توندڕەوی و ریشەی كولتووریانەی
August 16, 2015
فیکر و فەلسەفە
نووسهر :دیمانە: گوڵان
وهرگێڕ : تاریق كارێزی
(محەمەد سەبیلا بیرمەندی گەورەی مەغریب و جیهانی عەرەب، بایەخێكی زۆری بە خوێندنەوەی فەلسەفیانە سەبارەت بە مۆدێرێنتە و دەوڵەتی مەدەنی و گوتاری ئایین. هتد. ئەم بیرمەندە لە هەموو پرسێكدا خاوەن پێشبنیی گەورەیە، بۆچوونەكانی لە ئاستی جیهانی عەرەبدا بایەخێكی گەورەی هەیە. ئەو لە بارەی تەنگژەی جڤاتی عەرەب و كولتوور و پرسی سیاساندنی ئیسلام، پرۆژە و پێشنیاری بابەتیانە و واقیعیانەی هەیە. هەوڵ دەدات هزری نوێ بوونەوە و دەسپێكی مۆدێرنێتە لە سەر بنەمای هزری هوچەرخی عەرەب بنیات بنێت، كە لە هەناوی كۆمەڵگاكانی عەرەب و ئیسلامدا ئەو نوێ بوونەوە و مۆدێرنێتە گەڵاڵە ببێت، كە چی دی رۆشنبیرانی عەرەب و ئیسلام نەبنە پاشكۆی هزری رۆژاوا، پرۆژەكانیشیان بە نامۆ لێیان نەڕواندرێ. سەبارەت بە رەوشی ئێستا جیهانی عەرەب و ئەو ئاشووب و نائارامییەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە، گۆڤاری (گوڵان) ئەم دیمانەیەی لەگەڵ كرد:)گوڵان: ئەگەر سەرەتا لەو پرسیارە سادەیەوە دەست پێ بكەین، ئایا محەمەد سەبیلا بارودۆخی وڵاتانی هەرەب چۆن دەخوێنێتەوە، ئەم واقیعە چۆن دەبینی؟
م. سەبیلا: جیهانی عەرەب بووەتە ناوچەیەكی گڕ گرتوو، فاكتەری نوێی تێیدا كەوتووەتە گەڕ. هەندێ لەو فاكتەرانە لە پای ئەوەن، كە ناوچەیەكی ناوەندییە و شوێنی چەقی جیهانی داگیر كردووە، هەندێ لەو فاكتەرانەش پەیوەستن بە هەبوونی چەندین كەلێن لە نیو سەدەی رابردوودا، بڕێكی بۆ بایەخی كولتووری و سیاسیانەی ناوچەكە و هەندێكی بۆ رەگ و ریشەی قوولی دەڤەرەكە دەگەڕێتەوە. رەگ و ریشەی هزری كە وەك تۆپەڵە بەفر غلۆر بووەوە، هێدی هێدی گڕی گرت، پێش هەمووشیان هزری تەكفیری یان تەحریمی یان خەواریج، هزرێكە تەژی لە توند و تیژیی ئایینی.ئەو هزرە وردە وردە غلۆر بووەوە تا بوو بە گرفتێكی زەبەلاح، یاخود بۆ عەرەب و بۆ جیهان بوو بە كێشەیەكی گەورە. ئەمەش لە چێوەی مەترسیی دیكەی هەرێمی یان دڕك و داڵی دی، وەك رۆڵی دووسەرەی توركیا وەك دەوڵەتێكی عەلمانی لە پەیمانی ئەتڵەسی، بەڵام لە هەمان كاتدا پشتیوانی لەو بژاردانەش دەكات، هەروەها رۆڵی روو لە گەشە یان دڕك وداڵی گەشە كردووی ئێران، كە دەوڵەتێكە لەگەڵ عیراقدا شەڕی نایەوە، كەچی توانیی هەستێتەوە سەر پێ و عیراق و ناوچەكەشی كۆنترۆڵ كرد، لەوانە لوبنان و یەمەن و هەندێ پەنا و پێچی دی. خۆ رەنگە یەكێك لە جەمسەرەكانی پەشێوی خودی عیراق بێت، كە كۆمەڵێ هێز گەلەكۆمەكییان لێ كردووە، لەوانە ئەو هێزانەی هەرێمی كە ئاماژەم پێ كردن، هەروەها هەندێ لایەن و قەوارەش كە ئارەزوو دەكەن رزگار بن و هەندێكیان پارێزراون، لە پاڵ هەندێ هێزی شەڕەنگێز كە لێی لە بۆسەدان، لە پای گەلێ فاكتەری جۆربەجۆر، لەوانەش لە سەدەی رابردوودا گیرۆدەی دیكتاتۆریەت بووبوو، كە هەموو هێزەیلی جیهانی بە دەوری ئەودا كۆ كردەوە.
