سیدەكان.. ســێگۆشەی سنوور ..تۆپباران ئاستەنگە لەبەردەم ئـاوەدانــكردنـەوەی گـوندەكان

سیدەكان.. ســێگۆشەی سنوور ..تۆپباران ئاستەنگە لەبەردەم ئـاوەدانــكردنـەوەی گـوندەكان
سیدەكان ناوچەیەكی سێگۆشەیە لەنێوان سنووری ئێران و توركیاو هەرێمی كوردستان، دەڤەرێكی كوێستانی بەرفراوانە و لەوەڕگاو مێرگ و باخ و بێستان و دارودرەختێكی یەكجار زۆری هەیە، ساڵانە ڕەوەند و مەڕدارانی ناوچەكانی تری كوردستان ڕوو لەم سنوورە دەكەن، ئەم شارۆچكەیە چەندین جار بەر شاڵاوی وێرانكردن و راگوازتن كەوتووە. سیدەكان لە ساڵی 1932 بۆتە ناحیەو سنوورەكەی 254 گوند لەخۆ دەگرێت و 140 گوندی ئاوەدانكراوەتەوە، گوندەكانی تر لەبەر بارودۆخی سەرسنووریی ئاوەدان نەكراونەتەوە، ڕووبەری ناحیەی سیدەكان 1624 كیلۆمەتر دووجایە، ژمارەی دانیشتووانەكەی بە گشتی (14) هەزار كەسە. خەڵكی سنووری سیدەكان بەتایبەتی گوندنشینان بەكاری باخ و كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریكن، سنووری سیدەكان سەرچاوەیەكی گرنگی بەرووبوومە شیرەمەنییەكانە بۆ كوردستان بەتایبەتی بۆ شاری هەولێر و سۆران بەروبوومەكانیش وەكو ماست و پەنیر و ژاژی و دۆو كەرە و جۆرەكانی تر، هاوكات جوانی سروشت و چیا و شاخ و مێرگ و باخ و دارستانەكانی وایكردووە كە بنەماكانی گەشتوگوزاری بەهێزی هەبێت ساڵانە لە وەرزی گەرما و هاوین خەڵك و گەشتیارێكی زۆر ڕووی تێدەكەن.



ئەحمەد قادرە سوور بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان بۆ(گـوڵان):
هیچ پرۆژەیەكی گەشتیاری لەلایەن حكومەت و كەرتی تایبەت ئەنجام نەدراوە

ناحیەی سیدەكان لەسەردەمی رژێمی بەعس بەرشاڵاوی خاپووركردن و ڕاگوازتنەوە كەوتووەو ژێرخانی خزمەتگوزاریەكانی وێرانكرا، لە دوای ساڵی(1991)وە لەبەر بارودۆخی سنووریی نەتوانراوە بەپێی پێویست ئاوڕی لێبدرێتەوە، لە بەسەركردنەوەیەكی گۆڤاری (گوڵان) بۆ ناحیەی سیدەكان و سنوورەكەی بە گشتی، چەند هاووڵاتییەكی سەنتەری ناحیە و سنوورەكەمان دواند، گلەیی و گازاندەیان هەبوو بەتایبەتی لە بواری ڕێگاوبان و پەروەردە و كەمی ئاوی خواردنەوە و پرۆژەكانی تری خزمەتگوزاری، گلەیی و گازاندەو داواكاری هاووڵاتیان و چەند پرسیارێكی ترمان لە (ئەحمەد قادرە سوور) بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان كرد، بەم شێوەیە وەڵامی پرسیار و ڕەخنە و داواكاریەكانی دایەوە.
