فەلسەفەی پێکەوەڕۆ لە چاخی تەکنیکدا.. یورگن ھابرماس لە رووبەڕووی کارڵ مارکس و مارتن ھایدگەردا (2-3)

فەلسەفەی پێکەوەڕۆ لە چاخی تەکنیکدا.. یورگن ھابرماس لە رووبەڕووی کارڵ مارکس و مارتن ھایدگەردا (2-3)

نووسه‌ر :حەسەن موسەدەق

وه‌رگێڕ : تاریق کارێزی

ھۆی ئەمە ئەوەیە کە مارکس متمانەی بە تەکنیک ھەیە وەک ئامرازێک بۆ رزگار کردنی مرۆڤ لە تەفرەخواردنی خەونامێز و ئەفسانە، چونکە بێ لایەنە و ئەرێنیشە، چونکە بە پێشکەوتنی عەقڵی مرۆییشەوە گرێ دراوە، ھەروەھا ئەو لە رێی ئەوەوە گریمانەی پەرەسەندنی بەردەوامی ئەو پێشکەوتنە دەکات، بە گوێرەی ئەویش، راڤەکانی سروشی سیحراویی سروشت تێدەپەڕێنین، کە زانست ھەوڵ دەدات سەرکێشیی ئەو تەپەسەر بکات و تواناکانی سڕ بکات، کە لە کاتی خۆیدا رەخنەی لێ دەگرێت.
ھەر یەک لە مارکس و ئەنگلز لەگەڵ دیرۆکنووسانی دی جیا نین، بەوەی کە تەنیا پەیوەندیی نێوان زانست و تەکنیک بەرز دەنرخێنین، بەڵکوو لەبەر ئەوەی واتای جۆری ئەو پەیوەندییەیان گۆڕی کە وا باوە پێیان دراوە. بێ گومان گەشە کردنی زانست ھاندەرە بۆ گەشە کردنی تەکنیک، بەڵام کاریگەریی پێچەوانەی، وەک ئەوەی لە روانگەی ئەوانەوە شایانی بایەخ پێ دانە لەو پەیوەندییە دیالیکتیکییەدا: "ئەگەر تەکنیک، وەک ئێوە دەڵێن، بەندە تا رادەیەکی زۆر بە حاڵەتی زانستەوە، ئەوا ئەو بۆ خۆی زۆر زیاتر بەندە بە حاڵەت و پێداویستەکانی تەکنیکەوە. ھەر کاتێک لە نێو کۆمەڵدا پێداویستی تەکنیک دەرکەوت، ئەوا ئەوە دەبێتە بزوێنەری زانست پتر لەوەی (١٠) زانکۆ دەتوانن بیکەن."(١٢)
مارکس پشت بە وێنایەک دەبەستێت بۆ میکانیزمی گۆڕانی دیرۆکی لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتیدا، ھێندە نابات کە لە رێی ئەوەوە پەیوەندییەکانی بەرھەم ھێنانی کە ھەن و لە بەرەژەوەندیی بورژوادان، بەرەو بەرژەوەندیی ئەو ھێزانە دەگۆڕێت کە بەرەو پێش پاڵ بە رەوڕەوەی مێژووەوە دەنێن، ئەو کەڵەکەچنەی مرۆڤایەتی لە ھەموو بوارەکانی ژیاندا بەدەستی ھێناوە، کارێکی کردەنی نەدەبوو بە بێ پەرەسەندنی ئامرازەکانی بەرھەم ھێنان، کە بە بێ تەکنیک ئەستەم یان مەحاڵ بوو کێشەکانی چارەسەر بکرێن.
زۆر بە چڕی، تەکنیک لە لای مارکس دەبێتە شتێکی ئەرێنی و بنیاتنەر، چونکە لەگەڵ بەکار بردنی سروشت ھاوشانە و کلیلی پێشکەوتن و گەشەی ھێزی بەرھەم ھێنانیشە، ئەوەی کە پێویستە تەنیا رزگار کردنیەتی لە ژێر دەستی گرووپێکی دیاری کراو و رزگار کردنی ھێزی بەرھەم ھێنانە لە چنگی سەرمایە و قۆرخکاری و رزگار کردنی مرۆڤە لە رووت کردنەوە.
لە روانگەی ھابرماسەوە، مارکس گەورەترین کەسە کە بانگەشە بۆ تەکنیک دەکات، بەڵام جێی ئاماژەیە کە ئەگەر مارکس لایەنگریی تەکنیکی کردووە وەک ئامرازێک بۆ رزگار کردنی مرۆڤ لە نەخۆشیی کوشندە و پەتا و زەبری سروشت.. ھتد، ئەوا لە چەندین شوێنیشدا ئاماژەی بەو مەترسیانە کردووە کە دەوری سروشتیان داوە، بە ھۆی خراپ بەکار ھێنانی تەکنیکیانەی دەرامەتی سروشتەوە، ئەو دەڵێ: "ھەر پێشکەوتنێک لە بواری کشتوکاڵی سەرمایەدارانەدا، نەک ھەر تەنیا بە تاڵان بردنی زەوییە، بەڵکوو ھەر پێشکەوتنێک لە زیاد بە پیت کردنی زەوی بۆ ماوەیەکی دیاری کراو، بریتییە لە پێشکەوتن لە تێکدانی دەرامەتی ھەمیشەیی ئەو پیتە"(١٣).
