پارچۆكەی میتۆلۆژی ٢
April 25, 2019
فیکر و فەلسەفە
نووسهر :عهبدولسهلام بن عهبدل عالی
وهرگێڕ : تاریق كارێزی
*لە پاش یەكلایی كردنەوەی حیساب لەگەڵ فەلسەفە لە فێر كردنی باڵادا، ئێوەی سەر بە گرووپێكی بچووكی "رزگار بوو"، ئایا هەست ناكەن تەنیان؟-وڵامەكە بە راستی شڵەژێنەرە. من واتاكانی بۆ ئێوە دەخەمە روو، ئیدی ئێوەش چیی مەبەستتانە لێی هەڵهێنجن. خوێنەرانی من لە بنەڕەتدا وێژەناسن، ئاخۆ هێشتا دەكرێ فەیلەسووف و ئەدەب دۆستان لە یەكدی جیا بكرێنەوە؟ جا بۆیە بە سوور بوونەوە، پرسی نووسین و بابەتی واتا، بە بەراورد بە ئەوانی دی، بە لای منەوە جێی بایەخە. ئایا دەزانن، بە گوێرەی واتا باوەكەی، من خاوەن كلاسیك كولتوورێكی فەلسەفە نیم. بۆ نموونە، هەرگیز رووی نەداوە كە تێزێك بگرمە خۆ یان ستایشی بكەم، زۆر كەم و دەگمەن نەبێت. هەڵبەت لەبەر ئەوەی هەست ناكەم توانای ئاراستە كردنی كارێكی پوختم هەیە. بێ سەروبەری و پەشێوی نییە لە لای من، بەڵكوو كارەكە پەیوەستە بە ریتمێكی جودا. بە چەشنێك دەترسم بۆ سیستەمێكی رێك بگەڕێمەوە. ئەمەش كارێكی یەكانگیرە كە بەرەو ئەكادیمستیت دەبەن، واتە لە روانگەی منەوە بەرانبەرە لەگەڵ دەست پێ كردنی مەرگی هزر. بە گشتی، دەبینم بە درێژایی تێكڕای جیهانی عەرەب، (فەلسەفە) رووبەڕیكی بچووكی داگیر كردووە، بەڵكوو زۆر جار لە خوێندنی دواناوەندیدا ناخوێندرێت، پاشان بە ئاستەم لە زانكۆی هەندێ لە وڵاتاندا دەگوترێتەوە. لە لای هەندێكیش، ناوی دیكەی لێ دەنێن، بۆ نموونە پێی دەڵێن سۆسیۆلۆژیا. ئەمەیە كە پێی دەڵێم تۆقین لە فەلسەفە لە وڵاتانی عەرەبدا. بۆ ئەوەی فەلسەفە لەو دابڕانەی رزگار بكەین، بە بۆچوونی من دەكرێ وەك وانە لە بواری ئەدەب، مێژوو، زانستی سیاسی و بە دڵنیاییەوە بواری دیكەش، بگوترێتەوە. ئەمە بە دروستی ئەو شوێنەیە كە فەلسەفەی هاوچەرخ لەم كاتەدا پڕی دەكاتەوە، بەوەی بە رێی پێچاو پێچدا گوزەر دەكات. لە لای ئێمە، ئەوەی مامۆستای فەلسەفە دروستی كرد، لە لایەن هاوكارانی دیكەمانەوە رووخێندرا. هەنووكە، ئاسانترین رێی بەرەو فەلسەفە دەكرێ لە پەنجەرەوە بە ژوور بكەوێت، چونكە لە بنەڕەتدا پرسیاری ئەدەب، نووسین و وەرگێڕان بە پرسیاری فەلسەفە دادەندرێن، بە واتای ئەوەی تەنیا فەلسەفە دەتوانێ رای خۆی لە بارەی ئەم بوارانە بخاتە روو، هەڵبەت ئەو كاتەی مەبەست دیاری كردنی ئەو شوێنانە بێت كە فەلسەفە لە رێی ئەوانەوە دەرباز بێت.
