شارەوانی سلێمانی لەبەسەركردنەوەیەكی (گوڵان)دا: شارەوانییەكانی سلێمانی زیاد دەكرێــن و بەكرەجۆ و راپەڕین دەگرێتەوە

شارەوانی سلێمانی لەبەسەركردنەوەیەكی (گوڵان)دا: شارەوانییەكانی سلێمانی زیاد دەكرێــن و بەكرەجۆ و راپەڕین دەگرێتەوە
كاتێك باس لە سلێمانی دەكرێت هەموو كێشەو گرفتەكان دەگەڕێنەوە شارەوانی و لەدیمانەیەكی تایبەت بەگۆڤاری گوڵان سەرۆكی شارەوانی سلێمانی جەختی لەسەر پێداویستی فراوانكردنی دەسەڵاتەكان كردەوە، كە بۆ فراوانكردن و خێراكردن و گەیاندنی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان بۆ هاوڵاتییان بایەخی تایبەتی هەیە، هاوكات ئەوەشی راگەیاند فراوانبوونی شاری سلێمانی سروشتی نییەو لە یەك كاتدا ناتوانرێت ئەو هەموو داواكاری و پرۆژانە ئەنجام بدرێت، چونكە بودجە حوكم دەكات. ئەمەو بەراشكاوانە بەڕێزی وەڵامی چەندین پرسیاری تری داینەوە كە تایبەت بوو بەپرۆژەكانی شارەوانی و بەرنامەو كاری داهاتوویان..
لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بەڕێزی بۆ خوێنەرانی گۆڤارەكەمان بڵاو دەكەینەوە.
چەند دەسەڵات دابەزێت ئەوەندە كار و
پڕۆژەكان باشتر و زیاتر ئەنجام دەدرێت
گوڵان: دەڵێن ئامانج و ویستت زۆرە و دەسەڵاتت كەمە، بۆچی دەسەڵاتت كەمە؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: دەسەڵاتم كەم نییە، دەسەڵاتەكانی ئێمە ئەوانەی لە بەڕێز وەزیری شارەوانی داوام كردووە و ئەویش بەپێی ئەو دەسەڵاتانەی هەیەتی بەمنی داوە، بەڵام هەندێ دەسەڵات هەیە كە لە سەرووی دەسەڵاتی بەڕێز وەزیری شارەوانی دایە تا دەسەڵاتی وەزیر زیاد نەكرێت ئەویش ناتوانێت ئەو دەسەڵاتە بۆ من زیاد بكات. بەشێوەیەكی گشتی پێویستە دەسەڵاتەكان بۆ ئەو وەزیرانەی كە پتر كار و پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە ئەستۆدایە وەكو وەزیری(شارەوانی و ئاوەدانكردنەوە و كارەبا) پێداچوونەوەی بۆ بكرێت، بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئەو وەزیرانە زیاد بكرێت، تاوەكو بتوانن ئەو پێداویستیانەی كە بۆ خەڵك و شارەكە پێویستە دابینی بكەن. لە كاتێكدا دەسەڵاتی وەزیرە پەیوەندارەكان بەكارو پرۆژە خزمەتگوزارییەكانەوە زیادكرا، ئەوانیش دەتوانن دەسەڵاتەكان بۆ خوارە دابەزێنن، ئێمەش دەتوانین كاروپرۆژەی خزمەتگوزاری زیاتر پێشكەش بكەین.
بڕیارە پرۆژەیەك بۆ هەمواركردنی
یاسای بەرێوەبردنی شارەوانییەكان دەربچێت
گوڵان: تۆ كۆمەڵێك گرفت و كێشەت لەسەر یاسای شارەوانییەكان هەیە، ئەو یاسایانە چین رێگری لە تۆ دەكەن؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: خۆی گیروگرفت لەخودی یاساكە هەیە، ئەو یاسایە یاسایی بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان لە ساڵی 1993 دەرچووە، ئەو یاسایەش هەموواركردنی یاسایی ژمارە(165)ی شارەوانییەكانی كۆنی حكومەتی عێراقی بوو، ئەو یاسایە ئێستاكە ناگونجێت لەگەڵ رەوتی بەرەوپێشچوونی وڵات و پێداویستی خەڵك، بۆیە پێویست بە هەمواركردن دەكات، لەم ڕووەوە لیژنەیەكی تایبەت لە وەزارەتی شارەوانی دامەزرا، لە پاشان كۆبوونەوە و گفتوگوی لەسەر ئەنجامدرا، چەندین پێشنیار و داواكاری پێشكەش كرا و بڕیارە گفتوگۆ و پێشنیارەكان ببێتە پرۆژە بڕیارێك بۆ هەمواركردنی یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەكان.
