگەر بەمشێوەیەی ئێستاكە خۆمان جۆگەلەكان پاك نەكەینەوە ئەوە دەگیرێن و ئاوی پیسی ماڵان لە ناو كۆڵان و شەقامەكان كۆدەبێتەوە، لەم ماوەیەشدا هەندێ ڕۆژ ماوەی كارەباكە كەمبۆتەوە.مەلا فرهاد كە خەڵكی باسەرمەبوو لە مەسیف سەڵاحەدین كاری دەكرد وتی: بۆ هەندێ مامەڵە دەبێت سەردانی قایمقامیەت و قەزای شەقڵاوە بكەین هەر بۆ نموونە ئێستا ئێمە بۆ مامەڵەی ڕەگەزنامە هاتووینەتە شەقڵاوەو لەم كارەشدا ماندوو دەبین و خەرجی هاتوچۆشمان پێویستە، بەپێویستی دەزانم ئەو مامەڵانەی لە قەزاكە دەكرێت بۆ ناحیەكانی سنوورەكەش بگوازرێتەوە تاوەكو خەڵك هاتوچۆ نەكەن، لەلایەكی تر هاتوچۆكردن ئێستاكە لەناو مەسیف بەدیوی هوتێل میدیاوە زۆر زەحمەت بووە، لەبەر ئەوەی پڕۆژەی ڕێگا سەرەكییەكە لەژێر ئەنجامدانەو لەلایەنی ئاویخواردنەوەش بۆ چارەسەركردنی كێشەو گرفتەكە پڕۆژەیەكی ئاو هەبوو كە تائێستا تەواو نەبووە و خەڵكی بێ ئومێدبوون لەجێبەجێكردنی. سەبارەت بەنەبوونی پاركێك لەقەزاكە هاووڵاتی حەكیم عەلی لە گەڕەكی گوڵانی سەرمەیدان وتی: پێش هەموو كارو پڕۆژەیەك پێویستە پاركێكی شیاو بۆ شەقڵاوە دروست بكرێت، ئەوە بۆ ماوەی دوو ساڵ دەچێت شوێنی پیشەسازی شەقڵاوە بەمەبەستی دروستكردنی ئەم پاركە چۆڵكراوە كەچی هیچ پڕۆژەیەك لەمبارەوە دیار نییە، ئەم هاووڵاتییە باسی گرفتێكی تری تایبەت بەتەندروستی كرد ئەویش نەبوونی پزیشكی پسپۆڕو شارەزا و ئافرەتانە لەنەخۆشخانەكە، لەلایەكی ترەوەگرفتی تاپۆنەكردنی خانووەكان وەكو زۆربەی قەزاكان لێرەش هەیە لەمبارەیەوە ئەو هاووڵاتییە وتی: هەندێ لە خانووەكانی سەرمەیدان و شەقڵاوە بەتایبەتی لە گەڕەكی كاوانیان و میراوە كە گوندبووە كەوتوونەتە ناو سنووری شارەوانی تاپۆیان بۆ نەكراوە، داواكارین لەحكومەتی هەرێم بەزووترین كات كێشەی تاپۆی خانووەكانی هاووڵاتیان چارەسەر بكات.
