هۆلۆکۆستی کوردان
August 21, 2010
فیکر و فەلسەفە
نووسه‌ر :حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن
دهزاننبریا کورد ئه‌نفال نه‌کرابا، که کرا، بریا کورد به‌شداریی تێدا نه‌کردبا، که کردی ئیدی ئه‌وه په‌ڵه‌یه‌کی له سڕینه‌وه نه‌هاتووه به ته‌وێڵی هه‌موو جاشئهنفالچییهکهوه و هیچ لێبوردنێک توانای سڕینه‌وه‌ی ئه‌و په‌ڵه‌یه‌ی نییه.(*) به ڕاست، ئه‌وه بۆچی تاقه یه‌کێک له‌و جاشانه‌ی کوردیان ئه‌نفال کرد، نایه‌ت داکۆکی له‌و هه‌ڵوێسته‌ی بکات؟ وه‌ک هیچ پاساوێک بۆ ئه‌و ڕه‌وتاره‌ی شک نابات، ئه‌دی بۆچی ویژدانی ئازاری نادات و به خۆکوشتن، په‌شیمانبوونه‌وه‌ی خۆی ڕاناگه‌یه‌نێت؟ یان هیچ نه‌بێت، داوا له میلله‌ته‌که‌ی ناکات، لێی خۆش ببێت؟
دڵ هه‌یه،
ڕه‌قتره له ئاسن؟
ده‌زانن
ئازاری وا هه‌یه،
کۆتایی بۆ نییه؟
ده‌زانن
به‌یانیان تامه‌زرۆی مردن بووین،
ئێواران زه‌نده‌قمان لێی ده‌چوو؟
(شا‌رلۆت دێلبۆ)
بۆ ئه‌نفالکردنی کورد، به‌عس ئیلهامی له دوو سه‌رچاوه وه‌رگرت: ئه‌نفالکردنی کافران و هۆلۆکۆست. له‌شکری ئیسلام چی به کافران و ئه‌ڵمانه نازیسته‌کان چی‌یان به جووله‌که کرد، به‌عسیش هه‌مان شتی به کورد کرد. ئه‌ڵمانه نازیسته‌کان و جووله‌که، نه هاوئایین بوون، نه هاوڕه‌گه‌ز، به‌عس و کورد، هاوئایین بوون، وه‌لێ هاوڕه‌گه‌ز نه‌بوون. نازیسته‌کان بۆ قه‌لاچۆکردنی جووله‌که، له‌سه‌ر هێنانه‌وه‌ی بیانوو په‌کیان نه‌ده‌که‌وت، به‌عسییه‌کانیش بۆ قڕکردنی کورد، چه‌ندان پاساویان ده‌هێنایه‌وه، وه‌لێ جاشئهنفالچییهکان که کورد بوون، له پای چی، ئاوا به‌وپه‌ڕی دڵگه‌رمییه‌وه، کوردیان قه‌لاچۆ ده‌کرد؟
(بۆ تۆقاندنی دوژمن که دوژمنی هاوبه‌شی خودا و ئێوهیشن، له په‌یداکردنی که‌ره‌سه‌ی شه‌ڕ، درێغیی مه‌که‌ن! وأعدوا له‌م ما أستطعتم من رباط الخیل ترهبون به عدو الله و عدوکم. ئه‌نفال60) به‌عس به وه‌رگرتنی ئیلهام له‌و ئایه‌ته، هه‌ر به چه‌کی ئاسایی له کوردی نه‌ده‌دا، چه‌کی کۆکوژیشی تێدا تاقی ده‌کرده‌وه. (په‌یامبه‌ر پێویسته په‌رێزی خاوێن بێت و مافی ئه‌وه‌ی نییه دیلی هه‌بێت. ما کان لنبی أن یکون له أسری. ئه‌نفال67)(**) به‌عسییه‌کان وه‌ک کوردیان پێ کافر بووبێت و ئیشیان به‌و ئایه‌ته کردبێت، ده‌یانگرتین، ده‌یانبردین بۆ بیابانه‌کانی باشووری عێراق، له‌وێ ده‌یانکوشتین و له کۆقهبردا دهیانشاردینهوه.
ئینسان، به چاوپۆشین له‌وه‌ی سه‌ر به کام ڕه‌گه‌ز، نه‌ته‌وه یان ئایینه، بێ گوێدانه ڕه‌نگی پێستی و ئه‌و زمانه‌ی پێی ده‌په‌یڤێت، هه‌ر هه‌مان بایه‌خی هه‌یه. نازیسته‌کان ده‌یانگوت: ئێمه له جووله‌که باڵاترین، به‌عسیش پێی وابوو، کورد له عه‌ره‌ب که‌متره، ئه‌دی جاشه‌کان که خۆیان کورد بوون، له سۆنگه‌ی چییه‌وه کوردیان ئه‌نفال ده‌کرد؟ چونکه عه‌ره‌ب، یان تۆ بڵێ موسڵمانان، به گوێره‌ی ده‌قی قورئان، چاکترین ئوممه‌تی ڕووی سه‌ر زه‌وین، (کنتم خیر أمة أخرجت للناس. ئالی عیمران 110) بۆیه موسڵمانان قڕیان ده‌خسته کافرانه‌وه، چونکه به قه‌ولی ئارسه‌ر دی گۆبیناو، (ئاری باڵاترین ڕه‌گه‌زه،) چونکه به قسه‌ی چارڵس داروین، (مانه‌وه بۆ باشترینه،) بۆیه نازیست جووله‌که‌ی ده‌سووتاند، ئه‌دی جاشه‌کان له‌به‌ر ڕۆشنایی کام تێزدا، کوردیان ئه‌نفال ده‌کرد؟
ئایا ئه‌وه ڕاسته که ده‌ڵێن: تیرۆر ئایینی نییه؟ پێم وایه ئه‌گه‌ر به‌د، سوود له ئایین وه‌ربگیرێت، ده‌بێته سه‌رچاوه‌ی تیرۆر. به‌عس بۆ قه‌لاچۆکردنی کورد، خراپ و به‌راوه‌ژوو سوودی له سووره‌تی ئه‌نفال وه‌رگرتووه. خۆ کورد کافر نه‌بوو، ئه‌دی له سۆنگه‌ی چییه‌وه ئه‌نفال کرا؟ با وای بۆ بچین کورد کافر و به‌عس موسڵمان بوو، باشه به چ پاساوێک به‌عسی موسڵمان مافی قه‌لاچۆکردنی کوردی کافری هه‌یه؟ دادگاکانی پشکنینی ئه‌ورووپای سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاستیش، نموونه‌یه‌کی دیکه‌یه، بۆ به‌راوه‌ژوو سوودوه‌رگرتن له ئایین. ئه‌وسا که ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌ها لای کڵێسا بوو، ئایینی عیسا کرابووه سه‌رچاوه‌ی تیرۆر و ئه‌وی ڕه‌خنه‌یه‌کی له‌و ده‌سه‌ڵاته سه‌رکوتگه‌ره گرتبا، به زه‌ندیق له قه‌ڵه‌م ده‌درا و ده‌کرایه خۆراکی ئاگر.
نازیسته‌کان جووله‌که‌یان قه‌لاچۆ ده‌کرد، قڕیان ده‌خسته قه‌ره‌جه‌وه، ئه‌وانه‌یشیان ده‌سووتاند که له ڕووی عه‌قڵه‌وه که‌موکووڕییان هه‌بوو. دوندی کاره‌سات ئه‌وه‌بوو، خه‌ڵکێکی زۆریان وا گۆش کردبوو، هه‌موو ئه‌و کوشتارانهیان پێ ئاسایی بێت. کار گه‌ییشتبووه ئه‌وه‌ی، منداڵێک ئه‌گه‌ر ڕه‌وتاری هاوڕێیه‌کی خۆی به دڵ نه‌بووایه، پێی ده‌گوت: (تۆ زۆر بێعهقڵیت، هاکا خۆت له فڕنێکدا بینییه‌وه.) به‌عسیش جاشه‌کانی وا په‌روه‌رده کردبوو، کوشتنی کورد له کنیان، کارێکی ئاسایی بێت.
ئه‌وه هێنده به ئازار نییه، ئینسان له کاتی هێرشبردن و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌دا بپێکرێت، ئاخۆ ئه‌و زلله و گوللانه چه‌ند به ئازار بن، که به‌ر دیلێکی ده‌ست و پێ به‌ستراو ده‌که‌ون؟ دیلێک که هیچ بواری داکۆکی له خۆ کردنی نییه. برینی جه‌سته‌ی ئه‌وانه‌ی له سه‌نگه‌ردا ده‌پێکرێن، هێنده به‌سوێ نییه، ئینسان که به دیلیی هه‌ستی بریندار ده‌کرێت، ئه‌وسا هه‌ست به ئه‌وپه‌ڕی ئازار ده‌کات. جاشه‌کان کوردیان به دیل ده‌گرت و ده‌یاندانه ده‌ست به‌عسییه‌کان، ئاخۆ ئه‌و جاشانه له به‌عسییه‌کان دڕنده‌تر نه‌بوون؟ ئاخۆ کورد قه‌ت لێێان خۆش ده‌بێت؟ ئاخۆ مێژوو هه‌رگیز لێیان ده‌بوورێت؟
ئه‌وه ته‌نانه‌ت له کوشتوبڕیش خراپتره، ئه‌گه‌ر به به‌ر چاومانه‌وه تاوان بکرێت و گوێی خۆمانی لێ بخه‌وێنین، ئاخر ئه‌و وه‌خته ئه‌وپه‌ڕی دڕنده‌یی ده‌بێت به شتێکی ئاسایی. له پرۆسه‌ی ئه‌نفالدا، ته‌نیا ئه‌نفالچییان تاوانبار نین، هه‌موو ئه‌وانه‌یشی ئاگاداری ئه‌نفالکردنی کورد بوون و لێی بێده‌نگ بوون، تاوانی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژییه، که‌م و زۆر ئه‌ستۆی ئه‌وانیش ده‌گرێته‌وه، ئاخر ئه‌گه‌ر کورد دۆستی شک بردبا، به‌عس وا به ئاسانی ئه‌نفالی نه‌ده‌کرد.
*
(*) جاش: ناتۆره‌یه‌که، میلله‌ت دوای ئه‌وانه‌ی خستووه که ناپاکییان له گه‌ل و نیشتمان کردووه.
(**) (په‌رێزتان خاوێن بێت!) سه‌ره‌تای ئایاری 1983 سه‌روه‌ختی قه‌لاچۆکردنی کۆمۆنیسته‌کان له قڕناقا و پشتئاشان، نه‌وشیروان مسته‌فایش هه‌مان فه‌رمانی ده‌رکرد، ڕه‌نگه ئه‌وی (موسڵمان)یش شیوعییه‌کانی پێ (کافر) بووبێت و ئیلهامی ئه‌و فه‌رمانه‌ی له‌و ئایه‌ته‌وه بۆ هاتبێت.
(1) سوودم له‌م کتێبه بینیوه:
Om detta må ni berätta, Stephan Bruchfeld och Paul Levine, Norstedts tryckeri 1998 Stocholm.