چەمكی ئازادی (2-2)

چەمكی ئازادی (2-2)

نووسه‌ر :ئەندرێ كۆمت سپۆنڤیل

وه‌رگێڕ : تاریق كارێزی

چۆن دەكرێ نەبوون ببێتە شتێكی ئازاد؟ چۆن گیاندارێكی رووت و پەتی دەتوانێ هەڵبژرادن بكات؟ بە رستەیەكی دی و بە زمانی برگسۆن: "دەڵێین كە ئێمە خۆمان رادەستی كاریگەریی تێشكێنەری خولیای خۆمان دەبین"، بۆ ئەوەی راستەوخۆ دوای ئەوە تێبینی بكات، كە ئەم بەرهەڵستییە بێ سوودە، "چونكە خولیاكەشمان هەر خۆمانین"، بەوەی مرۆڤ دەكەوێتە بن كاریگەریی خۆیەوە (ئەدی چۆن وا نابێت؟) بە دروستی واتاكەی ئەوەیە كە ئازاد بێت. برگسۆن بە چڕی و پوختی دەگاتە بەرەنجامێك و دەڵێ، ئەگەر بۆمان هەبێت وا پەسنی هەر كردارێكی ئازاد بكەین، ئەویش ئەو كردارەیە كە لە (ئەز)ی خۆمەوە سەرچاوە دەگرێت، تەنیا لە ئەزی خۆمەوە، ئیدی ئەو كردارە نیشانەی كەسانەی منی پێوەیە، ئەو لە راستیدا كردارێكی ئازادە، چونكە تەنیا ئەزی خۆمە كە مافی باوكایەتی كردنی ئەو كردارەی هەیە". ئەمەشە كە ناوی دەنێم خۆبەخۆیی ویست. ئەگەر ملكەچی سنووربەندییەكی دیاری كراو بوو، ئەمە رێ لەوە ناگرێت كە ئەویش بۆ خۆی سنوور بۆ هی دی دابنێت، چونكە لە توانایدا نییە هی دی سنووربەند بكات، تەنیا لەبەر ئەوە نەبێت كە ئەو بۆ خۆی مەحكوومی مەرجی دیاری كراوە. من هیچ شتێكم ناوێ، بەڵكوو ئەوەم دەوێ كە گەرەكمە. ئەمەشە وام لێ دەكات هەست بكەم، لەوەی كە دەمەوێ ئازاد بم.
باشە، با وا بێ، بەڵام ئایا منیش ئازادم لەوەی شتێكی دیكەم دەوێ بێ لەوەی كە ویستوومە؟ ئایا دەكرێ ویستی من بە دەسەڵاتێكی خۆبەخۆ بۆ هەڵبژاردن دابندرێ (بە زمانێكی دی، دەسەڵاتێك كە ملكەچی شتێكی دی نابێت تەنیا ئەوەی كە هەم) یان بۆ دەسەڵاتێك كە ملكەچ نییە بۆ هیچ دیاری كردنێكی بژاردەكان (دەسەڵاتێكە ملكەچی هیچ شتێك نییە، تەنانەت بۆ ئەوەی كە دەبم). جا ئایا، بەم واتایە، بریتییە لە ئازادییەكی رێژەیی (لە حاڵەتی مانەوەی بە وابەستەیی بە منەوە) یان ئازادە (تەنانەت ئەگەر ئەزی منیش سەر بە ئەو بێت). ئیدی، بۆ نموونە، ئایا من خاوەن ویستێكی ئازادم، لەوەی دەنگ بە هێزەیلی راستڕەو بدەم، كە لە رووی سیاسییەوە راستڕەو بم، یان دەنگ بە چەپ بدەم، ئەگەر لە رووی سیاسییەوە مەیلی چەپڕەویم هەبوو (خۆڕسكایەتیی ویست: ئەوەی دەمەوێ هەلێ دەبژێرم)، من ئازادم لەوەی دەنگ بە راست دەدەم یان چەپ، ئەمەش گریمانەی ئەوە دەكات، تەنیا لە چەند حاڵەتێكی تایبەت نەبێت، كە ئازادانە من بڕیار بدەم كە راستڕەو بم یان چەپڕەو؟