*وا دیارە ئێوەش وەك (هاروكی موراكامی)ی ژاپۆنی، بە دەست بیر دەكەنەوە، ئەو نووسەر و یاریزانەی ماراتۆن كە بە لاق بیر دەكاتەوە. لەبەر چی ئێوە دەنووسن، كەچی هزر لە لای ئێوە بنیات دەندرێت؟
-تا رادەیەك ئەوەیە كە (نیچە) دووپاتی كردەوە: "كاتێك دەمەوێ پشوو بدەم، دەست بۆ كتێبێك دەبەم." كاری زەین یەكەم هەر وەك كاری دەستە، یان بە لای كەمەوە دەست و مێشك پێكەوە كۆ دەكاتەوە. شێوازی وڵامێكی هەنووكەییە بۆ هەژانی ژیانی هاوچەرخمان. لەرینەوەی رووناك و هەژانی زل هەن، پێویستیان بەم كارە هەیە وڵامیان بداتەوە. ئیدی بۆیە رووم كردە مەیدانی رۆژنامە. پێم وایە هەموو نووسینەكانم لە رۆژنامەی (حەیات: ئەلحەیات) لە ساڵانی 1992 و 1999دا بڵاو بوونەوە. بۆ بڵاو كردنەوەی نووسینەكانم، رەنگە كارەكە پێویستی بە دۆزینەوەی كەسێكی نیمچە شێت هەبوو بێت، وەك (محەمەد بنیس: وەشانخانەی تۆبقال)، بۆ ئەوەی رازی بێت نووسینەكانم بڵاو بكاتەوە، چونكە ئەم كارە وەك سەركێشی وایە. چاپ كردنی كتێبێك كە بریتی بێت لە كۆمەڵێك وتار و لە رۆژنامەدا بڵاو كرابنەوە، تێیاندا من لە (ئەلتۆسیر)ەوە باز دەدەم بۆ لای (هایدگەر)، لایەكیش لە (فارابی) دەكەمەوە، بە لای خوێنەرەوە شتێكی زەحمەت دەبێت. لە ناخدا من دەبینی لە نێو پێچ و پەنای ئەم هەمەڕەنگییەدا پەرت بووم، تا رادەی ئەوەی زۆر بە لامەوە ئەستەم بوو، روو لە تەواو كردنی كارێكی ئەكادیمی بكەم. من خۆم لە نێو بواری چڕە كورتە نووسیندا دەبینمەوە. پێم وایە نووسینی لەم جۆرە و چڕ، لە دەق و نووسینی درێژ، كە تێیدا ئاماژە بە نووسەرانی كلاسیك دەكرێت.. هتد، زۆر گرنگترە. هەست بە مەرگی هەموو شتێك دەكەم كە بە ئەكادیمی یان پێناسەكار دادەندرێت.
*سەبارەت بە ئێوە، نووسین هەردەم پرسیاری بەردەوامە لە بارەی كەلەپوور و خودی نووسینەوە. ئەو كەلەپوورە دووبارە دەخرێتەوە بەر پرسیار، بۆ ئەوەی بە جۆرێكی دی زیندوو بكرێتەوە؟
-بە دڵنیاییەوە. بارە هەرە گرنگەكەی هزری هاوچەرخ، وەك (ژاك دیریدا) ئاماژەی پێ دا، وای لێ كردین بە دوای ئەوەدا بچین كە هەموو شتێك گوتراوە. ئەوانەی هەنووكە دەنووسن، هەستیان بەم جۆرەیە. بەڵام (موریس بلانشۆ) دڵنیامان دەكات، كە رەنگە ئەمانە بە جۆرێكی جیاواز بگوترێنەوە، ئیدی لە سەرمانە بە گوێرەی بۆچوونی ئەو، دووبارە ئەوە بڵێینەوە كە یەكەمین جار گوتراوە. (دیریدا) لە بارەی چەمكی ئیتروم (iterum)ـەوە قسەی كرد، واتە جارێكی دی، بە جۆرێك كە دووبارە كردنەوە بریتییە لە دەرفەتێك، كاتێك بە زیاد كردنی شتێكی دی دووبارە دەبێتەوە، ئەوە كرانەوەیە بە رووی ئەوی دیكەدا، لە نێویاندا ئەوی دیكەی تەكفیری. پێناسەی هاوچەرخانەی دووبارە، دووبارەیەكی بەرهەمدارە. (دولۆز) قسەی لە بارەی "درێژ كردنەوەی دەق" كرد. پەیڤی (درێژ كردنەوە)م زۆر بە دڵە، بە واتای درێژە دان بە ئەمەكداری بۆ هزرێك، لە رێی ناپاكی نواندن لەگەڵی. كەواتە هەموو دابڕانێك بریتییە لە درێژ كردنەوە. درێژ كردنەوەی بە شیتەڵكاری، نەك لە چێوەی واتای ئەوەی، هەندێك زیادەی بخەیتە سەر.
