كەلتووری دوژمنایەتیكردنی حوكمڕانی كارەساتی كۆمەڵایەتی دروست دەكات
June 13, 2013
فیکر و فەلسەفە
نووسهر :د. محمد شەریف
بە پێچەوانەی عادەتی هەموو نووسینەكانی دیكەمەوە، ناونیشانی ئەم بابەتەم درێژترە، دەشزانم كە ناونیشانی بابەت كارێكی وای نییە بەسەر یەكلاخستنەوەی دۆز و ئیشكالیەتەكانەوە، ناونیشان بۆخۆی كۆدێكە یان قیبلەنومایەكە بۆ دیاریكردنی ئاراستەو رووگەیەك، خۆ دەشمتوانی ناونیشانێكی وا هەڵبژێرم بەبێ هیچ درێژدادڕییەك ئامانجەكە بپێكێت، وەك ئەوەی بڵێین: دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، كە لە بنەڕەتدا ئەم بابەتەش بۆ خستنەڕووی دیالێكتێكی لێكتێگەیشتنی نێوانیانە، بەڵام تێگەیشتنێكی لۆژیكانە.. لەبەر ئەوەی لۆژیك دەتوانێت هەموو شتێك بخاتەوە شوێنی خۆی و كارتەكان تێكەڵ بەیەكتر نەكات، هەر بۆ ئەم مەبەستەش هەست بەو زیانە ماڵوێرانكارییە گەورەیە دەكرێت، كە لە پشت ئەو هەڵە شاراوەیەوە دەست پێدەكات، كە ئەویش بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری حەماسەت ئامێزی و دوژمنایەتیكردنی حكومڕانیە، ئەو حكومڕانیەشی كە بە ئیرادەی خەڵكی دامەزراوە، بە تایبەتیش بۆ بارودۆخی گەلی كوردستان، كە چۆن ئەو رۆشنبیرییەی دوژمنایەتیكردنی حكومڕانی ئەو خەونە جوانە دەشێوێنێت، كە نەوەكانی كورد قوربانیان بە كوڕ و كچی خۆیانداوە بۆ ئەوەی ئەم خەونەیان بێتە دی، ئەمەش واتە هەموو ئومێدیان ئەوە بووە كورد و كوردستان بەئیرادەی خۆی خاوەنی دەسەڵاتی خۆیان بن و لەناو دەنگی گەلان و نەتەوەكانی گێتیدا، دەنگێكی سەربەخۆیانەی خۆیان هەبێت، هەر لەبەر ئەمەش پەلەمكرد بۆ ئەوەی بگەمە ئەم ئامانجە و ئەم ناونیشانەم دانا.ئەگەر پێشان هەندێك هەنجەتمان هەبووبێت بۆ سووكایەتی كردن بەو دەسەڵاتە داگیركارەی كە بێبەری دەكردین لە هەست كردن بە بوونی خۆمان وەك گەل و نەتەوەیەك و، كەلەپچەو زنجیری لەدەست و پێ دەبەستین و نەیدەهێشت گەلی كورد چێژ لە ئازادی وەربگرن، ئەوا هیچ بیانوویەك بۆ ئەو رەوتە تاریكبینەی ئێستا نییە كە سووكایەتی بەو حكومڕانیە بكات كە شەرعیەتی هەڵبژاردن و شەرعیەتی خەباتێكی قورس و درێژخایەنی بۆ سەربەخۆیی و ئازادی كورد بەدەستهێناوە. هەربۆیە پێویستە راگەیاندنكاران و پەروەردەكاران كار بۆ ئەوە بكەن رۆشنبیری رێزگرتن لە حكومڕانی بڵاوبكەنەوە نەك سووكایەتیكردن بە حكومڕانی، هەروەها دەبێت لەوە هۆشیاربن كە رێگە نەدەن شكۆی دەوڵەت و دامەزراوەكانی لەبەر چاوی هاووڵاتیان بشكێت، ئەمەش لە پێناوی پاراستنی رێز و پیرۆزی یاسا لە كوردستاندا. هەر وەك نموونەیەك باسی سوقڕاتی دانا دەكەم، سوقرات لەگەڵ ئەوەشی كە دەیزانی حكومڕانی ئەو زەمانەش گەندەڵ بوو، بەڵام پەرداخە ژەهرەكەی خواردەوە، ئەمەش وانەیەكە بۆ هەركەسێك بیەوێت پەندی لێوەربگرێت. لە ئەدەبیاتی فیقهی رێبازگەكانی ئیسلامیشدا شتێكی هاوشێوەی سوقرات هەیە بۆ بەرگرتن لە فیتنەگێڕی كوێرانە، هەربۆیە هەڵوێستێكی شارستانی بونیادنەر نابینینەوە كە ئەم جۆرە رۆشنبیریە باڵادەست بێت، ئەمەش واتە رۆشنبیری سووكایەتیكردن بە حكومڕانی و دەسەڵات. ئەوانەشی كەلتوری سووكایەتیكردن بە حكومڕانی بڵاو دەكەنەوە، دەیانەوێت سیستمی فیكری كۆمەڵگە لەبەریەكتری هەڵوەشێنن، رێزگرتن لەیاسا نەهێڵن، تا ئەوپەڕی دروستكردنی نائومێدییە بۆ پرۆژەی حەماسەت ئامێزی خەونی نەتەوەی كورد لە دەوڵەتێكی سەربەخۆدا كە یاسا تیایدا سەروەر بێت و دەوڵەتیش دەسەڵاتە.
