واژۆکردنی ڕێککەوتنی هاوکاری ئابووری لە نێوان ئۆکرانیا و ئیمارات

ڕێککەوتنێک سەبارەت بە هاوکاری ئابووری لە نێوان ئۆکرانیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی واژۆ کرا.
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە پۆستێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا ڕایگەیاند، لە سەردانێکی فەرمیدا بۆ ئەبوزەبی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی کۆبووەتەوە.
زێلێنسکی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی نێوان ئۆکرانیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی سەبارەت بە هاوکاری ئابووری ڕاگەیاند و گوتی: ئەم بەڵگەنامەیە (ڕێککەوتنەکە) بە شێوەیەکی بەرچاو ئاسانکاری دەکات بۆ گەیشتن بە بازاڕی ئیمارات بۆ کۆمەڵێک بەرهەمی بەرفراوانی ئۆکرانیا.
زێلێنسکی ڕایگەیاند، کە لە کۆبوونەوەیەکی گرنگدا لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید، هەروەها باسیان لە پرسی ئاڵوگۆڕی دیلەکان کردووە لە چوارچێوەی شەڕی ڕووسیا و ئۆکرانیادا.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی نێوەندگیری ئیمارات لەسەر پرسی ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دەبێت بەردەوام بێت و دەشڵێت: نێوەندگیریی ئیمارات ژیانی زۆر کەسی ڕزگار کردووە.
زێلێنسکی هەروەها ئاماژەی بە ئامادەبوونی ئۆلێنا زێلێنسکای هاوسەری لە ئیمارات کرد و جەختی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامداوە، بەتایبەتی لە بواری هاوکارییە مرۆییەکان.
گوڵان: سەردار خەلیل