دابینكردنی بودجە بۆ هەمووكاروپرۆژەكان
كارێكی زۆر ئاسان نییە
گوڵان: كە باسی سلێمانی دەكرێت هەموو كێشە و گرفتەكان دەخەنە سەر ئەستۆی شارەوانی، تەنانەت ئەگەر كارەباش نەبێت هەر یەخەی شارەوانی دەگرن، ئەمە بۆچی وایە؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆكار،یەكێكیان ئەوەیە خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی كەپەیوەندی راستەوخۆی بە خەڵكەوە هەیە و شارەوانی لێی بەرپرسیارە، لەلایەكی تر شارەكە بەرفراوانییەكی خێرای بەخۆوە دیووە، ئەمەش پرۆژەی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكانی پێویستە، بۆیە بە گشتی بۆ ئەو هەموو كاروپرۆژە و خزمەتگوزارییانە پێویستی بە دابینكردنی بودجە هەیە، دابینكردنی بودجە بۆ ئەو هەموو كارو پرۆژانەش كارێكی زۆر ئاسان نییە، بۆیە دەبێ بەپێی بڕی بودجەكە بەرنامە و پلان بۆ كارو پرۆژەكان دابنرێت، بە تەئكید هەوڵی زۆر دراوە كە فریای كاروپرۆژە خزمەتگوزارییەكان بكەوین، بەڵام بودجە حوكم دەكات بۆیە لە یەك كاتدا ناتوانین ئەو هەموو داواكاری و پرۆژانە ئەنجام بدرێت بەتایبەتی لە گەڕەكە تازەكان و زۆر شوێنی تردا كە ئاوەڕۆیان نییە و ئاویان بە تانكەر بۆ دەچێت، بۆیە گلەیی وگازاندە رووبەڕوومان دەبێتەوە، بەڵام كار لەسەر چارەسەركردنی كێشە و گرفتەكان بە گشتی كراوە و خراونەتە بەرنامە،بێگومان بەردەوامیشین لە جێبەجێكردنی كارو پڕۆژەكان.
ماستەرپلانی سلێمانی بە فرۆكەی تایبەت وێنە و نەخشەیی گیراوە نەك بە بەرنامەی گوگل
گوڵان: ئایا ماستەرپلانی سلێمانی بەچی گەیشت، بیستومانە كێشەتان لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە هەیە كە ماستەرپلانەكە ئەنجام دەدات ؟ هۆكاری ئەو كێشەیە چییە؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: ماستەرپلانی سلێمانی پەسەندكردنی سەرەتایی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی بۆ كراوە، ئێمە وەكو سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی كێشەمان لەگەڵ كۆمپانیای جێیەجێ كار نییە، بەڵكو لە چەند لایەنی تر وەكو لێژنەیەك لە كۆلیژی ئەندازیاری زانكۆی سلێمانی چەند بڕگە و كار هەیە لە ماستەرپلانەكە بە دڵیان نەبوو و پەسەندیان نەدەكرد و رەخنەیان لەسەری هەبوو، بەڕاوبۆچوونی ئەو لیژنەیە بێت دەبووایە ماستەرپلانەكە هەڵبوەشێنرێتەوە و لە نوێوە دەست پێی بكرێـتەوە، ماستەرپلانەكە بە فرۆكەی تایبەت وێنە و نەخشەیی گیراوە نەك بە بەرنامەی گوگل، لەبەر ئەوەی بەفڕۆكە وردرترە و كوالێتی هەستیار و باشترە،لە ماستەرپلانەكە زەوی جیاكراوەتەوە و داتایی ورد و زانستی و ئەندازەیی كۆكراوەتەوە و ئەوەی لە گرێبەستەكە هەیە و پێویستە هەر هەمووی جێبەجێ كراوە، چەند پرسیارێكیش لەسەر ماستەرپلانەكە هەبوو لایەنە پەیوەندارەكان كۆبوونەوە و گفتوگۆی لەسەر كراوە و ئەو پرسیارانە ئاراستەی لیژنەی ماستەرپلانەكە و كۆمپانیای جێبەجێ كار كراوە، لەلایەن كۆمپانیاكەوە پرسیارەكان وەڵام دراوەتەوە و ئێمەش وەڵامەكانمان بە پەسەند زانیوە، ئێستا ماستەرپلانەكە لە قۆناخی پەسەندكردنی كۆتایدایە.