كەس نەكەوێتە ناو ئەو وەهمەی كەمن دەمەوێت بەم بابەتەی نووسیومە، مەبەستم لێی رازی بوون بێت بە هەر شێوە گەندەڵبوونێك كە لە دەستی دەسەڵاتخوازێكەوە كەوتبێتەوە، چ بەهۆی نەڕەخسانی مەبدەئی هاودەرفەتی یەكسانی، یان ونبوونی بەهاكانی دادپەروەری لە دابەشكردنی پۆست و پایەو پیشەكاندا، یان بەهۆی كەوتنەوەی دیاردەی تیرەگەری و ناوچەگەرێتی و خزمایەتییەوە، حاشا من خۆم لەنێو ئەوانە ببینمەوە كە پڕوپاگەندە بۆ گەندەڵی لەسەر زەمین دەكەن، بەتایبەتیش لە كوردستان كە هەتا ئێستا بە ئازادی و سەربەخۆیی چاوەڕوانكراو ئاسوودە نەبووە. هەربۆیە ئەوەی دەمەوێت لەم وتارە ئاماژەی پێبكەم ئەوەیە كە دەسەڵات یان حكومڕانی چەمكێكی شارستانی دەستوورییە، هەر كۆمەڵگەیەك خاوەنی خاك و نەریت و هەستی گشتی هاوبەش بێت بۆ ئینتمای گەلێك یان نەتەوەیەك، ناتوانێت دەستبەرداری چەمكی دەسەڵات بێت. ئەم خەونەی كە كورد خاوەنی دەسەڵاتی خۆی بێت، ئەو خەونەیە كە ئازادی خوازان سروودیان بۆ چڕیوە، بەخوێنی پێشمەرگە ئاودراوە، تا ئێستاش شاخە سەركەشەكان باس لەشوێن پێكانیان و سوروبوونیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستەمكاران و داگیركاران دەكەن، هەر بۆیە ئەو داستانە مێژووییانەی تۆماریان كردون بۆ هێنانەدی رۆژێكی وەك ئەمڕۆ بووە تا دەسەڵاتێكی هەڵبژێردراو بە پرۆسەیەكی دیموكراتییانە لە لایەنی گەلی كوردستانەوە بێتە سەر حوكم و فەرمانڕەوایەتییان بكات، بەڕاستی ئەوە خەونێكی قەشەنگ بووەو كەم كەس بۆ ساتەوەختانێكی نزیك لەو بڕوایەدا بوون بێتەدی..
لە زانستی ئوسوڵی فیقهی ئیسلامیدا بنەمایەكی هەڵگیراو لە ئەحكامی شەریعەتدا هەیە و دەڵێت: ((ئامانج لە ئەحكامی شەریعەت وەدیهێنانی بەرژەوەندییەكانی خەڵكییە، هەر لەو زانستەدا ریزبەندیەكی قەشەنگ بۆ بەرژەوەندییەكانی خەڵك كراوە و بەپێی گرنگی لای خەڵك و دەكرێن بە سێ بەشەوە:
1ـ بەرژەوەندییە هەرە پێویستەكان، كە ژیان بەبێ ئەوانە سەقامگیرنابێت و، لەسەر ئەم بنەمایە سیستمی ژیان دادەمەزرێت.
2ـ بەرژەوەندییە ئامڕازییەكانی كە ناگەنە پلەو پایەی بەرژەوەندییە هەرە پێویستەكان، كە بۆ ئاسانكاری رێگەكانی ژیانەو زەمانەتی پاراستنی كاروبارەكانی رۆژانە مسۆگەر دەكەن..
3ـ بەرژەوەندییە چاكەخوازییەكان كە ئادابی رەفتاركردن و جوانی كردار و كامڵبوون دەخوازن..
