وەك ئەوەی...
February 20, 2016
فیکر و فەلسەفە
نووسهر :عەبدولسەلام بنعەبد عالی
وهرگێڕ : تاریق كارێزی
زۆر جار لەم رۆژانەدا، قسەیەكی (جۆرج دوبی)م بیر دێتەوە، كە (پیێر بۆردیۆ) لێی خۆش هات بوو لەوی وەبگرێت، وێڕای ئەوەی وابەستە بەم سەردەمەی ئێمەش نییە، نە پەیوەندیشی بەم كۆمەڵەی ئێمەوە هەیە، بەڵام من پێم وایە هێندە لە ئێمەوە دوور نییە و گوزارشت لە واقیعی حاڵەكەشمان دەكات. (دوبی) نووسیویەتی دەڵێ: "ئەگەر دەتەوێ جوامێر بیت، دەبێ تەخشان و پەخشانی بكەیت، هەروەها تۆ ناچاری خۆت دەربخەیت و پەڕ و باڵت فش بكەیتەوە، بۆشت نووسراوە كە خۆشگوزەران و دەستبڵاو بژیت. خۆ جیا كردنەوە لە جووتیاران پێویستی بەوە بوو، كە لە رووی چینایەتییەوە لە سەرووی ئەوانەوە بیت، ئەوەش نیشان بدەیت، كە لە كەرەم و دەست بڵاویدا تۆ لە سەرووی ئەوانەوەی. وێژەی سەردەمیش ئەوە دەخاتە روو. جا ئاخۆ سوارچاكی رەسەن بە چی لە خەڵكی تازە دەوڵەمەند بوو جیا دەكرێتەوە؟ ئەمیان (دەوڵەمەندی تازە) قرچۆك و رەزیلە، كەچی ئەویان (سوارچاك و خانەدان) جوامێرە، چونكە بە خۆشحاڵییەوە هەرچی هەیەتی خەرجی دەكات، هەروەها چونكە شانی لە بن باری قەرزدا كەچ بووە."خۆ رەنگە، ئەو كلیل دەستەواژەیەی كە دوو كەڕەت لەم وتەیەدا دێت (خۆ دەرخستن) و (خۆ فش كردنەوە) بێت. هەڵبەت تێگەیشتن لەم دەستەواژەیە لە چێوەی بەكار هێنانەكەیدا، هەر ئەوەیە كە بایەخێك بە وتەكە دەدات، وەرگرتنەكەشی قووڵایی خۆی هەیە. یەكەمین شت لێرەدا كە دەبێ دووری بخەینەوە، بەوەی خۆ دەرخستن حاڵەتێكی ناسازە، هەر دەبێ كاتێك بێت و راستیی كار وەدەركەوێت. پێم وایە دەبێ كارەكە لە دەرەوەی دووانەی (راستی/رواڵەت)دا لێی بڕوانین. خۆ رەنگە وا پێویست بكات، كە دوور لە میتافیزیكی راستی لێی حاڵی بین، چونكە لێرەدا خۆ دەرخستن هەرگیز پەیوەندیی بە ناسازییەوە نییە. مرۆڤی جوامێر نە فیشاڵی هەیە و نە ناسازی دەنوێنێ، بەڵكوو ئەو "خۆشگوزەرانی و دەست بڵاویی بۆ بڕاوەتەوە"، ئەو ناچارە بەم شێوەیە دەركەوێت. هیچ دەرەتانێكی نییە هەر دەبێ بەخشندە بێت، تەنانەت دەست بڵاویش بێت، بۆ ئەوەی شایان بە پێگەی خۆی بێت.خۆ دەرخستن لێرەدا خۆڕسك و راستەقینەیە، هەر ئەویشە وا دەكات، كە جوامێر بەم جۆرە بێت، هەر ئەویشەجیاوازیی كۆمەڵایەتی دیاری دەكات، پێگەیەكیش بە گرووپێكی دیاری كراو دەدات، كە گرووپەكانی دی ناگەنە قولە پێی، تەنانەت ئەگەر "شانی لە بن باری قەرز"یشدا كەچ نەبوو بێت.
رەنگە ئەم پرسیارەش بێتە پێشەوە: چ پێویست دەكات باس لە دابەش بوونەكەی جڤاكی ئەوروپای سەدەكانی ناوەند بكەین؟ چ پێویست دەكات ئا لێرەدا قسە لە بارەی خۆ دەرخستنەوە بكەین؟
وا دیارە ئەم چەمكەش یەكێكە لە كلیلەكانی تێگەیشتن لە ژیانی هاوچەرخ. جێی خۆیەتی، هەر بۆ روون كردنەوەی پرسەكە، ئەوەی (ژان بۆدریار) لە بارەی ئەم میكانیزمەی خۆی ناوی نا بوو (simulation) سیمولێشن، بهێنینەوە یاد، زاراوەكەش واتاكەی "خۆ فش كردنەوە بە گەنج و سامانێك كە نیمانە"، دەكرێ لە كوردیدا پێی بڵێین (لاسایی كردنەوە).
لەم رووەوە (بۆدریار) چیرۆكێكی (بۆرخیس) دەهێنێتەوە، كە باسی ئەو لاسایی كردنەوە پڕ لە گاڵتەجاڕی و جەفەنگە دەكات، (لاسایی كردنەوەی واقیع)، نەخشەكێشەرانی ئیمپراتۆریەتێك نەخشەیەكی ورد دەكێشن، زۆر بە وردی خاكی وشكانیی ئیمپراتۆریەتەكە دەگرێتە خۆ. لەگەڵ ئاوا بوونی ئیمپراتۆریەتەكەش، ئیدی وردە وردە نەخشەكە پەرت و بڵاو دەبێتەوە. نەخشەكە پەیدۆزی خاكی كرد، وەك ئەوەی بابەتەكە گۆشتێكی گەنیو بێت، كە هەر دەبێ بڕزێت و بگەڕێتەوە سەر مادە رەسەنەكەی خۆی (زەوی: خاك).
چی دی نەخشە لاسایی خاك ناكاتەوە، بەڵكوو گۆڕا بە ستراتیژێك بۆ بەرهەم هێنان. "نەخشە وەپێش زەوی دەكەوێت، سنووری زەوی دەكێشێت و دەی هێنێتە بەرهەم." نەخشە بەوەی بە واقیع دەچێت، بووە واقیعێك كە لە واقیع واقیعیترە، وێك چوون وای لە زەوی و نەخشە كردووە، بۆ ئێمە وەك یەك بن، بە چەشنێك جیاوازیی نێوانبڕی شتان دەسڕێتەوە، پاساویش بۆ هەبوونی رووت و پەتی، نەخشە، خاك، واقیع و وەهمیش، دەهێنێتەوە،
ستراتیژی لاسایی كردنەوە وا دەكات، وەهم و واقیع پێك بچن، ئیدی بە لای ئێمەوە وەك یەك دەبن. ئەوە ستراتیژێكە بۆ ئەفراندنی گومان، ئەو، قسە هەڵبەستن نییە بۆ واقیع، كە لە چركەساتی دەركەوتنی (راستی)دا، پەردەی لە سەر هەڵماڵدرێ، بەڵكوو پێك چوون و لاسایی كردنەوەیەكە، ئیدی وا لە واقیع دەكات، كە دەست لە واقیع بوونی خۆی هەڵگرێت، بۆ ئەوەی بچێتە سەرووی خۆیەوە و ببێتە "واقیعێكی ساغ و پتەو"، كە "زادەی نموونەی تەفرەدەرە، لە نێو فەزایەكی بێ چاوگ و بێ چێوەی دەرەكی."
كەواتە، بەركاری سەرەكیی ئەم میكانیزمە ئەوەیە، وات لێ دەكات چاوگ لە دەست بدەیت، ئیدی توانای لە یەكدی جیا كردنەوەی وەهم و راستیت نامێنێ، نێوانی واقیع و ئەفسانە، سروشت و ئەو دیوی سروشت. ئیدی هیچت لە بەردەمدا نامێنێتەوە، بێ لەوەی "وەك ئەوەی.." كار بكەیت.
ئەمڕۆ "وەك ئەوەی"، زۆر روونتر لە ژیانی كولتووریی خۆماندا هەستی پێ دەكەین، نووسەر "وەك ئەوەی" كار دەكات، رەخنەگر "وەك ئەوەی"، وەشانگەر "وەك ئەوەی"، خوێنەریش "وەك ئەوەی"، هەمووان (وەك ئەوەی) وان. دنیا بووەتە دۆ و دۆشاو و تێكەڵ بە یەكدی بوون، نە پێوەر و نە پێوانە ماوە. رۆماننووسی بە توانا (نەجوا بەرەكات) نووسیویەتی دەڵێ: "ئیدی شتانم لێ تێكەڵ دەبن. خۆ زۆر دەمێكە راستیم لێ تێكەڵ دەبێت، هەڵبەت بە هۆگەلێكەوە كە پەیوەندیی بە تەمەن و بێ بڕستیی جەستەمەوە نییە. شتێك دەڵێم، لە پڕ گومان دام دەگرێت، كە نەبادا لە كەسێكی دیكەم وەرگرت بێت. لەوە دەترسم كە بە راستی ئەوە واقیع بێت، بە نائاگایی ئەوەم كرد بێت، پاشان بە هۆش خۆم دێمەوە: كێ گوێ بە تۆ دەدات، ئەگەر تەنانەت ئەلیادە و ئۆدیسەش بە دایك و بابیانەوە، درانە پاڵ تۆ؟"