فراوانبوونی شاری سلێمانی سروشتی نییە ەمووكات لەسەر حیسابی كاولكاری دەوروبەری بووە
گوڵان: جەنابت ئاماژەت بە گەڕەكە تازەكانی سلێمانی كرد، بۆچی هەندێ گەڕەك كە لەسەر سلێمانی زیادی كردووە لە دوای خزمەتگوزاری بۆ دەچێت بۆ پێش ئاوەدانكردنەوەی گەڕەكەكان خزمەتگوزارییان بۆ ئەنجام نەدراوە؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: فراوانبوونی شاری سلێمانی بەشێوەیەكی ئاسایی نەبووە و زۆر خێرابوو، لە وڵاتانی پێشكەوتووە گەشە و فراونبوونی شارەكان لەسەر بنەمای سروشتی بە بەرنامە و پلان دەست پێ دەكات، بەڵام هەمووكات فراوانبوونی شاری سلێمانی لەسەر حیسابی كاولكاری دەوروبەری بووە، لە ئەنجامی كۆچكردنی گوند و قەزا و ناحییەكان بۆ شار بووە و بەشێوەیەكی نائاسایی و نا سروشتی، هەروەها لە دوای ڕاپەڕین تا چەند ساڵێك حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجە و ئیمكانیاتی نەبوو بۆ ئەوەی كاروپرۆژەی خزمەتگوزارییەكان بە تەواوی بۆ گەڕەكە تازەكان ئەنجام بدات و، خەڵكیش پێویستی بە خانوو شوێنی نیشتەجێ بوو، لەبەر ئەمە گەڕەكەكان دروستبوون و ئاوەدانكرانەوە پێش ئەوەی خزمەتگوزاری بۆ ئەو شوێنانە بچێت، بەمەش ئەركەكانمان لەسەر قورستربووە.
دوو كۆمپانیا كاری پاككردنەوە لە شاری سلێمانی دەكەن، كارەكانیان باشە، بەڵام بێ كەموكوڕیش نییە
گوڵان: گەورەترین كێشەیی شاری سلێمانی زبلۆخاشاكە، پرۆژەتان بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە هەیە؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: زۆرجار باسی ئەوە كراوە كە زبلۆخاشاكی شاری سلێمانی پێویستە بەشێوەیەكی زانستی چارەسەربكرێت، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین كۆمپانیا هاتوونە و لەگەڵیان دانیشتووین و گفتوگۆمان كردووە، بەڵام زۆربەی لەو كۆمپانیانە مەرجەكانیان قورس و سروشتی نەبووە، بۆیە لەگەڵیان رێك نەكەوتووین، گەرچی ئێستا كە چەند كۆمپانیایەك لە رێگای دەستەی وەبەرهێنانەوە هاتوونەتە پێش بۆ ئەوەی كارگەیەكی ریسایكلین لە شاری سلێمانی بۆ چارەسەركردنی زبلۆخاشاك دابمەزرێنن و پاككردنەوەی شارەكەش بگرنە ئەستۆی خۆیان، ئێمەش داوامان لێیان كردووە كە مەرجەكانیان پێشكەش بكەن، تاوەكو گفتوگۆی لەسەر بكەین، ئەگەر گەیشتینە ئەنجام خۆمان داواكاری بەرز دەكەینەوە بۆ سەرووی خۆمان. ئێستا لە بارەی زبڵوخاشاك لە شاری سلێمانی كێشە هەیە، هەر بۆیە شارەكەمان بۆ پاككردنەوە كردۆتەوە سێ بەش، دەرەوەی (60) مەتری شارەوانی خۆی پاكی دەكاتەوە و ناو(60) مەتری كراوەتە رۆژهەڵات و رۆژئاواو دراونەتە دوو كۆمپانیا و كارەكانی ئەم كۆمپانیانە باشە، بەڵام بێ كەموكوڕیش نییە.