لەگەڵ ئەوەشدا، تەکنیک یان دروستتر ھاوشانەکەی لە بواری سیاسیدا: تەکنۆکرات، دوورترن لەوەی بتوانن تێکڕای بواری چالاکیی مرۆیی لە نێو کۆمەڵدا قۆرخ بکەن. ھابرماس بۆ ئەوەی سنووری چەمکی تەکنیک لە روانگەی مارکسەوە روون بکاتەوە، ئەوا سیستەمی کۆمەڵایەتی بە سەر دوو گوتەدا دابەش دەکات: کار و کارلێک.
ھەڵبەت لەم دەسپێکەوە تانەی ئەوە لە مارکس دەدرێت کە لە نێو بازنەی چالاکیی ئامرازانەدا تەنیا بایەخی بە کار و بەرھەم داوە، لایەنێکیشی فەرامۆش کردووە کە لەوانی دی کەمتر نییە و بەندە بە کارلێکی مرۆییەوە، وەک چالاکیی پێکەوەڕۆیی کە رۆڵێکی گەورەی ھەیە لە پیًَکڤە گرێدانی تانوپۆی کۆمەڵایەتیدا، یان ئەوەی لە کۆمەڵناسیدا پێی دەگوترێت کۆمەڵسازی (Sociabilité). ئەو بیرۆکە سەرەکییەی ھابرماس دەیەوێ بیخاتە روو ئەوەیە، کە مارکس زۆر بە شان و باھووی بەھاگەلی کار و بەرھەم و رۆڵی تەکنیک لە بەرز کردنەوەیاندا ھەڵ دەدات، بوارێکیش فەرامۆش دەکات کە لە روانگەی ھابرماسەوە کەم بایەختر نییە لەوان: گرنگیی پێکەوەڕۆ لە سەردەمی نوێدا.
ھابرماس وا لە کار دەگات کە "چالاکییەکی عەقڵانییە و ئاراستە بە ئامانج و مەبەستێکە"، کە لە لای خۆیەوە دابەشی سەر دوو جۆر دەبێت: ئامرازە کردار (agir instrumental) کە ملکەچی رێسای تەکنیکانەیە، ھەروەھا ھەڵبژاردنێکی عەقڵانی (choix rationnel) کە بە گوێرەی ستراتیژگەلێکی وابەستە بە زانینێکی شیکاری، ریز دەبەستێت.
دووەمین گوتەش کە مارکس فەرامۆشی دەکات بریتییە لە کارلێک (interaction) یان چالاکیی پێکەوەڕۆییانە وەک کارلێکێکی کۆمەڵایەتی، کە بە سایەی کۆمەڵێک ھێما و رێسای ناچارانەوە بەدی دێت، کە لایەنێک بە ھۆی ئەو (کۆمەڵە ھێما و رێسا)یانەوە پێشبینیی رەفتاری ئەوی بەرامبەر دەکات، ئەو ھێمایانەش واتای خۆیان لە زمانی باوەوە ھەڵدەھێنجن، ئەو زمانەی بووەتە کانگای ئەزموون یان وەک ھیگل دەڵێ: رۆحی گەل.
لەبەر تێکچوونی ھاوسەنگی لە نێوانی ئەم دوو ئاستەدا لە پاش ئەوەی تەکنیک باڵی بە سەر چالاکیی کۆمەڵایەتی و جیھانی ژیاندا کێشاـ لەمەشدا کایەی ئاساییانەی خۆی تێپەڕاندووە و ھەردووکیانی نقومی نێو لیتەی نامۆیی و شتاندنی کردووە، ئەمەش بووە مایەی ئەوەی ھۆشیاریی مرۆیی تووشی پووچیی مەعریفی و چەواشەیی ھزری... ببێت (پاشتر دەگەڕێینەوە سەر روون کردنەوەی بنەکانی فەلسەفیانەی گوتەی کارلێک).
وەک پوختەیەکی ئەمە، لەبەر رۆشنایی (ماکس ڤیبەر)دا، ھابرماس نوێخوازیی ئەوروپا دەست نیشان دەکات کە ئامرازە عەقڵانیەتە، ئەمی دواییشیان خەسڵەت و تایبەتمەندییەکانی ئەوروپای لە ژێر چەمکی عەقڵاندن و عەقڵانیەتدا پوختە کرد، کە خۆی لە ھەڵشکانی ژمێرکاری و گەڕان بە دوای قازانج و کۆنترۆڵی رێکخراو بە سەر تێکڕای لایەنەکانی ژیاندا نواند، ئەویش لە سەر بنەمای رێساگەلێک کە پشت بەستن بە بەھاگەلی نەریتانەی بە میرات ھاتووی کەم کردەوە.
ماکس ڤیبەر بە کردەنی روونی کردەوە کە کالێکی دووسەرە لە نێوانی ئیتیکی ئایینیانەی پرۆتستانت و پەیدا بوونی سەرمایەداریدا ھەیە، کە بۆ یەکەمین جار بنەمای ماددیانەی تیۆریی ھێمایی چەسپاند، کە باس لە رۆحی دینداریی زاھیدانە دەکات وەک چالاکییەکی ماددیانە لە لای راھیباندا و کاریگەریی بە سەر پەیدا بوونی سەرمایەداری و پەرەسەندنی ئابووری و پەیدا بوونی عەقڵاندن.
