فەلسەفەی پێكەوەڕۆ لە چاخی تەكنیكدا..یورگن هابرماس لە رووبەڕووی كارڵ ماركس و مارتن هایدگەردا(3-3)
August 21, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسهر :حەسەن موسەدەق
وهرگێڕ : تاریق كارێزی
لەوەی پێشتر گوتمان تێدەگەین كە داوا لە یاسا دەكرێت، لە تیۆریی هابرماسدا رۆڵی "هەڵگێڕ" بگێڕێت، ئەو پێداویستی پێوەرسازی كرداری پێكەوەڕۆیی هەڵدەگێڕێتەوە بە دەسەڵاتێكی ناچارانەی تێكڕای كۆمەڵ و ریزبەندانی پیشەسازی و دارایی و بانكداری و تۆڕئامێزانەی، كە تێیدا تاك دژ بە دەوڵەت و دەوڵەتیش دژ بە تاك، سەنگەر لە یەكدی دەگرن. تەنیا دەزگای یاسایی كە بەیەك گەیشتنێكی تێر و تەواو لە نێوانی رێزبەندان و ژیانی رۆژانەمان دەستەبەر دەكات، چونكە گوزارشت لە پێداویستانێك دەكەن كە مرۆڤ لە گوتاری ئاسایی خۆی و خواست و خولیای رۆژانەی بە ئاراستەی زمانێك، كە ریزبەندان لێی تێدەگەن و پێگیری دەبن، گەڵاڵەیان دەكات.بە گوێرەی ئەوە، یاسا واتای باوی خۆی دەگۆڕێت، ئەو لە تەنیا ئامرازێك بۆ پوختە كردن و رێكخستن و دیسپلین كردنی پەیوەندیی نێوان تاكەكان و رێكخستنی هەمەجۆر دەسەڵات، وەك ئەوەی ماوەیەكی درێژە برەوی سەندووە، بوو بە ئامرازێكی نوێ، كە كۆمەڵ لە رێی ئەوەوە گوزارشت لە تێگەیشتنی لە خۆی و لە ویستی سەربەخۆی خۆی دەكات. بەم واتایە بێ، چەمكی هاووڵاتی لە تەنیا گیاندارێكەوە كە ملكەچی دەسەڵاتە و سوود لە مافەكانی وەردەگرێت لە سایەی ئەودا، (بە واتای لیبرالانەی پەیڤەك)ـەوە دەگۆڕێت بەوەی لە ئێستا بە دواوە وەك خودێكی هۆشیار بە خۆی ئاشنا بێت، بەشداری لەو بەردەوامییەدا دەكات، كە لە رێی ئەوەوە كۆمەڵگا بیر دەكاتەوە و بڕیار لەبارەی خۆیەوە دەدات.
سەرچاوەی ئەم شاد بوونەش بە پێوانەسازی و هێنانی جیهانی ژیان و ریزبەندان بۆ ژێر سایەی دیموكراسییەكی دەستاودەست، ئەو دەسەڵاتەیە كە بە تاك و ئەندامی جڤاكی دەدات، كە نیواونیو بەشدار بن بە بێ ئەوەی كەس لە لاڕێدا جێ بهێڵدرێت. كۆمەڵگاكانی دیموكرات هەر تەنیا بڕێكی زۆر كەم و بە شێوەیەكی نوقسانیش، ئەو توانا و وزە دیموكراسییەیان بەدی هێناوە، كە لە یاسای نوێدان وەك ئەوەی رۆسۆ دۆزییەوە. شێوە دیموكراسیی (نوێنەرایەتی كردنی دەسەڵاتی سیاسی) گۆڕا بە كەوی كردنی وزەگەلی دیموكراسی و سەركوت كردنی تێكڕای گەل لە پێناو بژاردەیەكی ئۆلیگارشیی سیاسی. بە هاتنی دەوڵەتی بایەخدەری كۆمەڵایەتی (Etat-Providence) ئەم شتە پتەوتر بوو، كاتێك رێسا و میكانیزمی بیمەی كۆمەڵایەتی دادندرا، كە دەوڵەت خۆی لێ بە خاوەن كرد، پارتی سیاسییش خۆی بە خاوەنی كایەی سیاسی زانی، ئەمەش هاندەر بوو كە تاكەكان نقومی نێو ژیانی تایبەتی خۆیان بن، هەردەمیش زیاتر و زیاتر پشت لە بواری گشتی و كاروباری سیاسی دەكەن.
دەوڵەت تا ماوەیەكی درێژ ئەوەی رەت كردەوە، كە كۆمەڵگای مەدەنی سیاسەت بكات، خۆ ئەگەر ئەمڕۆ وا هاتە پێش چاو، كە گەلێك نیشانە دووپاتی دەكەنەوە كە شێوازەكە روو لە نەمانە، ئەوا دژیەتییە روو لە هەڵكشانەی دەرهەق بە قۆرخ كردنی سیاسەت لە لایەن بژاردەی تەكنۆكرات و پیشەگەرانەوە دەكرێت و فراوان بوونی پیادە كردنی دیموكراسی لە بواری نوێدا، هەروەها ئەو زەحمەتیانەی دیموكراسی پێیانەوە گیرۆدە بووە و رۆڵی روو لە هەڵكشانی منایەتیی كۆمەڵگای مەدەنی و بەرز بوونەوەی هەستی وڵاتایەتی (هاووڵاتی بوون)، بە كاریگەریی هەلومەرجی نوێی كۆمەڵایەتی، ئاماژە بە ویستی هاووڵاتیان دەكات بۆ هەڵاتن لە بەدیلی هەڵە، كە دەیەوێ ئەوان لە نێو شوورەی دیموكراسییەكی "نوێنەرایەتیانە"دا قەتیس بكات، بە كردەنی ئاشكرای كرد كە سنووردارە و دیموكراسییەكی "راستەوخۆ"شە، كە ئیدی مەحاڵە پیادە بكرێت.
هابرماس هەوڵ دەدات دیدێكی ئەنسكلۆپیدیانەی تێك هەڵكێش پێشكەش بكات، كە تەوەرەكەی فەلسەفە، كۆمەڵناسی، زمانناسیی دەستاودەست و فەلسەفەی یاسا بێت. ئەم پێكهاتە رەسەنە بەدیلێكی نوێ گەڵاڵە دەكات كە جێی گێڕانەوەی فەلسەفەی هۆشیاری بە هەموو چاوگەكانییەوە، چ لیبرالی بن یان ماركسی دەگرنەوە، پێشی دەگوترێت كرداری پێكەوەڕۆ، كە بارگەی فەلسەفیانەی ئەو دەچێتە چێوەی عەقڵانیەتی رۆشنگەرانەوە، كە پێگەی عەقڵ بەرز دەكاتەوە و توند و تیژی یان پەنا بردنە بەر هێز رەت دەكاتەوە، ئەویش لەو كاتەدا كە دەگاتە ئاستی عەقڵانیەتی پێكەوەڕۆییانە.