بەرنامە بۆ زیادكردنی شارەوانی هەیە
تاوەكو باشتر كار بكرێت
گوڵان: پێتوانییە دوو شارەوانی بۆ شارێكی وەكو سلێمانی كارێكی قورستان بۆ دروست دەكات، ئایا بە نیازن شارەوانی زیاد بكەن، وەكو هەولێر كە دابەشی سەر چەند شارەوانییەك كراوە؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: لە كاتی خۆی تەنیا یەك شارەوانی بوو، لە پاشان شارەوانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا دامەزران، بۆ ئەوەی قورسایی كارو ئیشەكان لەسەر سەرۆكایەتی شارەوانی كەم ببێتەوە ئێستا كە بەپێی ماستەرپلانی شاری سلێمانی بەكرەجۆوە و راپەرین و بەشێك لە تاسلۆجە دێتە سەر شارەوانی سلێمانی لەو كاتەدا ئەرك و كارەكانی شارەوانیەكان زۆرتر و قورستر دەبێت، بۆیە بەرنامەمان بۆ زیادكردنی شارەوانی هەیە،تاوەكو باشتر كار بكرێت و بەسەر كێشە و گرفتەكانی خزمەتگوزاری شاری سلێمانی زاڵبین.
ئاگاداری لەئەنجامدان و
كوالیتی پرۆژەكان ئەركی سەرشانمانە
گوڵان: بیستوومانە بە بڕیاری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران شارەوانی پرۆژەكانی دەستەی وەبەرهێنان لە سلێمانی بكەن، ئایا ئەو دەسەڵاتە كارێكی باش نەبوو بۆ ئێوە؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: ئەو پرۆژانەی دەستەی وەبەرهێنان كە لە لایەن وەبەرهێنەرانەوە جێبەجێ دەكرێت ئەو ئیشانەی وەكو ئاو و ئاوەڕۆ و باخچە و پارك و رێگاوبانەكان و ئەوانەی كە لە ئەستۆی وەزارەتی شارەوانییە ئەوە شارەوانی سەرپەرشتی دەكات، بەڵام پرۆژەی تەلار و باڵەخانەكان لەلایەن وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بێگومان ئەوە دەسەڵاتێكی باشە بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەنجامدان و كوالیتی پرۆژەكان بین لە هەمان كاتدا ئەرك و كارێكی قورسە، بۆ ئەنجامدانی ئەو كارەش بە تەئكید دەبێ ئیمكانیاتمان لە رووی كارمەند و ئەندازیار و ئامێرەكان بۆ زیاد بكرێت.
كێشەمان لە ئیحالەكردنی پڕۆژەكان نییە
گوڵان: سەبارەت بە پرۆژەكان بۆچی ئێوە كێشەی ئیحالەكردنتان هەیە؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: تا ئێستا كێشەمان نەبووە، لەبەر ئەوەی ئێمە بەپێی دەسەڵاتەكان كار دەكەین و دەسەڵاتمان بۆ ئیحالەكردنی پرۆژەكان تا بۆدجەی(5) ملیار دینار لەسەر بودجەی وەبەرهێنان و تا(1) ملیار دینار لەسەر بودجەی ئاسایی هەیە، بۆی هەیە لە دوو حاڵەت ئەو گرفتە رووی دابێت كە بەڵێندەر رازی نەبووە و پرۆژەكەی بۆ ئیحالە نەكراوە، هەر چەندە یەكەم كەسیش بووە و ئەمەش هۆكاری خۆی هەبووە و بۆ بەڵێندەرەكە بەپێی یاسا و رێنماییەكان بۆی روونكراوەتەوە.
