ڕەمەزان، مانگی خێر و بەزەیی و لێخۆشبوون و شەوی قەدرە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان.. لێبوردەیی و خۆشەویستی و ئاشتیی كۆمەڵایەتی

(*)
بە ناوی خودای بەخشندەی میهرەبان. مانگی ڕەمەزانی پیرۆز لە هەموو موسڵمانانی جیهان و موسڵمانانی كوردستان پیرۆز دەكەین. داواكارین لە خودای گەورە و میهرەبان، ئەم مانگە پیرۆزە بكاتە مانگی خۆشی و پڕ لە خێر و بەرەكەت و دوعا و نزا و ڕۆژووبوونی موسڵمانان قبووڵ بكات و، ببێتە مانگی برایەتی و كوردایەتی و كورد بە مافەكانی خۆی شاد بێت.
بەڕۆژووبوون لەم مانگەدا بە ڕوكنێكی گەورەی پێنج ڕوكنەكەی ئیسلام (نوێژ و زەكات و بەرۆژووبوون و حەج و شەهادەت) دادەنرێت. خودای گەورە دەفەرموێت: (شَهْرُ رَمَضَانَ الَّذِي أُنزِلَ فِيهِ الْقُرْآنُ هُدًى لِلنَّاسِ وَبَيِّنَاتٍ مِنَ الْهُدَى وَالْفُرْقَانِ). واته: مانگی ڕەمەزان ئەو مانگەیە كە خودای گەورە قورئانی پیرۆزی تیادا ناردە خوارەوە. ئەم قورئانە هیدایەتە بۆ هەموو خەڵكی و ڕوونكەرەوەی ئەو هیدایەتەیە. لەبەر پیرۆزیی ئەم مانگە، خودای گەورە و بەخشندە دەفەرموێت : (فَمَن شَهِدَ مِنكُمُ الشَّهْرَ فَلْيَصُمْهُ). لە ئایەتێكی دیكەدا دەفەرموێت: (يَا أَيُّهَا الَّذِينَ آمَنُوا كُتِبَ عَلَيْكُمُ الصِّيَامُ كَمَا كُتِبَ عَلَى الَّذِينَ مِن قَبْلِكُمْ لَعَلَّكُمْ تَتَّقُونَ). واتە ڕۆژووبوونی كردووەتە واجبی سەرشانی موسڵمانان.
لەسەر گرنگیی ڕۆژووبوون لەم مانگەدا، پێغەمبەرمان محەمەد (دروودی خوای لەسەر بێت) دەفەرموێت: (ڕۆژوو و قورئان شەفاعەت بۆ عەبد دەكەن لە ڕۆژی قیامەتدا..). هەڵبەتە وێڕای لایەنی ئایینی و دینداریی موسڵمانان و جێبەجێكردنی ڕوكنێكی گەورەی ئیسلام، ڕۆژووبوون لەم مانگەدا كۆمەڵێك حیكمەتی بۆ مرۆڤەكان تێدایە، لەوانە فێری خۆشەویستی و هێوربوونەوەی دەروونی تاك و خزمەتكردنی نەتەوە و نیشتمانی دەكات، كە جگە لەوەی فێری نزامان دەكات، بۆ خێر و خۆشیی كۆمەڵگە و نەتەوەكەمان و ڕێی چاكەشمان نیشان دەدات، فێرمان دەكات، لە بوغز و ڕق و شەڕ دوور بكەوینەوە، یەكسانی و دادپەروەریمان نیشان دەدات و لەم مانگەدا هەمووان بە جیاوازیی چین و توێژەكان (دەوڵەمەند و هەژار) هەموو پێكەوە بەڕۆژوو دەبین و مزگەوتەكان لە نوێژ و وتارەكان كۆمان دەكاتەوە و، هەست بە ئێش و ئازاری یەكتر دەكەین. ڕۆژووبوون و برسێتی و توونێتی و تاعەت و عیبادەت هەمووان (دەوڵەمەند و هەژار) لێك نزیك دەكاتەوە و دەروونیان پاك دەكاتەوە و لەڕێگەی زەكات و سەرفترە و خێر و سەدەقە هاوكاریی هەژارەكان دەكرێت و، پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان بەهێز دەبێت.