ئەم دووەمین جۆری ئازادی كە هەڵبەت مۆركێكی سەیری هەیە (مادام وا دیارە كە پرەنسیپی ناسنامە تێدەپەڕێنێ: رەنگە گریمانەی ئەوە بكات كە من دەتوانم شتێكی دی وەگیر بێنم جگە لەوەی كە دەمویست)، ئەو ئازادییەیە كە فەیلەسووفان هەندێ جار ناوی دەنێن ئازادیی بێباكانە، یان زۆربەی جاریش پێی دەڵێن ویستی ئازاد. (مارسیل كۆنش) پێناسەیەكی تەواوی دەكات: "ئەو دەسەڵاتەیە كە خۆی دیاری دەكات بە بێ ئەوەی وابەستە بە هیچ شتێكی دی ببێت". ئەو بریتییە لە ئازادی وەك ئەوەی (دیكارت، كانت و سارتەر) مەبەستیان بوو. ئەو گریمانە دەكات كە من (بوونی) خۆم دەكەم، وابەستەش نییە بەوەی دەبم (ماهیەتم)، بەڵكوو ئازادانە دای دەهێنم و هەڵی دەبژێرم. "ئەوەی زۆر چاك دیكارت لێی حاڵی بوو، سارتەر لەبارەیەوە گوتی، چەمكی ئازادی خواستی سەربەخۆییەكی رەها ئابڵووقە دەدات، كرداری ئازادیش بەرهەمێكی تەواو ئازادە، بە جۆرێ كە بنەچە ناتوانێ خۆی بئاخنێتە نێو حاڵەتێكی پێشوو لەبارەی جیهانەوە، سەرەنجام ئازادی و داهێنان وەك یەك شتیان لێ دێت".
جا لەبەر ئەوەیە كە ئەو ئازادییە مومكین نییە، وەك سارتەر بۆی چوو، تەنیا لەو حاڵەتە نەبێت كە دەبێتە "بوون بەر لە ماهیەتە". بەوەی كە ئادەمیزاد گیاندارێكی ئازادە، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە "بوونەكەی یەكەم هیچ نییە" بە گوتەی سارتەر. واش نابێت، تەنیا بەوە نەبێت "خۆی بە خۆی دەكات". من ئازاد نیم، تەنیا بە مەرجێ، ئەمەش بێگومان سەمەرەیە، كە توانای ئەوەم هەبێت كە نەبمە ئەوەی "دەبم" و ببمە ئەوەی "نابمێ"، واتە بە مەرجێ خۆم بە رەهایی خۆم هەڵبژێرم. وەك لە كتێبی "بوون و نەبوون"ی سارتەردا هاتووە: "هەر كەسێك هەر چییەك بێت، ئەوا هەڵبژاردنێكی رەهای خۆیەتی".
خۆ هەڵبژاردنی خود، كە بە بێ ئەو ئازادی ئەستەم دەبێت و شتێك نابێت كە بیری لێ بكرێتەوە، ئەو خۆ هەڵبژاردنەی خودیش ئەوەیە كە ئەفلاتوون لە ئەفسانەی "ئیر" لە كۆتایی كتێبی (كۆمار)دا روونی دەكاتەوە، كاتێك دەبینین، لە نێوانی دوو دۆن (دوو نموونە)دا، نەفس جەستە و ژیانی خۆی هەڵدەبژێرێت. ئەمەش كە (كانت) ناوی نا خەسڵەتی عەقڵ، یان سارتەر لە روانگەی گرفتێكی جوداوە ناوی نا ئازادیی رەسەن، كە وەپێش هەموو هەڵبژاردنێك دەكەوێت، كە تەنانەت هەموو هەڵبژاردنەكان وابەستەی ئەون. ئەم ئازادییە، یان ئازادییەكی رەهایە یان ئازادییەكە هەر نییە. ئەو دەسەڵاتێكی بێ تخووبە، بۆ خۆبەخۆ خۆ دیاری كردن. بە زمانێكی دی، ئەو دەسەڵاتێكی ئازادە بۆ خۆ ئەفراندن. لەبەر ئەمەشە كە ئازادی وەك هەندێك بۆی چوون، تەنیا سەر بە خوداوەندە، یان ئەوەتا ئەگەر بتوانین، دەمانكاتە خوداوەند.