ڤیبەر ئەوەشی خستە سەر مارکس کە سەرمایەداری تەنیا لە ئاکامی کرداری کەڵەکە بوونی ماددییەوە لە رێی ھێزی بەرھەم ھێنانەوە نایەتە دی، بەڵکوو سەرگەرمانە کەوتە لێکۆڵینەوە لە کاریگەریی دووسەرەی نێوان رەفتاری ئایینی بەوەی کە رەفتارێکی شاز جڤاکییە و ھێما تێیدا دەکەوێتە کارلێکەوە و بەھاگەلی پێکەوەڕۆشی لە نێو کۆمەڵدا لێ دەکەوێتەوە، ئەگەر مرۆڤ بە شێوەیەکی عەقڵانی باوەڕی ئایینیی خۆی گرتە خۆ و عەقڵیانەش ھەرسی کرد. پاشان راڤەی ماددیانەی دیاردەکانی ئایینی وەرگرت وەک ئەوەی لە نێو کۆمەڵدا دەکرێت و ئەو بەھاگەلە دنیاییەی لە نێویدایە، دژ بەو کەسانەش وەستا کە ھەوڵیان دا پەلاماری مارکس بدەن، کاتێک بە شێوەیەکی میکانیکیانە لەدایک بوونی سەرمایەداری و ئیتیکی پرۆتستانتی و ئایینیی کریستیانیان پێکەوە گرێ دا.
ھابرماس دەگەڕێتەوە لای ڤیبەر بۆ ئەوەی ھەوڵ بدات عەقڵانیەتێکی پێکەوەڕۆییانە ھەڵھێنجێت کە کرداری ئامرازانە دیسپلین دەکات، ئەو کردارەی رایەڵی پەیوەندیی کۆمەڵایەتیانەی لاواز کرد. ھابرماس لە سەر ھەقە لە ھەوڵی گەڕانی بە دوای ئەوەی ئامرازە عەقڵی وەزیفی لە نێو کایەی ئاساییانەی خۆیدا دیسپلین بکات، ئەو پێی وایە ئەو پێوەرسازییەی کە شێوەکەی لە چێوەی عەقڵانیەتی پێکەوەڕۆییانەدا گەڵاڵە دەبێت، ھەر خۆی زامنی پڕ کردنەوەی ئەو بۆشاییە فراوانەی دنیای ئێمە و ریزبەندان، لە یەکدی جیا دەکاتەوە.
بایەخ دان بە پێوەرسازی لە دنیای ھاوچەرخی ئێمەدا بۆ ناتەبایی بیر و باوەڕان دەگەڕێتەوە، بێ لە جیاوازیی رەچەڵەک و رەگ و ریشە لە نێو یەک کۆمەڵگادا بە چەشنێک کە وەک ھابرماس دەیبینێ، مەحاڵە یەک پیادەکاری یان لێکدانەوە بە سەر تێکڕای ئەندامانی کۆمەڵ لە نێو کۆمەڵگای نوێخوازیدا بسەپێنین: "نوێخوازی ناتوانێ ئەو پێوەرانەی رێ بەدێییان پێ دەکات، لە سەردەمێکی ئاوا بوو وەربگرێت، وەک چۆن بۆ خۆشی حەز بەوە ناکات، ئەو کۆشش دەکات پێوەرسازیی خۆی لە خۆیەوەڕا ھەڵبھێنجێت، ناشکرێ بێ لە خۆی پشت بە شتی دی ببەستێت"(١٤).
پاشەکشە کردنی پێکھاتەی نەریتی و داب و نەریت لە گرێدانی رایەڵەکانی کۆمەڵگای ھاوچەرخ و یەکگرتوویی ئەو، ئەرکی ئەوە دەخاتە ئەستۆی پێوەرانەوە کە تانوپۆی کۆمەڵایەتی بە یەکگرتوویی بھێڵنەوە. پێوەرکان بە گشتی و یاساکان بە تایبەتی ئەمڕۆ پتر لە شتانی دی پاڵێوراون، کە ئەم رۆڵە ببینن بۆ تەپەسەر کردنی تۆڕە ریزبەند و سیستەمەیلێک کە لە پێستی خۆیان دەرچوون و ھەڕەشە لە سەرانسەری جیھان دەکەن، ئیدی لێرەوەیە کە پتر و پتر داوا لە سەرانسەری جیھان بەرز دەبێتەوە بۆ دانانی سیستەمەیلی پێوانەساز کە بازرگانیی جیھانی قاڵببەند بکات و ژینگە بپارێزێت و لایەنانی پێک ناکۆک کۆنترۆڵ بکات.. بە چەشنێک ھاوسەنگی و ئاشتیی جیھان دەستەبەر دەکات و پشتیوان دەبێت بۆ گەشە کردن... ھتد.
چاو خشاندنەوە بە بواری ئیتیک و جڤاکدا سەبارەت بە ھابرماس بوو بە ھەرە پێویست، لە پاش ئەوەی ئایین و نەریت و میتافیزیک دەسەڵاتی خۆیان لە ئاراستە کردنی ژیانی مرۆڤدا بە تەواوی لەدەست دا، تەنیا لە کایەی تایبەت بە ھەر تاکێکدا قەتیس مان، یان ئەوەی کەوتنە بەر ھەمەجۆر بەکار ھێنان و ئەوانیش لە لای خۆیانەوە لە چەواشەکاری و دوورخستنەوە و توند و تیژیی ئەوەی دەڵێ، تەنیا خۆی بەدەر لە خەڵکی دی دەسەڵاتی قسە کردن لەبارەی لێکدانەوەی ھەیە، دەرباز نەبوون.