سەبارەت بەلایەنی گەشتیاری كە پێویستە ڕەچاوی رێنمایی گەشتیاری بكرێت بەتایبەت لەپرۆژەكانی كەرتی تایبەت تاوەكو دیمەنی گەشتیاری شارەكە نەشێوێنرێت لەمبارەیەوە هاووڵاتی بورهان رەسول وتی: لەلایەنی گەشتوگوزاری بەپێی پێویست كار نەكراوەو زۆربەی ئەو پڕۆژانەی بۆ گەشتیاری لەلایەن كەرتی تایبەت دەكرێت و تەنیا بیر لە بەرزكردنەوەی بینایەو ئۆتێڵ و مۆتێل دەكەنەوە و كار لەسەر ڕێنمایی گەشتیاری ناكرێت و زۆربەی تابلۆو ناوی دوكان و شوێنەكانیشیان كراوەتە زمانی عەرەبی لەمەدا كەلتورو زمانی خۆمان فەرامۆشكردووە كە ئەمەش بۆ نەوە و دواڕۆژمان زۆر مەترسیدارە، هاوكات لە ناو شەقڵاوە ئاوی ژێر زەوی كەمی كردووە، هەر بۆیە زۆربەی بیرو كانییەكانی ناو گەڕەكەكانی شەقڵاوە وشكیان كردووە و باخ و دارودرەختەكانمان بەرەو وشكبوون دەچن و پێویستیان بە ئاودانە، ئەو ئاوەی هەیە تەنیا بەشی پێداویستی ماڵەكان دەكات و لایەنی پێوەنداری حكومەتیش بەتانكەر ئەو باخ و ڕەزو دارودرەختانە ئاو نادات، بەڵام ئەگەر پڕۆژەی ئاوەكەی شەقڵاوە تەواو بێت كێشەكەمان زۆر كەمتر دەبێتەوە، سەبارەت بەگرفتی هەڵاوسانی نرخ و گرانی كە لەوەرزی گەشتیاری هاووڵاتییان تووشی دەبن ئەم هاووڵاتییە وتی: نرخی كەلوپەل و سەوزەو میوە لە بازاڕدا بەردەوام لە هەڵكشانە بەتایبەتی لەوەرزی گەشتیاری و هیچ لێپێچینەوەو بەدواداچوونیش لەمبارەوە نابینین. هاووڵاتی قاسم قادر لە گەڕەكی دەنگارە سەبارەت بەشێواندنی رووی سروشتی شەقڵاوە وتی: زەوی سنووری شارەوانی قەزاكە بەشی زۆری تا دەگاتە گرد و شاخەكانیش بۆ كابینەو خانووی گەشتیاری بەكار هاتووە، ئەو كەسانەی ئەو پڕۆژانەش دەكەن بەدەگمەن خەڵكی قەزاو سنوورەكەن و بیر لە جوانی و پاراستنی ژینگەی شەقڵاوەو سنوورەكە ناكەنەوە، بەڵكو تەنیا بیر لە قازانج و گیرفانی خۆیان دەكەنەوە، هەربۆیە ڕەچاوی جوانی سروشتەكەیان نەكردووەو خەریكە شەقڵاوە كە بەباخ و جوانی سروشت ناسرابوو ئەم خەسڵەتە لەدەست دەدات.
بۆ بەدواداچوون لەسەر رەخنەو داواكاریی خەڵكی سنووری ئیدارەی شەقڵاوە بەتایبەتی سەنتەری شەقڵاوە، چەند پرسیارێكمان رووبەرووی (ڕزگار حەسەن) قایمقامی قەزای شەقڵاوە كردەوە، كە بەڕاشكاوانە پەنجەی خستەسەر كەموكوڕییەكان و داواكارییەكانیان و وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە .
سێ ساڵە لەبەر یەك واژوو
ماستەرپلانی شەقڵاوە پەسەند نەكراوە
سەبارەت بەفراوانبوونی سنووری شارەوانی و گەڕەكەكانی نیشتەجێبوون و ئەنجامدانی پرۆژەكان كە پێویستی بە ماستەرپلان هەیە قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: شەقڵاوە بەهۆی ئەوەی شوێنێكی گەشتیاری زۆر جوان و ئاوو هەوا خۆشە و سروشتی جوانی چیای سەفینە، سروشت و كلتوری خەڵكی شەقڵاوەش كە دەتوانن لەگەڵ گەشتیاران بەباشی و دروستی هەڵسوكەوت بكەن كە ئەمانە زیاتر وایكردووە شەقڵاوە بە شوێن و شارێكی گەشتیاری گرنگ و لەبەرچاو بژمێردرێت، ئەمە جگە لەنزیكی لە شاری هەولێرەوە، بۆیە خەڵكێكی زۆری گەشتیار بەبەردەوامی سەردانی شەقڵاوە دەكەن، شەقڵاوە ئێستاكە ماستەرپلانی بۆ دانراوە، بەڵام بەداخەوە بۆ ساڵی سێیەم دەچێت ئەو ماستەرپلانە تەنیا لەبەر یەك واژوو لەناو وەزارەتی پێوەندار دێ و دەچێت و پەسەند ناكرێت، ئەوەش بۆتە جێگای ناڕەزایی