كەواتە ئێمە لە بەردەم دوو واتای ئازادین: ئازادیی كردار و ئازادیی ئیرادە. ئازادیی ئیرادەش دەكرێ دابەشی سەر دوو بەش ببێت: ئیرادەی خۆڕسك و ئیرادەی ئازاد.
ئایا كارەكە هەر ئەوەندەیە؟ پێمان وا نییە وا بێت، چونكە هزریش بە كردار دادەندرێت: ئەوەی بمانەوێ دەیكەین، واتە ئێمە بێ سێ و دوو دەتوانین بیر لەوە بكەینەوە كە دەمانەوێ. ئیدی وەك باوە و دەڵێین، گرفتی ئازادیی بیر یان ئازادیی عەقڵ دەخرێتە روو.
ئەو گرفتێكە، پێكەوە گرفتی ئازادیی كار و سەرەنجام ئازادی بە واتای سیاسی دەگرێتە خۆ: ئازادیی هزر (هەروەها هەموو ئەو ئازادییانەی گریمانەیان دەكات: ئازادیی بەدەست هێنانی زانیاری، ئازادیی را دەربڕین، ئازادیی گفتوگۆ..) بەشێكی دانەبڕاوە لە مافی مرۆڤ و پێداویستەكانی سیستەمی دیموكراسی. بەڵكوو دەكرێ لەوەش دوورتر بڕۆین، با بۆ نموونە بێینە سەر باسی گرفتی وەرزش: ئاخۆ بە چ واتایەك من ئازادم لە هەڵهێنانی رازەكانی؟ ئایا مەبەست واتای ئازادیی هەڵبژاردنە؟ بە دڵنیاییەوە نا. ئەگەر من لە سەلماندن حاڵی بم، چارەسەر خۆی بە سەرمدا دەسەپێنێت، خۆ ئەگەر نەتوانم لێی حاڵی بم، ئەوا بە زەروورەت لە دەستم دەردەچێت. وێڕای ئەوە، لە كاتی سەلماندندا هەست بە هیچ ناچارییەك ناكەم، كە ببێتە بەربەست بە سەر زەینمەوە: من چۆنی ئارەزوو بكەم ئاوا بیر لە هەر شتێك دەكەمەوە، بە واتای ئەوەی من لەوە بە ئاگا بم كە ئەوەی بیری لێ دەكەمەوە راست و دروستە. بە بێ ئەو ئاگا بوونە، ئەستەمە ئازادی كارا بێت. ئەگەر عەقڵ شەیدای راستی نەبێت، تەنانەت ئەگەر شەیداییەكە كەمێكیش بێت، ئەوا هەر گیرۆدەی خۆی دەبێت: بەرنیشانەكانی دەبنە وڕێنە و هەر هزرێكیش تەنیا رواڵەتێكی لابەلا دەبێت.
كەواتە عەقڵ ئەوەیە كە لە هەموو ئەمەمان دادەبڕێت، چونكە لە خۆمان ئازادمان دەكات بەرەو دیدێكی كراوە بەرەو رووی هەر شتێكی گەردوونی. بە گوتەی (ئالان)ی فەیلەسووف: "هەرگیز نابێ عەقڵ دەستەمۆ بێت، تەنیا بەڵگەیەكی ئەندازە بەسە بۆ سەلماندنی گرنگییەكەی، چونكە ئەگەر دەقاودەق باوەڕت پێی هەبوو، ئەوا پێت دەڵێن گێل، ئەمەش خیانەت كردنە لە عەقڵ". بۆیە یەك ملهوڕ نابینی كە عاشقی هەقیقەت بێت. ملهوڕێكیش نابینی كە شەیدای عەقڵ بێت. ملهوڕان لە خۆیان بەو لاوە گوێ بە كەس نادەن: ئایا لەبەر ئەوەیە كە ئازادن؟ ئەمە بە دڵنیاییەوە وا نییە، چونكە ئێمە دەتوانین بیر لە هەر شتێك بكەینەوە، بەڵكوو زەروورەتی شتی هەقیقی هەمان پێناسەیە بۆ سەربەخۆییەكەی.