پێوەر شێوەیەکی پێویستە بۆ پێکەوەڕۆی جڤاکی، پێکەوەڕۆی جڤاکی (کۆمەڵایەتی)یش لە روانگەی نیکلاس لوھمان، یەکێک لە دیارترین پێشەنگانی قوتابخانەی ریزبەندی وەزیفی لە کۆمەڵناسیی ھاوچەرخی ئەڵماندا، فاکتەرێکە بوار دەدات ئاڵۆزی و شەق بوون، کە دەوری ژیانی ھاوچەرخی کۆمەڵایەتی و مۆرکی لابەلا و ئەگەرینیان داوە، بەدی بێن.
ئاڵۆزییەکانی کرداری کۆمەڵایەتی زادەی ئەو واقیعەن کە بکەران لە ھەوڵی ریزبەندانەیاندا خۆیان لە بەردەم قەڵاچنێک لە بژاردەدا، زۆر پتر لەوەی دەکرێ بڕەخسێندرێندا، دەبیننەوە، مۆرکی لابەلاش (Contingent) ئاماژە بە ئەگەری کرداری کۆمەڵایەتی دەکات، بەوەی رێیەکی جودا لە پلانی بەرنامەڕێژانە یان ئەو رێڕەوەی بۆی دیاری کراوە لە نێو رووداوی کۆمەڵایەتیدا، ببڕێت. لێرەدا ھاوسەنگی ھاوسەنگییەکی بزواوە یان ناجێگیرە.
بۆ لادان و نەھێشتنی قەدەری ئەگەرایەتی و نایەقینی داسەپاو بە سەر ژیانی ئەمڕۆی کۆمەڵایەتیدا، دەبێ واز لە توێژینەوەی کۆمەڵ بە شێوەیەکی ھەمەکی یان ماکرۆکۆمەڵایەتی بھێنین، گۆڕان لەوەوە بەرەو توێژینەوەی رەفتاری زیندوو و دووسەرەی نێوان بکەران و قەتیس مانەوە لە سەر جوولەی مایکرۆکۆمەڵایەتی.
ئەمەش واتای ئەوەیە کە جەخت کردنە سەر کارلێکە پێکەوەڕۆ پەسند بکرێت، بەوەی شازە رەفتاری ئاڵوگۆڕی ھاوچەرخی کۆمەڵایەتییە، ئیدی پێکەوەڕۆیی رۆڵێکی گەورە لە ژیانی رۆژانەماندا دەگێڕێت، ئەو لە رووی وەزیفییەوە دەکەوێتە ژماردنی ئەو خواستە جێگیر و چەسپاوانەی خەڵک، دەشکرێ لە دوو گۆشەوە بەدییان بکەین:
- جا چ بکەوێتە دامەزراندنی چاو تێبڕینی زەینە عەقڵانی (Attente Cognitive)، کە کۆمەڵێک چەمک و شیکاری مەعریفی بۆ واقیع پێشکەش بکات، کە بەدەست ھێنان و گوتنەوەی بە فێربوون و پەروەردە بەردەست دەبێت، یان بکەر لە حاڵەتی شکست خواردنی لە رووی خۆگونجاندنەوە لەگەڵ ئەو رەوشە نوێیەی بە زەینیدا نەھات بوو، ناچار دەکرێت وازی لێ بھێنێت و گوێ نەگرتن لێی یان فێربوونی.
- یان ئەوەی لە دامەزراندنی خواستێکی پێوانەیی (Attente normative)دا سەرکەوتوو بێت، ئەوکات پێوەرەکان دەبنە شێوازگەلێک بۆ ھەڵبژاردنی رەفتار و پوختە کردنی و دیسپلین کردنی بە مەبەستی کەم کردنەوەی ئەگەرایەتی و ئاڵۆزی کە بوونەتە مۆرکی جیھانی ھاوچەرخ. ھەڵبەت خواستی پێوانەسازانە کۆبەکۆ دەبنە پێچەوانەی واقیعی(١٥) (Contre Factuelles) ناچارانە، بایەخ بەوەی کە ھەیە نادات بەڵکوو بەوەی کە دەبێ ببێت.
بەڵام ئەوە بەسە نییە بۆ کەم کردنەوەی ئەگەرایەتی و ئاڵۆزی کە بوونەتە مۆرکی جیھانی پێکەوەڕۆ، ئەگەر لە ئاستی باڵادا ھەماھەنگی لە نێوان خواستی پێوانەیی و زەینیدا نەکرێت، لە ترسی ئەوەی نەبادا خۆمان لە نێو بێ سەروبەرییەکی بێ ئاماندا ببینینەوە کە ناکرێ بڕوێندرێت. ھەر بۆیە ریزبەندان لە لایەن ئاستێکی دووەمی بژاردەکارییەوە گەڵاڵە دەبن، دووبارە بوونەوەی خۆبەخۆ و بە توخمەکانیدا پرۆسەکانی بژاردەکاری جیاوازی لە شێوازەکانی پێکەوەڕۆیی دەھێنێت، لێرەشدا جیاوازی شێوازێکە لە شێوازەکانی گۆڕانی جڤاکی. بۆیە گەلێک ریزبەند پەیدا دەبن (دەوڵەت، دراو، پێوەر لە نێویشیاندا یاسا). لێرەشدا کلیلی جیاوازیی بوارەکانی پێوانەسازی دەبینین کە کۆمەڵناسیی کلاسیک لێی حاڵی نەبوو (دۆرکھایم، مارکس، گیرفیش.. ھتد) تەنیا وەک دەرھاویشتەی چەسپاو نەبێت، کە ئەو ئەمڕۆ بووەتە پرۆسەیەکی دینامیکی و ناجێگیر لە بنیاتناندا.