عەقڵانیەتی پێكەوەڕۆ كۆشش دەكات پەیوەندیی تاك بە ئەوی دیكەوە چوست بكات، هەروەها پەیوەندیگەلی ئابووری و سیاسیی نێو كۆمەڵیش بخاتە ژێر ركێفی گفتوگۆوە. ئەو دیالۆگەی پشت بە یەكسانی و دوور لە گوشار و ناچار كردن دەبەستێت، یەكەمین بەراییەكە بۆ ئەوەی كۆمەڵ بە هەموو چینەكانییەوە، بەرەو كۆمەڵئارایی (جمعنە أو جتمعە Sociabilité) واتە (پێگەیاندنی جڤاكیانە) ببەین، ئەمەش گرێبەستێكی كۆمەڵایەتی بەدی دەهێنێت كە هەمووان قبووڵیانە و پەنای بۆ دەبەن.
هابرماس هەوڵ دەدات متمانە بۆ پرۆژەی نوێخوازیی رۆشنگەرانە بگێڕێتەوە، كە پێی وایە پرۆژەیەكە هێشتا تەواو نەبووە، بە ئاشكرا كردنی ئەوەی لە جیهانی هاوچەرخدا لێی بێ دەنگ بوون، كە بە میراتگری شەرعیی چاخی رۆشنگەری دادەندرێت، خۆشی لە نێو عەقڵانیەتی پێكەوەڕۆی هاوبەند لەگەڵ دەسەڵاتی گوتاری سەلماندن، مەڵاس داوە.
كۆبەكۆ، فەلسەفەی هۆشیاری بە هەردوو باڵەكەی، وا مێژووی داڕشت كە وێنەی هێڵێكی نەپساوەیە لە پێشكەوتن، مێژووی مرۆڤایەتیشی وا دانا، كە قۆناغەیلی نەپساوەی پێكهاتن و دروست بوونە، هەردوو فەلسەفەی لیبرالی و سۆشیالیزم یەك ئاسۆی یەكگرتوویان هەیە و لە فەلسەفەی هۆشیاری دەرناچن. ئەو یەكەم: گەردە مەیلە (بەندە بە تاكەوە)، دووەمیش: كۆمەیلێكی هەمەكە (بەندە بە چینەوە)، بەڵام ئەو هۆشیارییەی چاوی لێیە لە دەست هەردووكیان رزگاری بێت، لە خودەوە (جا چ تاك بێت یان كۆ) سەرچاوەی گرتووە. هەر یەكەیان رەنگ و رووی جیاواز لە ئەوی دیكەیان سەبارەت بە ناوەرۆكی ئازادیی مرۆیی كێشاوە، لیبرالیزم جەخت دەكاتە سەر ئازادیی هەڵبژاردن لە لای تاك، ئەویش (واتە تاك) دەكاتە بەهای باڵای خۆی، كەچی ماركسیزم لە سەرەتاوە تا كۆتایی چاوی لە بەجێ گەیاندنی ئەو شتەیە، كە جڤاك و بە تایبەتی دەستەی بێبەشان هەڵیدەبژێرن.
بەڵام بە دڵنیاییەوە نە خود و نە چینیش توانایان نییە، كە هەقیقەتی رەهایان هەبێت، ناشتوانن جێی مێژوو بگرنەوە. ئەوەی، دوور لە خەڵكی دی، دەڵێ هەقیقەتی ها لە دەستدا، جۆرێكە لە دەبەنگی و وڕێنە. بە گشتی، هەر ئازادییەك گرفتی ئەوەی تێدایە، كە ئەوەی بە ویستی خۆمان هەڵیدەبژێرین یان ئەوەی بە زۆر هەڵبژاردنەكەی بە سەرماندا دەسەپێندرێت، بەڵام خۆ ئەو پرسیارە ناوەندییەی لە هەردووكیانی دەكەین ئەوەیە: لە لایەكەوە، ئاخۆ سوودی بەدەست هێنانی مافی هەڵبژاردن چییە، ئەگەر كەرەستەیەكمان لە دەستدا نەبێت كە توانای جێبەجێ كردنی ئەومان پێ بدات؟ لە لایەكی دیكەشەوە، ئاخۆ بەدەست هێنانی كەرەستە و ئامرازەكان چ بەهایەكیان هەیە بە بێ ئەوەی مافی هەڵبژاردنم هەبێت یان هەڵبژاردنێكم بە سەردا بسەپێندرێت؟
هەڵەی سیستەمەیلی سۆشیالیستی شموولی كە خۆی لە بەرتەسك كردنەوەی ئازادی و مافی هەڵبژاردنی تاكە كەسیدا دەبینییەوە، بە حوكمی لە پێشدا هاتنی جڤاك بەر لە تاك و یەكسانی لە كەرەستەی بەردەستی تاكەكان. كەچی لە كۆمەڵگای كێبەركێی ئابووریی لیبرالدا دەبینین، كە ئازادیی زۆرینە زۆر بەرتەسكە، بە سایەی كەمینەیەك كە خاوەنی سامان و هەژموون و ئازادییە. ناتوانین ئەوە ناو بنێین ئازادی مادام كە تەنیا بە بەهێزانەوە گرێ دراوە. هەمان شت سەبارەت بە یەكسانییش هەر راستە، كە بە سایەی ملكەچی و خەفە كردنی ئازادییەوە دەكرێت، ئەم ئازادییە بێ شكۆیە!
وێڕای ئەوەی فەلسەفەی پێكەوەڕۆی رەخنەگرانە پەنجەی تۆمەت راداشتی لیبرالیزم و سۆشیالیزم دەكات، ئەوا ئەمە نابێ وا لێی حاڵی بین، كە داتەپینی ئەو رەخنەیەیە لە نێو میحرابی تایبەتمەندیی جڤاك و نەریت و ئەوانەی بانگ بۆ گۆشەگیر كردنی مەزهەبی و ئایینی و فرۆشیارانی میهری خوداوەندانە بە قیست دەكەن.