بەدرێژایی(20) كیلۆمەتر ئاو بە بۆڕی لە كوێستانەكانەوە ڕادەكێشرێت
ناحیەی سیدەكان بەپێی هەڵكەوتەی جوگرافیا و سروشتەكەی سەرچاوەی ئاوی زۆرە بەتایبەتی ئاوی كانی، بەڵام وەكو دەزانین لەسەردەمی حكومەتی عێراقی لەگەڵ وێرانكردنی ناوچەكە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی ناحیەكە و سنوورەكە تێكدراون، لەمبارەوە بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی: ناحیەی سیدەكان لە چوارچێوەی ئەو شوێن و ناوچانە بووە كە لەسەردەمی بەعس بەرشاڵاوی خاپووركردن و ڕاگوازتنەوە كەوتووە، بۆیە ژێرخانی خزمەتگوزاری بەگشتی داتەپێوەو پرۆژەو سەرچاوەكانی ئاوی خواردنەوەش یەكێكە لەم بوارانەی خراپ كرابوو، لە دوای راپەڕین و دەستبەركاربوونی حكومەتی هەرێمی كوردستان كارێكی قورس كەوتە سەر شانی حكومەتی كوردستان كە پرۆژەی خزمەتگوزاریان بۆ ئەنجام بدات، یەكێك لەو كار و پرۆژانە ئاوی خواردنەوەیە، هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونی حكومەتی هەرێم كار و پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئەنجامدا، ئێستا كە سنوورەكە لە (80%)ی گرفتی ئاوی خواردنەوەی نییە و ساڵانەش چوار تا پێنچ گوند پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی بۆ ئەنجام دەدرێت، سەنتەری ناحیە پرۆژەیەكی باشی ئاوی خواردنەوەی هەیە، بەڵام سەرچاوەی پڕۆژەكە ئاوی كەم كردووە، بۆیە داوای پرۆژەیەكی ترمان كرد بۆ چارەسەركردنی گرفتەكە، بۆ ئەو پرۆژەیەش لەلایەن حكومەت و لایەنی پێوەندارەوە دەرخستەكراوە كە بەدرێژایی(20) كیلۆمەتر ئاو بە بۆڕی لە كوێستانەكانەوە ڕادەكێشرێت بۆ سەنتەری ناحیە و لە ئایندەیەكی نزیكدا بە ئومێدین ئەم پرۆژەیە جێبەجێ بكرێت، بە گشتی لە وەرزی هاوین بەتایبەتی لە وشكە ساڵی گرفتی ئاوی خواردنەوە ڕووبەڕووی ناوچەكە دەبێتەوەو لەو كاتەشدا بەتانكەر ئاوی خواردنە بەتایبەتی بۆ گوندەكان دابین دەكەین، لەلایەكی ترەوە زۆر پرۆژەی گرنگی ئاوی خواردنەوە لە سیدەكان كراوە، بەڵام هەر تووشی گرفت و كەمی ئاو دەبین، چونكە زۆر جار ئاستی هۆشیاری لەبەكارهێنانی ئاوی خواردنەوە بەپێی پێویست نییە، بۆیە پێویستە لە ڕێگای ڕاگەیاندنەوە كار بۆ ئەوە بكرێت كە خەڵك بەڕێكوپێكی بەپێی پێویستی رۆژانەی خۆی ئاو بەكاربێنێ، نەك بە فیڕۆی بدات یا بۆ مەبەستی باخ و بێستان و باخچە و ...تاد بەكاری بێنێت، لەلایەكی تر چەند ناوچەكە ئاوەدان ببێتەوە و ژمارەی دانیشتووانەكەی زیاتر بێت، ئەوە زیاتر پێویستمان بە ئاوی خواردنەوە دەبێت.
خراپی ڕێگاوبانەكان ئاستەنگە لەبەردەم پرۆژەی گەشتوگوزاری
سەبارەت بە گەشتوگوزار، سیدەكان تایبەتمەندی خۆی هەیە، ئەگەر گرنگی پێبدرێت و كار و پرۆژەی گەشتیاری بۆ ئەنجام بدرێت زیاتر گەشە دەكات و خەڵك و گەشتیاران ڕووی تێدەكەن، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی: لەڕووی سروشتەوە سیدەكان شوێنێكی جوان و دڵڕفێنی گەشتیارییە، بەڵام بۆ برەودان و گەشەكردنی ئەم لایەنە، پێشەكی پێویستە تۆڕی رێگاوبانی سنوورەكە بەتایبەتی بۆ ناو مێرگ و باخ و دارستانەكان دروست بكرێت یا بەشێوەیەكی باش و گونجاو ڕێگاكانی رێكبخرێت كە بگونجێت بۆهاتوچۆ كردن، بۆیە لە كاتێكدا رێگاوبان بەپێی پێویست نەبێت ئەوە بواری گەشتوگوزاریش باش و پێش ناكەوێت، وەكو پێشتر ئاماژەم پێدا سنووری ناحیەكەمان وێران بووەو رێگاكان بەتایبەتی ئەوەی بۆ كوێستانەكان و شوێنە گەشتیارییەكان دەچێت خراپ و بێسەروبەر بوون، بۆیە هاتووچۆكردن ناخۆش و زەحمەتە، لەلایەكی ترەوە سەقامگیری سنوورەكانیش ڕۆڵی خۆیان لەبواری گەشتوگوزاری دەبینن، چونكە لەو كاتەدا كەرتی تایبەت دەتوانێ بێت پرۆژە و كاری وەبەرهێنانی گەشتوگوزاری لە ناوچەكە ئەنجام بدات، ئێمەش لەو لایەنانەی پێوەنداربین هاوكاری و پاڵپشتیان دەكەین، بەڵام تا ئێستا هیچ پرۆژەیەكی گەشتیاری لەلایەن حكومەت و كەرتی تایبەت ئەنجام نەدراوە.