گوڵان: ئێوە باسی هزری توندڕەوی ئیسلامیتان كرد، بە رای تۆ ئایا ئەم رەوشە پێویستی بە چاكسازی هەیە یان شتێكی دی؟
م. سەبیلا: ئەمە شتێكی تازە نییە، رەگ و ریشەكەی بۆ سەدری ئیسلام دەگەڕێتەوە، بۆ كوشتنی خەلیفەكان و شتی دیكەش دەگەڕێتەوە، بەڵام بەرەو رەوشێكی دی غلۆر بووەوە. واتە قۆناغی جیاجیای سستی و داڕووخان لە جیهانی ئیسلامیدا هەیە، هەورەها داتەپینی زانستی و چینایەتیش هەیە، دەتوانین بڵێین قۆناغی تەپین و سستییە. پاشان لە سەرەتای سەدەی رابردوودا بزووتنەوەی توندڕەو پەیدا بوون، كە زادەی ئەوەن كە پێی دەڵێین رووخانی خەلافەتی ئیسلامیی عوسمانی. لە سەرەتای سەدەكەش بزووتنەوەی وەهابی و ئیخوان و هەندێ گرووپی توندڕەوی لایەنگر و پشتیوانی خەواریج دروست بوون، بە تێپەڕین بە هزری (ئیبن تەیمییە) كە لە بەشێكیدا هزرێكی (ئیجتیهادی)یە، بەڵام بە دیوێكیشدا هزرێكی (جیهادی)یە. پاشان ئەو بیرۆكانە پەرەیان سەند و رەنگە بووبنە مایەی دروست بوونی حاڵەتی ئامادە كردن و بەڕێ كردنی شەڕوانانی ئیسلامی (جیهادی). سەرەتا وەك قۆناغی یەكەم، لە ئەفغانستان بۆ شەڕی دژ بە داكشانی كۆمۆنیزم لە ئەفغانستاندا دروست بوون. لە قۆناغێكی دیكەشدا لەگەڵ پەرپا بوونی شۆڕشی ئیسلامیی ئێراندا پتەوتر بوون، كە بووە مایەی بەهێز بوونی رەوتگەلی توندڕەوی ئیسلامی و بوو بە چاوگێك بۆ ئەوان. قۆناغی سێیەمیش لەگەڵ داگیر كردنی عیراق دەست پێ دەكات. هەر دەبێ ئاماژە بە رژێمی پێشووی عیراقیش بكەین، كە سوپای پڕچەك كرد و (الله أكبر)ی خستە سەر ئاڵای عیراق، سەرباری داگیر كردنی عیراق و كۆنترۆڵ كردنی رابوونی شیعە لەو وڵاتەدا لە لایەن ئێرانەوە. چركەساتێكی دی چركەساتی گەڵاڵە بوونی رەوتگەلی توندڕەوە لە میسر. بە داخەوە باڵێكی ئیخوان رووی كردە پیادە كردنی هزری سەید قوتب، لەگەڵ پەیدا بوونی توندڕەوی لە هزری حەسەن بەننا، بە تایبەتی سیاسەتی ئەو، كە رووی كردە رێكخستنی هزریی توندڕەوی لە سەرەتای سەدەی رابردوودا. ئەمانە هەموو فاكتەر بوون، هەندێكیان سەرەكی و هەندێكیان لاوەكی بوون، بەڵام گەرایەك لە هزر و كولتووری ئیسلامیدا هەیە، كە گۆڕا بە بنیاتێكی هزریانەی توندڕەو یان رەنگە بنیاتێكی رەق، كە هەندێ فاكتەری لە پشتە. دەكرێ بڵێین كارەكە زەحمەتە، كە پەیوەندیی بە دنیای