وێڕای ئاسەواری نەرێنیی پرۆسەی نوێخوازیی ئابووری و كارگێڕی، ئەوا نابێ لە بیرمان بچێت كە ئەوەی لە سەرەتای چاخی رێنیسانس بە كۆرپەڵە و لاوەكی دادەندرا، كە ململانێی لەگەڵ بەهاگەلی نەزانی و بیر و باوەڕی سەرەتایی و نەریتی دەرەبەگانە و حوكمی دیكتاتۆرانەدا دەكرد، كە ئەمڕۆ خۆی لە عەقڵانیەتی پێكەوەڕۆدا دەنوێنێ، كە بووە مایەی ئەوەی عەقڵ چەندین بوار بگرێتەوە، وەك چەسپاندنی بەهای یەكسانی لە نێوانی كەسەكان و رێزگرتن لە هەمەجۆر بەها ئیتیك و رێزگرتن لە یاسا، تا دەگاتە گەڵاڵە كردنی سیستەمەیلی دیموكراسی و یاسا و دەستوور.. هەر بۆیە هابرماس لەگەڵ رەوتی پاشە نوێخوازی (فۆكۆ، دریدا، لیوتار...)دا كۆك نییە، سەبارەت بەو تانە و تەشەرەی هەمبەر بە پرۆژەی نوێخوازی هەیانە و سووكایەتی كردنیان بە عەقڵ، پاش ئەوەی ئاسەواری نەرێنیی تەكنیك و بیروكراسییان بە داڕووخانی پرۆژەی نوێخوازی دانا.
هەر لە دەسپێكدا، هابرماس داوا دەكات رێ لە عەقڵانیەتی وەزیفی بگیرێت كە بێ شەرمانە تەكنیك پیادە دەكات، ئابووریشی بە تەواوی كۆنترۆڵ كردووە و بە بیرۆكراسیەتی خۆی دەوڵەتی كۆنترۆڵ كردووە، تا ئابووری و دەوڵەت بگەڕێنەوە سەر ئەركی ئاساییانەی خۆیان. هەڵبەت ئابووری و دەوڵەت ناتوانن ئەركی خۆیان بەجێ بگەیەنن تەنیا مەگەر بە دوو ریزبەندی تێكەڵ بە یەك دابندرێن، ئیدی بەم پێودانگە، نابێ هەر تەنیا ئەرك دووبارە پارسەنگ دانەوەی بازاڕ بە تەنیا قۆرخ بكات.
ئەو شتەش وا دەكات رۆڵی سیاسەت بهێنێتە پێشەوە، لە پاش ئەوەی لە بەردەم ئابووریدا بە چۆكدا هات، هەروەها هۆشیاریی دەستەجەمعی پتر بیر بكاتەوە و رامان بكات، لە بن كاریگەریی عەقڵانیەتێكی پێكەوەڕۆییانە كە سەلماندن و پاساو بۆ سەلماندنی پرسەیلی پێوەرانەی خۆی بەكار دەهێنێت.
هەر بۆیە لە یەك كات و بە تەواوترین شێوە، دەبێ عەقڵانیەتێكی رۆشنگەرانە و نوێخوازانە لە ئاستەكانی جیهانی ژیاندا پیادە بكرێت:
1-كولتوور.
2-كۆمەڵ.
3-كەسایەتی.
ئەمەش بێ گومان، ئەنجامی كردەیی و دەمودەست بە پرۆژەی نوێخوازی دەدات:
1-باری رامان و بیركردنەوەی عەقڵانی لە ژیانی كولتووریانەدا قوولتر بەرز بكرێتەوە.
2-بەدی هێنانی پێوەرێكی گەردوونی كە بە سەر هەموواندا پیادە دەبێت، لە پاش ئەوەی لە لایەن ئەوان و بە رەزامەندیی ئەوان دەردەچێت.
3-كار بۆ پێگەیاندنێكی كۆمەڵایەتی بكرێت كە كارامەیی تاكانەی لێ دەكەوێتەوە و یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێگەیاندنی كەسایەتی.
ئیدی لەم روانگەیەوە، هابرماس ئامرازە عەقڵانیەتی تایبەت بە تەكنیك و ریزبەند، كە تەنیا بە لۆژیكی ژمارەیی و ئەرك ئاشنایە، رەت دەكاتەوە، بەدیلی عەقڵانیەتی پێكەوەڕۆشی پێشكەش دەكات كە زامنی كارلێكی دروست و دیالۆگی دووسەرەیە، بە مەبەستی ئەوەی شیان بە مرۆڤ بدرێت بۆ پاراستنی جیهانەكەی لە هوروژمی تەكنیك، بە چەشنێك كە هاوسەنگی بۆ نێوانی جیهانی ژیان و جیهانی ریزبەندەكەی دەگێڕێتەوە.
عەقڵانیەتی پێكەوەڕۆ، مەرجەیلی دروست دیاری دەكات، كە زامنی تاقی كردنەوەی راستگۆیی و پێوەرایەتیی هەر گوتارێكە كە شیاوی (validité) لە خۆیدا رادەبینێت بە سەر گوتارەیلی دیكەی هاوشانی ئەو، ئەو تەنیا ئەو ئامرازانەمان پێ دەدات كە فریامان دەكەون بۆ تاقی كردنەوەی قسە و باسی شیاوی بۆ هەر پرسگەلێكی پێوەرسازانەی خراونەتە روو و پاڵپشتیان دەكات، ئەگەر هاتوو مەرجەكانی گەردوونیانەیان تێدا بەدی هات، كە عەقڵ بانگیان بۆ رادەدێرێت. ئەو لەم بابەتەدا، بڕوای بە توانای خودێكی دانا نییە (وەك ئەوەی دیكارت باسی دەكات) بۆ گەیشتن بەو ئەنجامە، بە هەمان شێوە پێویستی بە توانای بیركردنەوەی میتافیزیكانەش نییە، كە وابەستەی حەدەسی باڵا بۆ گەیشتن بەو خواستەی هەیە. پرسیارەكەش ئەوەیە، ئاخۆ چۆن ئەوە بەدی دێت، مادام كە نە خود و نە هۆش توانای بەدی هێنانی ئەوەیان نییە؟
یەكەم، هابرماس پەنا دەباتە بەر دەرچوون لە نموونەی ئەپستمۆلۆژی كە لە هزری مرۆییدا (خود – بابەت)دا برەوی سەند، یان ئەوەی بە فەلسەفەی خودە هۆشیاری و ئاڵوگۆڕ كردنی خودە هزرینی خودانكار دەناسرێت، بەوەی كە هۆش (هۆشیاری) تێگەیشتنێكی دروست شك نابات، تەنیا لە رێی پێوانە كردن و تاقی كردنەوەی بەو شێوەیەی كە لەگەڵ پەیوەندیی "من – تۆ"دا بەراوردی دەكات.
زەروورەت پێویستی بەو پێناساندنە خودانكارە (Reconnaissance intersubjective) هەیە، كە لە زمانەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەویش لە پاشەكەوتی كولتوور و كۆمەڵایەتییەكەوە گرنگیی پێ دەدات كە دەوری تاكە كەسی قسەكەری داوە، ئەو نە لە دەرەوەڕا و نەش لە كەشكەشانی فەلەكەوە هاوردە نەكراوە، بە واتای ئەوەی بەر لەوەی هەبین، فیگەرەكانی ئەو هەن، ئەویش گەنجینەی زانین و ئەزموونەكانی كەسانی بەر لە خۆمانە. كاتێك قسە لەگەڵ یەكدا دەكەین، پەنا دەبەینە بەر فەرهەنگێك كە هەم خۆمان و هەم ئەوەی بەرامبەریشمان قسان دەكات، لێی حاڵی دەبێت، ئەگەر نا، ئەوا (دەنگە پەیوەندی) و (پێكەوەڕۆیی كۆمەڵایەتی)ی نێوانمان نامێنێ.
واتای ئەمەش ئەوەیە كە هابرماس، بە شێوەیەكی یەكجارەكی دەست لە توانا و هۆشی خۆی هەڵدەگرێت لەوەی هەقیقەتێكی رەها و بێ مەرجی دیرۆكی گریمانە بكات. ئەمەش بەردی بناغەی واز هێنانە لە فەلسەفەی هۆشیاری و گۆڕینی بە فەلسەفەی پێكەوەڕۆ، تێیدا هەقیقەت ملكەچی هەقیقەتی شیكارانەی زمانەوانی دەبێت نەك مەرجی دەرەكی.
مادام لە توانای كەسدا نییە كە بە هەقیقەتەیلی كۆتایی و گردەبڕانە بگات، دەبێ بەوە قەرەبوو بكرێتەوە كە پەنا ببردرێتە بەر هەقیەتەیلێك كە یەك دەنگییان لەبارەوە هەیە، كە تێیدا دیالۆگ رۆڵێكی ناوەندیی لە گەڵاڵە كردنیدا هەیە، ئەگەر دوایین دەرفەت نەبێت كە رێ لە ململانێ و شەڕە قۆچێ بگرێت كە مرۆڤایەتی قوربانیی زۆری لە رێی ئەودا داوە. بە رادەی ئەوەی دیالۆگكەران بە رێككەوتن دەگەن، ئەوا دەكرێ دیالۆگ بەردەوام بێت و لە هەقیقەتیش نزیك ببێتەوە، لەو كاتەدا دیالۆگی راستەقینە خودخوازی و خودە رای بەشداران تێ دەپەڕێنێت. ناكرێ لۆگۆس موڵكی من یان تۆ بێت، بەڵكوو هاوبەشی نێوان خودارای دیالۆگكارانە، هەروەها بارمتەی خودكارییە (Intersubjectivité) ئەمەش وا دەكات دیالۆگ زۆر كارا و كایگەری بێت، وا لە هەر دیالۆگكارێك دەكات هەر لە پێگەی تایبەت بە خۆیەوە، هەقیقەت ببینێت. لێرەشدا پرۆژەی ئیتیكی پێكەوەڕۆ خۆی نە لە سەلماندنی هەقیقەتێكی رەهادا و نە لە پاساو هێنانەوە بۆ شتێك كە هەڵبژێردرا، نانوێنێ، بەڵكوو خۆی لە هەوڵی گەیشتن بە بڕیار یان هەڵبژاردن یان هەڵسەنگاندنێكی نیو بە نیوی دیالۆگكاراندا دەبینێتەوە.
هابرماسیش بانگەشە بۆ هەقیقەتێك ناكات یان ئەوەی مەزنە گێڕانەوەیەكی دیاری كراو بگرێتە ئەستۆ: ئیتیكی كانت یان ئایینی لە سەر حیسابی یەكی دی، بەڵكوو ئەوپەڕی ئازادی بە دیالۆگكاران دەدات بۆ دیاری كردنی سیستەمی ژیانی خۆیان. نوێخوازی بە لای ئەوەوە رەوایی خۆی بەدەست دەهێنێت، ئەویش نەك بە گەڕانەوە بۆ ئەم گێڕانەوە یان ئەوی دی، لە نموونەی ئازادیی تاك (لیبرالیزم) یان ئازاد كردنی خود (ماركسیزم)، (... بەڵكوو ئەو حەكایەت یان گێڕانەوەگەلێكن هەموویان لە چاخی رۆشنگەرییەوە دەستیان پێ كرد، كە ئامانجی زانین (مەعریفە) گەیشتن بوو بە ئامانجە ئیتیكێكی سیاسی).
هابرماس خۆی لەوە بەدوور دەگرێت كە هەقیقەتێكی دیاری كراو بسەپێنێت، زۆر مەزنە گێڕانەوە پووچ كەوتن و زۆر بەهای باڵا ئەمڕۆ لە روانگەی میراتگرانییەوە بوونەتە شڕ و شیتاڵ. ئەمەش واتای برەودان نییە بە رێژەیی، بەڵكوو هابرماس زەروورەتی بەخشینی مەرجی كەینوونە دادەنێت، سەبارەت بەوەی كە هزری مرۆیی عەقڵانی پێی دەگات، وەك ئەوانەی لە بەهای داد و ئازادی و سەربەخۆییدا خۆی نواند و لە لایەن هەمووانیشەوە قبووڵ كرا، ئەمەش بەركێشەیەكی درێژی پەروەردەییە لە نێوانی نەوە و گەلاندا، تێیدا ئیتیك و سیاسەت تێكەڵ بە یەك بوون، بە هەمان شێوەی دیرۆك و دەروونناسی و زمانناسی..
بۆیە ئەو باوەڕی بە دیرۆكێك هەیە كە مێژووی فرەییە، هەروەها باوەڕی بە گفتوگۆی ئازادیش هەیە كە بواری بە تاقی كردنەوەیەكی دەرەكیی رادەی شیاویی هەر پرسێك و تاقی كردنەوەی راستەقینایەتیی ماددەی هەر بابەتێك هەیە، هەروەها دەرفەتیشی پێ بدرێت كە گەشە بە خۆی بدات.
لێرەشدا تێگەیشتنی لێكدانەوەكارانە بە شێوەیەك لە شێوەكانی دیالۆگ دادەندرێت، ئەو بە واتای فراوانتر بریتییە لە زمانە كردە، هەموو كەلەپووری كولتووریانەی كە پەیوەندیی بە ماددەی بابەتەكەوە هەیە بەوەی "زمان"ی ئەوە، بە واتای سەراپاگیرانەی پەیڤەكە، ئامادە دەكات. سەبارەت بە هابرماس، كاتی ئەوە هاتووە خۆی لەدەست فەلسەفەی هۆش رزگار بكات، هەروەها لە نێو زمانیشدا بە دوای عەقڵانیەتدا بگەڕێین، بەوەی زمان ئەو چوارچێوەیەیە كە پێكەوەڕۆی مرۆیی تێدا بەدی دێت، هەروەها بەوەی عەمباری ئەزموونەكانی ئەوە، هەر لە نێو ئەویشدا مرۆڤ كرداری جڤاكیانەی خۆی دەكات.
ئیتیكی گفتوگۆ بایەخ بە رێكاراندنی رێساكانی دیالۆگ دەدات، بە یەكسانی مافی هەر بەشدارێكی دیالۆگ لە گوزارشت كردن لە رای خۆ، بێ زەبر و زەنگ دەستەبەر دەكات، بە واتای ئەوەی لە چوارچێوەی ئاشتەوایی و رازی بوون بەوەی بۆمان دەگونجێت و دەمانەوێ، هەڵی دەبژێرین.
رێكارایەتیی ئەوەشی پێویستە كە شێوازەكانی بەكار هێنانی گوتار و چۆنیەتی راوێژ كردن لەبارەی ناوەرۆكی و بە بەڵگەشەوە پرسەكانی بسەلمێندرێن، بۆ ئەوەی لە ئاكامی دیالۆگێكی كردەنییەوە هەقیقەت دەربچێت، تێیدا عەقڵەكان یەكتر دەدوێنن و دیالۆگ دەكەن، نەك بە ئامانجی ئەوەی یەكێك بە سەر ئەوی دیكەدا سەربكەوێت، بەڵكوو ئامانج گەیشتنە بە دیدێكی گەردوونییە كە سەرووی دیدی لۆكاڵانەی هەر یەك لەوانە، تێشیدا خۆناساندن لە نێوانی تێكڕای خودانی بەشدار لەو كارەدا.
بە لاڕێدا چوونی كردەی ئاساییانەی پێكەوەڕۆ و لەدەست دانی واتا و پەشێوی، كە مۆركی رەفتاری مرۆڤی ئەم سەردەمەن، هەموو بە سایەی كۆنترۆڵ كردنی جیهانی ژیان لە لایەن تەكنیك و نقوم كردنی لە نێو زەلكاوی ئامرازە عەقڵانیەت و ئەركە عەقڵانیەتدا، هاتە دی. ئەگەر ئەركی عەقڵانیەت بوار بە گەشە كردنی بەرهەمی ماددی لە بواری ئابووری و رێكخستنی كۆمەڵ لە چوارچێوەی دەوڵەتدا دەدات، ئەوا ئەو سەمەرەیەی كە رووی دا، ئەو ریزبەند و تۆڕە سیستەمەی كە ئاراستە بە پشتیوانی كردن و لاگیری كردن لە كردەی پێكەوەڕۆیی لە پێكەوە گرێدانی تانوپۆی كۆمەڵایەتی كرا بوون، بووە مایەی كۆلۆنیال كردنی جیهانی ژیان و كەرت و پەرت كردنی بنیادەكانی و بەتاڵ كردنەوەی لە ناوەرۆكەكەی.
هابرماس رەخنە لە فەلسەفەی هۆشیاری (بە هەردوو باڵی لیبرال و ماركسیانەی) دەگرێت، روانگەیەكی نوێی فەلسەفی دەچەسپێنێت كە بەندە بە خوداندن (من – تۆ)وە، كە زمان و كارلێكیش دیرەگەكەیەتی، مادام كە خود بە تەنیا ناتوانێ لە سایەی قەیرانی هۆشیاریی نوێدا گفتوگۆ لەگەڵ جیهاندا بكات، بەڵكوو ئەو ناچارە بەرەو رووی خود و چینانی دیكەدا بكرێتەوە. هابرماس پێی وایە كە تیۆرییە كۆمەڵایەتییەكەی (نیكلاس لوهمان) توانای وەسف كردنی ئەوەی لە جیهانی ئێمەدا دەقەومێی هەیە، لە مەترسی و ئەو وێرانییەی، خۆی لە ئامێرەكانیدا مەڵاس داوە، كە تێیدا خود چ تاك بێت یان چین، توانای چارەسەر كردنی گرفتەكانی خۆی نامێنێت. لەكار كەوتن و شی بوونەوەی كە بەرۆكی بەها و واتاگەلی هاوبەش گرتووە، لە ئاكامی ئەو ناتەباییە بەهێزەی نێوان ئەوەی بكەران بە كردەنی دەیژین و ریزبەندەكان، ئەویش لە رێی ئەو سیستەمەیلە ریزبەندانەی كە باڵیان بە سەر مرۆڤی هاوچەرخ و جیهانی ژیانی ئەودا كێشاوە، تەشەنەی كرد.
لە ئاكامی ئەو پێچەوانەییەی بە پایەكانی كە سەنگی جیهانی ژیانیان راگرت بوو، گەیشت، پەككەوتن بە زۆرترین ئەو بابەتە هەستیارانەی ژیانی رۆژانەمان گەیشت:
أ- ئەو هەژانەی نەریتەیلی كولتووریی گرتەوە (كە لە پێكەوە گرێدانی نەوە و باپیران و گواستنەوەی واتا و هەقیقەتەیلی دەستاودەستی نێوان تاكەكانی كۆمەڵ بەرپرسە).
ب- ئاوێتە بوونی كۆمەڵایەتی (پچڕانی رایەڵی جڤاك كە بە تایبەتی بنیات نانی جڤاك و هاوكاریی نێوان تاكەكان دەستەبەر دەكات).
ت- پێگەیاندنی كۆمەڵایەتی یان جڤاكاندن (كە پەرۆشی بنیات نانی رەگەزەكانی ناسنامەی كەسی و جڤاكە).