ئێمە وەكو ئیدارە لەبەر ئەوەی لە هەموو كارو ئیش و پڕۆژەیەك پەكمان دەكەوێت و لەبەر پەسەندنەكردنی ئەو پڕۆژەیە لەلایەك و لەبەرئەوەی هاووڵاتی خۆی بەخاوەن زەوی دەزانن و لە هەمان كاتیشدا حكومەت خۆی بەخاوەن زەوییەكان دەزانێت، بەڵام بە پەسەندكردنی ماستەرپلانەكە دەتوانرێت كوژاندنەوە بۆ زەوییەكان بەپێی یاساو ڕێنمایەكان ئەنجام بدرێت و ببینە خاوەن زەوی و ئەو پڕۆژانەی كە دەتەوێت لە بواری وەبەرهێنان چ لە بواری گەشتیاری بێت بە هاووڵاتیانی بدەیت و ئەنجام بدرێت، لەو كاتەدا كە ماستەرپلانەكە پەسەند دەكرێت قەزاكە گەشەكردنێكی باشترو زۆرتر بەخۆیەوە دەبینێت. لەلایەكی تر بەهۆی دواكەوتنی ماستەرپلانەكە ئەو زەویانەی لەناو سنووری شارەوانیین كە زۆربەیان موڵكی تەواوی هاووڵاتیانە كە بەشێكی بەزێدەڕۆیی خانوو و بینا و بەشێكی كارو پڕۆژەی لەسەركراوە، بۆیە دەتوانم بڵێم ماستەرپلانەكە زۆر گرنگی نەماوە، هەروەها كێشەیەكی ترمان هەیە كە چارەسەركردنی زۆر زەحمەتە ئەویش ئەوەیە كە خەڵكێكی زۆر زەوییەكانی خۆیان لەكاتی هەڵمەتی زێدەڕۆیدا بە نایاسایی لە نێوان خۆیان دابەشكردووە و حكومەتیش ئەو زەویانەی دابەشكردۆتەوە، لێرەدا كێشەیەكی گەورە دروستبووە، چونكە خاوەن زەوی هەقی خۆیەتی داوای ماف و قەرەبوو بكات و حكومەتیش مافی دابەشكردنی ئەو زەویانەی هەیە.
وشكبوونی دارودرەختەكان
سەبارەت بە بڕینەوەی دارودرەختەكانی شەقڵاوە كە زیانێكی گەورە بەشارەكەو ژینگەو كەرتی گەشتیاری دەگەیەنێت قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: بڕینەوەو نەمان و كەمبوونەوەی دارودرەخت لەناو شارۆچكەی گەشتیاری شەقڵاوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی ئەو دیمەنە جوان و كەشە فێنك و خۆشە، ئەمەش بۆ كێشەی وشكەساڵی دەگەڕێتەوە كە لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ڕوویداوە و كاریگەریشی لەسەر قەزاكەی ئێمە هەبووە كە لە ئەنجامدا ئاوی ژێر زەوی كەمی كردووەو چەندین كانی و بیر لە شەقڵاوەو لەناو باخ و ڕەزەكان وشكی كردووە، ئێمەش لەبەر ئەو ڕووبەرە زۆرەی دارو درەختەكان نەمانتوانی بەتانكەر ئاویان بدەین، چونكە ناو شەقڵاوە 6كیلۆمەترە و ئەو ڕووبەرەش زۆرە و ناتوانرێت بە تانكەر ئاو بدرێت و بۆی هەیە یەك باخچە زیاتر لە 20 تانكەری ئاوی بووێت و بە سەدان باخچەش هەیە، لە ئەنجامدا دارو درەختێكی زۆر وشكی كردو كەوتن و لەپاشان خەڵكەكەش ئەو دارو درەختە وشكبووانەیان بڕیوەتەوە. لەلایەكی تر لە ناو هەندێ لە گەڕەكەكانی شەقڵاوە بەهۆی كەمبوونەوەی ئاوی ژێر زەوی كێشەی ئاویخواردنەوەش ڕوویداوە بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتانەش پڕۆژەیەكی گەورەی ئاو لەژێر ئەنجامداندایە كە ئاو لە ڕووباری قەندیلەوە بۆ مەسیف سەڵاحەدین و كۆڕێ و لەپاشان بۆ قەزای شەقڵاوە دێنێت بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژە ستراتیژییە دەتوانین بەكارهێنانی ئەو بیرانەی لە ناو قەزاكە هەیە كەم بكەینەوە بەمەش كانیەكانی لەناو باخ و ڕەزەكانی ناو شەقڵاوە هەبوون دووبارە ئاویان تێدا گلبدرێتەوەو بتەقنەوەو ببنەوە سەرچاوەی ئاودانی دارو درەختەكان، هاوكات هەر بەم پڕۆژەیەی ئاوی ڕووباری قەندیل كێشەی كەمئاوی لەشەقڵاوە بۆ ماوەی چەندین ساڵ چارەسەر دەبێت.