لە کارلێکی نێوانی بکەرانەوە ریزبەند دروست دەبێت، خۆ ئەگەر لە سەر تێر کردنی پێداویستی ھەردوو لا لەنگەری گرت، ئەوا دەبێتە مایەی دووبارە بوونەوە و چەسپینی، ھەر لایەش چاوەڕوانی بە دەنگەوە ھاتنێکی دیاری کراون لە یەکدی، بە چەشنێک بەردەوامیی ئەو پێوەری کۆمەڵایەتیی خاوەن کۆدەنگی دەھێنێتە بەرھەم. نموونەش بۆ ئەمە پەیوەندیی مرۆڤە بە کارەکەیەوە، ئەو مادام ھەموو بەیانییەک دەچێتە سەر کار، ئیدی ئەو لە کۆتایی مانگدا چاوەڕوانی مووچەکەیەتی لە خاوەنی کارەکە. مادام ھەردوو لاش بەم شتە رازین، چوونەکە ھەموو رۆژێک دووبارە دەبێتەوە و ھەموو سەرە مانگێکیش پێدانی مووچەکە دووبارە دەبێتەوە. بە چەشنی ئەو پرۆسەیە رێسا و رەفتاری کە پەیوەندیی نێوانیان کۆنترۆڵ دەکات، پەرە دەستێنێت، لە نموونەی نەریت و یاسای کار کردن تا ئەوەی لە دەزگای کۆمەڵایەتیدا گەڵاڵە دەبن، ھەر یەکەشیان وابەستەی پێوەر و بەھای چەسپاوە.
ھەر بەم رێڕەوەدا، ئەو ریزبەندانەی بەم شێوەیە پێک دێن بە سەر خۆیاندا دادەخرێن بەوەی لە دەوروبەری خۆیان جیا دەبنەوە، بە دڵنیاییشەوە ئەو شتێکیان لەبارەوە دەزانێت، بەڵام تەنیا بە زمانی تایبەتی خۆی و زاراوەکانی. ئەمەشە وای لێ دەکات کراوە بێت، ئەو دەست بە بنیاتنانی فەرھەنگی تایبەتمەندی خۆی لەبارەی دەوروبەرەوە دەکات، لە رێی ھەڵبژاردنی دەرھاویشتەی سوودبەخش لە بەرژەوەندیی دووبارە بەرھەم ھێنانەوەی.
لە پاش ئەو پەی بردنە، بە گوتەی ھابرماس دەبێ وا لە کۆمەڵگای ھاوچەرخ بگەین کە وەک تێکەڵ بوونی دوو شێوازی ئاوێتە بوونی جڤاکییە: لە لایەکەوە ریزبەند و لە لایەکی دیکەوە جیھانی ژیان. بیرۆکەی "جیھانی ژیان" وەک کە فەلسەفەی فینۆمۆنۆلۆژیا دیاری کردووە، زادەی بەراورد کردنی نێوان دوو چەشنە راستی و دوو چەشنە جیھانە لە لایەن (ھوسرل)ـەوە(١٦):
ھەقیقەتەکانی جیھانی ژیان ھەن و ھەقیقەتەکانی زانستەیلی بابەتیش ھەن. ھەقیقەتەکانی جیھانی ژیان ھەقیقەتی دیرۆکین و پەیوەندیشیان بە ئەزموون و کەڵەکە بوونی شارەزایی ھاوشان لەگەڵ رێڕەوی دیاری کراوی کولتوورییەوە ھەیە. ھەرچی ھەقیقەتەکانی زانستەیلی بابەتین، ئەوا گەردوونی و ناکولتوورین و پەیوەندیشیان بە ناوەندێکی کولتوورییەوە نییە، بەڵکوو شتانی ئاسایی و باوی ئەو لە ھەموو شوێنێکدا قابیلی پیادە کردنن. بە واتای ئەوەی بیرۆکەی جیھانی ژیان واتە جیھانی بوون وەک ئەوەی مرۆڤ رۆژانە لە دەوروبەرێکی جڤاکیی ھاوشان بە رێڕەوێکی ئابووری و کولتووری، تێیدا دەژی. ئەو جیھانی ئەزموونی ھەنووکەییە وەک ئەوەی مرۆڤ تێیدا دەژی، ئەو جیھانێکە پەیوەندیی بە مرۆڤ و ژینگەی کولتووری و جڤاکانەوە ھەیە.