بەرەنجامی ئەو چەوتییە بریتییە لە:
1- شڵەژانی واتا و لەدەست دانی شەرعیەت و ون بوونی رێنمایی.
2- ئەو پەشێوییەی پەیوەندیی هاوكاریی لەبەر یەك هەڵوەشاوەی گرتەوە.
3- هەست نەكردن بە بەرپرسیایەتی و پەیدا بوونی رەفتاری نابەجێ و نێرگزیانە.
تەنیا عەقڵانیەتێكی پێكەوەڕۆ كە بەدی هێنانی لەیەك گەیشتنی دووسەرە و كارلێكی دیالۆگیانە دەخاتە بەردەمی، رەنگە یارمەتیدەرمان بێت بۆ گەڵاڵە كردنی كارلێكی جڤاكیانە كە گەرم و گوڕی بۆ خوێنبەرانی لەكار كەوتووی كۆمەڵ دەهێنێتەوە. عەقڵانیەتی پێكەوەڕۆ تەنیا رێڕەو بەدیلێكە بۆ لۆژیكی خنكێنەر كە لە ئامرازە عەقڵانیەتدا هەیە: "مەبەست پاساوی ئامرازە"، ئەوەی كە لە ریزبەندایەتیدا دەكەوێتەوە لە رووی گۆڕینی ژیانمان بە ژیانێكی بێ تام و بێ چێژ.
هەر بۆیە هابرماس سڵ لەوە ناكاتەوە كە دووبارە پرۆژەی نوێخوازی دووپاتی بكاتەوە، ئەو بەم جۆرە بە متمانەوە بەرهەڵستی لە پەرتەوازەیی و تەقینەوەی قوول دەكات كە لە ئاكامی تەكنیك ژیانی ئێمەی تەنیوەتەوە. ئەو پێی وایە پرۆژەی رۆشنگەری هێشتا درێژەی هەیە و جیهانگیریی زاڵیش رێگر نییە لەوەی بگەڕێینەوە سەری، ئەگەر ویستمان بەرگری بكەین. ئەو لە شرۆڤە كردنی بۆ ئەو مەرجانەی توانای گەیشتن بە لەیەك حاڵی بوونی دووسەرەمان دەگەیەنن، دوورتر چوو، بەڵكوو دەبێ لە زماندا بە دوای ئەودا بگەڕێین، بەوەی ئەو چوارچێوەیەكە كە پێكەوەڕۆی زمانیانەی تێدا دێتە دی، مرۆڤیش لە رێی ئەوەوە كرداری جڤاكیانەی خۆی دەكات.
هابرماس هەوڵ دەدات، دوور لە هەر وێنایەكی میتافیزیكانە بۆ ساغە عەقڵ یان هۆشیارییەكی رەها، مەرجەكانی عەقڵانیەت گەڵاڵە بكات، بە گوێرەی ئەو بنەمایەی كە كەس خاوەنی هەقیقەتی رەها نییە(20) یان (كەس ناتوانێ) جەوهەری شتان بناسێت، هەر بۆیە بە لای رەخنەیەكی توند لە بیرۆكەی خود دەچێت، بەوەی كە خاوەنی هۆش و ویستە. لە بری ئەوە پەنا دەباتە بەر بیرۆكەی خودانكاری كە بەندە بەوەی لە كارلێكی (من- تۆ)دا بەرامبەری دەگرێتەوە، ئەویش لە رێی دیالۆگ و گفتوگۆی عەقڵانییەوە دەبێتە دەسپێك بۆ گەڵاڵە كردنی هەقیقەتەیلێك كە رێككەوتنی لەبارەوە كراوە، پاش ئەوەی خود هۆشیاری بە لایەوە مەحاڵ بوو ببێتە خاوەنی یەك هەقیقەتی رەها.
دواجار، دەكرێ چاوگی رێككەوتن و سازان بگێڕینەوە بۆ دیدێكی گەردوونی، وا چاوەڕوان دەكرێت كە لە تێكڕای ئەو حەكایەتە تایبەتانەدا بەرجەستە دەبێت، كە لە تاقی كردنەوەی سەلماندندا شیاویی خۆیان دەسەلمێنن، واتە ئەوەی لە نێوانی دیالۆگكەراندا پێی دەگەن و قبووڵ دەكرێت.
بیرۆكەی خودكاریی دروست نەك بە رۆچوونی (من) لە نێو (تۆ)دا یان بە پێچەوانەوە، پەیدا دەبێت، بەڵكوو چاوەڕوانی پێكهێنانی دیدێكی لێ دەكرێت، كە ئاسۆی مێژووییانەی ئەو ئاییندەیەك بۆ ئێستامان دێنێتە پێش چاو، ئەویش نە كەمتر و نە زیاترە لە پۆلێنێكی فۆرمالیانە بۆ مەرجەكانی پێویست بۆ هەبوونی چەندین ژیان (كە ناكرێ وەپێشی بكەویت یان بیخەمڵێنی) كە ناشبێ بە فیڕۆ بچێت.
بەڵام ئەم پرۆسەی لەیەك حاڵی بوونە (Intercompréhension) بنەمای عەقڵی گریمانە دەكات، ئەمیش هەمان ئەو بیرۆكانەن كە چەمكی عەقڵانیەتی چاخی رۆشنگەرییان پێك هێناوە و لە كەلتووری فەلسەفیشدا هەر وەها. پێكەوەڕۆی سەركەوتوو كە دەگاتە پلەی لەیەك حاڵی بوونی بەشداران و یەكدەنگییان یەكدەنگییەكی عەقڵی، گریمانەی هەبوونی خودێكی بەرپرس و جێ متمانە دەكات.
ئەم مەرجانە یان بنەمایانەی بەر لە پێكەوەڕۆن، هەروەها دامەزرێنەری كارلێكی كۆمەڵایەتین، خۆ بەزلزان (Transcendentale) نییە، وەك مامۆستا و برادەرەكەی (كارل ئەتۆ ئەپل- 1922) بۆی دەچێت، بە واتای ئەوەی خۆی لە نێو پێشین بنیادێكی نێو ساغە عەقڵ (عەقڵی ئاخێوەر)دا مەڵاس داوە، بەڵكوو لە دەستاودەستی زمانی (Pragmatique)دا، واتە پەیدا نابێت تەنیا لەگەڵ خودی پرۆسەی پێكەوەڕۆدا نەبێت، هەر ئەویش بزوێنەری ئەم پرۆسەیەیە.