هزرەوە هەیە و لە لایەن هەندێ رژێمی توندڕەویشەوە پشتیوانیی لێ كرا، رەنگە ئەو رژێمانە بە سامان و دارایی نەوت خزمەتیان كرد بێت، یان ئەوەی پێی دەڵێن خوان و سفرەی پترۆل، كە ئەم بیرۆكانە بە شێوەیەكی فراوان گەشەیان پێ دا و پارەداریان كرد. ئیدی لە لایەكەوە بنیاتی هزریی ئامادە و لە سەر پێ هەیە، كە كولتووری عەرەبی پێ گەیشتووە، لە لایەكی دیكەشەوە هەوڵی وەبەرهێنان و هەواڵگرییانەش هەیە، كە لە قۆناغی یەكەمدا دژ بە یەكێتیی سۆڤیەت بوو، لە قۆناغی دووەمیشدا بە سەر خودی جیهانی ئیسلامیدا رەنگدانەوەی هەبوو. ئەم توند و تیژییە بە لایەكدا رووی كردە سیاسەتی رژێمەكان، بە لایەكی دیكەشدابە دیوی هەواڵگرییانە یان پیلانگێڕانەیەوە گرێ دراوە. هەڵبەت ئەوەی تێیدا زەحمەتە ئەو لایەنەیە كە وابەستەی بنیاتی كولتووریانەیەتی، كە لە بنیاتی بەرگریكارانەی دژ بە هەمەجۆر هێرشێكی كە لە رۆژاواوە دێت، چڕ دەبێتەوە، هەرچەندی هەست بكات كە لە رەوشێكی نزمدایە، گڕ و كڵپەكەی پتر تاو دەستێنێ، چونكە هاودژیی سەرەكی و جیاوازیی سەرەكی كە جیهانی ئیسلامی هەستی پێ دەكات، بریتییە لەو وێنەیەی كە كولتوورەكەی خۆی لەبارەی خۆیەوە پێشكەشی دەكات، بەوەی كە جیهانێكی باڵادەست و بژاردەیە، بەڵام لە واقیعدا وێنەیەكی واقیعی هەیە روونی دەكاتەوە، كە جیهانی ئیسلامی جیهانێكی نزم و داوكەوتووی داتەپیوی بەرحوكمە، هەرچەندە ئەو دەیەوێ بە باڵادەستیی هزری و رۆحی قەرەبووی ئەو داتەپینە هزری و سیاسی و ئابوورییە بكاتەوە. هەموو ئەمانە فاكتەری توندڕەوانەن، پوختەكەیان ئەوەیە كە رووبەڕوو بوونەوەی ئەم رەوتگەلە سەخت و توندڕەوانەی، كە جیهانی ئیسلام و وێنەی ئایینی ئیسلامیان شێواندووە، چارەسەر كردنیشی لە لایەكەوە پێویستی بە گوتاری سیاسی و هاوپەیمانی و هەنگاوی سەربازی هەیە، بەڵام پێم وایە رەگ و ریشەی كولتووری، هەردەم توندڕەوی و سەختگیری و زێدەڕۆیی لە جیهانی ئیسلامیدا دێنێتە بەرهەم، ئەگەر هەنگاو هەنگاو ئەو بنیاتە هزرییە نەخرێتە بەر چاكسازییەوە و بكرێتە بنیاتێكی هزریی كراوە بەرەو رووی جیهانی نوێ، چونكە سەختیی گرفتەكە لەو هاودژییەدایە كە لە نێوانی كولتووری كۆن و بە میرات ماوەی ئیسلامی و واقیعی جیهانی نوێدایە، ئەو جیهانەی كە خەسڵەتی گەشە كردن و پێشكەوتنی هەیە.