تێكڕای گۆشەكانی سێگۆشە لە شوێنی (ئەوكلیدی)دا چەندە؟ جا من لە رووی جەستەوە چۆن بم، سەر بە چ چینێكی كۆمەڵایەتی بم، نەستم هەر چییەك بێت، خۆشم هەر چۆنێك بم، ئەوا وڵامەكەم (هەڵبەت ئەگەر پەی بە سەلماندن ببەم و پێی ئاشنا بم) هەر دەبێ (180) پلە بێت. وێڕای ئەوە، هەرگیز بە شێوەیەكی باشتر، هەستم بە ئازادی نەكردووە، تەنیا ئەوكاتەی دەستەونەزەر لە بەردەم مەقامی هەقیقەتدا وەستاوم، هەروەها بە ئەندازەی ئەوەی بە دروستی پێی ئاشنا بووم، یان با بڵێین هەر كاتێك، بێ لە عەقڵ ملكەچی هیچ شتێكی دی نەبووم. بە زمانێكی دی، كاتێك ملكەچی هیچ شتێك نابم بێ لەو زەروورەتەی لە ناخمدا شاراوەیە، كە ئەویش من نییە، بەڵام دڕم پێ دەدات و منیش هەوڵ دەدەم لێی حاڵی بم.
بۆ ئەوەی زیاتر روونی بكەمەوە، نموونەی دیكە دەهێنمەوە: ئاخۆ 3 جاران 7 دەكاتە چەند؟ پەیوەندیی نێوان قەبارە و ورە چییە؟ كێ (هینریی چوارەم)ی كوشت؟ خۆر و زەوی، كامیان بە دەوری كامیاندا دەسووڕێتەوە؟ ئەوەی سەری لەم شتانە دەرنەچێ، هەر ئەو دەتوانێ وڵام هەڵبژێرێ، تەنیا ئەو كەسەی بەو شتانە ئاشنایە، دەتوانێ بە ئازادی وڵام بداتەوە.
ئازادیی هزر واتە ئازادیی عەقڵ. ئەویش ئازادییەك نییە كە تەنیا بریتی بێت لە ئازادیی هەڵبژاردن، ئەو لە بنەڕەتدا ئازادیی زەروورەتە، ئازادیی هەقە، یان هەقیقەت بەوەی كە ئازادییە. ئەو ئازادییە بەو شێوەیەی واتاكەی لە لای سپینۆزا، هیگل، ماركس و فرۆیددا بەرجەستە بوو، ئازادییەك بەوەی زەروورەتێكە لێی حاڵی دەبین یان دروستتر لە زەروورەت حاڵی بوونە. بە زمانی سپینۆزا، گیانداری ئازاد، بە واتای راستەقینەی پەیڤەكە، ئەوەیە كە تەنیا ملكەچی زەروورەتی تایبەتی خۆیەتی. لەبەر ئەم هۆیەشە كە عەقڵ ئازاد و ئازادیخواز دەبێت.
هەر كەسێك دەتوانێ یەكێك لەم چوار واتایە هەڵبژێرێ: ئازادیی كردار، ئیرادەی خۆڕسك، ئازادیی هزر یان ئازادیی عەقڵ. هەڵبەت ئەو واتایەی یان واتایانەی كە بە لای ئەوەوە لە هەمووان گرنگتر یان وردترە، وردترن (ئەم واتایانەش یەكدی رەت ناكەنەوە)، بەڵام: ئایا ئەم هەڵبژاردنە ئازاد دەبێت؟ لە راستیدا ناتوانین پێداگیری لە سەر وڵامێك بكەین، مادام هەر زانیارییەك لەبارەی ئەوەوە بە رادەی پێویست نییە، مادام كە هەر وڵامێكی بیخەینە روو، ئەو بۆ خۆی بژاردەیەك گریمانە دەكات كە پەیوەستە بە خۆیەوە. هەڵبەت لەبەر ئەوەی ئازادی رازێكی پەنهانە، هیچ كات وەك گرفتێك: هەرگیز ناتوانین بە تەواوی بیسەلمێنین یان لێی حاڵی بین. ئەو رازە ئێمە دروست دەكات، لەبەر ئەو هۆیەیە، هەر كەسێك لە ئێمە سەبارەت بە خۆی رازێكە. ئەگەر بمەوێ ببمە ئەوەی كە گەرەكمە، ئەوە نایەتە دی تەنیا لەو دنیا نەبێت، وەك كە ئەفلاتوون ویستی، یان لە دنیایەكی دی وەك كانت گوتی، یان بە لای كەمەوە لە ئاستێكی دی، وەك ئەوەی لە بڕیاری ئیرادیدا هەیە، یان لەو ئاكامانەی لێی دەكەونەوە، وەك كە سارتەر گوزارشتی لێ كرد. هەڵبەت ئەو ژیانەی دی و ئەو جیهانەی دی و ئەو ئاستەی دی، بە پێناسە هیچ زانینێكم ناخاتە بەر دەستەوە، لەبەر ئەو هۆیە دەكرێ هەمیشە پێمان وا بێت، كە من گیاندارێكی ئازادم (بەو واتایەی ئازادیی ئیرادە پیشانی دەدات) بە بێ ئەوەی هەرگیز بتوانم ئەوە بسەلمێنم.