هەر بۆیە یۆرگن هابرماس مەرجەكانی كرداری پێكەوەڕۆ (Agir communicationel) لە نێو سیستەمێكی ئەزموونیدا تۆمار دەكات، پێی دەگوترێت دەستاودەستی گەردوونی (Pragmatique universelle)، ئەو گەردوونییە چونكە وەسفی پێوەری گەردوونی و سەراپاگیر دەكات، ئەو دەستاودەستە بە واتای ئەوەی كارلێككەران لە چالاكیی كۆمەڵایەتیی خۆیاندا، دەستاودەستی پێ دەكەن و بەكاری دەهێنن.
لەمەوە دەگەینە ئەوەی كە ئەو پرۆژەیەی هابرماس بانگەشەی بۆ دەكات، پشت بەوە دەبەستێت كە زمان لە روانگەی ئەوەوە دیالۆگی نێوان عەقڵی ئاخێوەرانە، ئامانجی دروست كردنی پردێكی لەیەك گەیشتن و گەیشتنە بە یەكدەنگی لەبارەی پرسەكانەوە. زمانیش لێرەدا رێسایە، رێوشوێنی پەیوەندی كردن لە نێوانی خەڵك رێك دەخات، نەك بڵێی تەنیا دەنگ و هەرا و زەنا بێت، بەڵكوو هەموو كردارێكی زمانی دەچێتە نێو چێوەی گەمەی زمانەوە كە دەسپێك و بەكار هێنانی تایبەتی خۆی هەیە، ئەو گرێدراوی تەرزەكانی ژیانە (Formes de vie)، وەك فیتجنشتاین دەڵێ، بۆیە هەر یەك لە تەندروستی و راستگۆیی و پێوەرایەتی و بەرپرسایەتی، بە لای رەهەندی بەهاییانەی گوتراو و پێشكەش كردنی بەڵگە لەبارەی ئەوەی دەیڵێت گرنگن. روونیش ئەوەیە كە دەگوترێت.
زمان، بەوەی هێما سیستەمێكە، یەكێكە لە سیستەمەیلی هێمایی، كە عەقڵ لە سرووش هێنانی خۆی بۆ خەیاڵ یان درك پێ كردنی عەقڵێندراوی خۆیدا، دەیخاتە گەڕ، رۆڵی كاریگەریشی دەبێت لە تێگەیشتنی ئەوی دی (كە بەو نامۆیە یان نزیك) هەروەها شتانی مومكین (بەرحەدەس و بەرهەست) لە دنیای ئێمەدا. پەی بردن بە جیهان و دابەشكاریی جڤاكیانەی ئەو بە پشت نهێنییەكانی زمان و رێسا و پێكهاتەكانی ئەوەوە تێپەڕ دەبێت، هەروەها لە رێی دەستاودەستەوە، بۆ هەر رووداوێك باس و خواس و قسەكەرێك هەیە. ئێمەش كە هەوڵ دەدەین گوزارشت لە شتێك بكەین، رەنگە بیپێكین ئیدی واتا روون دەبێت، خۆ رەنگە وەك پێویست نەتوانین قسەی خۆمان بكەین و واتا ناڕۆشن دەبێت، لێرەشدا واتا شتێكە كە زۆربەی دەستەواژەكانی پەیوەندی كردنی ئێمە دیاری دەكات. پەیوەندییش لە رێی واتاوە پێی دەگوترێت پێكەوەڕۆیی، خۆ ئەگەر پێكەوەڕۆیی واتای تێدا نەبوو، ئەوا پەیوەندی كردن بە زمان و قسەی لە نێوانی مرۆڤەكاندایە، چ ئامانج و مەبەستێكی نامێنێت.
ئامانجی عەقڵی پێكەوەڕۆ ئەوەیە، عەقڵی لە نێو ئەودا شاراوە روو بكاتە جووت بوون و خودكاری كە بەرەو لەیەك حاڵی بوون و تێكەڵ بوونی هەقیقەتەكان دەچێت، گفتار و كردار پێكڤە گرێ دراون، لێرەشدا قسە بە واتای وێنە و نواندن یان روون كردنەوە نییە. پێكەوەڕۆیی ئاماژە بەو كارە دەكات كە ئاخێوەر بە قسەكانی دەكات، خواستە مەبەستیش لێرەدا لەیەك حاڵی بوونی نێوان خودانە، لێرەشدا ئەوە رەت دەكرێتەوە كە چەمكی عەقڵ لە نێو فەلسەفەی هۆشیاریدا بەند بكرێت، كە لە لای دیكارت وابەستە بە دووانەی خود و بابەت، چاكە و خراپە.. هتد، بوو.
ئەم عەقڵی "دیكارتە" ئەگەر تا چەند لە رووی بیر پاكی و وردی لە شرۆڤەدا بەهێز بێت، ئەوا ئەو ئەمڕۆ ناتوانایە لە وێنا كردنی رزگاربوونێك لە قەیرانی مرۆڤایەتی. بۆیە هابرماس پێشنیار دەكات دەست لە خودێتی (Subjectivité) هەڵبگیرێت، كە لە بری بیری تاكڕەوانە و مۆنۆلۆژی راماناوی، پەنا ببردرێتە بەر جووت بیری كە وابەستەی خودانكارییە (Intersubjectivité) لەگەڵ ئەوی دی و بە ئەوی دییەوە، ئەو بەركێشەی پەیوەندیی نێوان من و تۆیە. ئەمەش دەرفەت دەدات، پێكەوەڕۆیی جووت لایەن دەدات كە بەندە بە دیالۆگی دووسەرە لە رواڵەتی عەقڵانیانەی هاوشان بە ریزبەندی دەستاودەستی زمان، پشت بە سەلماندن و شێوازی پاساوكاری دەبەستێت.
نە عەقڵی تەنیا دەتوانێ كۆسپەكان تێك بشكێنێت و شتانی ناحەز تێپەڕێنێت، نە چینیش دەتوانێت دیرۆك تێپەڕێنێت تا جێی ئەو بگرێتەوە، هەر بۆیە بانگەشە بۆ دەرچوون لە عەقڵی تاك و راستیگەلی رەهای ئەو بەرەو جووت عەقڵ و راستیگەلی "ئەرێ" كراو لەبارەیەوە، هاتە ئاراوە، مەبەستیش لەوە كە فەلسەفەی هەقیقەتی رەها یان دەسەڵاتی هێز نەمێنێت، تا دەسەڵاتی رێككەوتن و رازی بوون جێی بگرێتەوە، كە وابەستە بە ددان پێدانانی دووسەرەیە. ئەگەر ئەستەم بوو بۆ هەر یەك لە ئێمە كە ببینە خاوەنی، ئیدی سازان لەبارەیەوە لە نێوانی خەڵك دەكاتە زانینێكی وابەستە بە هەلومەرج و رێژەیی، كە بوار بە گرووپ دەدات پێداچوونەوە و پەرەپێدانی بكەن، وەك ئەوەی كەسێك بانگەشەی بۆ ئەوە كرد، سازان و تەبایی نێو خەڵك باشترە لە پەی بردن بە هەقیقەتی رەها، هەقیقەتێك كە بەردەوام و بە درێژایی چاخەكانی بەرەی مۆڤایەتی بە گۆڕاو مایەوە.