لەشەوێكدا 5400گەشتیار دەتوانێت لە شەقڵاوە بمێنێتەوە
سەبارەت بە تواناو ڕێژەی حەوانەوی گەشتیار لە ناو شەقڵاوە قایمقامی قەزاكە وتی: شەقڵاوە لەشەوێكدا نزیكەی 5400گەشتیار دەتوانێت تیدا بمێنێتەوە، ئەمەش بە هۆی ئەو ڕێژە زۆرەی هۆتیڵ و مۆتێلی چوار ئەستێرەییەوە كە لەم ساڵانەی دوایی دروستكراون تەنانەت ئێستا ئۆتێلی 5ئەستێرەشی هەیە و هاووڵاتیانی شارۆچكەكەش باخچەكانی خۆیان بۆ پێشوازی و حەوانەی گەشتیاران ئامادەكردووە، هەروەها 12 ئۆتێلی تر لەلایەن كەرتی تایبەت تەواو بوون 6ئۆتێلیش هەر لە لایەن كەرتی تایبەتەوە لەژێر ئەنجامدانن، دەتوانین بڵێین كەرتی تایبەت لەبەرەوپێشبردنی كەرتی گەشتوگوزاری لە شەقڵاوە ڕۆڵێكی باش و بەرچاوی هەیە، هاوكات هەر لەلایەن كەرتی تایبەتەوە كارو پڕۆژەی تری گەشتیاری زۆر لە دیزاین و ئامادەكردن و لەژێر جێبەجێكردندان. هەر پڕۆژەیەكی گەشتیاری بۆ شەقڵاوە هەبێت بڕیارەكەی لەلای ئێمەوە تاوتوێ دەكرێت و لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكانی تر وردەكارییەكان دەخەینەڕوو و لەپاش ئەوەی وەبەرهێن زەوی بۆ خۆی دابین بكات و پڕۆژەكە لەگەڵ ماستەرپلانەكەی پەسەند دەكرێت بگونجێت، بەنووسراوێك بۆ سەرووی خۆمان بەرزی دەكەینەوە. هەروەها گەورەترین گرفتمان ئەوەیە كە ئەو بودجەی بۆ شەقڵاوە تەرخان دەكرێت زۆر كەمە، هەر وەكو قەزایەكی تر حیسابی بۆ دەكرێت، لەكاتێكدا هەموومان دەزانین شەقڵاوە قەزایەكی گەشتیاری بەرچاو و ناسراوە. ئەگەر قەزایەكی گەشتیاری نەبین ئەوە دەتوانین تەنیا گرنگی بە كارو پڕۆژەی خزمەتگوزاری وەكو قیڕتاو و كۆنكرێت و شۆستە دروستكردنی شەقام و كۆڵانەكان بدرێت یا پڕۆژەی تری هاوشێوەی ئەو كارو پڕۆژانە، بەڵام دەبێت جگە لەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانە گرنگی بەبواری كارو پڕۆژەی گەشتوگوزاریش بدەین. لەلایەكی تر ناڵێم پڕۆژە نەكراوە، و ئەو پڕۆژانەی كە ئەنجام دەدرێن زۆربەی لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگایە و وەزارەتەكان ڕۆڵیان لە ئەنجامدانی كارو پڕۆژەكاندا زۆر كەمە بەتایبەتی وەزارەتی شارەوانی گەشتوگوزار و بازرگانی و پیشەسازی و كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو.