*دوو چەمك دەهێننە پێشەوە: "بازاڕی زمان" ئنجا "زمان وەك بەهای كۆمەڵایەتی"، ئاخۆ چۆن فێر بوونی زمانەكان لە چێوەی نوێنەرایەتیی (عەرەبی، فەرەنسی، ئەمازیغی)دا، دەبابەتێنن؟
-لە ئاستی وانە گوتنەوەدا، پێم وایە باشترین چارەسەری تایبەت بە زمان لە جیهانی عەرەبدا، چارەسەری جووت زمانە، بە مەرجێك لە چوارچێوەی فرەییەكی راستەقینەدا بێت. (دولۆز) قسەی لە بارەی ئەمەوە كردووە، كاتێك جووت زمانیی هێنایە گۆڕێ، بە واتای ئەوەی فرەیی هەرگیز ناكاتە كۆمەڵێك تاكە زمانی، هەروەها یەكەی بخرێتە سەر، بەڵكوو شیتەڵ كردنەوەی یەكایەتیی زمانە وەك یەكەیەك. بیرۆكەی ئەوەی كە فرەیی وەك شیتەڵ كردنەوەی تاكایەتی وایە، نەك تەنیا زێدە خستنە سەری بێت، ئینگلیز گەشەیان پێ دا. (دولۆز) ماوەیەكی زۆر بوو لە لای (هیوم) دۆزیبوویەوە، ئەویش بە سایەی (جان وۆل)ی مامۆستای. (جان وۆل)یش یەكێك بوو لە فەیلەسووفانی فەرەنسا، كە زۆر بایەخی بە هزری ئینگلیز دەدا. ئێمە بە زۆری قسە لە بارەی هزری عەرەبەوە دەكەین، لە نێویشیدا قسە لە بارەی (فرەیی و جیاوازی) دەكەین، كەچی ئەمانە دوو چەمكی هزری هاوچەرخن، لە ژێدەری جیاجیاوە سەرچاوەیان گرتووە. ئەگەر چەمكی فرەیی ئینگلیز (هیوم) دای هێنا بێت، ئەوا چەمكی جیاواز بۆ ئەڵمان دەگەڕێتەوە، هیچ نا بە واتای ئێستای.
*بنیاتی دەقیش، سەبارەت بە ئێوە، لە رێی دەستەمۆ كردنی زمانانەوە تێپەڕ دەبێت. لە چ ئاستێكدا تێكەڵەی تۆمار هەروەها ژێدەر، نوێخوازیی نووسین مسۆگەر دەكات؟
*من دەڵێم جووت زمانی قەدەری ئێمەیە. دروست وایە، كاتێك بەرەو رووی زمانێكی دی پاشان كولتووری دیكەدا دەكرێینەوە، ئەمە دەكاتە كردەی نمایش كردن، وامان لێ دەكات بە سنووری (چەمكناسی، رەوانبێژی... هتد)ی زمانەكەمان ئاشنا بین، لە نێو پێچ و لوولی ئەویش، بە سنووری تایبەتی خۆمان ئاشنا دەبین. ئیدی بەم جۆرە هەموو جووت زمانییەك لە رووی پێناسەییەوە واتە دەوڵەمەندی. دەڵێین، وێڕای چەمكی كلاسیكانەی وەرگێڕان، ئەگەر نووسەر بۆ خۆی دەقی خۆی وەربگێڕێت، ئەوا دەقی وەرگێڕانەكە باشتر دەبێت، نەك وەرگێڕەكە، ئەو رووبەڕووی دوو زمان دەبێتەوە، یەكیان بەرانبەر بەوی دیكەیان رووت دەكاتەوە، هەڵبەت (رووت كردنەوە) نەك بە واتای ئەخلاقیانەی ئاشكرا كردن، بەڵكوو بە واتای دۆزینەوە. من جاری وایە هەندێك دەق ناونیشانی فەرەنسییان بۆ دادەنێم، كەچی دەقەكە بۆ خۆی بە عەرەبییە. دەقێكم هەیە بە عەرەبی ناونیشانەكە فەرەنسییە (ca dialogue)، ئەمە شێوازی منە بۆ تاقی كردنەوەی نووسینێكی دیكە.
*سەبارەت بە ئێوە، دەق یان بیرۆكەیەك دەخەیتە روو، ئەمە دووبارە بەرهەم هێنانەوەی هەمان دەق نییە، بەڵكوو بریتییە لە بەرهەمێكی نوێ. ئاخۆ ئەم بۆچوونەتان لە كوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
-وا دێتە پێش چاوم كە (میشێل فۆكۆ) ئەم پرسیارەی لە دەقێكدا دەربارەی (نیچە) چڕ كردەوە، كە لە سیمیناری (رۆیومۆن) بەشداریی پێ كرد، كاتێك پرسیاری لێ كرا، گوتی، نوێخوازی لە لێكدانەوە (تەئویل)ی هاوچەرخدا، لە ناكۆتاییەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها بەوەی "نیشانەكە خۆش نییە" (خۆشی بە واتای كریستیانانەی). (هیگل) لە بارەی (فێڵی دیرۆك)ـەوە قسەی كرد، (فۆكۆ)ش لە بارەی "پەند واتای نیشانە"وە. پێم وایە ئەوە پێناسەی نوێی نیشانەیە، لە چێوەی ئەوەی كە مانۆرێكی خۆبەخۆیە، بە تەواوی خۆی ئاشكرا ناكات. لەم حاڵەتەدا، هەموو خوێندنەوەی دەقێك وەك لێكدانەوەیەك (تەئویلێك) وایە، ئێمەش لەوە زیاتر ناتوانین مەگەر دووبارە لێكی بدەینەوە (تەئویلی بكەینەوە)، دووبارە بیخوێنینەوە. دووەمین خوێندنەوە بە لای (فۆكۆ)وە دۆزینەوەیەكی دیكە نییە، بەڵكوو ئەوە قەدەری هەموو خوێندنەوەیەكە.