ـــــــــــــــ
[1]- Heidegger، M. (1954). Vortrنge und Aufsنtze، Neske، Pfullingen. (Essais et Conférences، trad. Fr. A. Préau، Paris، Gallimard، 1958. p.10.
[2] - Heidegger،M. (1989). "ـberlieferte Sprache und technische Sprache" Erker Verlag، St. Gallen. ("Langue de tradition et langue technique" Trad.، fr. et postface M. Haar، édit. Leeber-Hossmann، 1990. p. 19
[3] - Heidegger، M. (1954). Vortrنge und Aufsنtze، Neske، Pfullingen. (Essais et Conférences، trad. Fr. A. Préau، Paris، Gallimard، 1958. p.10-11.
[4] -Heidegger،M. (1989). "ـberlieferte Sprache und technische Sprache" Erker Verlag، St. Gallen. ("Langue de tradition et langue technique" Trad.، fr. et postface M. Haar، édit. Leeber-Hossmann، 1990. p. 21
[5] - Ibid. P.24-25
[6] - Heidegger، M. (1962). "Die Kehre" (trad. J.Lauxerois et Cl. Roëls، In Questions IV، coll."Tel" Paris. Gallimard. 1976. p.309.
[7] – وا باوە زاراوەی (Techno-science) وەرگێڕانەكەی دەبێتە "تەكنیكە زانست"، ئێمە پێمان باشە بیكەین بە "زانستە تەكنیك یان تەكنۆزانست" بۆ جیا كردنەوەی لە دەستە تەكنیك (Techno-artisanale) یان پیشەگەری. ئەمەش رێی ئەوەمان بۆ خۆش دەكات كە زاراوەی دی داتاشین وەك گەردوونە تەكنیك (Technocosme).. هتد. هەروەها زاراوەی تەكنیكە زانست بۆ جیا كردنەوەی قۆناغێكی دیرۆكی كە تێیدا زانست تیۆری و ئەزموونی لە یەكدی جیا دەكردەوە، وەك ئێستاش لەگەڵ زانستدا لە یەك نەئاڵا بوون.
[8] - Heidegger، M. (1984).Zur Frage nach der Bestimmung des Denkens (L'Affaire de la pensée. Pour aborder la question de sa détermination). Trad، fr. et notes d'A. Schlid، (ed). T.E.R.، 1990.p.22.
[9] - Heidegger، M. (1954). Was heisst Denken? Niemeyer، Tübingen. Trad.fr. A. Becker et G. Granel. Qu'appelle-t-on penser? Paris. P.U.F. 1959. p.93.
[10] - -Heidegger، M. (1986). Sein und Zeit، 16. Aufl.، Niemeyer، Tübingen. (Etre et Temps، trad. Fr. Vezin، Paris، Gallimard، 1986; trad. E. Martineau، Authentica، 1985). P.
[11] - Marx، K. (1965). Œuvres، Le Capital. Vol.I. Paris، La Pléade. Gallimard. P.997
[12] - 12- Marx، K. Engels، F. (1973). Lettres sur les sciences de la nature. Paris. Ed. Sociales. P.124.
[13] -1arx، K. (1965). Œuvres، Le Capital. Vol.I. Paris، La Pléade. Gallimard. P.998
[14] Habermas. J. (1988). Le discours philosophique de la modernité. Paris. Gallimard. P.8
[15] -Luhmann، N( 1985 ). A Sociological Theory of law. Transl، E.King and M. Albrow. London and Boston. Routledge and Kegan p.33. یعد نیكلاس لوهمان (1927-1998) سەرۆكی قوتابخانەی ریزبەندە كۆمەڵناسی و یەكێك لە دیارترین زانایان كۆمەڵناسی هاوچەرخی ئەڵمان. بەوە بە ناوبانگە كە لەگەڵ هابرماسدا بنەماكانی كۆمەڵناسیی پێكەوەڕۆی داناوە.
[16] - Husserl، E.(1945).The Crisis of European Sciences and Transcendental phenomemology. London .p 152.
[17] )- Ibid.، p .146
-[18] زاراوەی نێوانگێڕ (Medium) یان (mitte)ی ئەڵمانی بە گوێرەی ئەو واتایە بەكار دێت كە پارسۆنز (Parsons) پێشەنگی ئەركە كۆمەڵناسی پێی داوە، هەروەها وەك ئەوەی لە تیۆریی ریزبەندی لوهمانیدا دەیبینین، بڕوانە:
-Luhmann، N. (1981). « Invraisemblance de la communication » In Revue Internationale des sciences sociales. Vol :33. N°1، p.14-139.
-Habermas J. (ٍٍ]1981[،1987). Théorie de l'agir communicationnel. Tome II. Paris. Fayard. p.282 et s
[19] -Habermas، J. (1993) la pensée postmétaphysique. Essais philosophiques .Trad. fr. R. Rochlitz. Paris. Armand Colin. p. 84.
* لێرەدا كاتێك قسە لەبارەی ئایینەوە دەكەین، مەبەستمان باوەڕ یان دینداری نییە، واتە پەیوەندیی ویژدانیانەی مرۆڤ بەو شتەوە كە بە پیرۆزی دەزانێت. ئەو پەیوەندییە كە تایبەتمەندیی هەست كردنی بە گەردوون و سروشت و كۆمەڵ پێك دەهێنێت، بەڵكوو مەبەستمان بەرجەستە بوونی زانستیانەی ئەم پەیوەندییەیە لە وێنەیەكی جیا لە هۆش و كردەی جڤاكی، بە تایبەتیش لە هەردوو بواری دەسەڵات و سیستەمی كۆمەڵایەتیدا.
[20] - (20)- Luhmann، N.(1989). « Le droit comme système social ». In Droit et Société. Trad. fr. M. Van de Kerchove. N° 11-12.Paris. L. G. D. J. p .89.