سەنتەری قەزای شەقڵاوە و ناحیەكانی
گەراج و كوشتارگە پاركێكیان نییە
سەبارەت بە نەبوونی هەندێ كارو پڕۆژەو شوێنی خزمەتگوزاری كە لەلایەن هاووڵاتیانیش گلەیی و داواكاری لەسەرە هەر وەكو نەبوونی پارك و گەراجی ئۆتۆمبیڵ قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: گلەیی و داواكاری هاووڵاتیان لەم بوارانەوە هەقەو كەس ناتوانێت نكۆڵی لێ بكات هەر بۆ نموونە لە هەموو سنوورەكە بەناحیەكان و سەنتەری قەزاكەشەوە پاركێكیان نییە تاوەكو هاووڵاتیان بەتایبەتی هەژارو كەمدەرامەتەكان ڕووی تێ بكەن، لەم قەزایەی شەقڵاوە تەنیا پاركێكی بچوك هەیە كە ڕووبەرەكەی تەنیا 500مەتر دووجایەو كە لەساڵانی پەنجاكان دروستكراوە و ناوچەی پیشەسازی كە ماوەی دوو ساڵە چۆڵكراوە و بڕیاربوو بكرێتە پاركێكی گشتی، تا ئێستا هەروەكو خۆی ماوەو كاری لەسەر نەكراوە، هەروەها كێشەیەكی تری بەرچاو لەناو سەنتەری قەزاو ناحیەكانی سنوورەكەدا هەیە ئەویش نەبوونی گەراجی گواستنەوەیە، لەلایەكی تر كوشتارگەیەكی گەورەو تەندروست پێویست بوو لە شەقڵاوەو مەسیف و هەریر هەبێت لەم لایەنەشەوە فەرامۆشكراوین و چەندین جاریش داوای ئەو جۆرە پڕۆژانەمان كردووە. بەڵام تا ئێستاكە هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرتۆتەوە.
كێشەی ئاویخواردنەوە
سەبارەت بە كێشەی ئاویخواردنەوەو دواكەوتنی تەواوبوونی ئەو پڕۆژەیەی ئێستا لەژێر جێبەجێكردنە قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: كێشەی كەمئاوی تاڕادەیەك لە ناو سەنتەری قەزاو گەڕەكەكان هەیە، بەڵام بۆ چارەسەری ئەو گرفتانە پڕۆژەیەكی ستراتیژی لە قۆناخەكانی كۆتایدایە، كە ئاو لە ڕووباری قەندیل دێنێت بۆ مەسیف و كۆڕێ و شەقڵاوە و هەموو پڕۆژەیەكیش بەناو ئاوەدانیدا بڕوات هەندێ گرفت و بەربەستی دێتە پێش كە دەبێتە هۆی زەحمەت و تاڕادەیەكیش دواكەوتنی پڕۆژەكە، چونكە ئەو پڕۆژەیەی ئاو زۆر بەربەستی هاتۆتە بەردەمی بەتایبەتی بەهۆی ئەو دوورییەی كە بە ژمارەیەكی زۆر گوند تێپەڕیووە و هەندێك گرفتی كارەباشی هەبوو، ئەمانەش هەر هەموو ئێستا چارەسەركراوە و پڕۆژەكە لەدواقۆناخە پێشبینی دەكرێت لە كۆتایی مانگی 7ی 2012 پرۆژەكە تەواوە بێت و دەستبەكاركردن بكات و بچێتە بواری خزمەتكردنی هاووڵاتیانەوە. هاوكات لە گوندەكانی سنوورەكەش كێشەی كەمئاوی هەیە زیاتر لەبەر ئەوەیە كە لەسەرەتای ئاوەدانكردنەوەی گوندەكان لەدوای ڕاپەڕین هەندێ پڕۆژەی بچوكی ئاویخواردنەوە بۆ گوندەكان لەلایەن چەند ڕێكخراوێكی جیهانی بۆیان ئەنجامدرا، بەڵام ئێستاكە گوندەكان بە هۆی پێشینەی خانووبەرەو زۆر هۆكاری تر زیاتر قەرەباڵغ بوون و ئاستی ئاوی ژێر زەویش دابەزیووە بۆیە ئەو گوندانە پێویستیان بە پڕۆژەی تری ئاو هەیە و لەوانەی كێشەی ئاویان هەیە بیرمان بۆ لێداون و لێرەدا زیاتر كێشەكە دەردەكەوێت و گەورە دەبێت ئەوەیە كە زیاتر لە 10گوندم هەیە ماوەی چوار ساڵە بیریان بۆ لێدراوە بەڵام بە تۆڕی ناو ماڵەكان نەبەستراوەتەوە، لەلایەكی ترەوە لێدانی بیری سوری قەدەغەكراوە، چونكە كاریگەری لەسەر بەروبوومی دێمی و خۆرسك هەیە كەوا دەكات ئاوەكە كەم یا وشك بكات لەو كاتەشدا دارو درەخت و بەروبوومی دێمی زۆر وشك دەكات و لەناو دەچن، ئەمەش كاریگەری لەسەر دابینكردنی ئاویخواردنەوە هەیە كە پێشتر بەم ڕێگایە چارەسەری كێشەی كەمئاویمان دەكرد.