نەخشەی بنەڕەتی نییە و زێدەڕۆیی هەیە
سەبارەت بەوەی كە ماستەرپلان بۆ گەورەبوون و بەرفراوانی هەموو شارو شارۆچكەیەك، نەخشە ڕێگایەكی پێویست و گرنگە و هۆكارێكە كە پێش لە زێدەڕۆیی دەگرێتەوەو كێشەو گرفتی كوژاندنەوەی زەوی و تاپۆش چارەسەر دەكات، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی: بۆ گەورەبوونی شارو سەركەوتن لەكارو پرۆژەكان یەكێك لەو كارانەی پێویستە ماستەرپلانە، بەڵام ناحیەی سیدەكان تا ئێستا كە ماستەرپلانی نییە و لەسنوورەكەماندا كێشەی تاپۆش هەیەو لەلایەن شارەوانی جیاكردنەوەی زەوی ئەنجام نەدراوە، بۆیە بەبێ جیاكردنەوەو نەخشەی بنەڕەتی و دیزاین، خەڵك خانووی دروست كردووەو زێدەڕۆیی لەناحیەی سیدەكان هەیە، بەڵام رێگاگیراوە لە زێدەڕۆیی گەورە، بەتایبەتی ئەوانەی كە كاریگەریان لەسەر ناشیرین كردنی شارۆچكەكە هەیە، بۆ نموونە رێگامان گرتووە لە زێدەڕۆیی كردنە سەر شوێنی جووت سایدەكەی كە بەناو سەنتەری ناحیەكەدا دەڕوات، هەروەها زەوی شارەوانی و شوێنی پرۆژە خزمەتگوزاریەكان، هۆكاری سەرەكی زێدەڕۆیی لەناحیەكەدا نەكووژاندنەوەو جیانەكردنەوەی زەوییە، هەر بۆیەش ناتوانین پێش لەخەڵكەكە بگرین بۆ خانوو دروستكردن، چونكە بەردەوام خەڵك دەگەڕێتەوە بۆ شارۆچكەكەو پێویستی بە خانوو وشوێنی حەوانەوە و نیشتەجێبوونە لەو كاتەشدا لەبەرنەبوونی ماستەرپلان و نەكوژاندنەوەی زەوی زێدەڕۆیی هەر دەكرێت.
كۆكردنەوەی زبڵ و خاشاك
سەبارەت بە پاككردنەوە و خۆ رزگاركردن لە زبڵوخاشاك و ئەو كارو پرۆژەیەی پیادەی دەكەن بۆ ئەو مەبەستە چەند سەركەوتووە، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی: ساڵانی رابردوو بەپێی پێویست شارۆچكەكە پاك نەدەكرایەوە گەرچی شارەوانی بەكارەكانی خۆی هەڵدەستا، ناو شاری پاك دەكردەوە و زبڵۆخاشاكەكەی لە ژێر گڵ دەنا یا دەسووتێنرا، ئەمەش سیستەمێكی كۆنە و زۆر سەركەوتوو نییە، بەڵام ئەمساڵ پاككردنەوەی ناو شارۆچكەو خۆ رزگاركردن لە زبڵۆخاشاك دراوەتە كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت، ئەم كۆمپانیایە ڕۆژانە هەڵدەستێت بە پاككردنەوەی ناو كۆڵان و گەڕەك و شەقامەكانی سەنتەری شارو شەقامە سەرەكییەكانی كە دێت بۆ شارۆچكەكە، هاوكات زبڵو خاشاكەكە دەباتە شوێنێك لە دەرەوەی شار دەیخاتە ژێر گڵ یا دەیسووتێنێت، كارو ئیشی كۆمپانیاكە لە زۆرلایەنەوە باش و سەركەوتووە، بەڵام ژێر گڵ خستن یا سووتاندنی زبڵۆخاشاكەكە زۆر ترسناكە و هۆكارێكی سەرەكی پیسبوونی ژینگەیە.