كێشەمان لە دامەزراندن هەیە
بەتایبەتی لەئەندازیاری شارستانی
گوڵان: زۆر جار كە پرسیار لە شارەوانی دەكەین كەموكوڕیتان لەچی هەیە، دەڵێن كارمەند و فەرمانبەری زۆرمان بۆ دادەمەزرێنن، بەڵام ئەو فەرمانبەرانە ئەو كادیر و پسپوڕایەتییە نییە كە ئێمە پێویستمانە، ئەو كێشەیە چۆنە، بۆتان چارەسەركراوە؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: بێگومان ئەو كێشەیە تا ئێستا چارەسەرنەكراوە، ئێمە پێداویستیەكانمان زۆرە بەتایبەتی لە كادیری پاككردنەوە و خزمەتگوزاری و ئەندازیاری، لەبەر ئەوەی ئەركەكانمان زۆرە، پێویستە چاوێك بەم بوارە بخشێنرێتەوە، ساڵی رابردوو لە هەموو پسپۆڕایەتی و بوارەكان تەنیا(70) كەس دامەزراوە و ئەوانەی هەڵگری بڕوانامەی بەكالۆریوس بوون نزیكەی(30) كەس دەبوو، تەنانەت نەماتوانی داوای دەرچووی زانكۆ بەشی ئەندازیاری شارستانی بكەین، بە گشتی ئەو ژمارەیە بە گوێرەی شارە و كارەكان زۆر كەمە و لە بواری ئەندازیاری شارستانی كەموكوڕیمان هەیە، چونكە بۆ پرۆژەكانی دەبێ بە داواكارێكی تر داوای ئەم دامەزراندنانە بكەین.
بۆ خزمەتكردنی باخچە و پاركەكان
پێویستمان بە دامەزراندن هەیە
گوڵان: ئایا بەو كادیر و ئەندازیارە كەمە، چۆن دەتوانن ئەو باخچە و پاركە زۆرەی ناوشار خزمەت بكەن و بەردەوامی پێ بدەن؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: ئەوە یەكێكە لەو كێشانەی بەرەو روومان بۆتەوە، لە ساڵی رابردوو پتر لە (25) باخچە دروستكراوە و تەواوبوونە، ئەمساڵیش نزیكەی(30) باخچە تر ئەنجام دەدرێت، ئەمانەش پێویستی بە ئەندازیار و كادیر و خزمەتگوزار هەیە، بۆیە داوامان لە وەزارەت كردووە كە كادیرمان بۆ دابمەزرێنن.
هەر كەسێك هەڵە و سەرپێچی بكات
بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵ دەكرێت
گوڵان: ئایا ئەگەر ئەندازیارێك یا كادیرێك سەرپێچی بكات یا كەموكوڕی لە پرۆژەیەك لێی رووبدات چۆن ئیجرائات وەردەگرن،هەروەها بیستومانە سەرۆكی شارەوانی و ئەندازیاران حەسانەیان نییە و كێ بیەوێت دەیانباتە بەردەم دادگا ئایا كاری وا هەیە؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران هەیە، بەپێی ئەو یاسایە مامەڵەی لەگەڵ دەكەین.
هەروەها ئەگەر فەرمانبەر بەپێی راپۆرتی چاودێری دارایی یا هەر شوێنێكی تركەموكوڕی هەبێت،و بەپێی یاسا سەرپێچی كردبێت یا ئیختلاسی كردبێت( بۆ زانین تا ئێستاكار و سەرپێچی لەمجۆرە لەسەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی رووی نەداوە)، بەڵام لە شارەوانی قەزا و ناحییەكان ئەو حاڵەتە روویداوە لەلایەن داواكاری گشتی داوای لەسەر تۆماركراوە و بانگی دادگاكراوە، بەڵام لەمانەش هەڵەی تێدابوو لە پاشان كەسەكان بێگوناهـ دەرچوون.
گوڵان: لەمەودوا هەندێ شارەوانی قەزا و ناحیە دەكەونە ناو ماستەرپلانی شاری سلێمانی، ئەمەش كێشە و گرفتی لێ دروست دەبێت، ئایا ئەمە چۆن چارەسەر دەكەن؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: شارەوانی بەكرەجۆ و راپەرین و بەشێكی تاسلۆجە دەكەوێتە ناو ماستەرپلانە تازەكەی شاری سلێمانی و داواكراوە لە وەزارەتی شارەوانی كە ئەو شارەوانیانە یەك بگرن لەگەڵ شارەوانی سلێمانی، بۆ ئەمەش دەبێ بڕیارێك تایبەتی لەلای بەرێز وەزیری شارەوانی دەربچێت لە پاشان بڕیارە كە فەرمانێ بۆ دەردەچێت و لە وەقائعی كوردستان بڵاوەدەكرێـتەوە .