گوڵان: لەبارەی رۆشنگەریی هزری و چاكسازیی ئایینییەوە، (داعش) یان (قاعیدە) بانگی جیهاد یان داكۆكی كردن و قسە كردن بە ناوی ئیسلامەوە دەكەن، بەڵام ئاراستەی كار جیاوازە، لەم بارەیەوە چی دەڵێی؟
م. سەبیلا: هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و هەرێمی بۆ رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر هەیە، دووەم لە نێو بژاردەی رۆشنبیریی عەرەبیشدا هۆشیاری روو لە هەڵكشاندایە، هەروەها هەست كردن بەوەی كە ئەم مەترسییە لە دەرگامان دەدات و لە نێو ماڵی خۆشماندایە، لە نێو كراس و كەوای خۆماندا خۆی مەڵاس داوە. شەرم كردن لە ئاست ئەوەی هەست دەكەین ئەو توندڕەوییە زادەی ئایینە، بەرەنجامی لێكدانەوەیەكی دیاری كراوە بۆ ئایین. خۆ لە لایەكی دیكەشەوە ویستێك هەیە بۆ لەناو بردنی ئەو دەردە، جا چ لە رێی هاوپەیمانیی هەرێمییەوە بێت یان نێودەوڵەتی، یان هەوڵی سیاسیانە و ویستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی بۆ لەناو بردنی تیرۆری توندڕەو بە ناوی ئایینەوە. هەڵبەت هاوشانی ئەوە لە جیهانی ئیسلامیدا وردە وردە گەشەیەكی خود هوشیاری هەیە، بەوەی لە نێو دووتوێی كولتووری ئێمەدا شتێك هاتە بەرهەم، كە پێویستی بە پێداچوونەوەی خود و واز هێنان لەو كولتوورە هەیە كە چووەتە سەر ملی جیهانی ئیسلامی، رووبەڕووی خود و شكۆی عەرەبی و ئیسلامی دەبێتەوە، هەروەها جۆش دانی وەهمی شڕ و شپڕێوكە دەبێتە بریتی واقیعی كولتووری و هزری و هی دیكە، پاشان نزمیی ئەو واقیعە. هاوشانییەك لە نێوان ویستی سیاسی و هۆشیاریی كولتووریانەی هەموو ئەو لایەنانەی ئایینیدا هەیە، كە خۆیان لە (داعش) بێبەری كردووە. ئەمەش گرەوێكی كولتوورییە، بەڵام زادەی داكشانێكی كولتوورییە بەرەو توندڕەوی و ئامادە نەبوونی بۆ رەخنە لە خۆ گرتن، هاوپەیمانییەكی جیهانییش هەیە بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەم توندڕەوییە مەترسیدارە، پێشم وایە رووبەڕوو بوونەوەی پێویستی بە دەیان ساڵە، كە رەنگە درێژە بكێشێ. بۆ نموونە، چەپ و ماركسیزم لە سەدەی رابردوودا هێندە تەمەن درێژ نەبوون، هەروەها هاوپەیمانییەك هەبوو بۆ پێداچوونەوەی ماركسیزم وەك نموونەیەك بۆ تیرۆر، ئەو هاوپەیمانییە بەهێز و بە گوڕ و تین بوو. ئەو تیرۆرەی ئەمڕۆ بە ناوی ئیسلامەوە خۆی شاردووەتەوە تیرۆرێكی هەمیشەیی نییە و درێژە ناكێشێ، ئەویش بە پێی پلان و بەرنامە، مادام جۆرە هەوڵێك لە ئارادایە بۆ كۆنترۆڵ كردنی رەگ و ریشەی كولتووریانەی، هەروەها زیندوو كردنەوەی ئەو قسەیەی كە ئەم گرەوە زادەی كولتووری خۆمانە، وێڕای ئەو هەموو مانۆرە سیاسییەی كە دەڵێن چارەسەرەكەی سیاسییە. وێڕای هەموو ئەو شتانە دەكرێ بڵێین سەرەتا لەناو بردنی ئەو تیرۆرە لەوەدایە كە كولتووری ئیسلامی بە خۆی و بۆچوونەكانیدا بچێتەوە.