كەمی ئامێرە خزمەتگوزارییەكان
سەبارەت بەوەی لە ناحیەی سیدەكان ئامێری پێویستیان هەیە، وەكو سەلەی كارەبا و شۆفڵ و بلدۆزەر و..تاد. یا ئەوە یەكێكە لە كەموكوڕی و گرفتەكانی سنوورەكە، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی: ئەو ئامێرانەمان نییە، جگە لەوەش ئەگەر ئەو ئامێرانەشمان هەبێت ئەوە پێویستی بە چاككردن و بودجەی تایبەت هەیە،ئەو ئامێرانە هەر هەموو گرنگی خۆیان هەیە، بۆ نموونە سەلەی كارەبا بۆ چاككردن و گرفتی كارەبا زۆر پێویستە.
نەبوونی مامۆستای پسپۆر لە ناوچەكە
سەبارەت بەبواری پەروەردە و كێشەی میلاكات و كەمی مامۆساتای پسپۆڕی وانەكان بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی: لە بواری پەروەردەییەوە لەبەر نەبوونی كادیر و پسپۆری پەروەردەیی و نەبوونی مامۆستای پسپۆر لە ناوچەكە كێشە و گرفتمان هەیە، واتە لە سنووورەكە كادیرو مامۆستاو دەرچووی خۆمان نییە، لەلایەكی تر هەر مامۆستایەك كە دادەمەزرێت و دێـتە ناوچەكە پاش تەواوكردنی ماوەی دیاریكراوی خۆی دەگوازرێتەوە و لە سنوورەكەمان نامێنێت، ئەمەش كێشەو گرفتی بۆ بواری پەروەردە لە سنوورەكە دروست كردووەو كێشەشمان لە بواری مامۆستای پسپۆڕی هەندێ وانە هەیە، لە بواری بینایەی قوتابخانە كارمان بۆ كراوەو ساڵانەش لە سەنتەری شارۆچكەو چەند گوندێك قوتابخانە دروست دەكرێت، بۆ ڕەوەندەكانی لە سنوورەكەن قوتابخانە و خوێندنی گەڕۆك هەبوو، بەڵام ئەم پرۆسەیە ئێستا نەماوە.
بنكەكانی تەندروستی
سەبارەت بە بواری تەندروستی و پێداویستییەكانی سنوورەكە بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی: سەنتەری ناحیەی سیدەكان بنكەیەكی تەندروستی گەورە و باشی لێیە و دەوامی ئێشكگری تێدا هەیەو رۆژانە پزیشكێكی پیاو و پزیشكێكی ئافرەت لە نەخۆشخانەكە دەوامیان هەیەو چارەسەرو پشكنین بۆ خەڵكەكەی سەردانیان دەكەن ئەنجام دەدەن و زۆر بەجوانی و بەدڵنیایی خزمەتی هاووڵاتیان دەكەن، هەروەها لە گوندەكان و سنوورەكەش چەند بنكەیەكی تری تەندروستی شیاو هەیە كە كادیرو كارمەندی پزیشكییان بۆ دامەزراوە، سەرەڕای ئەمانەش ناحیەی سیدەكان و سنوورەكە پێویستی بە نەخۆشخانەیەكی چەند قەرەوێڵەیی هەیە كە پزیشكی پسپۆڕ و هۆڵی نەشتەرگەری و لە دایكبوون و منداڵانی هەبێـت.