هیچ سیستم و فەلسەفەیەك نییە بۆچوونی جیاوازی هەبێت لەسەر ئەوەی دەسەڵات بۆ مانەوەی كۆمەڵگە پێویستییەك نییە، لەبەر ئەوەی ئەگەر دەسەڵات بوونی نەبێت ئاژاوە بەسەر كۆمەڵگەدا زاڵ دەبێت، هیچ بەهاو نرخێك بۆ هزر و لۆژیك و واقیع نامێنێتەوە، دەسەڵات و یاسا و كۆمەڵگە تێهەڵكێشی یەكترن، بەبێ بوونی ئەوانە زەحمەتە واڕسكەكان و ئارەزووە پەرش و بڵاوەكان كۆنترۆڵ بكرێن، هەر بۆیە دۆزی پێویستیبوونی دەسەڵات و یاسا خراوەتە دەروازەی زانستی یاساوە، هەروەها زانایانی فیقهی سیاسی لە ئیسلامدا بۆ نموونە (ماوەردی) لە (الاحكام السلطانیة)، غەزالیش لە (فضائح الباطنیة) هەروایان كردووە و جەخت لەوە دەكەنەوە ئیمامە (دەسەڵات) زەڕوڕەتە، ئەگەرچی خیلافیان لەسەر ئەوە هەبووە بنەمای دەسەڵات شەریعەت بێت یان ئەقڵ، بەڵام لەو خاڵەدا كۆكن كە دەسەڵات پێویستیەكی كۆمەڵایەتیە، بەبێ بوونی دەسەڵات سەر زەمین گەندەڵ دەبێت و ناتوانین لێی رزگار بین. هەربۆیە هیچ گومانێك هەڵناگرێت بەپێی ئەو پۆلینكردنە دەسەڵات دەكەوێتە ناو پێداویستیەكانەوە و هیچ كۆمەڵگەیەك سەقامگیر نابێت ئەگەر یاسا و دەسەڵاتێك نەیپارێزن، بەڵام پێگەی ئۆپۆزسیۆن لەم ریزبەندییەدا لە خوارترە، لەبەر ئەوەی ئۆپۆزسیۆن پێداویستی و هاریكارییە بۆ دیموكراتیەتی سیستەم و پێداویستیەكە بۆ ئەوە، لەم چوارچێوەیەدا ئەگەر بە قووڵی بەراورد لە نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بكەین، ئەوا بۆمان دەردەكەوێت دەسەڵات قورسایی بەرپرسیاریەتی گشتگیری لەبەردەم گەلەكەی و جیهان دەكەوێتە سەرشان، لە بەڕێوەبردنی كۆمەڵگەكانیشدا، دەسەڵات بە دانانی دیسپلین و بەهاگەل و یاسا و رێنمایی و فەراهەمبوونی ئاسایش و بەختەوەری و وەدیهێنانی دادپەروەرییە، هەر دەسەڵاتە كە لەلایەن ئەوانەی دەنگیان پێداوە دەخرێتە بەردەم لێپرسینەوەوە، هەر ئەویشە رووبەڕووی توێژێك یان چەند توێژێكی جەماوەری تووڕەكراو دەبێتەوە، ئەگەر هەست بە غوبن و زیانكەوتن بكەن لە دەركردنی بڕیارێك یان یاسایەك، بەڵام ئۆپۆزسیۆن تەنیا رۆڵێكی هەیە ئەویش لە هۆشیاركردنەوەی توێژەكانی كۆمەڵگەدا چڕدەكرێتەوە، گەر هاتوو مافەكانیان لێ زەوتكرابوو، كەسیش بەرپرسیارێتی ناخاتە سەر شانی ئۆپۆزسیۆن، چونكە ئۆپۆزسیۆن وەك تەماشاچییەك بە كامڵی حەوانەوەوە لەسەر كورسیەك دانیشتووەو لێیان دەڕوانێت، تا كەلێنێك ببینێتەوە، یان نێچیرێك بكەوێتە بەر دیدی و راوی بكات، ئەگەر دەوڵەتمەداران و كەسانی بەرپرس لە ناو دەسەڵات بە حوكمی پیشەكانیان هەندێ خۆشگوزەرانی كاتیان هەبێت(كە ئەوەش ماوەیەكە و دەستاو دەست دەكرێت)، ئەمە تەنیا لە بری مەترسیداری بەرپرسیارێتیەكەیانەو بەس، ئەمە لە فقهی ئیسلامی و یاسای مەدەنی و یاسای وڵاتانیشدا هاتووە (الغنم بلغرم) ئەمە واتای ئەوەیە كەسێك پابەند دەبێت بەكارێكەوە لەبەرامبەر هەندێك ئیمتیازاتدا، یاسا ئەمەی بە بنەمای ئاشتەوایی و فەلسەفەی بەدیهێنانی هاوسەنگی لەنێوان بەرژەوەندی تاكەكان و كۆمەڵگاكاندا داناوە، ئەمەش مانای ئەوەیە قەت یاسا بۆ بەرژەوەندی تەسكی فەرمانڕەواكان دانەنراوە، لەبەر ئەوەی زۆر سەركوتكار هەر بەو یاسایەی كە حكومڕانی پێكردووە بە هەمان یاسا لە سێدارە دراوە، بۆیە دەڵێن یاسا لە ئاست داڕێژەرەكەیدا كوێرەو خەسڵەتێكی تەجریدی هەیە، گەرچی ئەم وێناندنە كۆنەم بۆ یاسا لە تێزی دكتۆراكەمدا ساڵی 1979 لە زانكۆی بەغدا رەخنەی لێگیراوە، دەیڵێمەوە پێویستە روانینێكی قووڵ بۆ هەمەجۆرێتی و هەرجۆرەیی بارودۆخەكان هەبێت لە ساتەوەختی چەسپاندنی دادپەروەریدا، ئەمە لە زانستی سزادانەكاندا بە تاكگەرایی ناونرا،.