گوڵان: وەك ئاشكرایە سعوودیە چاوگی وەهابیزمە، شەبابی سۆماڵ و قاعیدەش لە یەمەن و لیبیا و دەوڵەتانی دیكە و عیراقیش، جێگیر بوون، داعشیش ئێستا لە عیراقدا گرێژەنەی بەستووە و گەیشتووەتە لیبیا و سووریاش، هەڵبەت بە ناوی دیكەی وەم (بۆكۆ حەرام) لە ئەفریقا و شوێنانی دی. پێت وایە چاوگی هەموویان یەكە؟ واتە بنەگەی هزریی ئەو هەموو رێكخراوە یەكە، یان ئەوەتا ئامانجەكانی سیاسی و ئابوورین و بە ناوی ئیسلامەوەن؟
م. سەبیلا:رەگ و ریشەكە یەكە، بنەگەی هاوبەشەكەش بنەگەیەكی كولتوورییە، ئیسلامی توندڕەو لە (ویلایەت)ـەوە سەرچاوەی گرتووە، كە لە سەدەی رابردوودا سەری هەڵدا بۆ ئەوەی گورز لە ئیسلامی سیاسی بوەشێنێ، بۆ ئەوەی ببێتە تێگەیشتنێكی سیاسیانەی كە لەگەڵ خەسڵەتی سیستەم و بوارەكاندا بگونجێت. وێڕای توندڕەوی، ئیسلامی میانڕەو وەك هەویرێك وایە كە منداڵ گەمەی پێ دەكەن، كە هەموو هەرێم و هەموو دەوڵەتێك دەتوانێ بە گوێرەی خۆی بیسازێنێ، هەڵبەت ئەو هەر بە رادیكاڵ و توند و تیژایەتیی خۆی و رەت كردنەوە دەوڵەتی نوێ و رێكخستنی نوێ و هزری نوێش، دەمێنێتەوە، هەڵبەت بە رەنگ و سیمای خۆجێ و ناوخۆییانە، بە ناوی فڵانە پارت و گرووپی فڵانەوە، یان جەخت كردنەوە لە سەر هەندێ پرسی ئابووری یان سیاسی، چونكە دەگۆڕێ بە ئیسلامێكی ئایدیۆلۆژی، ئیسلامێك قابیلی سازان بێ لەگەڵ رەوش و دەرهاویشتەی خۆجێ و ناوخۆ. هەر بۆیە نابێ لە بیرمان بچێ رەگ و ریشەكە یەكە، هەروەها بیری توندڕەوییش یەكە، هەر لە خەواریجەوە بیگرە تا (تەیمییەناسی) و (ئەبوو عەلا) و (سەید قوتب) و گرووپگەلی توندڕەو لە میسر، كە بەو ئاراستەیەدا تیۆریزەیان كردووە، جاری واش هەیە فاكتەری ئابووری و كۆمەڵایەتیی لە پشتە، هەروەها رۆڵی هزری ئایینی كاتێك دەبێتە ئایدۆلۆژیا، دەشتوانێ لەگەڵ ئەم رژێم و ئەو رژێمدا بسازێ، بۆیە من هەمیشە دەڵێم: ریشەكە یەكە، بەڵام رەنگ و رووی خۆجێ و ناوخۆ دەگرێت.