سەرباری ئەوە، رەنگە كاری گرنگ لێرەدا نەبێت. لە نێو ئەو چوار واتایەدا بە لای كەمەوە سێ واتا هەن زەحمەتە رەت بكرێنەوە: ئازادیی كردار، خۆڕسكایەتیی ئیرادە (ویست)، زەروورەتی ئازادانەی عەقڵ. شتی هاوبەش لە نێوانی ئەو سێ ئازادییەدا ئەوەیە، كە ئەوان بە شێوەیەكی رێژەیی نەبێت، لە پێناوی ئێمەدا نین (ئێمە لە رووی كردار، ویست و زانینەوە، تا ئەو رادەیە یان ئەوی دی ئازادین)، ئەمەش ئەم گرەوەی دادێ دەسەلمێنێ: پرسەكە پەیوەست نییە بەوەی بزانین كە ئاخۆ بە تەواوی ئازادم، هێندەی كە پەیوەستە بە تێگەیشتنی رادەی، كە دەكرێ بە شێوەیەكی چاكتر ئازاد بم. ویستی ئازاد، كە بە رازێك دادەندرێت، لە بیرۆكەی رزگاری كەم بایەخترە، ئەو وەك بەردەوامی و ئامانج و كردارە.
ئێمە بە ئازادی لەدایك نابین بەڵكوو دواتر ئازادی بەدەست دەهێنین، هیچ نا من پێم وایە، ئیدی لەبەر ئەو هۆیەیە كە ئازادی هەرگیز رەها و بێ كۆتایی نییە: ئێمە تا ئەو رادەیە یان ئەوی دی ئازادین، كارەكەش بە دڵنیاییەوە پەیوەستە بەوەی، كە بە پێی توانا وامان لێ بێت.
تەنانەت ئەگەر واشی رەچاو بكەین كە سارتەر راستە، ئەمە سەبارەت بەم خاڵەی دواییان، بەس نییە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنن كە من هەڵەم، جا ئەگەر لە پێشڕا ئازاد بین یان نا، بە گوتەی نیتچە، لێمان نابوورێ كە ئازادی بەدەست بهێنین، جا چ هەموو كەسێك "هەڵبژاردنێكی رەهای خۆی هەبێت"، بە رای سارتەر، ئەم شتە نە لە كردار و نە لە ویست و نە لە زانین نامانبوورێ.
ئازادی هەر تەنیا رازێك نییە، ئەو هەروەها ئامانج و نموونەشە. ئەگەر پێمان نەكرا ئەم رازە بە تەواوی روون بكەینەوە، رێ لە نموونە ناگیرێ كە بەرچاو روونیمان پێ بدات. هەروەها ناتواناییمان لەوەی كە بە تەواوی بە ئامانج بگەین، رێ لەوە ناگرێت كە بەرەو لای ئامانج تەكان بدەین یان لێی نزیك ببینەوە.
كارەكە پەیوەستە بەوەی فێر بین چۆن لەوە خۆمان راپسكێنین كە تەگەرە دەخاتە بەردەم خودمانەوە، وەك لە لای سپینۆزا دەی بینین، ئەم ئازادییە تەنیا ناوێكی دیكەی داناییە.
تێبینی:
ئەم بابەتە (حەسەن بیقی) لە فەرەنسییەوە كردوویە بە عەرەبی، لە عەرەبیشەوە كراوەتە كوردی. لە 6/11/2014یشدا دەقە عەرەبییەكەی بڵاو بووەتەوە.
ژێدەر:
André Compte-Sponville.Presentations de la philosophe.Editions Albin Michel.S.A .2000
Top