ئایا تەرازوویەك هەیە بتوانێت هەردوو تاكەی لەبەردەم قورسایی پێداویستیەكانی نەتەوە و بیروبۆچوونی خەڵك بەبێ جیاوازی هەردوو لاكەی بە هاوسەنگی و یەكسانی رابگرێت، یان لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتدا، كە ئۆپۆزسیۆن ئەركەكانی تەنیا لە چاودێریكردنی ئەدای حكومەت و بەرپرسانی چڕدەبێتەوە، ئاگاداركردنەوەی هاووڵاتیان بۆ كارو شتی باشتر لەمەی هەیە، ئایا ئەم دووانە لەسەر تای تەرازووەكە یەكسانن.
نامەوێت بەمە لە بایەخی ئۆپۆزسیۆنبوون داگرم، لەبەر ئەوەی گەوهەری دیموكراتیەت لەنێو هەناوی ئۆپۆزسیۆنێكی ئەقڵانی ئاشتیخوازدایە، بەبێ ئۆپۆزسیۆنێكی جددی ناكرێت قسە لە دیموكراتیەت بكەین، دیموكراتیەت بەبێ قبوڵكردنی رای بەرامبەر بوونی نییە، بۆیە هەر حكومەتێك بەبێ شەرعیەتی یاسایی ئۆپۆزسیۆن سنوردار بكات، ئەوا هەر بەخۆی سەركۆنەی ئەدای حكومڕانی خۆی دەكات. لەبەر ئەوەی یاسا خۆی حاكمە خۆی سەروەرە، گەڕانەوە بۆ هەرشتێك بێجگە لە یاسا داهێنانێكی فێڵاوییە، لەمەش گرنگتر ناڕەزایی گەل لە حاكمدارانی لەناو هەر سیستمێكی دیموكراتیدا لە دەرئەنجامەكانی ناو سندوقی هەڵبژاردندا بەرجەستە دەبێتەوە، لە سیستمی سیاسی و یاسایی هاوچەرخدا، مەرجەعیەت بریتییە لە دەستور و پەرلەمان و پەیماننامە نێوەدەوڵەتیە مولزەمەكان، لە كۆی دەستوورە هاوچەرخەكاندا بە دەستووری عێراق و پرۆژە دەستووری هەرێمی كوردستانیشەوە، جەخت كراوەتەوە لەسەر ئەوەی گەل سەرچاوەی دەسەڵاتە، هیچ دەسەڵاتێكی دیكە لەسەرووی دەسەڵاتی گەلەوە بوونی نییە.
ئەگەر ئەم بەراوردكارییەی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هەڵسەنگاندنێكی گشتی بێت بۆ سروشت و تایبەتمەندی هەر یەكەیان، ئەوا دەسەڵاتی هەڵبژێردراوی كوردستان بارێكی تایبەتی هەیە، لەبەر ئەوەی بێجگە لەوەی ئەم دەسەڵاتە وەك زەڕوڕەتی سیاسی بۆ سەقامگیركردنی كۆمەڵگەو زامنكردنی ئازادی و دادپەروەری، وەك ئەركی هەر دەسەڵاتێكی تر لە كۆمەڵگەدا؛ ئەوا ئەم دەسەڵاتە بۆ خۆی خەونی باو و باپیرانمانە كە هەموویان لەمە بە تاسەی ئەو خەونەوە لەم خاكە نێژران و ئاڵای كوردستانیان نەبینی كە لە پایتەختی هەرێم دەشەكێتەوە.