گوڵان: پێت وا نییە كە مەترسییەكی گەورە و گوناهێك دەكەوێتە ئەستۆی بیرمەندان، ئیسلامییەكان، دواندەران (خەتیبان)، پێشنوێژان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، چونكە رۆژاوا ئایینی لە سیاسەت دوور خستەوە، ئیدی پێشكەوتن و شارستانیەتیان بنیات نا. جیاوازییەكی گەورە لە نێوانی رۆژاوا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، هەڵبەت ئێمە وەك جڤاكی موسڵمان لە ئایینی ئیسلامدا چاكسازیی ئایینیمان بەدی نەكردووە، بەڵام بەم دواییانە گەلێ پرس بەدی دەكەین، بۆ نموونە پەیدا بوونی داعش لە ناوچەكەدا، هەندێ لە لاوان دەترسن هاموشۆی مزگەوت بكەن، هەندێكیان كاتێ سەردانی وڵاتێكی ئەوروپا دەكەن، شەرم دایان دەگرێت بڵێن: من موسڵمانم. ئاخۆ باری ئەو رەوشە دەكەوێتە ئەستۆی كێوە؟
م. سەبیلا: راستە ئەم هزرە توندڕەوە لە لایەن گەلێ رژێمی سیاسییەوە چاودێری كراوە و گەشەی پێ دراوە، بە هزر پشتیوانیی لێ كراوە و پارێزراوە. دەبێ ئەوەمان لە بیر نەچێت. خاڵی دیكەش بنیاتی هزرییە كە لە كۆنەوە بە میرات ماوەتەوە، گەیشتە ئەو ئاكامەی كە هەڵوێستی داكۆكی كردن لە جیهانی ئیسلامی بگرێتە ئەستۆ، ئەو جیهانەی خۆی ورد و خاش و تێك شكاو بینییەوە، بووە بە ناوكێكی رەق و پێی وا بوو، كە ئیسلام ئایین و دەوڵەتیشە، هەڵبەت بە جەخت كردنە سەر لایەنی سیاسی. دیارە جڤاكەكانی (كۆمەڵگاكانی) عەرەب ناتوانن و شایستەیی هزریشیان نییە بۆ دەرچوون لەو بۆچوونە. دەبێ بڵێین، بنیاتی نەریتیانەی هزرییش بنیاتێكی بەهێز و چەسپاوە، لە تواناشدا نییە لێی دەربچین. بۆیە ئەو رژێمەیلە سیاسییەی كە لە ناوەڕاستی سەدەی رابردوو پێیان گوترا پێشكەوتنخواز، نەیانتوانی بە شێوەیەكی بەشەكی ئەو گرفتە چارەسەر بكەن، ئەویش رەنگە لەبەر ئەوە بێت، كە رەچاوی نموونەیەكی نێودەوڵەتییان كردووە كە (یەكێتیی سۆڤیەت) بوو. لە گۆشەیەكی دیكەشەوە، لە ئاستی ناوخۆدا لەگەڵ ئەو هزرەدا سازاون، گەشەی هزری و كولتووریشیان بە خۆوە نەدیوە كە بتوانن لەو گرفتە دەرباز بن، چونكە زەحمەتترین شت دەرچوونە لەو كولتوورە، چونكە تێكەڵ بە هەڵسوكەوت و رەفتاری كۆمەڵ (جڤاك) بووە. ئەمڕۆ ترس و مشتومڕێك هەیە، كە بریتییە لە وێنە شێواوەكە لە بارەی ئیسلامەوە، رێی ئەوەشی گرتووەتە بەر، كە وێنا و بۆچوونەكانی ناخمان بهەژێنێ. جا ئایا دیداری كولتووری و رۆشنگەریانە دەتوانن رووبەڕووی ئەو شەپۆلە ببنەوە، كە دەوڵەتانو سەدان كەناڵی ئاسمانی و ریكلامی ئاراستە كراو و ئەوانەی داكۆكی لە كولتووری نەریتی دەكەن، پشتیوانیی لێ دەكەن؟ كەواتە كامەیە رۆڵی رۆشنبیران و رووناكبیران، ئەدی تا چ رادەیەك سیاسەتمەداران لێیان رازین؟ ئایا رژێمی سیاسیی نوێخواز و پێشكەوتوو هەن كە پشتیوانییان لێ بكەن؟ لە لایەكی دیكەوە وابەستەی رای گشتی نابێت، رژێمگەلی سیاسییش هێندە گوێی پێ نادەن، بەڵكوو ئەو رژێمانە گوێ لە رۆشنبیران و ئەندامانی نەریتكاری خۆیان دەگرن، ئەركی توێژەری نەریتی زەحمەتە، ئەگەر ئەستەم نەبێت، چونكە كۆمەڵگاكان بە پشتیوانیی رایەڵی سیاسی بە دەوری یەكدا كۆ دەبنەوە، وێڕای هەبوونی هەندێ رواڵەتی ئابووری یان تەكنیك، یاخود پەیڕەو كردنی هەندێ تەكنیكی نوێ، ئەمەیە قووڵایی ململانێیەكە. كەواتە هەموو هەوڵێكی رۆشنخوازی هێشتا لە ئارادان و جێی ئومێدن. هەڵبەت دەبێ لە چوارچێوەی ئەو ئاستەنگانەی جڤاكی و كولتووری و سیاسیدا لێیان بڕوانین، كە رێی بەجێ گەیاندنی ئەركەكەیان لێ دەگرن. ئەمە پاساوێك نییە بۆ واقیعی رۆشنبیران، بەڵكوو لە پای باس كردنی ئەستەمەكانەوەیە، بەڵام ئەو شێوانەی ئەمڕۆی رووی داوە، بە هۆی ئەو رەفتارەی لە كولتووری ئایینییەوە داتاشراوە و بە چڵەپۆپە، بە جۆرێك لە دڕندایەتیشگەیشتووە، كە نەجیهان و نە ئێمەش باوەڕی پێ دەكەین، چونكە رەنگدانەوەی وێنەی سەراپای مێژووەكەیەتی، كە بریتییە لە جوان كردن و خۆ هەڵكێشان و شانازی بە خۆوە كردن، هەروەها لەو نائاگاییەی دەروونناس دەیخاتە روو. ئەمەیە ئەو هێدمەیەی كە كۆمەڵگاكانی عەرەب و رژێمەیلی سیاسی تێی كەوتوون.
گوڵان: ئایا تۆ بە ئاییندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەشبینی، یان لە پاش شۆڕشەكانی بەهاری عەرەب چاوەڕوانی خوێن رشتنی زیاتر بین؟ ئەو ئاییندەیە چۆن دەبینی؟
م. سەبیلا: ماوەی خوێن و دووبەرەكی رەنگە دەیان ساڵ درێژە بكێشێت، چونكە ئەودەرهاویشتانەی باسیان دەكەین زادەی خەیاڵ نین بەڵكوو لە واقیعدا هەن، حاڵەتی خوێن رشتن و ململانێ بۆی هەیە دە تا بیست ساڵ درێژە بكێشێت، چونكە ئەوە بەرهەمی دیكتاتۆریەتی خۆبەخۆی عەرەبە. بە داخەوە ئامانجەكانی بەهاری عەرەب بە ئاكام نەگەیشتن، چونكە دەرهاویشتەی ناوخۆ و دەرەكی و هەرێمیی هاتە نێوییەوە و بۆڕ درا. بەهاری عەرەبیش لە لایەن ئیسلامی توندڕەوەوە قۆرخ كرا، وەك ئیخوانی موسلمین لە میسر، هەڵبەت میسری ئەمڕۆ توانیی خۆی رزگار بكات، بەڵام دەوڵەتانی دی كەوتنە نێو ئەو تەڵە و داوەوە. كەواتە فاكتەری دەرەكی هاتە نێوییەوە، من دژی دووبارە گەڵاڵە كردنەوەی جیهانی عەرەبم نیم لە روانگەیەكی یەكبوونخوازییەوە. ئەو روانگەیەی