لەم مانگە پیرۆزەی ڕەمەزاندا وێڕای سەرقاڵی بە كاروباری ڕۆژانە و قورسیی ژیان، هەموومان لەسەر سفرەی خوانی ئێواران و پارشێوان لەناو خێزانەكانماندا كۆدەبینەوە و هەمووان لە مزگەوتەكان چاومان بە یەكتر دەكەوێت و زمانمان لە غەیبەت و قسەی ڕەق و ناشیرین دەپارێزین. مرۆڤەكان لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا بەرنامەی ژیانیان گۆڕانكاریی تێدا دەكرێت، ئەوەش سەلمێنراوە كە گۆڕانكاری، شتێكی باش و خۆشە و مرۆڤ لە بێزاریی دووبارەبوونەوەی ڕۆژەكانی ساڵ دەپارێزێت. خودای گەورەو میهرەبان و پێغەمبەرەكەی (دروودی خوای لەسەر بێت)، لە هەموو كات و ساتێكدا داوای یارمەتیدانی هەژاران و هاوكاریكردنی موسڵمانانی لێكردووین، بەڵام لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزاندا هاوكاریكردن و درێژكردنی دەستی یارمەتی بۆ یەكتر لە هەموو مانگەكانی دیكە خێری زیاترە. پێغەمبەرمان فەرموویەتی: چاكەكردن لەمانگی پیرۆزی ڕەمەزان (دە) هێندەی چاكەكانی دیكەیە، بەمەش ئەم مانگە پیرۆزە دەبێتە مانگی ئاشتی و كۆمەڵایەتی و هاوكاریی یەكتر و ئاشتبوونەوە. خودای گەورە و میهرەبان خێر و بەرەكەت بەسەر خەڵكەكەیدا دەڕژێنێت و لەش و تەندروستی و دەروونیان چاك دەكاتەوە. ئەوەتا زانا و پزیشكان و شارەزایانی دەروونی ئەوەیان سەلماندووە كە پێغەمبەرەكەمان (دروودی خوای لەسەر بێت) فەرموویەتی: (صوموا تصحوا)، واتە (بەڕۆژوو بن، تەندروست باش دەبن). زانستی نوێ و پزیشكانیش سەلماندوویانە مرۆڤی برسی و خۆڕاگر تەندروستی باش دەبێت. ڕۆژووبوون بەسوودە بۆ پشوودانی گەدە و دەربازبوون لە چەوری و بەهێزبوونی لایەنی دەروونی و مێشك و دەمارەكان و سەرجەم ئەندامەكانی دیكەی جەستەی مرۆڤ.
بەمشێوەیە وێڕای جێبەجێكردنی لایەنی دینی و خوداپەرستی و ڕۆژووبوون و قورئان خوێندنەوە و تۆبەكردن، بوونی (شەوی قەدر)یش لەم مانگەدا پیرۆزیی خۆی هەیە. شەوی قەدر، یەكێكە لە شەوەكانی مانگی ڕەمەزان، كە خێر و عیبادەتی چاكترە لە هەزار مانگ، لەو شەوەدا قورئان دابەزیوە بۆ پێغەمبەرمان (دروودی خوای لەسەر بێت). لایەنێكی دیكە، پرسی خۆشەویستیی نەتەوە و نیشتمانە لای كەسەكان، ئەركیش دەخاتە سەر شانی سەركردە و سیاسەتمەدار و حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بەوەی یەكڕیزی و تەبایی كورد بپارێزن و دەستبەرداری ئەم هەموو ناكۆكی و ئاڵۆزیی سیاسی و زمانە زبرە بن و ژینگەیەكی ئاسوودە بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن، ئەو ژینگەیەی خوداپەرستی و تاعەت و عیبادەتی تاكەكانی تێدا باشتر بەڕێوە دەچێت.
دەبێت سەركردەكانمان و حزبە سیاسییەكان كار بۆ خێر و چاكەی خەڵك و كۆمەڵگەكەمان بكەن و پارێزگاری لە ئاشتیی كۆمەڵایەتی بكەن، چونكە خودای گەورە و پێغەمبەرەكەمان (دروودی خوای لەسەر بێت)، هانمان دەدەن بۆ خۆشەویستیی نیشتمان و خزمەتكردنی خەڵكی. ئەوەتا كاتێك تەبا و یەكڕیز دەبین، مافەكانمان لە بەغدا پێشێل ناكرێت. بەگشتی مانگی پیرۆزی ڕەمەزان سەرەتاكەی ڕەحمەت و بەزەییە، ناوەندەكەی لێخۆشبوونە، ئاخرەكەی ئازادبوونە لە ئاگری جەهەنەم، بۆیە دەبێت مرۆڤەكان هەرسێ قۆناغەكە جێبەجێ بكەن.
(*)
جێگری سەرۆكی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان