شاری زیرەك 2

شاری زیرەك 2

وه‌رگێڕ : ئا. و: تاریق كارێزی

بیرۆكەی زیرەكە شار جەخت دەكاتە سەر گفتوگۆ كردن لە بارەی بابەتی تایبەت بە درێژەدان بەم جۆرە پرۆژەیە، ئنجا چۆنیەتی جێبەجێ كردنی. لە ساڵی 1990ـەوە، پرۆژەی زیرەكە شار پەرە پێدانی بێ پسانەوە بە خۆوە دەبینێت. واتە ئەو پەرە پێدانەی بەدەم خواستی ئێستاوە دێت، بە بێ ئەوەی نەوەكانی داهاتووش بێ بەش بكات، گفتوگۆ لە بارەی پەرە پێدانی مەدەنییەوە دەكات. ئەم گۆڕانكارییەش لە شێوەی شاردا لە پای ئەو ئاستەنگانەوە هات، كە خۆی لە گۆڕانی كەش و خواستی گەیشتن بە ئەو پەڕی گەشەدا دەر دەخات.
بەر لە هەر شتێك، بیرۆكەی شاری نەپساوە پشت بە دید و روانینێكی ژینگەیی، ئابووری و كولتوور كۆمەڵایەتی دەبەستێت.
رەنگە ئامانجی شاری نەپساوە و درێژە دان بە پەرە پێدانی شار و كارگێڕیی مەدەنی ئەوە بێت، كە دێژە بە بەكار بردنی دەرامەتی تازەوە بووی سروشت بدرێت، هەروەها كەم كردنەوەی بەكار بردنی ئەو دەرامەتانەی سروشت كە بە بڕێكی دیاری كراو هەن (ئەمەیان ئەو بەشەیە كە پەیوەندیی بە ژینگەوە هەیە).
هاوكات بە پێی توانا ئابووریی بازنەی داخراو، بە تەواوی پیادە بكرێت، لە پاڵ كەم كردنەوەی چڕیی هاتن و چوون و تازە كردنەوەی سیستەمی ئابووری (ئەمەش بەشە ئابوورییەكەیەتی).
هەروەها تێكەڵ بوونی جڤاكی لە نێو شاردا، بەشداری كردن لە رووی لە ئەستۆ گرتنی بەرپرسیاری، دانیشتووان بە شێوەیەكی دیموكراتی لەم روەوە بەشدار بن (ئەمەش لایەنی كولتوور كۆمەڵایەتییەكەیەتی).
پرسەكانی پەیوەست بە درێژە دان بە زیرەكە شار، لە چوارچێوەی چەندین بابەت و بواردا لە نێو كۆمەڵێك خەڵكدا گفتوگۆی بەردەوامیان لە بارەوە دەكرێت. توێژەر، سیاسەتمەدار، ئابووریناس و كۆمەڵ بە گشتی، لە بارەی خواستی جۆربەجۆری خەڵك لە گفتوگۆی كراوە و بەرهەمداردا دەبن، تۆڕێكی گفتوگۆ هەمووان پێكەوە گرێ دەدات، ئامانجیش درێژە دانە بە دۆخی زیرەكە شار.
ئەو بیرۆكانەی لە زیرەكە شاردا دەخرێنە بەر گفتوگۆوە، هەمەجۆرن و هەر شتێك دەگرێتە كە پەیوەندیی بە ژیانی دانیشتووانی شارەكەوە هەبێت. بۆ نموونە باس لە كردنەوەی خول لە بارەی بەرهەمی خۆماڵی، هەروەها باس لە ئەو بەرهەمانەش دەكرێت كە ئارەزوو هەیە لە ناوخۆی شاردا بێنە بەرهەم و شوێن و بازاڕی ساغ كردنەوەشیان دیاری بكرێت. سوود وەرگرتن لە سەرچاوەكانی وزە، بۆ نموونە وزەی خۆر بۆ بەدەست هێنانی ئاو یان بەرهەم هێنانی وزەی كارەبا، هەروەها سوود وەرگرتن لە زبڵ و خاشاك لە رووی دووبارە دروست كردنەوە و بەكار هێنانی لە بواری هەواسازی و بەكار هێنانی وەك پەیین بۆ باخ و باخچە و زەویی كشتوكاڵ، جگە لە سوود وەرگرتن لە ئاوی گەرمی زەوی بۆ گەرم كردنەوە تەلار و باڵەخانە و ماڵان.