ئەولەویەتی پڕۆژەكان
سەبارەت بە گەڕەكەكانی سەرمەیدان بەتایبەتی گوندی كاوانیان و میراوە كە ئێستاكە گەڕەكن و لەناو سنووری شارەوانی شەقڵاوەدان كە كێشەی نەبوونی ئاوەڕۆ و خراپی شەقام و كۆڵان و شۆستەكانیان هەیە قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: ئەو شوێن و گەڕەكانە هەندێكیان بە زێدەڕۆیی دروستكراون ئێمە ناڵێین بەرنامەمان بۆ ئەوانە نییە، بەڵام ئێستا بەرنامەی جیدی بۆ ئەو شوێن و گەڕەكانەیە كە ساڵانێكە چاوەڕوانی ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانە دەكەن، ئێمەش ئێستا لە بەرنامەو پلانەكاندا ڕیزبەندی یەكەمی كارو پڕۆژەكان دەدەینە ئەو گەڕەك و كۆڵان و شوێنانەی ناو قەزای شەقڵاوە، ئەو شوێنانەش هەندێ گەڕەك و شوێنی سەرمەیدان و بێترمەیە و ئەو پڕۆژانەی بۆ ئەو شوێنانە دەكەین پڕۆژەی قیڕتاو و كۆنكرێت و شۆستەی شەقام و كۆڵانەكانە و ئاوەڕۆ و باشتركردنی كاری هەڵگرتنەوەی و خۆ ڕزگاركردنە لە زبڵوخاشاكی ناو گەڕەك و كۆڵانەكان.
لەوەرزی گەشتیاریدا كارەبای زیاترمان پێویستە
سەبارەت بەپێشكەشكردنی خزمەتگوزاری كارەباو ئەو كێشەو گرفتانەی لەم كەرتەدا لەقەزاكە هەیە قایمقامی شەقڵاوە ئاماژەی بەوەدا كە ئێستاكە لەناو هەموو شەقڵاوە تۆڕی كارەبا نوێكراوەتەوە و لەماوەی ڕابردوو كارەبا زۆر دەكوژایەوە، بەڵام ڕێكەوتنێكمان لەگەڵ فەرمانگەو لایەنی پێوەنداری كارەبا كردووە كە لەمەودوا ڕۆژانە تەنیا دوو تا سێ كاتژمێر كارەبا لە شەقڵاوە ببڕێت تاوەكو زیاتر گەشتیاران لە گەشتەكانیان سوودمەندبن، پێویستە لە قەزایەكی گەشتیاری وەكو شەقڵاوە زۆر كەم كارەبا ببڕێت بەتایبەتی لەوەرزی هاویندا تاوەكو ئارەزووی گەشتیار لەسەر هاتنیان زیاتر بێت، لەلایەكی ترەوە كەموكوڕیمان لە ئۆتۆمبێلی سەلەی كارەبا هەبوو بۆ چاككردنەو پچڕانی تۆڕی كارەبا، بەڵام ئێستاكە لەبری یەك ئامێری سەلە كارەبا سێ سەلەمان بۆ هاتووە، لەڕووی میلاكاتەوە كەموكوڕیەك تا ڕادەیەك هەیە، بەڵام بەهیچ شێوەیەك لە هیچ بوارێك كاریگەری سلبی لەسەر ئیش و كارەكانمان نەبووە.
