سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری وزەی تورکیا تاوتوێی هەناردەکردنەوەی نەوت دەکەن

مەسرور بارزانی و وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا تاوتوێی نەهێشتنی بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان دەکەن.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیری وزەو سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد."
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە کۆبوونەوەکەدا "پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا، بە تایبەتی لە بواری وزەدا تاوتوێ کرا."
هاوکات، هەردوولا "هاوڕابوون لە سەر نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان لە زووترین کاتدا."
ئەمڕۆ یەکشەممە، 16ى ئادارى 2025، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، سەردانى بەغداى کرد و لەگەڵ هەردوو وەزیرانى نەوت و کارەبارى عێراق کۆبووەوە.
بەگوێرەى راگەیێندراوێکى وەزارەتى نەوتى عێراق، لە کۆبوونەوەى ئاڵپئارسڵان بایراکتار لەگەڵ حەیان عەبدولغەنى، وەزیرى نەوت دا، باسیان لە پەیوەندیى نێوان هەردوو وڵات کردووە لە بوارەکانى وزە و نەوت و گاز.
ئێوارەی ئەمڕۆ، ئاڵپئارسڵان بایراکتار، وەزیرى وزە و سەرچاوە سروشتییەکانى تورکیا گەیشتە هەولێر و لەلایەن کەمال محەممەد، وەزیری کارەبا و سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت و سەفین دزەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و هۆشەنگ ئەحمەد، بەڕێوەبەری کاروباری تورکیا لە فەرمانگەکە پێشوازییان لێکرد.
لە 23ـی ئاداری 2023ـەوە، هەناردەی نەوتى هەرێمی کوردستان و کەرکووک لە رێگەی تورکیاوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس.