کۆدی پەیامەکەی نێچیروان بارزانی بۆ چەسپاندنی ئاشتی و دیموکراسی

(*)
لە بەرانبەر ئەو گۆڕانکارییە سیاسی و ئەمنییانەی کە ناوچەکە بە گشتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتیی گرتووەتەوە، پەیامی بەڕێز عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، وەک نیشانەی ئومێدێک دێت کە داوای چەکدا ماڵین و هەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە دەکات، دەرگا بەڕووی دەرفەتی نوێ بۆ مەبەستی گەیشتن بە ئاشتی و کۆتایی هێنان بە ململانێی دەیان ساڵەی خوێناوی دەهێنیت، ئەمەش ئەو پەیامەیە کە هەموو کوردێکی نیشتمانپەروەر و دوربین پێشوازی لێ دەکات کە ڕەنگدانەوەی دیدێکی ستراتیجییە و ئامانج لێی گواستنەوە لە قۆناغی توندوتیژی بۆ قۆناغی خەباتی ئاشتییانە و دیموکراسییە، وەکوو تاکە ڕێگە بۆ گەیشتن بە داواکارییە دادپەروەرەییەکانی گەلی کورد.
بانگەوازەکەی بەڕێز ئۆجالان نوێنەرایەتی گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ڕەوتی ململانێکاندا، دەکات بەو پێیەی کاتی ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداری کۆتایی هاتووە و کاتی ئەوە هاتووە کە شێوازی نوێی خەبات لەسەر بنەمای دیالۆگ و خەباتی سیاسی چالاک بیت. جیهان ئەمڕۆ شایەتی گۆڕانی گەورە لە لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەبردنی ململانێ کاندایە، بەو پێیەی چارەسەری ئاشتییانە و دیموکراسی باشترین بژاردە بۆ گەیشتن بە سەقامگیری و گەشەسەندنەکانە. ئۆجەلان لە ڕێگەی ئەم پەیامەوە دیدێکی ڕوون بۆ داهاتوویەک دەخاتە ڕوو کە لەسەر بنەمای ئاشتی و پێکەوەژیان بێت نەک توندوتیژی و وێرانکاری.
لە هەمان کاتدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان داوا لە پارتی کرێکاران دەکات بەو پەیامەوە پابەند بێت و بە کردار جێبەجێی بکات، ئەمەش بە چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوەی پێکهاتە سەربازییەکان، و گۆڕینی بۆ بزووتنەوەیەکی سیاسی لەسەر بنەمای خەباتی مەدەنی و دیموکراسی دەبیت. ئەم هەنگاوە نەک هەر کۆتایی هاتنی لاپەڕەیەکی خوێناوی ململانێکانە، بەڵکوو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی هاوکاری و لێکتێگەیشتنی نێوان هەموو لایەنەکان دەبێت. هەروەها هیوادارین ئەم بانگەوازە بتوانێت بوار بۆ چارەسەری سیاسی هەمەلایەنەخۆش بکات کە دان بە مافەکانی هەموواندا بنێت و بەشداری کاریگەر لە بنیاتنانی ئاییندەیەکی هاوبەشدا مسۆگەر بکات.
سەردەمی ئێستا سەردەمی خەباتی ئاشتییانەیە، کە دەکرێت لە ڕێگەی دیالۆگ و بەشداری کارا لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دەستکەوتەکان بەدەست بهێنرێت. ئێمە پێمان وایە ئاشتی تاکە ڕێگایە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەکی دڵنیا و سەقامگیر بۆ هەموو لایەکە و هیوادارین پەیامی بەڕێز ئۆجالان هەنگاوێکی گەورە لەو ئاڕاستەیەدا بێت. گەیشتن بە ئاشتی پێویستی بە هەوڵی بەکۆمەڵ لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، هەیە دڵنیاین کە ئەم بانگەوازە بە وەڵامێکی ئەرێنی پارتی بەرەوڕوو دەبێتەوە، کە بۆ کۆتاییهێنان بە ئازارەکان و دامەزراندنی بناغەی تۆکمە بۆ پێکەوەژیان و گەشەپێدان یارمەتیدەر دەبێت.
لە کۆتاییدا پەیامەکەی ئۆجالان ئاڕاستە درووستەکەی خۆی وەردەگریت و ئەوەمان بیردەخاتەوە کە توندوتیژی چارەسەری کۆتایی نییە، داهاتووش هیی ئەو کەسانەیە کە باوەڕیان بە دیالۆگ و هاوکاری هەیە. با پێکەوە کار بکەین بۆ بنیاتنانی جیهانێکی دوور لە توندوتیژی، لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و ڕێزگرتنی یەکتر. ئەوە کۆدی سادەی پەیامەکەی پیاوی ئاشتی و ئازادی و دیموکراسی لە بەرانبەر بانگەوازەکەی ئۆجەلان بوو کە ڕۆیایەکی دوور و قووڵی تێدا دەبینرێت.
(*)
ماستەر لە یاسای گشتی