راستە لە كوردستاندا خاكی كشتوكاڵ زۆرە، بە ئەندازەیەكی كەم سوود لە خاك بۆ بەرهەم هێنانی سەوزە و میوە و دانەوێڵە وەرگیراوە، بەڵام ئەوە رێگر نییە كە لە نێو زیرەكە شاردا بیر لە سوود وەرگرتن لە هەر بستە خاك و رووبەرێك بكرێتەوە، تا بۆ كشتوكاڵ و چاندن سوودی لێ وەربگیرێت. بۆ نموونە دەكرێ بۆ چاندنی هەندێك بەروبوومی كشتوكاڵ و سەوزە، سوود لە باخچەی ماڵان و سەربان و بانیژە وباڵكۆن و حەوشە وەربگیرێت. لەم رووەوە وڵاتانێك هەن ئەزموونی باشیان بەجێ گەیاندووە. بە دیوێكی دیكەش، گرنگە كە هەلومەرج و رێوشوێنی گونجاو بۆ پاراستنی بەروبووم بگرینە بەر، تا ئەو بەروبوومە بۆ خواردن سوودی لێ وەبگیرێت و خەسار نەبێت.
بیرۆكەی زیرەكە شار رووبەڕووی ئاستەنگی درێژە پێ دانی لە نێو كۆمەڵدا دەبێتەوە. ئەم ئاستەنگەش پەیوەستە بە گرووپی جیاجیای دانیشتووانەوە، كە نەخراونەتە پلان و بەرنامەكانی شارەكەوە، ئەمەش مەترسیی پەراوێز خستن و فەرامۆش كردنی لێ دەكەوێتەوە.
ئەوانەی پەرۆش و پسپۆری پەرە پێدانی زیرەكە شارن، پێویستە بایەخ بە بابەتی تێكەڵ بوون لەگەڵ پرۆسەكانی ئەگەری پیادە كردنی تەكنەلۆژیا لە شوێنانی نیشتەجێ بوون بدەن، هەروەها ئەو كێشە و مەترسیانەی كە رەنگە لەو پیادە كردنە بكەونەوە، كە لە كاتی پلان داناندا بە روونی بەدی ناكرێن.
گواستنەوەی زیرەكانە
بنەمای گواستنەوەی زیرەك بریتییە لە بەكار هێنانی وزە بە ئەندازەی پێویست. لە پێشەوەی هەمووشی كەم كردنەوەی دەردانی گاز و پاشماوەی وا كە زیان بە ژینگە دەگەیەنن، ئەمەش پێویستی بەوەیە كە ئامێرەكانی گواستنەوە پوخت و كەم خەرجی و بێ مەترسی بن. گرنگە كە لەم رووەوە تۆڕی گواستنەوەی ژێر زەوی لە رێی تەكنیكی زانیاری و گەیاندنەوە، گەشە پێ بدرێت.
لەم بارەیەوە دەكرێ بۆ چاودێری كردنی هاتوچۆ لە رێی كامیرا و كۆنترۆڵ كردنی هاتن و چوون و ئاگادار كردنەوە و رێ بە رێبواران نیشان دان لە رێی مۆبایلەوە یان بە رێكاری دیكە، بەرچاو روونی بە دانیشتووان بدرێت، كە بۆ نموونە فڵانە هێڵ لە كار كەوتووە یان قەرەباڵغ و جەنجاڵە و دەكرێ روو لە هێڵی دیكە بكەن، بۆ هەموو ئەم رەفتارە زیرەكانە دە نێو زیرەكە شاردا، دەكرێ سوود لە تەكنیكی زانیاری و گەیاندن وەبگیرێت.
هەڵبەت ئامێرەكانی گشتیی گواستنەوەش بە گوێرەی سیستەمی گواستنەوەی زیرەك رێك خراون، بۆ نموونە بە بەرنامەی (ئاپس: Apps) تۆ لە شاری گەورەدا، لە رێی مۆبایلەوە دەتوانی بلیت ببڕی، دەشتوانی هەر بە مۆبایل كاتی دەرچوون و كاتی گەیشتنەكەش بزانی.
لە ئێستاوە شاری ئاییندە دروست دەكرێت
رەنگە زیرەكترین شار ئەو شارە بێت كە بۆ كەم كردنەوەی جەنجاڵی پشت بە داتای هاتوچۆ دەبەستێت، یان ئەو شارە بێت كە باشترین زانیاری بە هاووڵاتیان دەدات. زۆر كەسیش پێی وایە ئامانج لێرەدا ئەوەیە، كە شار پتر سەوزپۆش و چالاكتر بێت. گەلێك كۆمپانیاش پێیان وایە، زیرەكە شار دەرفەتی زێڕین دەخاتە بەر دەست بۆ دابین كردنی كار. هەڵبەت جگە لەوەی كۆمپانیاكانی تەكنەلۆژیا بەردەوام پلان و بەرنامەی گەشە پێدانیان هەیە، لە پاڵ ئەوەشدا دەرفەت بە هاووڵاتیان دەدەن، خواست و رای خۆیان لە بارەی شاری ئاییندەی خۆیانەوە دەرببڕن.
Top