سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان : ئەگەر دادپهروهرييهكی راسته‌قینه هه‌بووایه، کارەساتی هەڵەبجە به‌س بوو بۆ داننان به مافه‌کانی گه‌لی كوردستان.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە 37ـەمین ساڵڤەگەڕی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە دا رایگەیاند "ئەگەر دادپهروهرييهكی راسته‌قینه هه‌بووایه، کارەساتی هەڵەبجە به‌س بوو بۆ داننان به مافه‌کانی گه‌لی كوردستان."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-3-2025) لە ساڵڕۆژی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە پەیامێکی بڵاوکردەوە.
رۆژی 16ـی ئاداری 1988، حکومەتی ئەوکاتی عێراق بە چەکی کیمیایی هێرشی کردە سەر هەڵەبجە، بەو هۆیەوە لانیکەم 5 هەزار هاونیشتمانی شەهید بوون، بەشێکی خەڵکەکەش بەهۆی کاریگەریی چەکی کیمیایی لەسەریان، تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون و تاوەکو ئێستاش ئاسەواری نەخۆشییان لەسەرە.
لە پەیامەکەیدا، نێچیرڤان بارزانی دەڵێ "هه‌ڵه‌بجه بووه هێمایه‌كی جیهانی بۆ ستهملێكراويى گه‌له‌كه‌مان و شایه‌تحاڵێك بۆ دڕنده‌یی ئه‌و تاوانانه‌ی دژی ئه‌نجام دران. ئه‌گه‌ر دادپهروهرييهكی راسته‌قینه هه‌بووایه، ئه‌م كاره‌ساته به ته‌نیا به‌س بوو بۆ داننان به هه‌موو مافه ره‌واكانی گه‌لی كوردستاندا.
جەختیش دەکاتەوە لەوەی "پێویسته قه‌ره‌بووی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه و هه‌موو قوربانيیانی جینۆساید و ئه‌نفال بكرێته‌وه و له هه‌موو بواره‌كاندا باشترین خزمهتگوزاریيان پێشكه‌ش بكرێت."
نێچیرڤان بارزانی جەخت دەکاتەوە لەوەی "ئه‌ركی حكومه‌تی عێراقه بهرپرسیاريێتیی یاسایی و ئهخلاقيی خۆی به‌رانبه‌ر قوربانیيان و هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی دەرهەق بە هه‌ڵه‌بجه و دانیشتووانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات و دادپهروهرييان بۆ به‌دی بهێنێت، هه‌روه‌ها هه‌موو رێكاره‌كانى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه ته‌واو بكات، پێويسته كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تیش له هه‌وڵه‌كانی بۆ دڵنیابوون له دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره تاوانانه له هه‌ر شوێنێكی جیهان، به‌رده‌وام بێت."
ئەو پەیامە لەکاتێکدا، لە ساڵی 2013 نێچیرڤان بارزانی، پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی پێشکێشی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد و لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسندکرا. 10 ساڵ دواتر و لەکابینەی محەممەد شیاع سوودانی، پڕۆژەیاسایەکی چوار مادەیی رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا و لە دانیشتنێکدا بە سەرۆکایەتیی شاخەوان عەبدوڵڵا، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کرا، بەڵام بەهۆی دژایەتیی لایەنە عێراقییەکان، دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاساکە چەندینجار دواخراوە.
هەرچەندە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 13-03-2014ـەوە بڕیاری بە پارێزگاکردنی هەڵەبجەی دەرکردووە، بەڵام رێگرییەکانی عێراق بووەتە هۆی ئەوەی چوارەم پارێزگای هەرێمی کوردستان بێ دانپێنانی بەغدا و بودجەی تایبەت بمێنێتەوە.
دەقی په‌يامى نێچيرڤان بارزانى، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له ساڵیادی كاره‌ساتی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا:
له يادى پڕ له ئازارى كاره‌ساتى كيميابارانكردنى هه‌ڵه‌بجه‌دا، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش بۆ گیانی زیاتر له پێنج هه‌زار شه‌هیدی هه‌ڵه‌بجه داده‌نه‌وێنین و به شكۆوه یادی هه‌موو شه‌هیدانی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه كه له‌پێناو ئازادی‌دا گيانيان به‌خت كرد. سڵاو و ڕێز بۆ بنه‌ماڵه و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزى شه‌هیدان و برينداران و قوربانیيان كه تا ئه‌مڕۆش هێشتا به‌ده‌ست لێكه‌وته‌كانى ئه‌و تاوانه سامناكهوه، ئازار ده‌چێژن.
كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه ته‌نيا تاوانێك نه‌بوو، به‌ڵكو به‌شێكی خه‌مناك بوو له زنجیره‌یه‌ك تاوان و جینۆساید كه ئامانجیان نه‌هێشتنى گه‌لی كوردستان بوو. گه‌لێك كه ته‌نيا تاوانی، داواكردنی مافی ره‌وای خۆی بوو له ژیان و ئازادی. هه‌ڵه‌بجه بووه هێمایه‌كی جیهانی بۆ ستهملێكراويى گه‌له‌كه‌مان و شایه‌تحاڵێك بۆ دڕندهیيی ئه‌و تاوانانه‌ی دژی ئه‌نجام دران. ئه‌گه‌ر دادپهروهرييهكی راسته‌قینه هه‌بووایه، ئه‌م كاره‌ساته به ته‌نیا به‌س بوو بۆ داننان به هه‌موو مافه ڕه‌واكانی گه‌لی كوردستاندا.
له‌م یاده‌دا، جارێكی دیكه جه‌خت دهكهينهوه كه پێویسته قه‌ره‌بووی خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه و هه‌موو قوربانيیانی جینۆساید و ئه‌نفال بكرێته‌وه و له هه‌موو بواره‌كاندا باشترین خزمهتگوزاریيان پێشكه‌ش بكرێت. ئه‌ركی حكوومه‌تی عێراقه بهرپرسیاريهتيی یاسایی و ئهخلاقيی خۆی به‌رانبه‌ر قوربانیيان و هه‌موو پابه‌ندییه‌كانی دەرهەق بە هه‌ڵه‌بجه و دانیشتوانه‌كه‌ی جێبه‌جێ بكات و دادپهروهرييان بۆ به‌دی بهێنێت، هه‌روه‌ها هه‌موو ڕێكاره‌كانى به‌پارێزگابوونى هه‌ڵه‌بجه ته‌واو بكات، پێويسته كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تییش له هه‌وڵه‌كانی بۆ دڵنیابوون له دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی ئه‌م جۆره تاوانانه له هه‌ر شوێنێكی جیهان، به‌رده‌وام بێت.
هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ به قه‌واره‌ى ده‌ستووری و فیدراڵی و ته‌واوى دهستكهوتهكانييهوه، به‌رهه‌می خه‌بات و قوربانیدانی شه‌هیدانه، ئه‌ركی هه‌موومانه به یه‌كڕیزی و تهبايى، بیانپارێزن. وه‌فاداری بۆ قوربانیيانی هه‌ڵه‌بجه و هه‌موو شه‌هیدانی كوردستان، هه‌روه‌ها دڵنيابوون له داهاتوويهكى باشتر بۆ هه‌مووان، به پته‌وكردنى پێكهوهيى و لێكگهيیشتن و هاريكارى له‌پێناو پاراستنی مافه‌كانی گه‌لی كوردستاندا ده‌بێت.
سڵاو و دروود بۆ گیانی شه‌هیدان.
نێچیرڤان بارزانی
سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان
16-3-2025