ئیفرازكردنی زەوی ئێستاكە
لە(200) مەتر دووجا كەمتر نییە
گوڵان: ئایا دابەشكردنی زەوی(100) مەتردووجار و (150) مەتر دووجا لە سلێمانی هەر بەردەوامە، چونكە ئەم پارچە زەویانە زۆربەیان دەكرێنە دوو پارچە و دەیكەن بە خانوو لە ئەنجامە كاروپرۆژەی خزمەتگوزاری زۆری دەوێت و، كۆڵان و گەڕەكەكانیش لە هەموو بوارێك جەنجاڵ و قەرەباڵغ دەبێـت، ئەو سستەمی دابەشكردنی زەوی چارەسەركراوە یا وەكو خۆی ماوەتەوە.؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: پێشتر جیاكردنەوەی زەوی لە سلێمانی(150) مەتری بوو، لەبەر ئەوەی تۆبۆگرافی شارەكە ئاوای دەخوازی، لەبەر ئەوەی شارەكە لە نێوان دوو شاخە و ماوەی فراوانبوونی زۆر كەمە، بەڵام لە ئیفرازكردنی زەوی ئێستاكە لە(200) مەتر دووجا و پانی شەقام و كۆڵانەكانی ناو گەڕەكەكانیش لە (12) مەتری كەمتر نییە.
ماوەیەكە باڵەخانەكەمان تەواوبووە، بەڵام ئەساسی ناو باڵەخانەكە تازە دابین دەكرێت
گوڵان: باڵەخانەیەكی حەوت نهۆمی بۆ سەرۆكایەتی شارەوانی دروست كراوە، بۆچی ناچنە ناو ئەو باڵەخانەیە هەر لەم شوێنە تەسك و ناخۆشە ماونەتەوە؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: بێگومان ماوەیەكە باڵەخانەكەمان تەواوبووە، بەڵام كەلوپەل و پێداویستی ناو باڵەخانەكە دابین نەكراوە، بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژێكی تر دەست بە دانانی ئەساسەكانی ئەو باڵەخانەیە بكرێت، ئەمەش ماوەی(60) رۆژ دەخایەنێت، لە پاشان دەگوازینەوە، چونكە ئەو باڵەخانەی تێداینە زۆر گونجاو نییە و موڵكی شارەوانیش نییە.
پلانەكانمان زۆرە، ئەگەر بودجە بۆ ئەنجامدانیان یاریدەدەر بێت
گوڵان: بەرنامە و پلانەكانی داهاتووتان بەتایبەتی ساڵی 2011 چییە، ئەگەر بكرێت بە كورتی بەشێكی بخەیتەڕوو؟
سەرۆكی شارەوانی سلێمانی: پلانەكانمان زۆرە، ئەگەر بودجە بۆ ئەنجامدانیان یاریدەدەر بێت، بێگومان دواكەوتنی بودجەش كاریگەری لەسەر پلانەكانمان دەبێت، بەڵام لەم وەرزە زۆر كاریگەری نییە، لەبەر ئەوەی خۆی كاروپرۆژەكان لە جێبەجێكردن خاو دەبنەوە، لەبەرنامەی ئەمساڵدا چەند پرد و تۆنێلێك لەسەر شەقامی(60) مەتری دروست دەكرێـت بۆ بەستنەوەی ناو شار و سەنتەری سلێمانی بە دەرەوەی (60) مەتری، ئەمەش كاریگەریەكی زۆر باشی لەسەر كەم بوونەوەی قەرەباڵغی و جەنجاڵی ئۆتۆمبێل و هاتوچۆكردن دەبێت، هەروەها پرۆژەی چارەسەركردنی زبڵۆخاشاكی ناو شاری سلێمانی تەواو دەبێت و بەرنامەش هەیە بۆ دروست كردنی ناوچەی پیشەسازی نوێ كە بەپێی ماستەرپلانی نوێ دەكەوێتە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی و ئەم ناوچەیەش بەشێوەیەكی مۆدێرن و دیزاینی هاوچەرخ دروست دەكرێت و ژێرخانی خزمەتگوزارییەكانیشی بە باشترین شێوە بۆ ئەنجام دەدرێت.
Top