ھوسرل لە کتێبەکەیدا "قەیرانی کولتووری ئەوروپا و فینۆمۆنۆلۆژیای لووتبەرز"دا تێبینی دەکات: لە نێوانی ئەو شتانەی تایبەتن بە جیھانی ژیانەوە، دەبینین کە زیندەورانی مرۆیی بە ھەموو کرداری مرۆییانەیان و خەم و خولیا و کار و ئازارەکانیانەوە، لە رێی پەیوەندیی دیاری کراوی جڤاکی و لە رێی ناسینی خۆیانەوە، تێکەڵ بە ژیانێکی ھاوبەش بوون، کە وەک ئەوەی ھەن، ببن"(١٧). ئەو جیھانێکی رووکەشە و بێ دیدی تیۆرییانەشە. ھەرچی سەبارەت بە ھابرماسە، ئەوا جیاوازیی نێوان رێڕەو و کارلێک تەنیا شرۆڤە نییە. لە رووی ئەپستمۆلۆژییەوە دەکرێ لە دوو گۆشەوە لە ھەر کردارێکی جڤاکی حاڵی بین: یەکەمیان ئاماژە بە کردار دەکات وەک کارلێک یان توخمێکی نێو رێڕەوێک. لە روانگەی کارلێککەرانیشەوە، کارلێک ئەو کاتە روو دەدات ئەگەر قسەکانیان شیاوییەکیان نواند کە حەدەسی پێوانەسازانەی ئەویان لە پشتەوە شاراوە بوو. ھەرچی دووەمە ئەوە ئاماژە دەکات بە بۆچوونێک (دیدێکی دەرەکی)ی تێبینەرێکی تایبەتمەند، کە کردار دەخاتە نێو بازنەی کۆبەکۆی کردارەیلی جڤاکییەوە، ھەروەھا چاودێریی ھۆیەکان یان ئەو ئەنجامانە دەکات، کە رەنگە لە خودی بکەران شاراوە بێت.
بۆ تێگەیشتنی جیھانی ھاوچەرخ، ھابرماس لە رێی ئەو پێناسە نوێیەی کە پێی وایە دابەشی سەر دوو جیھان دەبێت، دیدێک پێشکەش دەکات: یەکەمیان تایبەتە بە جیھانی ژیانەوە کە بنیاتەکەی زادەی زمان و پێکەوەڕۆییە، دووەمیشیان تایبەتە بە جیھانی ریزبەندانەوە، کە لە بنەڕەتدا ملکەچی عەقڵاندنی ژمێرەییە کە خەسڵەتی وەزیفی و ئامێرایەتی و کارایی ھەیە.
ئەم بۆشاییە دابەشی سەر دوو کەرتی دەکات: جیھانی ریزبەندان و جیھانی ژیان. زمان لە جیھانی ژیاندا رۆڵی پێکەوەڕۆیی ھەیە، ریزبەندیش بواری عەقڵاندنی ژمێرەیی و ئامێرایەتیی دەوروبەری خۆیەتی. زمان وەک زەوییە، دەست نیشان کردنی لانەی بوونە، وێڕای ئەوەی ئەو ھەمیشە شازە ناوەندێکی ھێمایی (Medium) بووە(١٨)، بەڵام ناکرێ ھەماھەنگی لە نێوانی تێکڕای کردارەکانی مرۆییدا بکرێت. ھەر بۆیە لە زۆر لایەنی ژیاندا ریزبەندی جێی ئەویان گرتەوە.
* * * *
ئەگەر مێژووی ھاوچەرخ دووبارە بڵاو بوونەوەی زمانی وەک پێکەوەڕۆییەک بە خۆوە دیت، بەوەی کە عەمباری لە بن نەھاتووی مرۆڤایەتییە، ئەوا دەکرێ بڵێین ئەم عەقڵانیەتە کولتوورییە پشت بە ناوەندێکی لاواز دەبەستێت. کرداری پێکەوەڕۆ کە ئەمڕۆ ئەو ئەرکانەی گرتووەتە ئەستۆ کە دوێنێ نەریت دەیکردن، ئەوا بە تەواوی شیاوی ئەوە نییە کە ھەماھەنگی لە نێوانی زۆربەی کردارەکانی نێو واقیعی ماددییانەی کۆمەڵ بکات. ھەر بۆیە کۆمەڵگاکان پەنا دەبەنە بەر پارە و دەسەڵات کە تینی ئەوە دەداتە ئابووری و دەوڵەت (وەک ریزبەندی جڤاکی) لە جیھانی ژیاندا سەربەخۆیی خۆی بەدەست بھێنێت. ئەوەی ئەمڕۆ لەبارەی ئەو رێڕەوانەوە دەزاندرێت ئەوەیە، کە خاوەن مەیلی فراوانخوازانەی زاڵە و ئارەزوو دەکات ھەموو لایەنەکانی جیھانی ژیان داگیر بکات و کۆنترۆڵیان بکات، ئەمەش زیانی دەروونی و کۆمەڵایەتیی زۆری بە دواوەیە، لە ئاستی سیاسیشدا قەیرانی شەرعیەت دەخاتە روو.