بەداخەوە هەندێجار چەند لایەنێكی راگەیاندنی كوردی، دەستیان داوەتە كێشانی وێنەیەكی ناشرین بۆ دەسەڵاتی كوردی، ئەوەش لە تۆڵەی كارو كردەوەی ناڕێكی هەندێ كەس كە بەسەر ئەم دەسەڵاتەوە بوونەتە ماڵ، ئەمە درزتێخستنێكی دزێوی ماڵی كوردی چاوەڕوانكراوە، هەوڵدانێكە بۆ لەباربردنی ئەو كۆرپەلەیەی هێشتا لەنێو رەحمی دایكی نیشتماندایە، پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا سەرەنجام ئەمە نابێتە كارەساتێكی كۆمەڵایەتی لە كوردستاندا؟
ئەگەر ئەم هیواو ئاواتە تایبەتمەندی ئەزموونی ساوای كوردستان بێت لە دەسەڵاتدا، ئەوا بەرپرسیاریەتی سەركردەكانی دووبەرابەر دەبێت بۆ پاراستنی لەهەموو گەندەڵی و ئیستغلالكردنێك، ئەمە بەرپرسیاریەتی ئەوانی دیكە(ئۆپۆزسیۆن یان هاودۆستەكانی) بۆ پاراستنی ئەم ئەزموونە بێگەردە كەمناكاتەوە، كە زۆر كەس لە پێناوی گەیشتن بەم ئەزموونە شەهید بوون و چێژیان لێ وەرنەگرتووە.
ئاشكرایە واتای دەسەڵات بەپێی بەرەوپێشەوەچوونی هۆشمەندی مرۆڤ گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە، نامانەوێت لێرەدا ئەم گۆڕانكارییانە نمایش بكەین، گرنگ ئەوەیە مرۆڤایەتی قۆناغی دەسەڵاتی رەهای خۆفەرزێنی تێپەڕاندووە، بەڵكو بیری دەوڵەتی یاساو شەرعیەتی دەستووری پێگەیشتووە، چیدیكە نە لە عورفی نێودەوڵەتی و نە لە ئاگامەندی گەلان دەوڵەتێكی نایاسایی یان دەوڵەتی نادەستووری قبوڵكراو نییە..
لێرەدا بەجێی خۆی دەزانم بڵێم، كەس خەیاڵی ئەوەش نەكات وابزانێت لە پاڵ واعیزی سوڵتانەكاندا وەستابێتم، نەخێر، لەبەر ئەوەی سوڵتانەكان بەوجۆرە حكومڕانی گەلانیان كردووە، وەك شوانێك مەڕوماڵات ببات بەڕێوە، بەڵام دەسەڵات بەرجەستەبووی ئیرادەی گەلە بەپێی هەڵبژاردنێكی ئازادانەی دیموكراتییانە هەڵبژێردراوە، نابێت كەلێن بخرێتە نێوان گەل و ئەو دەسەڵاتەی بە پرۆسەی دیموكراتی هەڵبژێردرابێت، سووكایەتیكردن بە دەسەڵات، سووكایەتیكردنە بە ئیرادەی گەل، ئەوانەی ئەم كەلتووری ریسواییكردن و رقلێبوونەوەیە لە ناخی نەوەی تازە پێگەیشتووی كورد دەچێنن، ئەو نەوەیەی كە تەجرەبەی حەرەس قەومی و ئەفالچیەكانیان نەبینیوە، نائومێدیان دەكەن لەوەی كە بتوانن هەنگاوێكی نەوعی هەڵبگرن بۆ بەدیهێنانی خەونی گەورەمان كە دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانە.
نیزام قەدەری پەروەردگارە لە سروشت و گەردووندا، ((انا كل شی خلقناه بقدر)) نیزام واڕسكێكە لەناو هەموو زیندەبووانی سەر زەمیندا، ئیرادەیەكی عاقڵمەند لە مرۆڤدا بوونی هەیە، پێویستیشە بۆ مانەوەی مرۆڤایەتی، دەسەڵات بەرهەمی ئەم ئیرادەیەیە.
ئەگەر لە كارو كردەوەی هەندێك لە بەرپرسان یان كەسانی نزیك بەوان هەندێك گەندەڵكاری ئەنجام درابێت، یان تەنانەت ئەگەر پەتای گەندەڵێتی تەشەنەی سەندبێت، ئەوا دەزگاكانی چاودێری ئەركی سەرشانیانە بە تایبەتی ئەركی پەرلەمانە بە هەردوو باڵی فەرمانڕەواو و ئۆپۆزسیۆنیەوە هەروەها لەسەر داواكاری گشتی مەرجە و ئەركە وەك چۆن ئەركی جەمسەرەكانی كۆمەڵگەی مەدەنیشە ئەو گەندەڵیانە ئاشكرا بكەن و داوای یاسایی لەسەر جێبەجێكاران تۆمار بكەن، ئەگەر حكومەت لە فەراهەمبوون و زەمینەسازكردنی لایەنەكانی چاودێری هاوكار نەبێت بۆ وەدیهاتنی ریفۆرم و چاكسازی، یان ئەگەر شكست بێنێت لە بەڕێوەبردنێكی بەهێزی پرۆسەی چاكسازیدا، ئەوا دەبێت لە هەڵبژاردنی داهاتوو رێگە چۆڵ بكات بۆ حكومەتێكی دیكە، بەڵام پێویستە لەوە هۆشیاربین خۆمان نەخەینە سەنگەری كەرامەت شكاندنی دەسەڵاتێكەوە، كە بە دەنگ و رۆح و ئیرادەی گەلێك و لە پرۆسەیەكی دیموكراتیدا فەرمانڕەوایی پێ دراوە..