وابەستە بە چەندین چین و ئاراستە بوو، یان ئەوەی پێی دەگوترێ قۆناغی ناسیونالیستی عەرەب بە ئاستێك گەیشت كە بەڵێنی جۆرێك لە رزگاریی نەتەوەییدا، بەڵام گۆڕا بە رژێمگەلی دیكتاتۆری. ئیدی بەهارەكە هەڵقوڵاوی ئارەزووی لاوان بوو بۆ بەدی هێنانی گۆڕان، هەروەها رۆڵی دەزگاكانی راگەیاندن لە جۆشدانی خەڵك، بەڵام گۆرا و بوو بە پەشێوی. جا بۆیە هەر دەوڵەتە گیرۆدەی ژانی خۆیەتی، ئەمڕۆ مەغریب لە جۆرێك لە سازان و پێكەوە ژیانی نێوان رەوتگەلی ئیسلامی و نوێخوازیدا دەژی، هەڵبەت لە میسریش جۆرێك لە هەوڵدان هەیە بۆ رزگار كردنی لە رێی ئەو وەرچەرخانەی بەدی هات. لە تونسیش رەنگە هەڵبژاردن هەبێت، بەڵام هێشتا مەترسیی تێدایە، ناتوانین بڵێین یەك خێزانە. یەمەنیش دەوڵەتێكە شپڕێوە، بەشێكە لە زامی عەرەب. كەواتە هەر دەوڵەتە گێژاوی ناوخۆی لە چێوەی بەهاری عەرەبدا هەیە.
گوڵان: دوایین كتێبت چییە، ئایا شتێكی نوێت بە دەستەوەیە؟
م. سەبیلا: من ئێستا خەریكی كۆ كردنەوەی وتار و توێژینەوەكانی پێشووی خۆمم، گرێژەنەی بابەخ پێدانیشم نوێخوازی و نوێكارییە، هەروەها ئاراستەی فەلسەفی و هزری و سۆسیۆلۆژیی پەیوەست بە وردەكاری و پیادە كردنەوە. لە پاش كتێبی (سیاسەت بە سیاسەت) گەلێ نووسینم بە ناونیشانی جیاجیا هەیە، لەوانە نوێخوازی و نوێكاری، مافی مرۆڤ، بنەمای هزری و فەلسەفیانەی مافی مرۆڤ، جگە لەكۆمەڵێك وتار و توێژینەوە، هەموو ئەوەی نوسیویشمە بەو ئاراستەیەدا دەڕوات.
گوڵان: سەبارەت بە عیراق، تا ساڵانێك دەسەڵات بە دەستی سوننەوە بوو، لە ساڵی 2003شەوە شیعە حوكمڕانیی دەكات، چۆن لە رەوشی عیراق دەڕوانیت؟ پێت وایە ئارامی بە خۆیەوە دەبینێ یان وەك رۆژهەڵات ناوەڕاست خوێن رشتنی تێدا بەردەوام دەبێت، یان پێویستمان بە هەندێ گۆڕان دەبێت، تۆ رەوشەكە چۆن لێك دەدەیتەوە؟
م. سەبیلا: من پێم وایە بە پەیدا بوونی داعش رەوشەكە بەرەو داتەپینی چوو، هەروەها پەیوەندیی ئەوە بە داگیر كردنی عیراق لە لایەن ئەمریكاوە، هەروەها ئێران وەك كاردانەوەیەك بۆ شەڕێكی پێشوو دەستی بە سەر عیراقدا گرت، سەرباری گەڵاڵە بوونی هەستی نیشتیمانی و نەتەوەیی لە لای كورد، كە ئەوان لە هەموو قۆناغەكاندا ئەشك و زەحمەتییان كێشا، لە قۆناغی رژێمی سەدام، ئەوان بە دەستی شیعە و سوننەشەوە چەوسانەوە. من شایەدی دەدەم كە جۆرێك لە گەڵاڵە بوونی نیشتیمانی و نەتەوەیی هەیە، هەروەها ئەو دڕك و زییەی پەیوەندیی بە دراوسێكانەوە هەیە (توركیا و ئێران)، ئەوەش نەك وەك مەراییەك، بەڵكوو لەبەر بەدی نەهاتنی ئامانج.