یەکەمین ریزبەند کە رۆڵی گرنگ لە ژیانی ھاوچەرخی ئێمەدا دەگێڕێت دەسەڵاتە، کە بە دامەزراوەی سیستەمی دەوڵەت دادەندرێت، ھەروەھا دراویش کە لە لای خۆیەوە سیستەمی بازاڕی دامەزراند. ھابرماس دەڵێ ئەم ریزبەندانە خاوەن دینامیکیەتی داخران بە سەر خۆدان، ھەر یەکەیان جیھانی تایبەت بە خۆیان ھەیە: دەسەڵات مەرجەکانی پیادە کردنی خۆی دیاری دەکات، پارەش بەھای دراو (بازاڕی خەرج کردن، رێژەی قازانج) بە شێوەیەکی ساغ خودانە دیاری دەکات. روونترین نموونەش بۆ ئەمە ئەو رۆڵەیە کە پارە دەیگێڕێت (ئەو وەک کاغەز چ بەھایەکی نییە، بەڵام بەھاکەی لەوەدا بەدەست دەھێنێت کە وەک میکانیزمێک وایە بۆ کڕین و فرۆشتن)، ھەر ریزبەندێکیش ھێمای خۆی ھەیە: ئابووری مامەڵەی بە دراوە، ریزبەندی سیاسیش بە ھێزە... ھتد. واتا بەر لە ریزبەند بوونی نییە، وەپێش کایەی کرداریش ناکەوێت، ئەو لە راستیدا لە رێی ئەو نیشانە (واتا)یەی ریزبەند بۆی ھەڵدەژێرێت، پەیدا دەبێت.
ھابرماس دەشڵێ کە پێوەرسازیی ریزبەندان داخراوە، جووتە ھێما و زاراوەگەلێک بەکار دەھێنێت، کە بە پێی ئەوان ئەوانەی سەر ریزبەندەکەن و ئەوانەی سەر بە ئەو نین، دیاری دەکات. ریزبەندی یاسا، بۆ نموونە، بە نێو جووتە ھێمایەکدا: (یاسایی/نایاسایی) تێپەڕ دەبێت (بێ لەوە ئەو لە دەرەوەی ریزبەندە و ددانیشی پێدا ناندرێت).
ھەر بۆیە ریزبەندان توانای ئەوەیان ھەیە کە خۆبەخۆ مانەوەی خۆیان مسۆگەر بکەن، تالکوت پارسۆنز (Parsons) پێشەنگی کۆمەڵناسیی وەزیفی چوار مەرجی بۆ ئەمە داناوە: گونجان لەگەڵ ژینگەدا، دەستەبەر کردنی تەواوکاری لە نێوانی تۆخمەکانیدا، پاراستنی ئەو سیستەمەی کە لە خولگەی ئەودا دەسووڕێتەوە، بەدی ھێنانی تێری و ئەو ئامانجانەی نەخشەیان بۆ کێشراوە.
ئەوەی لەم دیدە نوێیەوە ھەڵی دەھێنجین ئەوەیە، کە شرۆڤە کردنی کۆمەڵ وەک دیاردەیەکی ھەمەکی (لە ئیبن خەلدوونەوە تا بارسونز) ئیدی بەھایەکی ئەوتۆی نەماوە. وەھمە ئەگەر ئەمڕۆ پێمان وا بێت کە لە چنگی بنیادی ریزبەند رزگارمان دەبێت یان مەزندە کردنی گەیشتن بە تێگەیشتن لە واتاکانی واقیع بە شێوەیەکی تەواو و رەھا، چونکە خودی پرۆسەی تێگەیشتن پێویستی بە ئەزموونێکە کە زۆر کەس نییانە. ئەمەش پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و دوورە لەوەی بکەران دەیژێن و تێیدا دەژین.
لە لایەکی دیکەوە، ھەمەکی (Totalités) لەم بوارەدا گیانداری ئۆرگانیی خاوەن توخمی جەوھەری نین بەڵکوو راماناوی و وەزیفین، لێرەشدا راماناوی ھەر تەنیا تەواو کردنێکی سەرپشکانەی ریزبەندانەیە بۆ مسۆگەر کرنی مانەوەیان، ھەروەھا لۆژیکی عەقڵی لە نێویدا بوو بە وەزیفی و ئامرازانە.
ھەردەم و ھەمیشە لە روانگەی بکەرەوە، ئاراستە و ئامانجی کردار دیاری دەکرێت(١٩)، سەیریش نییە ئەمە ببێتە مایەی بەتاڵ کردنی واتا لە ناوەرۆکەکەی، پاش ئەوەی ریزبەند جیھانی ژیانی کۆنترۆڵ کرد و بە تەواوی خستییە ژێر رکێفی خۆیەوە، ئیدی کارلێک کەوتە بن باری پێداویستی بازاڕ و بیروکراسییەوە.
لوھمان پێشەنگی قوتابخانەی ریزبەند لە کۆمەڵناسیدا دووپاتی دەکاتەوە کە ئەمڕۆ پێوەر جێگیر نابێت تەنیا مەگەر شیاویی ئەو ئەرکێکی ھاوشان بە خۆی ھەبێت، ئەمەش واتای ئەوەیە کە پێوەر لە لایەن سیستەمی حەتمییەوە داندراوە کە بە شێوەیەکی مەبەستدار ئەرکەکەی دیاری دەکات، جا چ لە پرۆژە یان سیستەمی ریزبەندەوە دەرچوو بێت یان نا، ھەبوونی بەندە بەو ئەرکەوە، ئەگەر بە ئەندازەی پێویست بە دەنگەوە نەچێت، ئەوا وەک ئەوەی ھەر نەبوو بێت، فڕێ دەدرێتە نێو سەبەتەی زبڵەوە.