میدیاكار و ئۆپۆزسیۆن و كەسانی تریش دەتوانن بە بەردەوامی بەرپرسانێك بدەنە بەر نەشتەری رەخنەكانیان ئەگەر هاتوو ئەمانەتی بەرپرسیارێتییان پێ نەپارێزرابێت، بەڵام بۆ هیچ كامیان نییە پەنجە رابكێشێت بۆ شكاندنی كەرامەتی حكومڕانی یان نیشتمان یان دەوڵەت، هەر كەسێك ئەو مافە بداتە خۆی و دەسەڵات وەك شەیتان نیشان بدات، ئەوا بانگێشە بۆ ئاژاوەو پوچگەرایی دەكات.
شتێكی تر كە گرنگە ئاوڕی لێ بدرێتەوە، رەنگە ئۆپۆزسیۆن ئەستۆپاكی خۆی لە دەرئەنجامەكانی شكستهێنانی حكومەت و دەسەڵات لە نەهاتنەدی خزمەتگوزارییە پێویستەكانی گەل رابگەیەنێت لە كاتێكدا نوێنەرەكانی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمانەوە هاوبەشن لە چالاكیە ئەرێنییەكانی یاسادانان و چاودێریكردن، چەندین ئیشكالیەت هەن كە ناتوانین لە ئاڵۆزییەكانی رزگار بین، ئەگەر نەگەڕێینەوە بۆ شەرعیەتی دەستوور كە دادگا پارێزگاری لێدەكات و متمانەی هەموو لایەكی وەرگرتووە، ئەم ئیشكالیەتانە لەو یاسایانەوە سەرچاوە دەگرن كە ئەركیان سنورداركردنی ئازادییەكانە، ئازادیش پێشەنگی چەمك و رێبازگەو بنەماكانی مافە مرۆییەكان كە هەموو پرۆتۆكۆلاتی نێودەوڵەتی و مرۆڤایەتی لەسەری كۆكن و، ئەو ئازادییەیە كە پارێزەری ژیان و كەرامەتی مرۆڤە، بۆیە مەرجە لەسەر هەموو یاساكان و دەسەڵاتیش ئازادی تاكەكان بپارێزن، بەڵام ئەم ئەركە بە تەنیا بەس نییە بۆ كۆتایی هێنان بە ململانێی نێوان ئازادییەك لە فەزایەكی فراوان و ئازادییەكی تردا كە سنووردار كراوە بە یاسا، قەیدوبەند هەر قەیدو بەندە ئەگەر لە زێڕیش دروستكرابێت، ململانێی بەرژەوەندییەكان لەسەرو هەموو ئاستەكانەوە ئەو دەردە پیسەیە كە گرژی دروست كردووە، ئەم شەڕەقسەو جەدەلەی ئێستا هەیە بەردەوام دەبێت تا ئەو دەردە بوونی هەبێت، تەنیا بە شتێك كاریگەرییە خراپەكانی نامێنێت، ئەویش بەرزكردنەوەو هەڵبژاردنی دەستوور و یاسا نێودەوڵەتیەكانە، وەك ژێدەر و مەرجەعیەتی سیاسی و یاسایی بە توانا لە یەكلاكردنەوەی هەموو ئیشكالیەتەكاندا، وێڕای ئەمەش ئیمامی فەیلەسوفەكانی خۆرئاوا (كانت)ی دانا لە سەدەی هەژدەیەمەوە وتویەتی ئاشتەوایی هەمیشەیی تەنیا لە گۆڕستانەكاندا بوونی هەیە..
گەلانی دنیا تا ئێستا باشترین رژێمێك كە بە پەسەندیان زانیبێت دیموكراتیەتە، چونكە ئازادی تاكەكان و كۆمەڵگەش مسۆگەر دەكات و بە ئاشتیانە دەستاو دەستكردنی دەسەڵات فەراهەم دەكات، مەبدەئی هاودەرفەتی بۆ گەیشتن بە زانست و سامان و پایەی كۆمەڵایەتی و سیاسی دەڕەخسێنێت بۆ هەمووان، بەڵام دیموكراتیەت بە واتای بەختەوەری نایەت، بە تەنیا ناشتوانێت گرفتە زۆرەكانی مرۆڤایەتی چارەسەر بكات. بەڵام دیموكراتیەت هەر وەك هەموو فەلسەفەكانی تر و فكرە رووناكبیریەكان و ئایینە ئاسمانیەكان و وەزعیەكانی سەر زەمین نەیتوانیوە ململانێ و دیالەكتێكی ناخەكی مرۆڤەكان چ وەك تاك و چ وەك كۆمەڵ رابگرێت، چەندی هەوڵیان دا گەندەڵییشیان لەسەر زەوی پێ بنەبڕ نەكرا.