دەسەڵاتی ئیداریی و دارایی
سەبارەت بەدابەزاندنی دەسەڵات و هەبوونی یەكەی ژمێریاری قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: من زۆر بە ڕاشكاوی دەڵێم لە زۆربەی كۆبوونەوەكاندا كە ئەنجام دەدرێت باس لەوە دەكرێت كە دەسەڵاتەكان بۆ خوارەوە دادەبەزن، چونكە دابەزاندنی دەسەڵاتەكان وادەكات باشترو خێراتر كارو ئیش و مامەڵەو پڕۆژەكان ئەنجام بدرێت و لەگەڵ بەڕێز وەزیری ناوخۆش باسی دابەزاندنی دەسەڵاتەكانمان كردووە، چونكە زۆر جار لە هەندێ كارو ئیشی بچوك دەبێت نووسراو بۆ سەرووی خۆمان بكەین و ماوەیەكی باشیش چاوەڕوانی رەزامەندی و وەڵامدانەوەین هەر بۆ نموونە بۆ قوفڵێكی بچوكی تۆڕی ئاو كە لەكار بكەوێت یا پێویستی بەگۆڕین بێت دەبێت نووسراو بۆ لایەنی پێوەنداری سەرووی خۆمان بكەین پاش ڕەزامەندی ئینجا كارەكە ئەنجام دەدەین، ئەمەش زۆر لەكات و ڕۆتین دێنێتە پێشمان و بەربەستیشە لەبەر خێراكردنی كارەكانمان، بەهۆی ئەو نەبوونی دەسەڵاتانە ناتوانرێت كارەكان بەباشی و بەپێی پێویست جێبەجێ بكرێت. بەڵام وەكو بڕیار دابەزینی دەسەڵاتەكان ئومێد دەكەم بەزووترین كات بێتە بواری كاركردن و بڕیاری دانانی یەكەی ژمێریاریش بۆ یەكە ئیداریەكان هەیە و چاوەڕوانی دەستبەكاربوون و ئەنجامەكەی دەكەین كە بۆ بەهێزبوونی یەكە ئیدارییەكان پێویستە.
كێشەی كەرتی پەروەردە
سەبارەت بە كێشەو گرفتی كەرتی پەروەردە بەتایبەتی لەڕووی میلاكات و بینایەی قوتابخانەوە قایمقامی قەزای شەقڵاوە وتی: كەرتی پەروەردە لە سەنتەری قەزاو سنوورەكە زۆر باشە و ژمارەیەكی باش بینایەی قوتابخانە دروستكراوە، بەڵام ئەوەی گلەیی و داواكاریمان لەمبوارە لەسەری هەیە نەبوونی بینایەیە بۆ داینگاو باخچەی ساوایان بۆیە بە پێویستی دەزانین هەڵمەتێك بۆ ئەو بوارانە بكرێت و گرفتی میلاكات هەیە ئەویش ئەوەیە كە ئەو مامۆستایانەی لە سنوورەكە دادەمەزرێن پاش ماوەیەكی بە واسیتە یا بە هەر ڕێگایەك بێت خۆی دەگوازێتەوە و لە هەندێ گوندیش كە 30تا 40قوتابیان هەیە وتەنیا یەك مامۆستا وانەیان پێ دەڵێتەوە، ئەمەش كێشەیەكی پەروەردە و فێربوونی گەورەیە و یا نەبوونی هەموو قۆناغەكان لەهەندێ لەگوندەكان بە تایبەتی قۆناغەكانی 7و8و9 نییە ئەمەش وایكردووە قوتابیان زەحمەتی لە هاتوچۆ دەبینن و ئەمە زیاتر بۆ قوتابیانی كچ زەحمەتە و هەر لەبەر ئەمەشە هەندێك خێزان كچەكانیان لە خوێندن دادەبڕێن. بۆیە لێرەدا داواكارین بە هەر 5 گوندی نزیك یەك بینایەكی تەواوی قۆناغەكانی بنەڕەتی لێ دروست بكرێت و ئەو كێشانەی لە گوندەكان هەیە چارەسەر دەبێت.
كەموكوڕی تەندروستی
لەكۆتایدا قایمقامی قەزای شەقڵاوە ئاماژەی بەوەدا كە نەخۆشخانەیەكی باش لە ناو سەنتەری قەزاكە هەیە و لە ناحیەو سنوورەكەشدا كەرتی تەندروستی كێشەو گرفتی كەمە، تەنیا لەوە نەبێت كە لە نەخۆشخانەی ناو شەقڵاوە پێویستمان بە تیمێكی پسپۆڕی نەشتەرگەری هەیە و هەندێ جار لەكاتی نەشتەرگەرییەكاندا دەبینین و دەڵێن پزیشكی هۆشبەرمان نییە و لە هەندێ ئامێرو داودەرمانیش كەموكوڕیمان هەیە و بڕیاربوو لە نێوان ناحیەی هەریرو باسرمە نەخۆشخانەیەكی چەند قەرەوێڵەیی دروست بكەن و ئەمەش تائێستاكە لەبەر نەبوونی بودجە جێبەجێ نەكراوە.