ھابرماس بیرۆکەی ریزبەندی لە (نیکلاس لوھمان)ی (١٩٢٧- ١٩٩٩) برادەرییەوە وەرگرت، کە گفتوگۆ و مشتومڕێک پێکەوەی گرێ دان و ماوەی بیست ساڵ درێژەی کێشا. تیۆریی ریزبەندان تیۆرییەکی کۆمەڵایەتییە و بنەمای خۆی لە بەرھەمەکانی ماکس ڤیبەرەوە داڕشتووە، ڤیبەریش (لەم رووەوە) ھەوڵی دا بەرخوێندنەوە بۆ پەنھانی عەقڵاندن لە جیھانی نوێدا بکات، ھەروەھا لە ئەرکی (تالکوت بارسونز)ـەوە کە ھەوڵی دا لە کایەی کرداری مرۆیی بکۆڵێتەوە، شان بە شانی ئەو ئەرک و رۆڵانەی کە بەجێیان دەگەیەنێت.
بیرۆکەی ریزبەندی کۆمەڵایەتی کایەی کرداری مرۆیی و بەھاکان دەگرێتە ئەستۆ، کە عەقڵێندراون تا ئەوەی بوونەتە بنیادی سەربەخۆ و بە پلەیەکی ئاڵۆزەوە، ئەو ملکەچ نابێت تەنیا بۆ فەرمانەکانی خۆی نەبێت کە کار بۆ چەسپاندنی بەردەوامیی ئەو دەکات. ئەم کایە ریزبەندە سەربەخۆیانە خۆیان لە یاسا و ئابووری و سیاسەتدا دەنوێنن، ھەرچەندە نیکلاس لوھمان پێشەنگی کۆمەڵناسیی ریزبەندی وەزیفی تواناکانی تیۆرییەکەی فراوانتر دەکات، تا ئەوەی ھونەر و رەفتار و مۆدە و تەلاسازیش بگرێتەوە.
لوھمان لەم بارەیەوە سەرنج دەدات کە پێوەر ھیچ جەوھەرێکی تێدا نییە، ئەو تەکنیکانەتر و فرە ئاڵۆزە، بێ لە پسپۆران کەس لە زاراوە و فێڵەکانی ناگات، سەنگی بیروکراسیانە بەکار دەھێنێت کە شیاویی ئەو پاساو دەداتەوە. ئەمەش بە واتای بە تەواوی گومان کردن لە ھەر پێناسەیەکی واتاکانی بە سیفەتێکی ئۆرگانی و جەوھەری یان بە سیفەتێکی جێگیر و ھەمیشەیی، لە دەرەوەی سووڕگەی بەکار ھێنانی وەزیفی و ریزبەندی ھەلومەرجدا پێوەر ھیچ واتایەکی نییە، وەک ئەوەی ئێستا لە زۆربەی کۆمەڵگا نوێیەکاندا باوە.
یۆرگن ھابرماس پێی وایە بۆ کۆتایی ھێنان بەم شتە و دەرچوونی لە قەیرانی ئێستا پێویستی بە پوختەکاری لە جیھانگیری (گلۆبالیزم)دا ھەیە، بۆ کۆنترۆڵ کردنی داتلیشانی ژیانی کۆمەڵایەتی و لەیەک جیابوونەوەی روو لە زیادی نێوان جیھانی ژیان و ریزبەندان، تەنیا پێوەری یاساییە کە لە توانایدایە بۆشایی نێوانیان پڕ بکاتەوە و جڵەوی ریزبەندان (بازاڕ، بیروکراسی، تەکنۆکرات، ...) بگرێتە دەست، لەبەر ئەوەی تەنیا ئەوە کە توانای ھەیە ریزبەندان بخاتە نێو گوزەرانی ژیانەوە و تانوپۆی کۆمەڵگا بپارێزێت و ھاوسەنگیی نێوانیان بگێڕێتەوە.
دەزگای یاسایی زۆر بە ژیانی رۆژانەی ھاووڵاتیانەوە نووساوە و پتر لە ھەر دەزگایەکی دی، ھەروەھا پاڵێوراویشە بۆ دیسپلین کردنی ھاوسەنگییەکان و بۆ قەرەبوو کردنەوەی ئەو لاسەنگییەی لە جیھانی ژیانی ئێمەدایە. ھەر بۆیە دەبێ بکەرانی پەنای بۆ ببەن وەک رێکارێک کە سازانێکی نامومکینان لە کۆڵ دەکاتەوە و لە دەرد و بەڵای خۆبەخۆش دەیانپارێزێت. رۆڵی یاسا لە جیھانی ھاوچەرخی ئێمەدا دەبێ چون ئەو رۆڵە بێت کە لە رابردوودا نەریت و ئایین دەیانگێڕا(*)، لە پاش ئەوەی باوەڕ لە بازنەی کاری تایبەتی ھەر مرۆڤێک لە نێو یەک کۆمەڵگادا قەتیس ما، بێ لە جیاوازیی رەچەڵەک و نەتەوەکان و بەریەک کەوتن و ناتەبایی نێوان بەھای رەوشتی نێوان تاکەکان، بە چەشنێک کە مەحاڵە یەک لێکدانەوە بە سەر ھەموواندا بسەپێندرێت، بە بێ ئەوەی دەست بۆ ماف و ئازادیی تاک ببردێت.
Top