خاڵی ململانێی سەرەكی لە پێناوی بەرژەوەندی زاتیدایە(قل كل یعمل علی شاكلته) مرۆڤی بیرمەند هیچ كاتێك بیانوو بۆ شتێك نادۆزێتەوە كە هەمووان لەسەری تەبابووبن، دوور لە ركابەریكردنی یەكتری هەموومان هاوڕاین لەسەر چەمكەكانی دەوڵەت و دیموكراتیەت و ئازادی و میكانیزمەكانی هەڵبژاردنەكان و دادپەروەری و یەكسانی و مافی گەلان لە هەڵبژاردنی چارەنووسداو مافی تاكی (كوڕ و كچ) لە بڕیاردانی خۆی و دیاریكردنی چارەنووسی، بەڵام بۆچوونە جیاوازەكانمان مەحكومە بە رابردوومان یان ئەو هۆكارانەی كە نابینرێن بۆیە ململانێكان بەردەوامن، بەڵام جیاوازی هەیە لەنێوان ململانێیەك كە بە گوتاری زبری كوشندە دەردەبڕێت و ململانێیەك كە بە بیری ئاشتیخوازانەی جیاواز بەڕێوە دەچێت، ئەمە ئەو پەندەمان دێنێتەوەیاد كە دەڵێت (جیاوازبوون تەبایی دۆزەكە تێك نادات)، لەم بوارەی ململانێی هۆشیاری شارستانی و ئەزموونی كەڵەكەبوو دەبێتە هۆكاری ئەوەی لەبەرهەمی هاوكاریدا رۆڵێكی میحوەری گرنگ بگێردرێت، ئەمە ئەوەیە كە ئێمەی كورد پێویستە بۆ پێگەیشتنی دیموكراتی لە كوردستان چالاكی بكەین، ئەمە وێڕای ئەو رەشەبایەی كە دەیەوێت گەڵاكانی بخاتە خوارەوە.
هەتا ئێستا ئێمەی كورد چێژی ئازادی و سەربەخۆییمان نەكردووە، تا ئێستاش كەسانی وەك شەهرستانی لێمان رادەپەڕێت تا ئەو مافەی بەپێی دەستووری عێراقی وەك یەك پێمان سپێردراوە لێمانی زەوت بكات، وێڕای لكاندنی زۆردارەكیانەی سەپێنراوی مێژوویی هێشتا بڕیاری لە سێدارەدانمان بۆ دەردەچوێنن تا بیر لە جوداخوازی نەكەینەوە، وێڕای ئەوەی پێكەوەلكانی بەزۆردارەكێی دوور لە هاوخەمی پێكەوەژیان بۆخۆی بریتییە لە سێدارەدان، بەڵام جودابوونەوەی بە خۆزیاری كە پێوەندییەكانی دراوسێیەتی توندوتۆڵ دەكات بەهێزترین نموونەی پێوەندبوونە بە یەكترەوە لە رووی مێژووییەوە..
كەچی هەندێك لە هاوخوێن و كەسانی ناوخۆمان، ئەوانەی كە لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا و لە گەمەیەكی دیموكراتیدا دەنگی پێویستیان نەهێناو نەگەیشتنە دەسكەوتی رێبەرایەتی كردن بۆ خۆیان نیازمەندن لەناو نانەوەی ئاژاوەدا ئەم ئەزموونە ناوازەیەی هەرێمی كوردستان نغرۆبكەن، لەگەڵ سەرانی ئەو رژێمانەدا حەشری بۆبكەن كە گەلانیان هاواریان دەكرد بۆ رووخانیان، وەك چۆن دەوڵەتی بن عەلی و حوسنی موبارەك رووخێنران، ئەگەر ئەم كەسانە بە باشی هەڵوێستیان هەڵسەنگێنن و وزەی بەكارهاتووی خۆیان بۆ رووخان وەرگێڕن بۆ هاریكاری كردن لە پێناوی جەنگان دژ بە گەندەڵی بێ خۆگیفدان و بێ لەكەداركردنی ناو و ناوبانگی هەرێمی كوردستان، ئەوە بە دڵنیایی ئێستا لە دڵی هاوسۆزانی خۆیان نزیكتر دەبوونەوەو هەوادارانی ئەم ئەزموونەش پشتگیرییانی دەكردن كە ئەم ئەزموونە بەلایانەوە بریتییە لە خەونێكی رەوا بۆ خۆیان و هەموو پارچەكانی تری كوردستانیش، ئەوەی روویداوەو روودەدات بەپێی ئەو نەخشە سیاسیەی دەرئەنجامە خاوێنەكانی هەڵبژاردنەكان نەخشاندیی بە شایەتحاڵی هەموو دنیای دەرەوە ئەوەش بریتی نییە لە كۆتایی مێژوو بۆ كەس، بەڵكو ئێمە هێشتا لە دەسپێكی رێگای مێژووەكەداین، رەنگە رۆژێك بێتە پێشەوە كە ئۆپۆزسیۆنی ئێستا، دەسەڵاتی زۆرینە وەدەست بهێنێت و نەخشەیەكی سیاسی نوێ داڕێژێتەوەو داڕێژەرانی نەخشەی پێشوو بكشێنەوە بۆ ریزی پاشەوە، ئیتر ئەمەیە گەمەی دیموكراتیەت كە هیچ حزبێك تا سەر ناتوانێت رای زۆرینە بۆ خۆی مسۆگەر بكات، ئەوەتا مێژوو پێمان دەڵێت چەرچڵی سەرۆك وەزیرانی بەریتانی وێڕای سەركردایەتیكردنێكی سەركەوتووانەی بۆ سەركەوتنی هاوپەیمانان بەسەر هیتلەردا پاش جەنگی دووەمی جیهانی سرووشی عەشقایەتی خەڵكی بۆ گۆڕانكاریی لە سەرۆكایەتی دووری خستەوە، ئەگەر ئەو گۆڕانكارییە لە رووخسارەكانیشدا بێت ئەوە هەر گۆڕانكارییە، تەنانەت لەوانەیە لە پێناوی ئەو گۆڕانكاریەشدا ئەوانەش لەیاد بكرێن كە پاڵەوانی داستانەكانی رزگاریخوازی وڵاتیانن، ئەمە باشترین گەواهیدەرە لە دیموكراتیەتەكانی پێشاندا، ئێمەش ئەفسوونێكمان نییە ئیستسنامان بكات لەم رێسایە وەك عەرەب دەڵێن((زۆرینەی خەڵكی حەزیان بە رژێم نایەت، ئەگەر راست بێژیش بن هەرنیوەی ئەو زۆرینەیە دەیبەنەوە)).
ئەوانە چەندی بیانووی لۆژیكیانەیان هەبێت بۆ ناڕەزایەتیەكانیان لە سیستمی دیموكراتیدا، ئەوا هەڵسەنگاندنی بابەتی پشت بە ئاكام دەبەستێت، ئاكامی ئەوەی كردیشیان كارەساتە، یەكێكیان ئەوەی هەوڵیان بۆدا وێنەیەكی ناشرینی حكومڕانی كوردی پیشانبدەن كە یەكەم ئەزموونە لەم سەردەمە لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، دووەم كارەساتیش ئەوەیە كە ئەو هەستەیان لاواز كرد بەرامبەر قبوڵبكرێت، ئەگەر بۆ ماوەی خولێكی هەلبژاردنیش بێت، سێهەمین كارەساتی ترسناكیش ئەوەیە، كە وەك دەبینین ئۆپۆزسیۆن هاوكاری دەسەڵاتی زۆرینە رەتدەكاتەوە، ئەم رەتكردنەوەیە بەرامبەر رەتكردنەوەی هاوشێوەیە لەسەر بنەمای مامەڵەی بەرامبەر، خۆ ئەگەر لە خولی تازەی هەڵبژاردندا ئۆپۆزسیۆن هەڵبژاردن بباتەوە، رووبەڕووی ئەم كارەساتە كۆمەڵایەتیانە دەبنەوە كە لەو بڕوایەدانیم دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن هیچیان ئەنجامی وەهایان بوێت.
هەندێ جار مرۆڤ خۆی بە هەڵەدا دەبات و میتۆدی نەعامە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ واقیعەكەدا پیادە دەكات، نایەوێت بڕوا بهێنێت بەوەی لە بەرچاوانە، لە مێژووی خەبات و تێكۆشانی مێژووییماندا دیمەنی هێندە زۆرمان هەن لەو دیمەنانەی كە رۆڵی كورد خۆیان بۆتە هۆكاری شكستەكان. ترسی ئەوەمان هەیە چیرۆكی ململانێی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن لەم چاخە تازەیەدا راپەڕینی كورد بۆ وەدەستهێنانی سەربەخۆیی ببێتە قوربانی ململانێی شەخشی و ناوچەگەرێتی وەك دەڵێن بخرێتە ناو تەپوتۆزی كای كۆن بە با كردنی لایەنەكانەوەو لە دیمەنی تازەدا چ وەك ناوەڕۆك چ وەك فكریش ئەو تۆڵەو كینە شەخسیانە درێژبكاتەوە بۆ پاش مۆدێرنەی كوردیش، دوعاخوازین لە خوای گەورەو دلۆڤان نەگەین بە حاڵێكی وەها نالەبار.