پێویستمان بە سەلەی كارەبا هەیە
سەبارەت بە بواری كارەبا و گەیشتنی تۆڕی كارەبای نیشتمانی بە سنوورەكە بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی: ناحیەی سیدەكان و سنوورەكەی تۆڕی كارەبایی لێ نەبوو، ئێستاكە دەتوانین بڵێین لە(80%)ی سنوورەكە تۆڕی كارەبای بۆ چووەو چەند گوندێك ماوە تۆڕی كارەبایان بۆ بچێت، بەڵام بۆ ئەوانیش ماوەیەكە كەشفیان بۆ كراوەو بەرنامەشیان بۆ دانراوە كە تۆڕی كارەبایی بگەیەنینە ئەم گوندانەش، بۆیە دەتوانم بڵێم كەمترین كێشە و گرفتمان لە بواری كارەبا هەیە، سەرەڕای ئەمەش ناحیە و سنوورەكە لە كاتی پچڕانی تۆڕێكی كارەبا یا دابەزینی سویچی محاویلەیەك یا هەر گرفتێك كە ڕوودەدات پێویستمان بە سەلەی كارەبا دەبێت، ئەم ئامێرەشمان نییە.
بەستنەوەی گوندەكان بە سەنتەری ناحیەكەوە
یەكێك لەو لایەنانەی كە لە كاتی خۆی خراپ و بێسەروبەر بوو و گرنگی پێنەدرا بوو تۆڕی رێگاوبانی سنوورەكەو ڕێگای سەرەكی نێوان سیدەكان و سۆران بوو، دەبێ ئێستاكە ئەو گرفتە داخۆ چارەسەركراوە لەمبارەوە بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی: رێگاوبانی سنوورەكە بەتایبەتی تۆڕی رێگاوبانی گوندەكان هەر هەمووی وێرانكرابوون، رێگای نێوان زۆر لە گوندەكان و ناحیەكە هەر نەمابوو، بەڵام لەلایەن حكومەتەوە پلان و بەرنامە دانرا بۆ چاككردنی، ماوەی دوو ساڵە پرۆژەی نۆژەنكردنەوەی رێگای سەرەكی نێوان سیدەكان – سۆران ئەنجامدراوە، ئێستاكە رێگاكە زۆر باش و شیاوە بۆ هاتوچۆكردن، هەروەها ئێستاكە پرۆژەیەكی گرنگی رێگاوبان بۆ(60) گوندی سنوورەكە جێبەجێ دەكرێت كە پرۆژەی رێگای دەشتی هەرتێیە كە بڕی حەوت ملیارو هەشت سەدو نۆزدە ملیۆن دیناری بۆ تەرخانكراوە بە تەواوبونی ئەو پرۆژەیە هەموو ئەو گوندانە بە سەنتەری ناحیەی سیدەكان دەبەسترێتەوە، هەروەها ئەو گوندانەی كە ڕێگاكانیان باش نییە بەرنامە بۆ ئەوانیش دانراوە، هەروەها لە سەنتەری ناحیەدا بەشێكی زۆر لە كۆڵان و گەڕەكەكان كۆنكرێت و قیرتاوكراون و كۆڵان و گەڕەكە تازەكانیش بەرنامەیان بۆ دانراوە كە ئەوانیش كۆنكرێت و قیرتاو بكرێن، هاوكات بەرنامە هەیە بۆ جووت سایدێك كە بە سەنتەری ناحیەدا دەڕوات و ئومێد دەخوازین ئەمساڵ ئەو جووت سایدە جێبەجێ بكەن، جگە لە ئاسانكاری بۆ هاتوچۆكردن، جوانكاریەكی زۆر بۆ شارۆچكەكە دەستەبەر دەكات.
دەسەڵاتی ئیداری بەبێ دەسەڵاتی دارایی سوودی نییە
سەبارەت بەوەی كە بڕیاربوو دەسەڵاتی ئیداری بۆ یەكەی ئیدارییەكانی دابەزێتە خوارەوە، ئەو بڕیارە بەچی گەیشت و بە پراكتیكی دەسەڵاتەكە دابەزیوە، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی: ئەو بڕیارە تەنیا بە نووسراوێك بە دەستمان گەیشتووەو تا ئێستاكە كاری پێ نەكراوە، من شەخسی خۆم هیچ دەسەڵاتێكی زیاد نابینم كاری پێ بكەم، لەلایەكی تر دەسەڵاتی ئیداری ئەگەر بۆمان بێتە خوارەوەش بەبێ دەسەڵاتی دارایی و بوونی بودجەیەك سوودی نییە، ئێمە وەكو بەڕێوەبەری ناحیە لە كاتی هەر پێویستییەك یا داواكارییەكی بچووكی خەڵك توانامان نییە بۆیان ئەنجام بدەین، چونكە هیچ بودجەیەكمان لەبەردەست نییە و لە زۆر داواكاری و كاردا بەرامبەر بە هاووڵاتیانی سنوورەكەمان شەرمەزار دەبین، بەبوونی دەسەڵاتەكان دەتوانین راستەوخۆ زیاتر خزمەتی سنوورەكە بكەین و خەڵك زیاتر دڵی بە شوێن و گوند و كارەكەی خۆش دەبێت.
لەئاكامی تۆپبارانكردن خەڵكی هەست بەئارامی ناكەن
سەبارەت بەوەی كە سیدەكان ناوچەیەكی سنووریە و ژمارەیەكی زۆر مین لەم دەڤەرە چاندراوە و چۆن كار بۆ هەڵگرتنەوەی دەكرێت، هەروەها ساڵانە ماوە ماوە لە هەردوو سنوور تۆپباران دەكرێن و چەند زیان بە ناوچەكە دەگەیەنی، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان گوتی: بێگومان هەردوو وڵات ئێران و توركیا لە ئەنجامی ئەو بارودۆخەی لە سنوورەكان و ناوچەكە هەیە ساڵانە ماوە ماوە ناوچەكە تۆپباران دەكەن، ئەمەش كاریگەری خراپی لەسەر سنووری ناحیەی سیدەكان دروستكردووە، بەتایبەتی لە ڕووی دەروونییەوە خەڵكەكە هەست بەجێگیری و ئارامی ناكات و هۆكارێكیشە بۆ ئاوەدان نەبوونەوەی گوندەكان، هەروەها لە ئەنجامی شەڕی نێوان عێراق و ئێرانەوە ژمارەیەكی زۆر مین لەلایەن هەردوو لاوە لە ناوچەی سیدەكان و سنوورەكە چاندراوە، لە دوای راپەڕینەوە لەلایەن چەند رێكخراوێكی جیهانی دەستكرا بە پاككردنەوەی چەند كێلگەیەكی بەمین چێندراو، هەروەها ئێستاكەش لەلایەن دەزگای مین كە سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە بەردەوام بەسێ تیم كار دەكەن لەسەر هەڵگرتنەوەی مین، بەڵام ژمارەی مینەكانی لە ناوچەكە چێندراوە یەكجار زۆرە، لەلایەكی تر كاری هەڵگرتنەوەی مین خۆی پرۆسەیەكی لەسەرخۆیە، بۆیە چەندین ساڵی تر پێویستە بۆ پاككردنەوەی ناوچەكە، لەسەرەتای ئاوەدانكردنەوەی ناوچەكە ئەو كێڵگە مینانە زەرەروزیانێكی زۆری هەبوو بۆ رەوەندەكان و خەڵكەكەشی و قوربانی لێ دەكەوتەوە.
وەزارەتی كشتوكاڵ كاروپرۆژەی لە ناوچەكە كەمە
سەبارەت بەوەی كە ناوچەكە كشتوكاڵی و ئاژەڵداریە، وەزارەتی كشتوكاڵ كاروپرۆژەی ئەنجامداوە، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان گوتی: وەزارەتی كشتوكاڵ كاروپرۆژەی لە ناوچەكە كەمە بەتایبەتی كاری لەسەر ئەوە نەكردووو كە كارگەیەكی شیرەمەنی دابمەزرێنی بە حوكمی ئەوەی ناوچەكە بەرووبوومی شیر و ماست و پەنیر و ژاژی زۆرە، بەڵام ئێستاكە لە بانكی كشتوكاڵیەوە قەرزی كشتوكاڵی بە جوتیاران و خەڵكەكە دەدەن، ئەمەش هاوكاری و هاندانێكی زۆر باش و گرنگ و كاریگەرە لەسەر برەودان بە كاری كشتوكاڵی و مەڕداری لە سنوورەكەماندا، لەلایەكی تر دیراسە و كار كراوە بۆ دروستكردنی بەنداوی كشتوكاڵی، چونكە ناوچەكە زۆر گونجاو و لە بارە بۆ بەنداوی گەورە و كشتوكاڵی، پێویستە ژمارەیەك بەنداوی كشتوكاڵی دروست بكرێـت، پێویستە ئەوەش بڵێین ئەگەر زەمینەی سنوورەكە لەباربوو ئەوە دەكرێت كارگەی قووتوو بەندو شیرەمەنیش دابمەزرێت.
بۆ بنەماڵەی شەهیدان لەلایەن جەنابی سەرۆك بارزانی (200) خانوو لە دەشتی بەرازگر دروستكراوە
سەبارەت بەدەستەی وەبەرهێنان هیچ كاروپرۆژە بەتایبەتی یەكەی نیشتەجێبوونی لەم سنوورە ئەنجامداوە یاخود خانوو بۆ بنەماڵەی شەهیدان كراوە، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان گوتی: دەستەی وەبەرهێنان هیچ جۆرە پرۆژەیەكی لە ناحیەی سیدەكان و سنوورەكە نەكردووە، بەڵام بۆ بنەماڵەی شەهیدان لەلایەن جەنابی سەرۆك بارزانی(200) خانوو لە دەشتی بەرازگر دروستكراوە، هەروەها لە گەلی شێخ زادە نزیكەی(80) خانوو بۆ ئەو پەناهەندانەی كە ئاوارەی ئێران ببوون دروستكراوە، لە سەنتەری ناحیەش ماوەی چەند ساڵێك پێش ئێستا(103) خانوو بۆ شەهیدان و ئەو خەڵكانەی كەمدەرامەت و مافیان هەبوو دروستكراوە، لە ساڵی رابردوو هەر لەسەر بودجەی جەنابی سەرۆكی هەرێم(100) خانووی تر لە سەنتەری ناحیە و گوندەكان بۆ بنەماڵەی شەهیدان و كەمئەندام و پەككەوتووان دروستكراوە و ئێستاش پێشینەی خانووبەرە لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە دەدرێت كە هەنگاوێكی زۆر گرنگ و باشە بۆ چارەسەر و كەمكردنەوەی ئەزمەی نیشتەجێبوون لە ناوچەكەدا و زیادكردنی پیشنەی خانووبەرەش هەنگاوێكی تری گرنگە بۆ ئاوەدانبوونەوەی دەڤەرەكە. سەبارەت بەوەی یەكەی ئیداری و فەرمانگەكان بینایەی هەیە یا لە خانووی كرێدان بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان گوتی: یەكەی ئیداری كۆمەڵگایەكی باش و سەردەمیانەی بۆ كراوە و هەموو فەرمانگەكانمان بینایەی خۆی هەیە و زەویشیمان بۆ دروستكردنی بانك تەرخانكردووە و ئێستاكە نووسینگەیەكی بانكیمان هەیە، كە كارو ئیشەكان بەڕێوەدەبات.
هەڵمەتی كوتاندنی مەڕوماڵات و ئاژەڵەكان
سەبارەت بەوەی لە كاتی بڵاوبوونەوەو تووشبوونی مەڕوماڵات و ئاژەڵەكانی ناوچەكە بە نەخۆشی چی دەكەن، بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەكان وتی: ئێمە بنكەی ڤیتێنەریمان لە ناحیەكە هەیە و ساڵانە بە بەردەوامی هەڵمەتی كوتان بۆ مەڕوماڵات و ئاژەڵەكانی سنووەكە ئەنجام دەدەن، بەڵام زۆر جار هەندێ كەس خۆیان لەو هەڵمەتانە دەدزنەوە، بەتایبەتی كاتێك پەتایەك بڵاو دەبێـتەوە، بۆیە لێرەدا بە پێویستی دەزانم رایبگەیەنم و بە خاوەن ئاژەڵەكان بڵێم پێویستە ساڵانە لە كاتی هەڵمەتی كوتاندن مەڕوماڵات و ئاژەڵەكانیان بكوتن.
Top