ژمارەیەک فڕۆکەیەکی ڕووسیا دەچنە ناوچەی بەرگری کۆریای باشوور

سوپای کۆریای باشوور هاتنی چەند فڕۆکەیەکی جەنگی ڕووسیای بۆ ناوچەی بەرگری وڵاتەکەی ڕاگەیاند.
سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە 15ی ئادار، سوپای کۆریای باشوور ڕایگەیاند، كە چەند فڕۆکەیەکی ڕووسیا چوونەتە ناوچەی بەرگری وڵاتەکەی.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆیتەرز، سەرۆک ئەرکانی هاوبەشی کۆریای باشوور لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە: فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا چوونەتە ناو ناوچەی دیاریکراوی بەرگری ئاسمانی کۆریا لە کەنارەکانی ڕۆژهەڵاتی کۆریای باشوور و ناوچەکەیان بەجێهێشتووە.
لە بەیاننامەکەدا هاتووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاسمانی کۆریای باشووریان پێشێل نەکردووە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە میدیاکانی دەوڵەتی کۆریای باکووریش ئەمڕۆ بڵاویان کردەوە، کە بڕیارە ئاندرێی ڕودنکۆ؛ جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سەردانی ئەم وڵاتە بکات.
بەگوێرەی لێدوانی بەرپرسانی ئۆکرانیا و ئەمریکا و کۆریای باشوور، سەردانەکەی جێگری وەزیری دەرەوەی ڕووسیا دوای پێشنیاری ئەمریکا دێت بۆ ئاگربەست لە شەڕی ئۆکرانیا، کە بە هەزاران سەربازی کۆریای باکوور بۆ پاڵپشتی هێزەکانی ڕووسیا جێگیرکراون.
ڕودێنکۆ لەو کاتەوەی کە مۆسکۆ لە مانگی شوباتی ٢٠٢٢دا دەستی بە داگیرکاری تەواوەتی بۆ سەر ئۆکرانیا کرد، بەشداربووە لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ڕووسیا لەگەڵ کۆریای باکوور.
هەروەها ئەندامی وەفدەکانی ئەو وڵاتە بوو لە دانوستانەکانی ئاشتی لەگەڵ ئۆکرانیا لە سەرەتای جەنگدا.
گوڵان: سەردار خەلیل